چاوپێکەوتنی ڕؤژنامەی L’Humanité لەگەڵ هیثم مناع
پییر باربانسی: پیاوە بەهێزەکەی ناو هیئة تحریر الشام، ئەحمەد شەرع، لە کەناڵی العربیةــ الحدث تێڕوانینی خۆی بۆ بابەتی گواستنەوەی دەسەڵات خستە ڕوو. سەرنجی ئێوە بۆ لێدوانەکانی ئەم دواییەی چییە؟
هیثم مناع: ئەگەر مەسەلەی قات و بۆینباخەکەی بخەینە لاوە، ڕۆشنە کە ئێمە بەرامبەر شێوەیەکی کلاسیکی دەسەڵاتی سەربازین… هەروەک ڕێک چۆن بەرەی نوسرە لە ئەزموونەکەی “جیش الفتح” لە باکوری سوریا نیشانیدا و “هیئة تحریر الشام” لە پارێزگای ادلب لە چوارچێوە سەربازی و ئەمنیەکەی و ڕوکەشە مەدەنیەکەی ” حکومة الأنقاذ” نیشانیدا. ئەو ڕێگاچارەیەی کە ئەو پێشنیاری دەکات مایەی بێزلێهاتنەوە و بەزەییە: ڕێکخستنی کۆنگرەی ” وطنی” لە ماوەی چەند ڕۆژدا کە ڕابەرایەتی سەربازی دیاری دەکات کێ تیایدا بەشدار دەبێت و ئەوانە لە خۆ دەگرێت کە ئەوان لێیان ڕازین و ئەوانەش کە بەمان ڕازین، کاری ئەم کۆنگرەیە ئەوەیە کە جەستەیەکی تەشریعی لە سەرەوە پێک بێنێت بۆ شەرعیەتپێدانی هەموو بڕیارەکانی ” سەرۆک” و حکومەتەکەی. بۆ چەند ساڵێک دەستبەسەراگرتنی تاکڕەوانەی خۆیان بەسەر ووڵات و خەڵکەکەیدا.
ئەمەیە کە الشرع مەبەستیەتی کاتێک بەڵێنی دەستووری تازە دەدات بۆ ماوەی سێ یان چوار ساڵی پێش هەڵبژاردن. ئێمە ئیتر بەرامبەر حکومەتێکی کاتی یان دەسەڵاتی ئەمری واقیع نین، بەڵکو بەرامبەر پڕۆژەیەکی ڕۆشنین بە ئامانجی چڕکردنەوەی دەسەلات لەدەستی یەک کەسدا بۆ بەتاڵان بردنی سامان و بڕیارە چارەنووسازەکانی سوریا لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا، وە بشتوانێ هەردوو دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی بخاتە ژێر دەستی خۆی. پێش ٢٤ سەعات لەو چاوپێکەوتنەی باستان کرد، بڕیاری ژمارە ٨ ی احمد الشرع بڵاوکرایەوە، بەپێی بڕیارەکە ٤٩ کەسی ناو هتش و هاوشێوەکانیان لە ناو فەرماندەیی لەشکری سوری تازەدا دامەزراون و پلەیان بەرزکراوەتەوە، (شەش کەس لەوانە خەڵکی سوریا نین). پێش ئەوەش ناوی “انس الخطاب” هاتووە وەک کاندید بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای هەواڵگری ووڵات، خطاب لە ساڵی ٢٠١٤ وە ناوی لەو لیستی تیرۆرەدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردۆتەوە، ئەم کەسە لە پێشدا داعش بوو دواییش چووە ناو جبهة النصرة، پیاوی الشرعە. بە پێی ئەم دامەزراندنانە ئێستا ئەتوانرێت جبهة تحریر الشام هەڵبوەشێنرێتەوە، لەبەر ئەوەی سەرکردەکانیان لە بەرزترین دەسەلاتەکانی ناو لەشکر و دەزگای هەواڵگری سوریان.
پییر باربانسی: ئایا پڕۆژەی دیموکراسی و عەلمانی، کە خۆت یەکێکیت لە سیمبولەکانی، دەتوانێت خۆی لەگەڵ پڕۆژەی هەیئة تحریر الشام بسازێنێ و تێکەڵ ببێ؟
هیثم مناع: ئێمە ئەمڕۆ هاوشێوەی ژیان لەگەڵ خەمیرە سوورەکانی کەمبۆدیا ئەزموون دەکەین بەڵام ئەمانەی ئێمە عەبای ڕەشیان لەبەردایە. پێمان ئەڵێن ئەزموونی ادلب کرۆکە، بەڵام هەتا ئەم ساتە، یەک زیندانی ناو ئەو ١١ زیندانەی هتش بەڕێوەی ئەبات ئازاد نەکراوە. هیچ مافێک بۆ ژنان نییە، ئازادی ڕێکخستنی سیاسی نییە. ئەو کاتەش کە لەگەڵ باشترین میانەڕەویانا قسە دەکەیت دەربارەی ئەو کارەی جیحادییەکانی! ئۆزبەک و شیشان و ئیگۆر و.. هتد لە شارەکانی سوریا دەیکەن، وەڵامت دەدەنەوە: (لە ئەوروپا ئەتوانیت بە ٥ ساڵ ڕەگەزنامەی هەر ووڵاتێک وەربگری، ئەوانە ١٠ ساڵە لەگەڵمانا ئەژین، ووڵات و کەسوکاریان جێهێشتووە بۆ ئەوەی یارمەتی ئێمە بدەن!).
هەروەها بێینە سەر باسی داهاتووی ژنانی سوریا لە تێڕوانینە باوکسالارییە تەسکەکەی ئەوانەوە، بۆچی الشرع باسی پێناسەی هاوولاتی بوون ناکات؟ هەروەها بۆ تێڕوانینی بۆ پەیوەندی نێوان دین و دەوڵەت ناخاتە ڕوو….
بۆچی هیچ پیاچوونەوەیەک لە بۆچوونە ئایدلۆژیەکان نابینین ئەگەر بڕیارە گۆڕانکاری لە بنەما باوەڕیە گشتگیرەکانیان، تائفیەت، مەزهەبی و پاکتاوکردن لە ناو جەبهەی نوسرەدا ڕووبدات، هەر وەک لە کتێبەکەمدا ٨ ساڵ لەمەوبەر ڕۆشنم کردۆتەوە؟
ناتوانین یاری بە ئاگر بکەین و لەگەڵ شەیتانا سەما بکەین.
پییر باربانسی: چۆن دەتوانن ڕیزەکانتان ڕێکبخەنەوە و یەکبگرن لە پێناو کۆکردنەوەی خەڵکی سوریا لە پڕۆژەیەکدا بۆ وەستانەوە بەرامبەر ئەمەی ڕوودەدات؟
هیثم مناع: ئێمە لەگەڵ هێزە سیاسیە دیموکراتەکان و ڕێکخراوە نا حکومییەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی دژ بە ڕژێمی پێشوو و هەموو پڕۆژە پاکتاوکەرەکان بوون لە سوریا، لە گفتووگۆیەکی فراوانداین. تۆڕێکی فراوانی ڕێکخستنی کار هەیە. وە بانگەواز دەکەین بۆ بەستنی کۆنگرەی فراوانی نیشتیمانی سوری یەکگرتو پێش ٢٠ی مانگی یەک لە جنێف. وە لە ڕێگەی ڤیدیۆوە لە هەموو شارە گەورەکانی سوریا بەشداری و بەدواداچوون هەبێ بۆ کۆنفرانسەکە. ئەمەش بۆ ئەوەی بەیەکەوە نەخشەڕێگایەکی گشتی بۆ بنیاتی سوریا دابڕێژین. سوریایەک کە داخوازی زۆربەی زۆری سوریەکانە.
——————————-
*ماڵپەڕی ژیانەوە: ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ هیثم مناع، لە لایەن پییر باربانسی یەوە ئەنجام دراوە بۆ ڕۆژنامەی الومانیتیە L’Humanitéی فەرەنسی و لەلایەن مالپەڕی ژیانەوە وەرگێڕانێکی بۆ کراوە.
هیثم مناع، خەباتکارێکی پێشکەوتنخوازە لە بواری مافەکانی مرۆڤ، دڵخۆشە بە کەوتنی ئەسەد و ئەو کێماسیە سەرەکیانە ئاشکرا دەکات کە لە پڕۆژەی هەنووکەییدایە بۆ بنیاتی دەسەڵات لە لایەن ئەحمەد جۆلانی و هەیئەی تەحریری شامەوە. هێزە پێشکەوتنخوازەکان بڕیاریانداوە پێش ٢٠ ی جەنیوەری کۆنفرانسی گشتی ببەستن.
هیثم مناع، لەسەردەمەکانی ئەسەدی باوک و کوڕدا بەرهەڵستکار بووە، وە جەنگاوە دژی تێڕوانینی ئیسلامییەکان و ستراتیجییە سەربازیەکانیان. ئەمەش بۆتە هۆی چەند جار فەتوای کوشتن لە دژی. ئێستاش لەگەڵ هاوڕێکانی خەریکی ڕێکخستنی هێزە بەرەنگار و دیموکراتەکان و کۆمەڵگای مەدەنییە بۆ بەیەکەوە بوونێکی پێشکەوتنخوازی گەورە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *