عەدنان کەریم
دیسانەوە بەشێکی زۆری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا بە شانۆی شەڕێکی نوێ و تاقیکردنەوەی نوێترین چەك و تەکنۆلۆجیای جەنگیی بێوێنە.
گەرچی ئێران شانۆی ڕاستەوخۆی هێرشی هاوبەشی ئەمجارەی ئەمریکا و ئیسرائیلە بەڵام بەهۆی پەیوەندیی قووڵی کێشەکانی ناوچەکە پێکەوە و پێگەی ناوچەیی ئێران و بەشداریی کاریگەری ئیسرائیل، ئەم شەڕە ڕەهەندێکی فراوانتری بەخۆە گرتووە.
مەرامی ستراتیجیی ئەمریکا لەم شەڕەدا ڕۆشنە بەڵام سنووری ئامانجە نزیك مەوداکان و ئامرازەکانی گەیشتن پێی هێشتا بەناڕۆشنی ماوەتەوە.
لەڕووی ستراتیجیەوە ئەمریکا ئەیەوێ نفووزی ناوچەیی ئێران بەنزمترین ئاست بگەیەنێت و بیکات بە دەوڵەتێکی نۆرماڵی ناوچەکە و گرێدانەوەی بە سیستمی دڵخوازی ناوچەیی خۆیەوە.
تەنگەبەرکردنەوەی نفووزی ئێران لە شەڕی غەزەوە تائێستا قۆناغی زۆری بڕیوە. ئێران چیتر هێزێکی کاریگەری پشتیوانیی حەماس نیە. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریا پێگەی ئێران لەو وڵاتە سفرکرایەوە. حوسیەکان و حیزبوڵڵا، وەکوو دوو پرۆکسیی حکوومەتی ئایەتوڵڵاکان، تێکشکێنراون وڕۆڵیان لە کۆمەك کردنی ئێران بێبایەخکراوە. گەرچی نفووزی ئێران بەسەر هێزە سیاسیە شیعیەکانەوە لە عێراقدا هێشتا بەهێزە بەڵام ئیدارەی ترامب پەیامێکی ڕوونیان بە عێراق داوە لەوبارەوە و ئەمریکا ئامادە نیە بەئاسانی دەسبەردای پێگەی خۆی بێت تیایدا.
پەیامی ئەمریکا بۆ ئێران ڕۆشنە: وڵاتێکی داماڵراو لە چەك و بەرنامەی ئەتۆمی، داماڵراو لە ڕۆکێتی بالیستی و دەسبەرداربوون لە پاڵپشتیی لایەنگرەکانی لە ناوچەکە و بەتایبەتیش دەسهەڵگرتن لە دەستێوەردان لەکاروباری ناوخۆی عێراق بۆ قۆناغی داهاتوو.
ئەو مەرامانەی ئەمریکا، وەکوو پاکێجێکی داواکاریی دەسبەجێ، لە گفتوگۆ دیبلۆماسیەکان لەگەڵ ئێراندا بەبنبەست گەیشتن.
ترساندنی نەیارەکانی خۆی بە بابەتی بەرنامەی ئەتۆمی ودەستێوەردانی ناوچەیی و جبەخانەی سەربازیی هێرشبەر، ئامرازی گەورەن بۆ ستراتیجیی ناوچەیی ئێران و مانەوە وەکوو هێزێکی خاوەن تەماح و پێگەی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوانەی پێشوو لەهەمان کاتدا ئامرازی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن بۆ پارێزگاری لە پێگەی دەسەڵاتەکەی و نواندنی هێز لەناوخۆشدا. لیستی داخوازیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەئێران، عەقیدەی ستراتیجیی ناوخۆیی و ناوچەیی ڕژێمی ئەو وڵاتە ئەخاتە ژێر پرسیارەوە و ئەکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەو ستراتیجەی کۆماری ئیسلامیەوە.
تا ئێستا هەردوولایەنی ململانێکە سوورو پێداگرن سەبارەت بە بەرگری لە ستراتیجیی خۆیان و هەر بەهۆیەوەش گفتوگۆ دیبلۆماسیەکانی نێوانیان هیچ بەرهەمێکی لێنەکەوتەوە و پەیوەندیەکانی هەردوولا وەرگەڕا بۆ شەڕی ئێستا.
بەڕێوەبردنی نەخشەی دوای شەڕی غەززە و ئەڵقەکانی دواتری بنیاتنانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی سیاسەتی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ئێستادا لەگرەوی پاشەکشە بە ئێراندایە بەپێی ئەو پاکیجە لەداخوازی کە ئاماژەم پێدا. پاکێج و داخوازیەك کە لەڕوانگەی لایەنی ئێرانیەوە نەك تەنها ستوونێکی نفووزی ناوچەییان ئەڕووخێنێت بەڵکوو مانەوەی ئەو ڕژێمە لە ناوخۆشدا لەق ولۆق ئەکات. شەڕی ئێستا ئەنجامی پێکەوە نەگونجان و بگرە پارادۆکسی سروشتیی ئەو دووئاراستە سیاسی و ستراتیجیەن.
تەرازووی نابەرابەری هێزی نێوان دوو بەرەی شەڕی ئێستا ڕوون و ئاشکرایە. براوەی شەڕەکەیش بەمانا سەربازیەکەی لەپێشەوە مەعلوومە. ئەوەی نادیار و جێی پرسیارە بریتیە لە مەسەلەی چۆنیەتیی بەدیهاتنی ئامانجە چەند جەمسەرێکەی بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل و میکانیزمەکانی گرەنتیکردنی دەسگەیشتن بەو ئامانجانەی پشتی شەڕەکە.
سەرباری بوونی هەندێ جیاوازی لە نێوان هەردوو لایەنی بەرەی هاوپەیمانی ئەمریکا – ئیسرائیل سەبارەت بە شێوازی بەدیهێنانی ئامانجەکانیان لەم شەڕەدا، هێشتا هێچ لایەکیان بە جیا یا بە هاوبەشی خاوەنی ڕوئیایەکی دیاریکراوی ڕۆشن نین سەبارەت بە داهاتووی ئێران ودەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتە و میکانیزم وسیناریۆکانی گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
ئیسرائیل هەڵپەی ڕووخانی دەسەڵاتی مەلاکانیەتی بێئەوەی نەخشەیەکی ڕوون و کەرەسەکان و ئامرازە پێویستیەکانی ئەو ئامانجەی لەبەردەستدا بێت جگە لە شەڕ و پەلاماری ئاسمانی و تۆپباران وهەڵمەتی مووشەکی و کوشتنی سەرانی ڕژێمی ئێران و وردوخاشکردنی توانا سەربازیەکانی. بەڵام ئەمریکا، سەرباری هاوڕایی لەگەڵ ئیسرائیل لەبواری ئەو میکانیزمانەی پێشوو، چۆتە ناو شەڕێکەوە کە هێشتا بەتەواوی ساغنەبۆتەوە سەبارەت بە چەندین بژاردەی وەکوو هاندانی خەڵکی ئێران بۆ ڕووخانی ڕژێم یاخو بانگەوازی هەندێ باڵی میانڕەوی ناو دەسەڵات بۆ یەکلاکردنەوەی مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسیی یا پشتیوانیی هەندێ هێزی کەم کاریگەری ئۆپۆزیسیۆن.
ئەوانە هەموویان گورزەیەکن لەو بژاردە گریمانەییانەی کە ئەمریکا چاوی تێبڕیون بێئەوەی پلانێکی ڕۆشنی بۆ هیچیان هەبێت لەکاتێکدا شەڕی ناوبراو لەگەرمەی دایە.
ئیدارەی ترامب لەبەرانبەر ئاڵۆزیە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی کەیسی ئەمڕۆی ئێراندا لە دووڕیانێکدا وەستاوە. ناکۆکیەکانی کەیسی ئێران لەوە ئاڵۆزترن کە بواری ساغبوونەوە لەسەر تەنها بژاردەیەك بکرێ سەرچاوەی بڕیار بۆ ئەمریکا.
هێزە ئیسڵاحیەکانی ئێران لەوە لاوازترن کە، سەرباری کوشتنی عەلی خامنەیی و دەیان کەسایەتیی خاوەن پێگەی بواری سەربازی و ئاسایش و دەزگای سەرکوت، بتوانن نفووزی باڵی هێزە تووندڕەوەکانی دەسەڵات پەکبخەن کە هەموو جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵات و بڕیاری سیاسی و سەرکوتیان لەدەستدایە.
کۆماری ئیسلامی، جگە لەوەش، هەموو دەزگا سەرکوتگەرەکانی بەهەموو تواناوە لە شارەکاندا لەبەرانبەر خەڵکی ئێران مۆڵداوە و فەزای کوشتار و سەرکوتی خوێناویی بەسەرسەری خەڵکەوە ڕاگرتووە. ئەو دۆخە بژاردەی هاتنەسەرشەقام و بەشداریی خەڵکی لە ڕووخاندنی ڕژێم لە جەرگەی شەڕدا لاواز و کەم کاریگەر کردووە و ئەو کارتی ئامرازەی ئەمریکای سووتاندوە. جگە لەوەش گەرچی خەڵكی ئێران بۆ فریادڕەسێك ئەگەڕێت بەڵام متمانەیان بە ئەمریکا لەئاستی چاوەڕوانیەکانی ترامبدا نیە .
هەرچی باڵە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنە، لەبەر زۆر هۆکار و بەتایبەتی بەهۆی سەرکوت و ڕاونانیان بۆ دەرەوەی وڵات، پایگایەکی ماددی و تەنانەت جەماوەری و مەعنەویی بەهێزیان نیە و بۆ ئەرکێکی لەوجۆرە هیچی ئەوتۆیان لەدەست نایات بگرە زۆربەیان خۆشباوەڕانە چاویان بڕیوەتە شەڕ و گوشاری ئەمریکا تا پاش ڕووخانی ڕژێم دەسەڵات بە پاککراوی بسپێرێت بەوان.
کشت ئەو ڕاستیانە قەیرانی دەسەڵاتیان لە ئێراندا جێهێشتووە بۆ پلاندانەرانی شەڕی ئێستا و نەخشەی ئەوان بۆ قۆناغی دوای سەرکەوتن لەم شەڕەدا.
لە ئێستادا ولەئەگەری وەشاندنی دوایین گورزە کاریگەرەکان لە ئێران لەم شەڕدا، هەموو سیناریۆکان بەستراونەتەوە بە چۆنیەتیی وەلامدانەوە بە پرسیاری فۆرم و داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا.
بانگەوازی تا ئێستای ئەمریکا بۆ خەڵکی ئێران بەمەبەستی هاتنەمەیدان بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ڕژێم و تەواوکردنی ئامانجی دووەمی شەڕەکە، لەبەرەی خەڵکەوە بێ وەڵام ماوەتەوە. نابێ ئەوەش فەرامۆش بکەین کە مەبەستی ترامب لەو بانگەوازەی ( گەلی ئێران ) بەتەنها خەڵکی تینووی ئازادیی ئەو وڵاتە نیە بەڵکوو لەڕوانگەی ئەوەوە هەر باڵ و گرووپ و کەسایەتیەك ئەگرێتەوە کە ئەرکی دوایی هێنان بە باڵی تووندڕەوی دەسەڵاتداری ئێستا ئەنجام بدات. بەبڕوای ترامب کوشتنی خامنەیی هەنگاوێك بوو بۆ لابردنی سەرسەختترین نوێنەری ئەو باڵە و ڕێگە ئەکاتەوە بۆ ” کەسایەتیە پراگماتیستەکان ” بۆ گرتنەدەستی سووکانی دەسەڵات. ئەوجۆرە ئاڵوگۆڕە لابردنی تاقمێکی دەسەڵاتدار مسۆگەر ئەکات بەبێ گۆڕینی سەرجەم مەنزوومەی ڕژێمەکە. ئەوەش دڵخوازترین سیناریۆیە لە ڕوانگەی ترامب و ئیدارەکەیەوە.
تاقمی دەسەڵاتداری مەلاکان دەستی ئەمریکایان بە باشی خوێندۆتەوە بۆیە هەموو تواناکانی هێزە سەرکوتگەرەکانیان لەبەرانبەر خەڵکدا ڕاگرتووە بۆ ئەوەی شەڕەکە تەنیا لەبەرەکانی ململانێ لەگەڵ ئەمریکا قەتیس بکەن و ئەگەری شەڕی خەڵك لەدژی دەسەڵات لەگۆڕبنێن.
ئەگەری دووبارەکردنەوەی سیناریۆی فەنزویلاش یەکێکی ترە لەبژاردەکانی ئەمریکا بەڵام بە تایبەتمەندیەکانی دۆخی ئێرانەوە. لاوازکردنی زیاتری باڵی تووندڕەی ناو تاقمی دەسەڵات و تەسفیەکردنی پاشماوەی مۆرە دیارەکانی تری، دەستی کەسایەتی و باڵی تری ئامادە بە تەسلیمبوون بە ئەمریکا لەناو ڕیزەکانی دەسەڵاتدا ئەکاتەوە بۆ ڕازیبوون بە مەرج و خواستەکانی.
ئێران هێرشەکانی بۆسەر شیخ نشینەکانی کەنداویش چرکردۆتەوە بەمەبەستی نانەوەی بشێوی و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە وتێکەڵکردنی فایلەکانی ململانێکە تا نیشانی بدات کە دۆخی ناسکی ئەو وڵاتانە و ئاسایشیان بەئەمریکا ناپارێزرێت و ئێران توانای ئەوەی هەیە کە شیرازەی سیستمی ئاسایش و ئابووریی ئەو ناوچەیە بخاتە مەترسیەوە.
بەڵام ئەمریکا لەم شەڕەدا دژی ئێران سەرەنجام بەشوێنی ئامانجێکی ستراتیجیی و دوورمەوداترەوەیە. ملکەچکردن بە ئێرانێك کە دەسەڵاتێکی لاواز تیایدا بەرقەرار بێت، یا گوڕینی دەسەڵات بە تاقمێکی تری ناو هەمان ڕژێم و لەباشترین حاڵەتیشدا گۆڕینی هەموو باڵەکانی دەسەڵاتی ئێستا و هێنانەسەرکاری دەسەڵاتێکی دەستەمۆی نوێ؛ هەموویان پێشەکین بۆ گێڕانەوەی ئێران وەکوو وڵات و دەوڵەتێكی نۆرماڵی بێ پەڕوباڵ بۆ ژێر سایەی هەیمەنەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و لەوێشەوە وەشاندنی دوایین گورزەکان لە سیستمی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەنەمانی سێبەری نفووزی دەسەڵاتی ئێستای ئێران و دەستێوەردان و ئاشووبەکانی، ئەبێ بە بازاڕێکی گەورەی خستنەگەڕی سەرمایە و کاری کۆمپانیاکان و بازرگانی و ساغکردنەوەی کاڵا و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی نەوت و گاز. ناوچەیەکی ئارام بۆ نفووزی جیۆ – ستراتیجیی ئەمریکا کە هەل و بوارێکی مێژوویی ئەڕەخسێنێت بۆ بووژانەوەی ئابووریی ئەمریکا. سەرکەوتنی ئەمریکا بەو ئاراستەیەدا دەروازەیەکی تر ئەکەنەوە بۆ باڵادەستیی جیهانیی ئەو وڵاتە. باڵانسی هێزیش بە قازانجی ئەمریکا ئەگۆڕن لەبەرانبەر هێزە نەیارەکانی وەکوو چین و ڕووسیا لە ڕووی ئابووری و نفووزی ستراتیجیەوە لەم ناوچە هەستیارەدا و سەرەنجامیش پاشکۆیەتیی ئەرووپا بۆ ئەمریکا ئەکەن بە ئەگەرێکی ناچاریی زیاتر.
سەرکەوتنی ئەو ستراتیجیەی ئەمریکا ئاسۆیەکی فراوانیش لەبەردەم پلانەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا ئەکاتەوە و جگە لەوەش ڕەوڕەوەی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە بە ئاراستەی هەیمەنەی هەردوولا خێراتر ئەکاتەوە و هەموو فایلەکانیشی دێنێتەوە سەرمێزی چارەسەرکردن و پێداچوونەوە.
سەرکەوتنی ئەو ئاراستە سیاسیانە، چوارچێوەی خەبات و هەوڵی گەلانی ئێران وعێراق و ناوچەکە و گەلی کوردیش دیاری ئەکەن و کاریگەریی زۆر لەسەر سنوورەکانی جوولەی سیاسی بەجێدێڵن بەهەردوو باری ئەرێنی و نەرێنیدا.
ئەم بارودۆخە لە ئێستاوە هەم چاڵێنج و هەم هەل بۆ بزووتنەوە سیاسیەکان بەرهەم دێنن.
تێگەیشتن خوێندنەوەی دروست بۆ ئەو دۆخ و ئاراستە سیاسیانە یا بەپێچەوانەوە پێداگری لەسەر هەوای ئاراستەی دڵخواز بەڵام نەکردە ونەگونجاو و پێداگری لەسەر ئەو ئارەزووە خوازراوەی کە تەرازووی هێز بواری بۆیان نەڕەخساندووە، هەریەکەیان بە باش یا خراپ ئاکامی جیاواز بەدوای خۆیاندا دێنن. ناسینی چاڵینجەکان و قۆستنەوەی هەلەکان سنوورەکانی هونەری سیاسەتکردن دیاری ئەکەن.
ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەرچاوی کاڵی خەڵکی ناوچەکە ئەم شەڕەیان بەرپانەکردووە. ئەوان مەرامەکانی خۆیان ناشارنەوە بەڵام ناشتوانن بەدوای ڕووخانی ئێراندا هەموو زیندە وزە و ماتە وزەکان و ئاراستەکانی بارودۆخی دوای ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە لەناو خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا کۆنترۆڵ و خەفە بکەن وئەو هێزە سیحریەیان نیە.
ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، بەو ئەگەرانەوە کە لە ئاسۆدان، جێی داخی هیچ کەسێکی ئازادیخواز نیە و ئەتوانرێ، بە کۆمەڵێك مەرجەوە، بکرێ بە هەلێك بۆ بووژانەوەی ڕۆڵی گەلانی ناوچەکە و بەهێزکردنی هاوخەباتی نێوانیان و ئاودانەوەی نەمامی هیوا و ئامانجەکانی ئەوان.
ئازاری ٢٠٢٦




















Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *