پشتیوانی لە تێکۆشانی مانگرتووان و سەرکۆنەی بێوەڵامی حکومەتی هەرێم دەکەین!
ماوەی هەفتەیەکە، مانگرتنی ژمارەیەک مامۆستاو فەرمانبەری ناڕازی، لەخواردن، بەئامانجی چارەسەری کێشەی مووچە و پێدانی لەکاتی خۆیداو پلە بەرزکردنەوەو تەوتین لە بانکە باوەڕپێکراوەکانی سەربەناوەند، وە لەبەرامبەر بێباکی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەرهەق بە ژیانی مووچەخۆران و کایەکردن بەقووتی خەڵکەوە، لەبەردەم ئۆفیسی سلێمانی نەتەوە یەکگرتوەکان درێژەی هەیەو بەهۆی نەخواردن و سەرماوە، ژیان و دۆخی تەندرووستیان کەوتۆتە مەترسییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کاربەدەستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێم و لە حکومەتی ناوەند، بەدەم داواکاریەکانیانەوە نەهاتوون و وەک تەماشاکەر خوێنساردانە لێیان دەڕوانن.
ئەم مانگرتنە، درێژەی بایکۆت و خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ساڵانی پێشووی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و هەوڵە بەردەوامەکانیانە بۆ گەرەنتی کردنی مافێکی رەواو سەرەتایی و چارەسەری پرسی مووچەو شایستە دراییەکانی مووچەخۆران، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئامانجدارانە کردوویانە بە بارمتە لەململانێ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و کایەی پێدەکەن.
هەروەها بێباکی دەسەڵاتدارانی هەرێم، دەرهەق بە ژیان و تەندرووستی مانگرتووان و داواکاریەکانیان، درێژەی هەمان سیاسەتی برسیکردن و سکهەڵگوشین و بێدەربەستی ئەوانە بەرامبەر ژیان و چارەنووسی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەتی، کە لە مانگی نۆی ٢٠١٥ تاکو مانگی یەکی ٢٠٢٥، بەناوی قەیرانی دارایی: ١٧ مووچە بەتەواوى بڕدراوە و ٤٤ موچەش بەلێبڕین و پاشەکەوتەوە دراوەو سەرەڕای ئەوانە هیچ مانگێکیش مووچە لەکاتی خۆی وەرنەگیراوە.
ئێمە هاوکات لەگەڵ پشتیوانی و هاوسۆزی چین و توێژە جۆراوجۆرەکان لە شارو شارۆچکەکان، پشتیوانی و هاودڵی خۆمان بۆ مانگرتووان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و داواکاریەکانیان رادەگەیەنین و هاوکات سەرکۆنەی سیاسەتی بێدەربەستانەی هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند دەکەین کە ژیانی مۆچەخۆرانی هەرێمیان کردووە بەکارتێکی سیاسی لەململانێکانی نێوان خۆیاندا. وەداوا لەخەڵک دەکەین پشتیوانی و هاوکاری خۆیان زیاترو فراوانتر بکەن بە ڕێخستنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، پێداگریی ئەکەین لەسەر دوورڕاگرتنی ئەو ناڕەزایەتیانە لە سوودو ئامانجی تەسکی حیزبی هێزە سیاسیەکان و پێویستیی سەربەخۆبوونی لەپێناوی بەدیهاتنی داخوازیەکانیان.
ناوەندی ئازادی و ژیان
٣/٢/٢٠٢٥
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *