وەرزش وەکو چاڵاکی، وەرزش بۆ مڵمڵانێی سیاسی وەرزش بۆ بازرگانی.

وەرزش وەکو چاڵاکی، وەرزش بۆ مڵمڵانێی سیاسی وەرزش بۆ بازرگانی.

نوسینی ؛ وەستا جەلال

لە کۆمەڵگەی کۆن و لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتیدا، وەرزش تەنها چالاکییەکی جەستەیی نەبووە، بەڵکو ئامرازێك بووە بۆ پەروەردە، ڕاهێنان، هاوکاری و ئامادەکردنی مرۆڤ بۆ ژیان و کار، وەرزش بۆ مرۆڤ بەهایەکی گەورەی هەیە، چونکە مرۆڤ بە ڕاهێنان و تێکۆشان دەتوانێت سنوورەکانی خۆی بشکێنێت، کاتێك مرۆڤ کاری جەستەی دەکات، فێری پلاندانان، داهێنان، هاوکاری، زمان و داهێنانیش دەبێت، گەشەی جەستە و گەشەی هۆش دوو پرۆسەی هاوتەریبن، بۆیە کار و جوڵەی مرۆڤ تەنها هێزی ماسولکە دروست ناکەن، بەڵکو هۆش، ژیان و کەلتووری مرۆڤ دەگۆڕێت، وەرزش ئەمڕۆ بەردەوامی ئەو مێژوویە یەکە جوڵە بناغەی ژیان و گەشەی مرۆڤ بووە، بەڵام بەهۆی گەشەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی وەرزش ئالوگۆری بەسەر داهاتووە.

قۆناغی سیاسی وەرزش: دەستپێکردنی مڵمڵانێی سیاسی لە یاری مۆندیاڵ و ئۆڵەمپیك لە ساڵی ١٩٣٤تا کۆتای ١٩٧٠، دەوڵەتەکان لە ڕێگەی مەیدانی وەرزشەوە هەوڵیان دەدا، هێز و سیستمی سیاسی و شکۆی نەتەوایەتی خۆیان نیشان بدەن. بۆیە مێژووی وەرزش، تەنها مێژووی یاری نییە، بەڵکو بەشێکە لە مێژووی سیاسەت و کۆمەڵگە. بەتایبەتی لە سەردەمی شەڕی سارد لە ساڵی ١٩٣٤-١٩٩١، وەرزش زۆرجار بەشێک بوو لە ململانێی ئایدیۆلۆژیکی نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. سەرکەوتنی وەرزشی وەكو سەرکەوتنی سیستەمی سیاسی لێك دەدرایەوە.

موۆندیاڵی ساڵی ١٩٣٤، لە ئیتاڵیا، ڕژێمی فاشیستیی Benito Mussolini بێنیتۆ مۆسۆلینی، مۆندیالی تۆپی پێی لە ئیتالیا، وەک ئامرازێکی پرۆپاگەندە بەکارهێنا. سەرکەوتنی تیمی ئیتالیا وەكو سەرکەوتنی فاشیزم پیشان دەدرا،

ئۆلەمپیکی ساڵی ١٩٣٦ لە بەرلین، Adolf Hitler ، ئادلۆف ئیتلەر، ئۆڵۆمپیکی بەرلینی بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی نازی بەکارهێنا. ئەو کاتە هیتلەر بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە (نەژادی ئاریا) لە هەموو نەژادەکانی تر باشترە، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنی، جێسی ئۆوێنز، Jesse Owen کە وەرزشوانێکی ڕەشپێستی ئەمریکی بوو، ئەو بانگەشەیەی بە کردار تێکشکاند.

ئۆلۆمپیكی ساڵی ١٩٤٨،لە لەندەن، پاش شەڕی جیهانی دووەم ئەنجام درا، وەکو هێمای بنیاتنانی ئاشتی لە جیهان نیشان دەدرا،

ئۆلەمپیکی ساڵی ١٩٥٢، لە هێلسنکی، بەهۆی ئەوەی کە یەکەم جار بوو یەکێتی سۆڤیەت بەشداری ئۆلەمیکی دەکرد. مەیدانی پێشبڕکێی وەرزش بوو بەمەیدانی پێشبڕکێی ئایدیۆلۆژی و سیاسی نێوان بلۆکی سەرمایەداری و سۆسیالیزم، ژمارەی مەداڵیەکان بە هێمای سەرکەوتنی سیستمی سیاسی هەر وڵاتێك دەژمێردرا، بۆیە هەر دوولا هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی وەرزشەوە، سیستەمی سیاسی خۆیان نیشان بدەن،

ئۆلۆمپیکی ساڵی ١٩٥٦ لە شاری مەلبۆرن ئوسترالیا، لە Melbourne Olympic Swimming Pool .بەهۆی سەرکوتکردنی شۆڕشی هەنگاریا لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە، ٨ وولات بایکۆتی ئۆلۆمپیکیان کردو بەشداریان نەکرد. لەبەر ئەوەی چەند هەفتەیەك پێش دەست پێکردنی ئۆڵۆمپیك، یەکێتی سۆڤیەت شۆڕشی هەنگاریای سرکوت کردبوو، هەستی یاریزانانی هەنگاریا زۆر توند بوو بەرامبەر بە یەکێتی سۆڤیەت. لە کۆتایی یارییەکەدا، یەکێک لە یاریزانانی هەنگاریا، Ervin Zádor، بە مشت لەلایەن یاریزانێکی سۆڤیەت لێیدرا و، زۆر بە خراپی دەموو چاوی بریندار ببوو، خوێن بەسەر ئاوەکەدا ڕژا. لەبەر ئەمە، ئەم یارییە بە ناوی Blood in the Water ناودار بوو.

ئۆڵۆمپیکی تۆکیۆ لە یابان، لە ساڵی ١٩٦٤، پاش تێکشکانی یابان لە شەڕی جیهانی دووەم، ئۆڵەمپیکی تۆکیۆ بوو بە هێمایەك ، بۆ گێڕاندنەوەی یابان بۆ ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکومەتی یابان بە نیشاندانی پڕۆژە گەورەکانی وەك شینکانسێن (شەمەندەفەرە خێراکان)، ڕێگا و بیناسازیی، هەوڵی دا وێنەی وڵاتێکی مۆدێرن، ئاشتیخواز و پێشکەوتوو پیشان بدات. بۆیە، ئۆڵۆمپی ١٩٦٤ بە جۆرێك (دیپلۆماسی وەرزشی) بوو کە ئامانجی سەرەکیی، بریتی بوو لە گەڕاندنەوەی متمانەی جیهان بە یابان.

ئۆڵۆمپیکی مەکسیکۆ: لە ساڵی ١٩٦٨، لە ١٦ی ئۆکتۆبری ١٩٦٨لەکاتی دابەشکردنی مەدالیای پێشبڕکێی٢٠٠ مەتری، دوو وەرزشوانی ئەمریکی ڕەشپێست، تۆمی سمیث (مەدالیای زێڕ) و جان کارلۆس (مەدالیای بڕۆنز)، ناڕەزایەتی تووندیان دەربڕی. کاتێک کە سروودی نەتەوەیی ئەمریکا دەخوێندرا، هەردوو وەرزشوانەکە، دەستیان بەرز کردە(Black Power Salute) ئەم کردارە هێمای پشتگیری لە مافە مەدەنییەکانی ڕەشپێستەکان، ناڕەزایی دژی جیاکاری ڕەگەزی، نایەکسانی و ستەم بوو، ( تۆمی سمیث) دەستی ڕاستی و (جان کارلۆس) دەستی چەپی بەرز کردەوە، بە هەردووکیان تەنها یەك جووت دەستکێشی ڕەشیان هەبوو. هەروەها هەردووکیان پێڵاویان بەبێ گۆرەوی لە پێ کردبوو،

بۆ نیشاندانی ستەم و هەژاریی لە بەرامبەر ڕەشپێستەکان لە ئەمریکا، سمیث شالی ڕەشی لەملی خۆی کردبوو.کە هێمای شانازیی ڕەشپێستان بوو، و کارلۆ قۆپچەی کراسەکەی کردبۆوە، بۆ نیشاندانی هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران، پاشان کۆمیتەی نێودەوڵەتی ئۆڵۆمپیك ئەم کردارەی بە سیاسی لە قەڵەم دا، هەردوو وەرزشوانەکە لە ئۆڵۆمپیك دەرکران و ڕەوانەی ئەمریکا کرانەوە، پاش چەند ساڵێك، ئەم کردارە وەك یەکێك لە گەورەترین هێماکانی تێکۆشانی مافی مەدەنی وەرزش ناسێندرا، ئەم ڕووداوە نموونەیەکی تایبەت بوو بۆ نیشاندانی ئەوەی کە وەرزش تەنها پێشبڕکێ نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە دەنگی دادپەروەری و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی.

لە ساڵی ١٩٦٩ بە مەبەستی هەڵبژاردنی قۆناغی تێپەڕاندنی نێوان هۆندوراس و ئەلسالڤادۆر، بۆ هەڵبژاردنی مۆندیاڵی ساڵی ١٩٧٠، لە مانگی حوزەیرانی ١٩٦٩، لە ئەنجامی بردنەوەی یاریەکە بووە هۆکاری خێراکردنی کێشە سیاسی و ئابووری نێوان ئەو دوو وڵاتە، کە پێشتر ناکۆکی زۆر قووڵیان لەسەر مەسەڵەی سنور،کێشەی کۆچ بەران و نایەکسانی ئابووری هەبوو. لە کۆتای بووە هۆی شەڕێکی چوار ڕۆژە کە بە ناوی شەڕی تۆپی پێ (Football War) ناسرا.

مۆندیاڵی ساڵی ١٩٧٠، لە مەکسیك، لە ساڵی ١٩٦٤ تا ١٩٨٥ وڵاتی بەڕازیل لەژیر دەسەڵاتی حکومەتی سەربازیدا بوو، بە ڕژێمێکی توندوتیژ، نەبوونی ئازادی، زیندانی‌ کردن و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی بەڕازیل ناسراو بوو. بەڵام تیمی نیشتمانی بەڕازیل، لەو ساڵەدا باشترین یاری تۆپی پێیان ئەنجام دا، لە کۆتایی یاریەکە ٤-١ لە ئیتاڵیای بردەوە.ڕژێمی سەربازی ئەو سەرکەوتنەی وەک ئامرازێکی پڕۆپاگەندەی سیاسی بەکارهێنا، میدیای حکومەت هەوڵی دەدا پاڵەوانێتییەکە وەکو نیشانەی هێز و یەکگرتوویی نەتەوەیی پیشان بدات، بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی خەڵك دژ بە قەیرانی سیاسی،ئابووری و مافی مرۆڤ دور بخاتەوە. پاڵەوانێتییەکەی بەڕازیل لە ڕووی وەرزشییەوە، بوو بە یەکێك لە گەورەترین دەستکەوتەکانی مێژووی تۆپی پێ.

ئۆلۆمپیکی ساڵی ١٩٧٢،لە 5ی ئەیلوولی١٩٧٢، ئەندامانی گرووپی Black September (ڕەشی ئەیلوڵ)، هێرشیان کردە سەر گوندی ئۆڵۆمپی لە شاری میونیخ ، ١١کەس لە وەرزشوانەکان و ڕاهێنەری ئیسرائیلیان گرت و دواتر کوشتنیانن. هەروەها لەم ڕوداوە پۆلیسێکی ئەڵمانی و پێنج هێرشبەری تریش کوژران. ئەم ڕووداوە بوو بە یەکێك لە خراپترین کارەساتەکانی مێژووی ئۆڵۆمپییك، کە بە ناوی کارەساتی میونیخ (Munich Massacre) ناسراوە.

ئۆلەمپیكی ساڵی ١٩٧٦ مۆنتریاڵ لە کەنەدا، ناسراوە بە دژایەتی کردنی ڕەگەزپەرستی لە باشووری ئەفریقا، ئەم ئۆڵەمپیکە یەکێك بوو لە گەورەترین بایکۆتە سیاسی لە مێژووی ئۆڵۆمپیكدا.٢٩ وڵاتی ئەفریقی بایکۆتی ئۆڵۆمپیکیان کرد، عێراقیش یەکێك بوو لەو ولاتانە،. بەم ناڕەزایەتیە نیشانیان دا کە وەرزش کراوە بە ئامرازێك بۆ سیاسەت، بە تایبەتی کاتێك کە باس لە مافی مرۆڤ و جیاکاری ڕەگەزی دەکرا، ئەم بایکۆتە فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی دژ بە ڕژێمی ڕەگەزپەرستی لە باشووری ئەفریقا دروست کرد.

مۆندیاڵی ساڵی ١٩٧٨ لە ئەرجەنتین، مۆندیاڵێ ئەرجەنتین نموونەیەکی زۆر ئاشکرابوو لە چۆنیەتی بەکارهێنانی وەرزش بۆ پرۆپاگەندەی سیاسی و شاردنەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەنحکومەت و دەسەڵاتدارانەوە، لە ساڵی ١٩٧٦ سوپای ئەرجەنتین کودەتایان بەسەر حکومەتدا کردبوو، ژەنەراڵ (خورخی ڤیدیلا)، دەسەڵاتی گرتبووە دەست، لە کاتی مۆندیاڵ حکومەتی ئەرجەنتین هەوڵیدەدا ،بە دونیا نیشان بدات، کە ئەرجەنتین وڵاتێکی ئارام، ئاسایش و دوور لە کێشەی سیاسیە،،بەڵام خەڵك دەیان زانی لە نزیك مەیدانی یاریکردن، کوشتن، ناوەندی ئەشکەنجەدان و زیندانی گەورە هەیە. حکومەتی ئەرجەنتین بە بردنەوەی پاڵەوانێتی مۆندیاڵ، ئەم سەرکەوتنە بکاتە ئامرازێك بۆ نیشاندانی هێزی دەسەڵات و هەقانیەتی دەسەڵاتی سیاسی.

مۆندیاڵی ساڵی ١٩٩٠لە ئیتاڵیا، دیواری بەرلین ڕووخابوو، و سیستەمی دوو جەمسەری خەریك بوو کۆتایی پێ دەهات. هەروەها بازرگانی و میدیای جیهانی بە خێرایی گەشەیان دەکرد، تۆپی پێ، دەستی کردبوو بە چوونە ناو قۆناغێکی نوێی بازرگانی و زیادکردنی مافەکانی ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆ، سپانسۆری بازاڕی جیهانی.دەستپێکی سەردەمی گلوبالیزەیشن و بازرگانی گەورەی وەرزش بوو، لە ڕاستیدا مۆندیاڵی ساڵی ١٩٩٠ ڕێگای خۆشکرد بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کەلە ساڵی ١٩٩٤لە ئەمریکا و ١٩٩٨ لە فەرەنسا ڕویاندا، بە تەواوی دیار بوو، کە تۆپی پێ، بوو بە یەکێك لە گەورەترین پیشەسازییە وەرزشی لە جیهان.

مەیدانی وەرزش لە نێوان ١٩٣٤ تاکو ١٩٩٠، تەنها مەیدانی پێشبڕکێی یاریزانان نەبووە، بەڵکو مەیدانی پێشبڕکێی ئایدیۆلۆژی و دەسەڵاتی سیاسی بووە. سەرکەوتنی وەرزشی زۆرجار وەکو سەرکەوتنی سیستەمی سیاسی دەخوێندرایەوە، و شکستی وەرزش هەندێك جار وەکو شکستی نیشتیمانی لێک دەدرایەوە.

بەڵام بە تەواو بوونی ناکۆکی نێوان بلۆکی، سەرمایەداری و سوسیاڵیستی، بەتایبەتی کاتێك کە لە ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای سەتەرڵایتەوە ئەمریکا توانی پەخشی ڕاستەوخۆی مۆندیاڵ بکات، جیهان لەیەك کاتدا یاریەکان ببینێت، وەرزش بوو بە بازرگانی، هەیجانی سەرتاسەری ڵایەنگری سەرتاسەری دروست بوو، وەرزش لە حەزەوە بوو بە چێژ.

قۆناغی بازرگانی وەرزش.

لە ئێستادا وەرزش کراوە بە بزنس، وەرزش وەكو چالاکی جەستەیی و تەندروستی، پێویستی دەروونی و فکری نەماوە، وەرزش کراوە بە پیشەسازییەکی گەورەی ئابووری. یاریزان وەکو وەرزشکار نەماوە، بووە بە براند. یانەکان تەنها شوێنی یاری کردن نین، هەموویان کراون بە دامەزراوەی بازرگانی. هەتا یاری کردنیش، تەنها بۆ پێشبڕکێ نیە، بووە بە مەیدانی بازاری جیهانی، کە بە ملیارد دۆلار کاڵا کڕین و فرۆشتنی پێ دەکرێت.

کۆمپانیاکان بە ملیۆنان دۆلار ،لە ڕێگای فرۆشتنی بلیت، مافی پەخش و سپۆنسەرەوە ،لە کاتی یاریە گەورەکان قازانج دەکەن، کۆمپانیاکان پارە دەدەن بە یانە و وەرزشکارەکان بۆ ئەوەی ناوی براندەکانیان بناسرێن، وەرزشکارە ناسراوەکان بوون بە بەشێك لە ڕیکلام بۆ فرۆشتنی جلوبەرگ، پێڵاو تیشێرت ،کۆکەکۆڵا، مەوادە کحولیەکان…هتد، کە قازانجی ملیۆنی بە کۆمپانیاو سەرمایەدارەکان هەیە، زۆر کەس بۆ بینینی یارییە گەورەکان سەفەر دەکەن، کە سودی گەورەی بۆ هۆتێل، چێشتخانە، فرۆکەخانە و بازاڕی ناوخۆ هەیە، کەناڵە تەلەفزیۆنی و پلاتفۆرمە دیجیتاڵەکان بە بەهایەکی زۆر بەرز، مافی پەخشی یاریەکان دەکڕن،

نزیکەی ٦٠٠ تا ٧٠٠ ملیار دۆلار قەبارەی پیشەسازیی وەرزشە لە جیهان، هەموو ساڵێک بەردەوام گەشەی زیتر دەکات، تەنها سپۆنسەری و ڕیکلام، هەموو ساڵێک زیاتر لە ٧٠–١٠٠ ملیار دۆلار لە ئاستی جیهاندا داهات دروست دەکات، زۆر لە یانە گەورەکانی تۆپی پێ داهاتی ساڵانەیان لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیاترە، و هەندێکیان داهاتیان لە ١ ملیار دۆلار زیاترە.

لە ڕوانگەی ئابووریەوە، وەرزش یەکێکە لە گەورەترین پیشەسازیی جیهانی، کە هەزاران کۆمپانیا و ملیۆنان کەس لەم ڕێگایەوە کار و داهاتیان هەیە. هەتا توانیویانە هەست و سۆزی هاندەرانیش بکڕ، بەشێکی زۆر لە هاندەران،حەزیان لە وەرزش هەیە، بەڵام ئامادە نین وەرزش بۆ تەندروستی خۆیان بکەن. لە ڕێگای بازرگانی کردن بە وەرزش، مەترسیی ئەوە هەیە ، کەکۆمپانیا و سەرمایەدارە گەورەکان، لە پێناو بەسەدت هێنانی سودی زیاتر، خەریکن هەموو بەها مرۆیەکان بخەنە خزمەت پارەوە، نەك پارە بخەنە بەها مرۆیەکان.

Mirza Ali
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…