هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (٢٠/١٠/٢٠٢٤)دا ئەنجامدەدرێت. هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تاکو ئەمڕۆ لە شەش خولدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تیایدا ئەنجامدراوە و رێکخراوە. هەر لە خولی یەکەمەوە پرۆسەی هەڵبژاردن، وەک هەنگاوێکی بەرەی کوردستانی بۆ پڕکردنەوەی بە پەلەی بۆشایی نەبوونی دەسەڵاتی سیاسی و حکومی لە کوردستاندا دوای ڕاپەرین، بەبێ بوونی ژێرخانی سیاسی پێویست بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی ئەنجامدراوە و بەو هۆیەوە دەسەڵاتە حزبیەکانی پارتی و یەکێتی فۆرمی دەسەڵاتی خۆیان گۆڕیوە بۆ دەسەڵاتی حکومی و لەم رێگەیەوە هەرێمیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە.
ئەگەرچی هەرێم لە دوای ساڵی ١٩٩٢ ەوە هیچ جۆرە دەستاودەستکردنێکی دەسەڵاتی سیاسی بەخۆوە نەبینیوە بەڵام ئەگەر ئەوەش رووی بدایە هێشتا بە واتای ئەوە نەبوو ژێرخانی سیاسی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە سیاسیەکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەراهەمبووە و فەراهەمکراوە.
ئەم ژێرخانە خۆی دەبینێتەوە لە بوونی دەستور و یاسا بنچینەییەکان و پرەنسیب و بەها سیاسیەکان. دانانی پرەنسیبەکان و جێگیرکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان (دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) و سەربەخۆییان لە یەکتر، ئەنجامدانی دەنگدان و ڕاپرسی بۆ پەسەندکردنی ئەو پرەنسیب و یاسا بنەڕەتیانە و پابەندی هەموان پێوەی، هاوسەنگکردنی ئەو دەسەڵاتانە بەجۆرێک دەسەڵاتی جێبەجێکردن نەتوانێت دەسەڵاتەکانی تر پەکبخات و لە توانا و هێزیان کەمبکاتەوە، وە دانانی نەخشەی دەسەڵاتدارێتی سیاسی بەجۆرێک حوکمڕانیەکی سیاسی هاوچەرخ فەراهەمبکات، زۆرترین و فراوانترین بەشداری سیاسی خەڵک بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردن و گۆڕینی دەسەڵاتەکان دابینبکات و….تاد.
جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلە سیاسیە گشتیە لە کوردستاندا وایدەخواست تایبەتمەندیەکانی هەرێم و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و شەڕی ناوخۆی پێشووتری پارتە سیاسیەکان و هێزی چەکداری میللیشایی سەر بە حزبەکان لەبەرچاوبگیرێت و بەشێوەیەکی روون و شەفاف نەخشەی دەسەڵاتدارێتی بەجۆرێک رێکبخرێت تا دەسەڵاتی بانتری نیشتمانیی بە میکانیزمی دەستووری و یاسایی لەسەروو دەسەڵاتی حزبەکانەوە دروستبکرێت و بەرۆشنی دەسەڵاتە حزبی و حکومیەکان لێکجیابکرێنەوە، وە هەنگاو بۆ دەسەڵاتێکی نیشتمانی بانتر لە دەسەڵاتی سیاسی پارتەکان بهاوێژرێت، وە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی گشتی وایدەخواست پێکهێنانی هێزی ئاسایشپارێز بسپێردرێت بە هێزی چەکداری پیشەیی و شەعبی و هێزەکانی تر بۆ خۆپاراستن و ئاسایشپارێزی، دروستکردن و رێکخستنی ئەوانە بکرایە بە ئەرکی دەسبەجێی دەسەڵاتە هەڵبژێردراوەکانی خەڵکی کوردستان و لە پرۆسەیەکدا هێزی چەکداری حزبەکان هەڵبوەشایەتەوە و چەک داماڵین بکرایە بە پرۆسەیەکی نیشتمانی.
هەموو ئەو رێکارانە واپێویستی دەکرد دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ئازادی سیاسی فراوان و ئازادی تاک و گرۆ سیاسیەکان و ئازادیە گشتیەکان فەراهەمبکرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنە سیاسیەکان چ بۆ دەنگدان لەسەر دەستوور و بەشداری لەڕاپرسیەکاندا یان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان یان دیاریکردنی دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان بە دروستی و لە کەشێکی سیاسی تەندروستدا بەڕێوەبچن.
ئەم هەنگاوە سیاسیە بنەڕەتیانە لەدوای ساڵی ١٩٩٢ ەوە نەهاوێژراون و هەرێم هێشتا خاوەنی ئەو ژێرخانە سیاسیانە نیە. روخانی دەسەڵاتی بەعس و داڕشتن و دەنگدان لەسەر دەستوری عێراق و هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق بەهۆی جەنگی تائیفی و لاوازی دەسەڵاتی ناوەند و داگیرکاری ئەمریکاوە نەیتوانی ببێت بە بناغە و ژێرخان بۆ هەرێم و رێگایەک بۆ دەرچوون لەو سەرگەردانیە سیاسی و یاسایی و دەستووریەی تیایدا دەژی.
بەهۆی سەقامگیری دەسەڵاتی حزبی-حکومی پارتی و یەکێتی و تایبەتمەندیەکانی تر، لەچەشنی دەستتێوەردانە ناوچەییەکانی ئێران و تورکیا بۆ لاوازکردنی زیاتری قەوارەی هەرێم و وابەستکردنی بەخۆیانەوە، هێشتا ئەو ژێرخانە سیاسیەی سەرەوە فەراهەم نەبووە، وە خەڵکی کوردستان بەردەوام لە بکەربوون و ژیانی سیاسی و بڕیاردان و بەشداری سیاسی دوورخراونەتەوە و سەرکوت کراون و ستەمکاریەکی سیاسی هەمەلایەنە و گشتگیر و خنکێنەر بەسەریاندا سەپێنراوە. کۆنترۆڵی تەواوی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و کۆی جومگە هەستیارەکانی هەرێم لەژێر دەستی پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیاندایە و بەزەبری هێزی سەربازی و میللیشایی جۆراوجۆر بەدەر لە یاسا و دەستوور و حوکمڕانی دەپارێزرێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارە هەرچەند لە قۆناغێکدا بەرەوپێشدەچێت کە تیایدا دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەرێمدا درێژتربووە و چاودێرە بەسەریەوە، بەڵام هێشتا هەنگاوێکی سیاسی رووتەڵ و بێ گیانە، تێکڕای دۆخی سیاسی هەرێم لە قەیرانی سیاسی پێشوو دەربازناکات و بووە بە سەرچاوەی توندبوونەوەی کێشمەکێش لەسەر بەڕێوەبردنی هەرێم لە نێوان لایەنە سیاسیە دەسەڵاتخوازەکاندا لەلایەک و ناڕەزایەتی و دژایەتی و بەرەنگاربوونەوەی زۆرینەی خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتی باودا لەلایەکی ترەوە، هەروەها بووە بە چاوگی سەرهەڵدانی کۆمەڵە لایەنێک وەک ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی کە بانگەشەی گۆڕانکاری سیاسی دەکەن و چاویان بڕیووەتە کۆمەڵە دەسکەوت و ئیمتیازاتێکی سیاسی دەسەڵاتدارێتی و دەسکەوتی شەخسی، وە دواجار بوون بە قەرەقۆزێک لەم دیموکراسیە ساختەیەدا کە پارتی و یەکێتی دیزاینیان کردووە.
لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵکی ئەم هەرێمە بەشێوازی جۆراوجۆر ئەوەی دەربڕیووە ئەم دەسەڵاتەی ناوێت و خوازیاری گۆڕانکاری سیاسی ریشەییە تیایدا، بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ناتوانێت ببێت بە هەنگاوێکی سیاسی- نیشتمانی گشتی بۆ ئەو مەبەستە، تەنانەت بۆ جارێکی تر دۆخی پێشوو، وە هەمان دەسەڵاتی ئۆلیگارشی و ستەمکاری حزبەکان خراپتر لە ڕابردوودا، بەرهەمدەهێنێتەوە. هەر ئەمەیە وایکردووە لایەنە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان لەم پرۆسەیەدا هەر لەئێستاوە خۆیان بۆ سیناریۆی سیاسی خراپتر دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن ئامادەبکەن.
بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە و نەچوونە پای سندوقەکانی دەنگدان ئەکتێکی سیاسی دروستە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەی پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیان زیاتر و زیاتر رەوایەتی نەمێنێت و بەتاک بکەوێتەوە و سزای کارنامە پر لە ستەمکاری و دژی ئازادیەکانی خۆی وەربگرێت، ئەکتێکە بۆ رێگاگرتن لەو سیناریۆ سیاسیە ترسناکانەی لە هەگبەی ئەم هێزە سیاسیانەدایە بۆ قۆرخکاری و مانەوە و پاراستنی دەسەڵاتی سیاسیان.
هاوڕێ لەگەڵ بایکۆت و ئەو ئەکتە سیاسیەدا ئەوەی پێویستە و شیاوە هەڵیبژێرین دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی نوێ یە، بزووتنەوەیەکی سیاسی نیشتمانی ئازادیخوازانەیە، وە پێکهێنانی ژێرخانێکی سیاسیی پتەوە بۆ حوکمڕانیەکی سیاسی نیشتمانی و کردنی بە بنەما بۆ هەڵبژاردنە سیاسیەکانی داهاتوو بە ئاراستەی پێکهێنانی نەخشەیەکی نوێی دەسەڵاتدارێتی سیاسی کە پشتی بە بڕیار و دەنگدان و بەشداری سیاسی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەستبێت.
ناوەندی ئازادی و ژیان
تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *