علی مولود /
بڕیارە ٢٢ی ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە سەردانێکی فەرمی بێتە عێراق، سەرەتا بۆ بەغداد و لە پەراوێزی رێککەوتن و هەماهەنگی و ئەنجامگیریەکانیش لەگەڵ حکومەتی عێراق، دواتر سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای هەرێم کۆدەبێتەوە.
ئەوەی لە ئەجێندای سەردانەکەی دەخوێندرێتەوە، کەمتری دیپلۆماسییەو زۆرتری سیاسی و ئابووری و ئەمنیە و بە پلەی یەکەم پەیوەستە بەهەرێمی کوردستانەوە، کە ئەو بە “کێشەکانی باکوری عێراق” ناوی دەبات.
پشکی تورکیاو بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لەدەستپێکردنەوەی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی رێکەوتنەکانی پێشوویان لەگەڵ حکومەتی هەرێم و جێگیرکردنی مەرجەکانی، یەکێک لەئامانجەکانی ئەم سەردانەیە، بەڵام ئامانج و تەوەری سەرەکی زیادکردنی هێز، فراوانکردنی ئۆپەراسیۆن و چالاکیە سەربازی و هەواڵگریەکان و تەنانەت داگیرکردنی شوێنی زیاترە لەهەرێمی کوردستان و گۆڕینێتی بە ناوچەی شەڕ، کە باشووری کوردستان بەشێوەیەکی گشتی رووبەڕووی نائارامی دەکاتەوە.
ئەگەرچی بیانووی دەوڵەتی تورکیا لە سەرەڕۆیی و دەستدرێژییەکانی، بۆ درووستکردنی ئاستەنگ و بەرتەسککردنەوەی کارو چالاکیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، بەڵام ئامانجی لەمە واوەترەو لەلایەکەوە بۆ بچووکترکردنەوەو لێدانی هەرێمی کوردستانە، کە دەوڵەتی عێراقیش بە قازانجی خۆی دەبینێت و لەلایەکی تریشەوە لەناو هاوکێشە نوێیەکانی ناوچەکەدا، بۆ دەستڕۆیشتوویی و سەپاندنی هەژموونی زیاترە، کە پێدەچیت ئەمریکا بەڵێنی چاوپۆشی و دەستشلکردنی پێدابێت.
هەروەها قەرەبووکردنەوەی دۆڕانی ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ و بەرگرتن بە هەڵاوسانی ئابووری تورکیا (گواستنەوەی ئەزمە ناوخۆۆییەکان بۆ دەرەوە)، وە راگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی لەهەرێمی کوردستان بەزیانی پارتی پێشبینی دەکرێت، ئەشێ بەشێک بن لە پلانەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا.
ئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەرهەق بە خاک و خەڵکی باشووری کوردستان دەیکات، بەهەموو پێودانگێک ملهوڕی و داگیرکاریە، شەڕخوازی و دژایەتی راستەوخۆیە لەگەڵ ژیان و ژینگە، دوژمنایەتیەکی شۆڤێنیستانەی کوێرانەیە دەرهەق بە مافی ئازادژیانی نەتەوەیەک، درێژەپێدان و لە هەسانسوونی ئەو زوڵم و ستەمکارییەیە کە مێژوویەکە لە کورد دەکرێت.
ئەم شەڕەنگێزییەی دەوڵەتی تورکیا، لەکاتێکدایە کە ناوچەکە بۆنی شەڕی گرتووە، جەنگی نێوان ئیسڕائیل و ئێران و هەروەها دەستشکاندنەوەو ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران پێیناوەتە قۆناغیکی توندترو میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، لەعێراق ناوەناوە پەلاماری هێزەکانی ئەمەریکا دەدەن و داوای چوونەدەرەوەیان دەکەن و سەرزەمینێکیش کە تارادەیەک بۆ ئەمریکیەکان ئارام بێت، هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتیە، کە تورکیا دەیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت.
هەموو پێشهاتەکان و دەرکەوتەکان کە لە بەرەنجامی سیاسەت و ئامانجە جیاوازەکانەوە خۆیان دەنوێنن، ئاگری شەڕێکی ویرانکەر لە باشووری کوردستان پیشاندەدەن کە راستەوخۆ دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی خەڵکەوە و خەڵکی کوردستان و هەموو کەسایەتی و لایەنە ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازو ئاشتیخوازەکان، پێویستە لەدژی شەڕ بن لەبەرامبەری بووەستێتەوەو پشتیوانی و هاوکاری هەر هەوڵ و دەستپێشکەرییەک بکەن لەوبارەیەوە.