نووسنی : نەوزاد عومەر
ئایا زیرەکیی دەستکردیش لە ئایندەدا وەک بۆرسەی زێڕ و نەوت بۆرسەی تایبەت بەخۆی دەبێت بۆئەوەی وەک کاڵایەکی دارایی نوێ مامەڵەی پێوە بکرێت؟
ئابووریی دیجیتاڵی جیهانی لەگەڵ زیادبوونی پشتبەستن بە زیرەکیی دەستکرد و کۆمپیوتەری هەور (cloud computing)دا گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی بەسەردا دێت، چیتر سەرچاوەکانی کۆمپیوتەر تەنها وەک ژێرخانێکی تەکنەلۆژیی فیزیکی نامێننەوە، بەڵکو پەیتا پەیتا بۆ بنەچەیەکی ئابووری دەگۆڕێن کە لە ڕووی داراییەوە دەتوانرێت بازرگانی پێوە بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، گروپی (CME) کە گەورەترین بازاڕی وەرگیراوی مالی ( سوق للمشتقات المالیە) جیهانە، بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای ( DRW) و (Silicon Data)، دوای تەواوکردنی ڕەزامەندیی ڕێکخراوەیی پێویست سەبارەت بە دەستپێکردنی یەکەم بازاڕ بۆ گرێبەستی ئایندەیی پەیوەست بە بازاڕی کۆمپیوتەری داهاتوو (Compute Futures) پلانەکانی خۆیان ڕاگەیاند. بیرۆکەی بنەڕەتی پشت ئەم گرێبەستانە، بریتییە لە بازرگانیکردن بە هێزی کۆمپیوتەری داهاتوو لەبری بازرگانیکردن بە کاڵا تەقلیدییەکانی وەک نەوت، یان زێڕ. بە واتایەکی دیکە، لە داهاتوودا سەرمایەی بنەڕەتی، یان بنەچەی سەرمایە (Underlying Asset) لەم گرێبەستانەدا کانزا، یان وزە نابێت، بەڵکو نرخی کرێی داواکاریی لە کاتی پێوستدا لەسەر یەکەکانی پرۆسێسی ناوەندی (CPU) لە ڕێگەی ناوەندەکانی داتا و خزمەتگوزارییەکانی کۆمپوتەری هەورەوە (Cloud Services ) دەبێت.
ئەم بازاڕە، یان ئەم بۆرسەیە پشت بە نیشدەرەکانی ڕۆژانە (مۆشرات یومیە) دەبەستێت کە نرخی کرێی کۆمپیوتەرەکان لە کاتی ڕاستەقینەدا دەپێوێت، ئامانج لێی دروستکردنی نرخێکی پێوانەییە (Benchmark Price) کە پەرشوبڵاوی نرخەکانی ئێستا لە نێوان پێشکەشکارە جیاوازەکانی خزمەتگوزاری هەور و چەندین ناوچەی جوگرافی کەم دەکاتەوە. ئەمڕۆ تێچووی کۆمپیوتەر بەپێی شوێنی ناوەندەکانی داتا، ئاستی خواست و جۆری خزمەتگوزاری زۆر جیاوازە، ئەمەش نادڵنیایی بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد پەرەپێدەدەن دروست دەکات.
لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی پێشکەوتنێکی هاوشێوەی گۆڕینی نەوت، یان کارەبا بۆ کاڵایەکی دارایی پارێزراو (Hedging)، یان (التحوط) دەکات. بەو واتایەی کە ئەگەر بازاڕەکان بە شێوەیەکی چاوەڕوانکراو گۆڕاکارییان بەسەردا هات، بتوانرێت پارێزراو بن. چونکە ئایندەی کۆمپیوتەر ڕێگە بە کۆمپانیاکان دەدات خۆیان لە ناجێگیری نرخی سەرچاوەکانی کۆمپیوتەر (Hedging) لە داهاتودا لە ڕێگەی جێگیرکردنی تێچووی چاوەڕوانکراو بپارێزن، ئەمەش بۆ ئەو کۆمپانیایانە زۆر گرنگە کە پشت بە ڕاهێنان و بەڕێوەبردنی پرۆسێسی مۆدێلەکانی زمانی گەورەی ( وەک ChatGpt، Claude ئەوانی دیکە) دەبەستن.
تێری دافی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای(CME Group)، کۆمپیوتەری وەک نەوتی سەدەی بیست و یەک وەسف کردووە، دەرئەنجامی زیادبوونی ناوەندییەتی لە ئابووری جیهانیدا. هەروەها دۆن ویلسۆن (Don Wilson)، دامەزرێنەری کۆمپانیای (DRW)، پێی وایە بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی پێوەندییەکانی کۆمپیوتەر بە زیرەکیی دەستکرد، خزمەتگوزاری هەور و ئابووریی دیجیتاڵییەوە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە گەورەترین کاڵای جیهان. گرنگی ئەم دەستپێشخەرییە لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە بازاڕی جیهانی کۆمپیوتەر لە ئێستادا بە بەهای تریلیۆن دۆلارە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ڕاهێنانی مۆدێلی پێشکەوتوو، بەڕێوەبردنی بەرنامە زیرەکەکان و فراوانکردنی ژێرخانی کۆمپیوتەری هەورەکانە. لەگەڵ زیاتر پشت بەستنی کۆمپانیاکان بە سەرچاوەکانی کۆمپیوتەر وەکو زانیارییەکی سەرەکی بەرهەمهێنان، بێگومان سەرهەڵدانی ئامرازە داراییەکان بۆ بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی پەیوەست بەم سەرچاوەیە دەبێتە شتێکی لۆژیک. هەروەک چۆن لە بازاڕەکانی وزە و کەرەستەی خاودا ڕوودەدات.
بۆیە دروستکردنی بۆرسەی کۆمپیوتەر بە مانای فرۆشتنی خودی زیرەکیی دەستکرد نییە، بەڵکو گۆڕینی هێزی کۆمپیوتەرەی پێویستە لە بەرهەمهێنانی زیرەکیی دەستکرددا بۆ کاڵایەکی دارایی کە بتوانرێت نرخی خرێتە سەر، ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێوە بکرێت و پارێزگاری (Hedging) لە سەرچاوەکانی بکرێت. ئەم گۆڕانکارییە نوێنەرایەتی سەرەتای قۆناغێکی نوێ دەکات کە دەتوانرێت بە “داراییکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی” (Financialization of Digital Infrastructure) وەسف بکرێت. کە سەرچاوەکانی کۆمپیوتەریش ملکەچی هەمان لۆژیک دەکات، وەک چۆن پێشتر بازاڕەکانی نەوت، گاز و کارەبای بەڕێوەدەبرد.
ئەگەر ئەم تاقیکردنەوە سەرکەوتوو بێت، ڕەنگە لە داهاتوودا ببینین نرخی کۆمپیوتەر لە شاشەی بۆرسەکانی بازرگانی جیهانیدا، شانبەشانی نەوتی خاوی برێنت، زێڕ و غازی شلی سروشتی ڕیز بکرێن. ئەمەش ڕەنگدانەوەی گۆڕینی داتا و کۆمپیوتەرە بۆ پایەی سەرەکیی ئابووریی جیهانی نوێ.
سەرچاوەکان
1- CME Group. (2026). Announcements on Compute.
2- Futures Market Development.
3- McKinsey & Company. (2025). The Economic Potential of Generative AI.
3- International Data Corporation. (2025). Worldwide Artificial Intelligence Infrastructure Forecast.
4- Gartner. (2025). Cloud Infrastructure Services Market Analysis.
5- The Age of AI – Henry Kissinger, Eric Schmidt, & Daniel Huttenlocher.


















Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *