نووسینی: نەوزاد عومەر
گۆڕەپانی ئابووری و سیاسیی نێودەوڵەتی لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٦دا شایەتی وەرچەرخانێکی دراماتیکیی چاوەڕواننەکراو بوو، کە سەرلەنوێ کارتی زلهێزکان و بازاڕەکانی جیهان لەسەر بنەمای خوێندنەوەیەکی شیکاریی بۆ دۆخی ئێستا گۆڕانکاریی بەسەردا هات. لە سۆنگەی ئەو پێشهاتە خێرایانەی ئابووریی جیهان کە لەسەر هەموو ئاستەکاندا ڕوودەدەن هەر لە بازاڕی کاڵا بنەڕەتییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە نەوت و وزە، تا دەگاتە بەهای دراوەکان، دۆلار، زێڕ و بیتکۆین، ڕووداوێکی سەرسوڕهێنەڕ لە ڕەهەندی سیاسەتی نوێی ئەمریکادا بەرامبەر ئێران سەریهەڵدا، کە سەرنجی میدیا جیهانییەکان و بەرپرسانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئەویش کاریگەریی ئەو ئاگربەست و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە بوو کە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان هاوتا ئێرانییەکەیدا واژۆ کرا، ئەمەش ئەوەمان پێدەلێت کە چۆن ئەم جەنگە دەبێت بە دەروازەیەک بۆ لەناکاو دەوڵەمەندبوونی ئابوورییەکی داڕماو کە بەهەموو شێوەیەک چاوەڕوان نەکراو بوو:
یەکەم: وەرچەرخانی سیاسیی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا بەرامبەر بە ئێران کە پێشتر خاوەنی سیاسەتی فشاری توند بوو. هەروەها بە پێدانی ئیمتیازاتی هاندەر بە دوژمنە سەرسەختەکەی ئەمریکا لەپێناوی پاراستنی هەژموونی دۆلاردا، چاودێرانی تووشی شۆک کردوە. لە هەنگاوێکدا کە کۆمەڵیک ئیمتیازاتی دارایی ناوازەی دەستبەجێی پێشکەش بە ئێران کرد، بە جۆرێک کە پێش هەڵگیرسانی پێکدادانە سەربازییەکان کەس بیری لێ نەدەکردەوە. دیارترین و گرنگترینی ئەو ئیمتیازاتانە ئەمانەی خوارەوەن:
- لێخۆشبوونی گشتگیر و نائاسایی بۆ کەرتی نەوت: ئیدارەی ئەمریکا لە ٢٢ی حوزەیراندا لێخۆشبوونێکی گشتگیری بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ ڕایگەیاند (کە ٢١ی ئابی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت)، ئەم هەنگاوە کۆتایی بە سیاسەتی گەمارۆدان دەهێنێت کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەرامبەر بە ئێران جێبەجێکرا (بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٨٠ لە کاتی قەیرانی بە بارمتەگرتنی ئەمریکییەکانەوە). ئەم لێخۆشبوونە تەنها گەمارۆ لاوەکییەکان، واتا هەر سزاکانی لایەنی دووەم (کە کڕیارە نێودەوڵەتییەکانن) ناگرێتەوە، بەڵکو گەمارۆ سەرەتاییەکانی سەر لایەنی یەکەمیش دەگرێتەوە، ئەمەش ڕێگە بە هەر کڕیارێکی ئەمریکی، ئەوروپی، یان ئاسیایی دەدات بە شێوەیەکی تەواو یاسایی بۆ یەکەمجار لە دوای چەندین دەیەوە دەتوانن نەوتی خاوی ئێران بکڕن.
- گەڕانەوە بۆ مامەڵەکردن بە دۆلار (سیستمی SWIFT): ڕێگە بە ئێران درا نەوتەکەی ڕاستەوخۆ بە دۆلاری ئەمریکی بفرۆشێت. بەمەش کۆتایی بە قۆناغی ناچاربوون بۆ بەکارهێنانی دراوە ئەلتەرناتیڤەکانی وەک یوانی چینی، ڕوپیەی هیندی، یان سیستمی ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵا هێنا. کە بۆ ئێران دەسکەوتێکی گەورەیە نزیکەی بیست ساڵە لێی بێبەش بووە.
- داهاتی دەستبەجێ فرۆشی نەوەت بەبێ داشکاندنی نرخ: ئەمە وادەکات تاران چیتر پێویستی بە فرۆشتنی نەوتەکەی بە داشکاندنی نرخ بە چین لە ڕێگەی “کەشتییە تاریکەکان” و مامەڵە گوماناوییەکانەوە نەمێنێت. بەهۆی ئەوەی ئێران نزیکەی ٦٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی ئامادە و هەڵگیراوی بۆ ئازادکردن لە ناو دەریادا هەیە (چونکە دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران بە پێچەوانەی وڵاتانی کەنداوەوە لەم جەنگەکەدا لێیان نەدرا)، ئەمەش ڕێگەی پێ دەدات نەوتەکەی بە نرخێکی بەرزتر لە سەرووی نەوتی خاوی برێنتەوە (Premium) بەهۆی خواستی بەپەلەی نێودەوڵەتیەوە بفرۆشێت، کە داهاتەکەی بە نۆ بۆ دە ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
- ئازادکردنی پارە بەستراوەکانی ئێران بە مەرجی پێشکەوتنی دانوستان: ئێران نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلاری لە بانکەکانی جیهاندا (وەک قەتەر، عێراق، کۆریای باشوور و چین) بە بڕیاری ئەمریکا سڕکراوە. بەڵام وەک نیشانەی نیازپاکی بۆ دەستپێکردنی دانوستان، واشنتۆن ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گواستنەوەی ١٢ ملیار دۆلار بە دوو قۆناغ، سەرەتا ناردنی دەستبەجێی ٦ ملیار دۆلار لەڕێگەی بانکەکانی قەتەرەوە، دواتریش ٦ ملیاری دیکە لە ماوەیەکی کورتخایەندا بەدوایدا دێت، لە کاتێکدا ئەو ٩٤ ملیار دۆلارەی کە دەمێنێتەوە بڕیارە بە قۆناغ بە قۆناغ ئازاد بکرێت، ئەمەش بەندە بە پێشکەوتنی دانوستانەکان و هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە (ئەو یۆرانیۆمەی کە لە ٦٠٪ دا پیتێنراوە کە ترەمپ بە “تۆزی ئەتۆمی” ناوی دەبات). بەڵام سەرەڕای لێدوانە دژبەیەکەکان، ئەمریکا مەرجی داناوە کە ئەو پارانە بۆ کڕینی کەلوپەلی مرۆیی و کشتوکاڵی ئەمریکی بەکاربهێنرێت، لەکاتێکدا ئێران پێداگری لەسەر ئازادیی خۆی دەکات بۆ کڕینی هەرکاڵایەک بەو شێوەیەی کە بە گونجاوی بۆ بەرژەوەندی ئێران دەزانێت.
- دروستکردنی سندووقێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران بە بڕی ٣٠٠ ملیار دۆلار: ترامپ دوای هێرشەکان، دامەزراندنی سندوقێکی نهێنی ٣٠٠ ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ئابووری ئێران ڕاگەیاند. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو پارەیە لە ڕێگەی وەبەرهێنانە نێودەوڵەتییەکانی کەرتی تایبەت و ئاسانکارییەکانی قەرزی سەروەرییەوە دەبێت، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر ڤیتۆی ئەمریکا هەڵدەگرێت و دەرگا بەڕووی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی (FDI) دەکاتەوە کە دەیان ساڵە لە ئێران قەدەغە کراوە. ئەم وەبەرهێنانە کەرتە گرنگەکانی وەک کانگا، بەرهەمهێنان، لۆجستی و وزە دەگرێتەوە ( چونکە ئێران خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانییە و دووەم گەورەترین یەدەگی غازە، کە بەرهەمهێنانی لە ساڵی ٢٠١٥دا گەیشتە ٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا).
بەڵام ڕەهەندەکانی دۆخەکە و تێڕوانینی گشتی بۆ ڕێککەوتنی کۆتاییی چاوەڕوانکراو، پێیان وایە لە زۆر لایەنەوە هاوشێوەی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٥ یە، بە تایبەتی لە کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران. بەڵام ئەمجارە هاندەری ئابووری و دارایی گەورەتر و فراوانتری بۆ ئێران تێدایە. هەر بەهۆی ئەمەوە، ترامپ لە دانیشتنێکی داخراوی کۆنگرێس و لەناو ئەندامانی حیزبی کۆماریشدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند و گفتوگۆی گەرم بووەتەوە. تەنانەت جێگری پێشووی، مایک پێنس، ئەم هاندانەی زیاتر بە هەڵەیەکی سیاسی ناو برد و پێی وایە کە ئەمانە دەبنە سەرهەڵدانەوەی ڕەگی ژیان بۆ ڕژێمی ئێران، بێ ئەوەی بەڵێن و گرێبەستی ڕوون و جێبەجێکراو لەبەرامبەردا هەبێت. ئەم دۆخە وایکردووە هەندێک لە شیکەرەوان بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز بڵێن: ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە بەم شێوەیە جێبەجێ بکریت، ئێرانییەکان دەبێت پەیکەرێک بۆ ترامپ دروست بکەن، چونکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕێگای گەیشتنی بەو هەموو ئیمتیازە گەورانەوە بۆ ئیرانییەکان خۆش کرد.
سەرەڕای ئەو ڕەخنە توندانەی کە لەلایەن هەڵۆکانی پارتی کۆمارییەوە ڕووبەڕووی ترەمپ کرایەوە، بەڵام “سکۆت بیسێنت”ی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا شیکردنەوەی بۆ بابەتەکە لە ڕوانگەیەکی تەواو ستراتیژییەوە کرد، کە ئەویش پاراستنی هەژموونی دۆلارە. چونکە واشنتۆن درکی بەوە کردوە کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی چەکی سزای ئابووریدا، پاڵ بە وڵاتانی گەورە و یاخیبووی (وەک چین، ڕووسيا، ئێران و ڤەنزوێلا) بەرەو بنیادنانی سیستمێکی داراییی ئەلتەرناتیڤ لەبری سیستمی سوێفت دەنێت. بۆ نموونە پەرەسەندنی دیاردەی وازهێنان لە دۆلار وەک سیستمی پارەدانی چینی (CIPS) بۆ ئەمریکا زۆر ترسناکە، بەڵام گەڕاندنەوەی ئێران، ڤەنزوێلا و ڕووسیا لە داهاتوودا بۆ ناو بازنەی دۆلار (De-dollarization)، ڕێگا لەبەردەم فراوانبوونی نەرمی چین دەگرێت کە هەوڵدەدات یوان وەک دراوێکی یەدەگی جێگرەوە بسەپێنێت.
دووەم.. ئەم یاداشتنامەیە بازاڕەکانی نەوتی لە مۆتەکەی کورتهێنانی داراییەوە بۆ لێشاوی خستنەڕووی نەوت گۆڕی. کەشوهەوای دیپلۆماسی دەستبەجێ ڕەنگدانەوەی لەسەر بازاڕەکانی وزە دروستکرد، بە شێوەیەک کە نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ ٧٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، بەمەش بازاڕی نەوت تەواوی دەستکەوتەکانی سەردەمی جەنگی لەدەستدا و گەڕایەوە بۆ ئاستی پێش گرژییەکان (بە دیاریکراوی ئاستی ٢٧ی مانگی ڕابردوو). لە ماوەی چوار مانگی داخرانی گەرووی هورمزدا، نرخی نەوت بەهۆی لێشاوی نەوتی نهێنییەوە نەیتوانی سنووری ١٠٠ دۆلار تێپەڕێنێت. بۆ نموونە ئیمارات لە ڕێگەی ئەو کەشتییانەوە کە ئامێرەکانیان توانای کوژانەوە و پێشاندانی شوێنیان هەیە، توانی٨٥٪ی هەناردەکردنی خۆی بۆ بازار دابین بکات، هەروەها توانی نزیکەی ٦٠ ملیۆن بەرمیلی لە ڕێگەی گەرووەکەوە و بە پشتبەستن بە ڕێڕەوە هاوتەریبەکانی ئێران و سوڵتاننشینی عومان بۆ دەرەوە بنێرێت.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵگرتنی تەواوەتی گەمارۆکانی سەر نەوتی ئێران، بازاڕەکە لەناکاو بۆ زۆربوونی دابینکردنی جیهانی گۆڕا (کە لە بنەڕەتدا پێش شەڕەکەش ئەوە دۆخێکی باو بوو، ئەگەر شەڕەکە نەبووایە بەهۆی بەرهەمهێنانی زیادەی ئەمریکا، کەنەدا، گویانا و بەڕازیلەوە، نرخی نەوت لە دەوروبەری ٥٠ دۆلاردا جێگیر دەبوو). هەرچەندە گەڕانەوەی تەواوەتی بەرهەمهێنانی وڵاتانی کەنداو پێویستی بە کاتێکی جیاواز دەبێت بۆ پاککردنەوەی گەرووەکە لە مینە دەریاییەکان بە هاوکاری کەشتییە ئەمریکییەکان، بەڵام زۆریی ئەو نەوتەی ئێستا کە کۆکراوەتەوە و خراوەتە ڕوو، وایکردووە نەوتی خاوی وڵاتانی دیکە (وەک ئەنگۆلا) بەهۆی نەبوونی خواست بە داشکاندنی نرخ کە دەگاتە ١٠ دۆلار بفرۆشرێت. بەمەش پێکهاتەی نرخاندنی نەوتی گۆڕی بۆ دۆخی کۆنتانگۆ (Contango)کە تێیدا گرێبەستی دەستبەجێ (فۆری) هەرزانتر کرد لە گرێبەستی ئایندەیی (آجلە). هەرچەندە ڕەنگە ئەم دابەزینە بەهۆی هەوڵی وڵاتان بۆ دووبارە پڕکردنەوەی یەدەگە ستراتیژییە بەتاڵبووەکانیانەوە سنووردار بێت، بەڵام دیدگا و پێشبینییەکانی ئەم دۆخە بۆ نەوت نەرێنین.
سێیەم: پارادۆکسی حەواڵەی کۆچبەران لە وڵاتانی کەنداوەوە نیشانەی گەشەیەکی ڕووکەشی دڵەڕاوکێی پیوە دیارە، چونکە سەردەمی ململانێکە شاهیدی دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش بوو کە دامەزراوە دارایییەکان (وەک وێستەرن یونیۆن) بازدانێکی گەورەیان لە حەواڵەکردنی پارەی کرێکارانی بیانی لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ وڵاتە ڕەسەنەکانیان بە تایبەتی لە ماوەی مانگەکانی ئازار و نیسانی ڕابردوودا تۆمارکرد. بۆ نموونە، حەواڵە هاتووەکان بۆ میسر لە مانگی نیساندا بە ڕێژەی ٤٤٪ زیادی کردووە و لە سنووری ٤ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
سەرەڕای ئەوەی ڕژانی ئەم پارەیە بۆ ئابووریی وڵاتانی وەرگر پۆزەتیڤ دیارە، بەڵام شیکارییە پێکهاتەیییەکان ئاماژە بە دیاردەیەکی نەرێنی دەکەن. بەوپێیەی ٤٠٪ی ئەم حەواڵانە لە پاشەکەوتی کەڵەکەبووی کرێکارانەوە هاتووە، نەک لە مووچەی ئێستایان. ئەمەش لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێوە بوو لە نادڵنیایی پیشەیی، پەککەوتنی کەرتە زیندووەکانی وەک بیناسازی، ئاوەدانکردنەوە و دواکەوتنی پێدانی مووچەکان بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی کە ڕووبەڕووی وڵاتانی کەنداو بوونەتەوە (کە قەبارەی حەواڵەی کۆچبەرەکانیان لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ١٢٤ ملیار دۆلار بووە، بە جۆرێک عەرەبستانی سعوودی بە ٤٦ ملیار دۆلار لە پێشەنگدایە، دواتر ئیمارات بە ٤٢ ملیار و کوێت بە ١٤ ملیار دۆلار). بۆیە ئەم ڕژانە گوزارشت لە پڕۆسەی ڕاکردنی سەرمایەی بچووکی کۆچبەران لە ترسی نەبوونی ئاسایشی پیشەیی دەکات. بەڵام تەنها لایەنی ئەرێنی لێرەدا ئەوەیە کە جێگیربوونی دۆخەکە و ڕاگرتنی جەنگ، جارێکی دیکە سەرلەنوێ چالاککردنەوەی ئەم بازاڕانە بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ هێزی کاری کەنداو چالاک دەکاتەوە،
چوارەم: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار وداڕمانی زێڕ، زیو و دراوە دیجیتاڵییەکان دەرئەنجامی سیاسەتی فیدراڵیی ئەمریکا لەسەر ئاستی بازاڕەکانی دراو و کانزاکاندا بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، گوشارێکی زۆری لەسەر زێڕ و بیتکۆین تەواو پێچەوانەی پێشبینییەکانی وەبەرهێنەران دروست کرد:
- دابەزینی نرخی زێڕ: نرخی زێڕ بۆ خوار ٤٠٠٠ دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک دابەزی (بۆ یەکەمجار لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ەوە)، بەمەش کۆتایی بە بەرزبوونەوەی سێ ساڵەی ڕابردووی هێنا و لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٧٪ی بەهاکەی لەدەستداوە.
- کاریگەریی قەواڵە داراییەکان: بەهۆی توندکردنەوەی سیاسەتی نەقدییەوە، قەواڵە داراییەکان (السندات) بوونە ڕکابەرێکی بەهێزی زێڕ، ئەمەش سیناریۆی ساڵی ٢٠٢٢ی دووبارە کردەوە.
- چوونەدەرەوەی سەرمایە: سندوقەکانی وەبەرهێنانی زێڕ (ETFs) لە کۆتایی شوباتەوە ڕووبەڕووی کشانەوەی ١٢ ملیار دۆلار بوونەتەوە.
- کاریگەریی “کیڤن وارش”: وەک بەربژێری ترامپ بۆ سەرۆکایەتی بانکی فیدراڵی دوای داڕمانە گەورەکە دەستی پێکرد. زێڕ لە بەرزترین نرخی مێژوویی خۆی (٥٦٠٠ دۆلار) بە ڕێژەی ١٣٪ دابەزی، نرخی زیویش لە ١٢١ دۆلارەوە بۆ نزیکەی ٥٥ دۆلار دابەزی.
ئەم پێشهاتانە سەلماندیان کە سیاسەتی پراگماتیی ئابووریی ترەمپ دەتوانێت هاوپەیمانی و دوژمنایەتیی مێژوویی بگۆڕێت. ڕێککەوتنی سیاسیی لە پێناو پاراستنی تاجی “دراوی سەوز” (دۆلاری ئەمریکی) دەبێتە هۆی ڕزگارکردنی ئابووریی ئێران و کردنەوەی بەڕووی سیستمی نێودەوڵەتیدا. هەروەها ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە سەرلەنوێ دیسپلینی بۆ نرخەکانی وزە گەڕاندەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا واقیعێکی نەقدی توندی سەپاند کە فەرشی ژێر پێی وەبەرهێنەرانی لە بازاڕی زێڕ و پەناگە نەریتییەکاندا کێشاوە. هەرچەندە کێشە بنەڕەتییەکانی ئابووریی ئەمریکا کە خۆی لە قەرزێکی نزیک لە ٤٠ تریلیۆن دۆلاری و کورتهێنانی بودجەی نزیکەی ٦٪دا دەبینێتەوە. وایکردووە بیرۆکەی هەمەجۆریکردنی یەدەگی دراوەکان لەسەر مەودای دوور وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵام هۆکاری سەرەکی وارش وەک یەکێک لە لایەنگرانی توندکردنەوەی دارایی کە پێیوایە خەرجیی جیهانیی بۆ بواری زیرەکیی دەستکرد، پڕچەککردن و وزەی سەوز دەبنە هۆی هەڵاوسانی هەمیشەیی، ئەمەش سەرنجڕاکێشیی قەواڵە داراییەکان زیاد دەکات و بەهای زێڕ، زیو و بیتکۆین سست دەکات.
پێشهاتەکانی ئێستا واقیعێکی پڕ لە گوشاریان سەپاندووە. ئەگەر لە داهاتوودا هاوتەریب لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت، ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکادا پاشەکشە بکات، ڕەنگە پاڵنەرەکانی بانکی فیدراڵی بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود کەم ببنەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا مسۆگەرە، قوربانیانی سەرەکی ئەم دۆخە ئەو سەوداگر و وەبەرهێنەرانەن کە لە لوتکەی نرخەکاندا زێڕ و بیتکۆینیان کڕیوە و ئێستا لەژێر گوشاری پابەندبوونی داراییدا ناچار بوون بە نرخی ئێستا بیڕژێنە بازاڕەوە و بیانکەنەوە بە کاش.
لەکۆتاییدا، پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە زێڕ هەمیشە وەک ئامرازێکی وەبەرهێنانی ستراتیژی بۆ مەودای دوور، نەک بۆ سەوداگەری و قازانجی خێرای کورتخایەن دەمێنێتەوە.
سەرچاوەکان:
أولاً: الإعفاء من عقوبات النفط لمدة 60 يوماً
– CNBC: رفع العقوبات عن النفط الإيراني وإتاحة التداول بالدولار
https://www.cnbc.com/2026/06/23/us-iran-oil-sanction-relief-strait-of-hormuz-peace-deal-.html [CNBC](https://www.cnbc.com/2026/06/23/us-iran-oil-sanction-relief-strait-of-hormuz-peace-deal-.html)
– الجزيرة الإنجليزية: تفاصيل الترخيص العام X الصادر عن وزارة الخزانة الأمريكية
https://www.aljazeera.com/news/2026/6/22/us-partially-lifts-iran-oil-sanctions-amid-encouraging-talks [Al Jazeera](https://www.aljazeera.com/news/2026/6/22/us-partially-lifts-iran-oil-sanctions-amid-encouraging-talks)
– NPR: تحليل الاتفاق المبدئي ومقارنته باتفاق 2015
https://www.npr.org/2026/06/19/nx-s1-5863544/trump-us-iran-agreement [NPR](https://www.npr.org/2026/06/19/nx-s1-5863544/trump-us-iran-agreement)
ثانياً: الأموال المجمدة والـ 6 مليار دولار من قطر
– وول ستريت جورنال (عبر Yahoo Finance): خطة الـ 6 مليار دولار المجمدة في قطر
https://ca.finance.yahoo.com/news/u-qatar-discuss-plan-iran-035810136.html [Yahoo!](https://ca.finance.yahoo.com/news/u-qatar-discuss-plan-iran-035810136.html)
– Euronews: تاريخ الأصول الإيرانية المجمدة وتقدير الـ 100 مليار دولار
https://www.euronews.com/business/2026/04/09/could-billions-in-frozen-iranian-assets-help-the-us-unlock-a-deal [Euronews](https://www.euronews.com/business/2026/04/09/could-billions-in-frozen-iranian-assets-help-the-us-unlock-a-deal)
ثالثاً: صندوق الـ 300 مليار دولار لإعادة الإعمار
– الجزيرة الإنجليزية: تفاصيل الصندوق وردود فعل الكونغرس
https://www.aljazeera.com/news/2026/6/18/mous-300bn-iran-reconstruction-fund-becomes-us-political-flashpoint [Al Jazeera](https://www.aljazeera.com/news/2026/6/18/mous-300bn-iran-reconstruction-fund-becomes-us-political-flashpoint)
– Reuters (عبر Politifact): مصدر الـ 300 مليار من القطاع الخاص
https://www.politifact.com/article/2026/jun/22/trump-iran-300-billion-fund/ [PolitiFact](https://www.politifact.com/article/2026/jun/22/trump-iran-300-billion-fund/)
– NPR: من سيموّل الصندوق؟
https://www.npr.org/2026/06/23/nx-s1-5866577/iran-trump-deal-300-billion-obama [NPR](https://www.npr.org/2026/06/23/nx-s1-5866577/iran-trump-deal-300-billion-obama)
رابعاً: تصريحات سكوت بيسنت وهيمنة الدولار
– Bloomberg: بيسنت يؤكد أن إيران ستفوتر نفطها بالدولار
https://www.bloomberg.com/news/articles/2026-06-24/bessent-says-iran-talks-feature-shifting-to-invoicing-in-dollars [Yahoo Finance](https://finance.yahoo.com/markets/currencies/articles/bessent-says-iran-talks-feature-121402562.html)
– Foreign Policy: تحليل نقدي لتصريحات بيسنت حول هيمنة الدولار
https://foreignpolicy.com/2026/06/24/treasury-secretary-bessent-defends-trump-iran-deal-sanctions-relief/ [Foreign Policy](https://foreignpolicy.com/2026/06/24/treasury-secretary-bessent-defends-trump-iran-deal-sanctions-relief/)




















Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *