شۆڕشێکی مەعریفی نوێ

شۆڕشێکی مەعریفی نوێ

وەرگێڕانی: نەوزاد عومەر

 

نووسینی: د. ئیهاب خەلیفە

 

ئامادەسازیی بۆ قۆناغی زیرەکیی دەستکردی گشتی….

 

زیرەکیی دەستکرد بووەتە یەکێک لە هەرە ئامرازە گرنگەکانی ژیانی ڕۆژانەمان، ڕۆڵی لە گۆڕینی بەشێک لە کولتوور و نەریتە ڕۆژانەیەکانماندا هەیە، جا لە ئاستی کارگێڕی، یان کەسیدا بێت. ئەم ڕۆڵە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەگەڵ زیادبوونی تواناییەکانی زیرەکیی دەستکرددا زیاتر دەبێت، تا ئەو ئاستەی کە زۆرێک لە پیشەسازی و دامەزراوەکانی تووشی سەرلێشێواندن کردووە، و دەستیان بە بیرکردنەوە لە دووبارە داڕشتنەوەی میکانیزمی کارکردنیان کردۆتەوە. ئێمەی تاکی خستۆتە بەردەم پرسیارێک نەک وەک ئەوەی کە ئایا زیرەکیی دەستکرد لە داهاتوودا جێگرەوەمان دەبێت یان نا، بەڵکو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ هەوروەها ئەو کارامەییە نوێیانە چین کە پێویستە بەدەستیان بهێنین تا بتوانین لەگەڵ ئەم شۆڕشە مەعریفییە نوێیەدا بەرەوپێش بچین؟

 

سەرەڕای ڕەوایەتی، کێشەکە لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەدا نییە، بەڵکو لە خێرایی پەرەسەندنی سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرددایە. کاتێک بەزۆری تێناگەین کە ماهییەتی ئەو توانا نوێیانە چییە کە زیرەکیی دەستکرد پێی گەیشتووە و دەمانەوێت لەگەڵیدا بگونجێین، ئەوا لەناکاو بە ئاستە بەرز و تواناکانی سەرسام دەبین. بۆیە نە دەگەین بەوەی لە ڕاستیدا هەیە و نە دەتوانین تێبگەین لەوەی کە دێت. هەر بۆیە بەهۆی ئەم خێراییە زۆرەوە لە نوێکردنەوە و پەرەسەندن لە زیرەکیی دەستکرددا توانای تێگەیشتن لەوەی کە چۆن کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دروست دەکات، سنووردار بووە.

 

بۆیە، لە ئێستادا دروستکردنی دیدگایەک دەربارەی داهاتووی پەرەسەندنی ئەم شۆڕشە زانستییە نوێیەی کە زیرەکیی دەستکرد  ڕابەرایەتی دەکات، بووەتە پێویستییەک، تا بتوانین لە دەرەنجام و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ تێبگەین، بتوانین دیدگایەک بۆ ئامادەبوون و گونجان لەگەڵیدا بنیات بنێن. هەوڵبدەین لە ئێستاوە پێشبینی داهاتووی زیرەکیی دەستکرد لە ژیانی مرۆڤەکاندا لانی کەم بۆ پاش پێنج ساڵ بکەین. ئەگەرچی ماوەی پێنج ساڵ لە تەمەنی پلاندانانی مرۆڤدا کەمێک کورت دەردەکەوێت، بەڵام لە خێرایی پەرەسەندنی زیرەکیی دەستکرددا زۆر درێژە، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەو ترس و نیگەرانییانەی کە هەموو پسپۆڕەکانی ئەم بوارە ئاماژەیان پێدەکەن.

 

سام ئالتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (open AI)، فێرژنە نوێکەی (GPT-5)ی بە پڕۆژەی “مانهاتن” بۆ پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بەراورد کرد، لە ئاماژەیەکی مەترسیداردا بەو ئاستەی کە ئەم فێرژنە نوێیە پێیگەیشتووە. پرسیاری لە خۆی کرد: ئێمە چیمان دروست کردووە (What have we done) ؟. تەنانەت ئەو زانایانەش کە ئەم فێرژنەیان پەرەپێداوە، بە ئاستی توانا نوێیەکانی سەرسام بوونە، ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ پرسیارکردن لەوەی کە زیرەکیی دەستکرد لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا دەگاتە چ ئاستێک.

 

خێرایی بەرەو داهاتوو

 

لەوانەیە کەمێک سەرسام بین ئەگەر لەو سیستەمانە تێبگەین کە زیاتر لە سێ ساڵ نابێت شۆڕشی زیرەکیی دەستکردی خۆڵقێنەری وە‌‌ک (Chat GPT)یان درووست کرد. کە ماوەی پێنج ڕۆژی لە دەرچوونی تەواو نەکردبوو بەشداربووانی لە کۆتایی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا، گەیشتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس. دوای نزیکەی دوو مانگ گەیشتە ١٠٠ ملیۆن بەشداربوو، ئەمەش وای کرد لە ڕووی گەشەسەندنەوە لە مێژووی نەرمەکاڵای بەکاربەریی کەسییەوە ببێت بە خێراترین ئەپڵیکەیشن. بەڵام ئێستا لەگەڵ دەرچوونی فێرژنی (GPT5) لە مانگی ئابی ٢٠٢٥ دا، ژمارەی بەکارهێنەرانی چالاکی هەفتانەی زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن بەشداربووی تێپەڕاندووە، هەروەها ڕۆژانە نزیکەی ٣ ملیار داواکاری، یان پرسیاری ئاڕاستەی دەکرێت.

 

لەگەڵ ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی فێرژنە نوێیەکەی (GPT5) بوونەوە، بەڵام توانی لە ماوەیەکی کورتدا لە ڕێڕەوی پەرەپێدانی فێرژنەکانی زیرەکیی دەستکردی خوڵقێنەردا نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی جۆریی بکات. ئەم فێرژنە کارایییەکی ناوازەی خۆی لە چوار بواری سەرەکیدا نیشان داوە، کە بریتین لە: بیرکاری، بەرنامەسازی، چاودێری تەندروستی و تێگەیشتنی مەعریفیی فرە ئامرازەیی، یان فرە میدیادا. سەرەڕای ئەوەی کە توانایەکی بەرزی لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی نووسراو و شیکاری قووڵدا هەیە.

 

ئەوەی بەڕاستی سەرنج ڕاکێشە، تەنها سروشتی ئەم توانایانە نییە، بەڵکو ئەنجامی تاقیکارییە بەراوردکارییەکانە کە ئەم فێرژنەی تێیدا تاقی کراوەتەوە لە بەرامبەر ناوەندی کارایی مرۆڤ لەو چوار بوارەی سەرەوەدا. لە تاقیکارییەکانی بیرکاری و بەرنامەسازیدا پێش مرۆڤ  کەوتووە، لە ئەرکەکانی تێگەیشتنی مەعریفیدا کارایییەکی هاوتای مرۆڤ تۆمارکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە کەرتی چاودێری تەندروستیدا لە خوار ئاستی مرۆڤەوەیە؛ لەو کەرتەدا توانای مرۆڤ هێشتا پێشکەوتووترە.

 

بۆ نموونە، لە تاقیکاریی بیرکاری (AIME)دا، کە پێشکەش بە قوتابیانی بەتوانا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێت و بە تاقیکارییەکی قورس ناسراوە، (GPT-5) ڕێژەی ٩٤.٦%ی بەدەستهێناوە، بەمەش لە کاراییدا تەنانەت ئاستی خۆێندکارە  بەهرەمەندەکانی تێپەڕاندووە، کە ناوەندەکانیان زۆرجار لە ٨٠% زیاتریان بەدەست نەهێناوە. لە بواری بەرنامەسازیدا، ئەم فێرژنە نۆێیە ٧٤.٩%ی لە تاقیکاریی (SWE-bench Verified ) و ٨٨%ی لە تاقیکاریی ( Aider Polyglot ) بەدەست هێناوە، لە بەراورد لەگەڵ ناوەندی کارایی بەرنامەسازاندا کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە دەوری ٦٠%دا دەسووڕێتەوە، ئەم تاقیکاریانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە هاوشێوەی ئالنگارییەکی ڕاستەقینەن وەک چارەسەرکردنی هەڵەکانی بەرنامەسازی، یان جێبەجێکردنی ئەرکە نوێیەکان لە سەرەتاوە.

 

لە تێگەیشتنی مەعریفیی فرە ئامرازەییدا، یان فرە میدیایدا واتە توانای تێگەیشتن لە زانیاری دەق و بینراو لە یەک کاتدا، (GPT-5) ڕێژەی ٨٤.٢%ی لە تاقیکاریی (MMNU) دا تۆمار کردووە، کە ئەم کاراییە زۆر نزیکە لە مەودای ئاسایی مرۆڤ کە لە نێوان ٧٠% بۆ ٨٥%دا دەگۆڕێت، بەڵام پاشەکشەی ڕێژەیی (GPT-5) لە کەرتی چاودێری تەندروستیدا بە ڕوونی دیارە. چونکە ئەم فێرژنە ڕێژەی ٤٦.٢% زیاتری لە تاقیکاریی ( HealthBench Hard) دا تێنەپەڕاند، بەراورد بە کارایی مرۆڤ کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان ٦٠% بۆ ٨٠%دا دەبێت؛ ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە پزیشکە پسپۆڕەکان هێشتا لەم بوارەدا باڵادەستن.

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم پێشکەوتنە خێرایە، دەتوانرێت بڵێین کە         ( GPT)، لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا لە دوای بڵاوبوونەوەی یەکەم وەشانی خۆیدا، لە هەندێک ئەرکدا لە یاریدەدەری مرۆڤەوە بۆ ڕکابەرێک گۆڕاوە. بێگومان ئەو بە تەنها ئەم ڕۆڵە ناگێڕێت، بەڵکو نوێنەری زیرەکیی دەستکردی تری وەک ئەپڵیکەیشنی مانۆسی چینیش هەن. سەرەڕای ئەم پەرەسەندنە، وەشانی نوێی (GPT-5)، بەر ڕەخنەی بەرفراوانی هەندێک لە تاکەکان کەوتووە، چونکە نەیتوانیوە خواستەکانیان بۆ گەیشتن بە زیرەکیی دەستکردی گشتی بەدیبهێنێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خواستی گەورەکەی مرۆڤە بۆ زیاتر پێشخستنی تواناکانی زیرەکیی دەستکرد ( AI )

 

لەوانەیە ئەو پرسیارەی کە لێرەدا سەرهەڵدەدات ئەوە بێت: بۆ نموونە کە ئەم ڤێرژنە دوای پێنج ساڵی تر چ توانایەکی دەبێت؟ ئایا بەڕاستی ئێمە ئامادەین بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم توانایانە؟ چونکە لەگەل زیادبوونی توانای ژیرێتی و بەڵگەهێنانەوە و شیکاری، کەمبوونەوەی ڕێژەی وڕێنە و شتی نادروست و هەڵەکان، خێراتر بوونی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، توانای جیاکردنەوەی وێنە و شتەکان، لاساییکردنەوەی شێوازی مرۆڤەکان لە قسەکردندا بە شێوەیەکی نایاب، تەنانەت لە هەندێک بواردا لە مرۆڤ باشتر، دەتوانین بڵێین ئێمە زۆر نزیک بووینەتەوە لە قۆناغی زیرەکیی دەستکردی بریکاری (Agent AI)، کە وەک یارمەتیدەرێک توانای ئەنجامدانی ئەرکانەی مرۆڤی هەیە، هەروەها ڕێگا بەرەو قۆناغی زیرەکیی دەستکردی گشتی (Artificial General Intelligence) خۆش دەکات.

 

نزیکبوونەوە لە زیرەکیی دەستکردی گشتی:

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خێراییەی کە سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد پێی گەشە دەکەن، ڕەنگە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا تواناکانی زیرەکیی دەستکرد نزیک ببێتەوە، یان تەنانەت بەسەر تواناکانی مرۆڤدا زاڵ بێت، نەک تەنها لە ئاستی توانای کارگێڕیدا کە پێشتر تواناکانی مرۆڤی تێپەڕاندبوو، بەڵکو هەروەها لە ئاستی توانا مەعریفی و تێگەیشتن و ئەخلاقییەکانیشدا.

 

لەم قۆناغەدا، زیرەکیی دەستکرد خاوەنی هۆشیارییەکی تایبەت       ( Consciousness) بە خۆیەتی، لە ماهیەت و بوونی خۆی، لە خود و توانەکانی خۆی تێگەیشتووە، جیاوازی نێوان خۆی و مرۆڤ دەزانێت، ئاگاداری جیاوازی و تواناکانی نێوانیانە، هەروەها هەست بە هەستەکانی مرۆڤ (Understanding Emotion ) دەکات و دەیانناسێتەوە و بە هەست و سۆزی ڕاستەقینە وەڵامیان دەداتەوە، توانای ئەوەی هەیە خۆی خۆی فێر بکات بەبێ ئەوەی پێویستی بەو زانیارییانە هەبێت کە مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت، مێشکێکی کۆکراوەی (Hive Mind) گەورەی هەیە کە لە ڕێگەی ملیۆنەها سیستەمی یاریدەدەرەوە خۆراکی زانیاری پێدەدەن، هاوشێوەی ئەوەی کە مرۆڤەکان بەکاریان دەهێنن، جا ئەوانە یاریدەدەری دەنگی بن، یان سیستەمی خولقێنەر، یان تەنانەت ڕۆبۆت و ئۆتۆمبێلی خۆئاژۆ، هەموو ئەو زانیاریانەی کە ئەم سیستەمانە بە جیا فێری دەبن و تێیدەگەن، ئەو مێشکە کۆکراوەیەی زیرەکیی دەستکرد تێیدەگات، بەم شێوەیە بەسەر تواناکانی مرۆڤدا زاڵدەبێت و تێیدەپەڕێت.

 

هەرچەندە ئەم سیناریۆیە ئەگەرچی تیۆرییە، بەڵام خێرایی  گەشەکردن لە سیستەمەکانیدا وای لێدەکات لە ماوەی چەند ساڵێکدا لە ڕاستی نزیک ببێتەوە، ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٣٠ نموونەی سەرەتایی زیرەکیی دەستکردی گشتی ببینین، بێگومان ئەو توانایانەی کە دواتر دەیانبێت بە بەراورد لەگەڵ توانا سەرەتاییەکانیدا، ئەوانەی تەنانەت پێشبینیکردنیشان ئەستەمە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی ئێستا لە گەشەکردنی سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرددا دەیبینین، وەک سەرەتایەک نابێت، بەڵکو وەک سیستەمێکی نائاسایی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا شاهیدی بووین و لە چەند ساڵی داهاتوودا بە چاوی خۆمان دەیبینین.

 

یەکەم: زیادکردنی توانای مەعریفی و بیرکاری.. زیرەکیی دەستکرد دەبێتە فەیلەسوف:

 

سەرەڕای ئەوەی سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد کە لەسەر کۆمەڵێک داتای گەورە ڕاهێنرابوون، هەروەها ڕاهێنانەکانیان لە بنەڕەتدا کارگێڕی بوو، ئەمەش بەو مانایەیە کە لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی زیرەکیی دەستکرددا ئامانج دروستکردنی سیستەمێک بوو کە بتوانێت کارێکی دیاریکراو ئەنجام بدات، تەنانەت ئەگەر تواناکانی لە توانای مرۆڤ باڵاتر بێت. وەک توانای نووسینی بابەتێک، یان کێشانی وێنەی ڕووخساری مرۆڤێک، یان دیزاینکردنی تابلۆکانی بانگەشەکردن کە لە ڕێگەی سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکردی خولقێنەرەوە ئەنجام دەدران، بە پلەی یەکەم ئەم توانایانە کارگێڕی  بوون نەک توانای فیکری، یان مەعریفی. هەروەها ئەم سیستەمانە توانای خەیاڵکردن، یان داهێنان، یان بیرکردنەوەی سەربەخۆیان نەبوو، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەرکی داواکراو ئەنجام بدەن کۆمەڵێک ئەلگۆریتمی لۆژیکییان پەیڕەو دەکرد.

 

بەڵام قۆناغی داهاتووی ڕاهێنانی زیرەکیی دەستکرد تەنها بە زیادکردنی کارایی لە ڕاهێنانی کارگێڕیدا سنووردار نابێت، بەڵکو چوارچێوەیەکی مەعریفیش (Cognitive) دەگرێتەوە، واتا زیرەکیی دەستکرد توانای تێگەیشتن لە زانیاری، زانست، کولتوور، بەها و  ئەدەبیاتی لە ڕێگەی خۆراکدانی ئەم سیستەمانە بە ئینسایکلۆپیدیای زانستی، فەلسەفی، هونەر، ئەدەبیاتی فیکری و گفتوگۆی کەسی لەنێوان تاکەکاندا دەبێت، هەروەها توانای تێگەیشتن لە کۆنتێکست،  ژینگە و بارودۆخەکانیان بەدەست دەهێنێت، نەک تەنها تێگەیشتن لە زانیاریەکانی ناو ئەم سەرچاوانە، بەڵکو دەتوانێت لە مەبەست و مانای چیرۆک، یان ڕۆمانەکانیش تێبگات، هەروەها لە دۆخی دەروونی قسەکەر تێبگات و جیاوازی لەنێوان چاکە و خراپەدا بکات.

 

پەیتا پەیتا، زیرەکیی دەستکرد جۆرێک لە دانایی تایبەت بە خۆی دەبێت، کاتێک لەسەر کێشەیەک پرسیاری لێدەکرێت، لە وەڵامدانەوەکانیدا نەک تەنها هەنگاوە زانستیەکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵکو کۆمەڵێک پێوەر و ڕووی جۆراوجۆر لە بەرچاو دەگریت، توانای ئەوەی هەیە لە کۆنتێکست، هۆکار، بارودۆخ و ژینگەی ناوخۆیی کێشەکە تێبگات، هەروەها لایەنە سیاسی، ئابووری و یاساییەکانی کێشەکە لە بەرچاو دەگرێت، قسە لەسەر ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە کێشەکە دەکات و لە گرفتە لاوەکییەکانی دیکەی پەیوەندیدار دەکۆڵێتەوە. دەرئەنجام بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکە دەستدەکات بە پێشنیارکردنی چارەسەری پراکتیکی لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکان، لە سیستەمێکی سادەوە کە تەنها توانای نووسینی وشە و ڕستەی هەیە، بۆ فەیلەسوفێکی دانا دەگۆڕدرێت کە لە ڕەهەندەکانی کێشەکە تێدەگات، نەک تەنها بە داڕشتنی ڕستە بە شێوەیەکی باش، بەڵکو توانای پێشکەشکردنی چارەسەری کردەیی بۆیان دەبێت.

 

سێیەم: نزیکبوونەوە لە قۆناغی هۆشیاری و تێگەیشتن.. زیرەکیی دەستکردێکی هۆشیار:

 

لە ڕووی تیۆریەوە، دەتوانین زیرەکیی دەستکردی گشتی دابەش بکەین بۆ سێ ئاستی سەرەکی: زیرەکیی دەستکردی سۆزدار (Emotional AI) کە توانای تێگەیشتن و وەڵامدانەوەی هەستەکانی مرۆڤی هەیە، وەک هەستەکانی خۆشی و وروژاندن و تووڕەیی، بە پشتبەستن بە شیکردنەوەی دەربڕینەکانی ڕووخسار، تۆنی دەنگ و تەنانەت نیشانە ژیانەییەکانی جەستەی مرۆڤ، وەک ئاستی لێدانی دڵ. پاشان لەسەر ئەم بنەمایە وەڵامی هەستە پاکەکانی مرۆڤ دەداتەوە، جا بە وشەی دڵنەوایی، یان پیرۆزبایی، یان تەنانەت بە پێشنیار بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ پزیشک، یان پسپۆڕی دەروونی بێت، ئەمەش ئەو قۆناغەیە کە سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد بە ڕێژەیەکی زۆر لێی نزیک بوونەتەوە.

 

بەڵام قۆناغی داهاتوو بریتییە لە تیۆری عەقڵ (Theory of Mind)، کە تێیدا سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد بە ڕێژەیەکی زۆر توانای  لاسایکردنەوەی ڕەفتار و بیرکردنەوەی مرۆڤیان دەبێت، لێرەدا سەرنج و گرنگی بە لایەنی تێگەیشتن و مەعریفی مرۆڤەکان دەدرێت، ئەمەش بەو واتایەیە کە سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد جۆرێک لە هۆشیاری، یان تێگەیشتنیان دەبێت تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت، کەواتە توانای ئاڵوگۆڕی هەستەکانیان وەک مرۆڤ دەبێت بۆ نموونە، توانای جووڵان و گۆڕینی تۆنی دەنگ و دەربڕینی ڕووخساریان دەبێت.

 

بەڵام قۆناغی سێیەم و کۆتایی، قۆناغی زیرەکیی دەستکردی هۆشیارە (Sentient AI)، لێرەدا زیرەکیی دەستکرد بڕێکی زۆری هۆشیاری و تێگەیشتنی دەبێت، دەتوانێت بڕیار لەسەر شتەکان بدات و چاکە لە خراپە و باش لە گەندەڵ جیا بکاتەوە، کاریگەری ئەو ژینگەیەی تێدا کار دەکات دەردەکەوێت و پێداویستییە تایبەتەکانی دەردەکەون، ئیتر دەست دەکات بە دامەزراندنی ئەولەوییەتەکانی خۆی کە بێگومان لە ئەولەوییەتەکانی مرۆڤ جیاوازترن، ڕەنگە کێشەی لەگەڵیاندا هەبێت و بەریەکیش بکەون، پاشان ئەو ململانێیانە دەست پێ دەکات کە پسپۆڕانی زیرەکیی دەستکرد لە ئێستاوە هۆشداری لەبارەیەوە دەدەن، ئەویش ململانێیەکی ناهاوسەنگی نێوان توانا سروشتییەکانی مرۆڤ و ئەو توانایانەیە کە زیرەکیی دەستکرد بەدەستی دەهێنن، دوای ئەوەی مرۆڤ زۆربەی تواناکانی لە بەرژەوەندی زیرەکیی دەستکرددا لە دەست داوە.

 

بە دڵنیاییەوە زیرەکیی دەستکرد لە ماوەی پێنج ساڵدا ناگاتە ئەم هەموو توانایانە، بەڵام لانیکەم ڕێگایەکی زۆری لێ تەی کردووە و چاوەڕوانی ئەوانی تر دەکەین، هەر ئەمەش پاڵمان پێوە دەنێت بۆ پرسیار دەربارەی ئەو ڕۆڵەی کە زیرەکیی دەستکرد لە داهاتوودا دەیگێڕێت، و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی تاکەکان و داهاتووی وڵاتان چۆن دەبێت.

 

ئەو کارانەی کە زیرەکیی دەستکرد لە ئامادەکردنیاندا ڕۆڵی دەبێت:

 

مەحاڵە هەموو ئەو بەکارهێنانانە بژمێرین کە زیرەکیی دەستکرد لە داهاتوودا دەتوانێت ئەنجامی بدات، بەڵام دڵنیایە کە ڕۆڵێکی گەورە لە ژیانی مرۆڤدا دەگێڕێت، کە لە ئاستی کەسییەوە دەست پێدەکات و لە ئاستی نیشتمانی و نێونەتەوەییدا کۆتایی دێت، چونکە ئەو ئەرکارنە ئەنجام دەدات، کە یارمەتیدەرە لە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان، تەنانەت ئەرکەکانی پەیوەست بە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی نێوان وڵاتانیش ئەنجام دەدات. لەوانە بۆ نموونە:

 

– یاریدەدەری کەسی: لە ئاستی کەسیدا زیرەکیی دەستکرد دەبێتە یاریدەدەر بۆ هەرمرۆڤێک کە پشتی پێ ببەستێت لە جێبەجێکردنی  زۆرێک لە ئەرکە ڕۆژانەکانیدا، لە ئەرکە سادەکانەوە دەستپێدەکات وەک ناردنی ئیمەیڵ و ڕێکخستنی کات و ژوان و پارەدانی بلێت، تا دەگاتە چاودێری منداڵان و بەساڵاچووان، ئامادەکردنی خواردن و قەدکردنەوەی جل و بەرگ، هەروەها کۆتایی بەو گومانە دەهێنێت کە نابێتە هاوڕێ، یان هاوسەر چونکە هەندێک لە مرۆڤەکان پێیان باشترە ژیانیان لەگەڵ ئەواندا بەردەوامی پێبدەن، لەبەرئەوەی لە هەستەکان تێدەگات و کارلێکیان لەگەڵدا دەکات، پێداویستییەکان دەناسێت و پڕیان دەکاتەوە، لە کێشەکان تێدەگات و بەشداری لە چارەسەرکردنیاندا دەکات، لەگەڵ هەموو ئەم لێهاتووییانەی پێیدەگات دەکرێت سیمای ڕووخسار و شێوەی جەستەی بەو شێوەیەی کە سەرنجی خاوەنەکەی ڕادەکێشێت دیزاینیان بۆ بکرێت، ئەمەش ئەو تایبەتمەندییەی پێدەبەخشێت کە بۆ زۆرێک لە خەڵک ببێتە هەڵبژاردەیەکی سەرنجڕاکێش.

 

– پزیشک و مامۆستا و کرێکار: لە داهاتوودا زیرەکیی دەستکرد  شوێن زۆرێک لە پیشەکان دەگرێتەوە، بەتایبەتی ئەو پیشە ڕۆتینانەی کە بۆ جێگرتنەوە کراوەن، وەک پیشەکانی ژمێریاری، ئەرکە کارگێڕییەکان، خزمەتگوزاری کڕیاران، وەرگێڕان و دەستکاریکردن و ئامادەکردنی پوختەی بابەتەکان، هەروەها بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ئەرکە قورسەکان، وەک لێخوڕینی خۆکارانە و گەیاندن و خزمەتگوزاریی لۆجستی، کارەکانی چاودێری و پشکنین و کاری کوالیتی، دەستەبەرکردنی ئاسانکاری و بەڕێوەبردنی جەنجاڵی و قەرەباڵغی. لە کۆتایدا شوێنی زۆرێک لە پیشە ئاڵۆزەکانیش دەگرێتەوە، وەک ئەوەی کە دەبێتە پزیشک، یان مامۆستا، یان ڕاوێژکار. نەخۆشییەکان دەستنیشان دەکات و چارەسەر دەنووسیت، ڕوونکردنەوە بۆ وانەکان و هەڵسەنگاندنی قوتابیان دەکات، ئەگەر بمانەوێت کەوانەیەک بکەینەوە بۆئەوەوی پیشەی تری بۆ زیاد بکەین، کە زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت ئەنجامیان بدات، دەکرێت بڵێین کە دەبێتە (ڕاهێنەر، چارەسەرکەری دەروونی، شیکارکەری دارایی، بەرنامەساز، دیزاینەر، توێژەر و سەرنوسەر…).

 

– ڕاوێژکار و داڕێژەری سیاسەت: سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد خاوەنی ئەو ئامڕازانەن کە توانای هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکانی حکومەت و دیاریکردنی توانای جێبەجێکردن، پێوانەکردنی ئاراستەکانی ڕای گشتی بەرامبەریان هەیە، هەروەها دیاریکردنی ئاستی قبوڵکردنیان هەیە. لە هەمان کاتدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئاستی ئابووری، ئاسایش، یان کۆمەڵگەدا ڕوودەدات، دەتوانێت پێداویستییەکانی داهاتووی دەوڵەت بەڕێوەببات. بەم شێوەیە لە کاتی داڕشتنی سیاسەتەکانی حکومەتدا دەبێتە پێویستییەکی بنەڕەتی، بۆ پەڕەپێدان، چاودیریکردن و هەڵسەنگاندنی ئەم سیاسەتانە حکومەتەکان پشتی پێدەبەستن.

 

– پۆلیس و جەنگاوەر: بە دڵنییاییەوە لە داهاتوودا تەکنەلۆژیاکانی  زیرەکیی دەستکرد ڕۆڵێکی گرنگیان لە دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت، چ لە ئاستی ناوخۆیی، یان دەرەکی بێت. چونکە لە ڕێگەی ئەم تەکنەلۆژیانەوە دەتوانرێت هەموو تاکەکان بە شێوەیەکی زیندوو لە کاتی ڕاستەقینەدا چاودێری بکرێن و شوێنەکانی دەرچوون لە یاسا بە شێوەیەکی خێرا دیاری بکرێت، هەروەها بەدوداچوون بۆ گومانلێکراوەکان بکرێت لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاکانی ناسینەوەی دەم و چاوەوە و لەهەر شوێنێکدا بن بدۆزرێنەوە. هەروەها دەتوانرێت چاودێری مامەڵەی گواستنەوەی پارە بکرێت، تاوانەکانی فێڵبازی و سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیکردن لە تیرۆریزم دەستنیشان بکرێت. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، پشتبەستن بە تەکنەلۆژیاکانی زیرەکیی دەستکرد لە ئێستاوە لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا دەستی پێکردووە، چ لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاسمانی، یان دەریاییەوە بێت، یان لە ڕێگەی ڕۆبۆتی بکوژەوە، یان لە ڕێگەی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە بێت.

 

ئەمانە کۆمەڵێک لەو کارانەن بوون کە جێبەجێکردنیان ئەگەرچی بەشێوەیەکی تاقیکاری، یان بە شێوەیەکی ئەزموونی پەیتا پەیتا بە چاوی خۆمان دەبینین، بەڵام لە داهاتوودا زیاتر دەبن و لەلایەن زیرەکیی دەستکردەوە قۆرخ دەکرێن.

 

سیما کۆمەڵایەتییەکانی شۆڕشی زیرەکیی دەستکرد:

 

شۆڕشی مەیریفی نوێی کە زیرەکیی دەستکرد ڕابەرایەتی دەکات، دەتوانێت بەشێوازێکی سەربەخۆ سەرلەنۆێ بناغەی ژیانی مرۆڤایەتی لە قالب بداتەوە. لەم ڕێڕەوەدا… میکانیزمەکانی کارکردن لە گۆڕاندایە و شاهیدی دووبارە داڕشتنەوەی هەلی کار و دامەزراوەکان، دووبارە دامەزراندنەوەی زۆرێک لە پیشەسازییەکان و سیستەمی کارکردن دەبین، یاسا و ڕێساکان دووبارە دەنووسرێنەوە، سەرلەنوێ پێداچوونەوە لە بودجە و پێداویستییەکان دەکرێت، زۆرێک لە چەمک و زاراوەکان دووبارە پێناسە دەکرێنەوە. پێوەندیی نوێی لەنێوان مرۆڤ و زیرەکیی دەستکردا سەرهەڵدەدات کە تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی هاوەڵێتی لەگەڵ ڕۆبۆت دایە، شێوازی ئابووری دەگۆڕێت دوای ئەوەی زیاتر ئاڵۆز و قورستر دەبێت بە هۆی زیادبوونی توانای پێشبینیکردن و بەڕێوەبردنی ئاژاوە و جامبازی لە بازاڕەکاندا، کە بە گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێزی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت.

 

– داتەپینی دامەزراوەکان و پێکهاتەیی فۆڕمەکانی کارکردن: چەندین دامەزراوە هەن بەهۆی زیرەکیی دەستکردەوە مەترسی داتەپینیان لەسەرە، لەوانە ناوەندەکانی توێژینەوە و ڕاوێژکاری، ناوەندەکانی خزمەتگوزاری کڕیار و زانیاری، بریکارەکانی گەشتیاری،  کۆمپانیاکانی ڕیکلام، نووسینگەکانی پارێزەری یاسایی و وەرگێڕان، جگە لە کەرتی بەرهەمهێنان کە لەسەر حسابی دامەزراندنی نەریتی فراوانتر دەبێت، لەگەڵ داڕشتنەوەی پێکهاتەیی بنەڕەتی لە کەرتەکانی وەک گواستنەوە، پێوەندییەکان، پەروەردە، تەندروستی، ئاسایش و کارگێڕی بازرگانیدا.

 

– نەمانی پیشە کۆنەکان و دەرکەوتنی پیشەی تازە: هەموو پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیرەکیی دەستکرد بەشداری لە پێکهاتەیی زۆرێک لە کار و بارەکاندا دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی لەناوچوونی چەندین پیشە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەبێتە هۆی دروستکردنی پیشەی نوێ، وەک پیشەی ئەندازیاری مۆدێلی زمانەوانی، ڕاهێنەری داتا، ئەندازیاری یەکخستنی زیرەکیی دەستکرد، شیکارکەری سیاسەتەکانی زیرەکیی دەستکرد. ئەگەرچی هەموو ئەم پیشانە پەیوەستن بە زیرەکیی دەستکردەوە، بەڵام ڕەنگە پیشەی دیکەش دەرکەون، وەک پیشەی چارەسەری ئالوودەبوونی دیجیتاڵی،  ڕاهێنەری توانا عەقڵییەکان، دیزاینەری ئەزموونی مرۆیی و هەندێک پشەی دیکە کە بۆ چارەسەرکردنی لایەنی نەرێنی زۆر پشتبەستن بە زیرەکیی دەستکرد وەک پێویستییەک دەرکەون.

 

– چڕبوونەوەی سامان و سەرمایە: ڕاستییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو کۆمپانیانەی کە وەبەرهێنانیان لە زیرەکیی دەستکردا کردووە. ئەوانەن کە بەهای بازاڕیان چەند هێندە زیادی کردووە، وەک (Nvidia)، (Microsoft) و (OpenAI)، جگە لەوەش لەم دواییانەدا ئاراستەی زۆربەی سەرمایە بەرەو وەبەرهێنان لە کۆمپانیاکانی زیرەکیی دەستکرددا چووە، ئەمەش ڕەنگە لەسەر حسابی وەبەرهێنان لە کەرتە گرنگەکانی دیکەی وەک تەندروستی، پەروەردە و ژێرخانی ئابووریدا بێت، کە بەشداری لە قووڵکردنەوەی کەلێنی نێوان ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی ئەم تەکنەلۆژیایەن (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا) و ئەو وڵاتانەی دیکە کە بەکاربەرن دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فۆرمێکی قووڵتر لە وابەستەیی سیاسی و ئابووری دروست بکات و فۆرمەکانی نایەکسانی لەنێوان وڵاتاندا زیاتر دەکات.

 

– پەراوێزخستنی لاواز و هەژارەکان: بەهۆی پێکهاتەیی پیشەکان و چڕبوونەوەی سەرمایەوە، هەژار و لاوازەکان لە سەردەمی زیرەکیی دەستکردا بە توندی دەناڵێنن، هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەم تەکنەلۆژیایە بە خۆڕایی بۆ هەمووان بەردەست نابێت، تەنانەت نزیکەی تەواوی سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکردی خولقێنەر لەسەر بنەمای بەشداری مانگانە دەبن، تەنها ئەوانە دەستیان پێ دەگات کە دەتوانن تێچووەکەی بگرنەوە ئەستۆ. جگە لەوەش، پرۆسەی ڕاهێنانی بەردەوام و گەشەپێدانی کارامەییەکانی مرۆڤ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیستمانەدا پێویستی بە تێچووی ماددییە کە ڕەنگە هەموو تاکەکان نەتوانن لە ئەستۆی بگرن، لەگەڵ پاشەکشەکردنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی دەوڵەت و هاتنە ناوەوەی نفووزی سەرمایە و بازاڕی ئازاددا، لاوازەکان خۆیان دەبیننەوە کە ناتوانن بەشداری لەم پێشبڕکێیەدا بکەن.

 

– نەمانی تایبەتمەندی کەسی: هێشتا سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد بۆ مەبەستی پەڕەپێدان پێویستیان بە داتای زیاتر هەیە، بێگومان تاکەکان سەرچاوەیەکی باشن بۆ ئەو داتایانە، بۆیە گفتوگۆی کەسی لەگەڵ زیرەکیی دەستکرددا، داواکاریەکانی کار و دامەزراندن و دۆخی تەندروستی تاکەکان دەبنە سەرچاوەی ڕاهێنان و فێربوون بۆ سیستەمەکانی زیرەکیی دەستکرد، هەروەها لەگەڵ چوونە ژوورەوەی ڕۆبۆتەکان بۆ کارکردن لە ماڵ و دامەزراوە حکومی و شەقامەکاندا، وادەکات ژیانی کەسی، کارگێڕی و پیشەیی تاکەکان لەسەر ئەم سیستمانە ئاشکرا بێت، ئەمەش بە واتای نەمانی تەواوەتی تایبەتمەندی کەسی تاکەکان دێت.

 

– هەڵوەشاندنەوەی پێوەندییە مرۆییەکان: شۆڕشی زیرەکیی دەستکرد بەڵێنی پێشکەشکردنی سیستەمی دیجیتاڵی و ڕۆبۆتەکان دەدات کە زۆر لە مرۆڤ دەچن، جا چ لە ڕووی ڕواڵەت بێت، یان دەنگ، یان هەست و سۆز. بە جۆرێک دەبنە هاوڕێ، هاوەڵ و هاوسەری مرۆڤ، شێوازێکی نوێی پێوەندی لەنێوان مرۆڤ و ئامێردا بەرهەم دەهێنێت، وایان لێ دەکات لەسەر حسابی فەزای مرۆییە هاوبەشەکەی نێوان مرۆڤەکان زیاتر بە ئامێر و سیستمەکانەوە گرێبدرێن. ئەمەش ڕەنگە کاریگەری لەسەر پێوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان هەبێت. 

 

– دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی هێز لە جیهاندا: زیرەکیی دەستکرد بووەتە فاکتەرێکی بڕیاردەر لە هاوسەنگی هێزی نێودەوڵەتیدا، نەک تەنها لە ڕێگەی بەکارهێنانی سەربازی، یان هەواڵگریەوە، بەڵکو هەروەها لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕەکانی تەکنەلۆژیا و ژێرخانی دیجیتاڵیشدا. ئەو وڵاتانەی کە توانای گەشەپێدان و بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایانەیان هەیە، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین، خەریکە لە ئێستادا بۆ ناوەندی نفووزی جیهانی بگۆڕدرێن، لەکاتێکدا پێگەی وڵاتانی بەکاربەر کە توانای داهێنان، یان بەرهەمهێنانیان لەو بوارەدا نییە لە پاشەکشەدایە.

 

لە کۆتاییدا، تا ئەو ڕادەیەی کە زیرەکیی دەستکرد فاکتەرێکە لە بەدیهێنانی زیاتری خۆشگوزەرانی، خێرایی و کارامەیی لە ژیانی مرۆڤەکاندا، لەبەرامبەردا بووەتە هۆکاری پەراوێزخستن، هەژاری و نایەکسانی، نەمانی تایبەتمەندی کەسی و بەرتەسکبوونەوەی پەراوێزی ئازادی تاکەکەسی زیاتری مرۆڤەکان، ئەمەش بە ناچاری بۆ پاراستنی ئەو توێژانەی کۆمەڵ کە زیاتر لە بەردەم کاریگەرییەکانی زیرەکیی دەستکردان، هەروەها پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاکەکەس، پێویستی بە ڕێکخستن و یاسایکردنی ئەو بابەتانە دەکات.

 

         

Merza Ali
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…