گرنگی چاڵاکی فکری لە سیستەمی پەروەردەدا
بەشی: دووەم
بەڕێزان: لە بەشی یەکەم. سەبارەت بە دروست بوونی کەسایەتی مرۆڤ، جیاواز لە فترەت، جینات و ویراسە، باسی چالاکی فکریشم کردبوو، لەم بەشەدا دەمەویت ڕونکردنەوەی زیاتر لەسەر گرنگیدان، بە چاڵاکی فکری لە سیستەمی پەروەردەی سەردەمدا بکەم. بۆچی لە سیستەمی پەروەردەی مۆدێرن، لە جیاتی فترەت و جینات و ویراسە، زیاتر گرنگی بە چاڵاکی فکری دەدەن؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە.
یەکەم: دەیانەوێت مرۆڤ، لەو زیندانیەی کە لەڕێگای بیروباوەڕە، ئایدیۆلۆژیا و فەرهەنگ، سیستەم … هتد، کە بۆی دروست کراوە، ئازادی بکەن!
دووەم: دەیانەوێت مرۆڤ، لەو ئیحساسات وسۆزداریەی، کە لەتەمەنی یەك ساڵی تاکو تەمەنی هەشت ساڵی. کە لەڕێگای، هەست، هۆش و خەیاڵ، بۆی دروست بووە، ڕزگاری بکەن و ئەقلانی بیر بکاتەوە، بڕیار بدات، هەڵبژاردن بکات و هەست بە بەرپرسیارەتی بکات.
بۆیە دەبینین ئەو کۆمەلگەیەی کە لەرێگای سیستەمی پەروەردەوە، گرنگی بە چاڵاکی فکری دەدات، دانیشتوانی ئەو وڵاتە لە ئاسایش و ئارامی زیاتر و ژیانێکی باشتر و پێشکەوتوتردا دەژین،
ئەگەر بمانەوێت وردتر باسی چاڵاکی فکر بکەین، پێویستە زیاتر باسی خەیاڵ، هەست، هۆش، ئیحساس و سۆزی مرۆڤ بکەین، لەبەر ئەوەی خەیاڵ کردن بنەمای دەست پێکردنی بیرکردنەوەو چاڵاکی فکریە، بەلام توانایی خەیاڵ کردن و بیرکردنەوە. پەیوەندی بە ئاستی هۆشی مرۆڤەوە هەیە.
بۆ نمونە یەکەم: ئەو مرۆڤانەی کە ئاستی هۆشیان لەخوارەوەیە، ئاستی بیرکردنەوەو خەیاڵ کردنیشیان زۆر دیاری کراوە. یانی توانای ئاستی خەیاڵ کردنی ئەو جۆرە کەسانە، تەنها لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا دەمێنێتەوە. ناتوانێت وێنای داهێنان دروست کردن و ئاڵوگۆڕ لە بیرکردنەوەیدا بکات.
دووەم :خەیاڵ کردنە لە کارو کردەوەی ئەرێنی ونەرێنی، ئەو مرۆڤانەی کە خەیاڵی نەرێنی دەکەن، دیارە زۆربەیان لە ناخەوە هەست بە نیگەرانی و بێ تاقەتی دەکەن، ئەم جۆرە مرۆڤانە گرفت و کێشەی دەروونی جۆراوجۆریان هەیە، هەتا شێوەی خەیاڵ کردن و بیرکردنەوەیان، هیچ سودێکی بۆ خودی خۆشیان نیە، بۆ نموونە، ئازاردانی خەڵک، حەسودی بردن بە خەڵک،…هتد.
سێیەم : خەیاڵ کردن، خەیاڵکردنە، بۆ تێگەیشتن لە هونەر، زانست و فەلسەفە، ئەم جۆرە خەیاڵ کردنە، مرۆڤ بەروە ئازادی و داهێنان دەبات، ئەو کەسەی بەم جۆرە خەیاڵ دەکات لەوەیە لە خەیاڵی خۆیدا، ببێت بە کەسێکی وێنەکێش، پزیشك، ئەندازیار یان هونەرمەندێکی سەرکەوتوو. ئەم جۆرە خەیاڵ کردنە، دونیا بە شێوەیەکی باشتر و جوانتر دەبینێت، یان بە شیوەیەکی جیاوازتر، لێكدانەوەو هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دونیایە دەکات، دیارە مرۆڤ هەرچەند زیاتر باوەڕی بە ئازادی هەبێت، مەودای خەیاڵ کردنیشی فرەوانتر دەبێتەوە،
هەتا لە ڕوانگەی فەیلەسوفانی مۆدێرنیش دا، خەیاڵ بە شێوەیەکی باو، ئامرازێکە بۆ دروستکردنی وێنە دەروونیەکان، هەروەها بۆ ئەنجامدانی گواستنەوەی ناعەقڵانی و هاوبەش لە نێوان ئەم وێنانەی کەلە خەیالی خۆیدا دروستی دەکات، هەندێک لە بیرمەندان و فەیلەسوفان،خەیاڵ دەیبەستنەوە بە مەعریفەوە، پێیان وایە خەیاڵ پرۆسەیەکی مەعریفییە لە کارکردنی دەروونیدا.
کارل یۆنگ، پێی وابوو خەیاڵی چالاک، ئامرازێکی چارەنووسسازە بۆ دەستڕاگەیشتن و یەکخستنی عەقڵی نائاگا، خەیال ڕێگە بە نائاگا دەدات، لە وێنە و گێڕانەوە و دیالۆگدا خۆیان نیشان دەدەن. ئەم شێوازە یارمەتی تاکەکان دەکات، کە پردێک لە نێوان خودی هۆشیار و نائاگادا دروست بکات.
یان ڕوت بایرن Ruth M.J.Byrne لە ڕۆژنامەی MIT لە ژێر ناوی خەیاڵی عەقڵانی دەڵێت:
( مرۆڤەکان لە ڕێگای خەیاڵەوە بەدیل بۆ واقیع دروست دەکەن) دەتوانین بڵێین، ئەرکەکانی هێزی خەیاڵ لە مرۆڤدا، دەتوانرێت بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە: یەکێک لەم ئەرکانە؛ خەیاڵ بە مانای دروستکردنی فۆرمێکی خەیاڵی، کە لە جیهانی واقیعدا بوونیان نییە. ئەمەش زۆرجار بە تێکەڵکردنی ڕووخساری ڕاستەقینە و دروستکردنی تێکەڵەیەکی خەیاڵی و ناڕاستەقینە ئەنجام دەدرێت.
کەواتە مرۆڤ لەپاڵ خەیاڵ کردندا، هەست و هۆشیشی بەکار دەهێنیت، بەڵام سەرەڕای هەست و هۆش و خەیاڵ، دوو دیاردەی تریش لە مرۆڤ دەردەکەوێت، ئەو دوانەش ، ئیحساس و سۆزە، ئیحساس و سۆز، بەرهەمی هەست وهۆش و خایاڵی منداڵیە. منداڵ لە تەمەنی یەکساڵی، هەست بە خواردن و پاکردنەوە دەکات، لە تەمەنی دوو بۆ سێ ساڵی دەتوانێ هۆشی بەکار بهێنێت، لە تەمەنی سێ بۆ پێنج ساڵی، خەیاڵیش دەکات، هەر بە خەیاڵ، لەگەڵ یاریەکانی قسە دەکات و لێیان توڕە دەبێت،
دیارە ئەگەر مرۆڤ تەنها بە هەست و هۆش و خەیاڵ گەورە بوایە، لەوەیە هیچ کێشەیەکی نەدەبوو، بەڵام مرۆڤ لە ڕێگای هەست و هۆش و خایاڵیەوە، ئیحساس و سۆزیشی بۆ دروست دەبێت، تاکو ئێستاکە لە ٪٩٥ی مرۆڤەکان تێگەیشتنیان سەبارەت بە چۆنیەتی دروست بوونی ئەم دونیایە، بوونی خودی خۆیان، دەورو بەرەری خۆیان و واتای ژیان، لەسەر بنەمای، هەست، هۆش، خەیاڵ، سۆز و ئیحساسیان بەکار دێنن.
بۆ نمونە ئەگەر ژنێك لە دوورەوە بەرەو ڕووی من بێت، لە کاتی نزیک بونەوەی کە هەستم کرد ئەو ژنە دایک یان خوشکی منە، من زۆر هەست بە خۆشحاڵی دەکەم، بەڵام ئەگەر بۆم دەرکەوت کە ئەوە ژنە، دایکی من نیەوە ژنە توڕەو حەسودەکەی دراوسێمانە، ئەوە من هەستم دەگۆڕێت و نیگەران دەبم، هەربۆیە مرۆڤ بە بیستنی هەوڵێک دڵخۆش دەبێت، و بە بیستنی هەواڵیکی تر نیگەران و بێ تاقەت دەبێت، کەواتە ئیحساس و سۆزی مرۆڤ لە سەر بنەمای هەست و هۆش و خەیاڵی تەمەنی منداڵی دامەزراوە.
زۆر کەس پێیان وایە ئیحساس و سۆز، یانی، میهرەبانی، رق، توڕەبوون، نیگەرانی، شادی و نائارامی، خود بەخود لە ناخی مرۆڤدا هەیە، بەڵام بە هیچ شیوەیەک بەم شێوەیە نیە، جینات، فترەت و ویراسە کاریگەریان هەیە، بەڵام بنەمای دروست بوونی ئیحساس و سۆزی مرۆڤ، هەست، هۆش و خەیالە.
لە ئێستادا مرۆڤ لە ڕێگای چاڵاکی فکری گەێشتۆتە ئاستێك، بۆ بیرکردنەوە، هەڵسەنگاندن، لێکدانەوە، جیاکردنەوە، هەڵبژاردن و بڕیاردان، جیاواز لە ئیحساس و سۆزداری، دەتوانێت ئەقڵ بەکار بهێنێت، مرۆڤ دەتوانێت لە ڕیگای ئەقلیەوە کۆنترۆڵی هەست وهۆش و خەیاڵی خۆی بکات، لەبەر ئەوەی مرۆڤی خاوەن ئەقڵ، دونیای واقیعی وەکو خۆی دەبینێت و لێکدانەوەی بۆ دەکات، دەتوانێت هۆکاری پەیوەندی نێوان دیاردەکان ئاشکرا بکات، یاساکانی سروشت بناسێت. بۆ هەڵسەنگاندن بڕیاردان، پێور بەکار دەهێنیت.
ئەگەر چالاکی فکری لە چوارچیوەی ئەقڵ کار بکات، مرۆڤ دەتوانیت کەڵک لە ئازادی وەربگرێت، تەنها ئازادیە ئەو هێزە بە مرۆڤ دەبەخشیێت، سەرەڕای ئەوی کە ٥٠ ساڵ باوەڕی بە شتێک هەبووە، دەتوانێت لە ماوەی چەند چرکەیەکدا هەموو ئەوانەی کەلە ڕابردوو باوەڕی پێ هەبوو، بیخاتە لاوەو وازی لێ بێنێت.
لێرەدا زۆر گرنگە سیستەمی پەروەردە گرنگی بە چاڵاکی فکری منداڵ بدات، بەتایبەتی لە خێزانە، دایک و باوک، تاکو منداڵەکەیان دەگاتە تەمەنی ٨ساڵی بە ڕێگایەکی ڕاست، دروست و زانستی پەروەردەی بکەن، لەبەر ئەوەی لەو تەمەنەدا کات لەڵای منداڵ یەك دەقە، دە دەقەیە، یەك کاتژمێر، دە کاتژمێرە، یەك ڕۆژ دە ڕۆژە، ئەو دایک و باوکەی کە نەی توانیەوە مندالەکەی لەگەڵ کات ڕا بهێنێت، ئەو منداڵانە لە تەمەنی گەورەییدا، کێشەی خەیاڵیان زۆر بۆ دروست دەبێت، زۆر زوو باوەڕ بە هەواڵی هەڵە دەکەن، بە قسەی ناڕاست هەڵدەخەڵەتێن.
ماویەتی