١ی ئایاری ئەمساڵ بوو بە وێستگەیەکی تر بۆ بەرەنگاری و خەبات دژی چەوسانەوە

١ی ئایاری ئەمساڵ بوو بە وێستگەیەکی تر بۆ بەرەنگاری و خەبات دژی چەوسانەوە

هێزی کار لە عێراقدا گەیشتووە بە چواریەکی دانیشتوانەکەی و نزیک بە ٩ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و کەرتی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بەهۆی کار و رەنج و ماندووبوونی ئەوانەوە بەڕێوەدەچێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بەشێکی بەرچاوی هەژارانی عێراق کە بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەساڵی ٢٠٢٣ دا گەیشتووە بە ٢٥% کۆی دانیشتوانی عێراق کە ژمارەیان لە ئێستادا ٤٢ ملیۆن کەسە لە کرێکاران پێکهاتوون.
کرێکاران لەبەرانبەر بە کار و دەستڕەنجی خۆیاندا لانی کەمی کرێیەک وەریدەگرن بەشی پێداویستیەکانی ژیانیان ناکات. لەهەرێمی کوردستاندا بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری کوردستان تێکڕایی خەرجی خێزانێک لەنێوان ١،٩٠٠،٠٠٠ هەزار دیناردایە، بەڵام ئەو کرێ کەمەی کرێکارانی هەرێم وەریدەگرن زۆر کەمترە لەو تێکڕاییە و بەو هۆیەوە هەژاری و دەسکورتی و کەمدەرامەتی یەخەی بە بەشێکی بەرچاوی کرێکارانی کوردستان گرتووە.
جگە لە کەمی کرێ، بێکاریەکی فراوان یەخەی بە کرێکارانی گەنج و لاو گرتووە، وە نەبوونی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و سۆشیال و بەرنامەی پاراستنی کۆمەڵایەتی بووە بە گرفتێکی گەورەی سەرجەم کرێکارانی هەرێمی کوردستان. تەنانەت ئەو یاسا نوێیەی لە ١٧ ئایاری ساڵی ٢٠٢٣دا لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە و وەڵامی بەهەندێک لە داخوازیەکانی کرێکاران داوەتەوە و کرێکارانی کەرتی تایبەتیش دەگرێتەوە لەبواری دابینکردنی کۆمەڵایەتیدا لە کوردستاندا کاری پێناکرێت و بەرکار نیە.
لە سەرانسەری عێراقیشدا بەپێی لێدوانەکانی ”عادل رکابی” وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لەسەرجەم ژمارەی هێزی کار لەعێراقدا تەنها تەنها ٢٥٠ هەزار کرێکار زەمانکراون و گوایە بەهۆی هەوڵەکانی وەزارەتەوە رێژەکە بۆ ٥٧٠ هەزار کەس بەرزبۆتەوە! ئەمەش بەو مانایەیە هێشتا ناکاتە رێژەی ١٠ی ژمارەی کرێکارانی عێراق.
بەپێی یاسای دابینکردنی کۆمەڵایەتی لانی کەمی مووچەی خانەنشیبوونی مانگانەی ئەو کرێکارانەی زەمانکراون نابێت لە ٤٠٠ هەزار دینار کەمتر بێت، جگە لەوەی ئەم مووچەیە هەموو کرێکاران ناگرێتەوە دوای بێکاربوون و پەککەوتن ئەو پارەیەی کەوەک زەمان وەرگیراوە بەکردەوە نابێت بەهۆیەک بۆ دابینکردنی ژیانیان و یان بۆ خانەنشین بوونیان بەکارناهێنرێت، وە یان لە کاتی پەککەوتن و کەمئەندابوون و رووداوی کاردا دابینکردنیان بۆ ناکرێت.
سەرەڕای خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاران زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکاری بیانیش هێنراونەتە عێراقەوە و لە خراپترین هەلومەرج و دۆخی کاردا کاریان پێدەکرێت و دەچەوسێنرێنەوە.
ئەم بارودۆخە خراپ و پڕ لە ستەم و چەوسانەوەیەی لەسەر کرێکاران هەرێم و بیانی هەیە پێویستی بە بزووتنەوەیەکی بەهێزهەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەو بەگژداچوونەوە، بەلام بەهۆی نائامادەیی و کەمی هۆشیاری و لاوازی رێکخستنی پیشەیی و سیاسی پێویستەوە گۆڕانکاری بەرەو باشتر لە ژیانی ئابووری کرێکاراندا بەهێواشی و زۆر بە زەحمەت دێتەدی. دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرانبەر بە ژیانی ئەوان بێباک و نابەرپرسیارن و تەنانەت هێشتا کار بە یاسا کۆنەکانی کار و دابینکردنی کۆمەڵایەتی دەکەن کە ناتەبایە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتیەکانی کار و کارپێکردنی کرێکاراندا.
بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەگژداچوونەوەی ئەو بارودۆخە و بەدەستپێشکەری لایەنە سیاسیە چەپەکان ئایاری ئەمساڵ لە ئاستێکی دیاریکراودا بوو رۆژێکی تر بوو بۆ ناڕەزایەتی دژ بەهەژاری و چەوساندنەوە.
لە شاری سلێمانی کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی ١ ئایار بەسەرپەرشتی کۆمیتەی ١ی ئایار رێپێوانێکی جەماوەری لە باخی گشتییەوە بە شاڕێی شەقامی مەولەوی دا بۆ بەر دەرکی سەرای ئازادی و لەوێشەوە بۆ بەردەم کاسۆمۆڵ بەڕێوەچوو.
رێپێوانەکە بە سروود و وتنەوەی دروشم دەستیپێکردو درێژەی بەخۆیداو لە شوێنی مەبەست بەرنامەکانی کۆمیتەی ١ی ئایار کە پێکهاتبوو لە خوێندنەوەی بەیاننامەیەکی سیاسی لە لایەن عوسمان زیندانی و یاداشتنامەی کرێکاری لەلایەن وەستا مەهدی و دوو سروودی شۆڕشگێرانە لەلایەن نەجم موحەمەد و هاوڕێ ئومێد، پێشکەش کران.
وە لەکاتی خۆپیشاندانەکەدا چەندین دروشم لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەوترایەوە کە ئەمانە بەشێکیان بوو:{ ئەمڕۆ ١ی ئایارە – کرێکار بەرەنگارە، کار یان بیمەی بێکاری – نامانەوێ هەژاری، دابینکردنی ژیان – بە یەکسانی بۆ هەمووان، تێکۆشان، بەرەنگاری – بەڕووی زوڵم و زۆرداری، ژینی شکۆمەندانە – داخوازی هەموومانە، ئازادی و ژیان و کار – بوون بە دروشمی ئایار، ژن، ژیان، ئازادی – ئامانجێکە دێتە دی، یەکیەتی و رێکخراوبوون – ئامانجمان دەهێننە بوون}.

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…