نا بۆ جەنگی خۆسەپاندن و پەڕگیری و دکتاتۆریەت، بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ کە تیایدا ئازادی و ئاشتی سەقامگیر بێت.

نا بۆ جەنگی خۆسەپاندن و پەڕگیری و دکتاتۆریەت، بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ کە تیایدا ئازادی و ئاشتی سەقامگیر بێت.

 

شەڕی ئیسرائیل و ئێران هێشتا بە توندی بەردەوامە و پێدەچێت هێرشی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەرچەندە گورزێکی کوشندەی لە خواستە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە داوە بەڵام نەیتوانیوە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توندیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. پریشکی هەڵگیرسانی جەنگ لە خۆڕا نەبوو، بەڵکو لە ئەنجامی دەیان ساڵ ململانێی تاڵ بوو کە لە تشرینی یەکەمی 2023 گەیشتە لوتکە. پاش پەلاماری هێزەکانی حەماس و گروپەکانی تری فەلەستینی بۆ ناو کەرتی غەززە و نیشتەجێکانی ئیسرائیل و هێرشی سەربازی توند هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو کەرتە. کە بووە هۆی وێرانکارییەکی گەورە و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس، لەگەڵ هەزاران قوربانی دیکە لە فەلەستینیەکان.

هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی بنیامین نەتانیاهو ئەو سەرکێشییە چاوەڕوان نەکراوە و هەرزەییەی حەماسی قۆستەوە کە ئێران هانی دابوون، وە وەک بیانوویەک بەکاری هێنا بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە ستراتیژی خۆیدا بەرامبەر فەلەستینییەکان و ناوچەکە ئەنجام بدات، بە فراوانکردنی بازنەی شەڕەکە بۆ ئەوەی سوریا و لوبنان و یەمەنیش بگرێتەوە، هەروەها بە قۆستنەوەی هەڵوێستی تەماشاکەرانەی وڵاتانی عەرەبی و پشتیوانییە بەرفراوانەکانی ئەمریکا و هاوسۆزی جیهانی لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە حەماس لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل و دانیشتوانی ناوچەکە ئەنجامیدا.

شەڕی ئیسرائیل و ئێران هیچی تر نییە بێجگە لە خەستبوونەوەی ئەو ململانێ تاڵە بۆ ئاستێکی بێوێنە لە نێوان هەردوو لادا، ململانێ لەسەر تەماحەکانی فراوانبوون، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە سروشتیەکان و داهاتووی گەلانی ناوچەکە، لە ئامانجە جەنگییەکانی ئیسرائیلە.

 هاوتەریب پڕۆژەی ئەمریکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژمارەیەک خاڵدا دەردەکەوێ کە دیارترینیان بریتین لە: لاوازکردنی سیستەمە سیاسیەکانی و کۆنتڕۆڵکردنی چارەنووسی گەلانی ناوچەکە.

ئامانجەکانی ئیسرائیل شانبەشان لەگەڵ پڕۆژەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورت دەبێتەوە لەم خاڵانەدا.

1/ بنیاتنانی هاوکێشەی نوێی جیۆپۆلەتیکی لە ناوچەکەدا، کە تیایدا ئیسرائیل لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە لە باری ستراتیژیەوە دەسەڵاتی باڵای هەبێ.

2/  گۆڕانکاری بنەڕەتی لە هاوکێشەی سەربازی و بڕینی باڵەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، وەک میلیشیاکانی حزب اللە و حوسییەکان و حەماس، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە کاریگەرییەکانیان بە یەکجاری.

 3/ سەرەڕای ئەو دەستکەوتە سەربازییە گەورانەی لە دوای 8ی ئۆکتۆبەری 2023ەوە بەدەستی هێناوە، وەک لەناوبردنی حەماس، کەمکردنەوەی تواناکانی حزبوڵڵا لە لوبنان و ناچارکردنی بە تەسلیمبوون بە شێوەیەکی زەلیلانە، شکاندنی دەسەڵاتی حوسییەکان و کەمکردنەوەی ئازادی جوڵە لە سوریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، سەرەڕای ئەمانە ئیسرائیل تێدەگات کە گۆڕینی هەموو ئەو دەستکەوتانە بۆ سەرکەوتنی ستراتیجی بە بێ لەناوبردنی توانا ئەتۆمی و بالیستییەکانی ئێران و شکاندنی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر خەڵکەکەی و لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا مەیسەر نابێ، بەمەش دواتر تاجی سەرکەوتنی کۆتایی لەسەر دادەنرێت و تواناکانی ڕێژیمی ئێرانیش ئیفلیج دەبێت،.

 4/ هەموو ئەم ئامانجە بەدەست هێنراوانە تەنها پێشەکییەکی پێویستە بۆ بنیاتنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بەپێی دیدگای هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ستراتیژیە هاوبەشەکەیاندا. لەم ڕوانگەیەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بە واتای چەسپاندنی هەژموونی ئەمریکا-ئیسرائیل وەک مافێکی سیاسیی ستراتیژیی ڕەوا و تاکە بژاردە بۆ ئەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو سەردەمێکی خۆشگوزەرانی ئابووری ببات لە رێگەی تێکەڵکردنی پڕۆسەی گەشەسەندنی خۆی لە نزیکەوە لەگەڵ ئابووری ئەمریکادا، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی پێویستی جیهان بۆ نەوت و گاز و زیادە داراییە زەبەلاحەکان، ئەمە جگە لەوەی کە بازاڕێکی زەبەلاحە بۆ وەبەرهێنان و هەناردەکردن. دەرئەنجامی ئەم ئامانجە خوازراوانەی ئیسرائیل مەیلیان بەرەو دامەزراندنی پەیوەندییەکی ئاسایی لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکانە، کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵ لە ململانێ و گرژی و دوژمنایەتی و تێکەڵبوون وەک قەوارەیەکی سیاسی شەرعی لە ناوچەکە و کاریگەری هەبێ لەناو سیستەمی جیۆپۆلەتیکی و ئەمنیدا، ئەمەش بە نیعمەت و سپۆنسەری ئەمریکا.

لە دیوەکەی تری هاوکێشەی ململانێکە، کۆماری ئیسلامی ئێران وەستاوە، بە تەماح و ئامانج و پڕۆژەی چوار دەیە و نیو لە چالاکی و فراوانخوازی لە ناوچەکەدا، کە دەتوانین بە کورتی بەم شێوەیە کورتی بکەینەوە:

1/ ئێران، لە سایەی سیاسەتە ئایینییە ڕادیکاڵەکانی، سروشتی تۆتالیتاری، پاڵپشتیکردنی بزووتنەوەی ئیسلامی شیعە و ئیسلامی سیاسی بە گشتی، مەیلە فراوانخوازییەکانی لە ژێر دروشمی “هەناردەکردنی شۆڕش”، خنکاندنی هەموو دەنگە ئازادەکان، دامەزراندنی سیستەمێکی تیۆکراتی هاوشێوەی سەدەی ناوەڕاست، توانا زەبەلاحەکانی بۆ خنکاندن و لەناوبردن، دامەزراندنی دەیان دەزگای سەرکوتکەر وچەکدار و هتد،،، بۆتە سەرچاوەی ناسەقامگیری و هێزێکی ناوچەیی گەورەیە کە بە بێڕێزیەوە مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ و یاسا و ڕێسا و ڕێکەوتننامە جیهانییەکان دەکات، لۆژیک و چەمکەکانی وەک شەیتانی گەورە و استکباری جیهانی بەکاردێنێ وەک بیانووی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و ستەمکارییەکەی.

2/ کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ساڵی 1979ەوە کە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، لە سەرکوتکردن و شێواندنی ڕاپەڕینی گەلی ئێران بە زیرەکانە و بە کەڵک وەرگرتن لە دیماگۆگی ئایینی بۆ کێبڕکێ لەگەڵ ڕژێمە پاوانخوازەکانی ناوچەکە، درێغی نەکردووە. ڕکابەری ڕژێمی دیکتاتۆری عێراقی سەدام حسێن و حکومەتی ئیسلامی تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. ئیستغلالکردنی ئازارەکانی فەلەستینییەکان و داگیرکردنی خاکەکانیان لە لایەن ئیسرائیلەوە، پرسی فەلەستینی کردە جۆرێک لە کراسەکەی عوسمان بۆ ڕەوایەتیدان بە پاوانخوازی ناوچەیی خۆی و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی گەلانی ناوچەکە و ڕژێمەکانیان.

ڕێژیمی ئێران ڕۆڵێکی تێکدەرانەی لە شێواندنی دۆزی دادپەروەرانەی گەلی فەلەستین و گۆڕینی غەززە بۆ پەناگە و گۆڕەپانێک بۆ چالاکییەکانی حەماس و گرووپە جیهادییە ئیسلامییە توندڕەوەکانی دیکەی گێڕاوە و دواجاریش بووەتە هۆی بیانوو بۆ ئیسرائیل بۆ پاساودانی هێرشە ناڕەواکانی. بەم شێوەیە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران توانیویەتی دۆزی فەلەستین و قوربانیدانی گەلەکەی بشێوێنێت و سەدان میل بۆ دواوە پاڵی پێوە بنێت و ڕێگای چارەسەری ئاڵۆزتر بکات و بیکاتە قوربانی مەیلی فراوانخوازی و پاوانخوازانەی خۆی، هەروەک چۆن سەدام و ئەردۆغان کردیان.

3/ حکوومەتی ئیسلامی ئێران، هەر لە یەکەم ڕۆژی هاتنە سەر دەسەڵاتەوە، دروشمی دیماگۆجی دژە جولەکەی بەرز کردۆتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ قۆستنەوەی دابەزین و شکستی ڕژێمە ناسیۆنالیستەکانی عەرەب لە هەڵوێستیان سەبارەت بە پرسی فەلەستین. مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین لە چاویلکەیەکی ئایینی و ڕەگەزپەرستییەوە، چڕکردنەوەی مەیلی تەسکی ناسیۆنالیستی لای فەلەستینییەکان، پێدانی سیمایەکی ئایینی بە خەباتیان بۆ مافەکانیان و پاڵنانی خەباتیان بە ئاراستەی ڕادیکاڵ و توندڕەو و جیهادی، هەموو ئەمانە دیارییەکی بێبەرامبەر بوون بۆ بەرەی ڕاستی ئیسرائیل کە بتوانن کۆنترۆڵی ژیانی سیاسی بکەن لە ئیسرائیلدا. ئەوان ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لە بەستنی دەرگای هەر چارەسەرێکی ئاشتیانە کە ببێتە هۆی بەدیهێنانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و گەیشتن بە مافەکانی گەلی فەلەستین.

 4/ تەسکی بیری ئاینی و مەزهەبی، هاندانی ململانێی تائیفی و مەزهەبی، و هاندانی ململانێ و دوژمنایەتی، تا ڕادەی شەڕی تائیفی، بە ناوی سوننە و شیعە و لە چوارچێوەی شەڕی ئیسرائیلدا، لەو شێوازە سەرەتاییانەن کە ئێران لە ناوچەکەدا پەنای بۆ بردووە. ڕۆڵی شەرمەزارانەی ئێران لە پەکخستنی ژیانی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن و چڕکردنەوەی بڵێسەی قەیرانەکانیان، چ لە ڕێگەی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی ئامراز و میتۆدی سەربازی و کولتوورییەوە، یان لە ڕێگەی دامەزراندن و هاندانی میلیشیاکان و میلیتاریزەکردنی ژیانی سیاسی، هەموو ئەمانە نموونەی زیندوون لە دەستوەردانی ئێران و مۆدێلە گوماناوییەکەی، و میتۆدەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و پشتیوانیکردن لە دۆزی فەلەستین.

هەڵسەنگاندنێک بۆ هەر ململانێیەکی سەربازی یان شەڕێکی چەکداری لە نێوان دوو لایەن یان زیاتری بەشدار لە ململانێکەدا، بەبێ ئەوەی سروشتی ئەو لایەنە یان لایەنە بەشداربووەکان بزانرێت، جا دەوڵەت، هێزی سیاسی، میلیشیا، یان گروپی چەکداری، ناتوانرێت دروست بێت.

وەک کلاوز ڤیتز زیاتر لە دوو سەدە لەمەوبەر وتی، شەڕ جگە لە درێژەدان بە سیاسەت بە ڕێگەی توندوتیژی هیچی تر نییە. ئامانجی هەردوولا لە شەڕی ئیسرائیل و ئێران هێندە جیاوازی ڕیشەیی هەیە کە لە هەلومەرجی ئێستادا ڕێگەیەک بۆ بەیەکەوە هەڵکردن نەماوەتەوە. ئەم ئامانجە جیاوازانە لە سروشتی تایبەت و دژبەیەکەی ئەو دوو سیستەمە سەرچاوە دەگرن. دەشبینین کە سیاسەتی دەرەوەی هەردوو سیستەمەکە بەشێوەی جەنگ خۆی دەردەخات، هەموو ئەم دەرکەوتانەش لە پێداویستییەکانی سیاسەتی ناوخۆییەوە سەرچاوە دەگرێت و هیچ جیاوازیەک لە نێوان ئەم دوو ئاستە لە کردەی سیاسیدا نییە.

 ئێران بە ڕژێمێکی بێزراوی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دادەنرێت، نەک تەنها لە نێو دەوڵەتان و ڕژێمە سیاسییەکان، بەڵکو لە نێو هەموو گەلانی جیهاندا. سروشتی ستەمکارانە و تۆتالیتاری ڕژێم و ملکەچبوونی بە ئیرادەی کۆمەڵێک پیاوی ئایینی لە ژێر چاودێری و ڕابەری باڵایان عەلی خامنەیی، وەک وەلی الفقیه و ئەو دەسەڵاتە ڕەها و ئەبەدیانەی کە بە پێی دەستووری وڵات پێی بەخشراوە، و جێبەجێکردنی وشەیی یاسای ئیسلامی کە سەرچاوەی باڵا و تاقانە و ڕەهای دەستوور و یاسای ڕژێمە، بەم شێوەیە سیستەمی سیاسی ئێران بۆتە مۆدێلێکی زیندوو لە تۆتالیتاریزمی ئایینی، کە پێچەوانەی هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەم سەردەمە و نیشانەکانی شارستانیەتی مرۆڤی هاوچەرخە.

ئەو دەسەڵاتەی کە پێشتر باسمان کرد، ٤٦ ساڵ ستەم و چەوسانەوەی بێهاوتای بەسەر گەلانی خاوەن کولتوورێکی شارستانی و مەدەنیدا سەپاندووە، ئەو گەلانەی ئێران کە تامەزرۆی ئاوێتە بونن لەگەڵ شارستانی جیهان، وە ئاواتیان گەیشتنە بە ئازادی، دادپەروەری، ئاشتی و یەکسانییە. چوار دەیەی ڕابردوو ساڵانی ململانێی نائومێدکەر بووە لە نێوان گەلانێک کە تامەزرۆی ژیانێکی ئازادە بە هەموو مانایەکی وشەکە و ڕژێمێکی تۆتالیتاری و خوێناوی و سەرکوتگەر و دواکەوتووی سەدەی ناوەڕاست بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە. ئێران شوێنی ژیانی کۆمه ڵێکی گه وره ی نه ته وه کانی جگه له فارسه، وه ک ئازەری، کورد، عه ره ب، به لووج و تورکمان. ئەم گروپانەش زۆربەیان بێبەشن لە ئازادی بەشداری سیاسی و بەڕێوەبردنی وولات و خوێندن بە زمانی خۆیان. جگە لەوەش، ئازادی چالاکیی سیاسی و میدیایی،  پێکهێنانی ڕێکخراوە پیشەیی و سیاسییەکان لە سەرانسەری ئێراندا بەتەواوی خنکێنراوە. گەلانی ئێران، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر کوشتنی کچێکی کورد، ژینا/مەهسا ئەمینی، بە هۆی پابەند نەبوون بە حیجابی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٢، ڕاپەڕین، بەڵام ڕێژیم توانی بە دڕندەییەکی بێهاوتا، لە نێو بێباکی زلهێزەکاندا، بزووتنەوەکەیان کە بە “ژن، ژیان، ئازادی” ناسراوە، سەرکوت بکات.

سروشتی ڕێژیمی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر هاووڵاتیانی لە ناوخۆدا، جگە لە ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕێژیم لە ناوچەکەدا، ڕەتکردنەوەی تەواوەتی ڕۆڵی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، سەپاندنی زۆرەملێی حیجاب بەسەریاندا، و ڕێگریکردن لە ئازادییەکانیان، پاشخانێکی حاشا هەڵنەگر پێکدەهێنن کە بۆچی ئێران هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییە بالیستییەکانی دەدات و پڕۆژە پاوانخوازیەکانی لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەبات، ڕۆشنە ئەمانە هەمووی بە ئامانجی چەسپاندنی بناغەکانی دەسەڵاتی ستەمکارانەی خۆیەتی لە ناوخۆدا. سیاسەتی چەکی ئەتۆمی و چەکی دیکە هیچ نییە جگە لە ئامرازێک بۆ بەردەوامکردنی ڕژێمی تۆتالیتاری و دیکتاتۆری لە ناوخۆدا و چڕکردنەوەی سیاسەتی دەمکوتکردن و لەسێدارەدانی بەردەوام لە دژی گەلانی ئێران کە لە پێناو ئازادی و ژیانێکی شکۆمەندانە و پێکەوەژیانی مرۆڤانە لەگەڵ گەلان و وڵاتانی ناوچەکە تێدەکۆشن لە لایەک و درێژەدان بە دەستوەردان و فراوانبوون و ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا، هاندانی توندڕەوی، پاڵپشتیکردنی بزووتنەوە جیهادییەکان، چڕکردنەوەی دووبەرەکی تائیفی و مەزهەبی لە نێوان گەلەکانیدا، گێچەڵکردن بە دەوڵەتانی کەنداو و هەموو ئەوانەی پابەندی فەرمانەکانی نین و لە کۆتاییدا وەک ئیمپراتۆریەتێکی شەڕ لەژێر بیانووی کۆتایهێنان بە ئیسرائیل و بنیاتنانی جبەخانە سەربازییە وێرانکەرەکەی بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی کە پێشتر ئاماژەی پێکراوە.

دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری عێراق، شوێنەوارەکانی ناسڕدرێنەوە. هەوڵدان بۆ گۆڕینی عێراق بۆ گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ ئەمریکا، هاندانی میلیشیا شیعەکان بۆ توندوتیژی و تایفەگەری، دادۆشینی عێراق لە ڕووی ئابووری و داراییەوە، کردنی عێراق بە بنکەی چالاکیەکانی سوپای پاسداران و نەهێشتنی سەروەرییەکەی، کۆنترۆڵکردنی بڕیارە سیادیەکان، و بۆردومانکردنی باشوری کوردستان لە هەر شوێنێک بیەوێت بە بیانووی بوونی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات. هەموو ئەمانە بەشێوەیەکی زۆر نەرێنی کاریگەریان هەبووە لەسەر ژیانی سیاسی عێراق.

ئێمە باوەڕێکی پتەومان هەیە کە ناوچەکە لە ئاسایشدا دەبێت، و چێژ لە ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان گەلەکانیدا دەبینێ، کاتێک دوو لایەنی شەڕی ئێستا دەستبەرداری پڕۆژە فراوانخوازی و هەوڵە هەژموونگەرییەکانیان دەبن و لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیاندا دەمێننەوە، بەمەش ناوچەکە لە خراپەی دوژمنایەتی و پێشبڕکێی چەک و دەستوەردان و پاوانخوازی بەردەوام و جەنگ ڕزگار دەکەن.

کاتی هەڵوەشاندنەوەی توانا ئەتۆمی و بالیستییەکانی ئێران و دەستوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی دراوسێدا هاتووە. دیپلۆماسی و گفتوگۆ و پابەندبوون بە یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان چارەسەری گونجاون بۆ ئەم کێشەیە. بەڵام ئەمە بەتەنها سەقامگیری بۆ ناوچەکە ناگەڕێنێتەوە بەبێ ئەوەی هاوکات سنووردارکردنی فراوانبوونی ئیسرائیل و دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی فەلەستین کە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی فەلەستین گەرەنتی بکات. پاشان ئەمە بیانووی دەستوەردانی ئێران و تورکیا لە کاروباری ناوچەکەدا پووچەڵ دەکاتەوە. بنیاتنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ مەحاڵە ئەگەر چارەنووس و توانا سیاسی و سامانی هەرێمەکە بۆ گەلانی ناوچەکە جێنەهێڵرێت، نەک ناوچەکە بکرێتە جبەخانەیەکی بەرفراوان و پێشبڕکێیەکی شێتانەی فراوانخوازی و شانۆیەک بۆ توندڕەوی و توندوتیژی.

دەیان ساڵە گەلانی ناوچەکە بەدەست ئەم ململانێ و توندوتیژی و وێرانکارییەوە دەناڵێنن. ئەم ململانێیانە، کە تیایدا لایەنەکان تەنها نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان دەکەن، ئەمەش نەک تەنها لەگەڵ بەرژەوەندی زۆرینەی دانیشتووان نایەتەوە، بەڵکو دژایەتیشی دەکەن.

گەلانی ئێران هیچ ڕێگایەکی دەربازبوون لەم گێژاوە درێژخایەن و ململانێی کۆنەپەرستانەی نێوان ئەم دوو لایەنە و ئەوانەی لە پشتیانن و لە بەرەکانیاندا لەگەڵیان وەستاون نییە بێجگە لە ڕێگەی هەوڵ و خەباتی سەربەخۆی خۆیان کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی زۆرینەی جەماوەری زەحمەتکێش و بە ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو شوناس و ناوە بەرتەسکانەی کە هاندەری دووبەرەکی و ناتەبایی لەناو ڕیزەکانیاندایە. ڕەوتی شەڕی ئێستا و کاردانەوەکانی ڕەنگە ببێتە هۆی درزێکی بەرفراوان لە دیوارەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێراندا و ببێتە هۆی لاوازبوونی بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی داڕمانی پایەکانی و دواجاریش لەناوچوونی. لە هەمان کاتدا پێویستە پڕۆژەی ئەو هێزە کۆنەپەرستانە پووچەڵ بکرێتەوە کە بانگەشەی دژایەتیکردنی دەسەڵاتیان هەیە و بۆ گەیشتن بە دەسەڵات پەنا بۆ هەموو دروشم و نازناوێکی درۆزنانە دەبەن.

 خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات بە پێی ئەو ئەزمونەی لە خەباتی جەماوەریدا بەدەستی هێناوە، ئەو بنکە فراوانە جەماوەریەی کە هەیەتی و ڕۆڵی مێژووی لە وەستانەوە بەرامبەر داگیرکردن و سەرکوتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، دەتوانێ ڕۆڵێکی پێشکەوتوو لە خەباتدا بگێڕێت. داوا لە هەموو هێزە سیاسییە چەپ، نیشتیمانخوازەکان و پێشکەوتنخوازەکان دەکرێت لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی نیشتیمانیدا کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی جەماوەری بەرفراوانە، خواستەکانیان بۆ ئازادی و پێشکەوتن و یەکسانی و بەهرەمەندبوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد، لە چوارچێوەی پێکەوە ژیان لە ژێر سیستەمێکدا کە ئاڵای دیموکراسی بە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانییەوە، بەرز بکاتەوە.

ناوەندی ئازادی و ژیان

٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…