سەمەد محمدامین
چاککردن و بەرەو پێشەوەبردنی ووڵات و لەناوبردنی گەندەڵی و خراپەکاری و کۆتایی هێنان بە خراپ بەکارهێنانی پلەو پۆست پێویستی بە کەسانێکی سیاسی پێشڕەو و ڕۆشنبیر و خاوەن ویژدان و هەستی مرۆڤانە و خاوەن بەرنامە و پلان و گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردن و حوکومڕانیدا هەیە لە ووڵاتێکی ئەزمە گرتووی وەک ئەم هەرێمی ئێمەدا ، بەڵام بە داخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ نزیکایەتێکیان لەگەڵ ئەو بەها و پرەنسیپانە نیە بەڵکو ڕێک خەسڵەتێکی پێچەوانەی ئەو بەهایانەیان لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا لە خۆیان نیشان داوە ، چەندین ساڵە ئیدیعای چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی ئەکەن بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەندەڵی زیاد ئەکات و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان خراپتر ئەبێت ، بەجۆرێک خەریکە گەندەڵی و خراپەکارەکانی دەسەڵات کۆتایی بە هەرێمی کوردستان دێنێ کە بەرهەمی زیاتر لە سەد ساڵ لە خەبات و قوربانیدانی ئەم گەلە ستەم دیدەیە ، تەنانەت بۆ خودی خۆشیان بەردەوام دەسەڵاتەکانیان لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە کەم ئەکرێتەوە و بچوک ئەکرێتەوە لە ئەنجامی سیاسەت و شێوە حوکومڕانیی خراپ و نادادپەروەری و شکست خواردوویانەوە، سەرباری ئەو حەقیقەتە تاڵە بەڵام ئەوان هەر سەرقاڵی لاف وگەزاف وژیانی شاهانە و مەدح و پێداهەڵدانی خۆیانن .
سیاسەتمەداری چاکەکار و چاکساز و دەوڵەتمەداری باش و سەرکەوتوو لاف و گەزاف لێ نادات بەسەر جەماوەردا و مەدحی خۆی ناکات ، بەڵکو جەماوەر کە لەژێر سایەی حوکومڕانی ئەواندا ژیانێکی شایستەی ئینسانی سەردەمی بۆ فەراهەم کراوە مەدحیان ئەکات و پشتیان ئەگرێ لە هەموو بار و زرووفەکاندا بەتایبەت لە کاتی تەنگانەدا ، هەروەها ئەو خزمەت و باش بەڕێوەبردنی ووڵاتەیان ئەبێتە هۆی بەهێز بوونی ئینتمای نیشتمانی لە لای هاووڵاتیان و لە ئەنجامدا هەموان خاک و ووڵات و دامو دەزگاکانی بەڕێوەبردنیان خۆش ئەوێ و ئەیپارێزن ، لەهەر ووڵاتێک دادپەروەری و باش بەڕێوەبردن هەبوو خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن لە بوارەکانی ئابووری و کولتووری و زانستی و مرۆیی و سیاسەت و ژینگە لەو وڵاتەدا ئەبینینەوە ، بەڵام لەم هەرێمەی ئێمەدا نەک ئەو ڕەگەزانە بەدی ناکەین بەڵکو پێچەوانەکانیان کە بەرەو دوا هاتنەوەی بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا ئەبینین، ساڵانێکی دوورو درێژە لە هەرێمی کوردستان لەسایەی دەسەڵاتی خۆماڵیدا جەماوەری کوردستان پێچەوانەی ئەو بەهایانە ژیانێکی سەخت و بێدادی بەڕێ ئەکەن ، ئەوانیش خۆیان و خانەوادە ومنداڵەکانیان ژیانێکی شاهانە ئەژین ، ئەم خراپ بوونە بەردەوامەی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێم قەدەرێک نیە بەڵکو ئەنجامی خراپی و نەزانی و شکستخواردویی بەڕێوەبەرانی ئەم هەرێمەن ، ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم کە هەمیشە بیریان لای ئەوەیە چۆن ملیۆن دۆلارەکانیان بکەن بە دوو هێندە و سێ هێندە و دە هێندە، بەڵام بۆ جارێکیش بیر لە باشکردنی ژیانی هاووڵاتیان ناکەنەوە نابێت چاوەڕوانیان لەو هاووڵاتیانە هەبێت کە لە ڕۆژی تەنگانەدا فریایان کەون
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *