نوسینی: نەوزاد عومەر
دواجار لە ڕێوڕەسمێکی سەرۆکایەتیدا، وەک بەشێک لە مێژووی پرۆتۆکۆڵی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سیاسی لە ئەمریکا، لە (٢٠)ی ئەم مانگەدا کە تێچووەکەی زیاتر لە (١٧٠) ملێۆن دولار بوو، کە کۆمەڵێک سەرمایەداری ئەمریکا گرتوبیانە ئەستۆی خۆیان، بایدن کلیلی کۆشکی سپی ڕادەستی ترەمپ کرد، ئەگەرچی ترەمپ وەک یەکەم سەرۆک لە مێژووی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠٢١) دا ڕێوڕەسمەکەی شکاند، خۆیتۆراند و ئامادەی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات لەگەڵ بایدندا نەبوو.
هەر لە (٢٠)ی مانگەوە ترەمپ دونیای بە لێدوان و فەرمانەکانیەوە سەرقاڵکردووە، لە ڕاستیدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەم وتارە درێژکراوەی ئەو بابەتەیە کە لە (١/١٢/٢٠٢٤) لە دۆسیەی کوردستانی نوێدا بڵاوکرایەوە، کە لەوێدا تیشکمان خستبووە سەر بیروباوەڕی ترەمپ و دیدگای بۆ جیهان پێش دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا.
ڕەنگە لێدوان و بڕیارەکانی ترەمپ پێش و دوای دەستبەکاربوونی بۆ تێڕوانین لە ڕۆڵی سیاسەتی ئەمریکا لە ئابووری جیهاندا ڕەهەندی زیاترمان پێببەخشن، بەڵام پێش ئەوەی ئەم تێڕوانینانە بخەینە ڕوو، دەمەوێت خێرا ئاماژە بە چەند تێبینییەک بکەم کە بۆ هەمووان زۆر ناڕەحەتکەر و سەرنجڕاکێشە.
تێبینی یەکەم: مەزنی ئەمریکا وەک ئیمپراتۆریەتێکی جیهانی، بەندە بەو تایبەتمەندییەی کە لە مێژوودا هەمیشە دەوڵەتی یاسا و دەوڵەتی دامەزراوەکان بووە و یاسا ڕێزی لێگیراوە، بەڵام لەسایەی ململانێی سەرۆکایەتی ئەمریکادا یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە چەند ڕووەوە بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو لە پاش بردنەوەی ترەمپەوە بێڕێزی پێدەکرێت و کەوتۆتە ژێر ڕەخنەیەکی زۆرەوە.
وەک چۆن هەموو سەرۆکێک هەوڵ دەدا خێزان و لایەنگرانی لە ترسی تۆڵەسەندنەوە بپارێزێت، بۆئەوەی لە ئەگەری هەر لێپێچینەوەیەک لەلایەن ئیدارەی داهاتووەوە بپارێزێن. جۆ بایدن، بۆ ئەم مەبەستە چەند خولەکێک پێش کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی، لێبوردنی بۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی (بۆنموونە هانتەری کوڕی) لە هەر تاوانێکی ناتوندوتیژی دژ بە ئەمریکا کە لەوانەیە لەو ماوەیەدا ئەنجامیان دابێت یان بەشدارییان تێدا کردبێت دەرکرد. جگە لەوەش لێخۆشبوونی بۆ ئەو بەرپرس و ئەندامانەی لیژنەی ئەنجومەنی نوێنەران دەرکرد، کە لێکۆڵینەوەیان لە هێرشەکەی سەر بینای کۆنگرێس لە (٦)ی کانوونی دووەمی ساڵی (٢٠٢١) دا کرد. لە بەرامبەردا ترەمپ وەک تۆڵەسەندنەوەیەک، پاش چەند خولەکێک دوای چوونە ناو کۆشکی سپی، لێخۆشبوونی سەرۆکایەتی بۆ نزیکەی هەزار و پێنج سەد کەس لە لایەنگرانی کە تۆمەتباربوون بە هێرشکردنەی سەر بینای کۆنگرێس لە ساڵی(٢٠٢١)دا دەرکرد، ئەو سزایانەی گۆڕی کە لە دژی هەندێکیان دەرکرابوون و کەمیکردنەوە، دەستی کرد بە دەرکردنی هەندێک لە نەیارەکانی لەناو کۆشکی سپیدا کە پێشتر لە لایەن جۆ بایدنەوە دامەزرابوون، و زیاتر لە هەزار کارمەندی لە کارەکانیان دوورخستەوە. ئەو دیمەنە مژاوییە بە شێوەیەکی بێمانا نموونەیەکەی ڕوونە پێمان دەڵێت کە نەک هەر پێشێلکردنی یاسایە، بەڵکو دەسکاریکردنی ڕۆحی یاسایە.
لە ڕاستیدا نموونەی پێشێلکردنی یاسا زۆرن، بەبێ گوێدانە بۆچوونی هەر کەسێک لەسەر هەلبژاردنی ترەمپ، جا چ لایەنگر یان نەیار بێت. هەر ئەوەی کە زیاتر لە نیوەی ئەمریکاییەکان بڕیاریان دا سەرۆکێک هەڵبژێرن کە بەپێی یاسای ئەمریکا تاوانبارە و بە (٣٤) تاوان سزا دراوە، دەتوانیین بڵێین نمونەیەکی تەواوەتیی سەیرە لە پێشێلکردنی یاسا لە لایەن ئەمریکایەکانەوە، کۆمەڵێک مانا لە خۆ دەگرێت، یان گەلی ئەمریکا پێیان وایە کە یاساکان کەموکوڕیان تێدایە و نابێت لە هەڵسەنگاندنی شایستەیی کەسێکدا وەک پێوەر وەربگیرێت، یان یاساکان تەواو دروستن، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری گەندەڵەن، بڕیارەکانی دژ بە ترەمپ بە سیاسی کراون، یاخود ترەمپ لە ڕاستیدا تاوانبارە، هەموو ئەمریکاییەک ئەو زانیارییانە لەبارەی تاوانەکانی ترەمپەوە دەزانن، بەڵام گەلی ئەمریکا بەلایانەوە یاسا گرنگییەکی نییە، چونکە ترەمپ بە بەراوود لەگەڵ ئەو تاوانبارانەی تر کە توانیویانە لە سزا ڕزگاریان بێت پێ باشترە. بێگومان لە هەموو حاڵەتەکاندا قوربانی سەرەکی یاسا و سەروەری یاسایە، کاتێکیش یاسا نامێنێت، زۆر ئەستەم دەبێت دەوڵەت وەک دامەزراوەیەک، یان لانیکەم وەک دەوڵەتێکی زلهێزی جیهانی بەردەوام بێت.
تێبینی دووەم: سەرۆک ترەمپ لەگەڵ چوونە ناو کۆشکی سپییەوە، دەستبەجێ (٢٦) فەرمان یان بڕیاری سەرۆکایەتی دەرکرد، یەکەمیان هەڵوەشاندەوەی (٧٨) بڕیاری سەرۆکایەتی بوو، کە جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی حوکمڕانییەکەیدا لە کانوونی دوومی ساڵی (٢٠٢١)وە تا کانوونی دوومی ساڵی (٢٠٢٥) دریکردبوو. ئەوەی زۆر سەیرە بایدنیش هەمان کاری بە کۆمەڵێک فەرمانی سەرۆکایەتی لە ماوەی ساڵانی حوکمڕانییەکەیدا ئەنجام دا، زۆرێک لە بڕیارەکانی سەرۆکایەتی پووچەڵ کردەوە، کە ترەمپ لە یەکەم خولی خۆیدا لە مانگی کانوونی دووەمی (٢٠١٧) تا ساڵی (٢٠٢١) دەریکردبوون. بۆ نموونە، لەنێو فەرمانەکانی ترەمپ لە یەکەم ڕۆژی وەرگرتنی دەسەڵات بۆ جاری دووەم، دەرچوون بوو لە ڕێککەوتننامەی پاریس کە تایبەتە بە پێوەرە ستاندارەکانی پاراستنی ژینگە لە پیسبوون و دەردانی گازی کاربۆن، کە ترەمپ لە خولی یەکەمی خۆیدا هەڵیوەشاندەوە، چونکە پێی وایە هەموو قسەکردنێک لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا تەنها ساختەکارییە، دواتر بایدن لە خولی خۆیدا دوای ترەمپ دوبارە پابەندبوونی بۆ ڕێککەوتنی پاریس ڕاگەیاند و ئەم ڕێککەوتننامەیەی چالاک کردەوە. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە ئایا ئەم یاری مشک و پشیلەیە ڕێک بە مانای دروست کردنی درزێکی گەورە نییە لە چەمکی دەوڵەتی دامەزراوەیی و دواتر نابێتە هۆی داڕمانی؟. هەروەها ئایا نابێتە هۆی نەمانی متمانەی جیهانی دەرەوە بە بڕیار و ئاراستەکانی دەوڵەتی ئەمریکا، کە لەگەڵ گۆڕینی هەر سەرۆکێکدا جیاوازییان تێدەکەوێت و هەندێکجاریش بە شێوەیەکی ڕیشەیی؟. تەنانەت زۆربەی ئەو بڕیارانەی کە ترەمپ لە یەکەم ڕۆژدا واژووی لەسەر کرد، ئالنگاریی گەورەن لەبەردەم دەوڵەتی دامەزراوەیی و دەستوردا کە هێندە زۆرن قسەکردن لەسەریان هەر تەواو نابێت، زۆربەشیان لەگەڵ دەستوری ئەمریکادا ناکۆکن، سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە ئەمریکاییەکان باوەڕیان پێی هەیە، بەڵام ئایا بەڕاستی شایەنی ئەوە نییە بوەستێنرێت؟ بۆنموونە: هەڵوەشاندنەوەی مافی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی ئەمریکی بۆ ئەو منداڵانەی کە لە ئەمریکا لەدایک دەبن، ئەگەر دایک و باوکەکە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەمریکادا نیشتەجێ بن. هەروەها لە سیاسەتی پەروەردەییدا ڕایگەیاند گرنگی زیاتر بە قوتابخانە تایبەتەکان دەدات و خوێندنی ماڵەوە بەرز دەکاتەوە، دەیەوێت وەزارەتی خوێندنی باڵا هەڵبوەشێنێتەوە. کەسانێک ئەم بڕیارە بە نادەستووری و پێشێلکردنی مادەکانی دەستوور دەزانن، دەیانەوێت لە بەرامبەر ئەو مادەیە و بڕیارەکانی تری ترەمپدا پەنا بۆ یاسا و دادگای فیدراڵی ببەین.
بەڵام هەندێک لە بڕیارەکانی ترەمپ ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە دەرەوەی ئەمریکاوە هەیە، بونەتە جێگەی نیگەرانی بۆ دەرەوە ئەمریکا. کە بە هیچ شێوەیەک ئاماژەیەکی باش نین بۆ نموونە: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزاکان دژ بەو دانیشتووانە توندڕەوە جولەکانەی کە تەنانەت بە پێوەری یاساکانی ئیسرائیلیش تاوانبارن. کە بە وێرانکردنی موڵک و ماڵی فەلەستینییەکان و دەستدرێژکردنە سەریان تۆمەتبارن.
تێبینی سێیەم: لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتیشدا، ترەمپ لە وتاری ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونیدا، سەرجەم یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکرد. نموونەی زۆر لە بەردەستن، ڕوونترینیان بەڵێنی وەرگرتنەوەی کەناڵی پەنەما لە وڵاتێکی سەربەخۆ، واتە ئامادەیە هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی سەربەخۆ بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی، تەنها بە هۆکاری ئەوەی کە پێی وایە گەڕاندنەوەی کەناڵی پەنەما لە بەرژەوەندی ئابووری ئەمریکادایە، لە وتارەکەیدا دەقاودەق ئەمەی ووت: ( ئەو کەناڵەمان بە دیاری لە ساڵی (١٩٧٧) بە گەلی بەنەما بەخشی بەو مەرجەی ئەوان دادپەروەرانە مامەڵەمان لەگەڵدا بکەن، بەڵام ئەوان دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەمریکادا نەکردووە). دیارە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو وتارەوە مەسجێک بە جیهان بگەیەنێت، بڵێت ئەو کەسەی کە دادپەروەری یەکلادەکاتەوە، هەروەها ئەوانەش دەسنیشان دەکات کە مامەڵەی دادپەروەرانەیان لەگەڵدا نەکراوە و ئەوانەش کە دادپەروەرانە مامەڵەیان نەکردووە، تەنها خودی ترەمپە. بێگومان ئەمە تەنها بیانووە و هیچ بنامایەکی یاسایی نییە و لە نۆرمی نێودەوڵەتیدا جێگای نابێتەوە.
هەر خودی ترەمپ چەند ڕۆژێک پێش دەستبەکاربوونی، لەسەر لکاندنی دوورگەی گرینلاند بە ئەمریکاوە، ڕایگەیاند ئەگەر دانیمارک پێشنیاری کڕینی ئەمریکا ڕەتبکاتەوە، بەکارهێنانی هێزی سەربازی مومکینە و ڕەتی نەکردەوە. ئەو زمانە زبرە مانای چییە؟ جگە لە هەنگاونان بۆ جیهانێکی بێ یاسا.
بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، هەندێکجار ڕێزی لە یاسا نێودەوڵەتییەکان نەدەگرت، هەموو ئەو یاسایانەی لەپێناو پاراستن لە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بوون پێشێل دەکرد، بەڵام وا خۆی نیشان دەدا کە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێت، لە کاتێکدا ترامپ بەهیچ شێوەیەک وا خۆی نیشان نەدا کە ڕێز لە یاسایا نێودەوڵەتییەکان دەگرێت.
تێبینی چوارەم: ترەمپ لە نەریت و نۆرمە پتەوەکانی ئەمریکای کەمکردەوە کە بە شێکن لە مێژووی شکۆی سەرۆکەکان، بەکەم سەیریکردن، ؛ە بە باوکی ئەمریکاییەکان ناسراون. وەک نۆرمێک هەمیشە یەکەم سەردانی دەرەوەی سەرۆکی هەلبژێردراو بۆ هەر وڵاتێک، گرنگی ئەو وڵاتە بۆ ئەمریکا نیشان دەدا. سەرۆکەکان بە درێژەی مێژوو یەکەم سەردانیان بۆ بەریتانیا بووە، بەڵام لە کاتی واژۆکردنی ئەو (٢٦) بڕیارە سەرۆکایەتییەدا، لە لایەن ڕۆژنامەنووسێکەوە بە وریاییەوە پرسیارێک لە ترەمپ دەکرێت، جەنابی سەرۆک یەکەم سەردانت بۆ دەرەوەی ئەمریکا بۆ کام وڵات دەبێت؟، لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کرد لە ئێستادا نازانم، سەرۆکەکانی پێش من دەچوونە بەریتانیا، بەڵام من لە ماوەی خولی یەکەممدا ئەم داب و نەریتەم پێشێل کرد و سەردانی سعودیەم کرد، دوای ئەوەی مەرجەکەمیان قبوڵ کرد و بەبڕی (٤٥٠) ملیار دۆلار گرێبەستیان لەگەڵ ئەمریکادا کرد، زۆر شانازیش بەو دەسکەوتەوە دەکەم سەڕەڕای ئەوەی میدیاکانی ئەمریکا هیچ گرنگییەکیان بەو سەرکەوتنەم نەدا، بەڵام ئامادەم سەردانەکە دووبارە بکەمەوە، ئەگەر سعودیە ئامادەبێت لە نێوان (٤٥٠ بۆ ٥٠٠) ملیار دۆلار گرێبەستمان لەگەڵدا بکات، چونکە لە ئێستادا نرخەکان بەهۆی هەڵاوسانەوە بەرزبوونەتەوە. دواتر ئاژانسی هەواڵی سعودیە ئەوەی پشتڕاست کردەوە، کە شازادەی جێنشینی سعودیە لە پەیوەندییەکی پیرۆزباییدا بۆ سەرۆکی نوێی ئەمریکا، پێی وتووە ئێمە ئامادەین وەبەرهێنانەکانمان لە ئەمریکا بۆ چوار ساڵی داهاتوو بە بڕی (٦٠٠) ملیار دۆلار زیاد بکەین. ئەمەش جگە لە یەک مانا ئەوەش ئەوەیە سەرۆکی گەورەترین وڵاتی جیهان بۆ هەموو کەسێک لەبەردەستە ئەگەر زیاتر پارە بدات. .
تێبینی پێنجەم: جگە لە پرسی ڕێزگرتن لە یاسا و داب و نەریت، تێبینییەکی دیکە، پەیوەست بە داب و نەریتی کەسی لە وتاری دەستبەکاربوونەکەیدا هەیە، ئامانج لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوون دوای شەڕی هەڵبژاردن، بریتییە لە ساڕێژکردنی گرژییەکان و هێورکردنەوەی ڕۆحی نێوان لایەنە سیاسییەکان. بەڵام ترەمپ تەواوی ماوەی وتارەکەی بەکارهێنا بۆ هێرشی توند بۆسەر هەموو سەرۆکەکانی پێشوو تر، بێگومان بەبێ ئاماژەکردن بە ناو، تۆمەتباری کردن بە لاواز و گەندەڵ و ناکارامە. ئەم سنوور بەزاندنە بە پێچەوانەی ئامانج و نەریتی ڕێورەسمەکەیە، ڕاستەوخۆ مانای قوڵبوونەوەی دابەشبوونی دۆخی سیاسییە لە ئەمریکا.
لە هەموو حاڵەتێکدا ئەگەر پرسی ڕێزگرتن لە یاسا و داب و نەریتەکان بخەینە لایەک و سەرنجمان لەسەر ئاڕاستە دەرەکییەکانی ترەمپ بێت، کە زۆرتر پەیوەندی بە ئێمەی غەیرە ئەمەریکییەوە هەیە. وەک باوە، ئەگەر وتاری دەستبەکاربوونی هەر سەرۆکێک ئاماژە بۆ ئەولەویەتەکانی بێت، هەر لەبەرئەمەش ترەمپ لە وتاری دەستبەکاربوونیدا هەندێک بابەتی هەڵبژاردوو گرنگی پێدا، سەرنجی ئەوە دەدەین کە ئەولەویەتەکانی ترەمپ بەپێی وتارەکەی لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا، کەمکردنەوەی کورتهێنانی میزانی بازرگانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە ڕێگەی سەپاندنی گومرگەوە، هەروەها گەڕاندنەوەی کەناڵی پەنەما بوو. لەکاتێدا زۆرترین نیگەرانی و سەرنجی سەرۆکەکانی پێشوو تر لەسەر چین و ڕوسیا، لەسەر کورتهێنانی ئابووری و سیاسی و سەربازیی بوو، نەک تەنها کورتهێنانی میزانی بازرگانی، بەڵام سەرنجی ترەمپ تەنها لەسەر ئەم بابەتە، بەو واتەیەیە، ئەگەر چین زیاتر لەوەی بە ئەمریکای دەفرۆشێت بکڕێت، ئەوا ترەمپ هیچ کێشەیەکی لەگەڵ چیندا نییە، هەمان چیرۆکیش بۆ وڵاتانی دیکەی نەیار و زۆرێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا. پرسی دووەم: لە وتاری دەستبەکاربوونیدا زۆر سەرنجی خستە سەر گەڕانەوەی کەناڵی پەنەما، لەکاتێکدا زۆر کەمتر تیشکی خستە سەر ئەو نائارامییەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان هەر شوێنێکی دیکەی جیهاندا هەیە، تەنها لە چوارچێوەی هاتنەناوەوەی بۆ وڵاتی پەنەمادا نەبێت باسی لە چین نەکرد، سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ناوچەیەک کە لە نیگەرانی و ترس دایە، تەنها ئەو کاتە نەبێت، کە ئاماژەی بەوەدا لە گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕی غەززە و گەڕانەوەی بەشێک لە بارمتەکان سەرکەوتوو بووە. ئەمەش تەنها بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئیدارەی بایدن بوو، کە نەیتوانی ئەو دەسکەوتە بەدەست بهێنێت. هەرگیز ڕاستەوخۆ باسی ئۆکرانیای نەکرد، جگە لە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەو ڕاستییەی کە ئەمریکا بۆ پاراستنی سنوورەکانی دەرەوەی ملیارەها یان سەدان ملیار دۆلار خەرج دەکات، بەڵام زۆر باشتر دەبوو ئەگەر ئیدارەکانی پێشوو هەمان پارەیان بۆ پاراستنی سنوورەکانی ئەمریکا لە کۆچی نایاساییدا خەرج بکردایە.
بێگومان پرسی دەستبەسەرداگرتنی کەناڵی پەنەما پرسێکی زۆر جددی و سەرسوڕهێنەرە، بۆچی جێگەی سەرسوڕمانە؟ چونکە ئەو سەرۆکەی لە وتارەکانیدا بەڵێنیدا کە ئاشتی لە جیهاندا بڵاودەکاتەوە، هەموو کاتێکیش باسی ئەوەی دەکرد ڕۆڵی ئەو دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕی زیاتر و بڵاوکردنەوەی ئاشتی لە جیهاندا، بەڵام هەر ئەم سەرۆکە دوودڵی لە ڕاگەیاندنی نیازی خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڕێڕەوێکی کەشتیوانی ناکات، کە خاوەندارێتی وڵاتێکی ترە، تەنانەت ئەگەر بە زۆریش لەڕێگەی سەربازییەوە بێت ، واتە نیازەکانی ترمپ پڕن لە ناودژی و مەترسیدارن، چونکە دواتر لێکەوتەیان دەبێت. بەڵام لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە کە خواستی ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەناڵەکە بەشێکە لە خواستەکانی بۆ دروستکردنی ئەوەی کە دەتوانین پێی بڵێین ئەمریکای گەورە، ڕوونە کە یەکێک لە خەونەکانی ترەمپ لە خولی دووەمیدا بریتییە لە دروستکردنی ئەو شتەی کە پێی دەوترێت ویلایەتێکی گەورەی یەکگرتووی ئەمریکا. ئەمەش هەر بەمانای گەورەیی مەعنەوی نییە، بەڵکو گەورەبوونی جوگرافیای ئەمریکاش دەگرێتەوە.
هەندێک لە چاودێران لەسەر نەبوونی بنەمای دڵنیایی لە جددیەتی ترەمپ لە جێبەجێکردنی بەشێکی زۆر لە لێدوانەکانی کە پڕن لە ناودژی و دەیان پرسیار هەڵدەگرن کەمدەکەنەوە، بۆیە بەهەندەوە مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن، بۆ نموونە کاتێک دەڵێت باجی گومرگی بەسەر زۆرێک لە وڵاتاندا دەسەپێنێت، کە ڕەنگە لەسەر کاڵای چینی بگاتە (٦٠٪ ) ئایا لە ڕاستیدا جێبەجێ دەکات؟، ئایا وەک خۆی دەڵێت بەسەر هەموو وڵاتاندا وەک یەک جێبەجێیان دەکات؟، یان قۆناغ بە قۆناغ؟، یان تەنها ئامرازێکی فشارە؟
یان ئایا هەر بەڕاستی دەیەوێت لە ڕێگای سەربازییەوە کەناڵی بەنەما داگیر بکات؟، یان تەنها فشارە بۆ کەمکردنەوەی کرێی ترانزێت تایبەت بە کەشتییە ئەمریکییەکان؟.
هەر ترەمپ بوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا چەندین جار وتی لە ماوەی (٢٤) کاتژمێردا، بگاتە کۆشکی سپی شەڕی ئۆکرانیا دەوەستێنێت، بەڵام بەپێی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە ئێستادا نێردراوێکی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ، بتوانێت لە ماوەی (١٠٠) ڕۆژدا کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، خۆشی بە شێوەیەکی شەخسی سەرپەرشتی دەکات. دەپرسین ئایا ئەم دەرئەنجامە زۆر هاودژ نییە لەگەڵ وتەکانی پێش چوونە کۆشکی سپی؟.
بە هەر حاڵ، هەندێک لە چاودێرانی سیاسی لە ئەمریکا و دەرەوەی ئەمریکاش، پێیان وایە ترەمپ لەڕێگەی لێدوانە گشتییەکانیەوە دەیەوێت پەیامێک بگەێنێ، کە هەڵگری تێڕوانینێکی جیاوازە لە پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ جیهاندا. پوختەی ئەو پەیامە بریتییە لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ بنیاتنانی ئەمریکایەکی گەورەتر، لە ڕێگەی کۆنترۆڵی نیوەی ڕۆژئاوای جیهانەوە. مەبەست لە جوگرافیای نیوەی ڕۆژئاوای جیهانە، بە دیاری کراوی هەردوو کیشوەری ئەمریکا باکوور و باشوور و دوورگەکانی ناو زەریای ئەتڵەسییە. سەلماندنی ئەم بۆچوونە قورس نییە، ئەگەر بەدواداچوون بۆ لێدوانە گشتییەکانی ترەمپ لە دوای بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا بکەین، بۆ نموونە کاتێک داوای لە کەنەدا کرد ببێتە (٥١) هەمین ویلایەتی ئەمریکا، لەئەگەری ڕازی نەبوندا، ڕێژەی باج لەسەر کاڵای کەنەدی بەرز دەکاتەوە بۆ (٢٥%)، بێگومان ئەم ڕێژەیە زیادکردنێکی زۆر گەورەیە بۆ وڵاتێک کە بە پلەی یەکەم و بەڕێژەی لە (70%) بەرهەمێنانی کاڵاکانی پشت بە هەناردەکردن بۆ ئەمریکا دەبەستێت. هەروەها نوێکردنەوەی پێشنیاری کڕینی دوورگەی گرینلاند کە گەورەترین دوورگەی جیهانە، بە بیانووی ڕەچاوکردنی ئاسایشی نیشتمانی و ئابووری ئەمریکا، بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێنانی هێزی سەربازیشی ڕەت نەکردەوە. تا گەیشتە ئەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا بەیاننامەیەکی هاوبەش دەربکەن و هۆشداری بدەنە ترەمپ، لە پەنابردنە بەر هێز بۆ لکاندنی دوورگەی گرینلاند بە پێچەوانەی ویستی دانیمارک.
ئەمە جگە لە بڕیاری زۆرەملێ لە دژی وڵاتانی دیکەی نیوەی ڕۆژئاوای جیهان، وەک گەڕاندنەوەی کوبا بۆ لیستی دەوڵەتانی سپۆنسەری تیرۆر، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی مەکسیک ئەگەر سنوورەکانی لەگەڵ ئەمریکادا کۆنتڕۆڵ نەکات، هەروەها ڕایگەیاند کە دەیەوێت ناوی کەنداوی مەکسیک بگۆڕێت بۆ کەنداوی ئەمریکا.
ترەمپ ئەو سەرۆکەیە کە دەیەوێت لە کێشەکانی جیهان بکشێتەوە، و مەبەستی کۆنترۆڵکردنی زیاترە بەسەر هەردوو ئەمریکادا، بەگوێرەی لێدوانەکانی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ باقی جیهاندا، بە هاوپەیمان و نەیارەوە، تەنها بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی میزانی بازرگانی ئەمریکایە، لە سنوری کڕینی زیاتری کاڵای ئەمریکادا دەهێڵێتەوە، تەنانەت لە ئێستادا ئامادە نییە چیتر هیچ بارگرانییەکی هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ بگرێتە ئەستۆ و بەرگرییان لێبکات، داوای لە ئەندامانی ناتۆ کرد، دەبێت بڕی ڕێژەی تەرخانکراو لە داهاتی نیشتمانییان بۆ هێزی ناتۆ لە (٢٪) وە بۆ (٥٪) بەرز بکەنەوە، بۆئەوەی بتوانن چەکی زیاتر لە ئەمریکا بکڕن و بەرگری لە خۆیان بکەن. هەروەها بە هاوپەیمانەکانی لە باشووری ئاسیا (ژاپۆن و کۆریای باشوور) ی ڕاگەیاندووە دەبێت تێچووی ئەو هێزە سەربازییەی بۆ پاراستنی ئەوان لەو سنوورەیە بگرنە ئەستۆ، و ڕێژەی (٥٠٪) یش وەک سوود بدەن بە ئەمریکا، ئەمەش بەو مانایەیە، کە ترەمپ دەیەوێت هێزی سەربازیش وەک ئامڕازێک بۆ وەبەرهێنان دەسکەوتی ماددی بگۆڕێت.
وەک ئەوەی زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی، نووسەران و پرۆفیسۆرەکانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی ئاماژەیان پێکردووە، لەوانە بۆ نموونە: بابەتێکی بەڕێز دکتۆر ستیوەرت پاتریک، لە شیکارییەکی ووردا کە لە ماڵپەڕی کارنیگی بڵاوبووەتەوە، دەڵێت لێدوانە توندڕەوەکانی ترەمپ کە دەبێتە هۆی ئاژاوە لە جیهاندا و سوکایەتی کردن بە یاسا، تەنها لە پێناو زیندووکردنەوەی بیروباوەڕێکە کە تەمەنی زیاتر لە (٢٠٠) ساڵە، ئەویش بیروباوەڕی مۆنرۆیە و هیچی تر نییە. بیروباوەڕی مۆنرۆ چییە؟، جەیمس مۆنرۆ سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی (١٨٢٣) بۆ یەکەمجار لە کۆنگرێس باسی لەوە کرد، کە هەردوو کیشوەری ئەمریکا ناوچەیەکی تایبەت بە نفوزی ئەمریکایە، نزیکبوونەوەی دەسەڵاتی بیانی لێێ قەدەغە کرد.
ئەم عەقیدەیە یان ئەم پرەنسیپە ڕەوتێکی مێژوویی زۆر سادەی هەیە، نزیکەی (٢٠٠) ساڵ لەمەوبەر لە سەرەتای ساڵانی (١٨٢٠) ئەو کاتەی زۆرێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین سەربەخۆیی خۆیان لە ئیسپانیا و پورتوگال بەدەستهێنا.
لەو سەردەمەدا ئەمریکا وڵاتێکی مۆدێرن بوو، دانی بە سەربەخۆیی زۆرێک لەو وڵاتانەدا نا، وەک ئەرجەنتین، شیلی، پیرۆ، کۆڵۆمبیا، مەکسیک…هتد، بەڵام سیاسەتمەدارانی ئەمریکا ترسیان لەوە هەبوو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دزە بکەنەوە و جارێکی دیکە ئەو وڵاتانە داگیربکەنەوە، کە وەک دەرگای پشتەوەن بۆ ئەمریکا و لە سنوورەکانی نزیک ببنەوە. سەرۆکەکانی ئەمریکا دوای ساڵانی خولی جەیمس مۆنرۆ، ئەم بنەمایەیان لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە بۆ فراوانکردنی جوگرافیای ئەمریکا بەکارهێنا. بۆنموونە لە ساڵی (١٨٤٥) دا، سەرۆک جەیمس بۆک تەکساسی بە ئەمریکاوە لکاند، بەو بیانووەی ئەگەر تەکساس نەخرێتە سەر ئەمریکا، ڕەنگە ملکەچی کاریگەری زلهێزێکی بیانی تر بێت کە دۆستی ئەمریکا نەبێت، ساڵی دواتر هەمان سەرۆک بیروباوەڕی مۆنرۆی بەکارهێنا، وەک پاساوێک بۆ شەڕی مەکسیک، ئەنجامە گرنگەکەی بە لکاندنی کالیفۆرنیا کۆتایی هات. هەروەها لە ساڵی(١٨٦٧)دا سەرۆک ئەندرۆ جۆنسن ئەم بنەمایەی بەکارهێنا بۆ کڕینی ئەلاسکا لە ڕووسیا، ڕۆزڤێڵت هەمان بنەمای بەکارهێنا بۆ جوڵەی سەربازیی و دیپلۆماسییە زبرەکانی لە دژی چەند وڵاتێکی نیوەی ڕۆژئاوای جیهان وەک نیکاراگوا و هایتی ئەوانی تر.
گریمان ئەگەر بەڕاستی ترەمپ جددی بێت لە جێبەجێکردنی ئەم بنەمایە، ئەوا مانای ئەوەیە کە ترەمپ بە جیهان دەڵێت، من بە نیوەی ڕۆژئاوای جیهان ڕازی دەبم، کارم بە نیوەکەی تری نییە، پیرۆزی خۆتان (مەبەست روسیا و چینە) بێت، تەنها کارمان لەگەڵ نیوەکەی ئێوە سنووردار دەبێت بە گرێبەستی بازرگانی و هیچی تر. بێگومان ئەمە لێکەوتەی زۆر خراپی دەبێت:-
یەکەم: بێگومان وڵاتانی ئەمریکای لاتین خاکێکی بێخاوەن نییە، خاوەن گەل و خاکە، بۆیە گەلانی ئەمریکای لاتین چۆن دژی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی و کۆلۆنیالیزمی ئەمریکای پێشووتر ڕاپەڕین، جارێکی دیکە لە دژی خەیاڵ و بیرۆکە کۆنزێرڤاتیزمەکانی ترەمپ ڕادەپەڕن.
دووەم: لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە زلهێزەکانی دیکەی جیهان وەک چین و ڕووسیا، کە هەمیشە شەرعیەت بە تەماحەکانیان دەدەن، پرۆفیسۆرانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی بە وڵاتانی دڕندە یان ڕیڤیزیۆنیست ناویان دەبەن. ئەوکاتە هەوڵ دەدەن هەمان سیاسەت لە سنوورەکانی دەوروبەری خۆیاندا پەیڕەو بکەن. واتە ئەگەر ئەمریکا ڕایبگەیەنێت کەناڵی بەنەما بەزۆر داگیر دەکات، گرینلاند بەبێ ویستی خۆی دەکڕێت و هێز بۆ ڕێگریکردن و هەڕەشە لە مەکسیک دەنێرێت، کەواتە رێگر لەبەرامبەر چین چییە، ئەگەر هەنگاو بنێت بۆ لکاندنی تایوان بە زۆر، یان لکاندنی زۆرێک لە زەویەکانی وڵاتانی دراوسێی چین، کە بە خاکی مێژوویی خۆی دەزانێت؟ هەروەها هیچ ڕێگرییەک لەبەردەم ڕووسیا نامێنێتەوە، هەوڵەکانی دوو هێندە زیاتر بکات بۆ قووتدانی ئۆکرانیا، یان تەنانەت هەنگاو بنێت بۆ قووتدانی وڵاتانی دیکەی پێشووی ئەوروپا کە پێشتر ڕووسیا کاریگەریی تێدا هەبووە و بە نوێنەرایەتییەکی گرنگی ستراتیژی بۆ خۆی دەزانێت؟. دەیان نموونەی تریش وەک داگیرکردنی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە، و باشووری عێراق لەلایەن ئێران و……هتد؟. .
سێیەم: بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی داڕمانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو بناغە یاساییانەی کە سیستمی نێودەوڵەتی لەسەری دامەزراوە، ڕێک هەمان ئەزموونی دوای یەکەم جەنگی جیهانی و پێش دووەم جەنگی جیهانی دووبارە دەبێتەوە، و دەرئەنجامەکانی زۆر ترسناک دەبێت. لەدوای یەکەم جەنگی جیهانی وڵاتان لە ساڵی (١٩٢٠) دا، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی جەنگی یەکەمی جیهانی بیریان لە دروستکردنی ئەو شتە کردەوە کە پێی دەوترێت کۆمەڵەی نەتەوەکان(عصبة الامم)، کە هەوڵێکی سەرەتایی بوو بۆ دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان. بەڵام بەهۆی سووکایەتیکردن و ڕێزنەگرتن بۆ ئەم ڕێکخراوەیە، لەلایەن هەندێک لە وڵاتە زلهێزەکانی ئەو کاتە، لە بەدیهێنانی ئاشتی لەسەر ئاستی جیهاندا شکستی هێنا، بۆیە هیچی پێنەکرا. بۆنموونە، لە ساڵی (١٩٣١) دا کاتێک ژاپۆن بڕیاری داگیرکردنی مانشوریای دا، هەروەها نەیتوانی هیچ بکات، کاتێک ئیتالیا لە ساڵی (١٩٣٥) دا بڕیاری داگیرکردنی ئەسیوپیای دا، هەروەها هیچ سەیر نەبوو کاتێک ئەڵمانیا لە ساڵی (١٩٣٨) دا بڕیاری داگیرکردنی پۆڵەندای دا، بێدەسەڵات و بێهەڵۆێست بوو. بەم شێوەیە دووەم جەنگی جیهانی هەڵگیرسا و کۆمەڵەی گەلان بەشێوەیەکی کرداری و تێۆری لە ساڵی (١٩٤٦) دا داڕما.
لە ئێستاشدا نەتەوەیەکگرتووەکان بێدەسەڵاتە، زیاتریش لەژێر سووکایەتیکردن و ڕێزنەگرتنەکانی ترەمپدا بە بناغە یاساییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی بێدەسەڵات تر دەبێت، ڕەنگە ئەم بێدەسەڵاتییەش، بەو هیوایە بەرەو هەمان دەرئەنجامی بێدەسەڵاتی کۆمەڵەی نەتەوەکان(عصبة الامم) مان نەبات.
بێگومان ئەمریکا هەر لە مێژووی دروست بوونییەوە، وەک زلهێزێکی ناوچەیی دەرکەوت، بەڵام لە پاش دووەم جەنگی جیهانییەوە بەهۆی ئابوورییە بەهێزەکەیەوە، کە کۆی داهاتی نیشتیمانی ئەمریکا تا کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، نزیکەی (٤٥٪)ی کۆی داهاتی نیشتمانی هەموو جیهانی پێکدەهێنا، کە یەکێک لەو تایبەتمەندییانە بوو، کردی بەزلهێزی یەکەمی جیهان و توانی لە نۆێنەرایەتی سیستمی سەرمایەداری جیهان تا ئەمڕۆ بەردەوام بێت، تەنانەت هەر ئەوەش وایکرد ئابووریناسان بڵێن، ئەگەر ئابووری ئەمریکا سەرمایەی بێت، ئابووری هەموو جیهان تووشی هەڵامەت دەبێت.
کەپیتاڵیزم وەک سروشتی هەمیشەیی خۆی پڕ لە قەیرانی خولی بەردەوامە، توانی پاش دووەم جەنگی جیهانی تا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەسەر ئاستی جیهاندا گەشەیەکی ئابووری گەورە بۆ ئەمریکا بەتایبەت و ئەوروپا بەگشتی بەدەست بهێنێت، بەڵام لەو ساڵانە بەدواوە قەیرانی هەڵاوسان بە بەردەوامی بەرۆکی بەر نەداوە، تا لە سەردەمی ڕێگان ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتە نزیکەی (١٠٪). بۆ ڕزگار بوون لەو قەیرانە ڕێگان و تاتچەر بیریان لە داهێنان و دروستکردنی سیستمێکی ئابووری جیهانیی نوێ کردەوە بەناوی ئابووری ئازاد، بۆئەوەی کاڵا و سەرمایە لەڕێگەی ئاسانکاری باج و گومرکەوە بە ئازادی جووڵە بە هەموو جیهاندا بکات، ئەوەی کە دواتر خۆی لەژێر ناوی نیولیبراڵیزم و جیهانگیریدا ناساند، بەم شێوەیە توانییان لە چارەکی کۆتایی سەدەی ڕابڕدووە تا ناوڕاستی دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیە کێشەی هەڵاوسانی ئابووری خۆیان پینەو پەڕۆ بکەن و هەناردەی دەرەوەی سنوورەکانیان بکەن، پێشەنگایەتی ئەمریکاش وەک زلهێزی یەکەمی جیهانی بپارێزێت. بەڵام هەڵاوسان بە تایبەتی دوای قەیرانی خانووبەرە لە ساڵی (٢٠٠٨)دا، بە دیاریکراوی لە پێش خولی یەکەمی ترەمپەوە، دووبارە بە ڕێژەیەکی دیار بە بەردەوامی ڕوو لە زیاد بوونە، لە ئێستادا گەیشتۆتە (٩،١٪) و کۆی داهاتی نیشتمانی ئەمریکاش ئەگەر چی تا ئێستا یەکەمی جیهانە، بەڵام دابەزیوە بۆ نزیکەی (٢٧٪)ی کۆی داهاتی هەموو جیهان.
سیستمی ئابووریی نیولیبراڵیزم کە خاوەنداریەتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابڕدوودا دەرئەنجامی زیادبوونی کێشەکانی لیبراڵیزمی کینزی وەک زەروورەتێک بۆ رزگار کردنی سەرمایەداری لە دایک بوو، زیاتر لە پەنجا ساڵە باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە، لە ئێستادا کێشەکانی گەورە بوون و چێتر ناتوانێت بەو فۆڕمە نەریتییەی خزمەت بە سەرمایەداری ئەمریکا بکات، چونکە ئابووری ئەمریکا لە ئیستادا نەک سەرمای بووە بەڵکو نەخۆشە.
ترەمپ لە خولی دووەمیدا وەک کۆنسێرڤاتیڤێک، دەیەوێت ئەو ڕۆڵە مێژووییەی ڕێگان بگێڕێت، لەژێر ناوی تەنها بەرژەوەندی ئەمریکا و بەس، لە ڕێگەی زیادکرنی باج بەسەر کاڵای بیانیدا، سەرنجی زیاتر بخاتە سەر پەڕەپێدان بە ژێرخانی ئابووری نیشتمانی و پێشکەشکردنی پرۆژەی گەورە، بەتایبەت لە بواری زیرەکیی دەستکردا، تا بتوانێت هەتوانی نەخۆشییەکانی ئابووری ئەمریکا بکات. پێشەنگایەتی ئەمریکا لە بەرامبەر ڕکابەرەکانی بەتایبەت چین بپارێزێت، بۆ ئەم مەبەستە خۆی لە جیهانی دەرەوە داببڕێت. بەنیازە ڕێژەی باج لەسەر هەندێ وڵات بۆنموونە چین بیگەیەنێتە (١٠٠٪).
بەبێ دوودڵی ئەم هەنگاوە دەقاودەق پێچەوانەی بنەماکانی ئابووری نیولیبراڵیزمە، کە جیهان و خودی ئەمریکاش ڕادەکێشێتە ناو گێژاوێکی گەورەوە، چونکە بە شێوەیەکی نەسیجی وەک بلوزێکی چێنراو ئابوورییە نەتەوەییەکانی وا تێکەڵ کردووە، ڕاکێشانی هەر تەڵە دەزوویەکی دەبێتە هۆی مەترسی و هەڵوەشانەوەی سیستمەێک کە تا ئێستا جیهانگیری و ئابووری جیهان پشت بە بنەماکانی دەبەستێت، کە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی دەستەبژێری ئابووری و کۆمپانیا کیشوەر بڕەکان یان ئەوەی پێی دەڵێن دەوڵەتی قوول دامەزراوە، خاوەن هێزی سیاسی و ئابووری و ڕاگەیاندنی زەبەلاحن زۆر زیاتر لە دەسەڵاتەکانی ترەمپ، ڕەنگە وەک ئەوەی هەندێک لە سەرکردەکانی جیهان پێشبینی دەکەن، بە تایبەت بۆتین ببێتە هۆی دروست بوونی شەڕی ناوخۆ لە ئەمریکادا و بە کوشتنی ترەمپ کۆتایی بێت، دواجار پێشەنگایەتی سەرمایەداری جیهان لەبندەستی ئەمریکا دەربچێت، هەمان چارەنووسی بەریتانیای عوزما لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەمریکاش لە زلهێزێکی جیهانییەوە بیکات بە زلهێزێکی ئەقلیمی.
هەرچەندە ترەمپ لە ڕۆژی دەسبەکاربوونیەوە لە دەرکردنی فەرمان و بڕیارە سەرۆکایەتییەکانیدا بەردەوامە، لە هێرش و نمایشە نەرگسی و پەهلەوانییەکانی نەوەستاوە، لە بەرامبەردا ڕکابەرە چینییەکەی وەک ئەوەی بە بەرنامە خۆی بۆ هەلێکی لەو جۆرە و لەئاوا کاتێکی گونجاودا ئامادە کردبێت، توانی بۆمبێک بتەقێنێت و ترمپ شۆک بکات، دابەزاننی بێبەرامبەری ئاپی زیرەکیی دیب سیکی چینی (DeepSeek-AI)، کە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بە بڕی زیاتر لە تریلۆن و نیو دۆلار، زیان بە وەبەرهێنان لە بواری زیرەکیی دەستکردا بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بگەیەنێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی چین دەیەوێت بە ترەمپ بڵێت، سەرەڕای ئەو هەموو ئابلۆقەیەی کە تایبەتە بە چیپە زیرەکەکان، بەڵام چین دەتوانێت لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشەنگایەتی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد، کە تەکنەلۆژیایی ئایندەیە بگرێتە دەست. بەڕوونیش ئاماژەی شکستێکی گەورەیە بۆ خولی دووەمی ترەمپ لە هەفتەی یەکەمیەوە.
ئەوەی لەم نێوەندەدا پەیوەست بە ڕۆژهەلاتی ناوڕاست و بەتایبەت باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانە، ڕاستییەک هەیە دەبێت ئێمەی کورد بە باشی بیزانین، ئەو دەسکەوتانە و پاراستنیشی، کە کورد لە باشوور و ڕۆژئاوا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووە بەدەستی هێناوە، دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بوونی هێزی سەربازی ئەو زلهێزە لەم ناوچەیەدا.
لە هەموو ئەو ئەگەرانەی سەرەوە، لە بوونی ئەمریکا بە زلهێزێکی ناوچەیی لە جیهانییەوە، لە غیابی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست، جێبەجێکردنی بیروباوەڕەکانی مۆنرۆ لە لایەن ترەمپەوە، سەرەتای لێدانی زەنگی لە ناوچوونی هێزە لیبراڵ و سکیولارەکانە لەم ناوچەیەدا، هەڵکشانی هێزی تووندڕەوی ئیسلامی و شۆفینیزمی تورکی و عەرەبییە بەرەو دەسەڵاتی زۆرەملێ، کە وەک دوانەیەک هاوتان و ڕووی یەک دراون، کە بە درێژایی مێژوو بە خۆێنی کورد تینوون. لە چوارچێوەی ئەو شیکارییەی سەرەوەدا، ئەگەر ستراتیژی ترەمپ بۆ پاراستنی هاوپەیمانە مێژووییەکانی لە ناتۆ و باشووری ئاسیادا تەنها پەیوەست بێت، بە ئەو دەسکەوتە ماددییانەی لە بەرامبەردا ئەمریکا بە دەستی دەهێنێت، ئەگەر نا، ترەمپ بەئاشکرا گووتی ئامادەین دەسبەرداریان بین. ئاخۆ دەبێت ئێمەی کورد خاوەن چی شتێک بین، یان دەتوانین چی پێشکەش بە ترەمپ بکەین، بۆئەوەی لەبەرامبەردا هێزی ئەمریکا نەکشێنێتەوە؟، ئایا شەڕی دژ بە داعش ئەو قوربانییانەی کورد لەو پێناوەدا بەخشی بای ئەوەندە دەبێت، بێبارێکی وەک ترەمپ لەبەر چاوی بێت؟، یاخود داعش ئەو هێزە مەترسیدارەیە کە پێویست بکات ئەمریکا هێزەکانی لە باشوور و ڕۆژئاوا نەکشێنێتەوە و کوردیش وەک شەڕکەر یان وەک هاوپەیمان لەو چوارچێوەدا گرنگی خۆی هەبێت؟، ئایا لە داهاتوودا دەسکەوتەکانمان بایی خواستەکانمان دەبێت؟، یان خولی دووەمی ترمپ بۆ دۆزێکی ڕەوای وەک کورد دڵخۆشکەر نییە و شووماوی دەبێت؟.
هەموو ئەو ئەگەرانە مومکیینە، بەڵام دەبێت کورد لە بەرامبەر ئەو هەموو ئەگەرانەدا، ئەلتەرناتیڤی دەرەکی جگە لە ئەمریکاشی هەبێت، کە لەو بەریەکەوتنەی ئێستای بەرژەوەندی زلهێزەکاندا شتێکی نامومکیین نییە دەتوانێت پەنای بۆ ببات. بەڵام یەکگرتن و وەلانانی کێشە ناخۆییەکانی خۆمان ئەگەر چی ئاسان نییە، بە گەڕاندنەوەی ئیرادەی نەتەوایەتی، دەتوانێت گەرەنتی دەسکەوتەکانمان بکات. بەو مەرجە دەتوانین سوود لەو قۆناغە ڕاگووزەرە کە هەلێکی مێژووییە وەربگرین، چونکە لەم دەورانەدا جیهان لە قۆناغی ڕاگووزەری تاک جەمسەرییەوە بۆ فرە جەمسەری، لە شۆڕشی چوارەم بۆ پێنجەمی پیشەسازییە. وەک فەیلەسوفی ئیتالی ئەنتۆنی گرامشی دەڵێت: قۆناغی ڕاگووزەر زۆر ناجێگیرە نە سیستمی تازە جێگیر بووە و نە کۆنەکەش بەتەواوەتی پایەکانی خۆی لەدەست داوە. هەر ئەو ناجێگیرییەش ئامڕازی درەوستکردنی ئەو هەلەیە، بۆیە نابێت هیچ بیانوویەک بۆ لەدەستدانی بهێڵرێتەوە، وەک ئەرکێکی میژووی چیتر با هێندە کای کۆن بە بادا نەکەین، چونکە سەد ساڵی تر هەلێکی تری وا دووبارە نابێتەوە. خەوەنی نۆی بۆ ئایندەیەکی باش بنیات بنێین، وەک چۆن ڕەسول حمزەتۆڤ لە داغستانی مندا دەڵێت: تفەنگ بەڕابردوودا بنێیت داهاتوو تۆپت پێوە دەنێت.
__________
سەرچاوەکان:
1- Here are the executive actions and orders Trump signed on Day 1
https://www.washingtonpost.com/p…
2- Biden pardons his son Hunter despite previous pledges not to
https://apnews.com/article/biden…
3- Trump announces purge of over 1,000 Biden appointees: ‘YOU’RE FIRED
https://nypost.com/2025/01/21/us…
4-Trump convicted on all 34 counts in New York trial
https://www.pbs.org/newshour/cla…
5-Trump cancels sanctions on West Bank Israeli settlers on first day back in office
https://www.jpost.com/breaking-n…
6- Don’t panic about Trump’s refusal to rule out Greenland invasion, Denmark says
https://www.politico.eu/article/…
7- Trump says he will visit Saudi Arabia for $500B in trade
https://www.semafor.com/article/…
8-Trump, in his inaugural address, rips into the country’s past leaders and makes sweeping promises
https://www.yahoo.com/news/trump…
9- Trump says he can end the Russia-Ukraine war in one day. Russia’s UN ambassador says he can’t
https://www.usnews.com/news/us/a…
10- Trump tasks US envoy Kellogg with ending war in Ukraine within 100 days – WSJ
https://newsukraine.rbc.ua/news/…
11- Jimmy Carter gave Panama control of the canal. It’s one of his most controversial achievements
https://www.houstonpublicmedia.o…
12- The new American imperialism
https://www.economist.com/united…
13- Trump says he’d use ‘economic force’ to make Canada 51st state
https://fortune.com/2025/01/07/d…
14- Germany and France warn Trump over threat to take over Greenland
https://www.bbc.com/news/article…
15- Trump’s Greenland and Panama Canal Threats Are a Throwback to an Old, Misguided Foreign Policy
https://carnegieendowment.org/em…
16- The Monroe Doctrine
https://www.history.com/topics/1…
17-Trump’s Greenland and Panama Canal Threats Are a Throwback to an Old, Misguided Foreign Policy
https://carnegieendowment.org/em…
18- Inaugural Address
https://www.presidency.ucsb.edu/…
19-Trump wants to redraw the map of the Western Hemisphere