کش مەلیک لە ئێران (Checkmate in Iran)

کش مەلیک لە ئێران (Checkmate in Iran)

نووسینی: ڕۆبێرت کاگان

وەرگێڕانی: نەوزاد عومەر

ڕۆبێرت کاگان (Robert Kagan) توێژەر و مێژوونووسی دیاری ناو بزووتنەوەی نیوکۆنسێرڤاتیڤی ئەمریکا. یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پڕۆژەی سەدەی نوێی ئەمریکا و دامەزراوەی بروکینگز. وەک ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوە بۆ کاندیدە کۆماریی و دیموکراتەکان کاری کردووە. هاوسەری ڤیکتۆریا نولاندە کە لە ساڵی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٤ وەک جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سیاسی کاری کردووە.

کاگان وتاری کش مەلیک لە ئێران (Checkmate in Iran) لە گۆڤاری ( The Atlantic) لە ڕێکەوتی ١٠ی ئایاری ٢٠٢٦دا بڵاوکردەوە، دەڵێت: جیاوازی ئەم جەنگە لە هەموو جەنگە تەقلیدییەکانی دیکە ئەوەیە کە کش مات لە جووڵەی یەکەمەوە کرا و مەلیک کوژرا، کەچی جەنگ کۆتایی نەهات، ئەمە بە یەکێک لە وتارە جیۆپۆلیتیکییە گرنگەکان دادەنرێت کە دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. گرنگیی ئەم وتارە لەوەدایە کە کاگان پێی وایە کۆتایی هێرشی ئەمریکائیسرائیل بۆ سەر ئێران لە شکستێکی ستراتیژییەوە نزیکترە لەوەی کە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەمریکا بێت، چونکە واشنتۆن نەیتوانیوە کاردانەوەکانی ئەم شکستە پێچەوانە بکاتەوە، یان کۆنتڕۆڵی بکات. لەبەرامبەردا ئێران لە ڕێگەی توانای کۆنتڕۆڵکردنی هاوکێشەکانی گەرووی هورمزەوە وەک یاریزانێکی ناوەندی لە ئاستی ئەقلیمی و جیهانیدا دەرکەوتووە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم ململانێیە سەرەڕای باڵادەستیی بەرچاوی سەربازی واشنتۆن و ئیسرائیل، لێدانی چڕ، تیرۆری سەرکردەکان و لەناوبردنی بەشێکی زۆر لە توانا سەربازییەکانی ئێران لە ماوەی ٣٧ ڕۆژدا، بەڵام نەیانتوانی ڕژێمەکە بڕوخێنن، یان ناچاریکەن لە ڕێگەی دانوسانەوە مەرجەکانی خۆیانیان بە سەردا بسەپێنن. کاگان لە ڕێگەی ئەم وتارەوە سنووری دەسەڵاتی ئەمریکا و بێتوانایی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئاشکرا دەکات.

دەقی وتارەکە:

دژوارە بۆ ساتێکیش بێت بیر لەوە بکرێتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ململانێیەکدا هێندە تووشی شکستێکی تەواو یەکلاکەرەوە بووەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە زیانە ستراتیژییەکانی نە قابلی قەرەبوو کردنەوەیە و نە ئەتوانریت پشتگوێ بخرێن. ئەو زیانە کارەساتبارانەی کە لە مانگەکانی سەرەتای دووەم جەنگیی جیهانیدا لە پێرڵ هاربەر، فلیپین و لەسەرتاسەری ڕۆژاوای زەریای هێمن کە بەسەر ئەمریکادا هاتن، لە کۆتاییدا توانی پێچەوانە و قەرەبوویان بکاتەوە. هەروەها شکستی ئەمریکا لە ڤێتنام و ئەفغانستان، سەرەڕای تێچووی زۆریان، بەڵام زیانێکی درێژخایەنیان بە پێگەی گشتیی ئەمریکا لە ئاستی جیهاندا نەگەیاند، چونکە لە دەرەوەی گۆڕەپانی سەرەکیی ململانێی جیهانی بوون. تەنانەت شکستی سەرەتایی ئەمریکا لە عێراقدا، توانرا لە ڕێگەی گۆڕینی ستراتیژەوە کۆنترۆڵ بکرێت، لە ئەنجامدا عێراقی تاڕادەیەک بە سەقامگیری هێشتەوە بەبێ ئەوەی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، لە هەمان کاتدا هەژموونی ئەمریکای بەسەر ناوچەکەدا پاراست.

بەڵام شکستی ئێستای ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێراندا، سروشتێکی تەواو جیاوازی هەیە، ئەمەیان نە قەرەبوو دەکرێتەوە و نە دەکرێت پشتگوێش بخرێت. لە کاتێکدا هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دۆخی پێش جەنگ لە ئارادا نییە، لەبەرئەوەی بەم ئەنجامە هیچ سەرکەوتنێکی کۆتایی بۆ ئەمریکا بەدەست نایەت بۆئەوەی بتوانێت ئەو زیانانەی کە ڕوویان داوە بسڕێتەوە، یان تێپەڕیان بکات. بێگومان چیتر گەرووی هورمز وەک ڕابردوو بە کراوەیی نامێنێتەوە. ئێرانیش بە کۆنترۆڵکردنی ئەم گەرووە، وەک یاریزانێکی سەرەکی لە ناوچەکە و یەکێک لە یاریزانە بنەڕەتییەکان لەسەر شانۆی جیهانیدا دەردەکەوێت. هەروەها ڕۆڵی چین و ڕووسیاش وەک دوو هاوپەیمانی ئێران بەهێزتر دەکات، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆکاری ئەوەی ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە پاشەکشە و دابەزین بکات. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، لە بری ئەوەی هێزی ئەمریکا نیشان بدات وەک ئەوەی لایەنگرانی جەنگ چەندین جار بانگەشەیان بۆ دەکرد، ئەمریکایەکی نائۆمێدکەر و بێتوانای نیشاندا کە ناتوانێت ئەوەی دەستی پێکردووە بە کۆتایی بگەیەنێت. بێگومان ئەم دەرئەنجامەش لەسەرانسەری جیهاندا زنجیرەیەک کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەم نێوەندەدا دۆست و نەیار بە هەمان شێوە هەڵۆێستەکانی خۆیان لەژێر ڕۆشنایی شکستی ئەمریکادا سەرلەنوێ دادەڕێژنەوە.

دۆناڵد ترەمپ هەمێشە باسی ئەو کارتانە دەکات کە لەبەردەستیدایە، بەڵام ڕوون نییە ئایا هێشتا کارتی باشی بۆ یاریکردن بەدەستەوە ماوە یاخود نا. ئەگەرچی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل بۆ ماوەی ٣٧ ڕۆژ بە کاریگەرییەکی وێرانکەرەوە ئێرانیان بۆردومان کرد، بەشێکی زۆری لە سەرکردەکانی ئەو وڵاتەیان کوشت و زۆربەی توانا سەربازییەکانیان تێکشکاند، لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانی ڕژێمەکە بڕوخێنن، یان تەنانەت بچووکترین سازشی پێ بکەن. ئێستا ئیدارەی ترەمپ هیواخوازە لە ڕێگەی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێرانەوە ئەو ئامانجە بەدیبهێنێت کە هێزە سەربازییە گەورەکەی نەیتوانی بەدەستی بهێنێت. بێگومان ئەمە لە ڕووی تیۆرییەوە مومکینە، بەڵام ڕژێمێک کە دوای پێنج هەفتە لە هێرشی سەربازیی بەردەوام چۆکی دانەدا، زۆر بە دووری ئەزانم تەنها لە ژێر فشاری ئابووریدا بڕووخێت. سەرەڕای ئەوەی ئەو ڕژێمە لە تووڕەیی گەلەکەی خۆی ناترسێت. وەک چۆن توێژەری پسپۆڕ لە کاروباری ئێران، سوزان مالۆنی، لەم دواییانەدا ئاماژەی پێداوە: ڕژێمێک کە بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان لە مانگی کانوونی دووەمدا هاووڵاتیانی خۆی کوشت، ئێستاش بە تەواوی ئامادەیە نەهامەتیی ئابوورییان بەسەردا بسەپێنێت.

لەبەر ئەم هۆکارە هەندێک لە لایەنگرانی جەنگ داوای دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان دەکەن، بەڵام ناتوانن ڕوونی بکەنەوە کە چۆن خولێکی نوێی بۆردومانکردن دەتوانێت ئەو شتە بەدەست بهێنێت کە ٣٧ ڕۆژ لە بۆردومانکردن نەیتوانی بەدەستی بهێنێت. هەروەها هەرچەشنە هەڵکشانێکی سەربازیی، ئێران زیاتر پاڵدەنێت بۆ تۆڵەسەندنەوە لە وڵاتانی دراوسێی کەنداو، ئەوەش ڕوونە کە بانگەشەکارانی جەنگ هیچ وەڵامێکیان بۆ ئەم دایلەمایە نییە. ڕاستییەک هەیە دەبێت بیزانین کە ترەمپ هێرشەکانی بۆ سەر ئێران لەبەر بێزاری ڕانەگرت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئێران دەستی بە لێدانی دامەزراوە حەیاتییەکانی نەوت و غاز لە ناوچەکەدا کرد. ئەمەش خاڵی وەرچەرخانی ئەم جەنگە بوو، کاتێک ئیسرائیل لە ١٨ی ئازاردا کێڵگەی غازی پۆرسی باشووری ئێرانی بۆردومان کرد، ئێرانیش لە بەرانبەردا شاری پیشەسازیی راس لفانی قەتەری کە گەورەترین دامەزراوەی هەناردەکردنی غازی سروشتییە لە جیهاندا کردە ئامانج، زیانێکی زۆری پێگەیاند کە ڕەنگە چاککردنەوەی ساڵانێکی زۆری بوێت. دەرئەنجام ترەمپ ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران ڕاگەیاند، پاشان ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەی ئێران هیچ سازشێک قبوڵ بکات.

ئەو هاوکێشانەی کە مانگێک لەمەوبەر ترەمپیان ناچار کرد پاشەکشە بکات، تا ئێستاش بەردەوامن. تەنانەت ئەگەر ترەمپ هەڕەشەکانی بۆ لەناوبردنی شارستانییەتی ئێران لە ڕێگەی بۆردومانی زیاترەوە جێبەجێ بکات، بەڵام ئێران هێشتا دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بتەقێنێت پێش ئەوەی ڕژێمەکەی بڕوخێت، ئەمە ئەگەر ئەسڵەن هەر بڕوخێت. هەروەها ئێران تەنها بە چەند لێدانێکی سەرکەوتوو دەتوانێت ژێرخانی نەوت و غازی ناوچەکە بۆ ساڵانێکی درێژ، ڕەنگە بۆ چەندین دەیە پەکبخات، ئەمەش جیهان و خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش پاڵدەنێتە ناو قەیرانێکی ئابووریی درێژخایەنەوە. تەنانەت ئەگەر ترەمپ وەک بەشێک لە ستراتیژیی کشانەوە بیەوێت ئێران بۆردومان بکات، بۆئەوەی لە شاردنەوەی پاشەکشەکەیدا وەک بەهێز دەربکەوێت، بە هیچ جۆرێک ناتوانێت ئەو بۆردومانە بکات ئەگەر مەترسی ئەم کارەسات و سەرکشیکردنە لەبەرچاو نەگرێت.

ئەگەر ئەم دۆخە کش مەلیکنەبێت، کە زۆر لەوەوە نزیکە. ڕاپۆرتەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ترەمپ داوای لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کردووە هەڵسەنگاندن بۆ کاردانەوەکانی ڕاگەیاندنی سەرکەوتن و کشانەوەی ئاسایی بکەن. ناتوانرێت لەسەر ئەمە لۆمە بکرێت، چونکە گرەوکردن لەسەر ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران ستراتیژێکی ڕاستەقینە نییە، بەتایبەتی کە ئەم ڕژێمە لەبەردەم لێدانە سەربازی و ئابوورییە یەک لەدوای یەککاندا خۆی گرتووە. ڕەنگە سبەی بڕوخێت، یان دوای شەش مانگ، یان ڕەنگە هەرگیز نەڕوخێت. بەڵام ترەمپ هێندە کاتی بۆ چاوەڕوانی لەبەردەستدا نییە، لە کاتێکدا ڕەنگە نرخی نەوت بەرەو ١٥٠، یان تەنانەت ٢٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز ببێتەوە، هەروەها هەڵاوسان لە بەرزبوونەوەدایە، قەیرانی خۆراک و کاڵا لەسەر ئاستی جیهاندا دەستپکردووە. هەموو ئەمانە پێویستییان بە چارەسەرێکی خێراترە.

بەڵام هەر چارەسەرێک جیا لە تەسلیمبوونی کرداریی ئەمریکا، سەرکشیی گەورەی تێدایە کە ترەمپ تا ئێستا هیچ ئامادەییەکی بۆ گرتنەئەستۆی ئەو سەرکشییە نیشان نەداوە. ئەوانەی بە ئاسانی داوا لە ترەمپ دەکەن کە زوو کۆتایی بە ئەرکەکە بهێنێت، کەمتر دان بە تێچوونەکانیدا دەنێن. ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادە نەبێت بۆ ئەنجامدانی جەنگێکی زەمینی و دەریایی هەمەلایەنە بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی ئێستای ئێران و پاشان داگیرکردنی ئێران تا ئەو کاتەی ڕژێمێکی نوێ دەتوانێت خۆی جێگیر بکات. ئەگەر ئەمریکا ئامادە نەبێت سەرکشی بە لەدەستدانی ئەو کەشتییە جەنگییانەی خۆی بکات کە یاوەریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەروویەکی کێشەلەسەردا دەکەن، هەروەها ئەگەر ئامادە نەبێت بەرگەی ئەو زیانە وێرانکەر و درێژخایەنە بگریت کە بەهۆی وەڵامدانەوەی ئێرانەوە بەسەر ژێرخانی بەرهەمهێنانی ناوچەکەدا دێت، ئەوا کشانەوەی لە ئێستادا ڕەنگە وەک بژاردەیەک دەربکەوێت کە کەمترین خراپی تێدا بێت. بەڵام لە ڕوانگەی سیاسییەوە، ڕەنگە ترەمپ وای ببینێت کە چانسی ڕزگاربوونی خۆی لە شکست پێ باشتر بێت وەک لە چوونە ناو جەنگێکی گەورەتر، درێژتر و تێچوویەکی زیاتر کە ڕەنگە دەرئەنجام ئەو بژاردەیەش هەر بە شکست کۆتایی بێت.

شکستی ویلایەتە یەکگرتووەکان نەک تەنها مومکینە، بەڵکو ئەگەری زۆریشی هەیە، ئەوەی لە ئەرزی واقیعدایە دەقاودەق شێوازێک لە شکستە!

گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا هەر دەمێنێتەوە. ئەو گریمانە باوەی کە دەڵێت گەرووەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان دوای کۆتاییهاتنی قەیرانەکە سەرلەنوێ دەکرێتەوە، گریمانەیەکە کە هیچ بنەمایەکی لۆژیکی نییە. چونکە ئێران هیچ بەرژەوەندییەکی لە گەڕانەوە بۆ دۆخی هەبووی پێش جەنگ نییە. هەندێک کەس باس لە دابەشبوون لە نێوان توندڕەوەکان و میانڕەوەکان لە تاران دەکەن، بەڵام هەرچەندە ڕێککەوتنەکە سەرنجڕاکش و موغری بێت، تەنانەت میانڕەوەکانیش درک بەوە دەکەن کە ئێران ناتوانێت دەستبەرداری گەرووەکە بێت. یەکەم: تا چەند متمانە بە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ترەمپدا دەکرێت؟ ئەو بە کردەوە شانازیی بە دووبارەکردنەوەی هێرشی لەناکاوی ژاپۆن بۆ سەر پێرڵ هاربەردەکات، کاتێک ڕەزامەندی لەسەر تیرۆرکردنی سەرکردایەتی ئێران لە کاتی دانوستانەکاندا دەربڕی. ئێرانییەکان ناتوانن دڵنیابن لەوەی کە ترەمپ تەنها چەند مانگێک دوای واژۆکردنی هەر ڕێککەوتنێک دووبارە بڕیاری هێرشێکی نوێ نادات. هەروەها ئەوان باش دەزانن کە ئیسرائیل ڕەنگە لە هەر کاتێکدا جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەریان، چونکە لە بەرامبەر بەربەستەکاندا خۆی بە پابەند نازانێت کاتێک وا دەبینێت کە بەرژەوەندییەکانی لەژێر هەڕەشەدان.

بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلیش لە ڕاستیشدا هەر لەژێر هەڕەشەدا دەمێننەوە. وەک چۆن زۆرێک لە شارەزایانی کاروباری ئێران ئاماژەیان پێداوە، پێدەچێت ڕژێمی تاران بەهێزتر لەوەی پێش جەنگ کە هەبوو لەم قەیرانە بێتە دەرەوە، دوای ئەوەی نەک تەنها توانای ئەتۆمیی ئەگەریی خۆی پاراستووە، بەڵکو چەکێکی کاریگەرتریشی بەدەستهێناوە، کە ئەویش توانای بە بارمتەگرتنی بازاڕی وزەی جیهانییە. کاتێک ئێرانییەکان باس لە کردنەوەی سەرلەنوێ گەرووەکە دەکەن، مەبەستیان هێشتنەوەیەتی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا. ئێران دەتوانێت نەک تەنها باج و ڕسووماتی تێپەڕبوون بسەپێنێت، بەڵکو دەتوانێت هاتوچۆ بۆ ئەو وڵاتانەش سنووردار بکات کە پێوەندیی باشیان لەگەڵیدا نییە. ئەگەر وڵاتێک بە شێوازێک ڕەفتار بکات کە بەدڵی سەرکردایەتی ئێران نەبێت، تاران دەتوانێت تەنها بە خاوکردنەوە، یان تەنانەت هەڕەشەی خاوکردنەوەی جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکانی لە ڕێگەی گەرووەکەوە سزای بدات.

توانای داخستن، یان کۆنترۆڵکردنی ڕۆشتنی کەشتییەکان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، بۆ ئێران ڕاستەوخۆ لە هێزی تیۆریی بەرنامە ئەتۆمییەکەی گەورەترە. ئەم کارتە ڕێگە بە سەرکردەکانی تاران دەدات وڵاتان ناچار بکەن سزاکانی سەریان هەڵبگرن و پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا ئاسایی بکەنەوە، یان ڕووبەڕووی سزای پێچەوانە ببنەوە. ڕەنگە ئێستا ئیسرائیل لە هەموو کاتێک زیاتر گۆشەگیرتر خۆی ببینێتەوە، لەم نێوەندەدا ئێران دەوڵەمەندتر دەبێت و خۆی سەرلەنوێ پڕچەک دەکاتەوە و بژاردەی ئەتۆمیی خۆی بۆ داهاتوو دەپارێزێت. لە جیهانێکدا کە تاران کارتی کاریگەریی دابینکردنی وزەی زۆرێک لە وڵاتانی لەبن دەستدا بێت، ڕەنگە ئیسرائیل خۆی بە دەستەوەستان ببینێتەوە، تەنانەت لە هێرشکردنە سەر هاوپەیمانەکانی ئێران، هەروەها ڕەنگە ڕووبەڕووی فشارێکی نێودەوڵەتیی گەورە ببێتەوە هەر کاتێک لە لوبنان، غەززە، یان هەر شوێنێکی دیکە ئیستفزازی ئێران بکات.

هەروەها ئەم دۆخە نوێیەی کە لە گەرووی هورمزدا هەیە، دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگیی هێز و نفووز لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا. ویلایەتە یەکگرتووەکان سەلماندی کە لە ناوچەکەدا تەنها پڵنگێکی کارتۆنییە، ئەمەش وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی عەرەبی ناچار دەکات خۆیان لەگەڵ ئێراندا بگونجێنن. وەک چۆن هەردوو توێژەر ڕوێڵ گێرێختو ڕای تەکێ لەم دواییانەدا لە وتارێکدا نووسیویان: ئابووریی وڵاتانی عەرەبی کەنداو لە ژێر سێبەری هەژموونی ئەمریکادا بنیات نرا. ئەگەر ئەم چەترە لاببرێت، و لەگەڵیدا ئازادیی کەشتیوانیش لە گەرووی هورمزدا نەمێنێت، ئەوا وڵاتانی کەنداو خۆیان ناچار دەبن کە ڕوو لە تاران بکەن. تەنها ئەم وڵاتانەش نا. بەڵکو سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە پشت بە وزەی هاتوو لە کەنداوەوە دەبەستن، ناچار دەبن ڕێکخستنی تایبەت بە خۆیان لەگەڵ ئێراندا بدۆزنەوە.

ئەدی ئەلتەرناتیڤ چییە؟ ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بەو هێزە دەریاییە زەبەلاحەی خۆیەوە نەتوانێت، یان ئامادە نەبێت گەرووەکە بکاتەوە، بێگومان هیچ هێزێکی دیکە بەراوود بە ئەمریکا کە خاوەنی بەشێکی بچووک لەو توانا سەربازییەیە، ناتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات. سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ چاودێریکردنی گەرووەکە دوای ئاگربەست، زیاتر لە گاڵتەجاری دەچێت. سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، بەڕوونی ئەوەی خستۆتەڕوو کە ئەم هاوپەیمانێتییەلە ناو گەرووەکەدا تەنها لە بارودۆخی ئاشتیدا کاردەکات، واتە تەنها کاتێک یاوەریی کەشتییەکان دەکات کە لە بنەڕەتدا پێویستیان بە یاوەر نییە. بەڵام تا کۆنترۆڵی گەرووەکە لە بندەست ئێران بێت، ئەوا تا ماوەیەکی درێژ ئارامی بەخۆیەوە نابێت. ڕەنگە چین هەندێک کاریگەری لەسەر تاران هەبێت، بەڵام تەنانەت ئەویش بە تەنها ناتوانێت بە زەبری هێز گەرووەکە بکاتەوە.

یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم گۆڕانکارییە، ئەگەری دەستپێکردنی پێشبڕکێیەکی فراوانی خۆپڕچەککردنی دەریایی نوێیە لە نێوان هێزە گەورەکاندا. لە ڕابردوودا، زۆربەی وڵاتانی جیهان، بە چینیشەوە، بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە قەیرانە، یان مامەڵەکردن لەگەڵیاندا پشتیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبەست. بەڵام ئێستا، وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا کە پشت بە سەرچاوەکانی کەنداو دەبەستن، لەبەردەم لەدەستدانی دابینکردنی وزەی حەیاتی بۆ سەقامگیریی ئابووری و سیاسی خۆیان بە بێتوانا دەبیننەوە. ئیتر تا کەی جیهان بەرگەی ئەمە دەگرێت پێش ئەوەی دەستبکەن بە بنیاتنانی هێزە دەریاییەکانی خۆیان، وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی نفووز لە جیهانێکدا کە پشێوی تێدا زاڵە، سیستم و توانای پێشبینیکردن تێیدا بەرەو پاشەکشە دەڕوات؟

هەروەها شکستی ئەمریکا لە کەنداو دەرهاویشتەی جیهانی بەرفراوانتری دەبێت. تەواوی جیهان ئێستا بینییان کە چۆن تەنها چەند هەفتەیەکی کەم لە جەنگ لەگەڵ هێزێکی پلە دوودا، بووە هۆی بەتاڵکردنی کۆگای چەکەکانی ئەمریکا تا ئاستێکی مەترسیدار، بەبێ هەبوونی هیچ چارەسەرێکی خێرا بۆ قەرەبووکردنەوەیان.

ئەو پرسیارانەی کە ئەم واقیعە سەبارەت بە ئامادەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ چوونە ناو ململانێیەکی گەورەی دیکە دەیوروژێنن، کە ڕەنگە شی جینپینگهان بدات بۆ هێرشکردنە سەر تایوان، یان ڤلادیمێر پوتینبۆ پەرەپێدانی دەستدرێژییەکانی دژ بە ئەوروپا، کە ڕەنگە ئەمەش نەکەن. بەڵام، لانی کەم، هاوپەیمانەکانی واشنتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەوروپا لە ئێستادا لەسەر توانای خۆڕاگریی ئەمریکا لە هەر ململانێیەکی داهاتوو دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

لە ئێستادا پرۆسەی خۆگونجاندنی جیهانی لەگەڵ جیهانێک پاش هەژموونی ئەمریکا خێراتر بووە. لەدەستدانی نفووزی ئەمریکا لە کەنداو، تەنها یەکەم قوربانیی گەورەی ئەم وەرچەرخانەیە. بێگومان لە داهاتوودا چەندین قوربانی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

سەرچاوە:

لینکی وتارەکە بە زمانی عەرەبی

https://alkhanadeq.com/post/10778/%D8%B1%D9%8

لینکی وتارەکە بە زمانی ئینگلیزی

https://www.theatlantic.com/international/2026/05/iran-war-trump-losing/687094/

Merza Ali
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…