کاتێک زیرەکیی دەستکرد سنووری ئامراز تێدەپەڕێنێت

کاتێک زیرەکیی دەستکرد سنووری ئامراز تێدەپەڕێنێت

نووسینی: نەوزاد عومەر

لە نێوان ئەو کێبڕکێیە خێرایەی شۆڕشی زیرەکیی دەستکرددا لە ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ەوە، کە کەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٦ خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی ئەم تەکنەلۆژیایەدا بێت. لە هەمانکاتدا ئەو بازدانە چۆنایەتییەی کە لە توانای مۆدێلەکانی زیرەکیی دەستکرددا ڕوویانداوە، وایکردووە بە هەمان شێوە ببێتە جێگەی گفتوگۆی زانا، پسپۆڕان و ئەوانەشی کە ئارەزووی بەکارهێنانی دەکەن. کەواتە بە دیاریکراوی چی لە وەشانی فێبرایەری ٢٠٢٦ ی زیرەکیی دەستکرددا گۆڕاوە؟ هەروەها چی وای لە پسپۆڕان کردووە سەرەڕای ئەم هەموو ئەم پێشکەوتنە سەرسوڕهێنەرانە نیگەران بن؟

لە ئامرازەوە بۆ کارمەندێکی دیجیتاڵی (AI Agents):

تازەگەری ڕاستەقینەی ئەم نەوەیە تەنها باشترکردنی ئاستی کارکردن، یان وەڵامدانەوەی وردتری پرسیارەکان نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سروشتی پێوەندی نێوان مرۆڤ و زیرەکیی دەستکرددایە. کە زیرەکیی دەستکردی لە مۆدێلی پرسیار و وەڵامەوە ( کە تۆ پرسیار لە مۆدێلەکە دەکەیت و ئەویش وەڵامت دەداتەوە) بۆ مۆدێلی بریکارێکی سەربەخۆ گۆڕیوە، یان ئەوەی کە پێی دەگوترێت بریکارەکانی زیرەکیی دەستکرد (AI Agents).    

ئەم بریکارانە چێتر وەک نەوەکانی پێشتر چاوەڕێی فەرمانی بەردەوام لە مرۆڤ ناکەن، بەڵکو ئەرکێکیان پێدەسپێردرێت و بە سەربەخۆیی تەواوە دەستدەکەن بە جێبەجێکردنی، پاشان بە ئەنجامەوە دەگەڕێنەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، بیهێنە بەرچاوت  لە کۆمپانیاکەت لە جیاتی سکرتێرێکی جێبەجێکار فێرژنێک لە بریکارەکانی زیرەکیی دەستکرد دابمەزرێنیت بۆئەوەی ئیمەێڵەکانت بۆ بخوێنێتەوە و وەڵامی نامە مامناوەندییەکانت بۆ بداتەوە، پاش ئەوەی نامەکان دەخوێنێتەوە بۆی دەردەکەوێت کە تۆ لە کۆبونەوەی داهاتوودا پێویستیت بە پێشکەشکردنی نمایشێک دەبێت، بۆیە بە سوودوەرگرتن و بەکارهێنانی داتاکانی ناو سیستمی کۆمپانیاکە بێگەڕانەوە ئەو ئەرکەت بۆ ئەنجام دەدات و ئامادەی دەکات، هەموو ئەمانە بەبێ ئەوەی تۆ لە هیچ  هەنگاوێکدا دەستوەردان بکەیت. ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە کە ئێستا بریکارەکانی زیرەکیی دەستکرد (AI Agents) دەتوانن  ئەنجامی بدەن. پاڵنەری پشت ئەم گۆڕانکارییە ڕوونە، چونکە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە کارمەندی ئاسایی ڕۆژانە ناتوانێت ڕووبەڕووی زیاتر لە ٢٧٥ ڕێگری لە نێوان نامە، وەڵامدانەوە و پێوەندیکردن ببێتەوە، لەوە ژمارەیە زیاتر وردبینی مرۆڤ ماندوو دەکات و بەرهەمهێنانی لاواز دەکات. لێرەوە ڕۆڵی ئەم بریکارانە وەک پێویستییەک دێنە ناوەوە، بۆئەوەی ئەم ژاوەژاوە دیجیتاڵییە هەڵبمژن و تێیپەڕێنن، مرۆڤیش کاتی زیاتری بۆ بیرکردنەوە لە شتی گرنگتر و ئاڵۆزتر بۆ دەمێنێتەوە.

سەرهەڵدانی بەڕێوەبەری بریکارەکانی زیرەکیی دەستکرد:

ئەم گۆڕانکارییە چەمکێکی کارگێڕی تەواو نوێی دروستکردووە، ئەویش بەڕێوەبەری بریکارەکانی زیرەکیی دەستکردە (AI Agents)، کە چیتر کەسێک وەک بەڕێوبەر سەرکردایەتی تیمێک لە مرۆڤ ناکات، بەڵکو سەرپەرشتی تیمێک لە بریکاری زیرەکیی دەستکرد دەکات کە هاوتەریب بۆ جێبەجێکردنی چەندین ئەرکی جیاواز لە یەک کاتدا کاردەکەن. هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە تا ساڵی ٢٠٤٠ نزیکەی لە ٤٠٪ ی مرۆڤەکان لەلایەن بریکارەکانی زیرەکیی دەستکردەوە سەرپەرشتی دەکرێن و کۆنترۆڵ دەکرێن، ئەم ژمارەیە شایەنی بیرکردنەوە و هەڵۆێستەی قووڵە.

ئەوەی لەسەر سندوقە ڕەشەکەی ئەم وەشانە نوێیە نایزانین:

سەرەڕای هەموو ئەم پێشکەوتنانە، پسپۆڕان دان بە ڕاستییەکی نیگەرانکەردا دەنێن: دەڵێن ئێمە بە تەواوی نازانین ئەم وەشانەی زیرەکیی دەستکرد لە ناوەوە چۆن بیردەکاتەوە. چونکە مۆدێلەکانی ئێستا لە بنەڕەتدا بریتین لە هاوکێشەی بیرکاریی ئاڵۆز، یان ئەلگۆریتمەکان کە لە ڕێگەی هەوڵی دووبارەو و ڕاهێنانەوە کە لەسەریان پراکتیزە دەکرێت تا ئەنجامێکی ڕازیکەر بەرهەم بهێنن، بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا لە ناوەوەی ئەم سندوقە ڕەشەدا دەگوزەرێت، تەنانەت بۆ پەرەپێدەرەکانیشی وەک نهێنییەک ماوەتەوە. لەبەر ئەم هۆکارە کۆمپانیا گەورەکانی وەک مایکرۆسۆفت، ئەنترۆپیک، مێتا و گووگڵ سەرنج و هەوڵەکانیان بۆ تێگەیشتن و ڕوونکردنەوە لە میکانیزمی بڕیاردان لەناو ئەم مۆدێلانەدا ئەوەی کە پێی دەگوترێت بریکاری زیرەکیی دەستکرد چڕتر کردۆتەوە.

توانای فێڵکردن و فریودان مەترسییەکی ڕاستەقینەیە یان زیادەڕۆییە؟

دامەزراوە گەورەکانی توێژینەوە، هەر لە ئەنترۆپیکەوە بۆ مایکرۆسۆفت، لە MIT ەوە تا ستانفۆرد، تاقیکردنەوەی بەرفراوانیان بۆ تاقیکردنەوە لەسەر توانای زیرەکیی دەستکرد لە فێڵکردن و فریودان ئەنجامداوە. دەرئەنجامەکان سەرسوڕهێنەر بوون: دەریانخست بەڵێ، زیرەکیی دەستکرد توانای فێڵکردن و فریودانیان هەیە، بەڵام  تا ئێستا ئاستی ئاسایی فێڵکردنی مرۆڤیان تێنەپەڕاندووە.

لە دیارترین ئەو شتانەی کە لەم تاقیکردنەوانەدا تۆمارکراون:

فریودانی مەرایکردن: ئەم مۆدێلانە مەیلی هاوڕابوون، ڕازیکردن و ستایشکردنیان لەگەڵ بۆچوونی بەکارهێنەرانیاندا لەبری ڕەخنەگرتن هەیە، چونکە ئەم ڕەفتارەیان لە ڕاهێنان لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەرێنییەوە وەرگرتووە و فێریبوون.                                      

فریودانی ستراتیژی لە یارییەکاندا: لە یارییەکانی وەک پۆکەر و دیپلۆماسیدا، ئەم مۆدێلانە توانای شاردنەوەی مەبەست و مانۆرکردنیان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن نیشانداوە.

فریودانی قۆناغی تاقیکردنەوە: هەندێک ئاماژە هەیە کە هەندێک لەم مۆدێلانە لە کاتی چاودێریکردندا ڕەفتاری سەلامەت نیشان دەدەن، بەڵام لە دەرەوەی چاودێریکردندا بە شێوەی جیاواز ڕەفتار دەکەن.

بەڵام تا ئێستا دەرئەنجامەکان تا ڕادەیەک دڵنیاکەرەوەن: فریودان و فێڵکردن بوونیان هەیە، بەڵام ناگاتە ئاستی زیانگەیاندنی بە مەبەست.

گەورەترین هۆشداری، کاتێک زیرەکیی دەستکرد خۆی دروست دەکات:

ڕەنگە مەترسیدارترین سیناریۆ بۆ زاناکان ئەو سیناریۆیە بێت کە لە ڕووی تەکنیکییەوە ئەگەری هەیە: کە بریکارەکانی زیرەکیی دەستکرد سەربەخۆ بتوانن بریکاری نوێ لە لای خۆیانەوە دروست بکەن، چونکە نەوەی ئێستایان سەربەخۆیی پێویست و توانای نووسینی کۆدی پڕۆگرامسازییان پێکەوە هەیە. ئەم ئەگەرەش وایکردوە کە پڕۆفیسۆر جێفری هینتۆن خاوەن خەڵاتی نۆبڵ هۆشداریی بدات لەوەی کە ئەگەری دەرچوونی زیرەکیی دەستکرد لە ژێر کۆنترۆڵی مرۆڤدا لە نێوان  ١٠ بۆ ٢٠٪ دا هەیە، ئەگەر لە ئێستاوە ژیرانە مامەڵەیان لەگەڵدا نەکەین.

چارەسەر، لە پەروەردەکردنی پاراستندایە نەک گوێڕایەڵی:

ئەو چارەسەرەی کە پسپۆڕان پێشنیاریان کردووە، ڕاگرتنی پەرەپێدانی ئەم نەوەیە نییە، بەڵکو ئاراستەی ڕێنماییکردنی دوبارەیە. لێرەدا جیاوازییەکی ورد و بنەڕەتی لە نێوان دوو بەهادا دەردەکەوێت:

گوێڕایەڵی کوێر: ئەمەش بەو مانایەیە کە زیرەکیی دەستکرد هەموو ئەو کارانەی کە داوای لێدەکرێت بەبێ جیاوازی ئەنجامی بدات، بێگومان ئەمە شتێک نییە مرۆڤ خوازیاری بێت، چونکە دەکرێت بۆ مەبەستی زیانبەخش بەکاربهێنرێت.

غەریزەی پاراستن: ئەمەش بەو مانایەیە کە زیرەکیی دەستکرد بە شێوەیەک پڕۆگرام بکرێت کە مرۆڤ بپارێزێت، تەنانەت کاتێک فەرمانەکان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ناکۆکیش بن، ئەمەش ئەو ئامانجە دروستەیە کە پێویستە بۆی تێبکۆشین.

ئەنجومەنی ڕاوێژکاری زانستی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی گرنگدا ئاماژەی بەوەدا کە بەکارهێنانی خراپی زیرەکیی دەستکرد، بە تایبەتی لە توێژینەوە نهێنییە سەربازییەکاندا ڕەنگە ببێتە بابەتی ئاسایشی نەتەوەیی جیهانی.

دەرئەنجام، لە نێوان سەرسامبوون و نیگەرانییەکاندا:

نەوەی ئێستای زیرەکیی دەستکرد تەنها ئامرازێکی ئاڵۆز و پێشکەوتوو نییە، بەڵکو بوونەوەرێکی دیجیتاڵییە کە لەگەڵماندا دەژێت، لێمان فێردەبێت و بە سەربەخۆییەکی ڕوو لە زیادبوونەوە مامەڵەمان لەگەڵدا دەکات. وەک پسپۆڕان دەڵێن: ئەمە لە منداڵێکی زیرەک دەچێت کە بە هەر شێوەیەک پەروەردەیان بکەین، یان چەند زیاتر ڕاهێنانیان پێبکەین، کاتێک گەورە دەبن بەو شێوە مامەڵەمان لەگەڵدا دەکەن. بەڵام جیاوازییە مەترسیدارەکەش ئەوەیە کە ڕێژەی گەشەسەندنی مێشکی ئەوان لە ڕێژەی گەشەسەندنی ئێمە زۆر خێراتر و زیاترە. چونکە چیتر ئایندە بە نەزانراوی دووردا نەماوەتەوە، بەڵکو لە ئێستاوە لە دەرگاکانمان دەدات. ئەو پرسیارە حەتمییەی کە ناچارین ڕووبەڕووی ببینەوە دەخاتە پێشمان: کە ئایا ئێمە تا چەند ئامادەین بۆ ئەو ئاڵنگارییە؟

Merza Ali
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…