وەستا جلال
بەشی یکەم
بەرای من تاکو لە مرۆڤ و ماهیەتی کەسیەتی مرۆڤ تێنەگەین، ناتوانن باسی پەروەردەیەکی زانستی و دروستی مرۆڤ بکەین. لەبەرئەوەی کە باسی پەروەردە دەکەین، مەبەستمان پەروەردەی مرۆڤە، بۆیە بە پێویستی دەزانم بۆ تێگەیشتنی زیاتری خوێنەرانی بەرێز سەبارەت بە پەروەردە، پێشەکیەکی کورت سەبارەت بە هۆکارەکانی دروست بوونی کەسیەتی مرۆڤ بکەم.
١-فترەت ٢-جینات ٣- ژینگە ٤-چالاکی فکری.
ئەم چوار خاڵە، کاریگەری جۆراوجۆری گرنگیان لەسەر پێکهاتەی کەسیەتی مرۆڤ هەیە، هەریەکەیان لە کات وشوێنی دیاری کراو، کاریگەریی کورت ماوە یان درێژخایەنیان لەسەر دروستبوونی کەسیەتی مرۆڤ هەیە، هەندێکیان لە رۆژی دروستبوونی منداڵ لەناو سکی دایکیەوە، کاریگەری دادەنێت لەسەر داهاتوی کەسیەتی مرۆڤەکە و تاکو مردن لەگەڵی دەمێنێتەوە، بۆ نمونە، جیناتی ئەو وڵاتانەی کە جەنگیزخان داگیری کردوون، تاك و ئێستا لە ٨٪ جیناتی خەڵکی ئەو ولاتانە، جیناتی جەنگیز خان یان هەیە، بەبێ ئەوەی مرۆڤەکان هیچ کاریگەریان لەسەر هەندێک سفاتی کەسیەتی خۆیان هەبێت. بۆیە ئێمە تا لە مرۆڤ و پێکهاتەی کەسێتی مرۆڤ تێنەگەین، ناتوانین پەروەردەیەکی باشی مرۆڤ بکەین.
بەڵام پێش ئەوەی باسی ئەو چەند خاڵەی سەرەوە بکەم، بە پێویستی دەزانم سەرچاوەیەکی زۆر گرنگ و بە نرخ، بە ئێوەی بەڕێز بناسێنم، تا ئێوەش بتوانن لەم سەرچاوەیە کەڵک وەربگرن. دیارە ئەم سەرچاوەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پەروەردەوە نیە، بەڵام بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتنمان سەبارەت بە کەسییەتی مرۆڤ و چۆنیەتی پەروەردەکردنی.
ئایا مرۆڤ ئازادانە بڕیاردەدات و هەلسوکەوت دەکات یان بونەوەرێکی داڕێژراو مەجبورە، لەژێر کاریگەری فترەت، جینات و ژینگەدایە.
کتێبی پرۆفیسۆر:(ڕۆبێرت مورسی ساپۆلسکی یە، Robert Morris Sapolsky) . ڕۆبێرت ساپۆلیسکی مامۆستای بایۆلۆجی و دەمارە لە زانکۆی ستانفۆرد لە ئەمریکا، خاوەنی چەند کتێبێکی بەنرخە. بەتایبەتی دوو کتێبی زۆر تایبەتی سەبارەت بە پێکهاتەی کەسیەتی مرۆڤ نوسیوە. لەم دوو کتێبەدا چەندین تاقیکردنەوەو نمونەی جۆراوجۆر، لەسەر بڕیار و هەلسوکەوتی منداڵی تەمەن چوار ساڵ و شەش ساڵ باسدەکات. لەڕیگای ئەم تاقیکردنەوانەوە ڕۆبێرت ساپۆلسکی دەیەوێت نیشانی بدات، پەروەردە، جینات، ویراسە و ژینگە چەندە کاریگەریان لەسەر دروست بونی کەسیەتی مرۆڤ هەیە.
)یەکەم کتێبی بەناوی، دیاریکراو: دەربارەی زانستی ژیان، بەبێ ئیرادەی ئازادDetermined: A Science of Life Without Free will)
دووەم کتێبی بەناوی (کردار: سەبارەت بە بایۆلۆجی مرۆڤ لە باشترین حاڵەتدا، Behave : The Biology of Humans at Our Best) .
دیارە ڕۆبێرت ساپۆلسکی بەتەواوەتی باوەڕی بە ئیرادەی ئازاد نیە، دەڵێت مرۆڤ بونەوەرێکی مادیە، بە شێوەی سیستەمی دیاریکراو کاردەکات Deterministic ، بۆیە ساپۆلسکی پێی وانیە، جینات یان ویراسە یان ژینگە، بەتەنها کاریگەریان لەسەر دروستبوونی شەخسیەتی مرۆڤ هەبێت.
بەگوێرەی هەموو لێکۆلینەوەو تاقیکردنەوەیەکی زانستی، ئەگەر کەسییەتی مرۆڤ هەر چیەک بێت لە چوار بەش پێک هاتووە، بۆیە زۆر گرنگە کە دایک و باوک، سیستەمی پەروەردە و فیرکردن، باوەڕیان بەکام یەك لەم بەشانە هەیە کە دەبنە هۆی دروستبوونی مرۆڤ:
خاڵی یەکەم: فترەت
فترەت بابەتێکی فەلسەفیە نەک زانستی، بۆیە ئەگەر ئێمە پێمان وابێت، کە مرۆڤ بونەوەریکی مادی نیە، یان هیچ پەیوەندی بە دونیای مادەوە نیە، یان ئەگەر پێمان وابێت مرۆڤ سەنتەرە ولە هەموو بونەوەرەکانی تر لە پێناو خزمەتی مرۆڤدا دروستکراون، مرۆڤ جیا لە مادە لە شتی تریش دروست کراوە، ئەوە دەبێت باوەڕی تەواومان بە فترەت هەبیت کە مرۆڤ نەگۆڕە و داڕیژراوە، یانی چارەنوسی دیاریکراوە. بەڵام ئەگەر کەسێک پێی وابێت، ئەم دنیایە تەنها دنیای مادەیە، مرۆڤیش وەکو بونەوەریکی مادە سەیردەکات، یان پێی وایە مرۆڤ جیاواز لە مادە لە هیچ شتێکی تر پێکنەهاتووە، ئەوە لە پەروەردەکردندا باوەڕیان بە فترەت نیە.
خاڵی دووەم، جینات، ویراسی
لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٥٠ هەزار جین، لە دایک و باوکەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ، بۆیە دەبینین لە یەک دایک و باوک، لە نێوان منداڵەکان جیاوازی ڕەنگی چاو، پێست و قەد و باڵا هەیە، جینات بە پێچەوانەی فترەت، دەتوانێت باش و خراپی بگوازرێتەوە بۆ منداڵ. بەڵام جینات لە ڕیگای یاسایی خۆیەوە، لە دایک و باوکەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ. بە گشتی جینی تەندروست زیاتر باڵادەست و سەرکەوتوتر دەبێت بەسەر جینی خراپدا. ئەگەر لە نێوان دایک و باوک، یەکێک جینی خراپی هەبێت، خۆش بەختانە جینی خراپ کەمتر دەگوازریتەوە بۆ مندڵ. ئەگەرچی هەر تاکیک دەبێتە خاوەنی جیناتی سەربەخۆی خۆی، هەتا خوشک و براش لە ڕوی جیناتەوە لە یەکتری جیاوازن.
خاڵی سێیەم: شوێن و ژینگە
لە کاتی دروستبونی منداڵ لە ناو زگی دایکیەوە ژینگە کاریگەری هەیە لەسەر ئایندەی کەسییەتی مرۆڤ، هەتا ئەگەر دایکێک دوو منداڵی لە زگی دابێت، یەکێکیان لە منداڵەکە خوێنی کەمتری بۆ بچێت، یان یەکێکیان مەجاڵی جولانەوەی زیاتری هەبێت، کە لە دایک دەبن، ئەو دوو منداڵە تاکوو مردن لەزۆر لایەنەوە جیاوازیان دەبێت، یان بەهۆی ڕوداوی خۆش و ناخۆش، یان بەهۆی وەزعی تەندروستی باش و خراپی فیزیکی و دەرونی دایک، کاریگەریان دەبێت لەسەر ئایندەی کەسییەتی منداڵ.
ژینگەو ویراسە بەیەکەوە، زۆرکاریگەریان لەسەر دروستبوونی ئایندەی کەسێتی مرۆڤ هەیە، ئەگەر ویراسە یان ژینگەی یان پەروەردە بەتەنها کاریگەریان لەسەر منداڵ هەبوایە، لەوانەیە مرۆڤ بە جۆرێکی تر دروست بووایە، بۆیە دەبێت کاری پەروەردە، سەبارەت بە کێشەی ژینگە، جینات و ویراسە، لە کاتی خۆی بەباشی ئەنجام بدرێت، ئەگەر نا کێشە و گرفت بۆئایندەی منداڵ دروست دەکات.
خاڵی چوارەم: چالاکی فکری
لەڕوی زانستیەوە ، بۆ پەروەردە کردنی منداڵ ئایندەی مرۆڤ ، بەتایبەتی لە ولاتانی پێشکوتوو زۆر گرنگی بە چالاکی فکری دەدرێت و کاری پێ دەکەن.ئەگەر کەسێک باوەڕی بەوەیە مرۆڤ، تەنها بونەوەری فیزیکی، مادیە، مەحکوم بە ئازادیە، دەتوانێت ئازادانە بڕیاربدات وهەلبژاردن بکات، بۆخۆی دەتوانێت چارەنوسی خۆی دیاری بکات، مرۆڤ مەجبورو مڵکەچ نیە، مرۆڤ لە ڕوی ئەخلاقیەوە بەرپرسە، لێرەوە چالاکی فکری لە هەستی مرۆڤەوە لە ڕێگای پەروەردە دەست پێ دەکات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *