فاروق عبداللە
دوابەدوای ئەو تەزویرە بێوێنە و شەرمەزارییەی کە بەرامبەر چەمک و پرۆسەی هەڵبژاردن کرا، ئێستا ئیتر پرسیاری ئەوەی چارەنووسی هەڵبژاردنەکان چی دەبێت و پرسیاری ئەوەی کە ئەبێت بەشداری بکەین یان نەیکەین لە دەنگدانەکانی ئایندە بۆتە بابەتی سەرەکی هەمووان و بگرە نەک هەرئەوەندە تەنانەت لەهەناوی ئەم پرسیارانە لە بارەی چارەنووسی هەڵبژاردنەکانەوە بابەتێکی جدیتر مانای پەیدا کردووە و پرسیاری گرنگ لای زۆربە ئەوەیە کە ئایا دۆخی سیاسی و ئابووری و حکومڕانی بەکوێ دەگات و دیزاینی ئیدارە و نەخشەی سیاسی چۆن دەبێت؟.
بۆ خستنە ڕووی تێگەشتن و وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکان و ئایندەی هەڵبژاردنەکان و ئایندەی سیاسی و حوکمڕانی چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو :
١ / بەدەر لەوەی سەرنج و هەڵسەنگاندنمان سەبارەت بە لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی + ( نەوەکەشیان، مەبەستم نەوەی نوێیە) چیە، دروستترین هەڵوێست بۆ ئەو هێزانە ئەوەیە کە خیش بکەن! و بایکۆتی نەک حکومەت و پەرلەمان بەڵکو پرۆسەی سیاسیش بکەن و بەپاساوی بێماناو بەرژەوەندیخوازانە نەچنە پەرلەمانێکەوە کە فراکسیۆنە گەورەکانیش هەر دیکۆرن و وەک زەڕنەقوتە دەمیان کردۆتەوە بۆ هەڵوێست و بڕیارەکانی دەرەوەی پەرلەمان (بریاری حیزبیش نا هی بنەماڵە ) و چجای فراکسیۆنە بچوکەکان کە بەپێی کەمایەتی ژمارەیان ئەوە هەر وەک نەبوو وان و لەباشترین حالەتدا ئەتوانن کە هەرایەکی( زۆر جار درۆزنانەش) لەسەر شاشەکانەوە بنێنەوە و هیچیتر..
من تێناگەم زۆربەی ئۆپۆزسیۆنەکانی مێژوو لە ئەشکەوت و شاخ و دوورە شارەکان دەستیانپێکرد ئێستا بۆ ئەم حیزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنانە بوونەتە ئەو ئامێرە عەنتیکەیەی کە بەکارەبای پەرلەمان نەبێت ناکەونە ئیش؟ جا ئەم ماستە یان لاستیکێکی پارەی تیایە یان ئەوەتا ئەمانە ئەو زیندەوەرەن کە بە ئۆکسجینی شەقام و ناو خەڵک ناژین و دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەکەی دەسەڵات هەناسەیان پێدەدات!
٢/ تەزویری گەورە و ناڕەزایەتی زۆر بەرامبەر هێزە هێزە بەناو براوەکان و پێشکەش کردنی ناشرینترین پرۆسەی هەڵبژاردن و .. پێمان دەلێت کە بەپێچەوانەی ئەوەی کە گوایە یەکێتی و پارتی لەدۆخی ئارام و جێگیردان ، نەخێر لەناواخنی ئەم پرۆسەیەدا بوارێکی مێژوویی بۆ هێزی سیاسی جدی دروست بوە کە مێزەکەش بەسەر تەزویر و دەسەڵاتدا قلپ نەکاتەوە بەڵام ئەتوانێت لەدەرەوەی پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی تەزویراوی ببێتە مینبەرێکی عەقڵانی بەئارام و نەرم نەرم ڕێگایەکی تر بگرێت و ببێتە هێزی دژەباو و خەریکی کردنەوەی رێگا و دەرچەیەکیتر بێت لە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و یەک لە گرنگترین ئەرکەکانیشی چنینی لفکەیەکی سیاسی بێت بۆ شۆردن و پاکردنەوەی ئەو قوڕولیتەیەی کە بەچەمک و پرۆسەی هەڵبژاردندا هەڵپرژاوە و کاربکات بۆ ئەوەی لەئایندەدا لانی زۆری میسداقیەت بگێڕێتەوە بۆ پرۆسەی سیاسی ! وهەڵبژاردن وە ئەگەر تەنانەت لە ئایندەی نزیکیشدا وەک پێویست ئەمەی بۆ نەکرا ئەوا ئەکرێت و ئەبێت بەردەوام بێت لە بایکۆتی هەڵبژاردن تا نزیکبوونەوەی لە باشترین قۆناغی ئامانجەکەی .
٣/ یەکێتی و پارتی بەقەدەر یەک نوکە دەرزی دڵیان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن خۆش نییە!! و دڵخۆشی ئەوان ئەوکات دەستپێدەکات کە ببینن خەڵکی بێهیوا بن و متمانەیان بەخۆیان و بە هیچ هێزێکی دەرەوەی یەکێتی و پارتی نەمێنێت و خەلکی هێندە بێهیواببن کە تەنانەت یەکێتی و پارتی بگەنە ئەو قەناعەتەی کە مام شاسواریش تەقاوت بکەن و وەک مەسرەفێکی زیادە لەکۆڵ خۆیانی بکەنەوە و نمایشی ئۆپۆزسیۆنی ساختە پارە و مەسرەفەکەی دەرنەهێنێتەوە بۆیان!
٤/ لەئێستادا و لەکاتێکدا کە هاوکێشەی سیاسی ناوخۆیی و هەرێمی لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا نیە ، باشترین بژاردە بۆ خەڵکی و بۆئەوەی دەستی بگات بە لانیکەمی خەون و داوا و مافەکانی ئەوەیە کە بەگشتی ڕێگایەکی جووت ساید بگرنەبەر :
سایدی یەکەم … خۆدابڕین لە هێزەکانی دەسەڵات وهاوشێوەکانیان لەدەرەوەی دەسەڵات و بایکۆتکردنی خۆیان و هەلبژاردن و موناسەبات و …. تادەگاتە سێبەری دارەکەشیان، بایکۆتیان بکەن و مەگەر لەڕێگەی مانگرتن و خۆپیشاندان و چالاکی جۆراوجۆری سەرزەنشت و ڕەخنەکارانە لوتیان بتەقێت بەڕووی دەسەڵاتدا ئەگینا لەوەبەدەر لەخۆیانی حەرام بکەن و هەروەک چۆن ئەوان ژیانی (ئابووری) بنەماڵەو نەوەکانیان جیاواز و جیاکردۆتەوە لەخەڵکی ئەوا خەلکیش ئەبێت ژیانی (سیاسی ) خۆیان لەوان جیابکەنەوە و ئەم ئامرازە نەرمە ناتوندوتیژە درێژەپێبدەن و خیشی سیاسی ( بەزمانە ئەکادیمیەکە: بایکۆتی سیاسی ) بکەنە کاریگەرترین چەکی ئەم دەورانە .
سایدی دووەم … لەدەرەوەی پرۆسەی سیاسی باو و سیاسەتی کلاسیکی، ئەبێت خەڵکی خەریکی بایکۆتی ئەو بەشە گەورەیەش لەبیرکردنەوەی نادروستی ڕابردووی خۆشیاندا بن و سیاسەت و ئامرازەکانی داواکردن و گۆڕانکاری لە پێناوی ئایندەیەکی باشتردا گۆڕانکاری بەسەردا بێنن بەوەی کە چۆن لە سایدی یەکەمدا دەسەڵاتمان لە دۆڵێک دانا و خۆمان لەدۆڵێک بەهەمان شێوە لەناخ و دەروون و فکری خۆشماندا فکرو ئامرازە نادروست و ڕێونکەرەکان لەدۆڵێک دانێین و کەسایەتی و بیرکردنەوەیەکی ڕەسەن و نوێ و بیرلێکراوە بخەینە دۆڵێکیتر و لێرەوە بەگشتی هەوڵ بدرێت کە کۆمەڵگەی کوردستان لەبری بێهیوایی یان شەڕی تەقلیدی دەسەڵات و ئامرازی سواوی لەکارکەوتوو لەبابەتی توندوتیژیی و باسەریان پانکەینەوە و حیزبی موقەدەس و فەوزای سەر سۆشیال میدیا و ئەستێرەکانی قیژەقیژ و جوێنفرۆشی و .. ڕووبکەینە ئاراستەیەکی تر و ڕواندنی درەختێک کە ژیاندۆستی و چاکەی گشتی و ناتوندوتیژی و ژینگەدۆستی و ئەدەب و داهێنان و جوانویستی و … لقەکانی بێت ..
هەرکەسیش ئەم ڕێگایەی پێ دوور یان ناواقیعیە ئەوا بێخەمی ئەکەین بەوەی کە ڕێگای دووەمیش بەردەستە کە مانەوەیە لەو دۆخەداکە لێی ناڕازیت و خۆ فڕێدانە بۆناو دۆڵەکەی دەسەڵات کە دیزاینکراوە بۆ شا و شازادەکان و ….کەمایەتیەکی بچوکیش لە خزمەتگوزاریان ئەوێت ( خۆت و بەختت ئەگەر سیڤیەکەتیان بەدڵ بێت).
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *