بەشی وەرگێرانی ژیانەوە
یەکێك لەو باوەڕە بەنرخانەی ئێمە ئەوەیە کە خاوەنی چاپەمەنیی ئازادین. تا چەند ئەتوانین بڵێین چاپەمەنی لای ئێمە بەڕاستی ئازادە؟
تا ئەو جێیەی من ئاگاداربم وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوازەیە لەبواری دەستەبەرکردنی ئازادیی چاپەمەنیدا. حکوومەت لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا بژاردەی کەمتر و توانای کەمتری لەبەردەستدایە تا کۆنترۆڵی چاپەمەنی بکا لە چاو ئەو وڵاتانەی تر کە من ئەیزانم. بۆ نموونە لە بەریتانیا، حکوومەت بۆی هەیە هەڵبکوتێتە سەر ئۆفیسەکانی BBC و فایلەکانیان زەوت بکات. بەڵام لە ئەمریکا حکومەت ئەو مافەی نیە و ناتوانێ پۆلیس بنێرێتە سەر ئۆفیسی ( نیۆیۆرك تایمز The New York Times). ساڵی پار حکوومەتی بەریتانیا دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ BBC بەو بیانووەی کە هەواڵنێرێکیان زیاد لە پێویست پێی لێهەڵبڕیوە لە ڕخنەگرتن لە دۆسیەیەکی تەواو چەواشەکارانەی حکوومەت سەبارەت بە عێراق. ئەو هەواڵنێرە وتبووی بەڵگەنامەکان سەبارەت بە چەکە کۆمەڵکوژەکانی عێراق ترش و خوێی پێوەکراوە. هەڵایەکی گەورە بەرپابوو. پاشان ڕاپۆرتی هەتۆن Hutton Report واتە ئەو لێکۆڵینەوەیەی حکوومەت ئەنجامیدابوو بڵاوکرایەوە کە BBC مەحکووم کردبوو و حکوومەتی بە بێتاوان دەرخستبوو هەربۆیەش بوو بەهۆی نانەوەی ناڕەزایەتیەکی گشتیی گەورە. بەڵام ئەو فۆکۆسکردنە هەڵە بوو. ئەبوایە ئەو ناڕەزایەتیە پەردەی لەسەر ئەو فاکتەرە هەڵماڵیبایە کە هەر لە بنەڕەتەوە بۆچی لێکۆڵینەوەکە کرا؟ حکوومەت بە چی مافێك لێکۆڵینەوە ئەنجامئەدات تا بزانێت کە ئایا میدیا بەشێوەیەك ڕاپۆرت لەسەر ئەو ڕاستیانە بڵاوئەکاتەوە کە بەدڵی ئەوان بێت؟ ئەو ڕاستیە زۆر بەزەقی دیارە کە هەر خودی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بەڵگەی بوونی ئاستێکی زۆر نزمە لە پابەندبوون بە ئازادیی دەربڕین لە بەریتانیا.
گەرچی ئەوش ڕوونە کە کاری BBC بە پێی ڕێساکانی دەوڵەت ڕیکخراوە و مۆڵەتی پێدراوە.
لە وڵاتە یەکگرتووەکانیش پەخشی ڕادیۆ مۆڵەت پێدراوە بەڵام ئەوە هیچ مافێك نادات بە دەوڵەت تا لێپێچینەوەی فەرمی بکات سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەوان کارەکانیان بەپێی خواستی حکوومەت ئەنجام ئەدەن یا نا. بواری ڕادیۆیی موڵکی گشتیە. بەڵام ئەو ڕاستیەی کە حکوومەت دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نیە تا کۆنترۆڵی بواری چاپەمەنی بکات بەو مانایە نیە کە چاپەمەنی لەڕووی کرداریەوە ئازادە بەڵکوو بەو مانایەیە کە ئەو ئازادە گەر خواستی ئەوەی هەبێ چونکە ڕەنگبێ ئەو بژاردەیە هەڵنەبژێرێت. چاپەمەنی لەژێر پاڵەپەستۆیەکی بەهێزدایە کە پالێ پێوەئەنێ و زۆرجاریش ناچاری ئەکا تا هەرشتێك ئەبێ باببێ بەڵام ئازاد نەبێت. سەرەنجامیش ڕەوتی باوی میدیایی بەشێکە لە کەرتی کۆمپانیا زەبەلاحەکان کە زاڵن بەسەر ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتیدا. جگە لەوە میدیا چاولەدەستی بڵاوکردنەوەی ڕیکلامی ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەیە تا داهاتێکی دەسکەوێت. ئەمەیان وەکوو کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتی نیە بەڵکوو سیستمی کۆنترۆڵکردنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانە کە ڕایەڵ و پۆیەکی نزیکیان هەیە لەگەڵ دەوڵەتدا.
تۆ لە کتێبی (وەهمە پیویستەکان ) دا ئەڵێی: “پێویستە هاووڵاتیانی کۆمەڵگا دیموکراتەکان کۆرسێك وەربگرن سەبارەت بە خۆبەرگریی هزری تا بتوانن خۆیان بپارێزن لە دەسکاریکردن و کۆنترۆڵ”. ئەتوانی چەند نموونەیەك باس بکەیت سەبارەت بەوەی پێویستە خەڵك چی بکات؟
خۆبەرگریی هزری تەنها بریتیە لە خۆڕاهێنان لەسەر ورووژاندنی پرسیاری زۆر ڕۆشن. هەندێجار دەسبەجێ وەڵامێکی ڕوونمان دێتەدەست و جاری واش هەیە دەسگەیشتن بە وەڵامەکە تۆزێك ئیشی پێویستە. کاتێ ئەوە ئەخوێنیتەوە کە ١٠٠٪ ی خاوەن کۆمێنتەکان هاوڕان لەسەر شتێك، جا هەر شتێك بێت، ئەوکات دەمودەست بکەوە گومانەوە. هیچ شتێك تەنانەت لە بواری زانستی فیزیای ئەتۆمیشدا بەوجۆرە جێی دڵنیایی نیە. بۆیە گەر سەرجەم شرۆڤەکارەکان وتیان کە ئامانجی سەرۆك لەداگیرکردنی بریتیە لە بردنی دیموکراسی بۆ ئەو هاووڵاتیە عێراقیانەی کە لە وڵاتێکی پڕ سەروەریی تاریکستاندا ئەژین و تەنها کێشەیان ئەوەیە کە ئایا ئەو ئامانجە پایەبەرز و ئیلهام بەخشە قابیلی بەدەستهێنانە، ئەوکاتە تۆ پێویستت بە پێنج خولەك تێڕامانە تاتێبگەی کە ئەو قسەیە لەڕاست ناچێت. یا ئەگەر ١٠٠٪ کەسانێکی خوێندەوار شتێکیان وەکوو بەڵگەنەویست بەگریمانەوە بە ڕاست زانی، ئایا ئەوە چی ئەبەخشێ بۆ تۆ سەبارەت بە پوختەی دامەزراوەکانی کەلتوور و باوەڕ؟ لەڕاستیدا ئەوە زۆر شتت پێئەڵێن.
تۆ پێویستت بەگەڕانەوە نیە بۆ دەیڤید هیوم تا لەمە تێبگەیت بەڵام ئەو بە دروستی سەرنجی ئەوەی داوە کە ” هەمیشە هێز لای بەرەی ژێردەستە، ئەوە بیروباوەڕەکانن کە دەسەڵاتداران ڕائەگرن بەپێوە. بۆیە حکوومەت بە پاڵپشتیی بیروباوەڕ بەپێوە ڕائەوەستێ وئەم پرەنسیپە ستەمکارترین و میلیتاریستترین حکوومەتیش ئەگرێتەوە ، جا لە سایەی حکوومەتێکی دیموکراتیك یا سەرتاپا سەربازیدا بێ و هەروەها هەمان پرەنسیپ ئازادترین دەوڵەت و خاونی زۆرترین پایگای میللیش ئەگرێتەوە”.
بەدەربڕینێکی تر، لەهەموو دەوڵەتێکدا، جا دەوڵەتێکی دیموکرات یا تۆتالیتار بێ، دەسەڵاتداران پشت بە رازیبوونی ژێردەستەکان ئەبەستن. ئەوانەی ئەیانەوێ لەوە دڵنیابن کە ئەو خەڵکەی کە لەژێر فەرمانڕەوایی ئەواندان، دەرك بەوە نەکەن کە ئەوان بەڕاستی خاەنی هێزن. ئەوە پرەنسیپێکی بنەڕەتیی حکوومەتە. حکوومەتەکان هەموو جۆرە ئامرازێکیان لەبەردەستدایە تا کۆنترۆڵی خەڵکی ژێر دەسەلاتی خۆیانی پێبکەن. لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا تێڵا وکوتەك یا ژووری ئەشکەنجەدان نیە لەئارادا، بەڵکوو ئامرازی تر بەکاردێت. دیسانەوە ئەوە بڵێم کە پێویستمان ژیریەکی تایبەت نیە تا بزانین ئەو کەرەستانە چین و گشت ئەوانە بەشێکن لە سیستمی خۆ بەرگریی هزری.
با نموونەیەکی ترت بۆ باسبکەم. ” واشینتون پۆست ” بەشێکی هەیە بەناوی ” پۆستی مناڵان “. لەوێدا هەواڵی ڕۆژانە بۆ مناڵان بڵاوئەکرێتەوە. ڕێك پاش مەرگی یاسر عەرەفات کەسێك لاپەڕەیەکی لەوپۆستی مناڵانە بۆ ناردبووم. لەو بابەتەدا بەووشەی سادە ڕێك هەندێ شت هاتبوون کە لە وتارێکی سەرکیدا دێت بە وشەی ئاڵۆز بەڵام هەندێ شتی بۆ زیادکرابوو کە ئەو جۆرە وتارە ئاڵۆزە بۆی نالوێت بینووسێت. لە بابەتەکەدا هاتبوو کە ” عەرەفات کەسایەتیەکی جێی مشتومڕ بوو کە لەلایەن میللەتەکەی خۆیەوە وەکوو ڕەمزی مافەکانی ئەوان لەپێناوی سەربەخۆییدا ئەناسرا. بەڵام پێکهێنانی نیشتیمانی فەلەستینیی ئەو پێویستی بەو بەخاكە هەبوو کە ئێستا بەشێکە لە ئیسرائیل. بۆیە ئەو دەستی دایە هێڕشبردن بۆسەر خەڵکی ئیسرائیل و ئەوەش وایکرد خەڵکێکی زۆر ڕقیان لێیبێت.
ئەوە چی ئەگەیەنێت؟ ئەوە بەو مانایە دێت کە ” واشینتۆن پۆست ” بە مناڵان ئەڵێ ناوچە داگیرکراوەکان بەشێکن لە خاکی ئیسرائیل. تەنانەت حکوومەتی ئەمریکاش واناڵێت. ئیسرائیل خۆشی واناڵێت. بەڵام مناڵان تەڵقین ئەدرێن بە باوەڕێك کە گوایە داگیرکاریی سەربازیی نایاسایی ئیسرائیل جێی پرسیار نیە چونکە ئەو ناوچانەی داگیریان کردووە بەشێکن لە ئیسرائیل. خۆ بەرگریی هزری ئەبێ دەمودەست ناڕەزایەتیەکی فراوان بەڕێ بخات لەدژی ” واشینتۆن پۆست ” و ئەو تەڵقینە پڕشەرمەزاریەی مناڵان کە پێی هەڵئەسێت. من ئەو بەشی ” پۆستی مناڵان ” ە ناخوێنمەوە هەر بۆیەش نازانم ئەوە ڕەواڵی هەمیشەیی نووسینەکانیەتی یانا بەڵام سەرم سووڕ نەما لەو کارە.
سەرچاوە کتێبی: