سه‌رنجێك به بۆنه‌ی ڕووداوه‌كانی سوریاوه!
ئومێدحه‌مه‌عه‌لی
له په‌رتوكی “ئازادی و كه‌سێتیدا” بۆ چیرۆكێكی سه‌رنجڕاكێشی فه‌یله‌سوف نیكۆڵای بیردیایڤ گه‌ڕاومه‌ته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تاكانی تێگه‌یشتنی خۆی له‌باره‌ی سیستمی بهلشهڤیزمهوه باسبكات، چیرۆكی خۆشاردنه‌وه‌ی خۆی و چه‌ند هاوڕێیه‌كی ئه‌گێڕێته‌وه، كه له پێش شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری كۆمۆنیسته‌كان و له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی تساریزم-قهیسهریزمی ڕووسیدا له ترسی فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌و كات له په‌ناگه‌یه‌كدا خۆیان حهشارئهدهن.
به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی له‌ناو پهناگهكهدا گفتوگۆ و وتووێژی پرسه گرینگه‌كانی ئه‌وكات دێننه زمان، بێردیایڤ له‌وێدا ورده‌كاری قسه‌كانمان بۆ ناگێڕێته‌وه، به‌ڵام چه‌ند شتێكی سه‌رنجڕاكێش و وانه‌ی گرینگ له‌پاش ئه‌وه ئه‌خاته ڕوو. ئه‌و ده‌ڵێت له گوتنی ئه‌و هاوڕێیانه‌وه تێگه‌یشتم ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی چاوه‌ڕوانی ئه‌كه‌ین ڕووی له ئازادی مرۆڤ نابێت و هه‌ر له پهناگهكهدا ئه‌و هاوڕێیانه باوه‌ڕیان به ئازادی مرۆڤ نه‌بوو. پرسی گرینگ ئه‌وه‌یه بێردیایڤ نزیكه‌ی ده ساڵ پێش شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر به‌و ڕاستییه ترسناكه ده‌گات، كه ئایدۆلۆژیا سه‌راپاگیره‌كان هه‌ر له خانه سهرهتاكانیانهوه، ته‌نانه‌ت له‌و په‌ناگه و هه‌ندێ جار كونه مشكانه‌ی به‌هۆی قهدهغهبوونیانهوه تێیدا ئه‌مێننه‌وه هیچ ڕێز و باوه‌ڕ و دانپیدانانێكیان بۆ ئازادی مرۆڤ نییه، ئیدی بۆچی مرۆڤه‌كان، كۆمه‌ڵگه و گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هێشتا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌زمونی ئایدۆلۆژیا سهراپاگیرهكانیان نه‌كردبێت دیسان و دیسان ئه‌یانه‌وێت تاقییانبكهنهوه!
له چوارچێوه‌ی فاشیزمی خۆرهه‌ڵاتی و ئایدۆلۆژیا سه‌راپاگیر و په‌ڕگیره‌كاندا، ئێستا ده‌ركه‌وتنێكی نوێ له سوریادا ئه‌بینین، هه‌مان ناوه‌ڕۆكی ئایدۆلۆژی سه‌راپاگیر و ترسناك، كه ته‌نیا شتێ له خۆ‌یا دهستكاریكردبێ ئامڕاز و ڕێگه‌ی مانه‌وه‌ی زیاتره له‌و دۆخه جیهانییه‌دا، كه بۆ ئه‌وان سه‌خت و ناسازگاره له ڕووی سیاسی و ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازییه‌وه به تایبه‌تی. ئه‌گه‌رنا هیچ ده‌ستبه‌رداربوون و نهرمینواندنێكی جه‌وهه‌ری و لێكدانه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌و كرۆكه ئایدۆلۆژییه‌وه ده‌رباره‌ی ئازادی مرۆڤ، فه‌لسه‌فه و بیری دیموكراتی له به‌ڕێوه‌بردنی كۆی ژیانی كۆمه‌ڵگه و مافه‌كاندا له‌ئارادا نییه. هه‌ر ئه‌م قسه و بیركردنه‌وه جیاوازانه له ئه‌قڵی ئایدۆلۆژی ئه‌واندا تاوان و كوفره، ئه‌گه‌ر ناچاركردنێكی گه‌وره نه‌بێت، نه‌ك هه‌ر نایه‌نه پای هیچ مافێكهوه بۆ مرۆڤ، ئه‌وه‌شی باس له‌و مافانه بكات به ڕه‌وایه‌تی ئاسمانییه‌وه، كه فاشیزمی خۆرهه‌ڵاتی له ئاستێكی گه‌وره‌دا له‌سه‌ری دامه‌زراوه، ته‌نانه‌ت مافی هه‌بوونی ئاسایی و ژیانیشی لێوه‌رده‌گرنه‌وه.
