بارۆنەکانی حیزب … بارۆنەکانی سەروەت

بارۆنەکانی حیزب … بارۆنەکانی سەروەت

عدنان کریم

ساڵانی ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی پێشوو میدیاکانی ئەو سەردەمە لە زمانی ژووری بازرگانیی سلێمانیەوە لە ڕاگەیاندنێکدا بڵاویان کردەوە کە ژمارەی ملیۆنەرەکان لە شاری سلێمانیدا 300  کەسن. ئەو سەردەمە بازاڕی ئابووری لە کوردستان و لەشارێکی وەکوو سلێمانیدا، بەپێی پێودانگەکانی مۆدێلێك لە ڕێکخستنی ئابووری بەڕێوەئەچوو کە دەوڵەت وەکوو بەرزترین ئامرازی حکوومڕانی ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو.بەڵام سەرباری پرۆسەیەك کە لەسەرەتای هەشتاکانەوە دەستی پێکردبوو بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت لە مڵکدارێتیی بەشە ناستراتیجیەکانی کەرتی ئابووریدا، و سەرباری زیاتر لە پێنج ساڵ شەڕی عێراق لەگەڵ ئێراندا، هێشتا ژیانی ئابووری، بەبەراورد لەگەڵ دەیەی نەوەتەکانی داهاتوودا، جێگیرتر بوو. ڕوونیشە کە ئەو سەردەمە بوون بەسەرمایەدار و دەوڵەمەند و بەتایبەتیش ملیۆنێر بەدەر نەبوو لە جۆرێك نزیکایەتی لە ڕژێم و دەزگاکانی. بەڵام سەرباری ئەوانە یاسا بابەتیەکانی ئابووری و بازاڕ ڕۆڵی خۆیان ئەگێڕا لە پرۆسەی ژیانی ئابووریدا و بازاڕ و کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان لەم بوارەدا کەمتر لە چنگی پیاوەکانی دەسەڵاتە لۆکاڵی یا سەرتاسەریەکاندا بوو.

بەمانایەکی تر و بەدەر لەوەی ئەو 300  ملیۆنەرەی ئەو شارەی کوردستان، کە سەرچڵترین شاریش بوو لە بەرانبەرکێ لەگەڵ سیاسەتە دیکتاتۆریەکانی ڕژێمی ئەوکاتەشدا، چەندیان لەڕێی وابەستەیی و خۆگرێدانەوە بە دەزگاکانی دەسەڵاتەوە دەستیان بەو سامانە زۆرە گەیشتبوو، کەمتر جێی باسە و ئەوەی گرنگە شێوازەکان و میکانیزمەکانی سەرپەرشتی و مۆدێلی ڕێکخستنی ژیانی ئابووری و مامەڵەکردنە لەگەڵ سامان و ئابووری و بازاڕدا.

لەدوای ڕاپەڕینەوە و لەبەرەبەیانی دەسەڵاتی کوردیەوە ئەم هاوکێشەیەی پەیوەندیی نێوان سامان و ئابووری لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا بەتەواوی لنگەوقووچ ئەبێتەوە.

لەناودەیان جۆری فەلسەفەی ئابووری و باوەڕە ئابووریە جۆراوجۆرەکاندا ( بازاڕی ئازاد، سەرمایەداریی دەوڵەتی، ئابووریی تێکەڵ، چەمکی لێگەڕی با بڕوا و لێگەڕێ بائیشی خۆی بکات، ئابووریی پشت بەخۆبەستن و چەندین پرەنسیپی ئابووریی تر ) دەسەڵاتی کوردی پەیڕەویی لە کامیان کرد؟

دیارە کە فەلسەفەی ئابووریی هەر دەوڵەت و کیانێکی سیاسی ڕەنگدانەوەی باوەڕ و بنکەی چینایەتی و ڕوئیا سیاسی و فکریەکانی ئەو دەولەتە یا ئەو قەوارە سیاسیە و دونیابینیی گشتی تری ئەو لایەنەیە بۆ سەرجەم ژیان و کۆمەڵگا و چینەکان و بونیادی ئابووری – کۆمەڵایەتی.

هەر لەیەکەمین ڕۆژی فەرمانڕەوایی هێزە دەسەڵاتدارەکانی ئەمڕۆی هەرێم، کوردستان ڕووبەڕووی گێژاو و فەوزایەکی ئابووریی تەواو بووەوە. گەرچی ئەو ڕاستیەش بۆ هەمووان ڕوونە کە کۆمەڵگاکان و لەناویشیاندا کۆمەڵگای کوردستان ناتوانێت بۆ ڕۆژێکیش بەبێ کارکردی ئابووری و کردە و جووڵەی ژیانی ئابووری لەم سەردەمەدا ڕابوەستێت چونکە ئابووری پایەی ماددیی کۆمەڵگا پێکدێنێت.

لەو سەرووبەندەدا کوردستان لەژێر ڕکێفی بەعسدا زەبری ئابووریی زۆری بەرکەوتبوو. تازە لەژێر داروپەردووی ئانفال و جینۆساید هاتبووە دەر. هەشت ساڵ شەڕی وێرانکەری عێراق – ئێران سەرجەم عێراقی داتەپاندبوو. گرانی و هەژاری، ئەویش لەکوردستانێکی خاوەن ژێرخان و بونیادێکی ئابووریی دواکەوتوو و لاوازدا، ژیانی زۆرینەی خەڵکی ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار کردبۆوە. بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی جێگەیەکی نەمابۆوە لە ژیانی ئابووریدا و لادێکان بەتەواوی خاپوور کرابوون. خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بەهەموو سێکتەرەکانیەوە لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوون. ڕژێم کوردستانی خستبووە ژێر ئابڵووقەیەکی ئابووریی تووند و ئابڵووقەی جیهانیش لەسەر عێراق لەگەرمەیدا بوو.

لەبەرانبەر بەو بارودوۆخەدا ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان کێشەی دوانەی نان و ئازادیی تا نیوەڕێ بڕیبوو و دەسەڵاتی فاشیزمی بەعس لە زۆربەی کوردستان پێچرابۆوە. سەرگەرمی و شادیی قۆناغی یەکەمی خەڵك بە نەمانی سێبەری ڕەشی دیکتاتۆریەت و بەتایبەتیش کە مۆڵگا سەربازیەکانی ڕژێم لە سنوورەکانی کوردستاندا خۆیان مەڵاس دابوو، سەرباری دڵەڕاوکێی مەترسیی مانەوەی ڕژێم، بۆ ماوەیەك، بیری نان و ژیانی ئابووریی لای ئەون خاوکردبۆوە. بەڵام لێرە بەدواوە  ئیتر پرسیارە گەورەکە بەناچاری وەکوو نیاز و پێویستیەکی سروشتی ومرۆیی و سادە ئەهاتەوە پێشەوە: ئێستا دوای دەرپەڕاندنی ڕژێم لە کوردستان ئیتر ڕۆژی بیرکردنەوە و پلان و ڕێگەیە بۆ بنیاتنانەوەی ژیانی ئابووری و هاوتەریب لەگەڵ ژیانی سیاسیی تازەدا ئەبێ چارەنووسی نان و مووچە و کار و کەسابەت و ژیانی ئابووری، لەسایەی دەسەڵاتی ” خۆماڵی ” دا ڕوو لە کوێ بکا و چی بەسەر دێت؟

ڕاستیەكی پۆڵایین هەیە کە هیچ هێزێك ناتوانێت بیشارێتەوە ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگاکان بەگشتی بەبێ ڕێکخستنی فەنکشینە ئابووریەکان  و ژیانی ئابووری تووشی ئیفلیج بوون ئەبن. هیچ خۆشباوەڕیەکی ئایدیۆلۆجی، ئاینی، نەتەوەیی ناتوانن بەبێ وەڵامدانەوە و دۆزینەوەی چارەیەك بۆ ئەو کێشەیە خۆی لەژێر هیچ ماسکێكدا بشارێتەوە بەتایبەتی بۆ مەودایەکی درێژ. مرۆڤی ئاسایی ئەتوانێت بەرگەی دیکتاتۆریەت و زەبروزەنگی دەسەڵاتەکان بگرێت و لەهەلێك بگەڕێت بۆ گەیشتن بە ئازادیی خۆی بەڵام دەسبەرداری لە ژیانی ئابووریی سروشتی و نۆرماڵ چاوەڕوانیەکی نەك هەر ناعەقڵانی بەڵکوو ئەستەمە. ڕاستە دوانەی نان و ئازادی لەیەك دانەبڕاون بەڵام لە پێشینەبوونی ژیانێکی ئابووریی سروشتی و نۆرماڵ مەرجی یەکەمە بۆ بیرکردنەوە لە ئازادیش.

لێرەدا ناچمە سەر ئەو بابەتەی کە چۆن دەسەڵاتی حیزبی نەریتیی کوردی ئەو خەونی ئازادیەی خەڵکیی لە قاڵبی دەسەڵاتداریەکی قەرەقۆزیدا تەسك و بگرە مەحفکردەوە بەناوی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمەوە، بەڵکوو کرۆکی باسەکە ئەبەمەوە سەر وەڵامی تاقمی دەسەڵاتدار بە کێشەی نان و ئابووریەوە.

مۆدێلێك کە دەسەڵاتی کوردی پیادەی کرد و لە قۆناغە جیاوازەکانی فەرمانڕەواییدا پەیڕەویی لێکرد نەك هەر لە ئاستی پێشبینیەکانی خەڵك و داخوازیەکانی ئەواندا نەبوو بەڵکوو تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ پێش ڕاپەڕیندا زۆر دواکەوتووتر و ماڵوێرانکەرتربوو.

ستراتیجیی ئابووریی دەسەڵاتی کوردی جیاوازیەکی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ سیاسەتی ئەو ولاتانەی ئەکەونە ژێر زەبری داگیرکردنی وڵاتێکی دڕندەخووی بێگانە و دوژمنی خوێنخۆرەوە لەم بوارەدا.

لە وڵاتێکی خاپوورکراوی وەکوو کوردستاندا و لەبەرانبەر گەلێکدا کە ڕاپەڕینێکئی گەورەی پەرپاکردووە بە ئامانجی ئازادی و خۆشگوزەرانیی ئابووری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، دەسەڵاتی کوردی ڕێك بە پێچەوانەی ئەو ئامانجانەوە کەوتە سەنگەرگرتن لەبەرانبەر خەڵکی کوردستاندا.

دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان سەرەتای زیندەبەچاڵکردنی ئەو خەونانەیان بە کەمپەینێکی ڕێکخراو و پلانداڕێژراو و بە ڕێکەوتنی هێزە سەرەکیەکان و کەسایەتیە باڵاکانیان دەستپێکرد بە تاڵانکردن و هەرزانفرۆشیی پاشماوەی ژێرخانەکانی دەیان ساڵەی ڕژێمەکانی پێشوو لەبواری ئابووری و دەزگا و ئامێرە ستراتیجی و خزمەتگوزاریەکاندا. ئەوان لە ١-٢ ساڵی یەکەمی دەسەڵاتیاندا، وڵاتیان تووشی ڕووتاندنەوەیەکی گەورە کردەوە کە تەنانەت تەلی ستوونەکانی گواستنەوە و ئەمبولانس و ماشینەکانی فەرمانگەکانی ڕێگە و بان و تەندروستی و کارگەکانیش لەدەستیان دەرباز نەبوو.

پاشان و لەگەڵ دوورخستنەوەی هاوپەیمانەکانی بەرەی کوردستانی خۆیان بە بیانووی یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ دەسەلاتی فیفتی فیفتیان دامەزراند و بە سەرانەی گومرك و کۆمەکە نێودەوڵەتیەکان و باج و خەراجی ناو بازار، کەوتنە قۆرغکردنی سامانی گشتی و فۆرمێك لە ڕێکخستنی ئابووریان داهێنا کە تەنها لە سەدەکانی ناوەڕاست و دەسەڵاتی فیۆدال و خانەکانی ئەو قۆناغەدا وێنەی تۆمارکراوە.

دوو هێزی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتی کە لەشکرێکی میلیشیایی زۆریان لەژێر کۆنترۆڵدا بوو، لەهەوڵی چڕکردنەوەی زیاتری دەسەڵات و ملمکلانێی ناوخۆیاندا، هەنگاوێکی تریان نا و شەڕی ناوخۆیی لەسەر سامانی گشتی و گومرکیان کرد بە تایتڵی قۆناغی ١٩٩٤ – ١٩٩٨ ی پاوانخوازی و زەوتکردن.

دوو ئیدارەیی دوای ساڵانی ١٩٩٤ بوو بە عینوانی قۆناغێکی تر لە سیاسەتی ئابووریی و سەختکردنەوەی ژیانی ئابووری و گوزەرانی خەڵك و سەردەمی بە دامەزراوەیی کردنی ستراتیجیی بەتاڵان و بڕۆی ئابووری و سامان لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆمپانیاکانی حیزبەوە لەهەردوو زۆنی دەسەڵاتدا.

ئەڵبەتە قۆرغکردنی ژیانی ئابووری و بازاڕ و سامانی گشتی لەهەمان کاتیشدا ڕاستەوخۆ بەمانای تووندکردنەوەی زیاتری زنجیرەکانی ستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوو بەسەر خەڵکەوە. هاوکاتیش چوونەسەری هۆشیاری و دەرکی خەڵك بە دروشمەکانی ئەم حیزبانەی دەسەڵات و ناوەڕۆکی فریودەرانەی بابەتەکانی چەشنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و فیدرالیەت و سۆسیال دیموکراتی و بێئەرزشبوونیان پێویستی بە دەزگای سەرکوتی ڕێکخراو و بەهێز و پیشەیی تر وهەروەها دەزگای چەواشەکاریی میدیایی بوو کە پەردەپۆشیی ئەو ستراتیجە ئابووریە مافیاییە بکات بە ئەرکی خۆی.

لەپاڵ ئەمەشدا و بۆ درێژەدان بەهەمان سیاسەتی ئابووری و داتەپینی زیاتری ژێرخانی ئابووری و نەبوونی هەلی کار و تەشەنەکردنی هەژاری و کەمی داهات و مووچەی خەڵك و فرۆشتنی کەرتە ئابووریەکان بە کۆمپانیاکانی حیزب و بنەماڵە، لە بواری دەمچەورکردنی هێزە ئیسلامی و نا ئیسلامیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیشدا و پێدانی بەرماوەیەك لەو تاڵانیەی ” نەوت و جەوت “ە، قسووریان نەکرد و حکوومەتە بنکە فراوانەکانیان داهێنا و ئەو هێزانەشیان کرد بە شەریکە دزی سامانی گشتی و ئەوانیش گوێ لەفەرمان لەو ئەرك و فەرمانە دوانەکەوتن.

جگە لەوەش و بۆ نموونە پارتی و بنەمالەی سەرکردەیان، بە بەڵگەوە کەوتنە بازرگانی و شەراکەت لەگەڵ کوڕ و بنەماڵەی سەدام و لە مووسڵەوە پەیوەندیەکی پتەوی بازرگانیان سازکرد.

ڕووخانی حکوومەتی بەغداد و قۆناغی ” ئابووریی سەربەخۆ ” قەڵەمبازێك بوو لە بواری ژیانی ئابووریی هەرێم و دەروازەیەکی واڵاتری خستەسەر گازەرای پشت لە بواری ستراتیجیی ئابووریی جووت حیزب و دەسەڵاتدارەتیی ئەواندا. لەم قۆناغەدا سەرباری ڕێکەوتنی هەردوولا لە بواری پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی ناوەند وهەروەها پینەکردنەوەیەکی نوێی حکوومەتە هاوبەشەکەیان، بەڵام باڵانسی دەسەڵاتدارەتی هەر لە ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ بەدواوە بە قازانجی پارتی گۆڕانی بەسەردا هاتبوو.  دیاردەیەکی تری سیاسی کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی بەهێزی لە ستراتیجیی ئابووریی هەردوولادا هەبوو چڕکردنەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەی هەردوولا و بەتایبەتیش پارتی بوو بەسەر جومگەکانی دەسەڵات و قۆرغکردنی بەهێزتری سامان و ئابووریی هەرێم بوو لەدەستی بنەماڵەکاندا لە ڕێی جڵەوکردنی زیاتری کۆمپانیاکان و کەرتە ئابووریە ستراتیجیەکانی وەکوو نەوت و بازرگانی و هی ترەوە.

ساڵانی ٢٠٠٣ – ٢٠١٤ قۆناغی لووتکە و زێڕینی بارۆنەکانی حیزب و بنەماڵە بوو لە بواری قۆرغکردنی تەواوی سامان و ئابووریی وڵات. نە بووجە و فشارێك بەسەر دەسەڵاتەوە لە ئارادابوو نە بەغداش بەهۆی شەڕی تایفیەوە ئامادە بوو یا ئەیپەرژایە سەر لێپرسینەوە لەو هەموو داهاتەی کە بەناوی پشکی هەرێمەوە بە مفت ئەدرێ بەهەردوو حیزب و بنەماڵە و هەردوولاش پێگەیەکی بەهێزیان لە حکوومەتی ناوەندیدا پێبەخشرابوو.

سەرباری بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی وەکوو شوباتی بەردەرکی سەرا و زیادبوونی بێشوماری داهاتی گشتیی بەردەست هەردوو حیزب و دەسەڵات، ژیان و گوزەرانی ئابووری و بازاڕ و خەڵك ڕووی لە داڕمان و هیچ کڵاوڕۆژنەیەك لەئارادا نەبوو بۆ سازدانەوەیەکی نوێی سیستمی ئابووری و بازاڕ و پێویستیی پیادەکردنی مۆدێلێکی ئابووریی ئەوتۆ کە گەشەو پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی و گوزەرانی خەڵك بکات بە یەکێك لە ئامانجەکانی.

لەولاشەوە و لەپەنای حیزب و بنەماڵەکان و دەسەڵاتەکەیانەوە، توێژێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتیی نوێ سەری هەڵدا کە بوو بە پێگەی چینایەتیی حیزب و دەسەڵات وەکوو بەرهەمێك و بێچوویەکی ئەم مۆدێلی ئابووریە کە کەرتەکانی دەرهێنان وبەبازاڕکردنی نەوت و بازرگانیی دەرەکی و گومرکەکان و سیکیوریتی و هۆتێل و مۆڵەکان بواری سەرەکیی چالاکیان بوو. لە ترۆپکی ئەم توێژاڵە ئابووریەشدا سەرانی بنەماڵە وەکوو هێزی یەکەمی چینی تازەی ئابووریی وڵات دەرکەوتن و جێگیربوون وەکوو بارۆنەکانی سەرمایە و ئابووریی نوێی تاڵانکاری.

ئەم مۆدێلە ئابووریە لەسەر بناغەی ڕەوڕەوەی گەشە کردنی سەربەخۆی کەرتە ئابوویەکان و بازاڕ و کار و کاردانەوەکانی ناوخۆیی و پەیوەندیی بە بازاڕی جیهانیی سەرمایەوە بەرهەمنەهاتوەە بەڵکوو پرۆسەیەکی ڕاستەوخۆی زەوتکردن و مۆنۆپۆلی تاقمێکی سەرەوەی دەسەڵاتە کە لە لایەن دوو بنەماڵەی سیاسیەوە بەڕێوە براوە و دیزاین کراوە. لە کردەی سروشتیی سەرمایەداریدا، ئەوە بازاڕە کە لە پاڵ پلانی ئابووریی دەوڵەتدا و تەفاعولی ئەو دوو توخمەیە کە کردەی بەرهەمهێنان و دووبارەبەرهەمهێنانەوە ئەکات بە پرۆسەیەکی سروشتی و سەییال. ئەوەی لە کوردستاندا ئەیبینین شێوازێکی تری ئابووری و مۆدێلێکی تەواوە جیاوازە. لێرەدا و لە پرۆسەیەکی ٣٠ ساڵیدا سامانی گشتیی کوردستان لەسەرەوە و بەهێزی دەسەڵاتی حیزبیی کۆنترۆڵکراو لەلایەن بنەمالە سەرکردەکانەوە، بە کۆمەکی توێژێکی ئۆلیگارشیی هاوکار و سوودمەند لەم مۆدێلە، ئەکرێ بە دینەمۆی کەڵەکەکردنی سەرمایە ئەویش بە بڕیاری سەرەوە نەك لەڕێی کارکرد و نۆرمە کلاسیکیەکانی سەرمایەداری کە خودی بازاڕ نوێڵی ڕێکخستن و گەشەپێدانیانە.

ئەمڕۆ کوڕ و نەوەکانی ئەو ٣٠٠ ملیۆنەرەی سلێمانیی هەشتاکان هێزی دەسەڵاتداری بازاڕ و ژیانی ئابووریی کوردستان نین، بەڵکوو ئەوە کوڕ و کچ و کوڕەزا و نەوەی سەرکردەکانی حیزبی و هیرارکیەتە بنەماڵەییە حیزبیەکانن کە جێی ئەوانیان گرتۆتەوە و خاوەنی سەرمایە و سامانەکانن.

ئەمجۆرە لە مۆدێلی ئابووری کە بارۆنەکانی بنەماڵە حیزبی و ئۆلیگارشیەکانی بندەستیان دینەمۆکەی پێکدێنن لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە ئەگات کە نەك گەشەی ئابووریی وڵات و بووژانەوە و پەیوەندیەکی چینایەتی و هیرارکیەتی کۆمەڵگا ئەترازێنێ بەڵکوو وەکوو ئەبینین ئیتر لەوێشدا ناوەستێ و شەهیەی ئەکرێتەوە بۆ دەسبردن بۆ سادەترین و دوایین بەشی ئابووریی خەڵك کە مووچە و دەرامەتەکانیانیشە.

جگە لەوەش ئەم ئیفلیجبوونە کۆمەڵایەتیەی ئەو مۆدێلە ئابووریە مافیاییە باوەی کوردستان کە ئەندازیارەکانی خودی بنەماڵەکان و سەرانی سوودمەندی حیزبەکان و توێژی ئۆلیگارشیی ژێردەستیانن، نەك قابیلی چاکسازی و دەسپیاهێنانەوە نیە بەڵکوو تەنها چارەی گۆڕینیەتی بە مۆدێلێك لە ڕێکخستنی ئابووریی وڵات کە بنیاتنانەوە و گەشە بکات بە ئامانجی ڕاستەوخۆی خۆی. بنیاتنانەوە بە مانای کردنی تاکی هاوڵاتی بە سەروەر و خاوەن بڕیاری سیاسی وخۆشگوزەرانیی ئەو و بەهرەمەندبوونی لەهەموو پێویستیەکانی ژیانێکی سەردەمیی. مۆدێلێك کە پێش هەر شت پێویستی بەهۆشیاری و پێداگریی خەڵکە لەسەر ماف و سیاسەتەکانی خۆیان و خانەوادەکانیان و لەوەش گرنگتر لە گرەوی پاشەکشە بەم مۆدێلە مافیاییە و پێچانەوەی دەسەڵاتێکدایە کە زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستانی بۆ خۆشگوزەرانی و چاوچنۆکیی کەمینەیەك کردوە بە نێچیر.              

ئایاری ٢٠٢٤

Merza Ali
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…