دوای 5 ساڵ بەسەر دوایین گەشتیدا بۆ ئەوروپا: ئامانجی گەشتەکەی شی جیپینگ بۆ ئەوروپا

وەرگێڕانی لە فارسیەوە: بەشی وەرگێڕانی (ژیانەوە)
لە دوایی سەردانەکەی 5 ساڵ لەمەوپێشی شی جیپینگی سەرۆکی چینەوە بۆ ئەوروپا تاکوو ئەمڕۆ، جیهان ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووە و کەمتر کەسانێك پێشبینیی ئەوەیان ئەکرد کە ئەو هەموو گۆڕانکاریانە لە ماوەی 10 ساڵدا ڕووبدەن چی جای لە 5 ساڵدا.

ساڵی ,2019ئەوکاتەی لەلایەن سێرجۆ ماتارلای هاوتا ئیتالیەکەیەوە پێشوازی لە شی جیپینگ کرا، گۆرانیبیژی ناوداری ئەو وڵاتە لە میوانداریەکدا کە بۆ ڕێزلێنان لە سەرۆکی چین سازکرابوو لەگەڵ وەفدی هەردوولادا ئومێدەوار بوون کە پەیوەستبوونی ئیتالیا بە پرۆژەی ( پشتێنەی ئاورێشمین )ی چین، قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیەکانی هەردوولا دەستپێبکات. بەڵام ئەمڕۆ کە شی جیپینگ دوای پێنج ساڵ پێئەخاتە ناو خاکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن تەنانەت پێش هاتنی ئەو باس لە جۆرێك نوێکردنەوەی پەیوەندیەکانیان ئەکات کە تیایدا هاوسەنگی و باڵانسی ئابووریی نێوان هەردوولادا لەبەرچاوبگیرێت. ئەم ڕوو وەرگێڕانە بەڵگەی ئەو ڕاستیەیە کە ئەوروپا خوازییاری ئاڵوگۆڕکردنی تەرازووی بازرگانیی نێوان هەردوولایە کە ئێستا بە ئاشکرا تای تەرازووەکە لە قازانجی پەکیندایە.

#image_title

شی جیپینگ ڕۆژی دووشەممە، ٦ ی شوبات ئامادەی دانیشتنێکی سێقۆڵی بوو کە جگە لە ماکرۆن، ئۆرزۆلا فۆن دیرلاینی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپاش تیایدا ئامادەبوو و پاش مجاملاتێکی دیبلۆماسی دەستیان کرد بە گفتوگۆ سەبارەت بە بایەخی پەیوەندیەکانی نێوانیان.
سەرۆکی چین پەیوەندیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەوروپادا بۆ چین بە ستراتیجی و درێژماوە ناوبرد و ماکرۆنیش لای خۆیەوە پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە جیهان لەسەروبەندی خاڵێکی وەرچەرخاندایە و گفتوگۆکانی ئەوروپا و چین لەهەر سەردەمێکی تری مێژوو، پێویستترە. فۆن دیرلاینیش پێداگریی کرد سەبارەت بە پێگەی چین لە سیستمی نێودەوڵەتی و ڕێزگرتنی دوولایەنە لە پێناوی چارەسەری کێشەکانی جیهان.
بەڵام بەدەر لە مجامەلاتی نێوان هەردوولا، شی جیپینگ لە ئەوروپا بەشوێنی چ شتێکەوەیە؟ نیگەرانی و خواستەکان و ئومێدەکانی ڕابەرانی ڕۆژئاوا لەم بوارەدا چۆن شیئەکرێنەوە؟ و هەڵبەتە پرسیاری گرنگتریش ئەوەیە چی وێنەیەکمان لەبەرچاوە سەبارەت بە ئاڵنگاریەکان و دەرفەتەکان و بەرژەوەندیەکان و ناکۆکیە ناوکۆییەکان و جیاوازیی دیدگاکان و ئاسۆکانی بەردەم پەیوەدنیەکانی ئەوروپا و چین؟
نیگەرانیەکانی ئەوروپا Chaina and Eu relation
لەسەروبەندی دوایین گەشتی سەرکردەی چینەوە بۆ ئەوروپا چەندین ئاڵنگاری ناوچەیی و جیهانیی نوێ هاتوونەتە سەر خوانی جیاوازیەکانی هەردوولا و ڕۆڵی هەندێ لە کێشمەکێشەکانیش فراوانتر بوونەتەوە. ئەو سەردەمە هێشتا کۆڤیدی 19جیهانی دانەگرتبوو، ڕووسیا ئەم شەڕە سەرتاسەریەی لە دژی ئۆکرانیای دراوسێی هەڵنەگیرساندبوو، ئۆتۆمبیلە کارەباییەکانی چینی هێشتا ئەو ڕەواجەی نەبوو لە ئەوروپا و دیارە ئیتالیاش وەکوو یەکەمین وڵاتی گرووپی 7 پەیوەست بووبوو بە پرۆژەی زەبەلاحی ( ڕێگەی ئاوریشمین ) گەرچی ئێستا ناوی ئەو وڵاتە لەو پرۆژەیەدا نابینرێت.
لە ماوەی ئەو ساڵانەدا تێڕوانینی گشتی لە ئەوروپا سەبارەت بە چین بە ئاراستەیەکی نەرینی تر گۆڕاوە کە هۆکارەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵانەی کە پێشتر ئاماژەی پێدرا. بەڵام سەرباری ئەوەش ڕەنگبێ بتوانین کۆمەڵێك پرسی تر ناوببەین کە ئەشێ ببن بە بابەتی گفتوگۆی نێوان ئەوروپا و چین، بابەتگەلێك کە زیاتر مایەی جیایی هەردوولان نەوەك بابەتگەلێك کە ڕەهەندی هاوبەشی نێوان هەردوولا ڕەنگڕێژ بکەن.
یەکەم: مەسەلەی تایوان
تایوان یەکێكە لەو مەسەلە سەرەکیانەی کە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کێشەی تووندیان هەیە لەسەری. گەرچی ئیمانوێل ماکرون لە سەفەری نزیك یەکساڵ لەمەوپێشیدا بۆ پەکین پێداگریی کرد کە ئەوروپا سەبارەت بە کێشەی تایوان نابێت بە پاشکۆی ئەمریکا، بەڵام هەڵوێستی گشتیی لە ناو سەرکردەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا ناکۆکە لەبەرانبەر سیاسەتی کۆماری گەلیی چین سەبارەت بەو دوڕگەیە.
پەکین تایوان بە بەشێك لە خاکی خۆی ئەزانێت لەکاتێکدا ئەوروپا و ئەمریکا پشتیوانن لە دەوڵەتی تایوان کە هەمیشە ئەو سیاسەتە ی بەرپەرچداوەتەوە. دەمێك ساڵە ماکرۆن پێداگری لەسەر سیاسەتی ( خودموختاریی ستراتیجیی ئەوروپا لەبەرانبەر ئەمریکا ) ئەکا و ڕەنگبێ هەمان بابەتیش یەکێك بن لەو هۆکارانەی کە شی جیپینگیان بەو ئەنجامە گەیاندبێت کە لەم سەفەرەیدا بۆ ئەوروپا لە ناو هەموو وڵاتانی ئەو کیشوەرەدا سەردانی پاریس بکات و پاشانیش سەرێکی هەنگاریا و سیربیا بدات کە ئەوانیش وەکوو دوو وڵاتی ئەوروپی فەرشی سووری بۆ ڕاخەن.
دووەم: لاسەنگیی تەرازووی بازرگانیی نێوان هەردوولا
تەرازووی بازرگانیش یەکێکە لەو پرسانەی کە بەتایبەتی لەسەردەمی کۆڤید 19 بەدواوە بۆتە جێی سەرنج لە نێوان ئەوروپا و چین. بەپێی ئامارەکانی گومرکی چینی لە دە ساڵی ڕابوردوودا ڕێژەی کاڵای نێردە و هاوردەی ( الصادرات و الواردات ) نێوان چین و ئەوروپا بە شێوەیەکی دیار بە قازانجی چین زیادی کردووە و لە بری ئەوەی کە بازاڕەکانی چین پێشوازی لە کاڵاکانی ئەروپا بکەن، یەکێتیی ئەوروپا ناچار بووە کە بۆ کڕینی کاڵای چینی پارەی زیاتر خەرج بکات.
لەم مانگانەی دواییدا بابەتی چوونەسەری گومرکی کاڵای هاوردە لەسەر بەروبوومە چینیەکان بووە بە جێی باسی گەرمی سەرکردە ئەوروپیەکان.
سێیەم: پەیوەندیەکانی چین و ڕووسیا
یەکێکی تر لە نیگەرانیەکانی وڵاتانی ئەوروپا بابەتی پەیوەندیەکانی نێوان چین و ڕووسیایە. هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، ئەوروپا هاوشانی ئەمریکا کۆمەڵێك سزای هەمەلایەنەی سەپاند نەك تەنها بەسەر شەڕهەڵگیرسێنەرانی کریملیندا بەڵکوو بەسەر هەموو ئەوانەی ڕۆڵیان هەبوو لەو هێرشانە و چەندین دەوڵەت و کەسایەتی و گرووپی نادەوڵەتیی تر کە لەهەڵگیرساندنی ئەم شەڕەدا کۆمەکیان بە بۆتین کرد.
لەوەها بارودۆخێکدا و سەرباری بانگەوازەکانی ئەوروپا بۆ چین، هێشتا نیگەرانی و دوودڵیەکان سەبارەت بەو پەیوەندیانە و ئەو کۆمەکانەی کە پەکین پێشکەشی ڕووسیای ئەکات، لەجێی خۆیدا هەر ماون. چینیش لای خۆیەوە سیاسەتی فراوانبوونەوەی ناتۆ بە یەکێك لەو بابەتانە ناوئەبات کە بوونەتە هۆی هاندانی ڕووسیا. چین لەسەر ئەوە باوەڕەن کە ئەوان لە شەڕی ئۆکرانیا بێلایەنن بەڵام شی جیپینگ و بۆتین ڕایئەگەیەنن کە ئەوان هیچ سنوورێك بۆ دۆستایەتیی خۆیان دانانێن.
چین ئەو ڕاپۆرتانە ڕەت ئەکاتەوە کە باس لە فرۆشتنی چەك بە ڕووسیا ئەکەن گەرچی ئەمریکا، سەرباری نەبوونی بەڵگەی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە پێدانی چەك بە ڕووسیا لەلایەن پەکینەوە، پێدائەگرە لەسەر ئەوەی کە چین ئامێر و کەرەسەی تەکنۆلۆجیی ئەوتۆ بە ڕووسیا ئەدات کە کەڵکیان لێوەرئەگرێت لەبواری بەرهەمهێنانی تانك و فڕۆکە و سەرجەم کەرەسە پێویستەکانی بۆ شەڕ لە دژی ئۆکرانیا.
چوارەم: چالاکیی سیخوڕی وشوێنپێهەڵگریی چین لە وڵاتانی ئەوروپا
چالاکیی سیخوڕی وشوێنپێهەڵگریی چین یەکێکی ترە لەو بابەتانەی کە بەمدواییانە نیگەرانیەکانی ئەوروپای لەبەرانبەر چیندا زیادکردووە. لە چەند هەفتەی ڕابوردوودا ئەڵمانیا و بەریتانیا ڕایانگەیاندوە کە چەندین هاوڵاتیی ئەوان تۆمەتی سیخوڕی بۆ چین دراوەتە پاڵیان و سویدیش هەواڵنێرێکی هەڵگری ڕەگەزنامەی چینیی تۆمەتبارکرد بە چالاکیی سیخوڕی بۆ چین و بەوهۆیەوە دیپۆرتکرایەوە.
هەر لەو ڕاستایەشدا لێپرسراوانی هۆڵەندی و پۆڵەندیش لە چوارچێوەی پلانی ( بازرگانیی ناڕەوا ) هێرشیانبردەسەر نووسینگەی کۆمپانیایەکی دابینکردنی کەرەستەی ئاسایشی چینی.
چین وەك هەمیشە ئەم ڕاپۆرتانەی بە ساختە ناوبرد و ڕایانگەیاند کە ئەو هەواڵانە جگە لە لێدان لە پەیوەندیەکانی هەردوولا ئەنجامێکی تریان نابێت بەڵام پێئەچێ کە نیگەرانیەکانی ئەوروپا سەبارەت بەو پرسە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لە زیادی بکەن.
پێنجەم: تواناییەکانی چین لەبواری چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
گەرچی ئەم بابەتە یەکێك لەو پرسانەیە کە هەردوولا ناکۆكن لەسەری بەڵام بەوجۆرەی کە ئۆرزۆلا فۆن دیرلاینیش لە کۆبوونەوە هاوبەشەکەی دووشەممە ئاماژەی پێدا ئومێدەکان ڕوویان لەوەیە کە نفووزی پەکین لە سەر لایەنەکانی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بتوانن کۆمەك بکەن بە بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.
بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی تایبەتی پەکین لەگەڵ تاران و ڕیاز چین توانی کۆمەك بکات بە دانیشتنی ئەو دوو وڵاتە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندیەکانیان. لە سەروبەندی زیادکردنی هێرشی حووسیەکانیش بۆسەر کەشتیە بازرگانیەکان لە دەریای سوور، چین کەوتە ژێر فشاری زۆری ئەمریکا و ئەوروپا تا پەیوەندیە نزیکەکانی خۆی لەگەڵ ئێراندا بەکاربهێنێت تا تاران فشارەکانی بۆسەر حووسیەکان بخاتەگەڕ بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو هێرشانە. هێرشی حووسیەکان بەهای بازرگانیی دەریایی جیهانی و نرخی کەلوپەلەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بردبووەسەر. جگە لەوەش دەسەڵاستدارانی ئەوروپایی ئومێدەوارن کە چین نفووزی زیاتر بخاتەگەڕ بۆ قایلکردنی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی تووندوتیژیە ئیقلیمیەکان لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا.
بژاردەکانی شی جیپینگ لەم سەفەرەیدا
شی جیپینگ لەم سەفەریدا بۆ ئەوروپای ڕۆژئاوا ئەو پایتەختانەی هەڵبژارد کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ چیندا کەمتر تووشی ئاڵۆزی بووە. یەکێك لە ڕوانگە بەدبینەکان لە نێو زومرەی لێکۆڵەرەوەکاندا پێیانوایە کە شی جیپینگ لە هەڵبژاردنی ئەوجۆرە ولاتانەدا هەوڵ ئەدا یەکگرتویی ئێستای ڕیزەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ بشێوێنێت. ئەو سەرەتاش ڕووی لە فەرەنسایەك کرد کە سەرکردەی ئەو وڵاتە چەندین جار باسی لە ( خودموختاریی ستراتیجیی ئەوروپا لەبەرانبەر ئەمریکا ) ی کردووە. بەڵام ئامانجەکانی لەمەودوای شی جیپینگ لەوەش مانادارترن. سەرکردەی چینی دوای پاریس ڕووئەکاتە سیربیا و لە دووەمین ساڵڕۆژی تۆپبارانکردنی باڵوێزخانەی ولاتەکەی لە بەلگراد لەلایەن ناتۆوە لە شەڕی کۆسۆڤۆدا لەوێ ئەبێت. ڕۆژنامەی ( فاینانشیاڵ تایمز ) لە شیکردنەوەیەکدا لەمبارەوە ئاماژەی بەوەکرد کە چوونی شی جیپینگ لەو بۆنەیەدا ئەو بوارە بۆ چین ئەڕەخسێنێت کە ڕەواج بدات بەو بەڵگانەی ڕووسیا سەبارەت بەوەی کە ( ناتۆ ڕێکخراوێکی هێرشبەر و مەترسیدارە ).

سێیەمین جێی سەفەرەکەی شی جیپینگ هەنگاریایە و لەوێ ئەبێ بە میوانی ڤیکتۆر ئۆربانی پۆپۆلیست و ڕاستڕەو کە ساڵەهایە دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەیە. لەم ساڵانەی دواییدا ئۆربان بە سیاسەتەکانی خۆی بووە بە یەکێك لە ئاڵینگارەکان بۆ یەکێتیی ئەوروپا. لەهەمان ئەم ساڵانەشدا بۆدابێست ڕایەڵ و پۆ ئابووریەکانی خۆی لەگەڵ چیندا قووڵترکردۆتەوە. لەو چوارچێوەیەدا لە نزیکی شاری دوبیرسون کە دووەمی شاری گەورەی هەنگاریایە، چین سەرقاڵی دروستکردنی کارگەیەکی گەورەی پاتریی وزەی کارەباییە بە بەهای 7.9 ملیار یۆرۆ کە گەورەترین سەرمایەگوزاریی ڕاستەوخۆیە لە هەنگاریا.
لەهەمانکاتیشدا لەساڵی 2014 دا هەنگاریا و سیربیا کۆنتراکتێکیان لەگەڵ پەکیندا ئیمزا کردووە بۆ سازدانەوەی ڕێگەی شەمەدەفەری نێوان هەردوو پایتەختی بەلگراد و بۆدابیست کە وا چاوەڕوان ئەکرێ بە بەهای دوو ملیار دۆلار لە ساڵی 2024 تەواوبکرێت.
لەهەلومەرجێکدا کە هێزە ڕۆژئاواییەکان نیگەرانیی خۆیان ناشارنەوە لە هەنگاوەکانی چین و برەوسەندنی نفووزی لەسەراسەری دونیادا، حیزبی کۆمۆنیستی چین لەهەوڵی بەردەوامدایە کە لەڕێی سەرمایەگوزاریە ئابووریەکانیەوە و هەروەها لەڕێی چاوبڕینەسەر ئەو پایتەختانەی ڕۆژئاوا کە پۆتانسێلی ڕووکردن بەرەو ئۆردووگای ڕۆژهەڵاتیان تیایە، ڕێگری دروست بکەن لەبەردەم پرۆسەی ئینسیجامی ڕۆژئاوا، سیاسەتێك کە جێدەستی خۆی لەسەر نەزمی ئەوروپایی و ڕۆژئاوایی بەجێدێڵێت. جێدەستی ئەو سیاسەتە بەڕوونی لە جۆری هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە ئەوروپیانەدا دەبینرێت کە شی جیپینگ لەم سەفەرەیدا هەڵیبژاردوون.
———————————
وەرگێڕانی لە فارسیەوە: بەشی وەرگێڕانی (ژیانەوە)
سەرچاوە: radiofarda.com

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…