ئایا وشه‌ی (خوێندن، یان فێرکردن) له‌گه‌ڵ سایکۆلۆژیای په‌روه‌رده‌یی سه‌رده‌مدا ته‌بایه‌‌؟

ئایا وشه‌ی (خوێندن، یان فێرکردن) له‌گه‌ڵ سایکۆلۆژیای په‌روه‌رده‌یی سه‌رده‌مدا ته‌بایه‌‌؟

مقداد هادی/

سەردەمانێکە و بگرە لەمێژە لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی باشوردا، بۆ گوزارشکردن له‌باره‌ی چالاکی په‌روه‌رده‌یی و فێرکاری له‌ قوتابخانه‌ و ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌ چه‌ندین وشه‌ی جۆراوجۆر به‌کاردێت. هه‌ندێك له‌م وشه ‌و ده‌سته‌واژانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێت سه‌رله‌نوێ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ربکرێت و پێداچونه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجام بدرێت. ئه‌وه‌ی که‌ زۆرباوه‌ و ڕۆژانه‌ له‌ زۆربه‌ی زۆری ناوه‌نده‌ فه‌رمی و نافه‌رمیه‌کان و ‌له‌ناو خێزان و ته‌واوی کۆمه‌ڵگە‌ی کوردستان به‌کاردێت، چەمکەکانی (فێرکردن و خوێندن)ـن‌.
پانتایی به‌کارهێنانی ئه‌م دوو چه‌مکه گه‌لێك فراوانه ‌و ڕۆچۆتە‌ ناو هه‌موو که‌لێن و قوژبنێکی چالاکی جۆراوجۆری کۆمه‌ڵایەتیمانەوە. بۆیە به‌کارهێنانی لە زمانی کوردییدا و بەتایبەت ‌له‌م سه‌رده‌مه‌دا کە سەردەمی گۆڕانکارییە نوێیەکانە، بۆتە جێگای سه‌رنج و تێڕامانێکی زۆرتر. لەوەش گرنگتر دەربەستبوونی ناوەندەکانی “پەروەردەو فێربوون” بۆ سەرلەنوێ لەچەرخدان و دەمەزەردکردنەوەی سەردەمیانەی ئەم چەمکانەیە. بەتایبەتیش کە له‌م ساته‌وه‌خته‌دا‌ لێکۆڵینه‌وه ‌و ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌سه‌رچاوه‌ی زانستی نوێ کارێکی لەپێشینەیەو هەڵبەت لەگەڵ بوونی ئیرادەشدا زۆر ئه‌سته‌م و ئاڵۆز نیه‌‌. هه‌موومان ئه‌وه‌ باش ده‌زانین که‌ قوتابخانه‌کان و زانکۆکان و دەزگا پەروەردەییەکان سه‌ره‌کیترین و گرنگترین مه‌ڵبه‌ندی زانستی و ئه‌کادیمین له‌ناو کۆمه‌ڵگە‌دا. لەم سۆنگەیەوە ده‌کرێت بڵێین‌ ئه‌وه‌ ئه‌وانن کە ده‌بێ پێشه‌نگی یه‌که‌می ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌و چاککردن و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی گه‌لێك چه‌مك و بابه‌تی تر بن.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت هه‌ندێك ئاماژه‌ به‌ ماناو ناوه‌ڕۆکی ئه‌و چەمکە پەروەردەییانە‌ بکه‌م.‌ سەرەتــا ده‌بێت ئه‌وه‌ بوترێت که‌ هه‌ریه‌ك له‌و چەمکانە مانایه‌کی تایبه‌تی هه‌یه ‌و ناکرێت به‌ هاوشێوه‌ی یه‌کتر چاویان لێبکه‌ین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌وڵده‌ده‌م ‌ پشت ببه‌ستم به‌ هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی زانستی و ئه‌کادیمی په‌روه‌رده‌یی باوه‌ڕپێکراو. وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبونی باسه‌که‌ش ده‌مه‌وێت کورتەیەك له‌ بۆچوون و هه‌ندێك له‌ ڕێبازه‌ سایکۆلۆژیه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ جیاوازه‌کان بخه‌مه‌ڕوو.
هەردوو چەمکی ‌‌(فێرکردن و خوێندن) پێناسی کارکردێکن که‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌ چالاکی فیزیکی_مه‌عریفی مێشکه‌وه‌ هه‌یه‌. ‌مه‌به‌ستی من لێره‌دا شرۆڤه‌کردنی مانای زمانه‌وانی هه‌ریه‌ك له‌مانه نییه‌‌، به ‌ئەندازەی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌مه‌وێت گونجاوترین چه‌مکیان‌ به‌کاربهێنرێت بۆ پوخته‌پێناسه‌یه‌کی کار و چالاکی په‌روه‌رده‌یی و زانستیانە.هەرچەندە ئەم دوو چەمکە زۆرجار لەجیاتی یەکتر و مورادیف بەکاردێن، به‌ڵام هه‌ریه‌که‌یان ماناو مه‌به‌ستێکی جیاوازی هه‌یه‌. گرنگە بزانین کە ئه‌م چەمکانە‌ بونه‌ته‌ مانا و گوزارشکردن له‌ کارێك که ئه‌قڵ وەک دەزگای هزر و بیر و تێڕامان، تێیدا هەم ئامرازە و هەمیش مه‌به‌ست‌.
ئه‌گه‌ر خۆمان له‌وه‌ بپارێزین که‌ وشه‌ی (خوێندن) له‌ زمانی کوردیدا چه‌ند جۆر مانا ده‌گرێته‌وه‌ و‌ به‌ته‌نها وەك لایه‌نێکی پرۆسەی په‌روه‌رده‌یی باسی لێبکه‌ین، ئه‌وا زۆربەمان ده‌زانین که‌ وشه‌ی (خوێندن)، له‌ (خوێندنه‌وه‌)وه‌ هاتووه‌. هەڵبەتە (خوێندنەوە) لایه‌نێك و کۆڵەکەیەکی گرنگی چالاکی فێرکارییە. بەڵام بە تەنها ناکرێت ئه‌م چه‌مکه‌ ببێته‌ ناوێك بۆ کۆی چالاکی په‌روه‌رده‌یی و فێرکاری لە ناوەندەکانی فێربووندا. وەك ئەوەی کە باوە لەناو خەڵکدا و دەوترێت (منداڵەکەمان ناوەتە بەرخوێندن. یاخود، منداڵەکەمان لە قوتابخانە دەخوێنن…هتد). بەبڕوای من به‌کارهێنانی ئه‌م چەمکە‌، وه‌ك وه‌سفکردنی چالاکی (فێربوون و فێرکاری)، زۆرتر تایبه‌ته‌ به‌ده‌وره‌یه‌کی دیاریکراوی پێش په‌یدابونی وشه‌ی فه‌رمی (قوتابخانه)‌ و تەنانەت کردنەوەی (قوتابخانە و فێرگەی ڕەسمی). بەم پێیە لەسەردەمی پێش پەیدابوونی قوتابخانەدا، که‌سی خوازیاری خوێندن هه‌وڵی ئه‌دا فێری خوێندنه‌وه‌ ببێت. به‌ مانایه‌کی تر ده‌قە نوسراوەکان ( کە لەوانەیە زیاتر ئاینی بوو بن) کۆدشکێن بکات و لەو ڕێگایەشەوە ببێتە وێردی‌ سه‌رزمان. ئەم پرۆسەیە لە خوێندن دەکرێت پێی بڵێن “لەبەرکردن “بەعەرەبی “حفظ” . ئەم کردارەش لە خوێندنەوە، زیاتر بۆ گواســتنەوەی پەیامێكە لە کەسی یەکەمەوە بۆ کەسانی تر کە گوێگرن. ئالەو کاته‌دا مه‌رج نه‌بوو که‌سی خوێنه‌ر ناوه‌ڕۆکی ده‌قه ‌نوسراوه‌که‌ تێبگات. جا ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ کۆتێگه‌یشتنی دەق و ناوه‌ڕۆك بێت یان به‌ش و بڕگه‌کانی. بۆنمونه‌، دەکرێت بڵێین مەرج نەبووە کەسی خوێنەر تێگەیشتبێت لە خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌ ئاینیه‌کان و لاتینیه‌کان لە سەدەکانی پێشودا. بەم پێشەکییە کورتە دەکرێت بگه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئامانج له‌م کاره‌ پابه‌ندبون بوون بە خوێندنەوەی سەتحی یان له‌به‌رکردنی ده‌ق و نوسراو، نەك تێگه‌یشتنێکی قوڵ و فرەجەمسەر لە ماناو ناوەڕۆکی دەق و نوسراو.
هەروەك لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، “خوێندن” گرنگییەکی لە ڕادەبەدەری هەیە لە پرۆسەی فێربوون و فێرکاریدا. لەباری مێژووییەوە دەکرێت بڵێین کە کردەی “خوێندن و خوێندنەوە” لەپاش بەدیهێنان و بەچنگخستنی دەقە نوسراوەکان، هەرلەدێر زەمانەوە و لەباری مێژووییەوە، بەشێکی گەورەی مێژوکردی شارستانیەتی مرۆڤە. واتە لەدێر زەمانەوە “خوێندن” یانی بەدەستهێنان و تێپەڕاندنی قۆناخێك لەژیان و ئاگایی. “خوێندن و خوێندەواری” بە واتای فێربوون و بیرکردنەوە و پەرەپێدان و پێشکەوتن دێت. واتە کەسی خوێندەوار کە توانای خوێندنەوەی دەقەکانی هەیە لە فەزایەکی تری بیرکردنەوە و تێڕامان بەهرەمەندە. کاتێکیش کەسی خوێنەر تێگەیشتنی بۆ دەقەکان دەبێت، ئیتر ئەو دەبێتە خاوەنی توانا و بەهرەیەکی دیاریکراو، کە لەدواجاردا بۆی دەبێتە بەشێك لە ڕامان و ئەمبارکردنی زانیاری و ئەزموون. لەلایەکی ترەوە بەهۆی کۆدەکانی زمانەوە، “خوێندنەوە” هۆکارێکە بۆ دروستکردن و بەخشینی “مانا” و دروستکردنی “مانا” بە دەوروبەر وکردە کۆمەڵایەتییەکان و سروشت.
لەکاتی ئێستادا، تێڕوانین و لێکدانه‌وه‌ی سه‌رده‌میانە له‌سه‌ر چەمکی(خوێندنه‌وه‌)، شتێکی تر ده‌ڵێت. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که ‌(خوێندنه‌وه‌) وه‌ (لێتێگه‌یشتن له‌وه‌ی ده‌یخوێنیته‌وه‌) ده‌بێت وه‌ك دوو دیوی یه‌ك دراو چاویان لێبکرێت. به‌ واتایه‌کی تر ئه‌گه‌ر نوسراوێکت خوێندنه‌وه ‌و له‌ ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی تێنه‌گه‌یشتی، یانی نه‌تخوێندۆته‌وه‌ و ئامرازی عه‌قڵیشت وادار نه‌کردوە به‌کارێکی مه‌عریفی. هەربەم پێیەش کردە و کارکردی (فێربوون) لای کەسی خوێنەر ڕوینەداوە. له‌ زمانی کوردیدا به‌م جۆره‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێن (چاوپیــاخشاندن) یان خوێندنه‌وه‌ی (سه‌رپێیی). یانی له‌م کاته‌دا مه‌رج نیه‌ خوێنه‌ر له‌ مه‌به‌ست و ناوه‌ڕۆکی نو‌سراو بە تەواوی حاڵی بوبێت.
هه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ با به‌ جۆرێکی دیکه‌ چاولێبکه‌ین. هه‌موو نوسینێك هه‌ڵگری په‌یام و ناوه‌ڕۆکێکه کە ئامرازی گەیاندنەکەی “زمانە”‌. بەجیا لەوەی ئه‌و په‌یام و ناوەڕۆکە‌ کورت بێت یان درێژ. (ته‌نانه‌ت یه‌ك دانه‌ پیتی ئه‌لف و بێ له‌ خودی خۆیدا هه‌ڵگر و ده‌ربڕی ده‌نگێکی ناو زمانێکی دیاریکراوە)‌. لێرەوە ئیتر مەبەست لە خوێندن یان خوێندنەوە، لەگەڵ ئەوەی دەبێتە شکاندنی کۆد و هێما نوسراوه‌کان‌، لەهەمانکاتدا ڕێگایەکە بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆك و مانای وشە و دەستەواژەکان کە له‌ڕێگای زمانه‌وه‌ (اللغة) ئه‌نجام ده‌درێت. دواتریش و لە قۆناخێکی تردا، واداربونی هزرە بۆ چارەسەرکردن و هەڵشێلانی پەیامە زمانەوانییەکان، ئەویش به‌هۆی پاشخانی مه‌عریفی خوێنه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی چالاکی هزری باڵاتر. ئەم پرۆسەیە کاتێك مەیسەر دەبێت کە خوێنەر بکەوێتە قۆناخی تەرجومەکردن وشرۆڤه‌کردنی نوسراوه‌کان بەپێی پاشخانی مەعریفی و شەتەکدانی لەگەلێك لاوە بە لینك وسەرەداو و بابەتی جۆراوجۆر، لەوانەش کاربردی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتن.
ئێستا با بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر وشه‌ی (فێرکردن). لەمبارەوە ده‌بێ ئه‌وه‌ به‌پێش مه‌رج وه‌رگرین که‌ (فێرکردن) کارێکی زۆر ئه‌سته‌مه‌ ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌سازی بۆنه‌کر‌ێت. به‌مانایه‌کی تر که‌س ناتوانێت که‌سێکی تر فێربکات، گەر که‌سی فێرخواز بۆ خۆی ئاماده‌یی فێربوونی نەبێت، سەرباری ئەوەش دەبێت بارودۆخێکی گونجاو و هه‌مه‌لایه‌نه‌ یارمه‌تیده‌ری پرۆسه‌ی فێربون یان فێرکاری‌ بێت. لە زمانی کوردیدا تاکو ئێسـتاش وشەی (فێرکردن) لە جیاتی وشەی (فێربوون) بەکاردەبرێت، ته‌نانه‌ت تا ئه‌م دواییانه‌ش وه‌زاره‌تێکیش هه‌بوو به‌ناوی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و فێرکردن.
به‌کارهێنانی چەمکی “فێرکردن” لەجیاتی “فێربوون”، زۆرتر نیشانده‌ری مێتۆدێکی په‌روه‌رده‌ییه‌. بەواتایەکی تر چەمکی “فێرکردن” هەڵگری‌ تێگه‌یشتنێکی مه‌عریفیه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ قۆناغێکی له‌مێژینه ‌و به‌سه‌رچوو له‌ دید و بۆچون بۆ پرۆسەی فێربوون و په‌روه‌رده‌ له‌ جیهاندا و له‌وانه‌ش له‌ کوردستان و عێراقدا.‌ پێویستە ئەوە بڵێین مانای زمانەوانی و سۆسیۆلۆژی چەمکی “فێرکردن” بەو مانایەیە کە کەسێك هه‌ڵده‌ستێت به‌ فێرکردنی یه‌کێکی تر‌.
بەم ڕوانگەو بیروبۆچوونەوە،‌ زانین و زانست له‌ “ده‌ره‌وه‌ی” سنوری فێرخوازدایه‌ و یه‌کێك که‌ فێرکاره‌ ، یان “مامۆستایە” ده‌یدات به کەسێک یان کەسێک فێردەکات کە ئەویش‌ فێرخوازە. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت کە “فێرخواز یان وەرگر یاخود قوتابی” پاسیڤ‌ و کەسی گوێگرو ئامادە بۆ وەرگرتنی پەیام و مادەیەکی دیاریکراو بێت‌. هەر لەبەر ڕۆشنایی ئەم سەرنجە و بە گوێرەی سیستەمی پەروەردەیی کۆنەباو، قوتابی په‌رداخێکی به‌تاڵه ‌و به‌ره‌به‌ره‌ پڕده‌کرێت به‌ زانستی ئاماده‌کراو. یاخود قوتابی وەرەقەیەکی سپییە و پڕدەکرێتەوە بە زانین. دیسانەوە به‌پێی ئه‌م مێتۆدی (فێرکردنە) ئه‌وه‌ فێرخوازه‌ که‌ که‌سێکی ناهۆشیاره‌ و زانستی پێده‌درێت و سه‌ره‌نجام ده‌بێت فێربکرێت. ئه‌م جۆره‌ تێگه‌یشتنه له‌ پەروەردە و فێرکاریدا، مێتۆدێکی په‌روه‌رده‌یی کلاسیکه ‌و به‌ زۆری سه‌ر به‌ ڕێباز و بیروبۆچونه‌کانی سەردەمی پێشووە و زۆر لەگەڵ تێڕوانینی سەردەمیانە بۆ پرۆسەی پەروەردەو فێرکاری نایەتەوە؛ ئەویش لەبەرئەوەی کە تا ڕادەیەک مرۆڤ وەك تاکێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە دەبینێت و حسابێك بۆ منداڵ وەك بونەوەرێکی جڤاکی/ کۆمەڵایەتی و کاریگەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و باکگراوند و بەرکەوتەی مرۆڤەکان ناکات و پاشانیش بە دیوێک لەدیوەکاندا قوتابی وەک بکەر و سوبیەکتێکی ئازاد چاولێناکا.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا دەبێت ئەوە بڵێم کە من نامەوێت لە ڕۆڵی گرنگی مامۆستا و فێرکار کەم بکەمەوە لە پرۆسەی فێرکردن و پەروەردەدا. بەتایبەتیش لە قۆناغەکان و لە ساڵەکانی سەرەتای چوونی قوتابی بۆ قوتابخانە.. دیارە بەشێکی گەورەی ئەو قۆناغە دەگەڕێتەوە سەرشانی مامۆستا وەک بکەرێکی گرنگی پرۆسەی “فێرکردن” نەک هەر “فێربوون”. بەمەشدا بۆمان دەردەکەوێت کە جۆرو هونەری فێرکردنی مامۆستا هاوکات و هاودەم تێکەڵاوی زەمینەو چۆنیەتی فێربوونی قوتابی دەبێت و پێکەوە دەتوانن لە کەشێکی ئارام و هاوسەنگدا، بە هاندان و تام و بۆ بە ژیان و پرۆسەی فێربوون، بنیاتنان و دروستکردن و زەمینەسازی نەوەی داهاتوو ئەنجام بدەن.
بۆ تیشكخستنی زیاتر لە‌سه‌ر ئه‌م باسه پەروەردەییە کۆمەڵایەتییە، جێی خۆیه‌تی گه‌ر به‌ کورتیش بێت سه‌رنج بده‌ین له‌سه‌ر چه‌ند تیۆریه‌کی سایکۆلۆژیای پەروەردەیی جیاواز له‌په‌یوه‌ند به‌ مه‌سه‌له‌ی په‌روه‌رده‌ و فێربون .

دیدوبۆچونی هه‌ندێك له‌ ڕه‌وته‌ جیاوازه‌کانی سایکۆلۆژیای په‌روه‌رده‌یی لەمەڕ پرۆسەی فێرکاری:
1. ئاراســتەی ڕه‌فتارگه‌رایی- المدرسة‌ السلوکیة-Behaviorism
ئه‌م شێوازه‌ لە کردەی فێرکاری، بە یەکێك‌ له‌ قوتابخانه‌ سایکۆلۆژییە بنەڕەتییەکان ئەژماردەکرێت. نووسەری نەرویجی بواری پەروەردە و فێرکاری “ئیمسن” (Imsen) ده‌ڵێت: ئه‌م ڕێبازه‌ له ‌بنچینه‌دا چه‌مکه‌ تیۆری و فه‌لسه‌فیه‌کانی خۆی له‌ هه‌ردوو بیرمه‌ند، ئه‌رستۆ و لۆك خواستوه ‌و پاشانیش ئەو چەمك و سەرچاوە تیۆریانە بوونەتە بنەمای توێژینه‌وه‌کانی ئەم ئاڕاستەیە.
ئه‌م ڕێبازه فێرکارییە بەشێوەیەکی گشتی و له‌ناوه‌ڕۆکدا پشتی به‌ستووه‌ به‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ی دیارده‌ ده‌ره‌کیه‌کانی ئینسان و چاودێری هەڵسوکەوتە مرۆییەکان دەکات. “ئاکارو ڕەفتارەکانی” مرۆڤ جێی سەرنج و بایەخی ئەم ئاڕاستە و تێڕوانینەن. ئه‌م ڕێبازه‌ چاودێری وردی ڕه‌فتاره‌کانی ئینسان ده‌کات. کۆی‌ ئاکار و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی مرۆڤ گرێدەدادەتەوە بە چەند میکانیزمێکەوە کە دواجار میکانیکیانە لێکیان دەبەستێ و پاشان ڕابەستن و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکات. لەم تێڕوانینەدا زانین و زانست دەربارەی مرۆڤ و لەسەر مرۆڤ، لەوەدایە کە دەتوانێت بخرێتە ژێر چاودێریی و بەدواداچوونەوە.
لای ئەم ڕێبازە، تێڕوانین بۆ‌(بیرکردنه‌وه‌ یان سۆز و هه‌ست ونه‌ست) شتێك نیه‌ جگه‌ له‌ جوڵه‌ی فیزیکی یان کارکردی دەروونی و کیمیایی ناوەوەی مرۆڤ. میکانیزم و کارکردی ئه‌م ڕێبازه‌ سایکۆلۆژیه‌ له‌ژێر کاریگه‌ری زانستی ئه‌بستراکتی سروشتی” پۆزەتیفیزم” دایه ‌و ده‌یه‌وێت هه‌ر ئه‌و شێوه‌کاره‌ش له‌‌ناو زانسته‌ مرۆیه‌کاندا پیاده‌ بکات. دوو چه‌مکی گرنگ هەن له‌م ڕێبازه‌دا، ئەوانیش چه‌مکی “هوروژان یان هاندان” له‌گه‌ڵ چه‌مکی “بەرسڤ و پاداشت”‌. بیرمەندو دەرونشیکاری ڕووسی “پافلوف” لەسەرەتای سەدەی بیستەم وەك کەسی سەرەکی و ناودار بە تیۆری “هاندان و ئامادەگی و پاداشت” ناوزەند دەکرێت. پافلوف بیرۆکەکانی خۆی زیاتر لەسەر کەیسە تاقیگاییەکان پەیڕەوکرد، ئەویش لەمەڕ میکانیزمی هاندان و ئامادەگی ” سەگێکی ناو تاقیگا”. ئەم بیرۆکەیە نە دەتوانرێت لەسەدا سەد ڕەتبکرێتەوە، نە دەشتوانرێت دەقاودەق لەبواری سیستەمی پەروەردە و فێرکاریدا بەکاربێت.

2. شێوازی سایکۆلۆژیای کۆگنێتیڤ “هزرگەرایی”- Cognitive psychology
بە تێپەڕبوونی کات و دوای سەردەمی ئاڕاستە و ڕەوتی ڕەفتارگەرایی، پێویستییەکانی پەروەردە و فێرکاری کەوتنە سەر ئاڕاستەیەکی تر کە بەجۆرێك جیاوازتر بوو لەوەی پێشوو. ئەم جارەیان، باسەکان کەوتنە سەر دیوی ناوەوەی مرۆڤ، بە تایــبەتی کارکردەکانی مێشك .
ووشه‌ی “کۆگنێتیڤ”، به‌مانای ئه‌و کار و ڕەنگدانەوەیەیە ‌که‌ په‌یوه‌ندی ڕاستەوخۆی به‌ چالاکییەکانی مێشك و دەرەنجامە هزرییەکانەوە هەیە‌. واته‌ کۆی ئه‌و چالاکیانه‌ی که‌ له‌ ناو مێشکدا پێکدێن و دروستدەبن. بۆ نمونه‌ بیرکردنه‌وه‌، تێڕامان، لێکدانه‌وه‌، تێگه‌یشتن، یاداشتکردن و‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ و گرفته‌کان. سەبارەت بە پرۆسەی فێرکاری، ئه‌م ڕه‌وته‌ پەروەردەییە زۆرتر سه‌رقاڵی زانینی ئه‌و پرۆسه ‌و ئاڵوگۆڕانانه‌یه‌ که‌ له‌ مێشکی مرۆڤدا ڕووده‌ده‌ن‌. هه‌ربۆیه‌ جیاوازیه‌کی زۆری له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی یه‌که‌مدا هه‌یه‌ که‌ زۆرتر سه‌رقاڵی ئاکاره‌ ده‌ره‌کیه‌کانی کرده‌کانی مرۆڤ بوون.
کۆگنیتیڤه‌کان ده‌ڵێن ناکرێت چالاکیه‌کان ته‌نها به‌ “هاندان و ئاماده‌گی و پاداشت” لێکبدرێته‌وه‌. لەبەرئەوەی‌ دیارده‌ ڕوکه‌شه‌کانی ده‌ره‌وەی مرۆڤ،‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پرۆسه ‌و کارکرده‌کانی به‌شی ناوه‌وه‌ی مرۆڤن. بۆیە پرسیاری هه‌ره ‌گرنگ لای ئەم ئاڕاستەیە‌، چۆنیه‌تی کارکردی مێشکه‌ له‌ فۆرمۆڵه‌کردن و ڕێکخستنی زانیاریه‌کاندا. بۆ نمونه‌ چۆن مرۆڤ ده‌توانێت بیربکاته‌وه‌، یاداشتی ڕووداو و شته‌کان بکات و چاره‌سه‌ریش بۆ گرفته‌کان بدۆزێته‌وه‌. یانی ‌ کۆگنیتیڤه‌کان پێیانوایه‌ که‌ مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی سروشتیه‌ که‌ له‌توانایدا هه‌یه‌ بیربکاته‌وه‌، هەر بەم پێیەش‌ له‌ده‌وروبه‌ری خۆی تێبگات و هه‌ر به ‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ سیسته‌مێك بۆ خۆی ڕێکبخات. سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌وڵی مرۆڤ هه‌ر بۆ پاداشت نیه‌، به‌ڵکو به‌دوای ئه‌وه‌وه‌یه‌ که‌ له بوون و‌ ژیان و مانا په‌یوه‌ندیداره‌کانی تێبگات. “چۆمسکی” Chomsky و پاشانیش ” پیاژێ”Piaget ی سویسری دوو بیرمەندی ناوداری ناو ئەم تێڕوانینەن. “پیاژێ” پێیوایە کە دەکرێت فۆرمێك دروستبکەین لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوەی منداڵ. بەپێی تیۆرییەکەی “پیاژێ” دەتوانین گەشەی هزری منداڵ پێبەپێ لە کاتە جیاوازەکاندا بخەینـــە ژێر چاودێرییەوە و لێکوڵینەوەی ووردی لەسەر بکەین.
“پیاژێ” Piaget بە تیۆری “قۆناخبەندی گەشەی هزریی منداڵ” بەناوبانگە و بەپێی ئەم تیۆریــیە، منداڵ هەر لەکاتی لەدایکبونەوە، خاوەنی کۆمەڵێك فۆرمی هزرییە. ئەم فۆرمــانە بەتێکڕا بەهرەمەندن لە ستروکتورێکی ڕێکخراو لە زانین و بەئەزموونکردن و پێبەپێی کاتە جیاوازەکانی تەمەن ئەوانیش دەوڵەمەندتر و خاراوتر دەبن. سەبارەت بە پرۆسەی فێرکاریی، پیاژێ پێیوایە کە؛ فێرکاری بریتیە لە پرۆسەی ڕێکخستنی کردە هزرییەکان لەناو فۆرمە جیاوازەکاندا، کە پاشان هەریەکەیان دەبنە بەردی بناغەی تێگەیشتن و بیرکردنەوەکانی قوتابی.

3. بونیادگەرایی- Constructive
“بونیادگەرایی” لەخودی خۆیدا ناکرێت وەك ئاراستە و ڕێبازێك لەناو پرۆسەی فێرکاریدا بێتە هەژمارتن. بەڵام خودی ئەم تێڕوانینـــە دەکرێت وەك بنگەیەك بۆ هەریەك لە ئاراستەکانی تری وەك هزرگەرایی، یان تیۆرییە کۆمەڵایەتیەکان چاولێبکرێت. چونکە هەموو ئەمانە چەندین توخم و سەرنجیان لێرەوە خواستوە. ئەرگومەنتی سەرەکی “بونیادگەرایی”یەکان، دەکرێت وا سەیربکرێت کاتێك مرۆڤ و بەتایبەت کەلـلەی سەرو مێشك دەکاتە چەق و سەرچاوەیەکی سەرەکی دروستبوونی زانیارییەکان.

لەم ڕوانگەوە دەکرێت “کانت”ی فەیلەسوف، وەك نموونەی ئەم جۆرە تێڕوانینە ببینرێت. سەبارەت بە پرۆسەی فێرکاریش، ئەم ڕوانگەیە پێیوایە کە لە میانەی چالاکی خودییەوە قوتابی فێردەبێت.
ووتە بەناوبانگەکەی “جون دیوی”John Dewey کە دەڵێت ” لە کردەوە فێرببە” “Learning by doing” دەکرێت بخرێتە خانەی بونیادگەرایییەوە. ئەم ڕوانگەیە دەمانگەیەنێت بەوەی کە فێربوون لەناو کردەکاندا دروست دەبێت. یــانی “بیرکردنەوە” دەبێتە ئامرازێك بۆ گەیشتن بە کردەوەکان.
دیسانەوە دەکرێت بیرمەندی سویسری “پیاژێ”Piaget لەم جۆرە تێڕوانینەدا ساخ ببێتەوە، یاخود بکەوێتە ناو بۆتەی ئاڕاستەی “هزرگەراییە بونیادییەکان”ـەوە. چونکە تیئورییەکانی “پیاژێ” ئاماژەگەلێکن لەسەر ئەو گۆڕانکارییە بونیادییەیانەی کە لە هزری مرۆڤ و لە ناو پرۆسەی فێربووندا پێبەپێ و بە قۆناغ ڕوودەدەن.
سەرەنجام دەکرێت بڵێین کە بونیادگەرایی بەمانای کارو فێربوونی هزری وەک تاکێکی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگادا. بەم پێیە، زانیاری پاکێجێکی پێچراوەو حازر نییە. بەڵکو هەریەکێک لە ئەزمونەکانیەوە لەناو کۆمەڵدا، زانیاریەکان و فێربوون ڕەنگڕێژ دەکات.

4. تیۆری کلتوریی کۆمه‌ڵایه‌تیی – Sosio-culture theory
ئه‌م ڕه‌وته‌ تاراده‌یه‌ك هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ کۆگنیتیڤه‌کان، به‌‌وه‌ی بایه‌خ ئه‌دات به‌کرده‌کانی مێشك و بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ. به‌ڵام له‌وه‌دا خۆی جیاده‌کاته‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت مرۆڤ وه‌ك بونه‌وه‌رێك، میراتگری کلتورێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی مێژووییە‌. بەپێی ئەم تێڕوانینە، “فێربوون یان کردەی فێرکاریی” لەسیاقی (کۆنتەکست)ی کۆمەڵایەتیدا چاولێدەکات.
ئەم ڕەوتە پێیوایە کە مرۆڤ لە پەیوەست و میانەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە فێردەبێت. لە سۆنگەی ئەم ڕوانینەوە، مرۆڤ بونەوەرێکی دابڕاو نییە، بەڵکو بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و شەتەکدراوە بە گەلێك ڕایەڵە و جەمسەری جۆراوجۆرەوە کە بەردەوام لە پرۆسەی کارتێکردن و کارلێکراودایە. ئەم پرۆسە کۆمەڵایەتییە، نەپچڕاوە و کاریگەری پتەو و ناوەکی هەیە لەسەر پرۆسەی فێربوونی مرۆڤ. لەم تێڕوانیــنەدا کردەی فێرکاری وەك بەرئەنجامی هاوکاری و کاری پێکەوەیی مرۆڤەکان دەبینرێت. بەشێوەیەکی سەرەکی ئەم ئاڕاستەیە لەمەڕ چەمکی “فێربوون”، جەخت لەسەر کارکردە کۆمەڵایەتییە دەرەکییەکانی مرۆڤ دەکات و پاشان وێڵی شیکاریی ناوەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ وەك “تاك” دەکات. ئەم ئاڕاستەیە فێرکاری وەك کاری “پێکەوەیی” دەبینێت. واتە کاروکردەی (گروپسازی و هاریکاری یەکتر لە نێوان قوتابیاندا، وەك کەسی دەخالەتگەر لە کردەی فێربوونی خۆیدا). چاولێدەکات.
بیرمەندی بەناوبانگی ڕوسی “ڤیگۆتسکی”Lev Vygotsky  وەك کەسی هەرە سەرەکی و داهێنەری ئەم ئاڕاستەیە چاولێدەکرێت. ئەو دەڵێت، مرۆڤ لە میانەی کارکرد و هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەوانی تردا فێر دەبێت. بەپێی ڕوانگەی “ڤیگۆتسکی”؛ مرۆڤ بونەوەرێکی کلتوریی، کۆمەڵایەتیی و مێژووییە. ئەم سێ کۆڵەکەیە بنچینەیەی دروستبوونی مرۆڤە. واتە مرۆڤ و مێژوو، مرۆڤ وەك بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و دانەبڕاو لە خودی خۆی و سیاقە کۆمەڵایەتییەکەی، دیسانەوە مرۆڤ وەك چەندین کۆد و ئاکتی کلتوری. هەموو ئەم فاکتەر و سەرەداوانە وا دەکەن کە پێناسەیەکی تا ڕادەیەکی زۆرتر واقیعی و ڕیشەیی و باڵا بدەن بەدەستەوە لەسەر مرۆڤ و چۆنیەتی پرۆسەی فێرکاریی.
پێناسەکردن و بە کۆنکرێتناسینی ڕووداو و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، واتە ناسینی میکانیزمی جوڵە و گۆڕانکاریەکانە بە ئاڕاستەی شیکاری و توێکاری بەهۆی کەرەسەکانی زمان وهزرەوە. گەر لە پێناسەکردن و فۆرمۆڵەی گرفتەکاندا ووردبین بین، ئەوا دەتوانین تاڕادەیەکی زۆر و بەجێ کلیلی هەندێك، ئەگەر زۆربەش نەبێ، لە تەونە کۆمەڵایەتییەکان و گرێکوێرە و گرفتەکان دەستنیشان بکەین.

پوختەو بەرەنجام :
چەمکی “فێرکردن” گرێدراوی کردەیەکە کە کەسێک لەپشتیەوە ئامادەیە. ئەو کەسەش فێرکارە و فێرمان دەکات و لەچۆنیەتی فێربوون ڕێنمایمان دەکات و بەردەوامیش هەڵسەنگاندن و بەدوداچوونمان بۆ دەکات … تا ئێرە گەر لەباری تیورییەوە سەیری بکەین، ئیشکالیەت و گرفتی نییە. بەڵام ئایا لەباری کردەییەوەو پێبەپێی جۆری کلتوری کۆمەڵگە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، چیمان پێ دەڵێت؟ بۆ وەڵام بەم پرسیارە وبۆ زیاتر ڕوون بوونی مەبەست، لێرەدا دەبێ چەمکێکی تر بۆ ئەم ڕوانگەیە زیادبکەین، ئەویش چەمکی “دەسەڵاتە Power”. هەروەک سەراپای کۆمەڵگا لەبنجوبناوانەوە تا ترۆپکی بەڕێوەبردن دەرگیری گرفتی ” دەسەڵات”ە ، هەرئاواش پرۆسەی پەروەردەو فێرکاریش بەهەمان شێوەیە.
لێرەوە دەبینین پرۆسەی “فێرکردن” بکەرێکی بەدەسەڵاتی لەپشتەوەیە کە بەردەوام سوکانی زانیاری و زانین و لەوێشەوە دەسەڵات لەدەستی ئەودایە. بەڵام لە پرۆسەی “فێربوون” گێڕانەوەی ئازادیی و سەربەخۆییە بۆ کەسی “فێرخواز”. بەم پێیە “فێرخواز” خاوەنی شکۆی خۆیەتی، هەرخۆشی و بەیارمەتی “مامۆستای هاریکار” ڕەنگڕێژو دروستکەری تەونی مەعریفی خۆیەتی لە پرۆسەیەکی کۆلەکتیڤ و هاوکارو لەگەڵ فێرخوازەکانی تردا. کورت و پوخت دەکرێت بڵێین کە ئایا فراوانبوونی فەزای ئازادبوون و سەرخۆبوون زامنی فێربوونێکی سەرکەوتوە، یان بەرتەسکبوونەوەی ئازادی پانتایی فێربوون زامنتر و فراوانتر دەکات؟.
دواتر دەمەوێت بڵێم کە لەمێژەوە و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، پرۆسەی پەروەردە و فێرکاریی بۆتە فەزایەکی گرنگی مشتومڕ و ئاڵۆگۆڕی ئایدیا و ڕێبازە جۆراوجۆرەکان. بەپێی زۆربەی لێکۆڵینەوەکان، سیستەمی پەروەردە و فێرکاریی بەبنج و بناوانی کۆمەڵگەوە بەستراوەتەوە. بەمانایەکی تر، جۆری ژێرخانی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە، بەردەوام لە سیستەمی پەروەردە و فێرکاریدا ڕەنگدەداتەوە. بۆیە دەبێت بۆ کاریگەری لەسەر چۆنییەتی “کواڵیتی” ژیان، لە سیستەمی پەروەردەوە دەستبەکاربین. بەواتایەکی تر ئەوە سیستەمی پەروەردەیە کە ڕەنگڕێژی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتو و مۆدێرنە. هەر بۆیە لە ووڵاتانی پێشکەوتوودا، پەروەردە و فێرکاری بۆتە یەکێك لەپڕترین بوار بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی فکریی، زانستی. سەرنج و تێڕوانین و تیۆرییە زانستی و تاقیگاییەکان ئەم بوارەشی وەك بوارەکانی تری زانستی گرتۆتەوە. بۆ گەلێك لە کۆمەڵگەکان ئەوە بە ڕوونی وەك درەوشانەوەی مانگەشەو دەبینرێت کە گەشەسەندنی کەرتی پەروەردەو فێرکاری، گەرەنتی و دڵنیایی گەشە و پەروەردەی کۆمەڵگەیە. ڕەوتی ژیانەوە و پاشان بنیاتنان و پێشکەوتنی کۆمەڵگە، بەستراوەتەوە بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکاری مودێرنەوە.
بەپێی پاشخانێکی مێژویی و کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ مرۆڤ له‌هه‌ر ده‌وره‌یه‌کدا هه‌یه‌تی. دەکرێت بگەینە ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌ (فێربوون) به‌رهه‌می پرۆسه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، سایکۆلۆژی، ئه‌قڵانی و په‌روه‌رده‌ییه لە دەورەیەکی مێژوویی دیاریکراودا. ئامانجی بنچینەیی فێربوون و فێرکاریش بریتیە لە:
یەکەم: پێگەیاندنی مرۆڤەکانە “نەوەکانە” بۆ ئەوەی نوێکاری و داهێنان بکەن، نەک دووبارە ووتنەوەی “جوینەوەی” ئەوەی کە نەوەی پێشوو ئەنجامی داوە. بەمانایەکی دیکە ئامانجی فێربوون، داهێنان ودۆزینەوەی نوێیە. دووەم: ئامانجی فێرکاری دروستکردنی “کاپیتاڵ” سەرمایەکی هزرییە کە پایەکانی ڕسکاو دامەزراوبن لەسەربنچینەی ڕەخنە و ڕەخنەسازی.
لەم درێژەی ئەم باسەدا دەمەوێت لەسەر تەوەرێکی تری پرۆسەی فێرکاری بدوێم، کە سەردەمانێکە بۆتە خاڵی وەرچەرخان و وەك کەرەستەیەکیش بەکاردێت سەبارەت بە پرۆسەی فێرکاری. ئەم تەوەرە هەرچەندە وەك ئاڕاستەیەکی پەروەردەیی ناوزەند نەکراوە، بەڵام ڕۆڵێکی گرنگ و ناوازەی هەیە لەناو خودی ئەو پرۆسەیەدا. ئاگایی و هۆشیاربوون لەمەڕ ئەم چەمکەو کارکردەکانیدا، دەکرێت تەکانێکی نوێ بدات بە پرۆسەی فێرکاری. “میتاکۆگنەیشن” سەردەوای ئەو چەمکەیە کە دواتر باسی دەکەم:
میتاکۆگنشن ” باڵکێش لەبیرکردنەوەدا” ماوراء المعرفة-Meta-cognition

سەرچاوەکان:

Flavell, J. H. (1979). Metacognition and cognitive monitoring: A new area of cognitive-developmental inquiry. American Psychologist, 34, 906–911.
Imsen, G. (2014). Elevenes verden. Innføring i pedagogisk psykologi. 5.utgave.

Læringsteorier

مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…