بانە رۆز
یەکێک لەو شتانەی کە هەمیشە سەرسامم دەکات لە مامەڵەکردنم لەگەڵ ژنانی زیرەک و پێگەیشتوودا «ئەو ژنانەی کە نەک تەنها بۆ خۆیان بەڵکو بۆ ئەوانی دیکەش دەجەنگن» ئەوەیە کە چۆن قسە کۆنەکان سەبارەت بە ژنان پووچەڵ دەکەنەوە. بۆ چەندین سەدە، وتە چەقبەستووەکان وەک ئەوەی ڕاستییەکی نەگۆڕ بن، دووبارە کراونەتەوە: “ژنان ئیرەیی بە یەکتر دەبەن”، “ژنان ناتوانن یەکگرتوو بن”، “ژنان خۆخۆرن.” ئەم دەستەواژانە کە ڕەگیان لە کۆمەڵگادا داکوتیوەو بەرهەمی پیاوسالارین، هەرگیز پێناسەیەکی ڕاستی نەبوون بۆ سروشتی ژنان، تەنها ئامرازێک بوون کە مەبەست لێی دابەشکردنی ژنان و لاوازکردنی هاودەنگیان بووە و پاساوهێنانەوەیەکە بۆ دەرکردن و دوورخستنەوەی ژنان لە کایەکانی کۆمەڵگا و ژیان.
بەڵام ئەم ڕەفتارانەی ژنان بە هۆی سروشتیەوە نیە، بەڵکو دەرئەنجامی ویستەکانی کۆمەڵگای چینایەتییە کە کەسایەتی ژنان لە قاڵب دەدەن و پاشینەی مەرجەکانی کۆمەڵگان: سنوورداری لە خوێندن، ژینگەی ناپارێزراو و فشاری نۆرمەکانی پیاوسالاری.
لە بەریەککەوتنەکانم لەگەڵ ژنان لە ئاست و پێگە و شوێنی جیاواز، سەرنجم داوە چوار نەخشی سەرەکی لە ژناندا بوونی هەیە:
١- ژنە قوربانیەکان
ئەم ژنە زۆرجار ئیرەیی و دوژمنایەتی و تەنانەت شانازی بە ژێردەستەیی خۆیەوە نیشان دەدات، ڕوکەشیانە بڕوانین لەوانەیە وا دەربکەوێت کە ئەمە هەڵبژاردەی کەسی خۆیەتی، بەڵام ئەم ڕەفتارانە بەرهەمی بێبەشبوونن لە گەشەکردنی هزری و کەسی، بێبەشکراوە لە بەرچاوڕوونی و فێری ئەوە کراوە کە بەهاکانی پیاوسالاری لە پێش بەها مرۆڤیەکانەوە دابنێت. ئەم جۆرە ژنانە سەری کێشەکە نین ئەگەرچی بەردەوامی پێدەرن (بەبێ ئاگایی خۆیان)؛ بەڵکو قوربانی سیستەمێکن کە لەسەر بێدەسەڵاتکردنیان گەشە دەکات.
٢- ژنە بەرگریکارەکان
لە هەمان بارودۆخی بێبەشبووندا، ڕەنگە ژنێکی دیکە بە شێوەیەکی جیاواز هەڵبژێرێت. بەبێ پشتیوانی و هاندان، هێشتا توانای هەیە بە وریایی و هۆشیاریەوە مامەڵە بکات. لەبری ئەوەی ژنانی دیکە بڕوخێنێت، بە هێمنی بەرەنگاری کولتووری دەوروبەری دەبێتەوە و ڕەتیدەکاتەوە ناپاکی لە ڕەگەزی خۆی بکات. هێزو توانای ئەم ژنانە لە هەبوونی ئیمتیازەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە ڕەتکردنەوەیەکی ناوەکییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئامادە نیە بکەوێتە داوەکانی پیاوسالاریەوە.
٣- ژنە بێ بارەکان
هەروەها ژنانێکیش هەن کە دەستیان بە خوێندن و دەرفەت و سەقامگیری گەیشتوە، تەنانەت لەسەر ئاستی ژینگەش تەنها چەند ئاستەنگیەکی هاوبەشیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، لەوانەیە خۆشیان وەک داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان نیشان بدەن و لە گفتاردا بانگەشەی ژندۆستی بکەن بەڵام لە ژێر بەرگەکانیانەوە ژنانێکی پیاوسالاری توندوتیژن. کاتێک هەڵوێستێک ڕوودەدات و بابەت لە گفتارەوە دەبێتە کردار، بە شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکەن کە دووبارە سەرکوت کردنی ژنان و پێدانی دەسەڵاتە بە بیرۆکەی پیاوسالاری.
ئەمە هەندێکجار دووڕووییە، ئەم ژنانە لە ناخەوە هیچ ویستێکیان بۆ خۆ قوتار کردن نیە و ئەگەرچی بەرچاویشیان ڕوونە، بۆ هەر هۆکارێک بێت، پیاوسالاری هەڵدەبژێرن، هۆکاری دووڕوویی کردنەکەش دەکرێت بەرژەوەندی بێت، یانیش ترس لە جێگانەبوونەوەیان لە شوێنێک و سەردەمێکی پێچەوانەدا.
هەندێک جاریش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە پیاوسالاری چەندە بە قووڵی چەسپیوە- تەنانەت لە ژنانێکیشدا کە ڕاستییەکان دەزانن و دەبینن، نەیانتوانیوە ئەوەندە قوڵ کار لەسەر خۆیان بکەن و بە ئاسانی نەگەڕێنەوە بۆ بازنەی “خۆخۆری”.
٤- ژنە وەرچەرخاوەکان
لە کۆتاییدا، ژنانێک هەن کە بەبێ گوێدانە بارودۆخی خۆیان، توانیویانە وەرچەرخانێکی هزری و کەسی لە خۆیاندا دروست بکەن. ڕکابەری ژنانی تر ناکەن، بەڵکو ئاهەنگ دەگێڕن بۆ سەرکەوتنەکانیان. نۆرمە کۆمەڵایەتییە سنووردارەکان دەشکێنن و سووڕەکانی خۆپەرستی و ئیرەیی ڕەتدەکەنەوە. هەوڵ دەدەن لەو ژنانە تێبگەن کە هێشتا لە بازنەکاندا خول دەخۆن، نەک ئەوەی وەک دوژمن سەیریان بکەن. وە جیاوازی پەسەند دەکەن، دەزانن کە هەموو ژنێک لەسەر هەمان بنەماکان ژیانی بنیاد نانێت. ئەم ژنانە هاودەنگی و دیدپاکی و خۆڕاگری بەرجەستە دەکەن- دژی ژەهری ڕاستەقینەی پیاوسالاری ژیان دەکەن.
دابەشکاریەکە:
ئەم نەخشانە بەیەکەوە دەریدەخەن کە دابەشبوونی نێوان ژنان پەیوەندی بە ئیرەیی یان ڕکابەرییەوە نییە، وەک ئەوەی بیرۆکە کۆنەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئایا ژنان ڕادەستی پیاوسالاری دەبنەوە یان بەرەنگاری دەبنەوە؟ وە ئەو جیاوازییە نەک تەنها ژیانی تاکەکان، بەڵکو داهاتووی کۆمەڵگاش بە گشتی لە قاڵب دەدات.
لە ناوەڕۆکدا سروشتی ژن لەناوبەر نییە- بەڵکو ژیانبەخشە. بەهۆی ئەوەی ژنان ڕەحمیان هەیە و شیر دەدەن و ژیان دروست دەکەن، سروشتیان میهرەبان و پڕ خۆشەویستیە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆڕاگری و هێز و ژیان ویستی و مرۆڤ دۆستی بەشێکە هزر و دەروونی ژنان. ئەوە پیاوسالاری و سەرمایەداری و ئایینی ڕامیاریە (ئاینی سیاسییە) کە ئەم تایبەتمەندیانە پێچەوانە دەکەنەوە بۆ دژەکانیان و هاوسۆزی دەکەن بە کێبڕکێ و هاودەنگی دەکەن خۆپەرستی. داننان بەم ڕاستییە شتێکی بنەڕەتییە: کاتێک ژنان سروشت و هاودەنگی خۆیان وەردەگرنەوە، ئەو ئەفسانانە هەڵدەوەشێننەوە کە بۆ چەندین سەدەیە بەربەست بووە لە بەردەمیان.
دەرەنجام: بەرەو گۆڕانکاری
یەکەم هەنگاو ناسینەوەی ئەوەیە کە بکەر سیستمێکی قازانجویستە، کە تەنها کاتێک گرنگی بە ژن دەدات کە ژن بۆ خزمەتی بەرژەوەندی دەسەڵات و سەرمایەکانی سوودی دەبێت، و لە کاتەکانی تردا ژنان تەواو بێ نرخ و بێ مافن لەلای. ناسینەوە و تێگەشتن لە هەماهەنگی نێوان سەرمایەداری و پیاوسالاری و ئاینی ڕامیاری (کە هەردووکیان بەرهەمی بۆرژوازی خۆین) دەکرێت ڕێگای بەرەنگاریەکە زۆر ئاسانتر بکات لێمان.
لە دوای ئەوە دروستکردنی هەلومەرجێکی تەندروستە کە ڕێگە بە ژنان بدات گەشە بکەن؛ لە ڕێگەی پەروەردە، ڕاهێنان و هاوکاریکردن و گفتوگۆی بێ سنوورەوە. پشتگیریکردن لە گەشەکردنی ژنان تەنها سەرکەوتنێکی تاکەکەسی و یەک لایەنی نییە؛ بنیاتنانی هاودەنگییەکە کە تەحەدای نۆرمە کۆمەڵایەتی و پیاوسالارییە زیانبەخشەکان دەکات. بە پەروەردەکردن و دروستکردن/گەڕاندنەوەی ئاگایی و برەودان بە ژیری، ژنان دەتوانن نەک تەنها ژیانی خۆیان بەڵکو کۆمەڵگاکانی دەوروبەریشیان بگۆڕن.
چارەسەرێکیش ئەوەیە کە لە سەرەوە چاوەڕێی گۆڕانکاری بکەین، سەرەوە مەبەستم یاسا بەدەستەکانە. کە بە کۆدەنگی فشار بهێنین بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان گۆڕانکاریەکی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکەن لە بەرژەوەندی مافەکانی ژن، یاخود قاچی کورسیەکانیان کورت بکەینەوە و دەریانکەین لە ڕۆڵەکانیان و لایەنی یەکسانی خواز و ئازادی خواز بکەینە جێگەیان (بێگوومان لە هەموو جیهاندا نەک تەنها کوردستان).
بەڵام؛ پێکەوە گۆڕانکاریکردن!
گەڕاندنەوەی هێز بۆ ژنان شتێکی بنەڕەتییە، بەڵام گۆڕانکاری ڕاستەقینە پێویستی بە گۆڕینی سیستەمەکەیە بە گشتی. ژینگەی پارێزراو، پەروەردەی تەندروست و دەرفەتی گەشەکردن و بەکارهێنانی توانای ژنان و خۆدەربڕینیان بەبێ ترس تەنها کاتێک دەبێتە بەشێک لە نەریتی کۆمەڵگاکان کە ئێمە بەشداری بە پیاوانیش بکەین لە پڕۆسەکە- پیاوان یاخود ڕەگەزی نێر، ڕوتبکرێنەوە لە غروری پیاوەتی و بەرگی مرۆڤ بوونیان بەرجەستە بکەین، بۆ ئەمە پەروەردە کردنی ڕەگەزی نێر زۆر گرنگترە لە دژایەتی کردنیان، فێرکردنیان بە بەها کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستیەکان، ڕێزگرتن لە مێینە و سەوزبوونی بیرۆکەی هاوبەشی کردن لە سەریاندا تا بتوانن ئەمانیش تەحەدای پیاوسالاری بکەن و هاندەری یەکسانیخوازی بن، هاوسۆزی و هۆشیاریان هەبێت بۆ ڕەگەزی بەرامبەریان لە هەر پەیوەندیەکدا بێت؛ هاوسەرداری، خوشک و برایەتی، باوک و کچی، هاوڕێیەتی، هاوپۆلی، هاوپیشەیی، خزمایەتی، یانیش بێگانەیی.
پێشکەوتنی ڕاستەقینە کاتێک ڕوودەدات کە هەوڵی ژنان و پیاوان پێکەوە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی باش بێت بۆ هەردوولا، دەست لەناو دەست کاربکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو چەشنە لە کۆنەپەرستی و ئەو نۆرمانەی پیاوسالاری کە لە مێژە وا دەریانخستووە کە هەردوو ڕەگەز چۆن “دەبێت” مامەڵە بکەن و بژین و بڕیاربدەن. بە پێکەوە کارکردن، دەتوانین کۆمەڵگایەک دروست بکەین کە هەمووان- ژن، پیاو و نەوەکانی داهاتوو- بتوانن لە پارێزراوی و یەکسانیدا گەشە بکەن.


















Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *