نووسینی: نەوزاد عومەر
مۆدە، لە ڕووکەشدا، وەک جیهانێک لە قوماش و ڕەنگ دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکیدا، وەک ئەوەی کۆمەڵناسی هاوچەرخی فەرەنسی “جیل لیپۆڤێتسکی” لە کتێبی “شانشینی مۆدە”دا بە نەمانی نوێبوونەوەی ڕاستەقینەی دایدەنێت و دەڵیت: دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە، ڕەنگدانەوەی سروشتی مرۆڤە لە سەردەمی مۆدێرنیتەدا. تەنها ئامرازێک نییە بۆ ڕازاندنەوە و جوانکاری، بەڵکوو زمانێکی هاوچەرخە و گوزارشت لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و پێوەندی تاک لەگەڵ خۆی و ئەوانی دیکەدا دەکات. لەم چەند دەیەی دوایدا وەک دیاردەیەکی ئارەزوومەندانە بۆ گۆڕانکاری لە ئەوروپا لەدایک بوو. دەرئەنجامی ئەوەی لەم سەردەمەدا گۆڕانکاری لە خۆیدا بووە بە بەها، نەک پێویستی بۆیە بەردەوام لە گەشەدایە.
فاشن (Fachion) یان، مۆدە لەگەڵ سەرهەڵدانی مۆدێرنیتەدا سەریهەڵداوە، کاتێک مرۆڤ بۆ ئازادبوون لە سنووردارکردنی ڕەق و نەریتی دەستی بە کۆشش کرد و بەردەوام بەدوای جیاکاری و داهێناندا وێڵە. لە کاتێکدا جل و بەرگ سەردەمانێک گوزارشتی لە پێوەندی چینایەتی دەکرد، بە یاساگەلێکی جێگیرەوەوە پابەند بوو، بەڵام لە دونیای ئەمڕۆدا بووە بە ئامرازێک بۆ دەربڕینی ناسنامەی تاک. بەم شێوەیە مۆدە گۆڕا بۆ فەزایەکی ئازادی و ڕێگە بە هەر تاکێک دەدات وێنەی خۆی دووبارە لە قاڵب بداتەوە.
بەڵام ئەم ئازادییە لە ناوەڕۆکدا ڕواڵەتییە، لە پشت خۆیەوە لۆژیکێکی جیاوازی دەمامک کردووە. چونکە مۆدە لەسەر بنەمای گۆڕانکاری بەردەوام دامەزراوە، بە جۆرێک نوێکاری لە پێناو خۆیدا دەبێتە شتێکی خوازراو و ئامانجدار، نەک لە پێناو بەها ناوەکییە ڕاستەقینەکەیدا. هەموو شێوازێکی نوێ بە خێرایی درەوشانەوە و سەرنجڕاکێشیی خۆی لەدەست دەدات و شێوازێکی دیکە جێگەی دەگرێتەوە، لە بازنەیەکی بەردەوامی داهێنان و نەماندا دەخولێتەوە. بەم شێوەیە، مرۆڤایەتی دەچێتە دۆخێک لە داواکاریی بەردەوامی نوێبوونەوە، بەبێ ئەوەی هەرگیز بگات بە تەواوبوون، یان ڕەزامەندیی تەواو. هەروەها لەگەڵ گەشەسەندنی کۆمەڵگە بەکاربەرەکاندا، مۆدە بووەتە هێزێکی ئابووری گەورە و ترسناک، تاک بۆ مەسرەفگەرایی بەردەوام پاڵدەنێت و هەستێک لە ناویدا بۆ خواستی هەمیشەیی لە مۆدێلی نوێتر وەک پێویستییەک دروست دەکات. لە هەمانکاتدا میدیا، ئامرازە مۆدێرنەکانی پێوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییە نوێکان لە خێراکردنی ئەم خێراییەدا رۆڵێکی بەرچاویان هەیە، بەجۆرێک ئەگەرچی لە ڕابردوودا مۆدە دیاردەیەکی وەرزی بوو، کەچی لە ئێستادا ڕووداوێکی ڕۆژانەیە و بە خێرایی لە گۆڕاندایە.
لە ڕووی دەروونییەوە، وەک شمشێرکی دوودەم ڕۆڵ دەگێڕێت، لایەکەوە هەستی جیاکاری و سەربەخۆیی بە تاک دەبەخشێت، لە لایەکی دیکەوەش ڕەنگە جۆرێک دڵەڕاوکێ و ناڕازایبوون لە ئەنجامی بەراوردکردنی بەردەوام لەگەڵ کەسانی دیکەدا دروست بکات. لێرەدا پارادۆکسی مۆدەمان بۆ دەردەکەوێت: چۆن مرۆڤ هەوڵدەدات جیاواز بێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەدوای قەرەباڵغی دەکەوێت، هەمان ئەو کارە دەکات کە هەمووان دەیکەن. بۆ نموونە… هەزاران کەس لاسایی هەمان نیگا، یان هەمان ئالێنگاری دەکەنەوە. لەڕاستیدا ئەمە تاکگەراییەکی ڕووکەشە لە چوارچێوەی هاوشێوەبونێکی بەکۆمەڵدا.
بێگومان مۆدە چیتر تەنها لایەنێکی ژیان نییە، بەڵکوو بووە بە چوارچێوەیەک، زۆرجار هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەمان ئاراستە دەکات. ئاوێنەی سەردەمێکە، لەسەر بنەمای خێرایی، بەکاربردن و تاکگەرایی بنیات نراوە. لە هەمانکاتدا، پرسیارێکی قووڵ دەخاتە ڕوو: ئایا ئێمە خۆمان سەربەخۆ بڕیارەکان دەدەین، یان لە ناو سیستمێکی نەبینراودا دەجوڵێین و ئارەزووەکانمان ئاراستە دەکات؟ ئەم تێگەیشتنە لە مۆدە بە واتەی ڕەتکردنەوەی نییە، بەڵکوو ناسینی میکانیزمەکانیەتی، تاکو مرۆڤ بتوانێت بە هۆشیاری لەگەڵیدا مامەڵە بکات و ئازادیی ڕاستەقینەی خۆی لە ناو جیهانێکی پڕ لە گۆڕانی خێرادا بپارێزێت.
لیپۆڤێتسکی لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەوە شیکاری بۆ دیاردەی مۆدە دەکات و ڕوونی دەکاتەوە، چۆن بووەتە بەشێکی جەوهەری لە ژیانی مۆدێرن و دەڵێت: مۆدە تەنها جل و بەرگ، یان ڕواڵەتی دەرەوە نییە، بەڵکوو سیستمێکی کۆمەڵایەتی- فەرهەنگییە و ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاری قووڵی بەهاکانە وەک: تاکگەرایی، بەکاربەری، ئازادیی تاکەکەسی، خواستی خاوەندارێتی بێکۆتا و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ نوێبوونەوە، زمانی مۆدێرنی سەردەمی نیۆلیبراڵیزمە بەڵام زمانێک زۆر زوو تێپەڕ دەبێت. دیدی خۆی لەسەر مۆدە لەم چەند خاڵەی خوارەدا کۆدەکاتەوە:
١. مۆدە وەک هێمای مۆدێرنیتە: مۆدە پەیوەستە بە سەرهەڵدانی کۆمەڵگە مۆدێرنەکانەوە، چونکە لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا بەم شێوەی ئێستا بوونی نەبووە، لەبەرئەوەی گوزارشت لە ڕزگاربوون لە نەریتی ڕەق دەکات.
٢. لە نەریتی جیاکاریی کۆمەڵایەتییەوە بۆ تاکگەرایی: لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا، مۆدە ئامرازێک بۆ جیاکردنەوە و پۆلێنکردنی چینایەتی کۆمەڵایەتی (خانەدانەکان بەرامبەر بە خەڵکی ئاسایی) بوو، چینی سەرەوە داهێنانیان تێدا دەکرد و چینی خوارەوەش تەقلیدیان دەکرد، ئەمەش پێشبڕکێیەکی بەردەوامی بەرەو داهێنان دروستکرد. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی تاکگەراییدا چەمکی “ستایلی کەسی” سەریهەڵدا و بوو بە ئامرازێک بۆ بنیاتنانی ناسنامەی تاک و دەربڕینی خود، هەر کەسێک لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی خۆیەوە دەتوانیت خۆی دیزاین بکاتەوە. هەروەها چیتر جل و بەرگ بەتەواوی لەلایەن کۆمەڵگەوە دیاری ناکرێت.
٣. لە کەمییەوە بۆ بەکارهێنانی خێرا: جەوهەری خولەکانی مۆدەی مۆدێرن ئەو شتەیە ئەمڕۆ بە “مۆدەی خێرا” ناسراوە، لەسەر بنەمای گۆڕانکاری بەردەوام و خێرا دامەزراوە، چونکە چیتر حەز و ئارەزووەکان بە جێگیری نەماونەتەوە و ڕەوتە نوێیەکان بە خێرایی دەگۆڕدرێن، تەنانەت پێش ئەوەی بە تەواوی بەکاربهێنرێن. ئامانج لێیان ڕازیکردنی خەڵکە بۆئەوەی هەمیشە نوێترین شت بکڕن و بە جیاواز دەرکەون.
٤. کاتیبوونی نوێکاری وەک بیرۆکەی ناوەندیی مۆدە: هەموو شتێکی نوێ لە مۆدەدا قەدەری وایە بە خێرایی نامێنێت و شێوەیەکی دیکە جێگەی دەگرێتەوە. نوێبوونەوە بۆ خۆی بووە بە بەهایەک تەنانەت ئەگەر کاتیش بێت. وایکردووە مرۆڤەکان لە خولگەیەکدا بژین: لە داهێنانەوە بۆ بڵاوبوونەوە و دواتر بێزاری، جارێکی دیکە گەڕان بەدوای جێگرەوەی نوێدا. مۆدە بزوێنەری سەرەکی بەرخۆری سیستمی سەرمایەدارییە و لەگەڵ بەرژەوەندی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکانی وەک (Zara وShein) تێکەڵاو بووە، بەردەوام کاڵای نوێ دەخەنە بازاڕەوە بۆ ئەمەش پێویست دەکات خواست بە زیندووی بمێنێتەوە و بەکارهێنەرانیش لەناو سووڕی کڕینێکی بەردەوامی بێکۆتادا گیر بخۆن.
٥. مۆدە و دیموکراسی: چیتر مۆدە لەلایەن دەستەبژێرە باڵاکانەوە قۆرخکار ناکریت، بەڵکوو هەموو کەسێک دەتوانیت بە پلەی جیاواز دەستی بە مۆدێلی جیاواز بگات، چونکە سەرهەڵدانی کۆگای گەورە و جلوبەرگی ئامادەکراو بەشدارییەکی بەرچاویان لەم هەنگاوەدا کردووە. تەنانەت جۆرێک لە ڕەنگدانەوەی یەکسانی و دیموکراسیی ڕووکەشی تێدایە. بێگومان جیاوازیی چینایەتی هەر بەردەوامە، چونکە مۆدەکان یەک کوالیتییان نییە.
٦. کاریگەری دەروونی و کولتووری: ئەگەرچی مۆدە هەستی جیاکاری و سەربەخۆیی بە مرۆڤەکان دەبەخشێت، بەڵام لەهەمانکاتدا دەتوانێت فشاری کۆمەڵایەتی، نیگەرانی تاک لە دەرکەوتنی ڕواڵەت، زیادەڕۆیی لە خواردن، تاکێکی مەسرەفگەراش دروست بکات، هەروەها ڕۆڵێکی دەروونی ئاڵۆز لە ژیانی مرۆڤەکان لە نێوان حەز بۆ مەسرەفگەرایی و وابەستەیی بۆ ناسنامەی خود بەرهەم دەهێنێت.
٧. مۆدە وەک هێزێکی کولتووری و میدیایی: مۆدە چیتر تەنها لە پێوەندی بە جلوبەرگەوە نەماوەتەوە. بەڵکوو لە ئێستادا ئەمانەش لەخۆدەگرێت: شێوازی ژیان، تەکنەلۆژیا، هونەر، شێوازی نان خواردن و قسەکردن تەنانەت هەموو شتێک ملکەچی لۆژیکی مۆدە بووە و بووە بە ترەێند. بێگومان میدیا و دواتر ئینتەرنێت بوون بە بزوێنەری سەرەکی بڵاوبوونەوەی مۆدە و خێراتریان کردوە، چونکە وێنە و ڕیکلامی کەسایەتییە ناودارەکان بوون بە نمونەی ستایل و حەز وئارەزووەکان.
پەیامی سەرەکی جیل لیپۆڤێتسکی لە کتیبەکانیدا ئەوەیە: ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، بە زۆر مۆدە بەسەرماندا ناسەپینرێت، بەڵکوو ئارەزووی خۆمان سەرکردایەتیمان دەکات. لە ڕابردوودا مۆدە وەرزی بوو، بەڵام ئەمڕۆ هەموو ڕۆژێک، یان تەنانەت هەموو کاتژمێرێک لە گۆڕاندایە، پلاتفۆرمەکانی وەک تیک تۆک و ئینستاگرام ترێندی زۆر خێرا لە بەرژەوەندی مۆدە دروست دەکەن، شتێک کە ئەمڕۆ بەناوبانگە، ڕەنگە سبەی نەمێنێت. لیپۆڤێتسکی ئەمە بە مەترسیدارترین جۆری کۆنتڕۆڵکردنی مێشکی مرۆڤ هەژمار دەکات، لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی مۆدێرن تەنها بە مۆد ناژی بەڵکوو لەناو ئەودا دەژێت و تواوەتەوە. لەکاتێکدا ئێمە لە جیهانی مۆدەدا هەست بە ئازادی دەکەین بەڵام بە شێوەیەکی شاراوە و هێندە ورد ئاراستە دەکرێن وا هەست دەکەین هەڵبژاردنی خۆمانە. ئەگەرچی لە ڕابردوودا شوناس (فەرهەنگ، چین، نەریت) جێگیر بوون. بەلام ئەمڕۆ دەتوانرێت بەپێی ڕەوتەکە کەسایەتی خۆمان بگۆڕین، ڕۆژێک کلاسیک، ڕۆژێک وەرزشی، ڕۆژێک مینیمالیستی. لە ڕووکەشدا ئەمە لە ئازادی دەچێت، بەڵام مەترسییەکەی گەورەی لەناو خۆیدا هەڵگرتوە، ئەویش لەدەستدانی هەستی ناسنامەیەکی جێگیرە، واتا مرۆڤی هاوچەرخ بووە بە وەشانێک و بەردەوام لە گۆڕاندایە، زیاتر لەوەی بڕیار دەدات، کاریگەری لە سەر دەبێت.
دەرئەنجام: بۆئەوەی کولتووری مۆدە قووتمان نەدات، پێویستە پێش ئەوەی هەر شتێک بکڕین، لە خۆمان بپرسین ئایا هەر بەڕاستی بۆ ئێمە پێویستە، یان تەنها لەبەر ئەوەی مۆدێرنە و بووە بە ترێند دەبێت بیانکڕین؟، پێویستە شێوازێکی تایبەت بە خۆمان دروست بکەین و شوێن هەموو شتێک نەکەوین، پێداویستی خۆمان هەڵبژێرین، نەک وەک ئەوەی بەناوبانگە و دەنگی دەداتەوە. بە دووبارەکردنەوەی مۆدەکان ڕازبین، پێویست ناکات بەردەوام خۆمان بە مۆدێلی تازە نمایش بکەین، ئەگەرچی ئەم بڕیارە پێچەوانەی لۆژیکی بازاڕە، بەڵام بۆ ئێمە تەندروستترن و باشترینیانە. دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین هۆشیاریمان یەکسانە بە ئازادیمان، تا زیاتر لە سیستمەکە تێبگەین، کەمتر کاریگەری لەسەرمان دەبێت و توانای هەڵبژاردنی ڕاستەقینەمان زیاتر دەبێت.
سەرچاوەکان:
١.جیل لیبوفتسکي، امبراطورية الموضة.. زوال متجدد، الموضة و مصیرها في المجتمعات الغربیة.
٢،. جیل لیبوفتسکي. عصر الفراغ… الفردانية المعاصرة في ما بعد الحداثة .
٣. جیل لیبوفتسکي، حداثة الثانية… وثبة جديدة للفردانية.
٤. جیل لیبوفتسکي، السعادة المتناقضة. مقال عن مجتمع الاستهلاك المفرط.




















Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *