لەگەڵ پەسەندکردنی دەستووری عێراق لە 15ی ئۆکتۆبەری 2005 و کاراکردنی لە 2006 دا، کوردستانی عێراق وەکوو هەرێمێك لە عێراقێکی فیدرالیدا بەفەرمی و یاسایی دانی پێدانرا. ئەم پێشهاتە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە وەکوو وەچەرخانێکی مێژوویی چاوی لێکرا. داننان بە کوردستانی عێراقدا وەکوو هەرێمێکی فیدرالی دەسکەوتێکی پڕبەها بوو تا گەلی کورد لەعێراقدا لەوڕێگەیەوە بەشداریی لەژیان و بڕیاری سیاسی بچێتە ئاستێکی باڵا.
هەموو هیواکان لەو ڕۆژەدا لەوەدا چەقیان بەستبوو کە لەو مێژووە بەدواوە ژیانی سیاسی و شێوازی حوکمڕانیی سیاسی لەهەرێمیشدا وەرچەرخانێك بەخۆوە ببینێت لەچاو شێوازی پێشووتری دەسەڵاتی سیاسیی حکوومەتی هەرێم کە لە 1992 بەدواوە پەیڕەوی لێئەکرا.
ناساندنی مافە دەستووریەکانی گەلی کورد لەدەستووری هەمیشەیی عێراقدا زەمینەیەکی بابەتیی گونجاوی ڕەخساند بۆ دەسپێکردنی قۆناغێکی نوێ و سەرهەڵدانی فۆرمێکی تر لە دەسەڵاتدارەتیی سیاسی کە جیاوازیەکی چۆنایەتیی هەبێت و ببێت بەسەرەتای پەڕینەوە لە کێشە و قەیرانە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی حیزبۆکراتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. فۆرم و شێوەیەك لەدەسەڵاتی سیاسی کە سیما سەرەکیەکانی بریتی بوو لە دابەشکردنی نیوە بەنیوەی گشت جومگەکانی دەسەڵات و شەڕی ناوخۆیی و دوو حکوومەتی و نەبوونی بودجە و گەندەڵی و تاڵانی سامانی گشتی ڕێکخراو لەسەرەوە وهێزی چەکداری سەر بەهەردوو حیزب و هاتنە ناوەوەی هێزی دەوڵەتانی دەوروبەر بۆ ناو قووڵایی خاکی هەرێم و زەوتکردنی سامانی گشتی و داهاتی مەملەکەت لەلایەن هەردوو جەمسەری دەسەڵاتەوە.
لە بری تەوزیفکردنی ئەو مافە یاساییە چەسپاوانەی دەستووری عێراق سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و فیدرالیەت بە ئاراستەی بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و بەشداریی زیاتری خەڵکی کوردستان لە ژیان و چارەنووسی سیاسیی خۆیاندا، فیدرالیەت و ئەو مافە دەستووریانە بوون بە سەکۆی دابەشکردنی دەسەڵات و ئیمتیازات بۆ هەردوو حیزبی کوردستانیی ناوبراو چی لە ناوخۆی هەرێم و چی لە پەیوەندیی نێوان هەرێم و ناوەنددا.
بەوجۆرە لەهەردوو قۆناغی 1992- 2003 و دواتریش لە قۆناغی 2005-2026 دا تا هاتووە فیدرالیەت و هەرێمی کوردستان خاڵیکراوەتەوە لە پێگەی خۆی وەکوو قەوارەیەك کە خەڵکی کوردستان ئیرادەی سیاسیی خۆی تێداپیادە بکات. ئیرادەیەك کە ئاراستە سەرەکیەکەی بریتی بێت لە بنیاتنانی سیستمێکی نیشتیمانیی ئازاد و دیموکراتی کە ببێت بە چەترێك بۆ بەرجەستەکردنەوەی خەونە دێرینەکانی لە بەدیهێنانی ئازادی، خۆشگوزەرانی، بووژانەوە، گۆڕانکاری، بەهرەمەندبوون لە سامانی وڵات، یەکسانی لەبەرانبەر یاسا، سەروەری یاسا لەڕێگەی فۆرمێك لە دەسەڵاتدارەتیی سیاسیەوە کە ئامرازی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە بێت و ئەوە تەنها پێوەری سەرکەوتن یا شکستی بێت.
ئەوەی لەو دوو قۆناغەی مێژووی هەرێمدا بووە بە ئەمری واقیع، لە ئاکامی بەرنامە سیاسی و ئابووریەکانی حکوومەتی هەرێم، لە قۆناغەکانی یەکگرتوویی و جیاییاندا، بنکۆڵکردن و لەناوبردن و بەقەزەمکردنی ئەو ئامانج و خەونەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بووە. شکست لەهەموو سێکتەر و کایەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی هەرێمی کوردستان شایەد و بەڵگەی هاشاهەڵنەگری ئەو ڕاستیەن کە وەکوو فۆلکلۆرێکی خەماویی لێهاتووە و پێویست بەهێنانەوەی ئامار و ژمارە و بەڵگە ناکات لەم وتارەدا.
دوای 3 دەیە هاووڵاتیی کوردستانی لەخۆی ئەپرسێت: لەڕاستیدا کێ خاوەنی (هەرێمی کوردستان) ە و چارەنووسی بەدەستەوەیە جگە لە پارتی و یەکێتی؟
لەئێستادا و لە درێژەی ئەو مێژووەدا چیتر جیاوازیەکی چۆنایەتی ئەوتۆ نەماوەتەوە لە نێوان ( هەرێمی کوردستان ) وەکوو قەوارە و دەسکەوتێکی مێژوویی لەگەڵ ( حکوومەتی هەرێم ) و دەسەڵاتی دوو حیزبی سیاسیدا و ئەمی دواییان سەری ئەوەی یەکەمیانی خواردووە و بنکۆڵی کردووە و بەتاڵی کردۆتەوە لەهەر بەها و مانایەكی یاسایی کە جووت بێت لەگەڵ هیواکانی خەڵکدا. ( حکوومەتی هەرێم ) کە ئامرازی دەستی پارتی و یەکێتی و لەناو ئەوانیشدا دوو بنەماڵەی سەرداری ناو ئەو دوو حیزبەن، (هەرێمی کوردستان)ی کردووە بە کراسێك کەبەبەری ئەوان دووراوە و بە تێپەڕینی کات جیاوازیەکی ئەوتۆ نەماوەتەوە لە نێوان ئەو دوو قەوارەیە. لە واقیعی ژیانی کۆمەڵگای کوردستاندا، بەدوور لە هەموو چەمكە یاساییە دووبارەکراوەکان و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارەتی و بەڕێوەبردن، کە ڕۆڵ و ناوی بێناوەڕۆکن و لە پشتی هەموویانەوە بڕیاری حیزب و بنەماڵە ڕاوەستاون، ( هەرێمی کوردستان ) بووە بە حەوشەی پشتەوە و موڵکی هەردوو حیزب و بنەماڵەی دەسەڵاتدار و توێژێکی ئۆلیگارشی وحاشیە سوودمەندەکانی گرێدراو بەوانەوە.
کەواتە قەیرانی ئێستا لەکوێوە سەرچاوە ئەگرێ؟
31ی ئاب و پاشان دابەشکردنەوەی دەسەڵات لەنێوان پارتی و یەکێتیدا لە 2005، کە ناونیشانە ڕووکەشەکەی بەخشینی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بوو بە جەلال تاڵەبانی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە مەسعوود بەرزانی، تۆوی لێکترازانی قۆناغی نوێی تەرازووی هێز و دەسەڵات بوو لەناوخۆی هەرێم لە نێوان دوو قوتبی دەسەڵاتداردا بەقازانجی باڵادەستیی پارتی. ئەو ئاڵوگۆڕ و ڕێکەوتنە هەم شەهیەی پارتیی زیاتر کردوە بۆ هێنانەدیی خەونە دێرینەکانی بۆ فراوانکردنەوەی دەسەڵات و نفووزی خۆی لەهەموو کوردستان و بەتایبەتی زۆنی سەوزدا و هەمیش یەکێتیی لە دەسەڵاتدا خستە پەراوێزەوە. کۆچی تاڵەبانی میراتێکی قورس و حیزبێکی لەتوپەت و دەیان فایلی کەڵەکوبووی چارەسەرنەکراو و یەکێتیەکی لاوازی لێبەجێما ئەویش لەناوچەیەکی نفووزی پڕ لە جموجۆڵ و ململانێی جەماوەری و حیزبیی گەرمدا. پارتی بەوپەڕی هێزەوە چاوی بڕیبووە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی لە پێش و بەتایبەتی لەقۆناغی دوای کۆچی تاڵەبانیدا. ڕاکێشانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆناو تۆڕی پشکی دەسەڵات و کڕینی کەسایەتیەکانی و نانەوەی تەونی پەیوەندی لەناو ماڵی یەکێتی، کە دەرگیربوو لەگەڵ دەستەگەری و ململانێی ناوخۆیی بەردەوام، جگە لە فشارەکانی تری لەبواری پشکی بوودجە و داهاتەکان و دەستبەسەرداگرتنی مەلەفەکانی پەیوەندیی دەرەکی و بەغدا و نەوت وتاد؛ دەستی ئەویان کردەوە بۆ پەراوێزخستنی زیاتری یەکێتی لە دەسەڵاتی سیاسیدا و لەگۆشەیەکی تەسکدا ئەویان گیرکرد.
لەئاستی کۆمەڵگای کوردستانیشدا یەکێتی نەك هەر نموونەیەکی درەخشانتری لە فۆرمەکانی دەسەڵاتدارەتیی بەرهەمنەهێنا بەڵکوو کەوتە پەلەقاژەی هەنگاوی گەورەی لەدوای یەك بۆ کێبڕکێ لەگەڵ پارتیدا لەڕێی کۆپیکردنی هەمان شێوازەکانی سیاسەت و حوکمڕانی لەناو حیزبەکەی و لەئاستی دامودەزگاکانی ئیدارەدانی ژیانی سیاسی و ئابووری و بەڕێوەبردندا. هەوڵ و پەلەقاژەیەك کە لەپێشەوە بەرهەمەکەی ڕوونبوو کە نەك ئەو ئیمکاناتە دارایی ئامرازانەی لەبەردەستدا نیە کە کێبڕکێی پارتی پێ بکات بەڵکوو بەهۆی تایبەتمەندیە کەلتووری و سیاسیەکانی زۆنی سەوزیشەوە هێندەی تر لە ئاستی گشتیدا پەراوێزی خستەوە.
هەر لەسەرەتاوە ململانێی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا لەپێناوی ئاوەژووکردنەوەی ئەو فۆرمە کۆنەپارێزەی ئەو نەبووە لە بوارەکانی سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات و ئابووری و داهات و سامانی گشتی و کرانەوەی سیاسی و خزمەتگوزاریی چۆنایەتی و چەندایەتیی زیاتر و پارادایمێکی تر سەبارەت بەدەسەڵاتدارەتی و سیستم. ململانێی ناوبراو بەبەرچاوی هەموو خەڵکەوە لەسەر پشکی زیاتری دەسەلات و پۆست وداهات و ئیمتیازاتی حیزبی بووە. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو میراتە قورسە پڕکێشەیەی لەسەر مێزەکەی بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتیی ئەم قۆناغەی یەکێتیدایە، و ئەو کەشوهەوا سیاسی و فەرهەنگیەی ناوچەی دەسەڵاتی ئەو ولەبەرانبەریشدا ئەو پێگە و ئیمکانیەتانەی لەبەردەستی پارتیدایە، لەپێشەوە دۆڕانی ئەم ململانێیە بۆ یەکێتیەك کە بیەوێ کۆپیی هەمان سیستمی پەیڕەوکراو لەلایەن پارتیەوە بکات، چارەنووسەکەی شکستی ڕوونە.
داهاتووی هەرێم بەرەو کوێ؟
هەرێم لەئێستادا وەکوو کەشتیەك وایە لەناو دەریایەکی پڕ لەتەمومژ و باوبۆراندا گەمێ بکات و کاپتنەکەشی کەسێکی سەرەڕۆیە کە تەنها چاوی بریوەتە تەماحی خۆی و پێوەری کۆتایی لای ئەو تەنها دەسەڵات و مانەوەی خۆیەتی و هیچ دەربەست نیە کە قومار بە داهاتوو و چارەنووسی هەرێم و دانیشتوانەکەیەوە بکات.
گەر بە میتۆدە تەقلیدیەکەی دونیای سیاسەت تەماشای دۆخی مەترسیداری هەرێمی کوردستان بکەین سەبارەت بە هۆکاری بابەتی و خودی، ئەگەین بە هەندێ سەرەداوی سەرەتایی.
هیچ گومانێك نیە کە حکوومەتی عێراق، ئێران، تورکیا و سوریاش چاویان بڕیوەتە ئەوڕۆژەی کە هەرێمی کوردستان لەپرۆسەی پاشەکشەیەکی درێژماوە و بەردەوامدا دابماڵرێت لە زۆربەی دەسەڵاتە دەستووری و مافە یاساییەکانی. 34 ساڵ دەسەڵاتدارەتیی حکوومەتە یەك لەدوای یەکەکانی هەرێمیش زوخاوێکی ئەوتۆیان کردۆتە دڵی خەڵکی کوردستانەوە کە لەنێوان هەستی بێدەربەستی و بێتوانایی و پەرتەوازەکردنی ئیرادەیاندا، کە بەرهەمی ئەو فۆرمەی دەسەڵاتە، تووشی ڕەشبینی بوونە سەبارەت بە چارەنووسی هەرێمیش و بەحەسرەتەوە وەکوو چاودێرێك، نەك ئەکتەرێك، ئەڕواننە پێشهاتەکان. تەنانەت بە پێوەری بەشداری لە هەڵبژاردنەکانیش پێگەی ئەم دەسەڵاتە لەناو خەڵکدا شکستی زۆری هێناوە. لای ئەوان وڵات لەسایەی دەسەڵاتێکی لەمجۆرەدا بووە بە پەناگایەك کە ئارامی و ئاسایش و بژێویان دراوەتە دەست قەدەر و ڕۆژگارێکی نادیار.
لەلایەکی تریشەوە دەسەڵات هۆشیارانە هەموو شاڕێگەکانی گۆڕانکاریی لە چوارچێوەی دامودەزگا و بەشیوەی یاسایی کوێرکردۆتەوە.
هەموو ئەو ڕاستیانە نیشاندەری بنبەستی ئەم فۆرمەیە لە حاکمیەتی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا کە بواری گۆڕان و چاکسازیی لەناوخۆیدا نەهێشتۆتەوە.
گەرچی دووزۆنی لەسایەی دەسەڵاتێکی هاوبەشدا ڕاستیەکی لەمێژینەی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم بووە، بەڵام لەئێستادا تەنانەت ئەو شێوازەش توانای درێژەپێدانی تەمەنی خۆی نەماوە. لەم چەندڕیانەدا نە گەڕانەوەی یەکێتی بۆ ناو دەسەڵاتە هاوبەشەکەی لەگەڵ پارتیدا، نە دوو ئیدارەیی یا تەنانەت دوو هەرێمی ناتوانن، جگە لە چارێکی کاتی، قەیرانی دەسەڵات چارەسەر بکەن.
نەبوونی دەرچەیەکی ڕۆشن لەم بنبەستە تەماحی حکوومەتی ناوەندیشی لەبەرانبەر هەرێمدا بردۆتە ئاستێکی باڵاتر چونکە خودی دەسەڵات، پێش هەر نەیارێکی دەرەکی، هەرێمی لەهەموو مانا ڕاستەقینە دەستووری و پێگە شەعبیەکەی داماڵیوە و بگرە تا ئاستی لێکترازانی جەمسەرە پێهکاتەکانی ڕۆیشتووە.
بەکورتیەکەی: ئێستا داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەوتۆتە نێوان بەرداشی لێکترازانی ناوخۆیی ئەو دەسەڵاتەی کە دەرگیری قەیرانی درێژەدان بەتەمەنیەتی بەهەمان فۆرمەوە، لەگەڵ فشاری دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە قۆناغێکدا کە هاوکێشەی ناوەند لەبەرانبەر دەسەڵاتێکی ناوخۆییدا، دەسەڵاتێك کە جێگەی نەفرەتی زۆرینەی خەڵکە، تای تەرازووەکەی لە قازانجی ناوەند لاسەنگترکردووە.
سەرچاوەی ناوخۆیی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم خودی ئەم دەسەڵاتە و شێوازەکانی بەڕێوەبردنی هەرێم و مۆدێلی حاکمیەتە. ئەوەش سەرچاوەی ناکۆکیی سەرەکیی ژیانی سیاسی پێکدێنێت لەنێوان خەڵك و دەسەڵاتدا.
ئەی خەڵك؟
تەقینەوەی ئەم قەیرانە و درێژەکێشانی، لەچوارچێوەی ململانێی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداردا، قەیرانێك کە خۆیان هۆکاری پێکهاتنین، بەم دۆخە سیاسیەی ناو خەڵکەوە، بۆتە هۆکاری سەرگەردانی و پەرتەوازەیی و دابەشبوونی بەشێکیان بەسەر جەمسەرەکانی هەردوو بەرەی دەسەلاتداردا گەرچی لەڕووی ناچارییشەوە بێت. ئەم دۆخە بواری بۆ چەواشەکاریی هەردوو لایەنی ململانێکە زیاتر کردۆتەوە. هەواڵەکردنی هۆکاری شکستەکانی خۆیان بە هۆکاری دەرەکی یا خستنەئەستۆی یەکتری، هێندەی تر ژینگەی سیاسیی لەناو خەڵکدا ژەهراوی کردووە. کۆدەنگی و ڕوئیایەکی هاوبەش لەناو خەڵکدا سەبارەت بە ریشەکان و هۆکارەکانی ئەم قەیرانە لەئاستێکی نزمدایە.
هۆشیاری و ئامادەیی سیاسی لەبەرەی خەڵکدا لە قۆناغی نەفرەتکردن لە بەرنامەی سیاسی – ئابووریی دەسەڵاتەوە نەپەڕیوەتەوە بۆ ئاستی هەوڵدان بەئاراستەی سەپاندنی چاکسازیی ڕیشەیی لەبواری ئەو سیاسەت و بەرنامەیە، چی جای یەکلاکردنەوەی ناکۆکیی خەڵك و دەسەڵات.
سروشتی ئەم ژینگە و دۆخی قەیرانانە زەمینەخۆشکەرن بۆ نائومێدی و دەستەپاچەیی لەڕیزی خەڵکدا کە ئەوەش لەمپەرێك ناهێڵێتەوە بۆ لایەنەکانی قەیرانەکە و بەتایبەتی بۆ پارتی بۆ درێژەدان بە چەواشەکاری و عینادی و پێداگری لەسەر پلانەکانی. دۆخێك کە خەڵك ناچارئەکا کە دەست لە ناڕەزایەتیەکانی پێش ئەم ئەڵقە نوێیەی قەیرانەکە هەڵگرێت و ئامادەی ڕازی بوون بێت بە دۆخی ئێستا لەترسی پێشهاتی خراپتر.
خەڵکی کوردستان تیاماون لەنێوان گرێ کوێرەی ئاڵۆزی پەیوەندیی ( هەرێمی کوردستان ) لەگەڵ ( حکوومەتی هەرێم ) دا. گرێیەك کە خۆی بەرجەستە ئەکاتەوە لە بەرگری لەهەرێم و نەفرەت لە دەسەڵات.
ئەم قەیرانە زیاتر لە جاران پەردەی لادا لەسەر ئەو ڕاستیەی کە ئەم دەسەڵاتە و هێزە پێکهێنەرەکانی نوێنەری هیچ لایەن و گۆشەیەکی ئامانج و ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان نین بگرە بەپێچەوانەوە ئەوان قومار بە چارەنووسی ژیان ئەوان و نەوەکانیانەوە ئەکەن. ئەبێ ئەو ڕاستیە بزانین کە سەرچاوەی ڕاستەوخۆی ژیانی کولەمەرگی و داهاتووی نادیاری هەرێم لەئەستۆی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداردایە.
لەهەمان کاتیشدا ئەم قەیرانە هەلێکی گونجاوە بۆ چوونەسەری هۆشیاریی خەڵك سەبارەت بەم دەسەڵاتە. هەمیشە دەسەڵاتە ستەمکارەکان قەیرانە دەسکردەکانی خۆیان بەسەر خەڵکدا ئەشکێننەوە و ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەوان خۆیان باجی سیاسەتەکانی خۆیان بدەن. دابڕانی شاروشارۆچکەکانی کوردستان و بەبارمتەگرتنی خزمەتگوزاریی گشتی وەکوو فشار لەلایەن جەمسەرەکانی ململانێی ئێستاوە نابێ بەسەر خەڵکدا تێپەڕێت. یەکپارچەیی ڕیزی خەڵك وبەهێزکردنی ڕایەکی گشتیی دژ بە میلیتاریزەکردنی ژیانی گشتی و شەڕی ساردی هەردوو بەرەی ئەم ململانێیە ئەتوانێ فشار بۆ هەردوولا بهێنێت. لەئەگەری ڕێکەوتنی هەردوولا لەسەر پۆست و نفووز وگەڕانەوە بۆ دۆخی جاران و قبووڵکردنی لەلایەن خەڵکەوە مەترسیدارە چونکە هۆکارەکانی سەرهەڵدانەوەی ئەم جۆرە قەیرانە لەجێی خۆیدا ماوەتەوە. داماڵینی ئەم دەسەڵاتە لە شەرعیەتی ناو خەڵك و سەندنەوەی ئەو چەکەی گوایە ئەوان بەدەنگی خەڵك هاتوونەتە سەرکار و نوێنەرایەتیی ئەوان ئەکەن، چەکێکی کارایە بەدەست خەڵکەوە. ڕێکەوتن یا درێژەی ململانێی دوولایەنی ئەم قەیرانە هیچیان چاری کێشە زۆروزەبەندەکانی ژیانی خەڵکی کوردستان ناکەن و ڕێگەی شیاوتر بەهێزکردنی رایەکی گشتیی جەماوەریە بەئاراستەی سەپاندنی داخوازیەکانی ژیان و گوزەرانیان بەسەر ئەم هێزانەدا. کۆدەکانی دۆزینەوەی ژیانێکی ئازاد و سەرفراز و خۆشگوزەران لەگرەوی کێشانی سنووری جیاکەرەوەی خەڵکە لە ڕوئیا و سیاسەتی بەبنبەستگەیشتووی ئەم دەسەڵات و سیستمە وەکوو ئەرك وئەڵقەی سەرەکی لە زنجیرەیەك کە بە بنیاتنانی نیشتیمانێکی ئازاد و سەرفراز بووژانەوە و ژیانەوەیەکی سیاسیی نوێ بگیرسێتەوە.
عەدنان کەریم
نۆڤەمبەری 2026




















Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *