گۆڕینی دەسەڵات یان گۆڕانی ژیان؟! با پێکەوە بیربکەینەوە

گۆڕینی دەسەڵات یان گۆڕانی ژیان؟! با پێکەوە بیربکەینەوە

عەلی مەولود

لەدووتوێ کتێبێکدا* تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی هاوڕێیان : گۆنا سعید، ئەکرەم سعید، سامان کەریم و ئاسۆ کمال، لە چوار باسی جیاوازدا کۆمەڵێک سەرخەت و بۆچوونیان سەبارەت بە چەمک و ئەکتی شۆڕش خستۆتە ڕوو. وە لەو پەیوەندەوە رەخنە لە ئەزموونەکانی پێشوو گیراوەو بەهۆکاری سەرەکی سەرنەکەوتنی چینی کرێکارو لاڕێبوونی شۆڕشە سۆسیالیستیەکان دانراون.

لە بەرایی کتێبەکەدا “چەند دێڕێک” نووسراوەو لەدەستپێکدا هاتووە کە ” دەمانەوێت ئەزمونێکی نوێ بهێنینە سەر شانۆی خەباتی کۆمۆنیستەکان ” بەرای من مشتومڕو بیروڕا گۆڕینەوە لەوبارەیەوە، وە کارکردن بەو ئاقارەدا، بەدوور لە دەمارگیری سکتاریستی و مەحفەلی، کارێکی باش و پێویستەو مایەی پێشوازییە.

ئێستا ئیتر زۆربەمان بەو ئەنجامە گەیشتووین کە ئەزموونەکانی پێشوو، سەربەخۆ لەوەی لەکاتی خۆیدا راست بوون یان هەڵە، بەشێوەی لاسایی کردنەوەو دەق خواستن و فۆرم وەرگرتن، کارناکەن و پێویستیان بە وردبینی و زیادوکەم کردن و تەنانەت گۆڕین هەیە. بەڵام ئەو ئەزموونە نوێیەی وەک پێویستی خەبات و بەرەنگاری ئەم سەردەمە باسیدەکرێت، پێویستە لە رەخنەکردنی رابردوو واوەتر بچێت و بەکردەوە ئەزموونێکی نوێ بخاتە بەردەست.

لەو بارەیەوە هەوڵی جۆراوجۆر هەیەو ئێمەش دەمێکە لەسەر ئەو پرسە کاردەکەین و پێمانوایە لەڕووی بەرەنگاری و وەستانەوە لە بەرامبەر سیستەم و هەلومەرجی باو، وە بۆ ئالوگۆڕی کۆمەڵگاو بکەری ئەو ئاڵوگۆڕە، پێویستە بە تێگەیشتنی نوێوە تێهەڵچینەوەو بووژانەوەیەک و هەستانەوەیەک روو بدات. ئەوەی من لێرەدا دەینووسم، بەشداریکردنێکی خاکەڕایانەیە لەو وتووێژانە.

سەرەتا ئەوە بڵێم کە ئەگەر ئامانج بەدیهاتنی ئەڵتەرناتیڤە، هەم بۆ ئەزموونەکانی رابردوو، هەم بۆ سیستەمی باو، دەستپێکردن لە ناسینی کۆمەڵگەی ئێستاو ئامادەکاریەکان و پێداویستیە سیاسی و رێکخراوەییەکانی بەرەنگاربوونەوەی، وە نەخشەڕێگاو جیهانبینی سەبارەت بە کۆمەڵگەی داهاتوو، بابەتی زۆر گرنگن.

بەڵام ئەوەی لەم کتێبەدا هەموو باسەکان خراونەتە خزمەتیەوە، ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لە حاکمەوە بۆ مەحکوم، بەدەسەڵاتگەیشتنی چینی کرێکارە بەهەمان تێگەیشتنی باو، ئەوەش ناونراوە “شۆڕشی سۆسیالیستی” لەکاتێکدا بەپێی پێناسە شۆڕشی سۆسیالیستی دەبێت مانایەکی کۆمەڵایەتی، ئابووری، هزری، ئینجا سیاسی هەبێت و دامەزراندنی شێوەیەکی تر لەژیان و بەها، وە کەلتوورو شارستانیەتێکی نوێ بێت.

گەرچی باسەکان لەژێر ٤ ناونیشانی جیاواز دان و ٤ کەسی جیاواز ئامادەیانکردووە، بەڵام بەگشتی بەستەری ئەنجامگیریەکانیان بریتیە لە: شۆڕشی سۆسیالیستی، کە کرێکار بەرپای دەکات و تیایدا دەبێت بەدەسەڵات، وە ئەمە بەخاڵی جیاکەرەوە دانراوە لەگەڵ سۆسیالیزمەکانی تر.

هەڵبەت هەڵسەنگاندن و رەخنە لێگرتن و قبووڵکردن و نەکردنی هەر ئەزموونێک و لەمەحەکدانی هەر رەوتێک، لەسەر بنەمای پیرۆزکردنی چینی کرێکارو پەیوەندی بە خەباتەکەیەوە، ئەوەندە دووبارە بۆتەوە، سوواوە، کەم رەوتی سۆسیالیستی هەیە دەرەوەی خۆی بە (ناکرێکاری) تاوانبار نەکردبێت و خۆیشی لەدەرەوە بە (ناکرێکاری) تاوانبار نەکرابێت. ئەم تەلیسمە هەرگیز نەکرایەوەو بووە بە ئەڵقەیەکی ون لە بینین و ناسینی خەباتی کرێکاران و گرێدانەوەی بە سیاسەتی سۆسیالیستەکانەوە.

خودایەک بەناوی چینی کرێکارەوە درووستکراوە بۆ پەرستن، ئەو کراوە بە چەقی سیاسەت، رۆڵێکی ئەفسانەیی پێدراوەو کافرو ئیمانداری پێ پێوانەدەکرێت. ئەمە نەک هەر نەبووەتە مایەی هێزبەخشین، بەڵکو بەشێکی زۆر لە هێزو ئینەرژی بە هەدەر داوە، تەفرەقەو دووبەرەکی درووستکردووە، کە ئەوە هیچ خەتایەکی کرێکاری تێدا نیەو نەخۆشیەکە کەوتۆتە ناو کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان و دووبارەکردنەوەی هیچ گرێیەکمان بۆ ناکاتەوەو پێویستە لەشوێنێک بووەستێت.

دکتۆرێک دەناسم شارەزایی زۆری لە زەوی ناسی و پێهاتەکانی هەیەو زۆر زانستیانە باسی هەموو شتێک لەبارەیانەوە دەکات، بەڵام لەکۆتاییدا دەڵێت ( سبحان اللە عزوجل) ئاوا رێکی خستووە، بەبڕوای من ئەگەر کرێکاری بەخواکردو وەکو خۆی نەناسین، لێکۆڵینەوەکان و رەخنەکان هەرچەند راست و زانستیش بن هەر نابن بە بۆچوونی مادی، گرفتی سەرەکی ئەم مۆدێلەی کۆمۆنیزم، کرێکارو پرۆلیتاریای کردووە بە خودای خۆی و وەک خوداکەی ئاسمان هەموو ئەمرو نەهییەک بەناوی ئەوەوە دەکرێت، بەبێ ئەوەی خۆی ئاگای لێ بێت.

لەباسی یەکەمی ئەو کتێبەدا (لاپەڕە١١- ١٢) هاتووە کە:

” شۆڕشی کرێکاری سەدەی ٢١ جارێکی تر پێویستی بە پێناسەکردنەوەی خۆی و ئەرک و ئامانجەکانی و بەرنامەی عەمەلی خۆی هەیە لە دنیای گلۆباڵی سەرمایەداری و نیولیبرالی ئێستادا. … فکرە و ئایدیای شۆڕشی کرێکاری و ئەرکەکانی، وەک خودی خەباتی چینایەتی کرێکاران، گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە.  بەپێی ئەو گەشەیەی ئە م چینە کردویەتی لەم سەرمایەداریە گەشەکردوەدا، مۆدێل و ئایدیا و بەرنامەی کرێکاران بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی پێویستی بە دوبارە پێناسەکردنەوەی ئامانج و ئەرکەکانی شۆڕشی کرێکاری ئەم دەورەیەیە، کە بێگومان خۆجیاکردنەوەشە لە مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و بەرنامەی دیموکراتی کردنی سەرمایەداری، وە نەمانەوەیە لە قاڵبە سیاسی و حزبیەکانی ئەم جۆرە سۆشیالیزمەی سەدەکانی ڕابردوودا.”

بەڵام کتێبەکە بەشوێن ئەمەدا ناڕوات و قاچی لەرابردوو دەرناچێ، دیسان لەهەمان بازنەی داخراودا، هۆکاری بەلاڕێداچوون و سەرنەکەوتنەکان دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی چینی کرێکار سەنتەر نەبووەو رۆڵی رابەری فریادڕەسی نەدراوەتێ و دەسەڵاتی نەخراوەتە بەردەست. وە گەڕانەوە بۆ چەمکەکان و تێگەیشتنەکانی ئەنتەرناسیوناڵی یەکەم بەچارە دەزانێت، لەکاتێکدا ئەنگڵس، وەک بنیاتنەرێکی و نزیکترین هاوڕێ و هاوفکرو هاوڕێبازی مارکس، لەئەنتەرناسیوناڵی دووەم ئاڵوڕی بەسەرداهێنا.

کرێکاران و خەبات و هەوڵەکانیان بەشێک بوون لە شۆڕشەکانی رابردوو، بەتایبەتی سەدەی ١٩، کە ئەم کتێبە وەکو ئەزموونێکی خواستراو دەگەڕێتەوە سەری، سەردەمی زێڕینی بەشداری سیاسی کرێکارانە لە ئەوروپا، کە سەرەنجام سۆشیالدیموکراتی پێشخست، ئەگەر رەخنەیەک و پێداچوونەوەیەک بە پێشوودا پێویستە، کرێکارانیش لەوە بەدەر نین و بەشێک لەوەی پێویستە پێیدابچینەوە ئەو رۆڵ و ئەرکەیە کە لێیان داوادەکرێت و ئەوان دەرەقەتی نایەن.

هەرچەندە کتێبەکە زانیاری و داتای زۆری تێدایە کە نیشاندەدات هەم سەرمایەداری و هەم کرێکاران گۆڕاون، بەڵام هەرئەچێتەوە سەر سیناریۆ کۆنەکان و پاڵەوانە خوازراوەکەی لە دەقە کۆنەکان وەردەگرێت، مەسەلێکی کوردی هەیە دەڵێت: شەڕکەر وازیهێناوە ناوبژیوان وازناهێنێت، ئێستا بەشاهیدی ئەم کتێبەش چیرۆک و سیناریۆی تر لەئارادایە، بەڵام ناوبژیوانەکان (رۆشنبیرانی کرێکار) ** وازناهێنن.

بۆ کردنەوەی ئەم گرێیە، پێویست بوو ئەو کتێبە نیشانیبدات ئەم بکەرە شۆڕشگێڕە (کرێکار) کێیە، ئەکتی ئەو (بەفاکت) لەپرۆسەی ژیانی ئەمڕۆدا چیەو کام بەشی کۆمەڵ دەگرێتەوە و چ نمونەیەکی لەخۆی نیشانداوە بۆ کۆمەڵگەی داهاتوو، لەدەرەوەی ئەو رۆڵ و پێناسەیەی کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان پێیدەبەخشن، خۆی خاوەنی چ پەیامێکە.

لە سیاسەتدا خراپترین شت ئەوەیە بابەتی کاری خۆت نەناسیت، بەداخەوە ئەو چینەی لەهەژماری سۆسیالیستەکاندا، کۆمەڵگا رزگاردەکات، هێشتا لە سەر پێناسەکردنەکەی جیاوازی هەیە.

لە ناسینی بەشێکدا، چینی کرێکار، بریتییە لە: ئەوانەی لەپرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، بەکرێ کاردەکەن ( عمال – کاریگر – worker) و زێدەبایی  بەرهەمدێنن، یان ئامادەن بەکرێ هێزی کاری خۆیان بەخاوەنکارێک بفرۆشن (بێکاران)، لەم تێگەیشتنەدا چینی کرێکار، خۆڕسک شۆڕشگێرە، بە غەریزە خاوەنی پەیامی ئازادی و یەکسانیە، فریادرەسە، رابەرو پێشڕەوە، کرێکارانی پێشەسازی (پرۆلیتاریا) پێشەنگ و کرێکارانی سۆسیالیست رێکخەرو رێنیشاندەرن. ئەوانەی دەکەونە نێوان کرێکارو بۆرژوازییەوە چینی ناوەڕاست و وردەبۆرژوازین و هاوڕێی نیوەی رێگاو شۆڕشگێڕی نیوەناچڵن، ئەمانەو ژنانی ستەملێکراو و نەتەوەو کەمینە ژێردەستەکانیش بۆ ئەوەی رزگاربن، دەبێت رابەرایەتی کرێکاران قبووڵ بکەن.

هەندێک پێیانوایە هەموو ئەوانەی لە بواری کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، بەکرێ و موچە کار دەکەن (کرێکار، کارگوزار، فەرمانبەر، کارمەند، مامۆستا …) کرێکارن. بەڵام جوتیار، کاسپکار، دۆکاندار، ستەملێکراوان، ژنان، هەژاران، زەحمەتکێشان، رەنجدەر، دەستفرۆش، بێکار، خوێندکار، خانەنشین، شۆفێر، کشتیار، پیشەوەر، ئەوانەی کاری مەکتەبی دەکەن، کۆڵبەران، زیندانیان، سەربازان، …. دەکەونە دەرەوەی بازنەی چینی کرێکار، لەکاتێکدا پۆتانشێڵ و ئینەرژی شۆڕشگێڕانەی زۆریان تێدایە و لەزۆر شۆڕش و راپەڕیندا پێش کرێکاران کەوتوون.

هەندێک دەڵێن لە دەرەوەی چینی بۆرژوازی، هەموو ئەوانەی کاردەکەن، (ئەگەر بۆ خۆشیان کار بکەن) سەر بەچینی کرێکارانن، کە ئەو ئامارەی لە لاپەڕە ١٦٧ی باسەکەی هاوڕێ گۆنادا هاتووە بەهێزی کار ناوی دەبات

لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ژمارەی هێزی کار لە جیهاندا خۆی دەدات لە  نزیکەی ٣.٦ ملیار کەس ، کە پێشبینی دەکرێت ساڵانە نزیکەی ٣٥ ملیۆن کەس زیاد بکات بەهۆی گەشەی دانیشتوانی تەمەنی کارکردنەوە ( سەروو ١٥ ساڵ) . لەم ژمارەیە ٣.٤ ملیار کەس لەسەر کارن و ئەوانی تر بێکارن .

بەگوێرەی ئەم پێناسەیەش ( کرێ کار) ناوێکی گونجاو نیە، لەبەرئەوەی هەمووان خۆیان بەکرێکار نازانن و ژمارەی “هێزی کار” زۆر زیاترە لەوانەی ” کاری بەکرێ” دەکەن.

سەرەڕای ئەم پێناسە جیاوازانە تەنانەت کرێکاران لەناوخۆشیاندا یەک چینی هاوچەشن نین، راستە هەموویان بەکرێ کاردەکەن بەڵام پلەبەندی “سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی” سەرمایەداری گواستراوەتەوە ناو کارو ژیانی ئەوانیش، ئاستی ژیان و رادەی چەوساندنەوەی هەموویان وەکیەک نییە، هەندێکیان بەڕێوەبەری چەوساندنەوەی ئەوانی ترن و موچەو هەقدەستی جیاواز وەردەگرن، جیاوازی هەیە لەنێوان کرێکارانی ناوخۆیی و بیانی، کاتی و هەمیشەیی، پێشەسازی و ناپیشەسازی، کارامەو سەرەتایی، بەشێکی بەرچاو لەکرێکاران، وەک پێناسە باوەکە لەموڵکایەتی دانەماڵراون و ئێستا خاوەنی موڵکایەتین، ئەمانە وایکردووە داخوازی و ئامانجی جیاوازیان هەبێت.

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پێشەسازی، ژمارەی کرێکاران بەشێوەی بەرچاو زیادیکردو ئەمەش رۆڵی ئەوی هەم لە بەرهەمهێنان و هەم لە بەرەنگاریدا بردە سەر، بزووتنەوەی سۆسیالیستی تواناکانی تەقاندەوە، تائاستی ئەوەی سەرمایەداری ناچاربێت سازشی لەگەڵ بکات، بەڵام ئەمە وەک هەر دەرکەوتەیەکی مێژوو ئەبەدی نیە، لەدوای سەدەی ١٩ لاوازبووەو لەگەڵ شکشتی حیزبە کۆمۆنیستەکانی سەدەی بیستیش بەهەنگاوی گەورە چۆتە دواوە.

 کۆمەڵگای ئێستا سیستەمی سەرمایەداری بەگوێرەی قازانج و بەرژەوەندی کەمینەیەک رێکیخستتوە، بەشێک لە مرۆڤەکان لەڕێگای کڕینی هێزی کاریانەوە دەچەوسێنرێنەوەو بەشێکیش لەرێگای پەراوێزخستن و لێسەندنەوەی مافی کارکردن، وە جیاوازی (رەگەزی، نەتەوەیی، نیشتمانی، ئاینی، تەمەن، ئاستی ژیان و گوزەران، رەچەڵەک، پلەبەندی کۆمەڵایەتی و وەزیفی) ستەمیان لێدەکرێت.

ئەوەی پێویست و گرنگە نەمانی ئەو ستەم چەوساندنەوەیە، کە جگە لە ستەمکاران و چەوسێنەران، هەمووان بەرژەوەندییان تیایدا هەیەو لە گۆڕین و بەرەنگابوونەوەیدا دەتوانن بەشدارو چالاک بن، ئەگەر بەشێک لەوان بە ناوی “چینی کرێکار” جیابکرێتەوە نابێتە هۆی بەخشینی هێز، بەڵکو تواناکان پەرت و ریزەکان کەرت دەکات، بۆیە باشترە ناوێکی گونجاوتر بەکاربێت کە چەوساوەو ستەملێکراوان کۆبکاتەوەو گوزارشت بێت لە ( هێزی کار – کارکەران – شغیلة). وە بەرەنگاری و تواناکانی ئەوان بۆ ئەو ژیانە نوێیە رێکبخرێت و بە سیاسەت و باوەڕی ئازادیخوازی و ژیانخوازی پەروەردە بکرێت، گرنگی مارکس و ئەنتەرناسیونالی یەک لەوەدابوو کە بەوشێوەیە بکەری گۆرانکاری سەردەمی خۆیان دەستنیشانکرد.

تارادەیەکی زۆر هاوڕایی هەیە لەسەر پێویستی تێپەڕکردنی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ناچینایەتی ئازاد، بەڵام بارکردنی ئەم ئەرکە بەتەنها  لە ئەستۆی کرێکار، کە زۆرتر خەباتی ئابووری و سەندیکایی دەکات بۆ باشترکردن یان پاراستنی کارو ژیانی و وەک هەربەشێکی تری کۆمەڵگا دەتوانێت  لەشۆڕش و راپەڕین و خۆرێکخستنی سیاسیدا ئامادە بێت، جگە لەوەی لە هێزێکی فراوانی خەڵک دایاندەبڕێت، هاوکات هێزی گۆڕانکاریش لاواز دەکات.

بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی نوێی ئازادو هاوبەش، پێویستە پشت ببەسترێت بە خەبات و بەرەنگاریەکی هاوبەش، خەبات بۆ ژیانێکی حەساوەی دوور لەشەڕو دووژمنایەتی، بۆ دابەشکردنی عادیلانەی سەروەت و سامان، بۆ ئازادیەکان، بۆ دیموکراسی راستەوخۆ، بۆ پاراستنی ژینگە، بۆ دابینبوونی خزمەتگوزاریەکان، خەبات دژی بێکاری، دژی جیاکاری رەگەزی، دژی ستەمی نەتەوایەتی، خەباتی کرێکاران، ژنان، لاوان، فەرمانبەران و موچەخۆران، … تاد.

کۆمەڵگای ئازادو هاوبەش بە واتای رزگارکردنی کۆمەڵگایە لە دابەشبوونی چینایەتی و چەوسانەوەو ستەمکاریەک کە بەهۆی ئەوەوە بەڕێوەدەچێت، نەک رزگارکردنی چینی کرێکار بەتەنها، لەو کۆمەڵگا نوێیە خستنەگەڕی سەرمایە بۆ قازانج و کاری بەکرێ هەڵدەوەشێنەوە، واتا کرێکار نامێنێت و هەمووان کاردەکەن، دەسەڵات و حکومەتی کرێکاری و دیکتاتۆری پرۆلیتاریا، کە لە مێژوودا بوون بە دیکتاتۆرییەتی حیزبی و دەستەبژێری سیاسی، شێوازو ناوێکی گونجاو نیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای ئازادو خۆبەڕیوەبەر.

کۆمەڵگای ئازاد، یانی درووستکردنی ژیانێکی نوێ، کە هەڵگری بەهاو ئەخلاقیاتی ئینسانیە، لە بنەڕەتەوە جیاوازو نەکوڵۆکە لەگەڵ بەهاو ئەخلاقیات و شێوەژیانی باو، بنیاتنەران و بەدیهێنەرانی ئەم ژیانە نوێیە، سەر بەهەر چین و توێژێک بن، پێویستە پێشوەختە ئەو بەهاو ئەخلاق و ژیانبینیە لەناویدا کاربکات و لە هزرو پراتیکیدا رەنگ بداتەوە.

#image_title

مرۆڤ و خواستەکانی و ئامانج و خولیایەک کە هەیەتی دەتوانن ببن بە بنەمای سیاسەتی زەمانی خۆیان و هۆکارو سەرچاوەی گۆڕانکاری گەورە بن، نەک خولانەوە لە بازنەی شتێکدا کە کاتی خۆی باش بووە. ئێستا ئیتر دەبێت بە گوێرەی سەردەمی خۆمان خەبات و بەرەنگاریمان رێکبخەین، هێز ئاراستە بکەین و ئامانجەکانمان دیاری بکەین، بەر لەهەموو شتێکیش دەبێت خۆ لە زهنگەرایی و ئایدۆلۆژیگەری و دەسەڵاتخوازی بپارێزین.

لەسەدەی ٢١ ، هەم رۆڵی حیزبە نەریتیەکان و هەم رۆڵی چینی کرێکار لە گۆڕین و دەسکاریکردنی کۆمەڵگا دابەزیوە، بۆشاییەک لە رێکخستنی سیاسی خەباتی کۆمەڵایەتیدا بەدیهاتووە، بۆیە پێویستە بیر لە شێوازیکی تری خۆرێکخستن بکرێتەوە کە لەگەڵ هەلومەرجی ئێستا گونجاو بێت، ئەو شێوازە نوێیە بەدڵنیایی گەڕانەوە نیە بۆ رۆڵی کرێکاران لەسەدەی ١٩ و رۆڵی حیزبە نەریتیەکان، لەسەدەی ٢٠ ، کە ئامرازو ناوەندی رێکخستن و یەکگرتن، پەروەردەو پێگەیاندن، سیاسەتکردن و گۆڕانکاری سیاسی بوون، لەسەردەمی خۆیاندا.

بەڵام دەتوانین و پێویستە وەک ئەوانەی پێش خۆمان سوود وەرگرین لەو هەموو میراتە پڕبایەخەی، کە لە بواری هزری و سیاسی و رێکخراوەیی و بەڕێوەبەری و شێوازی خەبات، بۆ ئازادی و ژیانخوازی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەدەستهاتوون، بۆ ئەوەی جوڵانەوەیەکی نوێ، بەئاراستەی جێگرەوەیەکی واقیعی بۆ سیستەمی باو و کۆمەڵگای باو و ژیانی باو بەرهەمبێنێت.

گۆڕانێکی گرنگ و کاریگەر کە سەدەی٢٠ لە سەدەی ١٩ جیادەکاتەوە، درووستبوونی حیزبە سیاسیەکان بوو، حیزبەکان ئەو بۆشاییەیان پڕکردەوە کە کرێکاران لە خەبات و بەرەنگاریدا جێیان هێشتبوو، کە حیزبی بەلشەفی پێشڕەوی گەورە تێدا نواند. کرێکاران کە سەدەی ١٩ بکەر (فاعل) بوون لەسەدەی ٢٠ بوون بە کارپێکراو(مفعول بە)، رێکخستنی پرۆلیتاریا وەک حیزب هاتە ئاراوە، پرۆلیتاریای مارکس و حیزبی لینینی ئاوێزان بوون، حیزبە جەماوەریە گەورەکان پێکهاتن، حیزبگەرایی و دەسەڵاتخوازی باڵی کێشا بەسەر سیاسەتداو حیزبە کۆمۆنیستەکان بەمیرات لەیەکتریان وەردەگرت، بەڵام لەسەدەی ٢١ ئەمەش کاریکەری ئەفسوناوی خۆی لەدەست دا.

ئەصڵ لە تێکۆشانی ئێمەدا بەدیهاتنی ژیانێکی ئازاد و هاوبەشە، کە بابەتی هەموو کۆمەڵگایە نەک چینێک و بەشێکی دیاریکراو، ئەگەر ئەو پرسیارەش جێگای خۆی بێت کە کام بەشی کۆمەڵگا پێشەنگی تێکۆشانی زەمانی خۆیەتی، بەڵام ئەمە جێگیرو هەمیشەیی نیە، بۆ نمونە لەسەرەتای سەرهەڵدانی سەرمایەداری پیشەگەرەکان دەستپێشخەر بوون، بەڵام لە درێژەی پێشکەوتنە ئابووری و سیاسیەکانی دواتردا، ون بوون.

سەرمایەداری ئەگەر تەقدیسی رۆلی لەپێشینەی پیشەوەرەکانی بکردایە، نەیدەتوانی پێشبکەوێت، ئەمە بۆ ئێمەش راستە، کرێکارپیرۆزی ناتوانێت خۆبەخۆ هۆکاری تێپەڕکردنی سەرمایەداری بێت، ئەگەر بەواقعی کرێکار خۆی پێشەنگی تێکۆشانی ئەو مەیدانە نەبێت. وە ئەوە دەبێتە ناواقیعبینی کە بەناوی شۆڕشگێڕی کرێکاریەوە ریفۆرمە سیاسی و ئابووری و پێشکەوتنەکان، کە خۆیان بەرهەم و دەسکەوتی کۆمەڵگان و بەشی زۆریان بە خەبات وتێکۆشان بەدەست هاتوون، بێ بەها بکرێن تەنها لەبەرئەوەی دەسەڵاتی کرێکاریان فەراهەم نەکردووە.

ئەگەر گۆڕانی بەرەبەرەو هەموارکردنی سیستەم لەڕێگەی پەرلەمان و بەشداری لە حکومەت و ڕیفۆرمی سیاسی و ئابوری، کۆتایی بە سیستمی سەرمایەداری نەهێنا، ئەوا بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسیش لەلایەن حیزبە کۆمۆنیستەکانەوە، کۆمەڵگایەکی جیاوازی رۆنەناو لەدووبارەکردنەوەی سەرمایەداری واوەتر نەچوو. ئەم گرێیە تاوانبارکردنی کۆمۆنیستەکان بە(نیازخراپی و بەرژەوەندیخوازی ناکرێکاری) ناتوانێت بیکاتەوە.

(بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات) وەک پێشکەشکردنی ئەڵتەرناتیڤ، لەبنەڕەتەوە نادرووست و ناپەیوەندیدارە، ئەوە تێرم و چەمکی سیستەمی باوە، ئەصڵ ئەوەیە دەسەڵات و سیستەمی ئێستا بگۆڕێت و بەجۆرێک رێکیبخرێتەوە کە خەڵک بەگشتی بتوانێت رۆڵی تێدا ببینێت و بەشدار بێت تیایدا، سودی گشتی هەبێت و ستەمکاری بەرهەم نەهێنێت، نەک کۆمەڵێکی نوێ بچنە دەسەڵات، جا حیزبێک بێت یان چێنێک.

ریفۆرم و شۆڕش هەردووکیان گرنگ و پێویستن، هەریەکە لەشوێن و کاتی خۆی، گرنگی ئەوانە کاتێک نامێنێ لەیەک جیابکرێنەوەو پێداگری تەنها لەیەکیان بکرێت، مەسەلەکە یان ریفۆرم یان شۆڕش نیە. بەڵکو پرۆسەی گۆڕینە لەکۆمەڵگای چینایەتییەوە بۆ کۆمەڵگای ناچینایەتی. ئەزموونەکانی پێشوو بەهۆی ناکرێکاری بوونەوە شکستیان نەخواردووە، بەڵکو توخمی تێپەڕکردنی کۆمەڵگای چینایەتیان تێدا لاواز بووە.

ئەوەی پێیوایە “بنەمای ئەزمەی حزبە کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆ ئەوەیە کە ناتوانن لەگەڵ ناڕەزایەتی و شۆڕشی ئەمڕۆی چینی کرێکاردا بێنەوە، کەبەهۆی گڵۆباڵیزمەوە زەمینەی بۆ رەخساوە” لەواقعدا خۆیان بکەری گۆڕانکاریەکان ناناسن و زۆر نەریتی ئەو پرسە دەبینن. گڵۆباڵیزم ئەگەر کاریگەرییەکی هەبێت لەمبارەیەوە ئەوەیە کە بەرۆشنی نیشانیدا بکەری شۆڕش و گۆڕانکاری بە چینێکی دیاریکراوەوە نەبەستراوە.

لە لێکۆڵێنەوەکانی ئەم کتێبەدا واهاتووە کە دەوڵەت رۆڵی نەماوە لە سەرمایەداریدا، هەربۆیە لەلایەکەوە نیولیبرالیزم وەک ڕەوتێکی نوێی بورژوازی زاڵ بووەو لەلایەکی تریشەوە زەمینە مادیەکانی سۆشیالیزمی دەوڵەتی لەناوچوون، ئەمەش وەک بنەمای بووژانەوەی شۆڕشی کرێکاری دەبینێت و پێێوایە “زەمینە فەراهەمە کە  شۆڕشی کۆمەڵایەتی سۆشیالیستی پرۆلیتاریا بە ڤێرژنە ڕادیکاڵەکەی، وەک لە سەردەمی ئەنتەرناسیوناڵی یەکەمی کرێکاراندا هاتوە، بێتەوە مەیدان”ل٤٠

بەبڕوای من بزووتنەوەی کرێکاری بەر لە سەرهەڵدانی ( ئەوەی لەم کتێبەدا پێیدەوترێت سۆسیالیزمی دەوڵەتی) پاشەکشەی کردووەو بە زاڵبوونی نیولیبراڵیزم زیاتر چۆتە دواوە. ئەم ڤێرژنە نوێیەی سەرمایەداری،. کرێکاران و بگرە بەشێکی بەرچاو لە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکانیشی لەگەڵ خۆی هەڵپێکا. شێوەژیانی سەرمایەداری بەناو ژیانی هەموواندا بڵاوبۆوە، بەبێ ئەوەی بەرگری و بەرەنگارییەکی توند بەرامبەری هەبێت، ئەوەی کە بەرەنگاری دەکات زۆرتر پەراوێزکەوتووەکان و لایەنگرانی ئازادین.

لە روویەکی ترەوە دامەزراندنی “سۆسیالیزم” تەنها بە رێکخراوبوونی کرێکارانەوە گرێدەدرێت، واتە بەس کرێکاران رێکخراو بن ئیتر کارتەواوەو دەتوانێت سۆسیالیزم دامەزرێنێت و کۆمەڵگا لەهەموو دەردو بەڵایەک رزگار دەکات!!!، “سۆسیالیزم”یش بەچەند دەربڕێنێکی ئینشایی گوزارشتی لێکراوە، بۆ نمونە: سۆشیالیزم بریتیە لەوەی کە چینی کرێکار دەسەڵات بگرێت ل٥٣، سۆشیالیزم سەرەتا بریتیە لەو چینی کرێکارەی لە باری سیاسیەوە خۆی وەک دەسەڵات ڕێک دەخا تابتوانێ سەرکەوتنی هەنگاوە ئابوریەکانی مسۆگەر بکا… سۆشیالیزم هەمان پراتیکی سیاسی چینی کرێکارە. سۆشیالیزم بەرنامەیەک نیە … ل٥٦ .

لەکاتێکدا “سۆسیالیزم” بەپێی پێناسە پێویستە فۆرمێک بێت بۆ ژیان، شێوەیەکی تر بێت لە سیستەم، بەرنامەیەک بێت بۆ نەمانی کاری بەکرێ، بۆ دابینکردنی ئازادی، بۆ بنیاتنانی ژیانێکی نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشی، نەک تەنها دەسەڵاتی کرێکار.

واقیع ئەوەیە کۆمەڵگای سەرمایەداری لەسەر بنەمای کڕینی هێزی کارو بەرهەمهینانی زیدەبایی کرێکاران دەچەوسێنێتەوە، لەسەر بنەمای رەگەزی ستەم لە ژنان دەکات، بە هۆی جیاوازی نەژادی ستەمی سەر بەشێک لە نەتەوەکان بەڕیوەدەچێت، بەهۆی جیاوازی بۆچوون ستەم دەکرێت، بەهۆی جیاوازی کرێ و موچە فەزڵی بەشێک بەسەر بەشێکی تردا دەدرێت، بەهۆی بێبەشکردنیان لەمافی کارکردن ستەم لە بێکاران و پەراوێزخراون دەکرێت، قسەی ئەصڵی ئەوەیە چ ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەیەک بۆ ئەم سیستەمە، ئەم ژیانە هەیە.

لەلاپەڕە ٥٧ – ٥٨ دا دەڵێت: لەم باسەدا هەوڵم دا بڵێم دەرسێک لە شۆڕشەکانی ڕابردووی چینی کرێکار ئەوەیە کە؛ دەبێ ڤیژن و مۆدێلی شۆڕشێکی کۆمۆنیستی نوێ مان هەبێ بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەوەی کە سەرجەم چینی کرێکار لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە دنیای ئێستادا دەبێ چ دەورێک و چ بەرنامەیەکی جیاوازی لە ڕابردوو هەبێ و کۆمۆنیستەکان چۆن دەتوانن ئەم ئاڵوگۆڕە لە نێو چینی کرێکار و خەباتی چینایەتیدا دروست بکەن.

هەڵبەت ئەوە خۆی جێگای تێڕامانە لەم بیرکردنەوەیەدا کرێکار هەموو شتێکە بەڵام بۆئەوەی ڤیژن و مۆدێلی شۆڕشی کۆمۆنیستی نوێ هەبێت، “کۆمۆنیستەکان” دەبێت ئاڵوگۆڕ لەنێو چینی کرێکارو خەباتەکەیاندا درووست بکەن!!!! ئەمە مانا عەمەلیەکەی ئەوەیە کە کرێکار لەخۆیدا ئەم توانایەی هەڵنەگرتووە.

بەڵام دواتر لە ل٦٩ نەفی رۆڵی کۆمۆنیستەکان نەفی دەکات و دەڵێت:

“ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتیە وەک شۆڕشی چینی کرێکار، نەک شۆڕشی نوخبە و دەستەبژێر و حزبی کۆمۆنیست و گروپی سۆشیالسیت، دەبێ خۆی نمایش بکا. پێویستە لە ئاستی تیۆری و پراتیک و ڕێکخراوەییدا جیاوازی خۆی لە هەموو گروپە ڕۆشنبیرە سێکتاریستەکانی سەر بە سۆشیالیزمی دەوڵەتی و گروپە ئانارشیەکان و سەندیکالیستیەکانی تا ئێستا دەربخا و چوارچێوە و بزوتنەوەیەکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم هێز و بزوتنەوە جیاوازەکانی چینی کرێکار ڕێک بخا. …..”

هەرچەندە ئەوە کاری شۆڕش نیە بەڵکو شۆڕش بەرهەمی ئەوکارانەیە، بەڵام گرفتی سەرەکی ئەم خیتاب و گوتارە ئەوەیە کە وەحدەوی نیەو هەمدیسان لەجیاوازیەکانەوە دەست پێدەکات و لەسەر هەمان بنەمای کرێکاری بوون ونەبوون خۆی جیادەکاتەوە.

وە لە لاپەڕە ٧٠ داڵێت: ئەوەی وا دەکا ئەم مەسەلانەی خەباتی چینایەتی بکاتە بەشێکی گشتگیر و تۆتالیتی و یەکێتیەک لە نێوانیاندا دروست دەکا خودی بەشداری هەموو چینی کرێکار و ڕیکخراوە و بزوتنەوەکانێتی لە یەکێتیەکی چینایەتی و پراتیکیدا. ئەم پراتیکە یەکگرتوو و هاوبەشەیە کە چارەنوسی سۆشیالیزم….. دیاری دەکا و شۆڕشی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریا …. دەکاتە ئەمری واقیع و…..

واتە تاکو هەموو چینی کرێکارو رێکخراوو بزووتنەوەکانی یەکێتیەکی چینایەتی و پراتیکی پێکنەهێنن، چارەنوسی “سۆشیالیزم” دیارنیە و “شۆڕشی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریا” نابێتە ئەمری واقیع. ئەمەش لەواقعدا ئیمکانی نیە (هەموو چینی کرێکارو رێکخراوو بزووتنەوەکانی) یەکبگرن و بەدیوەکەی تردا دەچێتە چوارچێوەی خەیاڵەوە.

خاڵیکی تری گرنگ ئەوەیە بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی کرێکار، گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە: زەمینەی ڕیفۆرمیزم لە نێو خەباتی چینایەتی کرێکاراندا لاواز بووە ل٦٢ ، وە ئەمڕۆ ئەم زەمینە مادیانەی مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی شکستی هێناوە، هەربۆیە زەمینە فەراهەمە کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی سۆشیالیستی پرۆلیتاریا بەڤێرژنە رادیکاڵەکەی وەک سەردەمی ئەنتەرناسیوناڵی یەکەمی کرێکاراندا هاتووە، بێتەوە مەیدان ل٤٠

ئەگەر ئەنجامگیرییەکی لۆژیکی و واقیعی لەو قسانە بکرێت، ئەوەیە کە بەشداری سیاسی کرێکاران بۆ بەرپاکردنی جووڵانەوەی سیاسی و درووستکردنی حیزبە سیاسیەکانی خۆی، زیادبکات و شۆڕشی کرێکاراران وەک پرسێکی گشتی پەرە بسەنێت و متمانەی کۆمەڵایەتی پەیدا بکات، بەڵام دەبینین چووەتە پەراوێزی رووداوە سیاسیەکان و گۆڕانە ئابووریەکانەوە، بەپێچەوانەی لاوان و ژنان و بێکاران و بێبەشان و پەراوێزخراوان، کە سەرمەشق و نووکی رمی جوڵانەوە سیاسیەکانی ئەم سەردەمەن.

ئەوەی جێگای باسی منە ئەوەیە کە لەهەر دەورەیەکدا دەتوانین هەلومەرجە ئابوریەکە هەڵسەنگێنین کە بزانین چەندە ئامادەیە کە کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی تیادا دامەزرێنرێ؟ چەند سەرمایەداری گەشەی کردوە؟ …. ل٤٣

ئابووری گەرایی و گەشەگەرایی بنەمایەکی لاوازە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بۆچوون وابوو شۆڕشی سیسیالیستی لە ئەوروپاوە سەردەکەوێت کە لەڕووی ئابووریی و سیستەمەوە گەشەیکردووە، بەڵام ژیانی ئازادو ناچینایەتی، یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی راستەوخۆ، دەکرێت لەکۆمەڵگای دواکەوتووی ئابووری و سیاسیشدا هەبێت و ستەمکاری و چەوساندنەوە نەبێت.

بەستنەوەی ئازادی و رزگاری بە گەشەی ئابووری و سیستەمی سیاسیەوە، هەڵەتێگەیشتنێکە رەوایەتی دەدات بە ستەم و چەوساندنەوە لەو کۆمەڵگایانەی لەرووی ئابوورییەوە پێشنەکەوتوون، واتە دەبێت گەشەی ئابووری سەرمایەداری تائەو شوێنەی “بۆ بنیاتنانی سۆسیالیزم” گونجاوە پەرەی پێبدرێت کە ئەوە خۆی بەناو چەوسانەوەو ستەمکاریدا تێپەڕدەبێت.

_________

 *  تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی

** کتێبەکە بەوجۆرە ناویان دەبات

 

 

Merza Ali
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…