ئایا ترۆمپۆنۆمیکس دەتوانێت نەخشەی ئابووری جیهانی بگۆڕێت؟

نوسینی : نەوزاد عومەر

ترەمپ و حەوت بەڵێنەکەی قۆناغی هەڵبژاردن

  دوای تەواوبوونی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و كمالا هاريسدا کە پڕبوو لە وروژاندن، داوای یاسایی و ئاڵوگۆڕی یەکتری تۆمەتبارکردن، دواجار ترەمپ وەک سەرۆکی ژمارە چل و حەوتی ئەمریکا سەرکەوت. لە درێژەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا زۆر بەڵێنی بە ئەمریکییەکان دا، کە ئەگەر هەلی بۆ ڕەخساو سەرکەوت بۆ جاری دووەم ئەوا جێبەجێیان دەکات، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر شەش بەڵێنی سەرەکی، لەو کاتەی کلیلی کۆشکی سپی ڕادەست دەکرێت، هەنگاوی جددی دەنێت بۆ جێبەجێکردنیان.  بەڵام حەوتەمیان… بەڵێنی داوە لەماوەی دوو چرکەدا هەر ئەوەندە لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دانیشت و قەڵەمەکەی بەدەستەوە گرتە، جێبەجێ بکات.

بەڵێنەکانی ترەمپ کە بە سیاسەتی ئابووری و دەرەوەی ترەمپت (ترۆمپۆنۆمیکس) ناسراوە ئەمانەن :                                                           

١- کۆتایی هێنان بە جەنگ و بەدیهێنانی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا:

 ئەگەرچی ترەمپ، بە هیچ جۆرێک ئاماژەی بە ئامڕازەکانی جێبەجێکردنی نەکردوە، کە چۆن و بەچی شێوەیەک ئەو ئەرکە گەورەیە ئەنجام دەدات، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی ترەمپدا، نەتانیاهۆ ڕایگەیاند: ئیسرائل باشترین دۆستی لە کۆشکی سپی بەدەستهێنا، ئەو دۆستەی لە خولی یەکەمیدا قودسی به پایتەختی ئیسرائیل ناساند، باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس گواستەوە.                                                          

 سەبارەت بە ئۆکرانیاش، لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا بە بەردەوامی لەسەردەمی بایدندا لە جەنگی دژبە ڕوسیادا دەیان ملیار دۆلار هاوکاریی پێشکەش بە ئۆکرانیا کرد،  بەڵام ترەمپ بەڵێنی داوە لە ڕێگەی گرێبەستێکی دانوستانەوە لەگەڵ روسیادا لە ماوەی(٢٤) کاتژمێردا کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت. ڕکابەرەکانی ترەمپ ئەوەیان بە نزیکبوونەوە لەگەڵ بوتین و خۆبەدەستدانەوەی ئۆکرانیا وەسف کرد، ئەنجامەکانی هەموو ئەوروپا ڕووبەڕووی ترس و دڵەڕاوکێ دەکاتەوە، بەڵام ستراتیژی سەرەکیی ترەمپ لەم خاڵەدا بە گشتی دوورخستنەوەی ئەمریکایە لە هەموو جۆرە جەنگ و ململانێیەکی دەرەکی.                                       .

٢- دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی تۆمارنەکراو و نایاسایی:

  بەڵێنیدا گەورەترین دیپۆرتی بەکۆمەڵ لە مێژووی ئەمریکادا جێبەجێ بکات، هەروەها بیرۆکەی دروستکردنی دیوارێکی سنووری لەگەڵ مەکسیک، کە لە خولی یەکەمیدا بۆ ڕێگرتن لە کۆچبەرانی نایاسایی بە درێژی دوو هەزار میل پێشنیاری کرد تەواوی بکات، بەڵام  لە ئەنجامی ناکۆکی زۆر لەسەر بیرۆکەکە نەیتوانی لە خولی یەکەمیدا بودجەی پێویستی بۆ دابین بکات. وەک ئەوەی ترەمپ ڕایگەیاند پڕۆژەکە  بڕی ( ٧,٥ ) ملیار دۆلاری پێویستە بۆ تەواو کردنی.                              

٣- قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ:

 ئەم بابەتە بۆ کۆمەڵگەی ئەمریکی بابەتێکە کەمشتومڕی زۆری لەسەرە، چونکە یاساکانی تایبەت بە ئەم بابەتە لە ویلایەتێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕدرێت، لە هەندێک ویلایەتدا ئەو یاسایە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوه، بەڵام دادگای باڵای ئەمریکا توانی لەساڵی (٢٠٢٢)دا، کە زۆربەی ئەندامەکانی سەر بە نیوکۆنسێرڤاتیڤەکان (کۆنخوازە نوێیەکان) بوون، مافی دەستوری لە باربردنی منداڵ هەڵبوەشێنێتەوە.

هەر بۆ ئەم مەبەستە لە کاتی هەڵبژاردندا مافی یاسایی لەباربردنی منداڵ تەوەری سەرەکیی هاریس بوو،  بەڵام لە بەرامبەردا ترەمپ گوتی هەر ویلایەتێک ئازادە لە پەسەندکردنی ئەو یاسایە، بەڵام ئەگەر من سەربکەوم لەسەر ئاستی فیدڕاڵیدا ئیمزا لەسەر ئەو یاسایە ناکەم.            

٤- ڕێوشوێنەکانی ئابووری و باج و گومرگ:-

  لەسەر ئەم تەوەرە، ترەمپ بەڵێنی چارەسەری هەڵاوسانی ئابووری دا، چونکە لەسەردەمی جۆ بایدندا هەڵاوسان بۆ ئاستێکی مێژووی بەرزبووەوە، لە ئێستادا ڕێژەی هەڵاوسان لە مێژووی چل ساڵی ئەمریکادا بەرزترین ئاستی تۆمار کردووە،  بەرزترین ڕێژەی تێپەڕاندووە کە لە ساڵی (١٩٨١)دا (١,٩٪) بوو. هەروەها بەڵێنی کەمکردنەوەی باجی گشتی لەسەر کۆمپانیاکان داوە، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک پێشنیاری پێشکەش کردووە، لەوانەش هەڵگرتنی باج لەسەر پارەدانی کۆمەڵایەتی (المدفوعات الاجتماعیة) و کەمکردنەوەی باجی سەر کۆمپانیاکان. هەروەها لە پێناو کەمکردنەوەی کورتهێنانی میزانی بازرگانی (المیزان التجاري ) سالانەی ئەمریکا بە تایبەتی لەگەڵ چین و مەکسیک و وڵاتانی ئەوروپا، پێشنیاری سەپاندنی داڕشتنەوەی پێناسەی گومرکی تازەی بەسەر زۆرترین کاڵای هاوردەکروادا کردووە.                

٥- کەش و هەوا و وزە:

  ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، هێڕشی تووندی کردە سەر ئۆتۆمبێڵی کارەبایی و بەڵێنی كەمکردنەوەی سنووردارکردنی ڕێکخراوەیی لەسەر پیشەسازی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی دا، هەروەها لە پێناو گەشەسەندی کەرتی پیشەسازی ئۆتۆمبێڵی ئەمریکادا، بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی ئامانجەکانی بایدنی دا، کە هانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی وەک دۆستی ڕاستەقینەی ژینگەدەدات.

 هەروەها هەوڵی خۆی دەخاتەگڕ بۆ زیاتر بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەردینی (وقود احفوري)، بۆ ئەم مەبەستەش بەڵێنی داوە، هەوڵبدات بۆ کەمکردنەوەی یاسای ڕێکخستن کە زۆرتر دۆستی ژینگەیە و  لە هەندێک ڕێکاری جیهانیی تایبەت بە پاراستنی ژینگە پاشەکشە بکات.                                                                 

٦- هەڵکوتانەسەر کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی(٢٠٢١ ) دا:

  ترەمپ بەڵێنی ئازادکردنی هەندێک لەو لایەنگرانەی خۆیی دا کە تاوانبارن بە هێڕشەکەی ساڵی(٢٠٢١)، کاتێک وەک بێزاری دەربڕینێک لە بەرامبەر سەرکەوتنی جۆ بایدن هەڵیانکوتایە سەر بینایەی كابيتول (کۆنگرێس) ی ئەمریکا.                           

٧- دەرکردن و دوورکردنەوەی لێکۆڵەری تایبەت لە کارەکەی:-

  بەڵێنی حەوتەم ئەوەبوو کە ترەمپ دەڵێت تەنها دوو چرکەی پێویستە، ئەویش دوورکردنەوەی لێکۆڵەری تایبەت و داواکاری گشتی (جاك سميس)ە لە کارەکەی، چونکە ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی ( ٢٠٢١)ی پێچەوانە کردۆتەوە، یان گوایە خراپ مامەڵەی لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکاندا کردووە.                            

    كەس نازانێت ئامڕەزەکانی ترەمپ بۆ جێبەجێکردنی ئەو حەوت بەڵێنە چییە و چۆنە، چونکە ترەمپ بەوە ناسراوە کەس ناتوانێت پێشبینی بۆ ڕەفتارەکانی بکات، وەک سەرکردەی گەورەترین زلهێزی جیهان دەیەوێت ئەم وێنەیە لە مێشکی هەموو جیهاندا بچەسپێت، بە خاڵێکی بەهێزی خۆی دەزانێت.

تەنانەت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی وول ستريت جورنال ( The Wall Street ) بە دەمی خۆی دەڵێت من شێتم، هەر لەبەر ئەوەش سەرۆکی چین قسەکانم بەهەند وەردەگرێت و خۆی لە هێرشکردن و ئابڵوقە بۆ سەر تایوان بەدوور دەگرێت.

 نووسەری ئەمریکی دەيفيد لور ( David Lohr) ئەم قسەیە   دەکاتە کلیلی تێگەشتن لە بیروباوەڕی (Doctrines) ترەمپ، و شیکردنەوەی ئامڕازەکانی ترەمپ بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئابووری و دەرەوەی ئەمریکا کە بە ( ترۆمپۆنۆمیکس) ناسراوە،  چونکە مێژووی ئەمریکا بە شێوەیەکە، هەر سەرۆکێکی تازە کە کلیلی کۆشکی سپی ڕادەست دەکرێت، بۆ سیاسەتی دەرەوە، بیروباوەڕیەکی تایبەت بە خۆی پەیڕەو دەکات.

نموونە مێژووییەکان لەسەر بیروباوەڕەکان

* بۆنموونە، بیروباوەڕی مۆنرۆ (The Monroe Doctine)، کە لە ساڵی (١٨٢٣) ڕاگەیاندرا،  بۆ سەرۆکی ئەمریکا (جیمز مونرو– James Monroe) دەگەڕێتەوە، پوختەی ستراتیژی ئەم بیروباوەڕیە ئەوەیە، هەردوو کیشوەری ئەمریکا باکوور و باشوور بەتەواوەتی بە ناوچەی ژێردەسەڵات و نفوزی ئەمریکا هەژمار دەکات، هەموو دەستێوەردانێک لەلایەن ئیمپراتۆریەتەکانی ئەوروپاوە بۆ سەر دوو زۆنە قەدەغە دەکات و ڕێگەی پێنادات.

* بیروباوەڕی ترومان (Truman Doctrine) بە دیاری کراوی لە دوای دووەم جەنگی جیهانی، لە ساڵی (١٩٤٧) وە لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی سارددا بڵاوبووە و وەک ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیڕەو دەکرا، پوختەی ئەم بیروباوەڕە بریتیبوو لە پابەندبوونی ئەمریکا لە یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی کە لەسەنگەری پێشەوەی بەرەنگاریدان لەگەڵ یەکیەتی سۆڤیەت، لە پێناو ڕێگریکردن لە بیری کۆمۆنیزم و دەسەڵاتی یەکیەتی سۆڤیەت بۆ ئەوەی نەگاتە ئەمریکا.

 مێژووی ئەم بیروباوەڕی بە سەرەتای دەستێوەردانی ئەمریکا لەگەڵ کێشەکانی جیهان لە ژێر ناوی بڵاوکردنەوەی دیموکراتی و ئازادیدا دادەنرێت.

* بیروباوەڕی نیکسۆن (Nixon Doctrine ) ئەم بیروباوەڕە لە ساڵی ( ١٩٦٩) سەریهەڵدا، تاڕادەیەک بە پێچەوانەی ترومان، بڕوای وابوو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە پاراستنی ئاسایشی خۆیان بەرپرسیارن و ئەمریکا تەنها هاوکارییان دەکات، نەک لە جیاتی ئەوان شەڕ بکات.

* بیروباوەڕی کارتەریشمان هەیە (Carter Doctrine) کە لە ساڵانی (١٩٨٠) وەک وەڵامدانەوەیەک لەبەرامبەر داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن ڕوسیاوە ڕاگەیەندرا، لە ترسی ئەوەی ڕوسیا ئێران و وڵاتانی کەنداویش داگیربکات، مەترسیی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست دروست بکات. پوختەی ئەم بیروباوەڕیە دەڵێت، ئەمریکا ئامادەیە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی لە وڵاتی کەنداو دەستێوەردانی سەربازی بکات.

 ترەمپ وەک سەرۆکی زلهێزترین وڵاتی جیهان، بەوە ناسراوە کە خاوەن دیسپلینێکی جێگیر نییە، هەڵگری ئەم پێنج سیفەتەیە،

١- ناتەبایی (Incoherence).

٢- بێسنوور ( Unconstrained).

٣- ناڕێک (Erratic).

٤- ناعەقڵانی ( Irrational).

٥- هاودژ (( Contradictory .

ترەمپ سەربە چ قوتابخانەیەکە؟

 هەروەها بیروباوەڕی ترەمپ (Trump doctrine) بە تێوری پیاوە شێتەکە دەناسرێت، ئەگەرچی لایەنگرانی ترەمپ ئەم خاڵە وەک تایبەتمەندییەکی ئەرێنی پێناسە دەکەن، هەر بۆیە هەموو جیهان لە ئێستاوە لەگەڵ سەرکەوتنی ترەمپدا، ئامادەسازی بۆ گۆڕانکارییەکانی ئایندەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکەن.

 نووسەری بە ناوبانگی ئەمریکی وولتر رەسیڵ مێد (Walter Russell Mead) لە کتێبی بەناوبانگی ( SPECIAI PROVIDENCE ) کە لەساڵی (٢٠٠١)دا چاپکراوە، بەشێوەیەکی زۆر زانستی تیشک دەخاتە سەر مێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و بۆ چوار قوتابخانەی فیکری پۆڵێنیان دەکات،  بیردۆز و بنەمای فەلسەفەی ھەریەک لەو چوار قوتابخانە، کە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی ئابووری و ئاسایشی ئەمڕیکادا داڕێژراوە، بیرو ھزر و ئەزمونی کەسانێکی ناوداری سیاسی و سەربازی دیاری مێژووی ئەمریکان، وەک باوکی دامەزرێنەری ئەمریکا کە ڕۆڵی گرنگیان بینیوە لە سەربەخۆیی ئەمریکادا دادەنرێن .

ئەوانیش بریتیین لە ( ھامیڵتۆنیزم …. ویلسۆنیزم .. جیفرسۆنیزم وجاکسۆنیزم ).

 سروشبەخشی سەرجەم عەقیدە(Doctrine)کانی پێش ترەمپ دەگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەی هامیڵتونیزم و ویڵسونیزم.

* بەلای ھامیڵتۆن و ھامیڵتۆنیزمیەکانەوە بازرگانی شا خوێنبەری ئابووری ئەمریکایە،  ئامڕازی خۆشگوزەرانی تاکی ئەمریکایە، تاکە ئامڕازە بۆ ئەوەی بتوانرێت شان لە شانی بەریتانیای عوزما بدات، لەم ڕێگەیەوە کێبەڕکێی لەگەڵ بازاڕی جیھاندا بکات، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیھان بگەنە ئاستی ژمارە یەک، بۆ  گەشتن بەم ئامانجەش، پێویستە حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا  ھەموو تواناکانی بخاتە خزمەتی ئەم سێکتەرەوە و ھێزی سەربازیی ئەمریکا بخاتە خزمەتی پاراستنی بەرژەوەندی  کۆمپانیاکانەوە،  بەلای هاميلتۆنیزمەکانەوە ھێز بە مانای دژە ئاشتی نیە یان ئەمان دژی ئاشتی نین، بەڵکو ئاشتی بە فاکتەرێکی  بەھێزی بازرگانی دەزانن، چونکە بەرژەوەندی ھاوبەش لە نێوان گەڵاندا دروست ئەکات.

بەها سیاسییەکان بۆ دەرەوەی ئەمریکا

* ویڵسۆنیزمەکان پیانوایە لەپاڵ بازرگانیدا، بڵاوکردنەوە و گەیاندنی فەرھەنگ و بەھا سیاسیەکانی ئەمریکا بۆ دەرەوەی سنوری ئەمریکا، خالێکی دیکەیە بۆ بەهێزکردنی داینەمۆیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەھای کلتووری و سیاسیی ئەمریکا بریتیە لە پاراستنی مافی مڕۆڤ، دیموکراتی، تاک گەرایی و بازاری ئازادی سەرمایەداری.

 ئەمریکا بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پێویستی بە ھاوپەیمانی بەھێزە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە فەرھەنگ و بەھا سیاسیەکانیان لە ئەمریکاوە نزیکە، وەک ھاوپەیمانەکانی لە ئەووروپا (فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا). هەر لەسەر ئەم بنەمایە سەرۆک وێلسۆن لە یەکەم شەڕی جیھانیدا، زۆرترین ھاوکاری پێشکەش بە ھاوپەیمانەکانی بە تایبەتی فەرەنسا کرد.

بەڵای ئەم قوتابخانەیەوە ئەگەر بەھا دیموکراتیەکانی ئەمریکا بگەشتایە ھەموو جیھان، بەتایبەتی ژاپۆن، ئەوا ئەمریکا ناچار نەدەبوو بچێتە دووەم شەڕی جیھانییەوە،  لەبەر ئەوەی فەرھەنگ و بەھاکانی ژاپۆن و ئەمریکا زۆر ڵێک جیاواز بوون، بەریەککەوتنی بەرژەوەندی ژاپۆن و ئەمریکا ھۆکاری بەشداریکردنی ئەمریکا بوو.

 هەروەها ئەمریکا بۆ گەشتن بەم ئامانجە سیاسییانە پێویستی بە کاری دەستە جەمعی و ھاوپەیمانی هەیە، لە پێناو دامەزراندنی سیستمێکی جیھانی کە لە سەروی دەسەڵاتی دەوڵەتەکانەوە بێت، بتوانرێت لەڕێگەیەوە جیھان ئیدارە بدڕێت.

 دامەزراوە جیھانییەکانی وەک، نەتەوە یەکگرتوەکان، نەختینەی دراوی نێودەوڵەتی، بانکی جیھانی، ئەنجومەنی ئاسایش، دادگای نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهان و ڕێکخراوی بازرگانیی جیهان و.. ھتد. بۆ ئەوەی ئاسایشی جیھان بەردەوامی ھەبێت، پێویسته ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی ھاوکاری ئەم دامەزراوانە بکەن.

دوای تاک جەمسەریی و ڕووخانی دیواری بەرلین

  قوتابخانەی ھامیڵتۆنیزم و ویلسۆنیزم، بە دامەزرێنەری فیکری لیبڕاڵیزمی ئابووری دادەنرێن، بەشێوەیەک بەشێکی لە پێش یەکەم جەنگی جیھانی و تا پاش دووەم جەنگی جیھانی و دەورانی شەری  سارد و ڕووخانی دیواری بەرلین و نەمانی یەکیەتی سۆڤیەت سروشبەخشی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوون، بەڵام لەپاش ساڵی (١٩٨٩) وە، پاش تاک جەمسەری جیهان، بە تایبەتی ئەم پەنجا ساڵەی دوای تا ساڵی ( ٢٠١٦ ) ئەوا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا سەد دەر سەد لەسەر بنەماکانی ئەم دوو قوتابخانەیە ئیدارە دەدرا.

 هەروەها هەر بنەماکانی ئەم دوو قوتابخانەیە بوو، پاش دووسەد ساڵ  بە سەرچاوەی سەرەکیی هزری دامەزرێنەرانی سیستەمی نیولیبراڵیزم و جیھانگیری بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دادەنرێت، کە لە کۆتایی چارەکی سەدەی بیستەمەوە لە گەشەسەندایە و کۆنترۆڵی ئابووری ھەموو جیھانی کردوە.

* جفرسۆنیزمەکان ئەم قوتابخانەیە بەگومانن لە ھەردوو قوتابخانەی هاميلتۆنیزم و وێلسۆنیزم، پێانوایە ئەمریکا وڵاتێکی کشتوکالییە، دەببت بە ئەندازەی بازرگانی پەڕە بەکشتوکاڵ بدڕێت،  ھەڵگری بیڕۆکەی دیموکراتین، ڕێزگرتن لە فەرھەنگ،  کلتوور، تایبەتمەندی و شارستانیەتی گەڵانی تر، بە ئەرک و کارێکی گرنگی ئەمریکا دەزانن، بۆیە ھەر دەسخستنە کار و تایبەتمەندییەکی گەلان و نەتەوەکانی دیکە لەلایەن ئەمریکاوە بە مەترسی دەزانن بۆ ئایندەی ئەمریکا و بەکارێکی سەرشێتانەی لە قەڵەم دەدەن. چەسپاندنی دیموکراتی بەھێز بەسەر گەڵانی دونیا، بە کارێکی  پێویست بۆ  ئەمریکا نازانن. سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر بنچینەی پێشینە بە قازانجی کۆمپانیاکان، بە ھۆکاری سنووردارکردنی دیموکراسی لە ناخۆ و دەرەوەی ئەمریکاشدا دەزانن. ئەم قوتابخانەیە پێداگری لە بەھای دیموکراسی تەنھا لە ناو سنووری ئەمریکا دەکەن، دەرەوەی ئەمریکا بەکێشە و کاری ئەمریکا نازانن. چونکە ئەو پەلھاویشتنەی ئەمریکا لە پێناو قازانجی کۆمپانیاکان کە زیاتر قازانجیان مەبەستە و بەدوای قازانجی زیاترەوەن، دەرئەنجام لەڕێگەی ئەم کۆمپانیانەوە دەبێتە ڕێگە خۆشکەر بۆ دروست بوونی دەیان سیستمی دیکتاتۆریەت لە جیھاندا، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی دیموکراتیەت لە ناوخۆی ئەمریکادا مانای ڕاستەقینەی خۆی لە دەستبدات،  ڕوویەکی دوو فاقی و شەڕانگێز دەکات بەبەر ئەمریکادا.  ئەم دەسخستنە بێسنورەی ئەمریکا لە تایبەتمەندی گەڵانی خۆرھەڵاتی ناوراست و جیھانی ئیسلامی، پەرچەکرداری خراپی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەبێت.

١١ی سێبتمبەر وەک پەرچەکردار  

جفرسۆنیزمیەکان پێان وایە ئەوەی لە (١١) ی سێبتمبەری ساڵی (٢٠٠١) ڕوویدا، پەرچەکرداری سیاسەتی ھەڵەی قوتابخانەی یەکەم و دووەمە.

* قوتابخانەی جاکسۆنیزم، ڕابەر و مونەزیری ئەم قوتابخانەیە  حەوتەمین سەرۆکی ئەمریکا ئەندرو جاکسۆن (Andrew Jackson )ە. جاکسونیزم ھەردوو قوتابخانەی ھامیڵتۆنیزم و ویڵسۆنیزم رەتدەکاتەوە، ڕێژەیەکی کەم  لەگەڵ قوتابخانەی جفرسۆنیزم ھاوڕایە و جیاوازیشیان زۆرە، ئەمان بڕوایان بە دابڕانی (انعازل) ئەمریکا لەگەڵ دونیای دەرەوە ھەیە، نەک لەبەر ڕێزگرتن لە تایبتمەندی گەڵانی تر، بەڵکو ھەڵگری دروشمی بژی و بھێڵە خەڵکی تریش بژیت (Life and the others life)، ھیچ گرنگی بە دونیای دەرەوەی ئەمریکا نادەن، بەلای ئەمانەوە تەنھا خۆشگوزەرانی ھاووڵاتی ئەمریکا مەبەستە، بڕوایان بە جیهانگیری نییە ،دژی بازاڕی ئازادن، بڕوایان بە ھاوپەیمانی لەگەڵ ھیچ وڵاتێک نییە، دژی سیستمی بانکۆکراتەکانن، چونکە بانکەکان تەنھا بۆ قازانجی دەوڵەمەندەکانە و بە سەرچاوەی ھەژاریی بۆ کۆمەلگەی ئەمریکایی دەزانن،  ئەمان لە دروستکردنی پەیوەندی ئەمریکا لەگەل جیهانی دەرەوە ڕێگر نین، بەمەرجێک سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاستەوخۆ لە قازانج و بەرژەوەندی کۆمەڵگەی ئەمریکاییدا بێت، نەک بۆ قازانجی کۆمپانیا گەورەکان، ئەگەر ئەو مەرجەی تێدا نەبێت بەھیچ شێوەیەک ئەو پەیوەندییانە بە پێویست نازانن .

ھەڵۆێستێکی گوماناویان لەسەر دونیای دەرەوەی ئەمریکا ھەیە، دژی کردنەوەی دەرگای ئەمریکان بەڕووی کۆچبەراندا لە ھەموو نەژاد و نەتەوەکان، بڕوایان وایە ئەمریکا کۆمەڵگەیەکی گونجاو و یەکگرتوو و تەبایە، ئەمریکاش تەنھا بۆ ئەمریکییەکانە.

بەلای جاکسۆنیزمەوە پێناسەی  ئەمریکیبوون تەنھا ئەوە نییە ھەڵگری پاسپۆرتی ئەمریکی بێت، بەڵکو ئەمریکیبوونی ڕاستی دەبێت کۆچبەر نەبێت، سپی پێست بێت، سەر بە ئاینی مەسیحی بێت، ئەگەر ئەم سێ خاڵەی تێدا نەبێت واتا ئەمریکی تەواو نییە، بۆیە جاکسۆنیزم ھەڵۆێستیان بەرامبەر ئەمریکاییە ڕەشپێستەکان و ئەوانەی لە بنەچەدا خەڵکی ئەمریکای لاتینن یان لە ئاسیاوە کۆچیان کردوە خراپ و نێگەتیفە.

 ھەڵۆێستیان بەرامبەر ئاینەکانی تر وەک موسڵمان و بودی و بەگشتی کلتووری ڕۆژھەڵات خراپە.

 ھاوولاتیبوون یەکسانە بە مەسیحیبوون؟

دەتوانین بڵێین ھاوولاتیبوون بەلای جاکسۆنیزمیەکانەوە  بەواتای ناسنامەی مەسیحی بوونە (Christian nationality ).  مەسیحی بوونیش بە مانای دینداڕێکی بەھێزی مەسیحی نییە،  بەڵکو پیانوایە مەسیحی بوون فەرھەنگێکە ھەم باڵاترە و ھەم بەگشتی  لەگەڵ فەرھەنگی ئیسلامی و بودی و فەرھەنگی ئاسیادا ناتەبایە.

 بەھیچ شێوەیەک خۆھەڵقورتان لە دەرەوەیان پێ قبووڵ نییە، بەڵام ئەگەر ئاسایش و بەرژەوەندی ئەمریکا بکەوێتەوە مەترسییەوە، ئەوا زۆر بێڕەحمانە و بە ھەموو شێوەیەک حەق بەمریکا دەدەن وەڵامی دوژمنەکانی بداتەوە.

بەلای ئەمانەوە، ئەوەی گرنگە تەنھا بەرژەوەندی ئەمریکا و ژیانی ئەمریکییەکانە و ھیچ شتێک لەو بەھایە گرنگتر نییە.

 بەلای جاکسۆنیزمەکانەوە ئەمریکا ئیمپراتۆرە، نەک وڵاتێکی بچوک ھاوشێوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا، چونکە لە پەنجا ویلایەت پێکھاتووە، جیاواز لە وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەوان  ھاوپەیمانی گرنگی زۆری ھەیە،  بەڵام ئەمریکا ھیچ پێویستییەکی بە ھاوپەیمانی نییە. ھەروەھا پێیان وایە ھاوپەیمانیی ئەبێتە بارگرانیی ئابووری و سیاسی بەسەر ئەمریکاوە، بۆیە دابڕان بە باشترین ھەڵبژاردە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەزانن.

  قوتابخانەی چوارەم لە خولی یەکەمی ترەمپەوە

ئەم قوتابخانەیە لە پاش ساڵی ( ٢٠١٦ ) وە لە گەشەسەندندایە، ترەمپ بە یەکێک لەو کەسانە دادەنرێت کە سەرسامیی بۆ  بنەمای فیکری ئەندرۆ جاکسۆن ھەیە، بەڵام ئەوەی وای لە ترەمپ کرد ئەم بیڕۆکەیە زیاتر لای بخەمڵێنڕێت و زیاتر گەشە بەم قوتابخانەیە بدات، لە چوار ساڵی حوکمرانیی یەکەمیدا ( ستيفن كيفين بانون )ی گەورە ڕاوێژکاری ترەمپ بۆ کاروباری ستراتیژی بوو، بە ترسناکترین پیاوی جیھان ناسراوە، شارەزاییەکی زۆری لە مێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا هەیە، لە ھاوڕێی نزیکەکانی (Walter Russell Mead) وۆلتەر رەسیڵ مێدە، نوسەری کتێبی  پەروەردگاری تایبەت ( SPECIAI PROVIDENCE )، لە پاش خۆێندنەوەی ئەم کتێبەوە،  ترەمپ خۆی وەک ھەوادارێکی جاکسۆنیزم هەژمار دەکات،  تەنانەت ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا بە جاکسۆنی دووەم ناسراوە.

ترەمپ قەیرانی هەڵاوسانی ئابووری و شکستی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەدەی بیست و یەکدا بۆ بنەماکانی بیروباوەڕی هەردوو قوتابخانەی یەکەم و دووەم دەگەڕێنێتەوە. 

  لە خولی دووەمیدا، لەسەر ئاستی جیهان هەموو چاوەکان کەوتۆتە   

سەر دۆناڵد ترەمپ، بەو پێیەی وا دیارە سیاسەتی ئابووریی ترەمپ( ترۆمپۆنۆمیکس) گۆڕانی ڕیشەیی لە ئابووری جیهاندا دەهێنێتە ئاراوە.

  بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست بڵاویکردۆتەوە، وەک لەسەرەوەش باسمان کرد، ڕێبازەکەی ترەمپ تێکەڵەیەکە لە  ئازادکردنی دارایی لەگەڵ سنووردارکردنی توندی بازرگانی و کەیسی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی، بێگومان ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان لێدەکەوێتەوە.

بەرنامەیەکی پڕ لەمشومڕ

  بەرنامەی چاکسازیی ڕیشەیی ئابووریی ترەمپ زۆر مشتومڕاوییە، ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست ئاماژە بەوە دەکات، هەر لە ئێستاوە  ترەمپ بە مانشێتی گەورە دەستی بە ئاشکراکردنی بەرنامەی ئابووری بۆ خولی چوارساڵەی داهاتووی کردووە، لەوانەش:(دامەزراندنی “ئیدارەیەکی کارامە بۆ حکومەت” بە سەرۆکایەتی ئیلۆن ماسک و ڤیڤێک ڕاماسوامی کە بە ترەمپی بچووک ناسراوە)، ترەمپ لە بەیاننامەیەکدا وتی: ئەم دوو ئەمریکاییە سەرسوڕهێنەرە، پێکەوە ڕێگە خۆش دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بیرۆکراسی حکومەت و کەمکردنەوەی ڕێسا زیادەڕۆکان و کەمکردنەوەی خەرجیی تێچووەکان و داڕشتنەوەی هەموو دەزگا فیدراڵیەکانی ئیدارەکەم. ئەوەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت بە بڕی دوو تریلیۆن دۆلار لە ساڵێکدا.  هەروەها ئەم ئیدارە نوێیە هەوڵدەدات بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد ئازاد بکات و ئاسانکاری لە یاسادانانی پەیوەست بە ژێرخانی زیرەکیی دەستکرددا بکات، بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ بەرز کردنەوەی بەرهەمهێنان و گەشەکردن خۆش بکات.

دیپۆرتکردنەوەی کۆچەران و  سەپاندنی باجی زیاتر

 هەر بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست، خاڵێکی تر لە سیاسەتەکانی بریتییە لە دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنان کۆچەر و سەپاندنی باج تا ڕێژەی( ٦٠% ) بەسەر کاڵای چینی و لە نێوان (١٠-٢٠% ) بەسەر کاڵای وڵاتانی دیکەدا (وەک ئەڵمانیا ، مەکسیک، تایوان) چونکە میزانی بازرگانی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەم وڵاتانە بە نێگەتیڤە، بێگومان ترسی دروستکردنی کاریگەریی نەرێنییان دەبێت. چونکە خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێچووی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران ڕەنگە بگاتە سەدان ملیار دۆلار، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمیی هێزی کار و بەرزبوونەوەی نرخی هێزی کار، بەتایبەتی کە کەرتی کشتوکاڵی ئەمریکا پشت بە هێزی کاری کۆچبەر دەبەستێت.

جۆش و خرۆشی بەڕواڵەت

   سەرەڕای جۆش و خرۆشی بە ڕواڵەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانە، بەڵام ئاستەنگ لە بەردەم جێبەجێکردنی پلانەکانی ترەمپ زۆرن،  چونکە سەپاندنی باجی گشتی پێویستی بە ڕەزامەندیی کۆنگرێسە، هەروەها کۆمارییەکان پشتیوانی لە بازرگانی ئازاد دەکەن و ئەگەری زۆرە دژایەتی ئەو سیاسەتانە بکەن، بەپێی ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە، بە هەمان شێوە جێبەجێکردنی سیاسەتی دیپۆرتکردنەوەی بەرفراوان پێویستی بە هاوکاریی دەسەڵاتە ناوخۆییەکانیش دەبێت، کە ڕەنگە بەشداریکردن ڕەتبکەنەوە، ئەمەش بابەتەکە زۆر ئاڵۆزتر دەکات.

  هەنووکە بازاڕەکانی ئەمریکا گەشبینن بە کەمکردنەوەی باج و هەڵوەشاندنەوەی یاسای توند، چونکە وەبەرهێنەران پێیان وایە ئەم ڕێوشوێنانە قازانجی کۆمپانیاکان لە کورتخایەندا بەرزدەکاتەوە.

 هەر ئەو ڕۆژنامەیە، هۆشداریش دەدات کە لەماوەی درێژخایەندا کاردانەوەی هەڵاوسان و پچڕانی بازرگانی جیهانی لێدەکەوێتەوە. ڕەنگە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ببێتەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود، ئەمەش بارگرانی زیاتر بۆ ئابووریی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو، ئەوانەی کە پشت بە قەرزی دۆلار دەبەستن زیاد دەکات.

  شرۆڤەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سیاسەتەکانی ترەمپ لە خولی دووەمیدا ڕەنگە کاریگەری بەرفراوانیان لەسەر ئابووری جیهان هەبێت، لەوانەیە مەکسیک، چین و ئەوروپا وەک زۆرترین ناوچەی زیانلێکەوتوو دەربکەون و بکەونە ژێر ڕەحمەتی چەقۆی ترەمپەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەستبوونی ئەم وڵاتانە بە سیاسەتی بازرگانی و کۆچبەری و بەرگرییەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت لەم ماوەیەدا شایەتحاڵی گۆڕانکاری ڕیشەیی بن.

  ئابووریی مەکسیک بەهۆی ئەوەی پشت بە هەناردەکردن بۆ ئەمریکا دەبەستێت، گریمانە دەکرێت سیاسەتەکانی ترەمپ زۆرترین کاردانەوە و زیان بە ئابووری مەکسیک بگەیەنێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت لە ئەنجامی توندکردنەوەی سیاسەتەکانی کۆچبەری و بازرگانی ڕووبەڕووی فشاری زیاتر بێتەوە.

   بەڵام یەکێتی ئەوروپا، بەهۆی کورتهێنانی گەورەی بازرگانیی ئەمریکا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا، و ڕەخنەی بەردەوامی ترەمپ لە ناتۆ، چاوەڕوانی سیاسەتی توندتر لە ئیدارەکەی ترەمپ دەکەن، مەزەندە دەکرێت سەرکردەکانی ئەوروپا لە هەڵسەنگاندنەوەی پشت بەستن بە سیاسەتی بەرگری و ئابووری خۆیاندا ڕووبەڕووی گوشار ببنەوە.

 هەر بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست، لەگەڵ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ترەمپدا لە ساڵی (٢٠٢٥) دا، بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی قەرزی دۆلارەوە.  ڕەنگە ئابووریی وڵاتانی  تازە گەشەسەندوو تووشی بارگرانیی زیاتر ببن و جیهان  لە نێوان گۆشەگیری و کێبەرکێدا بهێڵێتەوە.

لە بەرامبەردا ئەو وڵاتانەی کە ئەمریکا بە نیازە باجی زیاتر بخاتە سەر کاڵاکانیان بانگەوازی ئەوە دەکەن خۆیان له  سیاسەتی گومرگی بەرامبەر بە یەکتر بەدوور بگرن و لەبری ئەوە لە ڕێگەی چاکسازیی ئابوورییەوە گرنگی بە بەرزکردنەوەی توانای کێبەڕکێ بدرێت .

   بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، پێدەچێت چین، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، لە دۆخێکی باشتردا بێت. ئەمەش بەهۆی گرنگیدان بە خواستی ناوخۆیی، لە کاتێکدا بازاڕی ناوخۆی یەکێتیی ئەوروپا  بەهۆی لاوازیی پەرەپێدانەوە بۆ وەرگرتنی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد، کە بووەتە هۆی پاشەکشەی ئابووریی و ساڵانێکە بەدەستییەوە دەناڵێنێت.

سەرنج لەسەر چاکسازیی ناوخۆیی یان پەرەسەندنی بازرگانی؟

 ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر جیهان بیەوێت لە بەرامبەر “ترۆمپۆنۆمیکس” (واتە ڕێبازی ئابووری ترەمپ)دا بە ڕکابەری بمێنێتەوە، ئەوا پێویستە وڵاتان بە خێرایی خۆیان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا بگونجێنن و سەرنجیان لەسەر چاکسازیی ناوخۆیی بێت نەک پەرەسەندنی بازرگانی.

 بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵەنگارییانەشدا، بەرزکردنەوەی کارایی ئابووری باشترین ڕێگەی پێشینە دەبێت.

پێویستە ترەمپ بگەڕێتەوە بۆ مێژوو، سوود لە چەند ڕاستییەکی گرنگی مێژوو وەربگرێت:

١- ئەم وڵاتە لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا هەرگیز لە ئاست قەیرانی دارایی سەختدا بێبەری نەبووە. لە داڕمانی بازاڕی بۆرسەدا لە ساڵی (١٩٨٧)دا نزیکەی (٣٠٪)ی بەهای سەروەت و سامانی  ژێرخان لە ناوچوون، دوای ئەو داڕمانەی کە لە ئەنجامی تەقینەوەی بڵقی ئابووری نوێ کە لە کۆتایی نەوەدەکاندا ڕوویدا، زیانەکانی پارەی کاغەز زیاتر لە (٨) تریلیۆن دۆلار بوو، پێش چاکبوونەوە و گەڕانەوە بۆ ئاستەکانی پێشوو. بەهای چارەسەرکردنی زیانەکانی بانک و پاشەکەوت و قەرزی خراپ لە ساڵی (١٩٨٧)دا نزیکەی (٢٠٠) ملیار دۆلار بوو، هەروەها بڵقی خانووبەرەی ساڵی (٢٠٠٨) کە سەدان بانکی مایەپووچ کرد. هەر لەم ساڵەدا کاروبارەکان ئەوەندە خراپ بوون کە ویلیام ئایزاکس (William Isaacs) سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری بیمەی کۆمپانیای فیدراڵی وەبەرهێنان هۆشدارییەکی دەرکرد. “ڕەنگە ئەمریکا هەنگاو بنێت بۆ بەنیشتمانیکردنی بانکەکان. هەروەها ئەو بڕە سوودەی کە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە وەک سەرانە (ڕۆیاڵتی) دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا زۆر کەمترە لە بڕی سوودی سەر قەرزەکانی ئەمریکا، کە لە ئێستادا بڕی قەرزی ئەمریکا گەیشتۆتە نزیکەی (٣٢ ) تریڵیۆن دۆلار، لە کاتێکدا داهاتی نیشتمانیی ئەمریکا لە ساڵی ڕابردوودا ( ٢٧ ) تریلیۆن بوو، واتا قەرزی ئەمریکا ڕێژەی (١١٨٪ )ی داهاتی نیشتیمانی تێپەڕاندووە.

٢- پێویستە ترەمپ وانە لە شکستی ئیمپراتۆرەکان بە تایبەتی بەریتانیای عوزما وەربگرێت. نایل فیرگۆسن شارەزا لە مێژووی ئیمپراتۆرەکان لە کتێبی (الصنم: صعود وسقوط الإمبراطورية الأمريكية)، وانەیەک لە مێژووی داگیرکاریی ئینگلیزەکان بۆ سەر جیهان دەخاتە بەردەم ئەمریکاییەکان، هەروەها ئەوەیان نیشان دەدات، ئەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دەیکات هەمان ئەو ڕۆڵەیە کە بەریتانیا لە مێژوودا بینیوێتی، لە ڕووی کۆنترۆڵکردنی زەوی، دەریا، زەریا و نۆکەندەکان، بازرگانی، و بانگەشەی مژدەبەخشی (التبشیري) ئایینی مەسیحی. پاشان نووسەری ئەم کتێبە هاوسەنگی و پێداچوونەوە و بەراوودێک لە نێوان ئیمپراتۆرێک کە کۆتایی هاتووە و لە ئێستادا ئیمپراتۆریەتێکی دیکە ( ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا ) هەمان نیشانەکانی کەوتنی بەزیادەوە تێدا دەرکوتووە. لە وانەش:

 -بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەرزی دەرەکی، ئاستێکی ترسناکی تۆمارکردووە. نایل فیرگۆسن ڕێژەی قەرزی دەرەکی بە یەکێک لەو  خاڵانە دادەنێت، کە بووە هۆی کۆتایی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیای عوزما، هەرچەندە رێژەی قەرزی سەر بەریتانیا لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی لە (١١٠٪ ) ی داهاتی نیشتمانی بەرییانیای تێنەپەڕاند.

زۆربەی ئەمریکاییەکان ناڕازین

– دابەشبوونی کۆمەڵگەی ئەمریکی بۆ دوو بەرەی دژ بەیەک، ئینجا ھەر ناوێکی ڵێبنڕێت، دیموکراتەکان و کۆمارییەکان، ڵیبرالەکان بەرامبەر کۆنخوازەکان، ئەوەی گرنگە زۆر بە ڕۆشنی جیاوازیەکانی ئەو دوو بەرەیە دیارە. ھۆکاری ئەم دابەشبوونە گەڵێک زۆرن بەڵام دیاریترینیان بواری ئابوورییە، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە ئەمریکاییەکان ناڕازین لە ئاستی بژێویی خۆیان لە بەر کەمیی ھەلی کارو کەمیی کریی کار کە بەشی ژیانێکی ئاسوودەو شایستەیان ناکات.

 داتاکان ئاماژەیەکی مەتەرسیدارن، وڵاتێکی وەک ئەمریکا داهاتی نیشتمانیی ساڵانەی لە( ٢٧ ) ترلێۆن دۆلار زیاترە، بەڵام لە (٣٠٪ ) ھاووڵاتییەکانی داهاتی ساڵانەیان لە ژێر سفرەوەیە واتا قەرزدارن. ڕێژەی ھەژاری منداڵان لە ( ٢١٪ ) ی تێپەراندووە، هەروەها ڕێژەی (٢٥٪) ی خەڵک بیمەی تەندروستییان نییە. چونکە ئەو داھاتە گەورەیە لە دەستی ( ١٪ ) ی خەڵکی ئەمریکادایە.

سیستمی نیوڵیبراڵیزم و زیرەکیی دەسکرد جیاوازیەکی زۆر و نا ھەوسەنگییەکی کۆمەڵایەتی دروستکردووە، دەسکەوتی ساڵانەی کرێکارێک بەراود بە بەڕێوبەر، کاری ئیداری، کاری ئایتی و فۆرمەنەکان، دەگاتە (٢٠٠٪ ) ئەگەر خاوەن ھەر کاراییەکیش بن، بەڵام ناحەقیەکی زۆری تێدایە.

داهاتی ساڵانە لە نێوان سپی پێست و ڕەش پێستدا !

دەسکەوتی ساڵانەی سپی پێستێک، بەراوود بە ڕەش پێست و کۆچبەرێک بۆ ھەمان کار جیاوازییەکی زۆری ھەیە، تێکرای ناوەندیی دەسکەوتی ساڵانەی سپی پێستێک لە ڕەش پێست و کۆچبەرێک لە (٣٣) هەزار دۆڵار زیاترە.

زۆری ڵێکۆڵینەوەکان، سەرەتای ئەم جیاوازییە دەگەڕێننەوە بۆ زەمانی ( ڕۆنالد ڕێگان) کە لە سەردەمی ئەودا سیستمی نیوڵیبڕاڵیزم جێبەجێ کرا، ڕۆڵی دەوڵەت لەم سیستەمەدا لە پاراستنی ماف و ژیانی کڕیکاران و ھەژاراندا نامێنێت، دەکەونە بەر ڕەحمەتی قازانجی کۆمپانیاکان، داھات و هەژموون و دەسەڵات و یاسادانان دەکەوێتە دەست (١٪)ی کۆمەڵگەوە، دەرئەنجام حکومەت دەبێتە ئامڕازێک بۆ خزمەتی ئەو دەستەبژێرە دەوڵەمەندە.

 ریچارد لاند، پرۆفیسۆری ئەمریکی، ئەمریکا بە وڵاتێکی ئۆلیگارشی (oligarchy ) ناو دەبات. کە لە (٩٠٪ )ی کۆمەڵگەی ئەمڕیکایی لە پێدانی باجدا بەشدارن، بەڵام خاوەنی ھیچ بڕیارێکی سیاسی نین.

  ٣- دەیڤد هارڤی ئابووری ناسی ئەمریکایی لە کتێبی “ئیمپریالیزمی نوێ”، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو نیشانانە زۆرن کە پێمان دەڵێن هەژموونی ئەمریکا بەرەو داڕمان دەڕوات. لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا پێگەی باڵادەستی خۆی لە بەرهەمهێنانی جیهانی لەدەست دا، لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەسەڵاتی لە بواری دارایی جیهانیدا دەستی بە دابەزین کردووە، ڕۆڵی سەرکردایەتی ئەمریکا لە بواری تەکنەلۆژیاشدا لە ساڵی نەوەدەکانەوە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریی بووەتەوە، هەروەها باڵادەستی لە کایەی ئەخلاقی و کولتووری هەتا دێت کەم دەبێتەوە، ئەوەی بۆ ئەمریکا ماوەتەوە تەنها دەسەڵاتی هەژموونی سەربازییە وەک چەکێکی ڕوون بۆ زاڵبوون بەسەر جیهاندا. تەنانەت ئەم دەسەڵاتە سەربازییەش سنووردارە بەو چالاکییە سەربازییانەی کە دەتوانرێت بەهێزی تەکنەلۆژیای وێرانکەر لە بەرزی سی هەزار پێوە ئەنجام بدرێت.

 جەنگی عێراق سنوورداربوونی ئەم هێزەی لەسەر ئەرزی واقع سەلماند، هەر بۆیە گواستنەوە بۆ پێکهاتەیەکی نوێی هەژموونی سەرمایەداری جیهان، هەڵبژاردەیەکی نوێ بۆ ئەمریکا دەخاتە ڕوو، یان دەبێت بەڕێوەبردنی ئەم گواستنەوەیە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بێدەنگ یان لەڕێگەی کارەساتەوە بێت.

 هەڵوێستی دەستەبژێری دەسەڵاتداری ئەمریکا لە پێش ترەمپدا ئاماژە بوو بۆ بژاردەی دووەم نەک یەکەم. ئاخۆ ترەمپ بە ئاسانی دەتوانێت لە پشت بیروباوەڕەکەیەوە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بێدەنگ کاری خۆی بکات. ئەوەی بۆ بچێتە سەر و سەختی لەڕادەبەدەری هەڵاوسانی  ئابووری و پاشەکشەی درێژخایەنی ئەمریکا بخاتە ئەستۆی ئەوانی دیکە، وەک چین و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، وڵاتانی ئەوروپا، یان ڕەنگە وڵاتانی ئۆپێک (هەناردەکەرانی نەوت) و وڵاتانی عەرەبی، کە بە شێوەیەکی گونجاو نەیانتوانی وەڵامی داواکارییەکانی بەرهەمهێنانی وزە بدەنەوە.

سیاسەتی  ترەمپ وەک شمشێرێکی دوو دەم!

  پەنابردنی ترەمپ بەم شێوەیە، بۆ گشت بوارەکان پێکەوە وەک شمشێرێکی دوودەم وایە و دوو گریمانەشی هەیە. لەوانەیە تەنها وەک بانگەشەی هەلبژاردن بمێنێتەوە، یان ڕەنگە بەشێوەیەکی جیاجیا بتوانێت هەندێکیان جێبەجی بکات، بەڵام دەرئەنجام ئەوەی ترەمپ بانگەشەی بۆ دەکات ناتەباو هاودژە لەگەڵ بنەماکانی نیولیبراڵیزم و بازاری ئازاد، هەروەها ناتوانێت لە دەرەوەی سیستەم و دژ بە سیستەم هیچ هەنگاوێک بنێت.

  دەيفيد لور دەڵێت، سەرکەوتنی ترەمپ نە دەرئەنجامی بەڵێنەکان و نە دەرئەنجامی بنیاتنانی هیوایەکی پێشکەوتنخوازانەی خەڵکی ئەمریکا بە بیروباوەڕی ترەمپ بوو، بەڵکو دەرئەنجامی شکستی دیموکراتەکانە لەو خاڵە زەقەی کە سەرەڕای پاشەکشەی هەژموونی ئەمریکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، هەرچەندە خۆیان پی بەرەیەکی پێشکەوتنخوازە، بەڵام خودی ئەو حیزبە تا کاتێکی زۆر درەنگ توانای نەبوو کاندیدێکی نوێ جگە لە بایدن بۆ سەرۆکایەتی پێشکەش بکات. هەروەها نەبوونی ئەلتەرناتیڤێکی بەهێز لەدەرەوەی ئەو دوو حیزبە کە بتوانێت ڕکابەرییان بکات.                        

سەرچاوەکان:-

   1- Trump Promised to End the War in Ukraine. Now He Must Decide How.

https://www.wsj.com/world/trump-…

2-Weekend Interview: Trump Tangles With the Journal’s Editors

https://www.wsj.com/opinion/dona …

3-Top 6 Key U.S. Presidential Foreign Policy Doctrines

https://www.thoughtco.com/top-si…

4-Trump’s foreign policy plan: embrace unpredictability

https://www.ft.com/content/f1858…

5-Is Trump using the ‘madman theory’ on Republicans?

https://edition.cnn.com/2017/09/…

6-Donald Trump Bloomberg Interview: Full Transcript, Fact-Checked

https://www.bloomberg.com/featur…

7-Trump Says the European Union Is a “Foe” of the U.S.

https://www.vanityfair.com/news/…

8-Trump Trashes Zelensky As ‘Greatest Salesman On Earth’ As He Visits U.S.

https://www.forbes.com/sites/sar…

9-Trump demanded Japan cough up $8 billion for U.S. troops – or risk pullout, Bolton says

https://www.japantimes.co.jp/new…

10-Despite Trump’s claims, Saudi Arabia does not appear to have paid $1 billion to house US troops

https://edition.cnn.com/2020/01/…

11-Netanyahu Favors Trump, but He Could Come to Regret It

https://archive.ph/NpGrR#selecti…

12-United States Spending on Israel’s Military Operations and Related U.S. Operations in the Region,

https://watson.brown.edu/costsof…

13-Trump criticized for ‘Palestinian’ insult in debate with Biden

https://www.reuters.com/world/us…

14-Why the Gulf States Are Likely Backing Trump

https://foreignpolicy.com/2024/1…

15-Iranians worried, elated, wary in mixed reaction to Trump win

https://www.reuters.com/world/mi…

16-Trump says US must make deal with Iran

https://www.iranintl.com/en/2024

17-Special Providence: American Foreign Policy and How It Changed the World. by Walter Russell Mead

18_https://jusoorpost.com/ar/posts/49098/alaykonomysttrambonomyks-yhdd-astkrar-alaktsad-alaaalmy

19/_ https://www.bbc.com/arabic/articles/c0mzl0jj139o

20- الوجيز في تاريخ النيوليبرالية- دیفد هارفي

21- الصنم: صعود وسقوط الإمبراطورية الأمريكية – نيل فرجسون 

 

 

 

Merza Ali
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…