٨ی مارس، بانگەوازێکە بۆ هەموومان،

٨ی مارس، بانگەوازێکە بۆ هەموومان،

نوسینی: وەستا جەلال

٨ی مارس، بانگەوازێکە بۆ هەموومان:

ڕێزگرتن لە رۆژی جیهانی ژن، تەنها هەستێکی ئەخلاقی نییە، باوەڕێکی سیاسی،کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیە، ٨ی مارس پەیامێکە، بۆ ئەم سیستەمە.کە هۆکاری سەرەکی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و زوڵم و ستەمەلە سەر ژنان، بۆیە پرسی ژن، تەنها پەیوەندی بە ژنانەوە نییە، بەڵکو پرسێکی مرۆڤایەتییە، لە هەر کۆمەڵگایەك کە ژن تێیدا نەتوانێت بەبێ ترس بڕیار بدات، لە ڕاستیدا  ئەو کۆمەڵگەیە هێشتا لە قۆناغی ترسدا دەژیت.

تاکو ئێستاکە لە زۆربەی ولاتان، بەتایبەتی لە کوردستان و عێراق، سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا، لەسەر جەستەی ژن تاقی دەکرێتەوە، بەناوی کەلتوور و ئاینەوە، سنوور بۆ ژنان دیاری دەکرێت، سنورەکان بە شێوەیەک پیرۆز پیشان دەدرێن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە نەتوانێت بە ئاسانی ڕەخنە لە بیری پیاو ساڵاری و ئایدیۆلۆژیاکان بگرێت، کاتێک کە پیرۆزیە ئاینی و کەڵتوریەکان دەکرێنە دیوارێك بۆ قەدەغەکردنی ئازادی و دادپەروەردی کۆمەڵگە، ژنیش وەکو مرۆڤێك مافی ئازادی و سەربەخۆیی لەدەست دەدات.

کاتێك کەکۆمەڵگە ڕێگا بە پیاو  دەدات زیاتر لە هاوسەرێکی هەبێت، ئەمە تەنها بابەتێکی کەسایەتی یان ئایینی نییە، بەڵکو جیا کردنەوە و لێدانە لە ماف و ئازادی ژن لە بەرامبەر پیاودا، چونکە واتای یەکسانی ئەوەیە کە یاسا بە یەک شێوە بۆ هەردوو ڕەگەز کار بکات، نەك بۆ یەکێک دەرفەت هەبێت و بۆ ئەوی تر سنوور دابنێت،

لە باشووری کوردستان، هەندێك یاسا هەیە بۆ پشتیوانی لە مافەکانی ژنان، بەڵام  لە ژیانی ڕاستەقینەدا، ژنان لەژێر هەڕەشەی کوشتن، توندوتیژی کۆمەلایەتی و سیستەمی پیاو سالاریدا دەژین. زۆربەی ژنان لە بازاڕی کار و بڕیاری سیاسی،لەناو خێزانیدا دوور خراونەتەوە، لە مافی هاوسەرگیری، مافی منداڵ و میرات، بێ بەش کراون،

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ستەم و نا بەرابەریەی دەرهەق بە ژنان دەکرێت درووشمی ژن ژیان ئازادی لە ناوچەکە بە گشتی و بەتایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕؤژئاوا، کاریگەری زۆری لەسەر خەبات و هاتنە مەیدانی ژنان بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان داناوە، ژنان لە ڕۆژئاوا توانیان لە بەرامبەر کۆنەپەرسترین هێزی ئیسلامی سیاسی (داعش) بوەستنەوە، هەروەها بەشداری ڕاستەوخۆ لە بەڕیوەبردنی کۆمەلگەدا بکەن، کچان و ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر کۆنەپەرسترین رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، توانیان ببن بە سەرمەشق و جێگای ئومێدی ئازادی و پێکەوە ژیان لە کوردستان و ئێران

ژن ژیان ئازادی،تەنها وشەیەکی هەستیار نەبوو، بانگەوازێکی سیاسی ، ئابووری و ئەخلاقی بوو، بۆ گۆڕانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی. ئەم دروشمە تەنها بۆ پاراستنی هەڵومەرجی ژنان نەبوو لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەڵکو درووشمێك بوو بۆ  پرۆژەی ئازادی و ژیان. بۆ ئەوەی دەسەڵات دابەش بکرێت، یاسا بەتەواوەتی یەکسان بێت، ئاین و كەڵتورو ئایدیۆلۆژیا، دەست لە دیاریکردنی چارەنووسی ژن هەڵگرێت،

  ژن ژیان ئازادی، لە چەند ساڵی ڕابردوو بوو بە فەلسەفەیەکی تەواوە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە،

  ١ژن، ژن لێرەدا تەنها ڕەگەزێک نییە، بەڵکوو پێوانەی دادپەروەریی کۆمەڵگەیە. کۆمەڵگەیەك کە ژن تێیدا سنوورداربێت، ئازادی و دادپەروەری لە ژێرمەترسی دایە، واتە پرسی ژن، پرسی بنەڕەتی ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤە. ئەگەر ژن ناچار بێت لە ژێر باری ئابووری ژێردەستەیی دا بژی، ئەوا ئازادی کۆمەڵگە ناتەواوە. ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت: (تا کاتێک ژن لە یاسا، کلتوور و ژیانی ڕۆژانەدا یەکسان نەبێت، هیچ کەسێک بە تەواوی ئازاد نییە.کۆمەڵگەیەک کە نیوەی ئەندامەکانی سنووردار بن، ناتوانێت خۆی بە کۆمەڵگەی ئازاد بزانیت.)

٢ژیان، ژیان ئاماژەیە بۆ ژیانێکی بەڕێز و شکۆدار، ژیانێك کە شایستەی مرۆڤ بێت، نەك تەنها مانەوە لە ژیان. بەڵکو ئەو ژیانەی کە تێیدا مرۆڤ بتوانێت بەبێ ترس، بەبێ فشاری سیاسی، ئابووری، کەڵتووری و ئایدیۆلۆژیا، بڕیار لەسەر ژیانی داهاتووی خۆی بدات.

٣ئازادی. وشەی ئازادی لە زۆربەی سیستەمە سیاسیەکانی دونیا بەکاردهێنرێت، بەڵام ئەو کاتەی کە باس لە ژن دەکرێت، ئەم وشەیە دەبێتە وشەیەکی هەڵواسراو. دەسەڵات دەتوانێت بانگەوازی ئازادی بکات، هەڵبژاردن ئەنجام بدات، یاسا دابنێت، بەڵام ئەگەر ژن لە ناو ئەم سیستەمەدا نەبێتە هاوبەشێکی تەواو، ئەوا ئازادی دەبێتە نیشاندانی شانۆیەکی کۆمیدی سیاسی.

لێرەدا  کە باسی ئازادی دەکرێت تەنها  مەبەست لە ئازادیی تاک نییە، بەڵکو ئازادیی کۆمەڵگایە. ئازادی تەنها ئەوە نییە کە مرۆڤ بتوانێت هەڵبژێرێت، ئازادی ئەوەیە مرۆڤ بتوانێت خۆی بێت. بە هۆشیاری هەڵبژێریت، بە بەرپرسیاریەوە گوتار و کردار ئەنجام بدات، و پرانسیپی ئەخلاقی جێبەجێ بکات. بەکورتی ئازادی بریتییە لە بەکارهێنانی توانای واقعی مرۆڤ بۆ کۆنترۆڵکردنی ژیانی ماددی خۆی و نەمانی ستەم و چەوساندنەوە، کەسێك ناتوانیت بەڕاستی ئازاد بێت ئەگەر ژیانی ئابووری لەژێر دەستی کەسێکی تردابێت،

ئەگەر درووشمی ژن ژیان ئازادی، بگواسترێتەوە بۆ ژیانی ڕۆژانە ئەوە دەبێتە یەكێك لە گرنگترین نموونەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە کوردستان و ناوچەکەدا، بەڵام ئەگەر تەنها لە چوارچێوەی درووشم و هەندێك ڕێکخراودا بمێنێتەوە، ئەوە دەبێتە وێنەیەکی جوانی سیاسی. دیارە ئەم گۆڕانکاریەش تەنها بە ئارەزوو ناکرێت، پێویستی بە هەنگاوی ڕاستەقینە هەیە، ئەرکی ژنان و خەڵکی ئازادیخوازە ،لە هەشتی مارسدا  ژن ژیان ئازادی،لە درووشمێکەوە بیکەن بە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە  کۆمەڵگەی پیاوساڵاری، دیارە ئەم کارەش بەبێ ڕێکخراوبوونی بەرفرەوانی ژنان و هەڵسوڕاوانی بێ وچانی ژنانی ئاگا و وشیار ناچێتەوە پێشەوە.

Merza Ali
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…