وەستا جەلال
لە سەدەی بیست و یەکدا، سەرمایەداری تەنها خۆی وەکو سیستەمێکی ئابووری پیشان نادات، بەڵکو هەوڵدەدات خۆی وەکو یاسای گەردوونی و درێژەی سروشتی مرۆڤیش پیشان بدات، گوایە مرۆڤ بە سروشت خۆپەرستە و بازاڕیش تەنها ڕێگای ڕێکخستنی ئەو خۆپەرستیەیە.
سەرمایەداری نەک وەکو یەکێک لە سیستەمەکان، بەڵکو وەک باشترین و کۆتا سیستەمی گونجاو بۆ مرۆڤایەتی خۆی دەناسێنێت. ئەمەش لە ڕێگای تێکەڵکردنی ئابووری، سیاسەت، ئاین،کەلتوور و بیرکردنەوەی مرۆڤ بەدەست دەهێنێت. سەرمایەداری بە شێوەیەکی هێواش و بەردەوام مرۆڤی کردووە بە ئامراز و ژیانیش بەکاڵا، جیاواز لە کۆنترۆڵ کردنی بەرهەم، کار و بازاڕ، دەیەوێت هەست، بیرکردنەوە و خەونەکانی مرۆڤیش بەتەواوەتی داگیر بکات.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، بازاڕ تەنها شوێنی کڕین و فرۆشتنی کاڵاکان نییە، بازاڕ کراوە بە سیستەمێک کە مرۆڤ تێیدا دەفرۆشرێت. لە ژێر دەسەڵاتی سەرمایەداری، هەموو شتێک نرخی هەیە، هەتا ژیان، کەرامەت، تەمەن و پێگەی مرۆڤ نرخی بۆ دانراوە، ئەم سیستەمە خەریکی تێکدانی سنووری نێوان کارو ژیانی مرۆڤە.

سیستەمی سەرمایەداری بۆتە ماشیێنێکی ویرانکەر، کە بەردەوام لەسەر خوێنی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش درێژە بە مانەوەی خۆی دەدات. ئەم سیستەمە مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی بەگشتی، مەترسیە بۆ سەر هەموو ئەو کەسانەی کەلە ڕیگای کارو پیشەکەیانەوە هێزی خۆیان بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان دەفرۆشن.
کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش تەنها لە کاتی کارکردندا، سود بە سیستەمی سەرمایەداری ناگەیەنن، بەڵکو ئەو کاتەی کاریش ناکەن و لە پشوودان، سود بەو سیستەمە دەگەیەنن. لەبەرئەوەی مرۆڤی بەرهەمهێن خۆی کراوە بە بەرهەم، بۆیە ئەم سیستەمە دەتوانێت هەموو چرکەیەکی ژیانی مرۆڤ بکاتە سەرچاوەی سود بۆ سەرمایە، مرۆڤ کراوە بە ئامرازێک هەموو کاتێک بەکاری دەهێنێت، لە کاتی کار کردندا هێزی بەکاردەهێندرێت، لە دەرەوەی کار سەرنجی و لە ناوەوەی خۆیدا هەست و خەونەکانی بە کار دەهێنێت، سەرمایەداری توانای ئەوەی هەیە کە تەنانەت دەرەوەی کاریش بخاتە خزمەت خۆی.
کاتێک کە مرۆڤ لە کاتی پشوودان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک Meta Platforms یان TikTokبەکار دەهێنیت، وا دەزانێت تەنها بۆ سەرگەرمی، خوێندنەوە، بینینی چەند هەواڵ و وێنەیەکە، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوە فرۆشتنی سەرنج و کاتی مرۆڤە. هەر کلیک کردنێك، هەر بینینێك، هەر چەند دەقەیەك کە کەسێك لەسەر شاشەی مۆبایلەکەی کات بەسەر دەبات، ئەوەندە پارە بۆ کۆمپانیاکان زیاد دەکا، کەواتە مرۆڤ تەنانەت لە کاتی ئازادیشدا لە ناو سیستەمێکی کارکردندایە.
ئەگەرکەسێکیوەکوکارڵمارکسلەمسەردەمەهەبوایە،رەنگەئەمدۆخەیبەشێوەیەکیقووڵترشیبکردایەوە، (کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش تەنها لە کارگە و شوێنی کار نەکراون بە کۆیڵە، بەڵکو هەموو کاتەکانی ژیانیان کراون بە کۆیڵە) لەبەرئەوەی مرۆڤەکان لەکاتی کار وەکو کارکەر، لەدەرەوەی کار وەکو بەکارهێنەر، بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت وەکو سەرچاوەیەکی سود بەکار دەهێندرێت.
هەروەها بەهۆی گەشەی سەرمایەداری و بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا، ئامێرەکان جێگای کرێکارانیان گرتۆتەوە، ئەم گەشەکردن و چوونەپێشەوەی سیستەمی سەرمایەداری لەجیاتی ئەوەی ببێتە هۆی خۆشگوزەرانی زیاتر، بۆ چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش، بە پێچەوانەوە بۆتە هۆی کۆیڵە کردنی هەموو ئەو کەسانەی، کە بۆ بژێوی ژیانیان ناچارن ڕۆژانە کار بکەن.
سیستەمی سەرمایەداری، بۆ بردنە پێشەوەی پرۆژە ئابووری و سیاسیەکانی خۆی زۆرجار دەستی بردووە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ، سیاسەتی شەڕ نەک تەنها هەژاری و نائارامی زیاد دەکەن، بەڵکوو کۆمەڵگەکان بەرەو قەیرانێکی قووڵتر دەبات.
بێکاری، هەژاری، گرانی، برسیەتی و شەڕ، کاریگەری زۆر لەسەر پەیوەندی کۆمەڵایەتی، خێزان، پەروەردە و بەها ئەخلاقیەکانی مرۆڤ دادەنێت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر دەبێتە سوود و بەرژەوەندی، هاوڕێیەتی و هاوکاری کەم دەبێتەوە مرۆڤەکان یەکتر وەکو دەرفەتێك دەبینن نەك وەکو مرۆڤ، پێشبڕکێ و مڵمڵانێ زیادی کردووە، متمانە بەیەکتری لاواز بووە.
ژنان، لە ناو ئەم بازاڕەدا، دوو جار ستەمیان ڵێ دەکرێت، یەکەم وەکو کاری هەرزان، دووەم وەک کاڵایەکی بەکارھێنراو بۆ ڕیکلام. سەرەڕای کاری ناو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ، کە وەکو کار حسابیان بۆ ناکرێت. هاوکات کەڵك لە جەستە و هەستیان وەردەگیرێت، ئەمەش شێوەیەکی ترە لە ستەم دژ بە ژنان ئەنجام دەدرێت.
خێزان: لە سیستەمی سەرمایەداریدا، کات تەنیا تێپەڕبوونی چرکەکان نییە،کات بۆتە کاڵا. ئەو کاتەی کە دایک و باوک پێویستە لەگەڵ منداڵەکانیان کات بەسەر بەرن، دەبێت خەریکی کار کردن بن، لەم سەردەمە خێزان تەنها بۆتە شوێنی مانەوە، نەك شوێنی گەشەی خۆشەویستی، میهرەبانی و پەروەردە. ئەم جۆرە لە پەیوەندی، بێ متمانەیی، نیگەرانی و دڵەڕاوکێ لە ناو خێزان دروست دەکات. خۆشەویستی ئەگەر نەبێت بە کردەوەیەکی هەستی و ڕاستگۆیانە، دەبێت بە وشەی ڕووت، خێزان دەبێت شوێنی ئارامی و پەرەپێدان و گەشە و پەروەردەبێت.

بێکاری تەنیا کێشەی ئابووری نییە. بەڵکو تێکچوونی ناسنامەی مرۆڤە. مرۆڤ کاتێک کار لەدەست دەدات، زۆرجار هەست بە بێبەهایی و دابڕان دەکات، زەوتکردنی مافی کارکردن لە بەشێک لە مرۆڤەکان ستەمێکی نائینسانی گەورەیە، سیستەمی سەرمایەداری بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕ، هەمیشە پێویستی بە ڕێژەیەك لە بێکاری هەیە، بێکاری تەنیا ڕووداوێکی کاتی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پێکهاتەی سیستەم. لە زۆر کۆمەڵگەدا، کار بە شێوەیەکی گرنگ بە ناسنامەی دایك یان باوك گرێدراوە. کاتێک بێکاری ڕوودەدات، زۆرجار خێزان هەست بە شکست دەکات، ژینگەیەکی سنوردار تر بۆ ژیان دێتە پێشەوە، دەرفەتی خوێندن و گەشە بۆ منداڵ کەم دەبێتەوە.
ئاریك فرۆم دەڵێت:( مرۆڤ پێویستی بە هەستکردن بە مانا و بەها هەیە. کاتێک بێکاری ئەم هەستە لە مرۆڤ دەسێنێتەوە، مرۆڤ هەست بە نائومێدی، بێ هیوایی و ژیانێکی بێ ئاراستە دەکات)
شەڕ تەنیا تێکچوونی باری ئابووری و سنووری سیاسەت نییە، شەڕ تێکچوونی ژیانی کۆمەڵگە، خێزان و مرۆڤەکانە. لە یەک چرکەدا، ماڵ، کار، قوتابخانە، هەموو شوێنێك دەگۆڕێت، شەڕ فشارێکی قووڵ لەسەر دەروونی مرۆڤ دادەنێت، ترس و نائارامی بەردەوام. دڵەڕاوکێ و هەستکردن بە مەترسی. نەبوونی پلان بۆ داهاتوو، ئەنجامی شەڕ زۆر گەورەترە لە تێکچوونی مادی، شەڕ داهاتوو تاریک دەکات.
ئەوەی ئەم هەموو دۆخانەی بەیەکەوە گرێداوە، سیستەمێکە بە ناوی بازاری ئازاد، بەڵام لە ڕاستیدا ئازادییەکەی تەنها بۆ سەرمایەیە. کرێکار تەنانەت لە کار کردنیش ئازاد نییە، کارەکەشی خاوەنکار بۆی دیاری دەکات و هەرکات پێویستی بەکارەکەی نەما بێکار دەکرێت، کرێکار ئەو کەسەی بە دەستی خۆی دنیایەک دروست دەکات، بەڵام خۆی دەبێتە قوربانی ئەو دنیایە.
لە بەرامبەر ئەوەی سەرمایەداری بەسەر مرۆڤی هیناوە، چاوەڕوانی چارەسەر لە ناو سیستەمی سەرمایەداری خۆی، خەیاڵێکی فریودەرانەیە، هیچ گۆڕانکارییەکی ژیانخوازانەی ڕاستەقینە لە ناو ئەم سیستەمەدا ڕوونادات، چونکە بنەماکانی لەسەر زوڵم و نایەکسانی دامەزراوە.
بۆیە، یەکی ئایار دەبێت ببێتە ڕۆژی بانگەوازی شۆڕش، شۆڕشی هۆشیاری، شۆڕشی یەکگرتوویی و شۆڕشی گۆڕینی بنەڕەتی لە سیستەم. چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش نەک تەنها دەبێت بەرگری لە مافەکانیان بکەن بۆ باشترکردنی، بەڵکو دەبێت کاربکەن بۆ گۆڕینی تەواوی ئەم سیستەمە، سیستەمێك کە تێیدا منداڵ کار دەکات، ژن کاڵایە و کرێکار هێزی کاری دەفرۆشرێت، ئەو سیستەمە پێویستی بە گۆڕینە.
یەکی ئەیار بۆ ئەوە نیە کە ساڵی جارێك بیر لە مێژووی خەباتی کرێکاران بکرێتەوە، بەڵکو یادەوەرییەکە بۆ ئەوەی کە ئەو خەباتە هێشتا تەواو نەبووە. ئەم ڕۆژە لە بنەڕەتدا دەنگێکە دژ بە ستەمی سەرمایەداری، دژ بە کەمکردنەوەی مافی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش، دژ بە سیستەمێک کە مرۆڤ دەکاتە ئامراز بۆ قازانج.
یەکی ئایار، بانگەوازێکە بۆ ئەوەی بڵێین، مرۆڤ تەنیا کرێکار نییە.تەنها بێکار نیە، تەنها قوربانیش نیە، بەڵکو بکەرو کاراکتەری ناو بەها مرۆییەکان، پەیوەندیەکان، کۆمەڵگەکان، خێزان و ئەخلاقە، ئەم سیستەمە دەیەوێت مرۆڤ لە ژیان داببڕێت، بەڵام دەبێت مرۆڤ بگێڕدرێتەوە بۆ ناو ژیان.
بژی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار.
Top of FormBottom of Form


















Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *