هۆمەر محەمەد/
ئێمە لەیادی ئەنفالدا هەمیشە گوێمان لەوەیە کە دەڵێت: “نابێت ئەنفالمان لەبیر بچێتەوە” بەڵام ئەو دەنگانە دەگمەنن بڵێن: ” ئەنفال” دەبێت بیرمان پێ بکاتەوە”. دەڵێن ”برینێکە و ساڕێژنابێ”،بەڵام زۆر بەدەگمەن دەڵێن: دەبێت “سارێژ”ی بکەین!
ئاخر ئەگەر یادەوەری بیرمان پێنەکاتەوە واتا یادمان نەکردووەتەوە.
یادەوەری و ئەرکی ئەخلاقی :
یەکەم: ئەرکی ئەخلاقی من (ئێمە) بەرانبەر بە قوربانی چییە ؟
ئەرکی (من- ئێمە) تێروانینە بۆ دۆخی قوربانی؟ چۆن لێی دەڕوانین؟ یەکەم پێداویستی ئەرکەکەمان (هۆشیارییە بە مافی ئەو) تێڕوانینی من- ئێمە بۆ قوربانی بەچاوی بەزەییەوە زۆر مەترسیدارە، چونکە دەرفەتی نادەیت هەستێتەوە سەرپێ، ئەمە جگە لەوەی دەبیتە بەشێک لەسەر کوێرکردنی.
لە باری ئەخلاقیشەوە هیچ ڕەوانییە لەبری ئەو قسەبکەیت، بەبیانوی ئەوەی ناتوانێت گوزارشت لەبرینی خۆی و چیرۆکی خۆی بکات، وای نیشانبدەی ئەو “داماوو نەخوێندەوارە و دواکەوتووە و گوناهە” دەبێت تۆ چاو و زمانی ئەو بیت (بەداخەوە ئەمە یەکێکە لە خراپترین دیاردەکان، لە یادەکاندا لە بری ئەوەی گوێیان لێبگیرێت سیاسیەکان، ڕۆشنبیرەکان و چالاکوانەکان لەبری ئەوان قسە دەکەن).
دووەم ئەرکی ئەخلاقی قوربانی بەرانبەر بە من.
مەترسیدارترین دەردی قوربانی ئەوەیە لەگەڵ دۆخی قوربانی بوون رابێت و قایل بێت بەوەی بۆ ئەبەد هەر بەزەلیلی بمێنێتەوەو قایل بێت بەوەی (تۆ- من) چاوو زمانی ئەوبین.
لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە، ئامادەنەبێت لەبرینی خۆی و ئەوانیدی تێبگات و پێیوابێت مادام بریندارە و قوربانیداوە، ئیتر دەبێت هەموو مافێکی هەبێت بەپێشێلکردنی مافی ئەوانی تریشەوە، دەستدرێژی بکاتە سەر ئەوانیدی و یاسا لێی نەپرسێتەوە، بکوژێ و ببرێ، یاخود پێیوابێت بەبێ نمرەی پێویست و زیرەکی پێویست لە زانکۆ و پەیمانگاکان بخوێنێت و جێگە لە زیرەکێکی تر بگرێ و پارەی خوێندنیش نەدات.
مەترسیدارترین ئەوەیە قوربانی ببێت بە کارتی بەرژەوەندی خەڵكانی تر، خۆی ئامادەبێت ببێت بە ”کارت”، بۆ نمونە (رۆژنامەنوسێک بۆ بەرنامەکەی، فیلمسازێک بۆ فیچەرەکەی، ریسێرچەرێک بۆ نامەی ماستەر و دکتۆراکەی، سیاسیەک بۆ سەفەرەکەی ئەوروپای … تاد). زۆرن کە لەرواڵەتدا وادەردەکەوێ لە خزمەت قوربانیەکان و دۆسێکەیدان، بەڵام بەتۆنی دەنگی و بەشێوازی قسەکردن و بە وێنە لەگەڵگرتنیاندا، بەپێکەنینەکەی و بەشێوازی وەستان وڕوانین وتەنانەت بەدانیشتن وەستانەکاندا هەمووشتێک لەنیاز و مەبەست دیارە، (ئێمە، هیچ هەستێکمان بۆ ئەوان نییە) بەڵکو قوربانی خستووەتە خزمەتی کارەکەیەوە، نەک خۆی خستبێتە خزمەتی ئەم و دۆسێی نەتەوەکەیەوە!
ئایا بەم دونیا بینیەمانەوە، دەتوانین یادەوەری دروستبکەین؟ دەتوانین رێگری لە دوبارەبوونەوەی جەنگ و جێنۆساید بکەین؟