ڕزگار عوسمان (هاوڕێ)
یەکەم: بەهۆی سیاسەتی دژە سۆشیاڵیستی و مارکسی ترەمپ؛ ئەو ئەگەرە هەیە کە (ئۆپراسیۆنی داڵ یان ئۆپراسیۆنی کۆندۆر) لە ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپ چالاکتر بکرێتەوە لە تەواویی ولاتانی لاتیندا.
ئۆپراسیۆنی کۆندۆر: لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستەکان دامەزرا. ژووری چالاکییە لە سەرتاسەری لاتین بۆ ڕێگرتن لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی ومارکسی و دەسخستنە ناو کاروباری سیاسیی وڵاتانی لاتین… ئەو ڕێکخراوە پێکهاتووە لە دەزگای هەواڵگری (سیا)، (پینتاگۆن)، (دییا- دەزگای کۆنترۆڵی مادە هۆشبەرەکان)، سیخوڕ، سیاسییەکان و ئەفسەرە سەربازییەکانی ڕاست و بۆرژوازی ولاتانی لاتین.
ئۆپراسیۆنی کۆندۆر لێپرسراوە لە کوشتن، فڕاندن و ونکردنی مارکسی و سۆشیاڵیستەکان. هەتا ئێستا هەزاران تاوانیان ئەنجام داوە بە شێوازی جۆراوجۆر. سەرباری ئەو هەمووە تاوانانە… لێپرسراون لە چەندان کودەتای سەربازی لە سەرتاسەری لاتیندا، لەوانە کودەتا خوێناوییەکەی ١٩٧٣ لە چیلی …. (زانیاری زۆرە لەسەر کودەتاکان لە ولاتانی لاتین)
دووەم: چی وا لە ترەمپ دەکا لە لایەک دژی جەنگ بێ و لەلایەکی ترئەم ڕێکخراوە چالاک بکاتەوە لە ولاتانی لاتیندا؟
ترەمپ وەک سەرمایەدارێک تا ئێستا تەنها توانیویەتی لە هەشت سەکتەردا سەرمایەگوزاری بکا، لەوانە خانووبەرە، بانک، زانیارییەکان و … هەروەها سەرمایەگوزاری زۆر لە کۆمپانیای تێسلا. هەربۆیە ماسک بەتەواویی لە پشتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانییەوە بوو.
بەلام گروپی ترەمپ هەتا ئێستا سەرکەوتوونەبوون لە کۆنترۆڵ و سەرمایەگوزاری لە سەکتەرەکانی بازرگانی چەک و کەلوپەلی سەربازی و دەرمان دروستکردندا.
هۆکاری ئەوە کە ترەمپ وڕەی دێ لە دژی جەنگ؛ تەنها بۆ ئەوەیە کە لەناو سەکتەری بازرگانی چەک دروستکردن جێگایەک بۆ گروپەکەی خۆی بکاتەوە. لەماوەی سەرۆکایەتی یەکەم نەیتوانی و شکستی هێنا. ئەگەر لە سەرۆکایەتی دووەمدا سەرکەوتووبێ ئەوا جەنگەکان نەک ناوەستن بەلکو فراوانتر دەبن. ئەگەر نا ئەوا وەستان لەسەر ئەوەی کە گروپەکەی بێتە بەشێک لەوان: ڕەنگە سەری خۆی بخوا. هەر چۆن لە هەڵمەتی هەڵبژاردن هەولیاندا بۆ لەناوبردنی؛ بەهەمان شێوە هەوڵی تری بۆ بدەنەوە…
سێیەم: ئەمریکای لاتین و بەرژەوەندییەکانی ترەمپ!
بەگشتی هەموو مادە هۆشبەرە نایابەکانی لاتین لە ژێر کۆنترۆلی دەزگای (دییا)
دەگوازرانەوە کە خۆی هاوکاری سەرەکی بوو لەگەڵ ئۆپراسیۆنی کۆندۆر. و لەژێر ناوی دژایەتی و رێگرتن لە مادەی هۆشبەردا تا سالانی پێشوو راستەوخۆ نووسینگەیان لەهەموو فرۆکەخانە و پایتەخت و زۆرێک لە شارە گرنگەکان دا هەبوو. باندەکانی تاوان و کارتێلەکانیان کۆنترۆڵ کردبوو… ئەوان توانیبوویان بەدەستخستن و فرۆشتنەوەی مادە هۆشبەرەکان بە کۆمپانیاکانی دەرمان دروستکردن، سەرمایەیەکی یەکجار زۆر بەدەستبهێن کە بەشێکی ئەو سەرمایە بەکاریبهێننەوە لە دژی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی ئەمریکای لاتین. بەلام
بەدوای کۆتاییهاتنی زۆربەی بزووتنەوەی چەکداری و گریلایی لاتین، بەتایبەت (فارک) لە کۆلۆمبیا و هەڵسپاردنی چالاکییە چەکدارییەکانی زاپاتیستاکان لە چیاپاسی مەکسیک… و لەو لاشەوە سەرقالی ئەمریکا بە هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا. وای کرد کە چالاکییەکانی ئۆپراسیۆنی کۆندۆر بەگشتی لاواز ببێ.
لە ناو ئەو بۆشاییەدا کۆمپانیاکانی دەرمان دروستکردن لە ڕێگای باندە جیاوازەکانی لاتیینەوە توانیان دەستیان بەو بازاری مادەکان بگا. هەر بۆیە:
ترەمپ دیسان کار دەکا لە دژی ئاسان هاتوچۆ و کۆنترۆڵی سنوورەکان، لە لایەک هەڕەشە لە پەنابەرانی ولاتانی لاتین و ناوەراست دەکا و لایەکی تر هەوڵی کۆنترۆلکردنی سنوورەکان و بازاری مادە هۆشبەرەکان دەدا… کار بەوە گەشتووە هەڕەشەی هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر باکوری مەکسیک دەکا. هەر چەند لە ماوەی سەرۆکایەتی یەکەمیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەلام بە هۆکاری سووربوونی ترەمپ لەسەر ئەو خاڵە، ئەگەر هەیە کە ئەو پلانە بە ئەنجام بگەیەنێ. بەهەمان شێوە گروپەکەی ترەمپ لە ماوەیەی سەرۆکایەتی نوێ دا بتوانن کە لە سەکتەری دەرمان دروستکردندا پشکێک بەدەستبهێنن. چوونکە دەتوانن کۆنترۆلی دەزگای سیخوری و پۆلیس و (ئ ف بی..) بکەن وەک تیمی سەرۆکایەتی؛ ئەوەش هەلێکی باشە بۆ ترامپ و گروپەکەی.
لە هەر بار و دۆخێکدا مەترسی ئەوە هەیە کە ترەمپ سەرکەوتووبی لە چالاکردنەوەی ئۆپراسیۆنی کۆندۆر. بەمەش شەپۆلێکی تری تاوان دژی نەک هەر سۆشیاڵیست و مارکسیەکان بەلکو چەپە ریفۆرمیست و پەرلەمانتارییەکانیش دەستپێدەکاتەوە. لەم شەپۆلەدا تەنها حیزبە راستەکان و بەشی فاشیستی ناو سوپا نین بەلکو زۆرێک لە کلێساکانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە. لە بەرازیل، ئەرژەنتین و مەکسیک… بەتایبەت کلێساکانی بەرازیل بە سەرمایە و توانای میدیایی خۆیان هەر لەسەردەمی دەسەلاتی حیزبی تی پی و سەرۆکایەتی لویس سێلڤیا دژایەتی هەر بەها و ئازادییەک دەکەن؛ لە ژێر ناوی مەترسی کۆمۆنیزمدا.
تێبینیەکان:
– بە بەهانەی نەژاتپەرستی ترامپ راستییەکان خەریکە بە ئاراستەیەکی تردا دەڕوا. ترەمپ نە خەڵکە رەسەنەکەی ئەمریکای باکورە، و نە ئەمریکا یەک نەتەوە و نەژادە، تەنانەت یەک هەرێم و یەک مێژوویشی نییە… تا ترەمپ وەک نەژادپەرست پۆڵێن بکرێ. ئەو سەرمایەدارێکە کە بەتەواویی بەدوای بەرژەوەندیی خۆی و گروپ و کۆی سیستەمی سەرمایەدارییەوەیە.
– بۆچوونەکان لەسەر کودەتای سەربازی چیلی جیاوازە، چوونکە ئۆپراسیۆنی کۆندۆر بە فەرمی لە ساڵی ١٩٧٥ دا ڕاگەیەنرا. ئەویش دوای ئاشکرابوونی. بەلام لە ڕاستیدا ل=ە ناوەراستی سالانی ١٩٦٠ تەوە بوونی هەبوو لە ژێر ناوی ژووری جالاکیدا. بۆیە راستەوخۆ کودەتاکە لەژێر چاودێری ئەواندا کرا و هەر لەسالی ١٩٧٠ پلانیان بۆ تێکشکاندنی کۆمیتە کرێکارییە جەکدارەکان هەبوو. بەلام تا ٧٣ نەیانتوانی و سەرەنجام لەپال کودەتا خوێناوییەکەدا کۆمیتەکنیشیان تێکشکاند.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *