پرەنسیپەکانی شەترەنجی سێقۆڵی

پرەنسیپەکانی شەترەنجی سێقۆڵی

نووسینی :- سائیب خەلیل

وەرگێرانی لە عەرەبییەوە :- نەوزاد عمر           

چۆن بتوانیین لە بەرامبەر هێزێکی گەورەتر لە خۆمان بوەستینەوە؟

ئەم بابەتە وەڵامی ناوەڕۆکی ئەم پرسیارەیە، هەوڵدەدەین بە تێکەڵکردنی چەند نموونەیەکی مێژووی لە ژێر ڕۆشنایی دیدێکی لۆژیکیدا، بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان لەسەر سیاسەتە شاراوەکانی ئەمریکا لە مێژووی زلهێزی خۆیدا دەستبکەوێت.

دوو پرسیار لەو پرسیارە زۆرانەی کە بە منداڵی ڕۆژانە لە باوکم دەکردن، هەروەها لە گەورەیدا کلیلی کردنەوەی زۆر نهێنی گەورە بوون لە ژیانمدا ئەم دوو پرسیارەی خوارەوە بوون:-

پ١- باوکە سەگ لە گورگ بەهێزترە؟

و – نا بابا گیان کوڕی خۆم بێگومان گورگ زۆر بەهێزترە.

پ٢ – کەواتە ئەم سیحرە چییە، چۆن سەگی شوانێک دەتوانێت مەڕەکان لە گورگ بپارێزێت ؟

و- گورگ بە ئاسانی دەتوانێت سەگی شوان بکوژێت، بەڵام دەترسێت پێش ئەوەی سەگەکە بکوژێت قەپاڵێکی بەرکەوێت و بە برینداری لەو جەنگەدا دەربچێتە دەرەوە. گورگەکە باش دەزانێت دەرچوون بە برینداری بۆ ئەو پاشتر بەمانای مردنە. چونکە ئەمە یاسایەکی ڕەچاوکراوە لە مەملەکەتی گورگەکاندا، بریندار لەناو ئەو مەملەکەتەدا شۆێنی نابێتەوە و لە لایەن دەستەکەوە مەحکومە بەکوشتن و پاشان بۆ دەستەکەشی دەبێتە ژەمە خواردنێک.

بۆ ماوەی نیو سەدە بە وەڵامەکەی باوکم سەرسوڕمان بووم، ئەم گفتوگۆیەم لە یادەوەرییەکانمدا پاراست. بەڵام ئەمڕۆ پاش نیو سەدە لەسەر هەمان بنەما پرسیارێکی دیکەم لەلا دروست بووە، دەپرسم ئایا چۆن دەتوانین شیکاری بۆ ئەو ستراتیژییە بکەین، کە سەگێک لە هەمان کاتدا لە هەڵوێستی بوێرانە و حیساب بۆکراوی خۆیدا پەیڕەوی دەکات؟

وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە وردەکارییەکی لۆژیکانە هەیە، زۆرینەتان یاری شەترەنجی دووقۆڵی دەزانن، بەڵام ڕەنگە شەترەنجی سێقۆڵیتان نەبیستبێت، کە سێ یاریزان لە یەک گەیمدا شەڕی تێدا دەکەن، دوانیان یاریکەری سەرەکین و هەریەکەیان هەوڵی کردنەدەرەوەی بەرامبەرەکەی دەدات. بەڵام سێیەمیان تەنها تەماشاکارە. بابزانین بوونی یاریزانی سێیەم چۆن و چی کاریگەرییەک بۆ ململانێی نێوان دوو یارییکەرەی دیکە زیاد دەکات؟ هەروەها پێویستە چی جیاوازییەکی ستراتیژی لەبەرچاو بگرین، کاتێک گەمەکە لە شەترەنجێکی ئاسایی دووقۆڵیەوە بۆ سێقۆڵی دەگۆڕدرێت؟

لە یاری ئاسایی شەترەنجی دووقۆڵیدا، هەتا بۆمان بکرێت هەوڵدەدەین داشەکانمان وەک خۆی بمێنێتەوە و داشی بەرامبەرەکەمان بخۆین. بە خۆشحاڵییەوە قبوڵمانە کە داشێک لە داشەکانی خۆمان لە بەرامبەر داشێکی بەرامبەرەکەمان بکەینە قوربانی، بەمەرجێک لە داشی یاریکەرەکەی بەرامبەرمان کەم بەهاتر بێت. بۆنموونە بێگومان هەموو یاریزانێکی شەترەنج بە خۆشحاڵیەوە فیلێکی (٣ خاڵ) دەکات بە قوربانی ئەگەر لە بەرامبەردا وەزیرێکی (٥ خاڵ)ی بەرامبەرەکەی بخوات، چونکە بە دوو خاڵ پێش دەکەوێت.

بەڵام لە بوونی یاریزانی سێیەمدا، ئەم پرەنسیپە بنەڕەتیی و نەرێتییە دەگۆڕدرێت. چونکە یاریزانی سێیەم تەنها بینەرە، نەک یاریکەر. بەراوود بە دەرئەنجامی یارییە دووقۆڵییەکە، هیچ زیانێک بە سوپاکەی نەکەوتووە و لە هەردوولا بەهێزترە، لە یەکەم بە سێ خاڵ چونکە سوپاکەی فیلێکی لە دەستداوە، لە دووەمیش بە پێنج خاڵ چونکە وەزیرێکی لەدەستداوە. لەهەماتکاتدا تاکتیکی هەردوو یاریزانەکەشی بۆ ئاشکرا بووە، کەواتە لە یاری سێقۆڵیدا ستراتیژی دروست چییە؟

بە کورتی و پوختی ئەو ستراتیژەیە کە وەک تەماشاکارێک ڕێگە بە یاریزانەکانی دیکە دەدات شەڕ لەگەڵ یەکتردا بکەن، ئاکامی ململانێکانیان هەرچییەک بێت، ئەو براوەی ڕاستەقینە دەبیت. جوانی ئەم یارییە سێقۆڵییە لەوەدایە زیاتر لە ململانێیەکانی ژیانی ڕۆژانەمان دەچێت، بەو پێیەی ناکۆکی لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەمیشە زیاتر لە دوو لایەنی تێدایە. گومانی تێدا نییە هەریەک لە ئێمە دەتوانێت بە خێرایی چەندین نموونەی مێژوویی لە جێبەجێکردنی پرینسیپی یاسایەکی لەو شێوەیە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بدۆزیتەوە.

بێگومان.. سەرکەوتنی ئەمریکا بۆ لوتکەی باڵادەستی جیهان، دەرئەنجامی دوو گەیمی شەترەنجی سێقۆڵی بوو. گەیمی یەکەمیان جەنگی یەکەمی جیهانی، گەیمی دووەمیش، دووەم جەنگی جیهانی بوو. لە هەردوو جەنگەکەدا ئەمریکا لێگەڕا لایەنە ئەوروپییەکان لە دژی یەکتر بجەنگن، بۆئەوەی باشتر یەکتری وورد و خاش و بێهێز بکەن، تەنانەت لە هەندێک کاتدا پاڵپشتی هەردوو لایەنەکەشی دەکرد. لەسەرەتاوە دوورە پەریز بوو، نەچووە ناو هیچ کام لەو دوو جەنگە جیهانییەوە، لە کۆتایشدا کاتێک بڕیاریدا بچێتە ناو جەنگەوە بۆ ئەوەی وەک بەشداربوویەکی ڕاستەوخۆ دەرکەوێت و بەشی شێری لە قازانجەکاندا بە کەمترین زیان بەرکەوێت.                                

ئەگەر چی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، لە هەردوو جەنگی جیهانیدا پێیان وابوو براوەی جەنگن، چونکە ئەڵمانەکانیان شکست پێهێناوە. بەڵام ئەمە کاتێک ڕاست دەبوو ئەگەر ئەوان یاری شەترەنجێکی ئاساییان بکردایە، تێڕوانینەکانیان ڕاست دەبوو. چونکە هەستیان بە بوونی یاریزانی سێیەم و تەماشاکار نەکرد، کە بە نهێنی یاری دەکرد و بەو سەرکەوتنە پووچەی ئەوانیش پێدەکەنێت. هەروەها بە سوپایەکی تەندروست و کەم زیان و ئابوورییەکی تەندروستەوە هاتۆتە دەرەوەی جەنگەکە و خاوەنی زیاتر لە نیوەی بەرهەمی پیشەسازیی جیهانە، تەنانەت زیاتر لە نیوەی سەرمایەیی جیهانی لەبەردەستدایە و هێزی سەپاندی مەرجەکانیشی بەسەر هەموو لایەکدا بە هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانیشیەوە هەیە. هاوپەیمانە گەورەکانی بەدەستهەڵگرتن لە نیوەی پشکەکانی نەوتی بیابان، کەم هێزەکانیشی بە هەموو پشکەکان ناچارکرد، جگە لە کۆمەڵە مەرجێکی دیکە بۆ دۆڕاوەکانی جەنگ و تەنانەت سەرکەوتووەکانیش. بەم شێوەیە وایکرد ببێتە مامۆستای بێ جێگرەوە و بێ ڕکابەر لە جیهاندا، وەک ئەوەی دەبینین بۆ ماوەی نزیک لە سەد ساڵ هێزی یەکەمی جیهانە.

ئەمریکا لە زۆر بۆنەی دیکە و لە زۆر شوێنی دیکە لە جیهاندا وەک “یاریزانی سێیەم” تەماشاکارێکی سەرکەوتوو بووە. بۆ نموونە لە سەردەمێکدا وەک یاریکەرێکی تەماشاکار سوودی لە کێشەی چین و یەکێتی سۆڤیەت وەرگرت. ئەمریکا ستراتیژیی تەماشاکاری تەنها بەرامبەر بە ڕکابەرەکانی لە دەسەڵاتداری بەسەر جیهاندا بەکار نەهێنا، بەڵکو لە جەنگی هەشت ساڵەی (عێراق – ئێران)دا، بە هەمان سیاسەت کاری دەکرد، هەندێکجار پاڵپشتی سەدام حوسێنی دژ بە ئێران دەکرد، و هەندێک جاریش بە پێچەوانەوە. بەو مەبەستەی بتوانێت شەڕی نێوانیان درێژه پێبدات و قورسترین زیان بە هەردوولا بگات. کەواتە پێویستە “یاریزانی زیرەک” تەنیا پشت بە حیسابکردنی دەستکەوت و زیانەکانی لایەنی بەرامبەر نەبەستێت، بەڵکو لە پێناو پاراستنی  هاوسەنگی هێزی خۆی لەبەردەم یاریزانەکانی دیکەدا کە بەشداری ناکۆکییەکانیان نەکردووە و تەنها تەماشاکارن، چاودێری کاریگەریی و گۆرانکارییەکان دەکات. ئەمەش وای لێدەکات هەتا دەتوانێت پابەند بە ستراتیژی “دوورکەوتنەوە لە ململانێدا” بێت تەنانەت لەگەڵ ئەو هێزانەی کە لە خۆێشی لاوازترن. ئایا یاریزانێکی لاواز لەناو ئەم هەموو بەهێزانەدا چۆن دەتوانێت سوود لەم ستراتیژە وەربگرێت، ئەمە خاڵی سەرەکی ئەم بابەتەیە.

کاتێک یاریزانێکی لاواز تواناکانی لە ململانێکەدا هەڵسەنگاندووە و لەلای ڕوونە کە لاوازە، لەو ڕاستییە بە باشی تێدەگات کە ستراتیژی دروست بۆ مانەوەی بریتییە لە “دوورکەوتنەوە لە ململانێ”دا، ئینجا دەتوانێت ئەو کارتە براوەیە بە قازانجی خۆی لەپێناو بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانیدا بەکاربهێنێت.

ئەو کارتەش هەمان ئەو کارتەیە کە سەگی شوانەکە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گورگەکە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی سەر مەڕەکان بەکاری دەهێنێت. کاتێک گورگەکە بە شێوەیەکی هەڕەشە ئامێز ددانەکانی تیژ دەکات، بەڵام لەبەرامبەردا سەگەکە ناترسێت، بەڵکو ئەویش بە پێکەنینەوە بەهەمان شێوە کەڵپەکانی تیژ دەکات و وەڵامی دەداتەوە، دۆخ و دەرئەنجامی کارەکەی بە تەلەپاسی پێیدەڵێت: دەزانم کە ددانەکانت توندترن و توانای کوشتنی منیان هەیە، بەڵام تەماشاکە ددانەکانی منیش بای ئەوەندە هێزیان هەیە، تۆ بریندار بکات، تۆش زۆر باش دەزانیت کە کوشتنی من بە مانای سەرکەوتنی ڕەهای تۆ نییە، ئەگەر دەرچوونت لەم هێرشەدا بەبێ بریندار بوون مسۆگەر نیە باشترین کار بۆ تۆ کشانەوەیە لە ململانێکە و چوونە دەرەوەتە بە برسێتی باشترە، نەک بەبرینداری لە گەمەکە.

ئەمە ئەو گفتوگۆیەی نێوان سەگ و گورگە کە بەباشی هەردووکیان لە یەکتری تێدەگەن. لەسەر بنەمای ئەم تێگەشتنە لە یەکتری ئەم ململانێیە درێژدەبێتەوە و بۆ هەردووکیان دەبێتە ئەزموونێکی ملیۆنان ساڵ. هەر بۆیە زۆرجار ڕووبەڕووبوونەوەکە بە کشانەوەی گورگ بە برسێتی کۆتایی دێت، خەونی گرتنی نێچیرەکەی بۆ دەرفەتێکی دیکە و مێگەلێکی تر دوادەخات کە شوانەکەی سەگی نییە، هەتا لەو یارییە تێبگات سەرکەوتنیشی مسۆگەرتر دەبێت.

کاتێک دەبینیت لە ملمڵانێیەکدا کە ئاژەڵێکی گەورە لەبەردەم ئاژەڵێکی بچووکدا دەکشێتەوە، وا مەزانە گەورەکە ترسنۆکە، بەڵکو بیر لە ملمڵانێیەکی درێژخایەن دەکاتەوە. ستراتیژی “دوورکەوتنەوە لە ململانێدا” کارێکی دروستە. تەنانەت ئاژەڵی بچووکیش درک بەم شتە دەکات و سوودی لێ وەردەگرێت. بۆنموونە پشیلەیەکی گۆشەگیرکراو لە لایەن سەگێکەوە، جورئەتی ئەوەی هەیە ددانەکانی لە سەگەکە تیژ بکاتەوە پشتی لەبەردەمیدا بۆ دواوە بگەڕێنێتەوە، دەرئەنجام سەگەکە ناچار دەبێت بکشێتەوە.

هەمان سیناریۆ بۆ گفتوگۆی ئەمڕۆی ئەمریکا و کۆریای باکوور ڕاستە، کە ڕەنگە لە بوێریی و ئالنگاریی کۆریا بەرامبەر بە ئەمریکا سەرمان سوڕبمێنێ، هەروەک چۆن لە دوودڵی ئەمریکا لە لێدانی کۆریا بەرامبەر بەو هەموو پێ دریژکردن و زیادەڕۆییەدا سەرمان سوڕماوە. بەڵام لە ڕاستیدا هەردوو لایەنی ململانێکە ئەمریکا و کۆریای باکوور لە ستراتیژیی شەترەنجی سێقۆڵی تێدەگەن، دووەمیان لە دۆخی سەگەکەدایە و بە گورگەکە دەڵێت: دەتوانیت لەناومان ببەیت… بەڵام ئێمەش ئەتوانین پێش لە ناوچونمان دەستێک بوەشێنین کە بە نرخێکیی زۆر لەسەرت بکەوێت و چانسی باڵادەستیت بەسەر جیهاندا کەم بکاتەوە، ئێمە لەناو دەبەیت، بەڵام لەبەردەم چین،  ڕووسیا، ڕەنگە ئەوروپا و ژاپۆنیش لاوازتر دەبیت، لێت دەپرسین کەواتە سوودی نەمانی ئێمە بۆ ئێوە چی دەبێت؟

بە سادەیی ئەو دەستکەوتانەی کە زلهێزەکان لە ڕوبەڕوونەبوونەوە و خۆپاراستندا بەدەستیان هێناوە زۆر گەورەترە لە دەسکەوتی شەڕ، هەر لەو پێناوەشدا ئەو رێگرییە ئەتۆمییەی کە کۆریا برسی کردووە و ئێران لە پێناویدا بەرگەی ئەو گەمارۆدانە بێڕەحمانە چەندین ساڵەی گرتووە. چونکە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل زیانەکانی ئەو گەمارۆدانە زۆر زیاترە لەهەر دەستکەوتێک لە ئەنجامی ئەگەری بەرپابوونی ئەو شەڕەدا کە ڕەنگە بەدەستبێت.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە ئەمریکا و ئیسرائیل کارێکی مەحاڵ دەکەن بۆ ئەوەی هەر وڵاتێکی عەرەبی، یان ئیسلامی، یان هەر وڵاتێک کە ڕێبازێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندی ئەوان پەیڕەو بکات، تاکو نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت. نەک لە ترسی ئەوەی کە ئەم وڵاتانە ڕەنگە لە هێرشێکدا بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاریبهێنن، چونکە ئەوان هێزی ئەوەیان هەیە و دەتوانن دەستبەجێ لەناویان ببەن، بەڵکو لە ترسی ئەوەی کە وەک ڕێگریکردن بەکاربهێنرێت و کاریگەری لەسەر حیساباتی قازانج و زیانیان دابنێت و هاوسەنگی هێزی جیهانی تێکبدات.

ئەمریکا و ئیسرائیل تەنها ئامانجیان پاراستنی ئازادی دەستدرێژیکردنی خۆیانە کەی و چۆن بەرامبەر هەر وڵاتێک کە بیانەوێت لە ئێستادا یاخود لە داهاتوودا ئارەزووی داگیرکردن، یان ژێردەستەکردنیان بکەن. لەم گۆشەیەوە هەر وڵاتێک خاوەنی چەکی ئەتۆم بێت و لە دەرەوەی سیستمی ئەوان کار بکات ئەبێتە هۆی تێکدانی حیساباتی قازانج و زیان و سنووردارکردنی دەستدرێژییەکانیان. کەواتا بەشداریکردنی ئەمریکا بۆ هەندێک شەڕ ئامانج تێدا چیە و چۆن دەتوانیین ڕوونی بکەینەوە؟

لە شەترەنجدا ناتوانرێت سوود لەو داشانە وەربگریت کە دەکوژرێن، بیانخەیتە ژێر کۆنترۆلی سوپاکەی خۆتەوە، وەک داشێک لە قازانجی خۆت بەکاریان بهێنیت، بەڵام لە جەنگەکاندا ئەمە مومکینە، بۆیە شەڕ بۆ براوەکان کاتێک دەبێت بە قازانج کە جیاوازیەکی زۆر گەورەی لە تەرازوی هێزدا هەبێت. پرسیاری هەرە جددی بۆ ئەمریکا و زلهێزەکانی دونیا کاتێک بیر لە دەستپێکردنی شەڕێک دەکەنەوە، ئەوە نییە کە لە شەڕەکەدا سەردەکەون، یان دۆڕاو دەبن، نەخێر بەڵکو ئەوەیە ئایا لەم شەڕەدا بڕی چەند دەستکەوت بەدەست دەهێنن.                                            

لە کاتێکدا ستراتیژی” شەترەنجی سێقۆڵی ” هەمیشە دوورکەوتنەوە لە ململانێدا بووە، بەڵام لە ستراتیژی ژیاندا، دوورکەوتنەوە لەو ململانێیەدایە کە نابێتە هۆی زیاتر بەهێز بوون. ئەمەش بۆ هێزە لاوازەکان ڕێک ئەو ستراتیژە گونجاوەیە کاتێک هۆشیار دەبێت و ئاگاداری توانای هێزی زلهێزەکانە و لە حیساباتیدا زۆر لێان دەترسێت، بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە باوە هەڵەیە، کە دەڵێت ئایا دەتوانم شکستیان پێبهێنم؟ پێویستە ڕاست بکرێتەوە چونکە ئەم جۆرە پرسیارە باوانە تەنها بێهێزەکان بەرەو خۆبەدەستدانەوە دەبات. دەبێت بۆ پرسیارێکی دروست بگۆڕدرێت. کە ئایا چۆن و بەچی ستراتیژێک دەتوانین زیانەکانی لە قازانجەکانی گەورەتر بکەین؟

بۆ بێهێز و لاوازەکان ئەم کارە زۆر ئاسانترە لە شکست پێهێنانی بەهێزەکان. تەنها شتێک کە لە هێزە لاوازەکاندا پێویستە بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەهێزەکان بکەن و ڕایانبگرن، ئەویش ئەوەیە هەوڵبدەن بەرهەمی شەڕەکە لە سوودەوە بۆ زیان بگۆڕن.

کاتێک هەر هێزێکی لاوازی بەرگریکار، پشکنینی وردی بۆ قازانج و مەبەستی دوژمن لە هێرشەکەدا کرد. ئەوکاتە ڕاستەوخۆ دەبێت بەدوای ڕێگەیەکدا بگەڕێت بۆ ئەوەی ئامانجی دوژمنکارییەکە هەڵبوەشێنێتەوە، یان کەمیبکاتەوە. پاشان لێکۆڵینەوە بکات کە بەچی ڕێگەیەک دەتوانێت دەستدرێژکارییەکە لە قازانجەوە بۆ زیان بگۆڕێت، بۆ زیادکردنی زیانەکانیش پلانێکی مسۆگەر دابڕێژێت. هەروەها دەبێت قەناعەتێکی وەها لای بەهێزەکان دروست بکرێت کە بەڕاستی خۆی (واتە لاوازەکان) بە نیازن بەرگری لە خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بکەن، ئەنجامی ئەم شەڕانگێزییەش بە زیان تەواو بکەن، نەک وەک ئەوەی ئەوان بە نیازن بەدەستیبهێنن، تا هێزی شەڕانگێز دەگاتە ئەو بڕوایەی باشترە وایە دەستبەرداری ململانێی وشەرانگێزی بێت.      

گاندی بەم ستراتیژە خەباتی لە دژی داگیرکاری ئینگلیز دەستپێکرد، داوای لە هیندییەکان کرد کە خۆیان لە کڕینی قوماشی ئینگلیزی  بەدوور بگرن و جلوبەرگی خۆیان بپۆشن کە بەدەستی خۆیان دەیچنن، سەرەتا لە خۆیەوە دەستی پێکرد جلوبەرگە هیندیەکەی لەبەرکرد، بەدەستی خۆی جۆڵایی دەکرد بە ملیۆنان هیندی چاویان لێکرد و بەدوای هەنگاوەکانیدا ڕۆیشتن، ئەم شۆرشە سپییە بوە هۆکاری ئەوەی پیشەسازیی قوماشی ئینگلیزی زیانێکی زۆری بەربکەوێت. ئەو بازارەی کە بۆ ساغرکردنەوەی قوماشی ئینگلیزی لە هیندستان پاڵنەرەی داگیرکاریی ئینگلیزەکان بوو لە کورتی داو توشی قەیران بوو. پاشان بوە هۆی خۆپێشاندان و پێکدادان و زیانی گیانیشی ڵێکەوتەوە، دواجار ئینگلیزەکان بەو دەرئەنجامە گەیشتن کە زیانەکانیان لە دەستکەوتەکانیان زیاترە، بۆیە کشانەوە و هیندستانیش ئازادی بەدەست هێنا.

سروشتییە لایەنی بەهێز نایەوێت لایەنی لاواز بۆ بەرەنگاریبوونەوە ئەم ستراتیژە کاریگەرە ببینێت و بیکات بە ستراتیژی کارکردنی، بۆیە هەوڵدەدات بەرەو ئەو پرسیارە هەڵەیە ئاراستەی بکات کە دەبێتە هۆی خۆبەدەستەوەدان، لە پێناو ئەم ئامانجەشدا میدیاکانی خۆی  بەکاردەهێنێت. ئامانج لە داگیرکارییەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە میدیاکانەوە وا پیشان دەدرا لە پێناو ئازادیی و باشترکردنی ژیانی عێراقییەکانە، ئەمریکا وا دەکات ببن بە ڕکابەری ئەڵمانیا و ژاپۆن، بەڵام لە ڕاستیدا سواری ئەسپی ئازادی کردن بۆ ناو گەوڕدانی نیولیبراڵیزم. هەر لەم پێناوەشدا گوتاری میدیاکانی ئەمریکا بریتی بوو لەم ناوەڕۆکە (راستە ئەمەریکا متمانەی پێناکرێت) بەڵام ئایا ئێوەی عێراقی دەتواننن شکست بە ئەمریکا پێبهێنن؟ بێگومان بەو پێیەی ئەمە مەحاڵە، لە میدیاکانەوە ئەوەیان بە گۆیئ عێراقییەکاندا دەدا، کەواتا بۆ ئەوەی بەتەواوی لەناوتان نەبەین هاوڕێیەتی کردنی ئەمریکا باشترین هەڵبژاردەیە ( مەبەستی ڕاستەقینەش تەسلیم بوونە بە ئەمریکا).   

بۆ هەموتان ڕوونە هاوڕێیەتی هیچ پێوەندییەکی بە باڵادەستییەوە نییە، لە باڵادەستیدا هاوڕێیەتی نامێنێت. ئەمەش ئەو گوتارە فێڵاوییەیە کە عێراقییەکان دەخاتە بەردەم پرسیارێکی هەڵە و هەڵبژاردنێکی هەڵەوە. پرسیارە هەڵەکەش ئەوەیە ( ئایا ئێوە دەتوانن شکست بە ئەمریکا بهێنن؟).   

بە دڵنیاییەوە وەڵامی پرسیارەکە نەرێنیە، چونکە کەس بە خەیاڵیدا نایات کە سوپای عێراق بتوانێت بچێتە ناو واشنتۆن و داگیری بکات. هەروەها لە بری پرسیاری دروست پرسیارێکی ئاوا چاواشکارانە دەورووژێنرێت. بەڵام پرسیاری راستەقینە ئەوەیە ئایا دەتوانین وا بکەین تێچووی داگیرکارییەکەی زۆر زیاتر لە قازانجەکانی بێت؟    

لەوەڵامدا بە دڵنیاییەوە… بەڵێ ئەمە دەکرێت و زۆر ئاسانیشە بۆ هەر گەلێک ئەگەر ئیرادەی هەبێت. چونکە مەسەلەی شەڕانگێزی بۆ لایەنی داگیرکار، مەسەلەی ژیان و مردن نییە و بڕیاردانی بەرەنگاربوونەوە تا ئاستی وێرانکردنی بەکۆمەڵ نیە، بەڵکو پرسێکە لە چوارچێوەی حسابکردن بۆ سوود و قازانج.

بۆ نموونە ئیسرائیل لە ڕووی تیۆریی و تەرازوی هێزی سەربازییەوە دەیتوانی لە شەڕی ساڵی ٢٠٠٦دا، بە بۆمبێکی ئەتۆمی لەحزبوڵڵا بەرێتەوە و بە یەکجاری تەواوی بکات، ئەو دەرگایەش لە خۆی دابخات. بەڵام ئەوە ڕووی نەدا، چونکە حیزبوڵلا دەیزانی هەر وەک چۆن ئیسرائیلیەکانیش دەیانزانی کە حیزبوڵلا دەزانێت، لەناوبردنی یەکجاریی تێچوویەکی زیاتری لە قازانج هەیە، هەروەها لە مەودایەکی درێژخایەندا لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بەشکست دەکەوێتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆیەش چەکە ئەتۆمییەکەی ئیسرائیل نەبوە ئالنگارییەک بۆ یەکلایکردنەوەی شەرەکە تەنانەت بیریشی ڵێنەکرایەوە، لە هەمان کاتدا بۆ حیزبوڵلاش نەبوو بە سەرچاوەی ترس.

ئەمریکا لەبەر هەمان هۆکار بەبێ ئەوەی پەنا بباتە بەر بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی شەڕی ڤێتنامی دۆڕاند، هەرچەندە هەندێک دەنگی شێتانە لە ئەمریکادا داوای ئەوەیان دەکرد بە بۆمبی ئەتۆمی شەرەکە یەکلایی بکرێتەوە.

ئەو دوو نموونەیە ئەوەمان پێدەڵێت، کە لایەنی لاوازی بەرگریکاری شەرەکە ئاگاداری حیسابات و ستراتیژی ململانێەکەیە و ئەوەندەش بوێری و ئامادەیی هەیە قوربانی پێویست لە پێناویدا بدات بۆ ئەوەی ئەو سەقامگیرییەی کە پلانەکە پێویستی پێیەتی تێکبدات.

وەک ڕوونکردنەوەیەک بۆ یاری شەترەنجی سێقۆڵی پێش کۆتایی بابەتەکە دەڵێم دابەشکردنی ڕۆڵەکان بۆ هەموو گەڵێکی داگیرکراو و نەیارەکانی و لایەنی سێیەم بەم شێوەیەیە:-

– یاریزانی یەکەم: ئێمەین ئەو گەلەی داگیرکراوە، واتە گەلێک کە ڕووبەڕووی شەڕانگێزی بوەتەوە و بە بەرگریکردن لە وڵاتەکەی ناچارە، هیچ ئەلتەرناتیڤێکی تری لە پێشدا نییە.

– یاریزانی دووەم: لایەنە شەڕانگێزەکەیە ئەو یاریزانە دەستدرێژکارە بەهێزەیە کە هەندێک جار وەک کۆمەڵە هاوپەیمانییەک دەردەکەون و هەندێ جار وەک تاکە هێزێک، بەڵام لە ڕاستیدا کۆمەڵە کۆمپانیایەکی گەورەی سەرمایەداری سنوور بڕن، کە وەک زالوو دەستیان داوەتە مژینی خۆێنی گەلانی ئەمریکای باشوور، ئەفریقا و ئاسیا لە پێناو کۆنترۆڵی ووزە و مسۆگەرکردنی بازار بۆ کاڵاکانیان، بۆ ئەم مەبەستەش لە شەرانگێزیدا هەمیشە بەردەوام.

– یاریزانی سێیەم: لە دۆخی ئێستای عێراقدا وەک هەندێک بەهەڵە وا دەڵێن بەڵام لەراستیدا ئێران و تورکیا و سعودیە نییە، بەڵکو ڕووسیا،  چین، ئەوروپا و ژاپۆنە، تەنانەت لە ڕوانگەی ئەمریکاوەش ئەوان یاریزانی سێیەمن، نەک تەنها لە ڕوانگەی عێراقییەکانەوە، ئێمە بە ناچاری تووشی ئەو ململانێیە بووینە، هێرش کراوەتە سەرمان و ناتوانین ببین بە تەماشاکار و یاریزانی سێیەم.

لە پوختەی بابەتەکەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بکەم ئەوەش ململانێ لە ڕوانگەی دەستدرێژکارەوە تەنها لە نێوان ئێمە و ئەودا نییە، بەڵکو لەبەرچاو گرتنی “یاریزانی سێیەم”یشە، کاتێک هێرش دەکاتە سەرمان، کاریگەرییەکانی ململانێکە لەگەڵ ئێمە و پاراستنی هاوسەنگی هێزەکەی لەگەڵ یاریزانی سێیەم لە بەرچاو دەگرێت. هەر  ئەمەش وادەکات یاری زانی دووەم واتا دەستدرێژکارەکە بژاردەی زۆر دیاری بکات و بە ئاسانی نەچێتە ناو ململانێکانەوە.

هەبوونی یاریزانی سێیەم بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی یاریزانی یەکەمدایە، ئەگەر یارییەکە شەترەنجی دووقۆڵی بوایە مەحاڵ دەبوو لایەنی بێهێز هیچ شتێک بەدەست بهێنێت، یان خەونی سەرکەوتنی هەبێت و چانسی بردنەوەی زۆر کەم دەبوو. بەڵام بوونی یاریزانی سێیەم شانسی ئەوەی بۆ دروست دەکات هەندێک مەرجی تایبەت بەسەر دەستدرێژکارە بەهێزەکەدا بسەپێنێت. لایەنی بێهێز ئەو  ڕاستییە دەزانێت بوونی یاریزانی سێیەم یارمەتیدەرە بۆ لایەنی یەکەم و دەتوانێت سەرەڕای بەهێزییەکەی تەحەدای بکات و هیوای سەرکەوتنی لەلا دروست بکات. هەتا ئەوەی ناچاری بکات دەستبەرداری شەڕانگێزییەکەی ببێت. چونکە لە کۆتایدا گەمەکە بۆ هێزی شەڕانگێز دەکاتە ئەوەی تێچووەکەی لە سوودەکانی زیاتر بێت.   

کاتێک لوبنانییەکان باس لە شکست پێهێنانی ئیسرائیل دەکەن، یان ڤێتنامییەکان و ئێرانییەکان باس لە شکست پێهێنانی ئەمریکا دەکەن،  هەندێک ئەو ڕەفتارە بە رەفتارێکی پاڵەوانی و خۆکوژی دەزانن. لەراستیدا ئەوە ستراتیژێکی ورد و حیساب بۆ کراوە مەبەست لێی ناچارکردنی دەستدرێژکارە بە دەستبەرداربوون لە شەڕانگێزییەکەی و هیچی زیاتر نییە. ئەگەر بە مێژووی شۆرشی ڕزگاریخوازی دژ بە داگیرکاری بێگانەدا بچینەوە، بۆمان دەرکەوت لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێسایەدا زۆریان سەرکەوتوو بوون. بۆیە پێویستە پێش هەموو شتێک وا لە گەلەکەمان بکەین کە درک بە سروشتی ئەم ململانێیەی نێوان خۆیان و نەیارە زەبەلاحەکانیان بکەن.

لە کۆتایی بابەتەکەدا ئەم پرسیارە بۆ خۆێنەری بابەتەکە جێدەهێڵم بۆ ئەوەی هەموو پێکەوە بەشداربین لە وەڵامدانەوەیدا. ئایا ئەو دەستکەوتانە چین بۆ داگیرکەر کە لە پێناویدا شەرانگێزیمان پێدەکات، چۆن نەهێڵین بەدەستی بهێنن، یان کەمیان بکەینەوە، هەروەها چۆن بتوانین زیانەکانی لە دەسکەوتەکانی زیاتر بکەین؟

Merza Ali
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…