عەدنان کەریم
زیندان و ئەدەبیاتی زیندان
ساڵی ۱۹۸۱ دوایی دوو ساڵ لە ئازادبوونم لە زیندانی ئەبووغرێب لەکۆلێجی یاسای زانکۆی بەغدا قوتابی بووم. لەکاری ڕێکخراوەیی نهێنیدا تێهەڵچووبوومەوە و ئەندامی ڕێکخراوی کارگەرانی ئەو سەردەمە بووم . ماوەیەك بوو هاوڕێیەکی خەڵکی بغدادیان بەمنەوە پەیوەست کردبوو. ئەو شارەزای کون وکەلەبەری پایتەخت بوو.لاوێکی زۆر چالاك و ڕۆشنبیر بوو. چونکە ئەبوو نەئەو شوێنی نیشتەجێبوونی من و نەمن هی ئەو پێبزانم یەکتر بینینەکانمان بەپێی ڕێکەوتنی هەرجارەی هەردووکمان بوو لەناو شار و پیاسەی بازاڕدا.
ڕۆژێك بە شەقامی بەناوبانگی الرشیددا گوزەرمان ئەکرد و بەڕێکەوت باسی زیندانەکانی ڕژێممان ئەکرد لەوکاتەدا گەیشتینە بەردەم تەلارێکی بڵندی چەند قاتی کە نووسرابوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باری شارستانی لە نزیك حافظ القاضي.هاوڕێکەم هەڵیدایە و وتی: ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ئەبینی وتم بەڵێ. وتی یەکێك لەگرتووخانەکانی ڕژێم لە ژێرزەمینەکانی ئەو باڵەخانەیەدایە کە ئەو حەشاماتە بۆ کاری تەسکەرە و معاملاتی ڕۆژانە ڕووی تێئەکەن بێئەوەی کەس بزانێت سەدان کەسی بێتاوان و چالاکوانی سیاسیی دژە ڕژێم لەوێدا ئاخنراون!!
هەواڵە سەرسامهێنەرەکانی زیندانی صیدنایای سوریا بێئاگا خەیاڵی بردمەوە بۆ ئەو دەم وکات وشوێنەی بەغدادی ژێر دەسەڵاتی بەعسی ئەودەمە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سووریای ژێردەسەڵاتی بەعس و ئەسەددا ۳٠٠ هەزار زیندانیی سیاسی لە سیاچاڵەکانی ئەو ڕژێمە تۆتالیتارە نەتەوەییە بەعسیە عەرەبیەدا بوون.
صیدنایا نموونەیەکی ئەو ستەمکاریە گەورەیەن کە ئەو ڕژێمە پیادەی ئەکرد بەسەر گەلانی سووریادا.
تەنانەت پێش چەند خولەك لەسێدارەدانیش زیندانیەکانیان ئەخستە ژێر سەختترین ئەشکەنجەوە وئەو پرۆسەیە ناونرابوو ئاهەنگی پێش سێدارە.
لەبری بردنی تەرمەکان بۆ ناو ساردکەرەوە و پێش ناشتنیان لەگۆڕە بەکۆمەڵەکان و لەبەر زۆریی ژمارەیان لە حاویەی زبڵدا دایان ئەنا و خوێیان بەسەدا ئەپرژاندن.
ئەوانە هێشتا چمك و گۆشەی زۆر کەمی ستەم و تاوانەکانی دەستی بەعسی جووتەبرای عێراق و سووریان.
کەی جێی زیندانەکان تەخت ئەکرێن و ئەکرێن بەباخچە و گوڵستان؟
وڵاتێك زیندانی سیاسی و باوەڕی تیابوو وڵاتێکی ئازاد نیە.
کەی زیندانەکانی ئەوین و قزلحەسار و ئەبوو غرێب و ئاکرێ و سەری ڕەش و بۆرسەی تورکیا تەخت کران ڕۆژی ئازادیی ڕاستەقینە لە کورد و گەلانی عێراق و تورکیا و ئێران دێتەدی.
ڕووخانی ڕژێمە دڕندەکەی ئەسەد لەگەلانی سووریا پیرۆز بێ و بەهیوای ڕووخانی هەموو دەسەڵاتدارە ستەمکارەکانی گۆی زەوی بەوەی لای خۆشمانەوە.
گەلی سوریا ماڵئاواییان لە دیکتاتۆرێك کردو بەوهیوایەی ڕێگە نەدەنەوە بە دیکتاتۆرێکی تر کە مرخی خۆش کردووە .
صیدنایاش برینێکی قووڵە لەجەستەی گەلانی سووریا و تەنها ڕێگە بۆ دووبارەنەبوونەوەیان هۆشیاریی خەڵکی ئەو وڵاتەیە
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *