ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران، درێژەی بەڕێوەبردنی هاوبەشی قەیرانەکان!

ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران، درێژەی بەڕێوەبردنی هاوبەشی قەیرانەکان!

عەلی مەولود

گەڵاڵەنامەی١٤ خاڵی، بۆ لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن، چەند پرسێکی گرتووەتە خۆ؛ ئێران پابەند بێت بە:

ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی باڵا، رێگەدانی بێمەرج بە پشکنینی هەموو پێگەکان لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، مووشەکە بالیستییەکان و درۆنە هێرشبەرەکان سنووردار بکات، پاڵپشتیی دارایی و سەربازی حیزبوڵا و هێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور رابگرێت، ڕێز لە سەروەری عێراق و سوریا بگرێت و گرووپە پرۆکسیەکانی کۆنترۆڵ بکات، ئاسایشی کەشتیوانی کەنداو، گەرووی هورمز و دەریای سوور بپارێزێت. زیندانیانی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی ئازاد بکات و هێرشی دیجیتاڵی (سایبەری) نەکاتە سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی،

لە بەرامبەردا، ئەمریکا پابەند دەبێت بە:

هەڵگرتنی قۆناغ بە قۆناغی گەمارۆی ئابووری و بانکیی، ئازاد کردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران، گەرەنتی دەدات کە ئیدارەکانی داهاتووی واشنتۆن بە شێوەیەکی یەکلایەنە لەم ڕێککەوتنە نەکشێنەوە.

ئەگەر ئەو خاڵانەش جێبەجێ بن، ئایا ئەگەری رێکەوتنی گشتگیر و کۆتاییهاتنی شەڕی ئەمریکا ئێران زەمینەی هەیە؟

بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە و هاوکێشە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکانی جیهان، بناغەی جێبەجێبوونی ئەم خاڵانە لەرزۆکە و ئەوەی پێشبینی دەکرێت “لێکتێگەیشتنێکی کاتی”ە، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم و هێرشی گرووپە پرۆکسیەکانی کەم دەکاتەوە، ئەمریکاش چاوپۆشی لە هەندێک فرۆشتنی نەوتی ئێران دەکات و بەشێک لە پارەکانی ئازاد دەکات. بەڵام بەبێ شکستی قووڵ و مەیدان چۆڵکردنی لایەکیان، کێشە و شەڕی کۆتایی نایەت.

گرفتەکان:

  • هیچ لایەکیان متمانەیان بەوی تر نییە و بڕیاری یەکتر وەک تەڵە و فێڵ و فریو دەبینن،
  • سیستەمی ئیسلامی ئێران، شوناسی خۆی لەسەر “دژایەتیی ئەمریکا ” بنیادناوە، ٤٧ ساڵە هەموو کێشە ناوخۆییەکانی خستووەتە ئەستۆی ئەو، بەو ناوەوە سەرکوت و سکهەڵگوشینی تووشی خەڵک کردووە؛ رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا ئەو چەکەی لەدەست دەردێنێت و ناسنامەی دەخاتە ژێر پرسیار.
  • گۆڕانکارییەکانی ناو ئەمریکا جێگای متمانە و دڵنیایی نین؛ گۆڕانی سەرۆکەکان و کابینەکانی حکومەت و جێگۆڕکێی پارتە سیاسییەکان دەکرێت ڕێککەوتنەکان بگۆڕێت،
  • ئیسرائیل دژی ڕێککەوتنی گشتگیرە، نفووزی ناوچەیی و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران وەک هەڕەشەیەکی وجودی دەبینێت بۆ سەر خۆی و بۆ دوورخستنەوەی ئەو مەترسیە هەوڵی سەرنەگرتنی رێککەوتن دەدات.
  • ئیسرائیل هاوکۆلکەیەکی “کێشەبەردار”ە لەنێوان ئێران و ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی بوونی ئیسرائیل وەک هێزێکی ناوچەیی ڕەتدەکاتەوەو ئەمریکاش ناتوانێت پشت لە ئیسرائیل بکات.
  • بۆ کۆماری ئیسلامیی، توانای سەربازی و گرووپە بریکارەکانی، هێز و هۆکاری مانەوەین و ئامادە نییەو خۆکوژییە دەستبەرداریان بێت.
  • ئێران لە بەرەی ڕووسیا و چینە کە لە ململانێی قووڵدان لەگەڵ ئەمریکا، ئەمەش ڕێگە بە ڕێککەوتنی هەمیشەیی نادات.
  • ڕێککەوتنی گشتگیر، سیاسەتی جەنگی و پیشەسازیی چەک، کە ئەمریکا بۆ گەشەی ئابووری پشتی پێدەبەستێت، تووشی کێشە دەکات.

کەواتە جۆرێک لە ئاشتیی کاتی یان شەڕی کۆنترۆڵکراو چاوەڕوانکراوترینە؛ ململانێکان بەردەوام دەبن بەڵام هێڵە سوورەکانی یەکتر دەپارێزن. ئەو خاڵە هاوبەشانەی ڕێگەیان خۆش کردووە بۆ ڕێککەوتنێکی لەمجۆرە:

  • نە ئەمریکا دەیەوێت بچێتە ناو جەنگێکی وا کە ئابوورییەکەی تووشی خوێنبەربوون بکات، نە ڕژێمی ئێرانیش دەیەوێت سەرکێشی بە مانەوەی خۆی بکات لە شەڕێکی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ زلهێزێکی وەک ئەمریکا.
  • ئەمریکا مەبەستێتی توانا و وزەی خۆی زیاتر لە کێبڕکێی ڕووسیا و چیندا چڕ بکاتەوە نەک لەگەڵ ئێران خەرجی بکات. ئێرانیش لەژێر گوشاری قورسی ئابووری دایە و پێویستی بە هەڵگرتنی گەمارۆکانە.
  • هەردوولا دەست بەوەوە دەگرن کە پێکەوە مێژوویەکی درێژیان هەیە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ناوچەکەدا، بۆ ڕاگرتنی دۆخەکە و ڕێگری لە تەقینەوەی کێشەکان.
  • لەباربردنی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” کە نیشتمانی یەکەمی کۆمەڵگەی ئێران بوو، بەڵام لە پەیام و ناوەڕۆکدا سنوورەکانی تێپەڕاند و وەک جووڵانەوەیەکی نوێی ئازادیخواز و ژیانخواز، تەواوی جیهانی سەرمایەداری بەرژەوەندی و قازانجی لەم پاشەکشەیەدا هەبوو، نەڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئەو ئامانجە دەپێکێت.

لەم شەڕ و رێککەوتنەدا ئەمریکا کۆمەڵێک سەرکەوتن و ژێرکەوتنی ڕێژەیی چنییەوە:

لە فرۆشتنی چەکدا قازانجێکی ئابووریی گەورەی بەدەستهێنا، بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی وەستاند، زەبری گەورەی لە ژێرخانی سەربازی و ئابووریی ئێران وەشاند، ڕێگەی خۆشکرد بۆ نزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل (پەیماننامەی ئەبراهام). بەڵام ئەمریکا شکستی هێنا لە:

  • بڕینی پەلەکانی ئێران؛ کە هێشتا پێگەیەکی هەرێمی بەهێزی هەیە،
  • کورتبینی ئەمریکاو ئیسرائیل لەبەرامبەر تاکتیکی شەڕو توانای خۆڕاگری ئێران.
  • دوورخستنەوەی ئێران لە چین و ڕووسیا؛ بە پێچەوانەوە زیاتر پاڵی پێوەنا بۆ باوەشی ئەم بەرەیە.
  • دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێرانی بەسەر گەرووی هورمزدا بەهێز کرد.
  • نەمانی گەمارۆکان و ئازادبوونی فرۆشی نەوت و پارەکانی، دەستی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەکاتەوە بۆ خۆپڕچەکردن و پاڵپشتیی دارایی و سەربازی گرووپە پرۆکسیەکان.
  • ئێرانی وەک ترسێکی گەورەتر نیشاند، وڵاتانی ناوچەکە ناچارن پێگەی زیاتری بۆ ڕازی بن.
  • کۆدەنگی نێودەوڵەتی دژ بە ڕژێمی ئێران درزی گەورەی تێکەوت.
  • ئومێدی ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی ئێرانی بە پاڵپشتی دەرەکی بۆ گۆڕانکاری سیاسی لاواز کرد.
  • ئێرانی کردە کاراکتەرێک کە توانا و ئامادەیی بەرامبەرکێی ڕۆژئاوای هەیە.
  • سام لە هێزی ئەمریکا شکاو لەم شەڕەدا بچووک بوەوە، وەکچۆن رووسیا لە شەڕی ئۆکراین بچووک بۆوە.
  • هەرئەوەی ئێران بەرگەی شەڕی دوو زلهێزی سەربازی وەک ئەمریکاو ئیسرائیلی گرت، جۆرێک سەرکەوتنە.

شەڕ، وەکو فریادڕەسێک، دیاری بەنرخی پێشکەشی ڕژێمی ئێران کردو بوو بە دەرفەتێک بۆ مانەوەی.

  • دەستی کردەوە بۆ لێدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، کە تەحەدییەکی ناوخۆیی قورس بوو لەبەردەمی.
  • بە بیانووی “ئاسایشی نەتەوەیی” دەنگە ناڕازییەکان و جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانی لەخوێن هەڵکێشا و هەرجۆرە ناڕەزایەتی، مانگرتن و چالاکییەکی مەدەنیی وەک “خیانەت بە نیشتمان” تاوانبار کرد.
  • بە ناوی “هاودەستی لەگەڵ دوژمنی دەرەکی”، ئۆپۆزسیۆنی خستە ژێر مەنگەنە و ڕێگەی نەدان تێکەڵی خۆپێشاندانەکان، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان بن، خەڵکی بە جۆرێک لە پشتیوانی و بەشداریی ئۆپۆزسیۆن بێهیوا کرد. پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی بە توندی خستە دۆخی خۆپارێزی و چاوەڕوانی لە پشت سنوورەکانەوە، ناکۆکییەکانیانی قووڵکردەوە.
  • چاودێریی ئەمنی لەسەر چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیادکرد، سزاکانیانی بردە ئاستی بەرزترو گرتن و لەسێدارەدانی بە پاساوی پاراستنی بەرەی ناوخۆیی چەند هێندە کرد.
  • سەرنجی ڕاگەیاندن و ڕای گشتیی جیهانی لەسەر شۆڕشی خەڵکی ئێرانەوە گواستەوە بۆ سەر شەڕی ئەمریکا-ئیسرائیل، کە کۆماری ئیسلامیی لە ستەمکارەوە گۆڕی بۆ ستەملێکراو؛ دۆسیەی مافەکانی مرۆڤ، داواکارییەکانی ژنان و مافی نەتەوە ستەملێکراوەکان کەوتنە ژێرەوە، مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم، مووشەک، درۆن و هاوکێشە سەربازییەکان بوونە جێگای سەرنجی گشتی.
  • شەڕ جۆرێک ترس و دڵەڕاوکێی لەناو خەڵک دروستکرد، کە سەرەڕای دوژمنایەتی قووڵ لەگەڵ ڕژێم، کەوتنە دووڕێیانی “خراپی دۆخی مەوجود و خراپتربوونی داهاتوو” لە ترسی دووبارەبوونەوەی دۆخی سووریا و عێراق.
  • ئەم شەڕە بەرەی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامیی یەکگرتوو کرد، ناکۆکییەکانی ناو ڕژێمی کەمکردەوە و باڵی توندڕەوی سوپای پاسدارانی زاڵ کرد بەسەر دەسەڵاتدا.
  • شەڕ کۆمەکی بە کۆماری ئیسلامی کرد بۆ سەپاندنی کەشێکی پۆلیسیی توندتر بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا و بوارێکی گەورەی بۆ کردەوە بۆ پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادیەکان و مافەکانی خەڵک.
  • بە ناوی بوونی جەنگ، مەترسیی دەرەکی و ترسی پارچەپارچەبوونی وڵاتەوە، دەسەڵاتی ناوەندیی توندتر کردەوە، خواستی خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی ترساند و تووشی زەبری پێشوەختەی کرد.
  • ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە کۆماری ئیسلامی مل بە داخوازی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک بدات، بەڵام بەهێزبوونی ئابووری و لەپاڵیدا بەڵێنی فریودەرانە، ئومێدی درۆینە بە خەڵک دەدات و دەیانخاتە چاوەڕوانی باشبوونی ژیان، ئەمەش بواری هەناسەدانێک بۆ ڕژێم دەکاتەوە.
  • کاتێک دەسەڵات پارەی زیاتری دەکەوێتە دەست، دەتوانێت بودجەی زیاتر بۆ دامودەزگا ئەمنییەکانی تەرخان بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوخۆ.

بەڵام داهاتوو قووڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان خەڵک و دەسەڵات بەخۆوە دەبینێت:

ئەم ڕێککەوتنە سەرەتا دەبێتە “کارتی هێز” لە دەستی دەسەڵاتدا، بەڵام ئەوە تەنیا کات کڕینە و لە داهاتوودا بەهۆی ئەوەی رژێم نان و ژیان و ئازادی خەڵکی بۆ گرنگ نیە، دەکەوێتە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەی توند لەگەڵ داخوازییەکانی خەڵکدا و خەبات و بەرەنگاری کۆمەڵایەتی پەرەدەستێنێت و تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی پەیوەندیش ئاسانتر خەڵک و ڕێکخراوەکان پێکەوە گرێدەدات.

Merza Ali
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…