چەند سەرنجێک لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی بەریتانیاو فەرەنسا*

عەلی مەولود
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە بەریتانیاو فەرەنساو پێشکەوتن و سەرکەوتنی بەرچاوی چەپ، بووە جێگای مشتومڕو شرۆڤەو هەلسەنگاندن و ئەنجامگیری و پێشبینی جۆراوجۆر و بەجۆرێک گۆمی سیاسەتی لەسەر ئاستی جیهان شڵەقاند.
ئێمە هەموو شاهیدی ئەوەین کە نەخۆشی کۆرۆنا – کۆڤید ١٩ – بۆ ماوەیەک کۆمەڵگای راگرت و نیشانیدا کە سیستەمی مەوجود بێتوانایە لە دابینکردنی سیستەمێکی تەندرووستی گشتی و ئەو خەرجیە زەبەلاحەی کرا بۆ چارەسەر و بەرپێگرتنی ئەو نەخۆشیە جیهانگیرە، ئاکامەکەی لەلایەک بووە هۆی لاوازکردنی سیستەمی تەندرووستی گشتی و گرانی پێداویستیە سەرەکیەکانی ژیان و بێکاری و لەلایەکی تریشەوە بووە هۆی دەوڵەمەندتر بوونی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان.
بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو هەوڵدرا ئەو خەرجیانەی لەخەزێنەی گشتی دەرهێنران، لە قوت و ژیانی خەڵک وەربگیرێتەوەو خزمەتگوزاریەکان و بیمەکان، رۆڵ و بەرپرسیارێتی دەوڵەت لە ژیانی گشتی و بەشی خەڵک لەداهات کەمبکرێتەوە. یەکێک لەو سەرزەمینانەی کە ئەم دووئاراستە دژبەیەکە ( زیادکردنی قازانج بۆ کەرتی تایبەت و لێگرتنەوە لەخەڵک) تیایدا رەنگیدایەوە، ئەورووپا بوو.
کێشەیەکی تر کە ئەمساڵانە بەرۆکی بە ئەوروپا گرتووە، شەڕی ئۆکرانیایە، یان باشترە بڵێین سەڕی روسیا – ناتۆیە لە ئۆکرانیا، کە بەشێوەیەکی گشتی ئەورووپا تیوەیگڵاوەو بووەتە مایەی قەیرانی سوتەمەنی و ئابووری و گرانبوونی بازاڕو زیاد بوونی ژمارەی پەنابەران و سووڕانەوەی تارمایی شەڕی سێهەمی جیهانی و زیاد بوونی هەژموونی ئەمریکا بەسەر سیاسەتی فەرمی ئەوروپادا.
پەرەسەندنی بزووتنەوەی سیاسی راستی توندڕەو لەناوەندە سیاسیەکانی ئەورووپا، یەکێکی تر لەو کێشانەیە کە بەرۆکی وڵاتانی ئەورووپای گرتووەو خستوویەتیە بەردەم چارەنووسی مەترسیدار، بەتایبەتی کە ئەورووپاو جیهانیش، نازیزم و فاشیزمیان ئەزموونکرووە.
ئەورووپا پشکی شێری بەردەکەوێت لە ڕووتێکردنی پەنابەراندا، کە بەهۆی مامەڵەی راسیستی باڵی راستەوە بووەتە کێشەیەکی ناوخۆیی بۆیان و لەڕووی سیاسی و دیمۆگرافیەوە وەک مەترسیەک سەیر دەکرێت، بۆ نمونە رەنگە لەهەندێک وڵاتی ئەوروپی، ئیسلامی سیاسی بە نەریت و تایبەتمەندی خۆیەوە، لەڕێگای هەڵبژاردن و سندووقەکانی دەنگدانەوە بگاتە دەسەڵات.
بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی سەرەوە هەستی ئەوە زیادیکردووە کە وڵاتانی ئەورووپا پێویستیان بە دەوڵەتی بەهێز هەیە، وە پەرەپێدانی ئەو پروپاگەندانەش کە چەپەکان بەهۆی سیاسەتی مرۆڤدۆستی و هاووڵاتیبوونی یەکسان و هەوڵدان بۆ زیادکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان و لایەنگری لەمافی پەنابەران و دژایەتی لەگەڵ شەڕو نەیاری لەگەڵ نەژادپەرستی، ناتوانێت هەوێنی دەوڵەتێکی بەهێز بێت، لەوجۆرەی سەرمایەداری دەیەوێت.
ئەگەرچی چەپ لەدوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت گورزی گەورەی بەرکەوت و بەشێکی لەئاکامی ئەو گورزە بەتەواوی بەرەو راستڕەوی رۆیشت و بەشێکیشی لەجیاتی ئەوەی بەگوێرەی سەردەم خۆی نوێبکاتەوە زیاتر نووسا بە شێوەکاری نەریتیەوەو بەئومێدی ئەوەی بە مەلەوانی باوک و باپیری بپەڕێتەوە، درێژەی بەخۆیداو بەشێوەی جۆراوجۆریش لەبەڕێوەبردنی کۆمەڵگا تاقیکرابوونەوە.
چەپ هەم لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدان کە سۆسیالدیموکراتەکان بەزۆری پشتیان پێدەبەست وە هەم لەڕێگای شۆڕشی کرێکاریەوە کە سۆسیالیستەکان و کۆمۆنیستەکان پشتی پێدەبەستن، تووشی بنبەست بوون و چوونە کۆڵانی داخراوەوە.
ئەوەی ئێستا دەیبینین گەشەو پێشڕەوی چەپ خۆی نیە بەڵکو پەرچەکرداری خەڵکە لە ترسی بەرەی راستی توندڕەو، ئەم بەرەی راستە رووی لەفاشیزمە، وە رێگەچارەکانی ئەم بەرەی راستە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا، لەخودی کێشەکان خراپترە، بۆ نمونە
– بۆ وەلامدانەوەی ئەزمەی ئابووری گوشاری زیاتر دەخاتە سەرخەڵک و هەوڵدەدات دەسکەوتەکانیان لێبسەنێتەوەو بەشی خەڵک لەداهات و سامانی گشتی کەمبکاتەوە.
– مەسەلەی پەنابەری بەرەو راسیزم پاڵپێوەدەنێت.
– جیاوازی چینایەتی قوڵتر دەکاتەوە، قازانجی زۆر بۆ کەمینەو سکهەڵگوشین بۆ زۆرینە دەکاتە تەوەری سەرەکی سیاسەتی ئابووری.
– ناکۆکیەکانی لەگەڵ رووسیاو چین خەریکە بە هەڵگیرسانی جەنگ وەڵامدەداتەوە
– رووی لەدامەزراندنی دەوڵەتی بەهێزی سەربازییە.
– لەڕێگای ناتۆوەو بەناوی بەرگرتن بەمەترسیەکانی رووسیا، دەستی شەڕەنگێزی و پیلانگێڕی ئەمریکای لەئەوروپا درێژتر کردووە.
– بێدەربەستی و تەنانەت دەست لەپشدانی باڵێ راست بۆ هەردوو دەوڵەتی فاشتی ئیسرائیل و تورکیا، لەبەرامبەر کۆمەڵکوژی و داگیرکاری خەڵکی فەلەستین و خەڵکی کوردستان، زیادیکردووە.
هەردوو کۆمەڵگای بەریتانیاو فەرەنسا بەتایبەتی گەنجەکانی، بەشێوەی کۆمەڵایەتی وەڵامیان بەو مەترسیانە دایەوە.
چەپ دەبێت بەشێک بێت لەچارەسەر، ئەو متمانەیەی لە بەریتانیاو فەرەنسا پێیاندراوە سەرەتایەک بێت بۆ هەستانەوەو بووژانەوە، بەم دۆخەی ئێستاوە چەپ نەک هەر ناتوانێت وەڵامی پرسیارە سەرەکیەکان بداتەوەو کۆمەڵگای سەرمایەداری تێپەڕبکات، بەڵکو ئەو متمانەیەش کە ئێستا پێیبەخشراوە کاتی دەبێت، ئەگەر واوەتر نەچێت و لەدەرەوەی سیستەمی مەوجود چارەسەرێک پێشکەش نەکات.
ئەم هەڵبژاردنەی بەریتانیاو فەرەنسا کۆمەڵێک وانەی تێدایە بۆ چەپ بەگشتی، لەهەموو شوێنێکی جیهان دەتوانین سوودی لێببینین و لەبەرچاوی بگرین:
– خەڵک، جەماوەر، زۆرجار لە کاتە هەستیارو پێویستەکاندا بەشێوەی خۆڕسک و کۆمەڵایەتی بڕیاری خۆی دەدات کە مەرج نیە درێژەی حساباتی سیاسی لایەنە سیاسیەکان بێت.
– کۆمەڵایەتی بوونەوەی ئەکتی سیاسی و قەتیس نەمان و گیرنەخواردنی لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزبەکانداو تێپەڕکردنی دیواری تەشکیلاتی پارتەکان، هەروەک لە شۆڕشی ژینا لەئێرانیش بینیمان.
– گرنگی بەشداری خەڵک و جەماوەر لە بڕیاری سیاسیداو لەجیاتی هەوڵدان بۆئەوەی خەڵک ببن بەبەشێک لە حیزبەکان، بەپێچەوانەوە حیزبەکان ببن بە بەشێک لەخەڵک و بڕیار بدرێتەوە دەست خەڵک.
– پێکهێنانی هاوپەیمانی و یەکیەتی رێزەکان لەسەر بنەمای ئامانجی گشتی خەڵک و خاڵەهاوبەشەکان، لەجیاتی زەقکردنەوەی جیاوازیەکان و ناکۆکیەکان.
– سەرباری ئەوەی دیموکراتی پەرلەمانی کورتی هێناوە لە تێپەڕکردنی کێشە بنەڕەتیەکان و خواستە سەرەکیەکانی کۆمەڵگای مرۆیی بۆ ژیانێکی باشتر، ئازاد، هاوبەش، ئارام و بەختەوەر، بەڵام نابێت ئەم بوارە بەکەمبگیرێت و بەجێبهێڵرێت بۆ بەرەی راست و پێویستە کەڵکی لێوەربگیرێت، گرنگی بدرێت بەوەی بڕیار بدرێتەوە دەست جەماوەر.
– ژنان و لاوان رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە پشتیوانیکردنی چەپ لە هەڵبژاردنەکانی بەریتانیاو فەرەنساو ئەمە لەزۆر شوێنی تریش بەرچاو دەکەوێت ( بۆنمونە لەشۆڕشی ژینا لەئێران) بۆیە پێویستە وەک بکەرێکی سیاسی گرنگ و پێشڕەو، بۆ ژیانێکی ئازادو بەختەوەر لەبەرچاو بگیرێن، نەک وەکو پاشکۆی ئامانج و سیاسەتی هیچ بزووتنەوەیەکی تر.
پێشمەرجی بووژانەوەی چەپ ئەوەیە خۆی لەگەڵ هەلومەرجی نوێ بگونجێنێت و چارەسەری نەخۆشیەکانی خۆی بکات. ئەوەندە دەست نەگرێ بەرابردووەوە کە تێیدا ون بێت و نەتوانێت کۆمەڵگای سەردەمی خۆی ببینێت، سیاسەت و ستراتیژی لەدەقەکانەوە دەرنەکێشێت، ژیانی ئازادو بەختەوەر بەمافی هەمووان ببینێت نەک تەنها بەشێک.
چەپ شانسی هەستانەوەی هەیەو هێشتا لەمپەرێکە لەبەردەم شۆڤێنیزم و بەربەریەتی سەرمایەداری و راسیزم و داگیرکاری، ئەوە لە بڕیاری بەکۆمەڵی خەڵک لە هەڵبژاردنی فەرەنساو بەریتانیا خۆی نمایش کرد.
وتنەوەی سروودی ئەنتەرناسیوناڵ بۆ گوزارشتکردن لەو سەرکەوتنە، ئەو پەیامەی گەیاند کە: ئەی رەقیب، هەرماوە چەپ، زیندووەو قەت نامری و نایشکێنی دانەری تۆپی زەمان.**
___________________
* پوختەیەکە لە چاوپێکەوتنێک لە بەرنامەی تایبەتی تەلەفیزیۆنی کۆمەڵە
** بەشێک لە هۆنراوەی ئەی رەقیبی – دڵدار

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…