خەبات لەپێناو ژیانێکی ئازاد و ماناداردا

خەبات لەپێناو ژیانێکی ئازاد و ماناداردا

هاوڕێ عەبدوڵا

بەیانییەک هەڵدەستین و دەبینین دیکتاتۆرێک ڕووخاوە، هەمووان ئاهەنگ دەگێڕن و هوتاف دەکێشن، ئەوانەشی لەگەڵ دیکتاتۆر بوونە، ئەوانیش ئاهەنگ دەگێڕن و هوتاف دەکێشن و باسی ئەو دۆخە ناچارییە دەکەن کە تێیدا بوونە و ناچار بوونە بە درۆ خۆشەویستی بۆ سەرۆک دەربڕن، بەڵام لە دڵەوەش وا نەبوونە. لەگەڵ ڕووخانی هەر دیکتاتۆرێک، چیرۆکی جیاواز جیاواز سەر دەردێنن، چیرۆکی زیندانییەکان و دەرکەوتنەوەی کەسانێک کە چاوەڕوانناکرا ڕوناکی ببیننەوە، چیرۆکی ڕەفاهیەت و خۆشگوزەرانی سەرۆک، کۆشک و تەلارەکانی، چیرۆکی قارەمانێتیی خەباتگێڕان، بێسەروشوێنان، چیرۆکی تراژیدیی جیاواز جیاواز…

وەک بڵێی بەدرێژایی چەندین ساڵ ڕۆحێکی پیس و خراپەکار، ڕۆحی دیکتاتۆرێک ئاسمانی وڵاتی تەنی بێت و بەشێکی خەڵکی وەکوو دارودەستە ناچار کردبێت، بەشە ناچارکراوە ژێردەستەکەی دی بچەوسێننەوە. ئێستا کە ئەو ڕۆحە پیسە ڕۆشتووە، کە لەناو بەشێک لە خەڵکدا لەشگیر بووبوو، و بەشەکەی تریشی ناچار بە قبوڵکردنی چەوساوەیی کردبوو، چی پیسی و خراپەی ڕابردووش هەن لەگەڵ خۆیدا بردوونی. هەوری ڕەشی ئەو ڕۆحە بەری ئاسمانی بەرداوە، خەڵکی پەنجەی تاوانباری بۆ ئەو ڕۆحە درێژ دەکەن و دەڵێن ئەو نەبووایە ئێمە بەم مێژووە دوورودرێژەدا تێنەدەپەڕین. مێژووییەکی دوورودرێژ لە چەوسانەوەیی و خراپەکاری بە گەردنی دیکتاتۆرێکدا هەڵدەواسرێت. ئەمە بە مانای بێبەریکرنی دیکتاتۆر نییە لە خراپەکاری و خوێنڕشتن، بەڵام لە ڕاستیدا، بەڵام ڕاستییەکی تاڵ، سیستەمە سیاسییەکان، بەرهەمی تێگەیشتنی کولتووری و ئەقڵیی دەستەجەمعی کۆمەڵگاکانن، هەر سیستەمێکی سیاسی، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەرهەمی خواستی خەڵکن(خواستی ناچارکەران و خواستی ناچارکراوان.)

کەوتنی یەک لە دوای یەکی دیکتاتۆرەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە ناوچەکەدا، ئەوەی خستە ڕوو، خەڵکی بەرەو ئاسۆی جۆرە ژیانێکی تر نەڕۆشتن، لەناو هەمان هاوکێشەی پێشوودا مانەوە. ئێستا کە دیکتاتۆرێکی وەک بەشار ئەسەد ڕۆشتووە، ئایە ئەو هێزانەی کە لەسەر شانۆی سیاسیی سوریادا حزووریان هەیە، دابڕانێک دروست دەکەن لەگەڵ مێژووی نیو سەدەی ڕابردووی سوریادا و کۆتایی بە هاوکێشەی چەوسێنەر و چەوساوە دێنن؟ ڕەنگە وا دەرکەوێت پرسیارەکە بۆ ئێستا زوو بێت، بەڵام پێش ئەوەی ئەم پرسیارە بکەین و چاوەڕێ بکەین و ببینین لەسەر حکوم چی دەگوزەرێت، پێشوەختە تێگەیشتن و دونیابینیی ئەم هێزانە ڕوون بوونەتەوە و لە ڕەفتار و کردەکانیشیاندا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم هێزانە درێژەدەری هەمان مێژوون و دەبن بەڵام بە جۆرێکی دی لە بەڕێوەبردن و ئیدارەداندا، بە شێوازێکی دی لە چەوساندنەوە… خەڵکیش وا دەردەکەوێت ئامادەیی ئەوەیان تێدا بێت ڕۆڵی خۆیان بگێڕنەوە و درێژە بە سیستەمە سیاسییەکە بدەنەوە، بەڵام ڕەنگە بڕێک گۆڕان بەسەر ڕۆڵەکاندا بێت و پێگەی ناچارکەران و ناچارکراوان بگۆڕێت.

ئیرادەی کوردانی ڕۆژئاڤا تەنیا هێزە دەیەوێت ئەو مێژووە بقرتێنێت و خواستی دوالیزمی چەوسێنەر و چەوساوە کە وەک حەتمێتێکی مێژوویی لە ناوچەکەدا خۆی نیشان دەدات بشکێنێت. کوردانی ڕۆژئاڤا نایانەوێت پێگەی چەوسێنەر وەربگرن و ئەوانی دی بکەن بە چەوساوە. ئەم باوەڕە لە سنوودارێتیی دەسەڵاتیانەوە نایات، یان تاکتیکێکی کاتی بێت، ئەوان پێگەی چەوسێنەر و چەوساوە وەک شتێکی حەتمی و سیفەتێکی هەمیشەیی مرۆڤ نابینن، -گەر چەوساوە بوویت و هەلێکی مێژووییت بۆ هات دەبێت بیقۆزیتەوە و ببیت بە چەوسێنەر-، ئەوان ئەم حەتمێتە تێک دەشکێنن، لە پشت ئەمەوەش تێگەیشتنی قووڵی کولتووری و ئەقڵی حزووری هەیە، ئەم هاتنە سەر سەحنەیە، ئەم خەبات و ئیرادەیە کتوپڕ نییە، بەرهەمی تێگەیشتنێکی قووڵی کولتووری و ئەقڵییە بۆ جۆرە ژیانێکی دی، ژیانێکی مانادار، ژیانێکی ئازاد، ژیانکردنێکی مانادارانە و ئازادانە، ئازادانە تا ئەو شوێنەی نەک هەر خۆت وەک چەوساوە ڕزگار دەکەیت، بەڵکوو خۆت لە پێگەی چەوسێنەریش ڕزگار دەکەیت و ئەوانی دی ناکەیت بە چەوساوه. ئەوان بەرگری لە ژیانێکی ڕووت ناکەن، تەنیا ژیانی ڕووت ناپارێزن، چونکە دەکرێت بە جۆری دیش ژیانی ڕووت بپارێزرێت، بۆ نموونە لە پێگەی خواستی ناچارکراوان یان ناچارکەراندا. بەرگریی ئەوان غەریزەیی نییە و بۆ ژیانی ڕووتیش نییە، بەڵکوو خەباتێکە لە تێگەیشتنێکی قووڵی کولتووری و ئەقڵییەوە دێت بۆ ژیانێکی مانادار و ئازاد. کوردانی ڕۆژئاڤا، لە ڕێی خەبات بۆ ژیانێکی مانادار و ئازاددا، ئەو گوتارەش تێک دەشکێنن، کە وەک گوتارێکی حەتمی لە مێژووی نوێی کورداندا دەبینرێت: گوتاری مانەوە، واتا کورد بۆ هەمیشە بەرگری تەنیا لە بوونە بایۆلۆژی و فیزیکییەکەی خۆی بکات، خەونی خەباتی کورد تا ئەو شوێنە بڕوات تەنیا داکۆکی بێت لە مانەوە. بەڵام لەگەڵ ڕۆژئاڤادا، خەباتی کوردان، ئەم گوتارە تێدەپەڕێنێت و داکۆکی لە ژیانی ئازاد و ژیانێکی مانادار دەکات. خەباتی ڕاستەقینەی کوردان، هیچ یەکێک لە پێگەی چەوساوە و چەوسێنەر وەرناگرێت و خەباتگێڕێکی ڕاستەقینەی خستووەتە سەر سەحنەی مێژوو، کە نەک داکۆکی لە گوتاری مانەوە، بەڵکوو داکۆکی لە ژیانی ئازاد و مانادار دەکات بۆ کۆی گەلان، لە خەونی پاراستن و گوتاری مانەوەوە بۆ ژیانێکی ئازاد و مانادار نەک هەر بۆ خۆی، بۆ کۆی گەلانی ناوچەکەش.

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…