مێژووی خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه له‌م ساته‌دا چالاكه و ته‌ماشاكه‌ن، سیستمی فاشیستی به‌عس له سوریا ئه‌ڕووخێت و له كه‌وانه‌دا (شۆڕشگێڕه‌كان) شوێنی ئه‌گرنه‌وه. جیاوازی نێوان به‌عسیزمی سوری و ئایدۆلۆژیای په‌ڕگیری ئیسڵامیزمی سیاسی-سونیزم “ته‌حریری شام” له چیدایه؟
ئه‌گه‌ر بڵێین جیاوازییان نییه ئه‌وه ئه‌كه‌وینه هه‌ڵه‌وه. به‌ڵام پێویسته بپرسین جیاوازییه‌كانیان چین؟ پێش هه‌ر شت ئه‌بێ بزانین جیاوازییه‌كانیان له‌په‌یوه‌ند به پرسه گرینگه مرۆڤییهكانهوه جه‌وهه‌ری نین. پرسی ئازادی مرۆڤ له سیستمی به‌عس دا له باشترین ده‌ركه‌وته‌ی خۆیدا بریتیبووه له زیندانه پڕ له وه‌حشیگه‌ری و دڕنده‌ییه‌كانی. ته‌نیا زیندانێكی دیمه‌شقی به‌عس ئه‌توانێت جه‌وهه‌ره ترسناكه فاشیستییه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌دمان نیشانبدات. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ماوه‌ی زیاتر له په‌نجا ساڵ ماوه‌ته‌وه و نكوڵیكارێكی سه‌رسه‌خت و دڕنده‌ی مافی مرۆڤ بووه و، كوردیش وه‌ك ناسنامه‌یه‌كی به‌ته‌واوی جیاواز له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ڕه‌وایه‌تییه‌كی مرۆڤی و ته‌نانه‌ت سوریاییشهوه بووه. حیكایه‌تی ئه‌م سیستمه له ڕووی ڕووكه‌شه‌وه كۆتایی هات، ئه‌مه جیاوازیی سه‌ره‌كی سیستمه ئایدۆلۆژییه فاشیستییه كۆنه‌كه‌ی به‌عس و ئه‌م ئایدۆلۆژیا فاشیستییه ڕهتكهرهوهیهی ته‌حریری شامه، كه هه‌موو ئه‌زانین بریتییه له ژماره‌یه‌كی زۆر گروپی جیهادی و تهكفیریستی ترسناك، كه ڕشانه‌وه‌یان به ئازادی و دیموكراسی دێت له باوه‌ڕ و عه‌قیده‌ی خۆیاندا، وه‌ك له قسه نا دیپلۆماسییهكانیشیاندا ڕاستی جه‌وهه‌ری خۆیان نیشانئه‌ده‌ن، ئه‌وانه ئامانجی سه‌ره‌كییان سه‌پاندنی یه‌ك ناسنامه‌ی ئایدۆلۆژیی په‌ڕگیرانه‌یه، كه له‌سه‌ری دروستبوون. بۆچی ئه‌ڵێم له قسه و ده‌ركه‌وتنه نادیپلۆماسییهكانیاندا، بێگومان مه‌به‌ستمه بڵێم ئه‌وان له دۆخێكی دژواردان و جگه له توركیای فاشیزمی نه‌ژادپه‌رستی-دینی و قه‌ته‌ری ناو هه‌مان خولگه، له دونیادا دۆستێكی ڕاسته‌قینه‌یان نییه، ئه‌مه‌ش ناچاریكردوون به زۆر له خۆكردنه‌وه كۆمه‌ڵێك ده‌ربڕینی ڕووكه‌شی وه‌ك ئه‌ڵێن قسه‌ی ئینشایی و لاستیكی گوزارشتلێبكهن، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موومان سوریایین و سته‌م كۆتایی دێت. به‌ڵام جارێ ئه‌و پرسیاره له‌و دۆخه ناهه‌مواره‌دا نه‌بووه‌ته ڕاوه‌ستانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره، مه‌به‌ستیان له سوریاییبوون چییه؟ هه‌ر له‌وه‌ش بنچینه‌ییتر مه‌به‌ستیان له سته‌م چییه؟
گه‌وره‌ترین كێشه له ئایدۆلۆژیای فاشیستی‌دا پێناسهكردنهوهكانییهتی بۆ هه‌موو شتێك له دونیادا، به تایبه‌ت پێناسه‌كردنه‌وه‌ی سته‌م. له ئایدۆلۆژیای په‌ڕگیری نه‌وه‌ی داعش و قاعیده‌دا، كه ئه‌مه‌ش زهنییه‌تێكی ڕه‌تكه‌ره‌وه‌ی جیاوازی و ترس له جیاوازی و ئازادی مرۆڤی له پشته‌وه‌یه و له جهوههردایه، ئه‌بێ به وریاییه‌وه بهرخوردبكهین، مه‌به‌ست له سته‌م و زوڵم ئه‌وه نییه ئازادییه كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و ڕاده‌ربڕینی ئازاد و ئازادی ڕه‌خنه و ئه‌وانه‌ت لێ زه‌وت بكرێ، چونكه خودی ئایدۆلۆژیای سه‌راپاگیر له‌سه‌ر بنبڕكردنی ئه‌و جیاوازییانه دائه‌مه‌زرێت. له‌و بۆشگه و ئه‌قڵه فاشیستییهدا ڕه‌وایه‌تی ئاسمانی و وه‌ڵامه ڕاسته‌كان ئاماده‌ییان هه‌یه، ئه‌وه‌ی ئه‌وان به شایانی جێبه‌جێكردن و سه‌پاندنی بێ ئه‌ملاولای ئه‌زانن. بۆیه دواجار له ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی وه‌ها ئه‌قڵێكی فاشیستی‌دا هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری و هه‌ر بیركردنه‌وه و ده‌ركه‌وتنێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئازاد و دیموكراسییانه به‌بێ هیچ گومانێك به چه‌كی لهڕهوایهتیخستن، كه داعشیزم و هاوناوهرۆكهكانی له‌سه‌ری پێكهاتوون، ڕووبه‌ڕووی له‌ناوبردن ئه‌كرێنه‌وه، ئه‌م پڕۆسه‌ی له‌ناوبردنه وه‌ك ئیشێكی پیرۆزی ماشێنه فاشیستییه‌كه داده‌نرێت.
ئه‌و وانه‌یه‌ی له چیرۆكی بێردیایڤهوه فێرئه‌بین ئه‌وه‌یه له‌پێناو ناسینی داهاتووی شۆڕش و ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاریكراودا به‌تایبه‌ت له فهرمانڕهواییكردنی كۆمه‌ڵگه‌دا، پێویستت به‌وه نییه سه‌رده‌مێكی ترسناكی خوێن و ئاگر تاقیبكه‌یته‌وه، هه‌ر له خانه سه‌ره‌تاییه‌كانیدا و به‌هۆی تێگه‌یشتن له به‌رخورد و تێڕوانینه‌كانی ئایدۆلۆژیاكهوه ده‌رباره‌ی ئازادی مرۆڤ و جیاوازییه بنه‌ڕه‌تییه نكوڵیلێنهكراوهكان، ئه‌توانێت به‌و ده‌رئه‌نجامه بگه‌یت، كه به‌داخه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر له مرۆڤه‌كان ته‌نانه‌ت دوای ئه‌زمونكردنی چه‌ندینجاره‌ی ئه‌و سیستم و ئه‌قڵه فاشیستی و دژه دیموكراسییانه، هێشتا هه‌ر پێینه‌گه‌یشتوون.
ئه‌وه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه ڕووئه‌دات و ئه‌و به‌رخورده ترسناكه فاشیستییه‌ی چه‌كداره‌كانی ته‌حریر یان ته‌خریبی شام نیشانیاندا بۆ من شۆكهێنه‌ر نه‌بوو، ئه‌گه‌ر وه‌ها مامه‌ڵه‌یان نه‌كردایه به دڵنیایی شۆكهێنه‌ر ئه‌بوو بۆم و با بڵێم له‌وانه‌یه دڵخۆشكه‌ریش بوایه، كه گومانی ئه‌وه‌مان بكردایه، ئه‌شێ شتێ له ڕه‌فتار و ئه‌قڵه فاشیستییهكهیان گۆڕابێ. شۆڕش كاتێك واتای شۆڕش و گۆڕینی ڕاسته‌قینه وه‌رده‌گرێت ده‌ستبه‌رداری ڕه‌فتار و زهنییه‌تی فاشیستی ڕژێمه ڕووخاوه‌كه بووبێت، به‌ڵام كاتێك به‌ته‌واوی ته‌ماشای ئه‌و ڤیدۆیه‌م كرد، كه چه‌ند چه‌كدارێك گه‌نجێك ده‌گرن و لێیده‌ده‌ن، پاش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی خستویانه و هه‌ر لێیده‌ده‌ن، جوڵه‌ده‌كه‌ن و هه‌م ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ری و قاچی كه بیری پۆستاڵی به‌عسییه‌كانی ده‌خستمه‌وه، ده‌ینایه سه‌ر كه‌له‌سه‌ری گه‌نجه‌كه و، یه‌كێكیشیان له نزیكه‌وه ڤیدۆی ده‌موچاوی ده‌گرت، ئه‌وه به‌ده‌ر له‌و دیمه‌نه ڤیدۆییه‌ی به‌گشتی كرده‌وه دڕندانه‌كه‌ی نیشانئه‌دا. ئه‌م دیمه‌نانه هیچ بیانوویه‌ك هه‌ڵناگرن، به‌ڵام دڵنیام ئه‌قڵی ئایدۆلۆژی و فاشیستی وه‌ك هه‌میشه ئه‌خلاقه دژه مرۆڤییهكهی خۆی بهكارئههێنێ و به‌لانی كه‌م هیچی ده‌ستنه‌كه‌وێ پاساوی مه‌زهه‌بی و ڕژێمی پێشوو ئه‌هێنێته‌وه.
لێره‌دا دیمه‌نێكی تراژیدی، حیكایه‌تێكی سه‌رنجڕاكێش به‌رده‌وام ئه‌بێت، به‌عس پێشتر لایه‌نگر و دۆستانی ڕژێمی داهاتووی سزاده‌دا و به‌رخوردی فاشیستی به‌رانبه‌ر ئه‌كردن، ئێستا ئه‌و ڕژێمی داهاتووه‌ی له‌سه‌رده‌می به‌عسدا هێشتا نه‌بوو، ده‌ستیكردووه به سزادان و نواندنی ڕه‌فتاره دڕندانه‌كانی به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی ئه‌شێ ناسنامه‌ی دۆستایه‌تی و نزیكی و هاومه‌زهه‌بی ڕژێمی پێشوویان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت. ئه‌مه‌یه له دواجاردا حیكایه‌تی تراژیدی و هه‌م كۆمیدیانه‌ی ئه‌و شێوه گۆڕانكارییه‌ی له سوریادا ڕووئه‌دات.
له‌دۆخی له‌و شێوه‌یه‌دا ته‌نیا ئه‌گه‌ری ئومێد ئه‌وه‌یه ڕه‌وه فاشیستییه‌كه لاوازبێت و، فشاری ده‌ره‌وه گه‌وره‌بێ له‌سه‌ری و، جیاوازییه قووڵه‌كانی ناوه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ش تۆختر ببنه‌وه و تۆكمهتربن تاكو ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی پێنه‌ده‌ن هه‌موو شتێكی ژیان داگیربكات.


















Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *