وەلید عمر
شکانى زیندانەکانى دواى دیکتاتۆر، دیاردەیەکى مرۆیی سەرنجڕاکێشە. لە چرکەساتێکدا تۆمەت و تاوانەکانی کۆمەڵێک مرۆڤى دوورەدەست سفردەبێتەوە. خەڵک بەکۆمەڵ دەچن دەیانهێنن بۆ “سەردەمێکى تر”. زیندانییەکان، کۆتا ساتەکانى سەردەمى پێشوون کە هێشتا لە قۆناغى نوێ بەئاگانەهاتوونەتەوە، واتە بەشێوەیەکى “نا-هاوکات” پێیان خستووەتە کات و سەردەمێکى ترەوە. زیندان کە سنورى نێوان تاکێتى و سیستەمى کۆمەڵایەتییە، بەر بەخشینى سەردەمى دواتر دەکەوێت: لەکاتێکدا هیچ دەسەڵاتێک بە پێوە نەماوە، ئەوەى هەیە دەنگدانەوەى سەردەمى پێشووترە لەناو بۆشاییەکدا. زیندانەکان ئەڵقەى ونبووى نێوان دوو سەردەم و سیستەم نیە، بەڵکو ڕێک پێچەوانەیە: حزوور و ئامادەیی بەشێک لە سەردەمى پێشووە کە هیچ سیاقک نەماوە بیگرێتەخۆى و لە بۆشاییدا ڕوودەدات. ئەم بۆشاییە، لە هاتوهاوارى ئەو کەسانەدا بەدیدەکات کە خەریکى شکاندنى زیندانەکانن.
گەر لە وردەکاریی ڕووە یاسایی و قەزاییەکەى بگەڕێین، ئەم ساتانەى بەربوونى زیندانییەکان، ساتێکى ئاڵۆزى فەلسەفییشە: ئەوەى ئەوان ئازاددەکات کێیە؟ چ بکەرێکە؟ ئاخۆ ئازاددەبن یان لە بنەپاڵەوە سوود لە کەوتنى سیستەمە کۆنەکە دەبینن؟ ئاخۆ ئەو ساتانە، ساتى ڕووتى خەڵکن و هەموان بۆ وچانێک دەکەونە دەرەوەى پەیوەندییەکانى دەسەڵاتەوە؟ یان زیندانەکان، نەستى سیاسیی سەردەمێکن کە وەک ڕابوونى ئێمە لە خەو لە فەزایەکەوە دەپەڕینەوە بۆ فەزایەکى تر؟
زیندان بە سرووشتى خۆى دونیا دابەشدەکات بەسەر دوو ڕووبەردا: ناوەوە و دەرەوەى زیندان. لە ناوەوە کات و شوێن بەرتەسک دەبنەوە، لە دەرەوەشەوە ئازادى تا ئاستى وەهمێکى ناکۆتا فراواندەبێتەوە. لە ناوەوە لە هەر مەتر دووجایەکى فەزادا، دەسەڵات تا ئەوپەڕ چڕدەبێتەوە؛ لە حاڵێکدا لە دەرەوە دەسەڵات شاش و کونکونە و ئیمکانى ئازادى زیاترە. لە ناوەوە سوبێکت سەرنجى لەسەر خۆى چڕدەبێتەوە و پشت لەو فەزا بەرینەى دەرەوە هەڵدەکات. هەتا لە ناوەوە چەمکێکى گشتەکیی وەک بوون (وجود)، ڕەنگوبۆیەکى تەواو سیاسى وەردەگرێت و ڕاستەوڕاست بوون لە فۆرمى دەسەڵاتدا بەرهەمدێتەوە. شکانى زیندان دواى ڕووخانى ڕژێمەکان، بەخێرایی ئەم دوو چرکەساتە تێکەڵ دەکاتەوە بە یەکتر.
لەڕووى سیمبوڵییشەوە، شکاندنى گرتووخانەکان کۆتا واژووى خەڵکە کە لە سیستەمێک دەدرێت. تا زیندانەکان نەشکێنرێن، دەسەڵات کۆتایینەهاتووە. ئەمە گرێدانى دیاردەکەیە بە دەرەوەى خۆیەوە، ەڵام لە ئاستێکى تیۆرییتردا و بەبێ گرێدانى بە شتێکى ترەوە، زیندان شوێنى ئەو بەشەى مرۆڤایەتییشە کە بە هەق بێت یان ناهەق سانسۆردەکرێت. مرۆڤ هەوڵدەدات زیاتر لە خۆى بڕوات، بۆیە ڕووبەڕووى کەمتر لە خۆى دەبێتەوە (کە زیندانە). وێناکردنى مرۆڤ بەبێ زیندان ئەستەمە، بۆیە ساتى شکانى زیندانەکان زیاتر “چرکەیەکە لە خۆیدا” کە مرۆڤ چێژ لەوە دەبینێت بۆ وچانێک کۆى بوونى ئازادبووە. ئاشکرایە ئەم چێژە وجودییە، کاتییە و سیستەمى داهاتووش بەوپەڕى دادپەروەرییەوە دیسان ناچارە شوێنێک بۆ زیندان بکاتەوە. پێگەى زیندان، پێگەیەکى بوونناسییە کە تا ئێستا گۆڕان بەسەر فۆرم و بیچمیدا دێت نەک ماهیەتى.
شکانى زیندان، قورساییەکى بەهایی و ماناییشى هەیە؛ کۆمەڵێک چیرۆک هەڵدەدرێنەوە کە مانا و بەها بە ژیانى مرۆڤەکان دەبەخشنەوە: لە چیرۆکى فڕۆکەوانێکەوە بیگرە تا خەباتکارێکی موعجیزەئەفرێن. خەڵک کە پەلامارى سجنەکان دەدەن، ناڕاستەوخۆ دەچن بۆ ڕزگارکردنى ئەم چیرۆکانە کە بۆ داهاتووش کۆمەڵێک وانەى ئاکارى و مرۆیی پێیە. ڕووى تیۆلۆژى و خوداسەنتەرى پرسەکەش ڕوونە: دەرفەت بە چەندین تاوانکار دەدرێت بێنەدەرەوە و بەر بەخششى خودایانەى چەمکى “مرۆڤ” بکەونەوە سا بەڵکو دەرسیان وەرگرتبێت. بە دەربڕینێکى تر، مێژوو لەو “خۆ-ئاخنین”ـەى تاوان خاڵیدەکرێتەوە کە لە جێیەکدا پێویستى بە بەخشین و بیربردنەوەیە.
ڕەنگە پرسیارە ڕیشەیی و فیکرییەکە ئەوە بێت: زیندانەکان جاروبار خاڵى دەبنەوە. بەڵام ئاخۆ دەتوانین وێناى ئەوە بکەین خودى زیندان لە ژیانی مرۆڤدا نامێنێت؟
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *