پەیکار عوسمان
– کاری نەکردەیەو ستەمیشە، دین و عیبادەت نەمێنێ، بەڵام لانیکەم ئەبێ ژیان، هێندە فرەیی بکرێ، کە دینداری تاکە وێنەی کۆمەڵگا نەبێت. مەعریفەش هێندە زیاد بکرێ، کە عیبادەت حوکمی ئەخلاقی لەسەر نەدرێ و نەبێتە فەزیلەت.
– لە ئاستێکی باڵاو عەقڵییدا، پەندەکە وایە: (کانییەک ئاوت لێخواردەوە بەردی تێمەگرە) بەڵام لە ئاستی نەفسی و واقعییدا وانیە. مرۆڤ هەر تا ئاستێک پێزانینی هەیە بۆ کانی، لەوە بەدوا، ئیتر زۆر توند بەردی تێئەگرێ و لە ئاستێکشدا کە ئەمە توندترینیانە، ئیتر بەردەکەی تێناگرێ، بەڵکو بەردەکەی لەسەر دائەنێ و ئەیشارێتەوە!
– مەسەلەن تۆی شاگرد، هەر تا ئاستێک پێزانینت بۆ وەستا کۆنەکەت هەیەو ئەو مێژووە هەڵئەدەیتەوە. لە ئاستێکدا ئیتر ئەگەر دژیشی نەبێتەوە، لانیکەم ئەو باسە دائەخەیت، بۆئەوەی بیری قۆناغی شاگردیت نەکەوێتەوەو لە ئیگۆی وەستایی ئێستات نەیەتە خوارەوە!
– ئاخر تۆ، شوناسی سەربەخۆت لەسەر جیایی لەو دامەزراندوە، ئەمەش پارادۆکسەکەیە: هیچ شوناسێک نیە، کە ڕیشەو مێژووی پێشتری نەبێ، وەلێ هیچ شوناسێکیش نیە، کە لەسەر تێپەڕاندنی ئەو مێژووە دانەمەزرابێ!
– ئەمە لە ئەفسانەدا بە مەجازی باوککوژی، لە فەلسەفەشدا بە دیالەکتیک قسەی لێ کراوە. باوککوژی: ئەوەی کە کوڕ لەپێناو دەسەڵاتی قەبیلە، باوک ئەکوژێ و دواتر هەست بە تاوان ئەکا، بۆیە لە شێوەی ڕەمزی و تەوتەمدا ئەیهێنێتەوە. دیالەکتیک: ئەوەی کە شتێک لە شتێک جیائەبێتەوەو دواتر لە فۆڕمی سێیەمدا کۆئەبنەوە.
– توندترین ئاستی یارییەکەش، قۆناغی دووەم نیە، جیابوونەوەکەو بەرامبەربوونەوەکە نیە، ئەگەرچی لە ڕووکەشیشدا ئەمەیان توندەکەیە. بەڵکو توندترین ئاست، ونبوونەکەی ناو قۆناغی سێیەمە!
– بەڵێ کوشتنەکە لە سەنتێزدا ڕووئەدا، چونکە ئەگەرچی ئەنتی-تێز و سەنتێز، هەردوکی هەر نەفی و هەڵگرتنەوەیە، بەڵام لە سەنتێزدا، هەڵگیراوەکە ئیتر حسابی نەبووی بۆ ئەکرێ، ئەگەرچی هەشە. ئەمەش لە مێژووی دینەکاندا بە ڕوونی دیارە. مەسەلەن هەر دێنێک دینەکانی پێشخۆی نەفیکردوەو هەڵیشگرتۆتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا نەفییەکە ئەگاتە ئاستێک، وەکئەوەی دینەکەی پێشتر هەر نەبووبێ، لەکاتێکا هەیە، بەڵام ناونشین بووە لە دینە نوێکەدا!
– مەسەلەن لە قۆناغی ئەنتی-تێزدا، ئیسلام زۆر توند بەرامبەر دینی مانەوی وەستاوەو هەرچی زەندەقەو جنێوی فیقهی هەیە بەوان وتراوە.. وەلێ لە قۆناغی سەنتێزدا، ئیتر لە ڕووکەشدا دینی مانەوی نەماوە، لەکاتێکدا هەیەو لایەکی ئیسلام لە مانەوییەوە هاتووە. یاساکە وایە: (زۆرت لە چ کانییەک خواردبێ، زۆرترین بەرد ئەگریتە ئەوێ) مەسەلەن ئیسلام زۆرترینی لە مانەوی و یەهود بردوە، بۆیە زۆرترین تیرەکانیشی ڕووی لەو دووانە بووە. لە سابیئەو مەسیحی کەمتری بردوە، بۆیە لەگەڵ ئەوان شەڕی کەمترە!
– ئەمە هەمان عوقدەی تورکە بەرامبەر کورد، تورک خاک و مێژووی زۆر قەومی بردوە، بەڵام چونکە زۆرترین خاک و مێژووی ئێمەی بردوە، ئیتر گەورەترین عوقدەشی هەر کوردە. (لە چی بەریت عوقدەکەت لەوەیە) کورد ئاوێنەیەکە، تورک بەردەوام ئەو داگیرکاری و دزییەی خۆی تێدا ئەبینێ، بۆیە ئیتر لە ئاستی ئەنتیدا زۆر توند لێ ی ئەداو لە ئاستی سەنتێزیشدا ئەیەوێ ناونشینی بکات و هەر نەبێ!
– بۆ ئەوەی بەردبارانی کانی و ئاستە نەفسی و واقعییەکە، بەرزکەینەوە بۆ ئاستە ئەخلاقی و عەقڵییەکەو چیتر بەرد نەگرینە کانی، چارەسەر دانپیانانە. چارەسەر خوێندنەوەیەکی مێژووە، کە توخمە شاراوەکانی ناو پاکەتی سەنتێز، ئاشکرا بکاو قبوڵیان بکاو شەرم نەکات لە هەبوونیان. مەسەلەن چارەسەری دەمارگیری دینی، فرەکردنەوەی خودە دینییەکەتە، ئەبێ لەوە نەترسیت کە شوناست بکەیت بە هەزار پێکهاتەو هەزار دینیش بەشیان لە خودە دینییەکەی تۆدا هەبێ!
– ئێمە کۆپی یەکتر نین، بەڵکو وێنەین و لە مێژوودا دروستبووەو ئەبێ. ئەو وێنە جیایەی شوناس و خودەکانیش، لە سەربەخۆترین ئاستیشیدا، تابلۆیەکە کە فڵچەی ئەوانیتریشی پێوەیەو هەر خۆی نیە. ڕاستەقینەی هەر خودێکی: کەسی نەتەوەیی دینی ئایدۆلۆژی.. ئەم تێکەڵاوییەیە، نەک ئەو وێنە نەگۆڕ و پوختەی لە زهنماندایە!
– ئەگەرچی ئیشی خەیاڵ کشان و دوور ڕۆشتنە، بەڵام هەنێجار ڕاستی لە خەیاڵیش زیاتر ئەڕوات. یەعنی شتانێک کە بە خەیاڵیشتا نایەت لە تۆدا هەبێ، کەچی هەیە. خۆڵی دوورترین ئەستێرە، کە بە خەویش ناگاتە تۆ، لە تۆدایە.
– خوێن و کولتور و زمان و ئاینیش.. هەر وایە. تۆ هەر شوناسێکت هەبێ، ئەو هەویرە ئاردێکی پوخت نیە، تێکەڵێکە کە هەزار توخمی دیارو نادیاری تێدایە. ژیان وا هاتووەو واش ئەڕوات، بەڵام “فیکرەی شوناس” حەزی لەم تێکەڵی و جوڵاوییە نیەو حەزی لە جێگیری و دابڕاوی و پوختییە، ئەم حەزەیە کە وەهمەکان دروستئەکاو ئەیخاتە جێگای ڕاستی!
– ئا لێرەدایە کە فەیلەسوفێکی وەکو لیڤیناس، پێیوایە نابێ فەلسەفە لە پرسی وجودەوە دەسپێبکات، بەڵکو ئەبێ لە پرسی ئەخلاقەوە دەسپێبکات، چونکە پرسی وجود، لە کۆتاییدا دێتەوە لای شوناس و خودی ئینسان، لەکاتێکا پرسی ئەخلاق، لە تۆ دەرئەچێ و ئەگاتە لای ئەوی ئینسان.
– بە سادەیی: ئەخلاق ئەو ماڵەیە کە ئەویشی تیایە، لەکاتێکا شوناس ماڵێکی پوخت و دابڕاوە، کە تەنیا تۆی تێدایەو ئەوانی لێ ئەکەیتە دەرەوە. ئەگەریش زۆر ڕایکێشیت، لە جیاوازییەکی ئاساییەوە تاکو جیاکاری و فاشیزم و ستەم و جینۆساید ئەڕوات.
– کوێری ئاستی زۆری هەیە، نەبینینی شوناسێک کوێرییە، نەبینینی فرەیی و جیاوازی شوناسەکان کوێرییە.. ئەمانە ئاستە نائەخلاقییەکەی کوێرییە، چونکە شتەکە لە ئاستی بینیندایەو کەچی نایبینیت. بەڵام ئەم ئاستە ئەخلاقییە، لەسەر ئاستێکی مەعریفی دانیشتووە، کە ئەوەیان نادیارەو ئەبێ بیبینین، بۆئەوەی کوێرییەکە لە بنەوە چارە بکەین.
– نازیی لەسەر وەهمی نەژادی پوخت دامەزرابوو، کاتێ زانست دەریخست کە ڕەگەزی پوخت بوونی نیەو ئێمە تێکەڵاوین، ئیتر ئەمە بناغەیەکی مەعریفییە، کە بینای نائەخلاقی و ڕەزپەرستانەی لەسەر ڕاناوەستێ. شتەکانی ترو بەتایبەتیش ئاین، هەر وایەو بۆئەوەی بینا ڕەگەزپەرست و نائەخلاقییکەی نەمێنێ، ئەبێ بناغە مەعریفییەکەی بەهێز بکەین!
– ڕەگی ئاین هێندە درێژە، کە بۆتە شتێکی بەدیهی و ئیتر هەر کۆمەڵگایەک ئۆتۆماتیکی ئاینی هەیە، بەڵام ئۆتۆماتیکی “ئاینناسی” نیەو ئا ئەمەیان ئەبێ بۆی ئیزافە بکەین. ڕەگی ناشرینیی جەهلەو زانین جوانترمان ئەکات، کاتێکیش کە ئاینناسی ئیزافە بکەین بۆ ئاین، کۆمەڵگا کافر نابێت، تەنیا دینداری و دنیابینیمان، جوانتر ئەبێت و ئاستە وەهمی و نائەخلاقی و شەڕەنگێزەکانی دین پاشەکشێ ئەکات.
– هەر شتێ بەبێ ناسینەکەی، جەهل و ستەم و دەمارگیرییە. ئاین بەبێ ئاینناسی، جەهل و ستەم و دەمارگیرییە. سەیرکە، تۆ ئەو کاتەشی کە دان بە دینەکانی تردا ئەنێ ی، هەرەمیەت دروستئەکەیت و بە دیوی بچوککردنەوەدا دانی پیائەنێیت. پێتوایە مێژوو ئەوانی گۆڕیوە، بەڵام ئەوەی تۆ بان مێژووەو دەستی بارگۆڕانەکانی ناگاتێ..
– دەی ئاینناسی پێتئەڵێ، ئەوە وەهمی خۆتەو لەڕاستییدا ئەوەی تۆش وەکو ئەوانیترەو شوێنە دروستکەی تەنیشتیانە نەک سەرەوەیان. هەر ئەسڵەن ئەویش لە هەمان وەهمدایەو وا سەیری تۆ ئەکا. واتە لە وەهمدا تەنیا خۆت، خۆت بە موهیم ئەزانیت، کەسی تر وا ناتبینێ، چونکە حەقیقەت هی هەمووانە، بەڵام وەهم تەنیا هی خۆتە.
– لەراستییدا تۆش و ئەویش، هەر لەناو زمان و سیاق و بارگۆڕانەکانی مێژوودان، یاساکانی بوون و سروشت و ژیان و مێژوو، بۆ هەمووان وەکو یەکەو قبوڵخاس و گەندەڵیی تێدا نیە. بوون لەسەر یاسا ئازادو بێلایەنەکەی خۆی وەستاوە، نەک لەسەر حەزو لایەنگیرییەکەی تۆ.
– تۆ ئەگەر بزانیت، ئینسان لە دێر زەمانەوە، بە هەزاران ئەفسانەو ئاین و بە هەموو کولتورە جیاوازەکان، خەریکی کۆمەڵێ پرسیاری وجودی و مەعریفی و ئەخلاقیی بووە، ئیتر ئەمانەت لێ نابێ بە دوژمنی یەکتر، چونکە پرسیارەکان یەکن، بەڵام بە وەڵامی جیاو بە شێوازی جیاو بەقەت ئاستی قۆناغەکە. ئیتر دین و فەلسەفەشت لێ نابێ بە دوژمن، چونکە پرسیارەکانی فەڵسەفەش هەر ئەوانەیە.
– جا کاری ڕۆشنبیر ئەوەنیە کە شەڕی ئاین گەرم بکات، بەڵکو ئەوەیە کە مەساحەی مەعریفەو ئاینناسی زیاد بکات. ئا لێرەشدا زانست ئەبێتە کردەیەکی مەعریفی کە بناغەی ئەخلاقی ئەداتەوە بە ئاین. ئا لێرەدا بۆ دانانی وانەی ئاینناسی لە خوێندندا، نابێ گوێ لە ئیسلامییەکان و سیاسییە پۆپۆلیستەکان و کۆمەڵگا دیندارەکەش بگیرێ، بەڵکو وەکو دەستوری ئەمریکا، ئەبێ داناکان داینێن و ئاوڕیش نەدەنەوە.
– ئا ئەمەش، ئەو ساتە ئەفلاتۆنییەیە، کە عەقڵ دەسەڵاتی هەیە بەسەر حەزی زۆرینەداو لەڕاستییشدا دیموکراسی، بەبێ جێکردنەوەی ئەم دەسەڵاتەکەی عەقڵ، فەوزای گەمژەکانەو بڕێک لە دیکتاتۆریەتیش خراپترە. یەعنی دیموکراسی چەنێک تاکی یەکسانە، چەنێک ئیرادەی زۆرینەیە، چەنێک ڕێزگرتنی کەمینەیە، چەنێک جیاکردنەوەی دەسەڵات و دەساودەسە.. ئەونەش بەرزڕاگرتنی دەسەڵاتی عەقڵەو بەبێ ئەمەی ئەخیریان، ئەوانەی تر ئەبنە ڕووکەشێکی فریودەر.
– جا وەکچۆن نازییەت بوو بە شەرمەزاریی، فۆڕمی دینداریی ئەگۆڕێ و ئیسلامیزمیش کە ئێستا تۆ لێتبووە بە خودی دین، ڕۆژێک دادێ ئەبێتە شەرم و عەیبە. ئیتر موسوڵمان بە ئەندازەی نزیکبوونی لەم یزمە، خۆی بە نائەخلاقیی ئەزانێ، خۆتەکاندنیش لێ ی ئەبێتە فەزیلەت. چونکە ئەمە ئایدۆلۆژیای ڕقە لەو، ماڵێکە جێگەیەکی بۆ ئەوی جیاواز تێدا نیە، لەکاتێکا ئیمان ئەوەیە کە دڵی تۆ بکاتە ماڵی هەمووان!
– واتە قەزییەی فەلەستین و دەوڵەتی ئیسرائیل، تەنیا بیانووەو ئەمانەش نەبێ، ئایدۆلۆژیای ئیسلامیزم، هەر ئایدۆلۆژیای ڕقە لە جوو، جووش نەبێ بۆشایی ڕقەکەت بە غەرب بە سیکۆلاریزم، بە شتێک هەر بۆ پڕئەکاتەوە. جا ئەگەر ئەخلاق بریتی بێت لەوەی کە تۆ ماڵی ئەو بیت، ئیسلامیزم بریتییە لە ئەو-شەیتاندن و ئاستە هەرە نائەخلاقییەکەی دین.
– قۆناغی ئاین و مۆدێرنەو پۆستمۆدێرنە.. وەکو مەعریفە گرنگن، وەکو ئایدۆلۆژیا کێشەن، چونکە کە ئەبنە ئایدۆلۆژیا، ئیتر بناغەی مەعریفییان نامێنێ و بینای نائەخلاقییان لەسەر دروست ئەبێ. “یەک” فرەیی تیانەبێ بووە بە ئایدۆلۆژیای ستەمکاریی. “فرە” هاوبەشی و کۆبوونەوەی تیانەبێ، بووە بە ئایدۆلۆژیای فەوزا. گرنگی مەعریفە لەوێدایە، کە “یەک و فرە” هەردوکیمان وەکو پاکێجێک ئەداتێ، نەک وەکو ئایدۆلۆژیا دایانبڕێ و بمانکا بە کەری باری یەکێکیان.
– فەلسەفە لە پرسی وجودەوە دەستی پێکرد، ئەمەش ئاساییە، چونکە وجود پێش پرسیار هەیەو ئاساییە پرسیارەکە دوای بکەوێ.. دواتر پرسی مەعریفە هات، چونکە ئێمە بە مەعریفە قسە لەسەر وجود ئەکەین.. دواتر پرسی ئەخلاق هات، چۆن نەزەری بکەین بە عەمەلی.. دواتر پرسی جوانی هات، وەکئەوەی فەلسەفە بە خۆی بڵێت: دوای هەموو شتێک، دواجار بیناکە ئەبێ جوان بێت!
– جا لە هەر بینایەکا کە ناشرینیی دروست بوو، کاری تۆ ئەوەنیە بتپەرستانەو دەمارگیرانە، پاساو بۆ ناشرینییەکە بهێنیتەوەو بەرگری لێ بکەیت و جوانکاری بۆ بکەیت. کاری تۆ ئەوەیە: لە بناغە وجودی و مەعریفی و ئەخلاقییەکانەوە دەست پێبکەیتەوە، بۆ خۆتەکاندن لە ناشرینی و گەیشتنەوە بە جوانی.
– مەسەلەن ناکرێ دینی مانەوی وەکو مردویەک و نەبوویەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، لە کاتێکا لایەکی ئیسلام لەوێوە هاتووە.. یان ناکرێ یەهود وەکو شەیتان وێنا بکرێن، لە کاتێکا کانیەکەی تۆ، ئەوە. بەڵکو ئەبێ ئەوان لە خۆتدا بناسیتەوەو ئیتر نە خۆتت لێببێ بە شتێکی زۆر جیاو پوخت، نە ئەوانت لێببێ بە شتێکی زۆر جیاو دابڕاو.
– یەعنی “پێکەوەژیان و شەڕەنگێزی” لە دەرەوەدا نیە، هەردوکی هەر ئەوە لە ناو تۆدا. لە شەڕەنگێزییدا لە ناوەوە دانی پێدا نانێیت و ئیتر ئەتەوێ لە دەرەوەشدا بوونی نەبێت. پێکەوەژیان ئەوەیە کە ئەو، لەناو خودی خۆشتدا ئەبینیت، بۆیە ئەتوانی بوونەکەی لە دەرەوەدا قبوڵ بکەیت. یەعنی پێکەوەژیان، تەنیا هاوبەشیی شوناسە جیاوازەکان نیە لە دنیادا، بەڵکو هاوبەشییە لەناو خودی شوناسیشدا!
– چارەسەر ئەپدەیتی یاسای دیالەکتیکە، گرنگ هەر ئەوەنیە کە یاسایەکی جوڵەی مێژوو بدۆزینەوە، گرنگ ئەوەشە کە یاساکە بگۆڕین و یاسای تریش دابهێنین. مەسەلەن ئەگەر هەر لە قۆناغی تێزەوە “خود” فرە بکەینەوە، ئیتر ئەنتی تێز، هێجگار بەو توندییە ناکەوێتە بەرامبەری. ئیتر سەنتێزیش نابێتە ناوچەی سەرکەوتنی کولتوری باڵادەست و قەبرسانی ناشتنی کولتوری بندەست!
– هیچ کولتوریک نیە دینی تیانەبێ و هیچ دینێکیش نیە، تقوساتی خۆی نەبێت. ئەمە بە باش و خراپ ناپێورێ، هەمووی وەکو یەکەو لەناو کولتورەکەدا وەزیفەی خۆی ئەدا ئەکات. بەڵام شتەکە بە “ئازادی” ئەپێورێ و ئەتوانین بڵێین: ژیانییترینیان ئەوەیە کە ئاسانترەو کەمترین کۆت و بارگرانیی تێدایە.
– تا تقوسات و تەکالیف قورستر و زۆرتربێ، دینەکە بەرەو عەسکەریی ئەڕوات. تەکالیف قورسایی دەروونی دروست ئەکاو ژیانت لەبەرچاو ئەخات، بۆیە ئەبینی مولتەزیمەکان، زیاتر ئامادەن بۆ توندوتیژی، چونکە دەروونیان ماندوترە لەبری ئەوەی ئارامتربێ. لە سایەی فیقهەوە، ژیان هێندە بارگرانییە بۆیان، کە ئەیانەوێ بە خێراکردنی مەرگ لەکۆڵ خۆیانی بکەنەوە!
– “دینی میللی” چونکە لەناو واقعدایەو واقعیش گۆڕاوە، بۆیە ژیانییترو ئاسانترەو باشتر خۆی ئەگونجێنێ لەگەڵ بارگۆڕانەکان. دینی فیقهی، چونکە لەناو کتێبە کۆنەکاندا وەستاوە، بۆیە واقعەکە تەکلیفباران ئەکاو ژیان قورس و نەگونجاو ئەکات.
– سەردەمێک خەریکبوو مزگەوتەکان چۆڵ ئەبوون، وەک وەک بڵێ ی دین بووبوو بە هی پیرەکان. خۆ ئەخلاق و پەیوەندی و ویژدان و خواو ئیمان.. پاشەکشێ ی نەکردبوو، بەڵکو دینی میللی خۆی لەگەڵ واقعدا گونجاندبوو. بەڵام ئیسلامیزم هات، کۆمەڵگای تەقسباران و تەکلیفباران کرد. ئێستا حیجاب جومعەو جەماعەت زۆرە، بەڵام خۆ ئەخلاق و دەروونمان باش نەبووەو ئەسڵەن خراپتریش بووە، چونکە “نەگونجاویی بە ژیان” زیاتر بووە!
– دینی میللی لە سادەییدا تاکو خورافە ئەڕوات، بەڵام ئەوەشی جوانە، کە بەدیلی ویژدان نیەو تەریبی ویژدانە. ئیتر تۆ نوێژ بۆ خۆت ئەکەیت، بەڵام ژیان و بەرکەوتنت لەگەڵ ئەوانیتردایەو فەزیلەت لێرەدایە نەک لە نوێژەکەدا. دینی عەسکەری، بەجۆرێک تقوسات پیرۆز ئەکات، کە “ویژدانی بەدیل” دروست ئەبێت و ئیتر تۆ بۆ نەکردنی نوێژێک، هەست بە تاوان ئەکەیت، بەڵام بۆ شتەکانی ناو ژیان و پەیوەندی، کەمتر ویژدان و هەستت هەیە.
– دینەکەی ئیسلامیزم دوو تەحریفی کرد، جارێک تەکالیف و تقوساتی وا زل کرد، کە لە وەسیلەوە بۆ چاکە، کردیە ئامانج و خودی چاکە. جارێکیش کردییەوە بە وەسیلە بۆ تەجنیدی سیاسی. یەعنی دووجار شێواندی. تەکالیف و تقوساتی زۆر، ئینسان توشی نەخۆشی نەفسی ئەکەن. ئەوەی کە بۆ ئارامی دەروونە، نابێ ببێتە نەخۆشی نەفسی. ئەوەی کە ویژدانی و ڕۆحییە، ئەبێ ئازادبێ و لە هەزاران وێنەدا بێتە ناو ژیان، نەک کۆمەڵگا بباتە ناو یەک وێنە.
– بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە نەفسییە، ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ ناسینی ڕیشەی شتەکە. نوێژی قورسی ناو ئیسلام، کە لە عەسکەری ئەچێ نەک لە ئیمانداری.. یاخود لە ڕیازەیەکی “کاتیی” سۆفییەکان ئەچێ نەک شتێکی ڕۆژانەی هەمیشەیی.. ئا ئەمە ئەگەڕێتەوە بۆ دینی وشکی مانەوێ.
– لەبەرئەوەشی ئیسلام زوو کەوتە ناو شەڕەوە، ئیتر پێویستی بە جەیش بوو. ئەم نوێژە قورس و زۆرەی ئیسلام، کە موسوڵمانەکانی توشی نەخۆشی نەفسی کردوەو کە کردنی بارگرانییەو نەکردنیشی دیسان هەر بارگرانییە، بریتییە لە نوێژێکی (مانەوی-عەسکەری) و ئامادەکردنی جەنگاوەر.
– بێکولتوری و دڕندەیی و ئەوەی کە قەبیلەکان لەسەر تاڵانی و پەلاماری یەکتر ئەژیان.. ئەمە زوهدێکی فەردی قورسی ئەویست تا بیانکات بە ئینسان. بەڵام بەهۆی شەڕ و سیاسەتەوە، پرۆسەکە گۆڕا لە پەروەردەی فەردەوە بۆ تەجنیدی جەماعی. ئیتر ڕۆحانییەتەکەی مرد و لە غیابی ڕۆحیشدا، لە تاڵانی و دڕندەی قەبەلییەوە چوینە قۆناغی تاڵانی و دڕندەی دینی.
– ئەگەر دینی فهقهی و سیاسی، وازبێنێ و کۆمەڵگا تەقسباران نەکا، ئینسان و کۆمەڵگا کافر نابێ، بەڵکو هەر بە دینی میللی، ئەزانێ زیاتر ژیانیی و مەدەنیی بێت و کەمتر عەسکەریی و ئایدۆلۆژی بێت. کاتێ نوێژی ئایدۆلۆژی کەمئەبێتەوە، مانای ئەوەنیە کە ویژدان و ئیمان کز ئەبێ، ڕێک پێچەوانەکەی: ئیمان و ویژدان لە هەزار فۆڕمی زیندوی ژیانییدا دەرئەکەون، لەبری یەک فۆڕمی مردوی ئایدۆلۆژیی. کۆمەڵگاش بەوە جوان ئەبێ، کە بە دنیایەک شێواز جوانی بەرهەمبهێنێ، نەک بە یەک شێواز نمایشی جوانی بکا!
– بە نەتیجە، ئیتر هەرکەس ئەکەوێتە ناو ویژدانی زیندوی خۆی و ناو ژیانی ڕاستی، نەک ژیانی کۆپیکراوی ناو کتێبە فیقهییەکان و تەقسێکی عەسکەری، کە بۆتە پیرۆزتر لە ئەخلاق و ویژدان و ئیمان و ژیان. ئیمان پەڕینەوەیە لە نوێژی عەسکەرییەوە بۆ نوێژی مەدەنی.. لە نوێژی مێگەلییەوە بۆ نوێژی فەردی.. لە نوێژی حەرەکییەوە بۆ باشی لە نیەتداو لەناو ژیاندا، نەک نمایشی باشی لەناو تقوسدا.
– دۆخی ئاسایی کۆمەڵگا، ئەوەیە کە کەمینەیەکی زۆر کەمی عەکسەربن و تەنیا لە کاتی جەنگیشدا لە دۆخی ئینزاری جەماعییدابن نەک هەموو کات. کۆریای باکور لەوێوە نائاساییە، کە کۆمەڵگا هەمووی عەسکەرەو هەموو کاتیش لە دۆخی ئینزاردایە.
– بۆ دینیش هەر وایە، دۆخی ئاسایی کۆمەڵگا، ئەوەیە کە، تەنیا کەمینەیەکی ئینسانەکان دینداری مولتەزیم بن، ماباقی هەر یەکەو لە جۆرێکی ئازادی پەیوەندی خۆی و خوادا بێت. تەجنیدکردنی هەموو کۆمەڵگا بە یەک فۆڕمی دینداریی، بە معەسکەرکردنی کۆمەڵگاو بە عەسکەرکردنی ئینسانە، کە ئەمە یەکسانیشە بە نەخۆشی نەفسی و گرژی کۆمەڵایەتی و شەڕی سیاسی!
– باشترین نوێژ ئەوەیە کە لە کاتێکی دیاریکراوی وەرگریتەوەو بیدەیتە دەست هەموو کاتەکان. لە حەرەکاتێکی دیار ئازادی بکەیت و بیدەیتە دەست نادیارێک لە ویژداندا. مەسیحییەت چونکە نوێژەکەی ئاسانە، بۆیە کاتێ دینەکە وەرئەگەڕێ بۆ سیاسەت، دواتر ڕیفۆرمی تیائەکرێ و ئاسان ئەگەڕێتەوە بۆ ئاستە ڕۆحانییەکەی.. ڕیفۆرم لە ئیسلامدا بۆیە قورسە، چونکە نوێژەکەی ڕۆحانی نیەو عەسکەرییە، ئیتر هەویرەکە هەرچۆنێ بیشێلی، دواتر مرۆڤەکە ئاسان ئەبێتەوە بە جەنگاوەر!
– نەمانی دینێکی زەخمی وەکو مانەوی، هەر هی ئەوە نەبوو کە دوو دین و چەن ئیمپراتۆریەتێک، لێیانداو قەدەغەیان کرد.. هی عیبادەتە توندو وشکەکەشی بوو. ئیسلام ئەم جەوە فەردییە وشکەی وەرگرت و کردنی بە جەماعی، ئیتر ڕۆحانییەتەکەی کوشت و کردی بە تەجنیدی کۆمەڵگا. جەماعیبوونەکە لە فەوتان ئەیپارێزێ، بەڵام لە ڕیفۆرم بێ بەشی ئەکات!
– مرۆڤی موسوڵمان، بەقەت کاڵبوونەوەی ئەم تەجنیدە، دێتە ناو دنیای نوێ، کە دنیای “ماف و تاکە”. فەرقی ئیسلامیزم و دینی میللیش ئەوەیە، کە یەکەمیان تەجنیدی هەموو کۆمەڵگایەو واقع لەگەڵ خۆیدا ئەگونجێنێ، دووەمیان دیندارییەکی ئاسان و ناعەسکەری و خۆبەخشەو خۆی لەگەڵ بارگۆڕانەکانی ژیاندا ئەگونجێنێ.
– گرێ ی شەڕەنگێزی مرۆڤی موسوڵمان، لە ڕەخنەکردنی توراس و داگیرکارییەکانی فتوحات و گۆڕینی مانای چەمکی جیهادو شەهیدەوە ناکرێتەوە، کە ئەمانە هەوڵی باشیشن. بەڵکو ڕێک لە دەسکاریکردنی مەوقعی نوێژەوە ئەکرێ لە ئەولەویەتی دینەکەدا. نوێژو عیبادەت و تقوسەکانی ئیسلام، کە هەم قورسن، هەم جەماعین، ئیتر ئۆتۆماتیکی سیاسی و عەسکەرییشن و ئامادەکردنە بۆ مەرگ نەک بۆ ژیان.
– سەیرکە، چل ساڵە نیزامی ئێران، بە تقوسی حوسەینی کۆمەڵگا تەجنید ئەکات، بۆیە ئاساییە ئێران لە دۆخی جەنگدابێت. خۆ پێشتریش خەڵکەکە هەر شیعەبوون و مەراسیمی حوسەینی هەر هەبوو، بەڵام ئەمە پلەیەکی کۆمەڵگاو نیزام نەبوو، بەڵکو ژیانەکە فرەڕەهەند بوو کە ئەم مەراسیمە، تەنیا ڕەهەندێکی بوو. سەت ساڵە ئیخوان و سەلەفی، خەریکی تەکلیفبارانکردنی کۆمەڵگا موسوڵمانەکانن، بۆیە ئاساییە ناوچەکە ژیانی تیانەمێنێ و پڕبێ لە دەروونی ماندو.
– هەنێجار چەمکەکان کێشە ئامێزن، بۆیە ناڵێم سیکۆلاریزەکردن، تەنیا ئەڵێم فرەیی کردنەوە. پێویستە ژیان فرەیی بکرێتەوەو دینداری و تقوسەکانی، ببێتە بەشێک لەو فرەییەو بچێتە تەنیشتی شێوازو ڕەنگی تری ژیان، نەک ببێتە داگیرکەری ژیان و عەسکەراندنی کۆمەڵگا.
– خۆ لە سعودییەی ئێستا، دین و خواو مزگەوت و نوێژ و ئیمان ماوە.. تەنیا ژیان فرەیی بۆتەوەو تەجنیدکردنی کۆمەڵگا بە یەک شێوازی دینداری نەماوەو ئینسان هەناسەیەکی داوە، کە خودی ئیمانیش هەر لەو هەناسەیەدایە، نەک لە پەستاندندا. پەستاندنی هەناسەی ژیان، تەنیا دەروونی نەخۆش و تەقینەوە بە ژیاندا دروست ئەکات.
– ئایاتەکە ئەڵێ نوێژ فاحیشەو خراپە کەمئەکاتەوەو تا ئێرا تەقوای فەردە.. وەلێ کە بووە هەژموونی جەماعی بۆ داگیرکردنی کۆمەڵگا، ئیتر نوێژ خۆی ئەبێتە گەورەترین فاحیشە. ئیسلامیزم ڕێک ئایدۆلۆژیای بە فاحیشەکردنی نوێژە. خۆ ڕەنگە لە هەموو تاران و غەززە، یەک تەنورەی کورتی تێدا نەبێت (کە ئەمە کراوەتە فاحیشە) بەڵام خۆ ئەو فەسادەی کە دینبازییەکەی ئیخوان و خومەینی بەسەر ئێران و غەزەیدا هێنا، هیچ بەرەڵایی و فەسادێکی ناگاتێ!
– نوێژ ئەبێ شتێکی زۆر ئاسان و سادەو بێ ئەرک بێت، بۆئەوەی هەمیشە بتوانێ لەناوتا ئامادەبێ و ئارامی و هاوسەنگیت بۆ بهێنێ. مانا ڕاستەقینەکەشی هەر وابوو: دوعا یان پەیوەندی و ویساڵ. بەڵام کە بوو بە ئەرک، ئیتر بارگرانییەکانی ژیان و دەروون ئاسان ناکا، بەڵکو خۆی ئەبێتە عەسکەری و بارگرانی. ئەمەش کێشەی نوێژو عیبادەت و تقوسەکانی ئیسلامە، کە هی ژیان نیە، هی لەبەرچاوکەوتنی ژیانە. هی ئارامی ڕۆح نیە، هی عەزێتدانی دەروونە. هی بارودۆخی ئاسایی نیە، هی بارودۆخی نائاسایی و جەنگە!
– نوێژ ئەبوو تەنیا دوعایەکبێ، بەیانیان کە هەستای لە خەو، لە دڵی خۆتدا بیخوێنیت و تەواو.. ئەم هەموو ئەرک و هەڵبەزو دابەزەی نەئەویست.. بۆیە ئەگەر هەموو کیشە فیکرییەکانی ئیسلام ڕیفۆرم بکرێت، هێشتا کێشەیەکی کرداریی ماوە، کە نوێژە قورس و ناڕۆحانیەکەیەتی، کە هەر ئەوەش بەسە بۆ مەرگدۆستی و خۆشنەویستنی ژیان!
– ئینسان چەنێک بە بیرکردنەوە بگاتە ڕاستییەک، بەقەت ئەوە قووڵ نیە کە بە تەجروبەو بە ئازار بگاتە ئەو ڕاستییە. مەسەلەن خۆ پێش یەهودیش، فیکرەی تێپەڕاندنی فرەخوایی و گەیشتن بە یەکخوایی، لە دین و لە فەلسەفەو ئەفسانەدا هەبوو.. بەڵام ئازاری ئەوان لە سەبی بابلییدا، بە تەجروبەو بە کرداریی، ئەوانی بردە ناو تەوحیدو بەرزکردنەوەی خوایەکی نادیار!
– ئاخر پەرستگاکانی بابل و میسر، هەموو خواکانی تیابوو، بەڵام ئەوان چونکە دیلی جەنگ بوون، بۆیان نەبوو پەیکەری خواکەیان لە پەرستگا دانێن.. ئیتر لە تەجسیدەوە گەیشتن بە تەجریدو بەوەی کە خوا بەرزو نادیارو ئاسمانییەو ئەمان لە دڵی خۆیاندا هەڵیئەگرن و شتەکە پەیوەندی بە وڵاتێک و پەیکەرێک و پەرستگایەکەوە نیە.
– ئا بەم پێوەرەش، فیکرەی تەوحید، دوو پاڵەوانی هەیە: یەکەم ئیبلیس لە مەجازداو دووەم یەهود لە واقعدا. یەعنی تۆ ئەگەر ئەهلی تەوحیدیت، نابێ تەنانەت ڕقت لە ئیبلیسی مەجازییش هەبێ، چجای ڕق لە یەهود، کە وەکو تۆ ئینسانن و لە مەوقعی کانیشدان بە نیسبەتی تۆوەو ئاوی تەوحیدت لەوان وەرگرتووە. ژەهرەکانی سیاسەت و زایۆنیزم و ئیخوانیزمیش، پەیوەندی بە ئیمان و ژیانەوە نیەو زبڵێکە بۆ فرێدان.
– ئیمان بۆ ئەوەیە کە، مانای زۆر سادە، بەڵام قووڵ و باڵا، لەناو خۆتدا هەڵگریت، نەک کەری باری دنیایەک تەکلیف و هەڵبەرزو دابەزی بەتاڵ و بێ مانا بیت. کاتێ کە دین ئاسان ئەتکا بە عەسکەر و ئەتباتە ناو شەڕو کاولکاریی، ئەبێ ئەمە شۆکێکبێ و لەوە خەبەرت بکاتەوە، کە ئەم دینە بۆچی وایە؟
– لەڕاستییدا تەکلیفی زۆر و نوێژە قورس و بێتامەکەی ئیسلام، ژیان لەبەرچاوی ئینسان ئەخاو دەروونی نەخۆشئەخاو هێزی مەرگ لەناویدا کارا ئەکات، نەک هێزی ژیان و ئارامی و ئیمان و داهێنان و خۆشەویستی و ئاوەدان کردنەوەی زەوی.
– ئەزانم شتانێک هەیە دەقی پیرۆز و دەقگرتنی هەزاران ساڵەی تێدایەو ئاسان دەسکاری ناکرێ، بەڵام گرنگە ژیان فرەیی بکرێتەوە، بۆئەوەی ئەو شتانە، نەبنە ئایدۆلۆژیای بە معەسکەرکردنی کۆمەڵگاو بە عەسکەرکردنی ئینسان. فرەییکردنەوەی ژیان و زیادکردنی مەعریفەو ناسینی دیارەدەکان، نامانکا بە کافرو بێ ئیمان، ئەمانکا بە مرۆڤترو ژیانییترو جوانتر.
——–
* لەواڵی سۆشیال میدیای نوسەر وەرگیراوە..
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *