تورکیا و گەمە نوێکەی پارتی و گەڕ بە عێراق 

عەدنان کەریم

ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بەشار ئەسەد لەسوریا لێدانی زەنگێکی گەورەیە بۆ گۆڕانی هاوکێشە و ململانێ سیاسیەکانی ناوچەکە بەگشتی. سەرەتاکانی ئەم بارودۆخە نوێیە لە شەڕی غەزەوە دەستی پێکرد و بەسەر شکستەکانی ئێران لە غەزە و لوبناندا تێپەڕی و ڕووخانی ئەسەد لە سوریا شکستی میحوەری بەرگریی کرد بە ڕاستیەك کەهاتوهاواری بەرەی شکستخواردوو ناتوانێت پەردەی بەسەردابدات. 

 لەماوەی ١٣ ساڵ شەڕی ناوخۆیی سوریا تورکیا هەموو توانا سەربازی و ئیستیخباراتی و سیاسیەکانی خۆی خستەگەڕ تابتوانێ جێپێیەکی بەهێز لەو وڵاتەدا دابکوتێ و تەنانەت باکی بەوەش نەبوو کە لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و هاوکاری لەگەڵ ڕژێمە ڕووخاوەکەی ئەسەدیشدا، دەستی بەو ئامانجەی بگات.  

ئێستا کە پاشەکشەیەکی گەوەرە بەسەر ئێران و تەماحە گەورەکانی لە ناوچەکەدا سەپێنراوە، تورکیا ئەیەوێ ببێ بەجێگرەوەی ئەو ولەدەروازەی سوریای نوێوە ئەو بۆشاییانە پڕ بکاتەوە کە لە ناوچەکەدا هاتوونەتە ئاراوە.  

جێی بەبیرهێنانەوەشە کە هەم لەقۆناغی شەڕی ناوخۆیی سوریا و هەمیش لە ئێستادا تورکیا پەیڕەویی کردووە لە بژاردەی ململانێی نەرم لەگەڵ ئێراندا. هەرچۆن ئێران ئەرکی زۆری ململانێکانی لەناوچەکەدا ئەسپارد بە لایەنە پرۆکسیس و هاوکارەکانی، بە شیعە و سووننەوە، لە نموونەی حەماس و حیزبوڵڵا و حوسیەکان،

تورکیاش ڕۆڵی ئۆرکستێرێکی ئەبینی بۆ خستنەگەڕی دەیان ڕێکخراوی ئیخوانی و تووندڕەو و تیرۆریستی لەچەشنی هەیئەی ڕزگاریی شام و و گرووپە هاوشێوەکانی و ئەنەکەسە و هاوپەیمانیی نیشتیمانیی سوری و چەندین ڕێکخراوی ئیسلامیی تری ئازەری و ئۆگور و شیشانی و داعش و چەندان گرووپی تر لە سوریا و میسر و لیبیا. داڵدەدانی دەیان کۆنە بەعسی و هەڵهاتووی عێراقی  و کەسایەتی و میدیاکاری فەڵەستینی و سوری و میسری بەشێكن لەو ئۆردووە  سیاسی – میدیاییەی کە تورکیا لە ستراتیجیی پەلکێشانی جیۆ- سیاسیی ناوچەکەدا ئەیانخاتەگەڕ.  

تورکیا بە داگیرکردنی بەشیکی خاکی سوریا بەشێوەی ڕاستەوخۆی سوپاکەی وهەروەها پشتیوانیی سەربازی و سیاسی و دارایی بۆ گرووپە لایەنگرەکانی لەو وڵاتەدا، پێگە و نفووزێکی بەرچاوی هەیە. هەیئەی تەحریری شام گەرچی نزیکایەتیی دێرینی لەگەڵ تورکیادا هەیە بەڵام کەوتۆتە ناو بەرداشی هەوڵی پاوانخوازیی تورکیا و فشارەکانی و خواستە زۆرەکانی لە سوریای نوێ لەلایەك و داواکاریەکانی بەرەی وڵاتانی عەرەبی و لەپێشیانەوە سعودیە و ئیمارات و میسر جگە لە یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا و بەتایبەتیش ئیسرائیل. ئەو دووبەرەیە خواستەکانیان و نموونەی سوریای داهاتوو لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و نەخشەی جیۆ – سیاسیی جیاوازەوە ئەبینن و هەوڵی بۆ ئەدەن. 

تورکیا نایشارێتەوە کە پەیڕەوی لە پاکێجێکی جیۆ – سیاسیی هەژموونخوازیی فراوانتر لە سوریا ئەکات لەناوچەکەدا. ئەردۆغان نایشارێتەوە کە شانۆی سیاسی و ململانێکانی لیبیا و سوودانیش ئەگرێتەوە وەکوو بەشێك لەو نەخشە فراوانە.  

لەپاڵ گشت ئەو دیمەنەدا ئەردۆغان و حیزبەکەی و هاوپەیمانیە دەسەڵاتدارەکەی لەگەڵ مەهەپەدا، بەوردی چاودێریی ئەڵقەکانی تری زنجیرەی گەمەی ناوچەکە ئەکەن کە عێراقیش یەکێکە لە شانۆکانی.  

زۆربەی شیکردنەوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی لە عێراقی ئەمڕۆدا پرسی پێگە و نفووزی ئێران و ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە ژیانی سیاسی و سیستمی دەسەڵات و کێشی میلیشیا هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی، ئەبن بە یەکێك لە بەهێزترین ئەڵقەی داهاتووی ململانێکان سەبارەت بە نفووزی ناوچەیی و فشاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لەپاڵ چۆنیەتیی گیرسانەوەی داهاتووی سیاسیی سوریادا. لەم چوارچێوەشدا، تورکیا سەرگەرمی داڕشتنی سیناریۆ و پلانەکانی خۆیەتی بۆ خۆسازدان لە ئەگەری کردنەوەی فایلەکانی تایبەت بە عێراق.  

لەم بوارەدا تورکیا زووتریش دەستێوەردان و پەلکێشانی سەربازی و سیاسیی خۆی کردووە و چەندین فایلی فشاری بەدەستەوەیە لە بەرانبەر هەریەك لە ئێران و حکوومەتی عێراق و ئەمریکا وەکوو خاوەن پێگە و قسە سەبارەت بە کێشەکان و قەیرانەکانی ئەم وڵاتە. بیانووی بوونی پەکەکە لە قەندیل، هاوکاریی بێوێنەی پارتی دیموکراتی کوردستان و گرێدانەوەی بەهێزی ئاراستەی جووڵە و داهاتووی خۆی بە پلانەکانی تورکیاوە لە عێراق و ناوچەکە، کێشەی ئاو لە نێوان تورکیا و عێراق، پرسی نەوت و غازی هەرێم و بۆریە نەوتبەرەکان لە خاکی تورکیاوە و هەروەها خستنەگەڕی مەسەلە جێناکۆکەکانی وەکوو کەرکووك و تورکمان و زۆری تر. 

ئەوەندەی بگەڕێتەوە بە هەرێمی کوردستان و پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا، هەمیشە ئەم پرسە پێبەپێی هەڵچوونی زمانی میدیایی و تەماحە سیاسیەکانی تورکیا لەگەڵ عێراقدا، بەرز و نزمی بەخۆوە ئەبینێت. یەکێك لە بەهێزترین کارتی فشار کە دەسەڵاتی هەرێم، دەسەڵاتێك کە سووکانەکەی بەدەستی پارتیەوەیە، لە هەر کێشەیەکی لەگەڵ ناوەنددا پەنای بۆ ئەبات، مەسەلەی نفووزی تورکیا و پاڵپشتی و بزواندنی پارتیە لەلایەن ئەردۆغانەوە.  

جگە لە پارتی، هەموو کەس و لایەنێك هاوڕان لەسەر ئەوەی کە کێشەی مووچە و پرسەکانی پەیوەندیدار بە بووجەوە لە نێوان هەرێم و ناوەنددا، سەرچاوەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ سەرپێچیی پارتی لە پابەندبوون بەو ڕێکەوتنانەی لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا ئیمزای کردووە. نەناردنی بەشە داهاتی ناوخۆیی و فرۆشتنی نەوت بە شێوەی قاچاخ و ڕێگەنەدان بە ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ و نانەوەی دەیان کێشە و تاڵان و بڕۆی تر  لەبواری کۆنتراکت لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری دەرهێنان و ناردنەدەرەوە و بۆریەکانی نەوت ..تاد، نموونەی زەقن لە بێدەربەستیی پارتی و گوێنەدان بە ئیلتیزاماتەکانی لەگەڵ ئەو هێزە عێراقیانەی کە بەدەستی خۆی حکوومەتی لەگەڵیان پێکهێناوە و ڕێکەوتنی هاوبەشیان ئیمزاکردووە لەسەر پرسی دەسەڵات و بوجە و زۆر پرسی تر.  

گەرمکردنەوەی بابەتی بیرە نەوتیەکانی دەوروبەری کەرکووك لەلایەن حکوومەتی هەرێم و پارتیەوە لەگەرماوگەرمی هەڵایسانەوەی قەیرانی ناوچەکەدا هیچ نیە جگە لە جێبەجێکردنی فەرمان و ئیعازەکانی حکوومەتەکەی ئەردۆغان کە لەهەوڵی ئەوەدایە گەڕێکی تر لە دەستێوەردانەکانی لە عێراقدا دەسپێبکاتەوە.  

هەموو چاودێرێکی سیاسی ئەوە باش ئەزانێت کە پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا پەیوەندیەکی تەواو لاسەنگە. تورکیای ئەردۆغان هەرێمی کوردستان بە ( کوزەی عێراق – باکووری عێراق ) ناوزەد ئەکا و حکوومەتی هەرێمیش بە ( ئیدارەی هەولێر). ئەردۆغان هەرێم بە باخچەی پشتەوەی ماڵەکەی خۆی و تورکیا ئەزانێت و هەر کات وساتێك بیەوێ پێشێلی سەروەریی خاکەکەی ئەکات و جووڵە سەربازیەکانی لەناو هەرێمی کوردستاندا وەکوو جووڵەی سەربازیی نێوان دوو ناوچەی ناوخۆی تورکیا چاولێئەکا. 

 ئەوان پارتی و سەرکردایەتیەکەی وەکوو سەرۆك خێڵێك ئەبینن و بەوجۆرەش ڕەفتاری لەگەڵدا ئەکەن. بەشی زۆری ئەو پەیوەندیانەی تورکیاش بە هەرێم و پارتیەوە لەلایەن دەزگاکانی وەکوو میت و هاوشێوەکانیەوە سەرپەرشتی ئەکرێت.  

لەملاشەوە پارتی هەموو فایلەکانی خۆی خستۆتە سەبەتەی تورکیاوە. ئەم هێزە سیاسیە لەوجۆرە پەیوەندیە تەواو لاسەنگەدا کە بەپێی ڕێسای ( ئامر و مەئموور ) داڕێژراوە، تا هاتووە چارەنووسی خۆی بەستۆتەوە بە تورکیا و دەسەڵاتێکدا لەو وڵاتە کە دژەکوردبوون لە پێشینەی سیاسەتەکانیەوە دێن و لەهەر کێشە و وەرچەرخان و ئاڵوگۆڕێکی ناوخۆیی و ناوچەییدا بەپێی لۆجیکی ( فۆبیای کوردی ) ڕەفتار ئەکا و لەو ڕوانگەیەوە هەڵوێست وەرئەگرێت.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆ پارتی ئەو ( وابەستەییە ستراتیجی ) یەی لەگەڵ تورکیادا هەڵبژاردوەە و بۆ تادێ زیاتر ڕۆئەچێ بۆناو تۆڕی ئەو پەیوەندیە؟   

بەبڕوای من هۆکاری ئەم ڕەفتارە سیاسیەی پارتی زۆرن و لەوانە: 

یەکەم: ستراتیجیی سەرەکیی پارتی بریتیە لەمانەوە و مۆنۆپۆلکردنی هەتاهەتایی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی هەرێم. بۆ زامنکردنی ئەو ئامانجەی، پارتی لەبەرانبەر هەر پێشهاتێکی ناوخۆیی و ناوچەیی و هەر وەرچەرخانێکی تری سەربازی و سیاسیدا چارەنووسی خۆی گرێئەدا بە تورکیاوە و ئامادەیە هەموو ئیمتیازێکیشی پێبدا بەومەرجەی دەسەڵاتەکەی نەکەوێتە لەرزە و تورکیا پارێزگاریی لێبکات.   

دووەم: لە کێشەکانی خۆی لەگەڵ عێراقدا، لەبری ڕێکەوتن و گفتوگۆ و سازان، پارتی بژاردەی سەپاندنی ویستی خۆی کردووە بە تاکتیکی سیاسیی هەمیشەیی. فایلەکانی نەوت و بودجە و داهات نموونەیەکی زەقی ئەو ڕاستیەن کە سەرپێچی ئەکات لەو هەموو ڕیکەوتنانەی کە، جگە لە پارتی، جێگەی پشتیوانیی ڕای گشتیی کوردستان و زۆربەی هێزە سیاسیەکانن. لێرەوە پارتی بۆ مەحکەمکردنی پێگەی خۆی لە کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا پشت بەهاندان و پشتگیریی تورکیا ئەبەستێ.  

سێیەم: پارتی ئەیەوێت نەك تەنها لە هەرێم و عێراقدا سەنگەری تورکیا و پاوانخوازیەکانی هەڵبژێرێت بەڵکوو لە سوریا و ڕۆژئاواش سیاسەتی پاشکۆیەتیی تورکیا بژاردەی یەکەمیەتی و ئەیەوێت لەوێش بەناوی کورد و لەڕێگەی ئەنەکەسە و هێزە سوریە هاوپەیمانەکانی تورکیا فۆرمێکی دڵخوازی ئەردۆغان بسەپێنێت.  

پارتی و تورکیا هەردووکیان پەکەکە و هێزە هاوبیرەکانی بەهەڕەشە و دوژمنی ستراتیجیی هاوبەشی خۆیان ئەزانن.  

چوارەم: پارتی ئەیەوێ لە تاریکایی ئەم وەرچەرخانە سیاسیەی ناوچەکە و هاتنەپێشەوەی زیاتری ڕۆڵی تورکیا ئەوەندەی تر لەڕێی پشتیوانیی ئەو وڵاتەوە لایەنە سیاسیەکانی تری دۆستی ئەردۆغان لە هەرێمدا ڕاکێشێتە ناو هاوپەیمانیەك بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم بەجۆرێك هەژموونیی زیاتری خۆی بەسەر بڕیاری سیاسیی حکوومەتی هەرێمدا پتەوتر بکات و یەکێتیش بخاتە گۆشەیەکی تەسکترەوە.   

ئاکامی خۆگرێدانەوەی زیاتری پارتی بە پرۆژە نوێکانی تورکیاوە ڕیسکێکی گەورەیە و مینن و بەڕووی خەڵکی کوردستان لەهەرێم و سوریادا ئەتەقێنەوە. ئەم ڕەوتە سیاسیەی کە پارتی ملی پێوەناوە هەموو دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لە عێراقی پاش ٢٠٠٣ ئەخاتە بەر ڕەشەبای ئەو پاوانخوازیەیی تورکیایەکەوە کە نەك سادەترین ماف بە کوردی ناوخۆی تورکیا بەڕەوا نابینێت بەڵکوو ئامادەیی ئەوەشی نیە کە تەنانەت شوناسی ڕۆشنبیری و کەلتووریی ملیۆنەها خەڵکی کوردستانی تورکیا و سوریاش بە فەرمی بناسێت.  

جگە لەوەش بردنی پرسی ڕەوای کورد بۆ ناو بازاڕی کێشمەکێشە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و کردنی بە پاشکۆی مەرامخوازیی گوماناویی تورکیا، جگە لەوەی ڕەوایەتیدانە بە کوشتار و قەڵاچۆی کوردانی سوریا و تورکیا، گۆڕینی هەرێمیشە بە بووکەڵەیەکی بێ گیان و شانۆیەك بۆ تاڵان و بڕۆی تورکیا و چاوچنۆکیی ئەو وڵاتە. 

سەرباری پاشماوەی سیاسەتی ناحەز بە کورد لەناو هەندێ ناوەندی سیاسیی حکوومەت و هێزی سیاسی لە عێراق و کاریگەریی ئێران لەوبارەوە، بەڵام شوێنی سروشتیی مامەڵە و گفتوگۆ و سازان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەر عێراقە.  

هەڵوێست و جموجۆڵەکانی ئەم ماوەیەی پارتی و ڕێگری دروستکردن لە چاری مەسەلەی بودجە و مووچەی خەڵك و بەبارمتەگرتنیان و هەروەها قەیراناوی کردنی پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی ناوەند و وروژاندنی مەسەلەی کێڵگە نەوتیەکانی دەوروبەری کەرکووك، بەشێکن لەو هەنگاوانەی هاوتەریب دێنەوە لەگەڵ دەستێوەردانەکان و گەڕ و گێچەڵەکانی تورکیا بە عێراق.  

ئەم سیاسەتە و تاکتیکی پیاهەڵپژان و هەڕەشە و پێشێلکردنی هەموو ڕێکەوتنەکان کە پارتی لەبەرانبەر حکوومەتی ناوەنددا مۆری کردووە، نەك بار وگوزەرانی خەڵك و مووچە و داهاتیان ئەکا بە قوربانیی سیاسەتی پاوانخوازی و دژ بەکوردی تورکیا بەڵکوو ئاکامە دوورمەوداکانی زۆر لەوەش تێئەپەڕێ گەر پارتی بۆی بچێتەسەر.   

ئەم هەڵوێستە سیاسیانەی پارتی و هەڵگیرسانی قەیران لەدوای قەیران لەگەڵ حکوومەتی ناوەند و ڕەفتارەکانی ئێستای وگێڕانی ڕۆڵی هێزێکی فشارهێنەر بۆ عێراق لەبەرژەوەندیی تورکیا و هەوڵی زەفەربردن پێی، لەچوارچێوەی هیچ هەڵوێستێکی دەستوری و سیاسیدا جێی نابێتەوە بۆ هێزێك کە خۆی بەشێکە لە سیستمی دەسەڵاتی فیدرالیی عێراق، بەڵکوو ئەچێتە خانەی گێرەشێوێنی و کەوا سووری بەرلەشکری وڵاتێکی دەرەکی.  

جگە لەوەش ئەم هەوڵانە پەیوەندیی هەردوو گەلی کورد و عەرەب لە عێراقدا تووشی ئاڵۆزی و گومان و دابەشبوون ئەکەن و ڕێگە بۆ تورکیا ئەکەنەوە تا پەیوەندیەکی لاسەنگ بەسەر عێراقدا بسەپێنێ و ناوی کورد و مەسەلەکانی ئەویشی پێ بەدناو بکات.  

هەوڵەکانی پارتیش بۆ پێچانەوەی ئەو مەرامە تەسكانەی خۆیان بەهاوکاریی تورکیا و دەسبادانی عێراق و لاوازکردنی لەهاوکێشە تازەکانی ناوچەکە، بەناوی گەلی کورد و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان، ئاکامەکەی هیچی تر نابێت جگە لەنانەوەی دووبەرەکی و فووکردنە گیانی شۆفێنی و نەتەوەخوازیەکی درۆزنانە کە خەڵکی کوردستان باجەکەی ئەدات گەر بە وریاییەوە پووچەڵ نەکرێتەوە.  

کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥  

  

    

  

Merza Ali
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…