رووخانی رژێمە ستەمکارەکەی بەشار ئەسەد دەتوانێت دەسپێکی ژیانێکی نوێ و ئازادی خەڵکی سوریا بێت

رووخانی رژێمە ستەمکارەکەی بەشار ئەسەد دەتوانێت دەسپێکی ژیانێکی نوێ و ئازادی خەڵکی سوریا بێت

 

خەڵکی سوریا و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دوێنێ و ئەمڕۆ لەگەڵ دیمەنی رووخانی یەکێک لە دڕندەترین و ستەمکارترین دەسەڵاتی سیاسی لە سوریا ئاشنابوون و خواستی لە مێژینەی خەڵکی سوریا بۆ لەگۆڕنانی دەسەڵات و رژێمی بەعسی نەتەوەپەرست بەسەرکردایەتی بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی هاتەدی.

 ئەم رووداوە گرنگە لەکاتێکدایە کە ماوەیەکە ئیسرائیل و فەلەستین و لوبنان و هەندێک زۆنی تری ئەم ناوچەیە لە ئاگری جەنگ و شەڕدا دەسوتێت و ماڵوێرانی و قوربانیەکانی ویژدانی مرۆیی و سیاسی هەموو کەسێک لە دوور و نزیکەوە ئازار دەدات، بۆیە رووخانی خێرا و دراماتیکی ئەو دەسەڵاتە دیمەن و وێنەیەکی جیابوو کە بوو بە مایەی دڵخۆشی و پێشوازی گەرمی خەڵکی سوریا و ناوچەکە و جیهان و بوژانەوەی ئومێد و هیوا بەو ئاڵوگۆڕە سیاسیانەی دەبن بەهۆی گۆڕانکاری سەرەکی و سەرەتای ژیانێکی سیاسی نوێ.

شکاندنی دەرگای زیندانەکان و هەرەسی سومبولەکانی دەسەڵاتە سەرتاپا ستەمکارەکەی ئەسەد و بەعسیەکان و دروستبوونی هەلێکی بابەتی بۆ خەڵکی سوریا بۆ ڕاپەڕین و پەلاماردانی دەسەڵات و بونیادە ئیستبدادی و دژی ئینسانیەکانی بەعسیەکان و هاوپەیمانەکانیان، پەیامێکی سیاسی گەورەیە و هاوکات عیبرەتە بۆ ئەو ستەمکار و کەسایەتی و رژێمە سیاسیانەی هاوشێوەی ئەون، هەرچەند لەئێستادا سەرانی ئەو جۆرە رژێمانە و سەرۆکەکانیان سەرەیان گرتووە و کەوتوونەتە نۆرەبڕی تا رووی رەشی بەشار ئەسەد نیشان بدەن لەکاتێکدا رووی خۆیان لەوە رەشتر و تاریکترە.

تەنها دوو رۆژ بەسەر رووخان و هەرەسی ئەو رژێمەدا تێپەڕبووە و پلان و سیناریۆکانی پشی پەردەی هەرەس و هەڵهاتنی بەشار ئەسەد نادیارن و ئاشکرا نەکراون، بەڵام ترس لە هاتنەمەیدانی خەلکی ئازادیخوازی سوریا لە ئاکامی ئەو رووداوەدا هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە سیاسیە بڕیاربەدەستەکانی هێناوەتەسەرخەت تاگۆڕانکاریەکان لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت و لاوەکی فۆرماڵی بمێنێتەوە و بەپێی سیناریۆ داڕێژراوەکان بچێتەپێش، هەروەکو چۆن لە بەهاری عەرەبی و لە ساڵی ٢٠١١ بەدواوە نەیانهێشت رژێمی بەعسی فەرمانڕەوا بەهۆی ڕاپەرین و تێکۆشانی راستەوخۆی خەڵکی سوریاوە لەگۆڕبنرێت، بەهەمان شێوە ئەمڕۆ هاتوونەتە دەنگ بۆ ئیدانەی دەسەڵاتی ستەمکارانەی ئەسەد و دەست وپێوەندەکانی و  بەشەخسیکردنی دەسەڵات و تاوانەکانی ئەو رژێمە و کورتکردنەوەی لە دەستە و تاقمێکی بچوکدا تا لەم ڕێگەیەوە پێشبگرن بە گۆڕانکاری سیاسی بنەڕەتی و پاکتاوکردنی جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتی بەعس و دادگاییکردنی سەرانی ئەو رژێمە، وە بواریان هەبێت هەمان دەسەڵات بە فۆرم و شێوازی نوێ نۆژەنبکەنەوە و بەجۆرێک وەک خۆی بیهێڵنەوە.

سەرەڕای بوونی ئەو هەوڵانە و گۆڕینی سوریا بە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندی زلێهزەکان و بەرژەوەندی تورکیا و ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران و وولاتانی تر بەمەبەستی پێشگرتن بە هاتنەمەیدان و خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ناوچەکە، وە زۆر هێز و لایەنی سیاسی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەمەدا هاوکار و بەشدارن، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا پێشترنەتوانرا پێشبگیرێت بە روودانی ئەفسانەی تێکشکانی داعش لەسەر دەستی شەرڤانانی کورد لەسوریا، وە ئێستاش ئەگەر هەیە بەپشتبەستن بە دەنگ و ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵکی سوریا سیناریۆ رەش وتاریکەکەن بەجۆرێکی تر لەدژی خاوەنەکانی هەڵبگەڕێتەوە.

هاتنەمەیدانی خەڵک و ئومێد و هیوا بە گۆڕانکاریەکی نوێ لە سوریادا لە ساتی تێکشکانی داعش و هێزە کۆنەپەرستەکان لەسەر دەستی شەڕڤانانی کۆبانی دەستی پێکرد، پاشان لە ئەزموونی رۆژئاوادا بەرجەستەبوو، لە ئێستاشدا دەکرێت بەپشت بەستن بەو تەوژمە سیاسیە ڕادیکاڵ و ئازادیخوازانەیەی لەناو زۆرینەی خەڵکی سوریادا هەیە ئەو دەسکەوتانە بەهێزبکرێت و پەرەی پێبدرێت.

خۆشبەختانە جگە لە رۆژئاوا ئێستا بەردێکی ستەمکارانەی گەورە لەسەر سنگ و دڵی گشت خەڵکی سوریا و ناوچەکە لاچووە و دەتوانن هەناسەیەک بدەن، لە درێژەشدا ئەگەر و ئیمکانی ئەوە هەیە ئەو دۆخە بگۆڕێت بەدۆخێکی نوێ کاتێک ئەو خەڵکە ئەمە بە فرسەتێک بزانن بۆ هاتنەمەیدان و خۆڕێکخراوکردن و بکەربوون، وە بردنەسەری ئاستی بەشداری سیاسی چالاکانەیان بۆ ئەوەی لە پەراوێزی ژیانی سیاسیدا نەمێننەوە و هێزە سیاسیە ستەمکارەکان، تیرۆریستانی ئیسلامی دوێنێ و ئەمڕۆ بە دەمامکی تازەوە ئازادی و ماف و دەسکەوتیان لێزەوت نەکەنەوە و هەژاری و بێمافی و بێدەرەتانی و چەوسانەوە و ستەمکاری زیاتر بەسەریاندا نەسەپێنن.

لەم ئەرکەدا هێزە سیاسیە ئازادیخوازەکان، هێزەکانی سوریای دیموکرات بە کردەوە و بە فعلی دەتوانن زیاتر رۆڵیان هەبێت و ناوچەکانی خۆیان بپارێزن و دەسەڵاتەکانی رۆژئاوا فراوانتر بکەنەوە و هیچ فرسەت لە دەست نەدەن بۆ ئەو مەبەستە و سەرقاڵی جەنگ و ململانێ لاوەکیەکان نەبن، هاوکات ئەو چاوەڕوانی و تموحەیان هەبێت بەشداری سیاسی ڕاستەوخۆ بکەن لە پرۆسەی سیاسی هاوبەش و گشتیدا  بۆ بنیاتنانەوەی نوێ. ئەوان نەک هەر نابێت بەدووربن لە گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕەکانی دەسەلاتی سیاسی لە دیمەشق و ناوچەکانی تری سوریا بەڵکو دەبێت بەهێزەوە تیایدا بەشدار بن و پێشڕەوی و دەسکەوتە سیاسی و سەربازیەکانی ڕابردووی خۆیان و ئەزموونەکانیان بۆ ئەو مەبەستە بخەنەگەڕ، بۆ سیستمی سیاسی هاوشێوەی ئەزموونی رۆژئاوا لە کۆی سوریادا خەبات بکەن و دەسەڵاتی نیشتمانیی ئازادیخواز و مەدەنی لەڕێگەی بەشداری و دەنگدان و هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی خەڵکەوە لە شارەکان و ناوچە جیاوازەکاندا پێکبهێنن.

هەڵبەت فەراهەمکردنی زەمینەکانی ئەو هەنگاوانە وادەخوازێت پرۆسەیەکی سیاسی نوێ دەستپێبکات بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کۆتایی بە ژیانی میلیشیایی و فەزای عەسکەرتاری و پەکخستنی دەستێوەردانی تورکیا و ئیسرائیل و ئەوانی تر و زەمینەخۆشکردن بۆ ئەنجامدان و رێکخستنی هەڵبژاردنی سیاسی لە شار و ناوچەکان و سەرتاسەری سوریادا بە سەرپەرشتی و چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنی پەیوەندیدار، ئەوە بژاردەیەکی گونجاو و شیاوە لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسیی و بەمەبەستی کۆتایی هێنان بەشەڕ و فەزای جەنگی ناوخۆیی و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و پێشگرتن بە مەترسی باڵادەستی زیاتری هێزە سیاسیە ئیسلامیە توندڕەوەکان و سیناریۆ رەشەکانیان.

ناوەندی ئازادی و ژیان
٩ ی دێسەمبەری ٢٠٢٤

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…