بەختیار حمەسعید /
شەپۆلی رادیۆی FMی سەیارەکەم گۆڕی و بەدەم رۆیشتنەوە چووە سەر گۆرانیەکەی داریوش (ساڵی دووهەزار) و بەهۆی قەرەباڵغی دوامی بەیانیەوە بەهێواشی دەڕۆیشتم و بیر و هۆشم چووە سەر دێڕ و وشەکانی گۆرانیەکە. پێشتر گوێم لەو گۆرانیە بووە، بەڵام ئەمجارەیان ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەو دێڕەی هۆنراوەکە بوو کە بە ئاوازێکی خەمناکەوە دەوترایەوە: {ئەو رۆژانەی کە بەڕێوەن، کەسەکان بۆ خۆیان دەژین، بیر لەوی تر ناکەنەوە و بەهیوای فریادرەسێک نین}. دوای تەواوبوونی گۆرانیەکەش من بیر و هۆشم هەر لەسەر ووشە و دەستەواژە و چەمکی ”فریادرەس” بوو. وە ئەم بابەتە بوو بە مایەی تێڕامان و تێهەڵچوونەوە لەمبارەیەوە.
کاتێک ژیان پێویستی بە فریادرەس بێت، بەڵام کەس داوای نەکات و بوونی نەبێت، وە دواجار ژیان بەرەو ئەوپەڕی تاڵی و نەهامەتی و دڵرەقی بڕوات و لە جێگەی دڵی گۆشتین ”دڵی ئاسنین” لە قەفەسەی سنگی مرۆڤەکاندا ترپەی بێت بەو شێوەیەی گۆرانیەکە باسی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کەس بەهیوای رزگاری و فریادرەس نەبێت، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت رۆژە رەش و تاریکەکانی ژیان دەستیپێکردووە و خۆر تیایدا هەڵنایەت.
هەڵبەتە چیرۆکی ئێمە لەگەڵ فریادرەسەکاندا تەنها لە گۆرانیەکاندا رەنگی نەداوەتەوە، بەڵکو بووە بە بەشێکی گرنگ لە چیرۆکی دوورودرێژی ژیانمان، وە بە دیاریکراوی ژیانی سیاسیمان پێی ئاوسبووە و فریادرەس لەگەڵ سیاسەتی باودا بوون بە دوانەی یەکتر و ”لازم ومەلزوم”.
بە درێژایی مێژووی دێرین مرۆڤەکان بەجۆرێک گۆشکراون چاوەڕێی رزگاریدەر یان فریادڕەس بن، تەنانەت ئەگەر بوونی نەبووبێت بەزۆریش بووبێت دروستیان کردووە، پێش خۆیانداوە و دوای کەوتوون، هەر پەیدانەبووبێت لە چاوەڕوانی سەرهەڵدان و دەرکەوتنیدا بوون، ئێستاشی لەسەر بێت بەشێک لە پەیڕەوکارانی ئاینی مەزهەبی شیعە لەرووی مەزلومیەتەوە لە چاوەڕێی فریادڕەس ”محمدی مەهدی”دان و هەر ماوەجارێک کەسێک ئەو هەلە دەقۆزێتەوە و بەو ناوەوە دێتە مەیدانی ژیانی ئاینی و ژیانی سیاسیەوە.
لە ژیانی سیاسیدا فریادڕەس و سیاسەت پەیوەندیەکی توندوتۆڵ و گەورەیان پێکەوە هەبووە و هەیە، ئەو لەبنەڕەتدا وەک بکەرێکی سیاسی چالاک و سەرکردە و پێشەوا وێنادەکرێت و زۆرینەی خەڵکیش کارلێکراو و شوێنکەوتوو. ئەم بکەرە بەپێی قۆناغە مێژووییەکان گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە، بەپێی گوزارشت و بیرو ڕای ئاینی- سیاسی فریادرەس پێغەمبەرێک یان پەیامبەرێکی خودایە و پێش ”ئۆمەتەکەی” خۆی دەکەوێت و رزگاریان دەکات، لە ژیانی سیاسی هاوچەرخدا ئەم گوتارە ئاینیە بە مەدەنی کراوە و گۆڕاوە بۆ پیاوە سیاسیە مەزنەکان (هەڵبەت نەک ژنەکان)، بۆ میر و پاشا و رابەری سیاسی و سەرکردەی مەزن و مێژوویی، دواتر گۆڕاوە بۆ سەرکردە و سەرۆکەکان و پارتی سیاسی فریادرەس.
لە ژیانی سیاسی هاوچەرخدا لەمسەری ڕاست بۆ ئەوسەری چەپ هەڵگری پەیامی سیاسی فریادرەسانە بوون و ژیانی سیاسیان بەم جۆرە پەیامانە هەمیشە ئاوسکردووە. نەتەوەکان بۆ ئەوەی ببن بە نەتەوەی مەزن یان نەتەوەی مێژوویی و بەوجۆرە بمێننەوە دەبێت ببن بە شوێنکەوتووی سەرکردە مەزنەکان و ئەو دەسەڵات و دەوڵەتانەی ئەوان ڕابەرایەتی دەکەن و هەڵیدەسوڕێنن، میللەتە ژێردەستە و ستەملێکراوەکان دەبێت سەرۆکەکان، یان هێزی سیاسی ڕابەر، زۆرجار جەنگاوەر و چەکدار، ببێت بە فریادڕەسیان بۆ رزگاربوون لە ستەمکاری، چینە چەوساوەکان دەبێت پارتێکی سیاسی ڕابەر ببێت بە فریادڕەس بۆ ئەوەی لە چەوسانەوەی چینایەتی ڕزگاریان بێت.
کورد لەم دەڤەرەدا زیاتر لە میللەتانی تری دنیا پەیوەندی سیاسەت و فریادەرەس لە ژیانە سیاسیەکەیدا رەنگیداوەتەوە. ئەو ستەم و جەور و قەهرەی لەسەر ئەم خەڵکە بووە، وە ئەو پاشخانە مەعریفی و ئاینی و سیاسیەی زاڵبووە، وایکردووە زەواڵیش بۆ رزگاربوون لە زوڵم وەک فریادڕەس چاولێبکرێت.
هێزە سیاسیە ناسیونالیستەکانی کوردستانیش ئەم پەیامە سیاسیەیان بەشێوەی جیاواز و لە قۆناغی جیاوازدا دووپاتکردۆتەوە. بەپێی رۆژ هەر ماوەجارێک یەکێک بۆ کورد بووە بە فریادرەس، جارێک شای ئێران، جارێک ئەمریکا و هاوپەیمانان و ….تاد
ئێستاش پەیامی ئیسلامیەکان و گوتاری سیاسیان پیرۆزکردنی پێشەواکان و پەیامبەرەکانە تاکو لەم ڕێگەیەوە پارتە ئیسلامیەکان بکەن بە فریادڕەسی ئەم دنیا و ئەو دنیای موسڵمانان. بزووتنەوەی گۆڕان لەدیدێکی ترەوە بەهەمان پەیامی فریادرەسانەوە بۆ ڕزگارکردنی خەڵک لە دەسەڵاتی چەقبەستووی پارتی و یەکێتی هاتەمەیدان و سەرکردەکەی بە هەزار و یەک فۆرم و شێوە وەک فریادڕەس نەخشێنرا. هەروەها لایەن و پارتی نوێی تر پەیدابوون خۆیان وەک بکەری سیاسی فریادڕەسی خەڵک دەناسێنن و گوایە دەنگیان پێ بدرێت و نۆرەیان پێ بدرێت خەڵک رزگاردەکەن لە دەسەڵاتی شەیتانی پارتی و یەکێتی و نەهامەتی و بێ خزمەتی و هەژاری و نەداری و…تاد.
جگە لەم هێزانە لایەنە سیاسیە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستانیش لەم ژینگە سیاسیەوە پەیام و گوتاری هاوشێوەیان هەبووە. تەنانەت لەم ڕووەوە سروودی ئەنتەرناسیوناڵ وەک سروودێکی نێونەتەوەیی کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانی دنیا لەم دەڤەرەدا کوردێنراوە کاتێک یەکێک لە دێرەکانی وەرگێرانی بۆ کراوە بەم جۆرەی لێهاتووە: {دەسەڵاتدار ڕزگارمان ناکەن، نە شا، نە شێخ، نە ئاسمان، با خۆمان بۆ ڕزگاری ڕابین، ئەی خێڵی بەرھەمھێنەران} {ئاخرین شەڕە شەڕی سەر و ماڵ با یەکگرتوو بین ھەڤاڵان، بە ئەنترناسیۆنال ڕزگار دەبێ ئینسان}. لێرەشدا فریادڕەس بووە بە ئەنتەرناسیوناڵ و بە رۆحێکی شۆڕشگێڕی جیاوازەوە هاتۆتە ناو ژیانی سیاسیمانەوە.
بەڵام ئەو ژیانە سیاسیە نەریتیە گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە، نەک بەرەو خراپتر بەڵکو بەرەو باشتر. ئەگەر ئەمڕۆ خەڵک داوای فریادڕەس نەکات و لە چاوەڕوانی پەیدابوون یان دەرکەوتنیدا نەبێت پێویستە وەک خاڵێکی پۆزەتیڤ و موسبەت لێکبدرێتەوە. ئەوە یەکێک لە نیشانەکانی ئاوابوونی سەردەمی کەمینە سیاسیەکانە، دەستپێکردنی کۆتایی هاتنی قۆرخکاری و پاوانخوازی سیاسیە و گۆڕانە لە هاوکێشەی بکەری سیاسیدا.
رووداوە گەورەکانی ئەم ناوچەیە کە پێشتر بە سیاسەتە وردەکان و مایکرۆپۆلیتیک دەستی پێکرد و دواتر گەیشت بە سیاسەتە گەورەکان و دەستپێکردنی ئەوەی پێی دەوترێت ”بەهاری عەرەبی” و ”بەهاری کوردی” (واتە رووداوەکانی ١٧ شوبات)، هەروەها دواترین نمونە شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” لە ئێراندا، ئەمانە دەریخست بکەری سیاسی گۆڕانکاری گەورەی بەسەرداهاتووە.
فریادڕەس وەک زادەی ژیانی سیاسی نەریتی و دەسەڵاتی کەمینە سیاسیەکان بوو بە ئەستێرەیەکی کشاو، تەپڵی فریادرەسی بووە بە تەپڵێکی دڕاو. چی تر مرۆڤەکان فریادرەسیان پێویست نیە، چی تر خەڵک خۆی لەبیرنەچۆتەوە و بۆ فریادڕەس ناڕوانێت، پێویستی بە سیاسەت و بڕیار و ئیرادە و هۆشمەندی خۆیەتی. باوەڕ نەبوون بە فریادڕەس مایەی گەشبینیە نەک رەشبینی، سەرچاوەی بێ هیوایی و بێ ئومێدی سیاسی نیە، بەڵکو بەرهەمی باوەڕێکی خۆڕسکە بە ژیانی خۆی، بە بڕیار و هۆش و ئیرادەی مرۆیی، لەوێوە هەوڵدان بۆ نەخشاندنی ژیانی گشتی وەک بکەرێکی سیاسی چالاک و بەئیرادە.
لە رووداوەکانی بەهاری عەرەبی و کوردی و ئێرانیدا بە ملیۆنان کەس وەک بکەرێکی سیاسی چالاک هاتنەمەیدان بۆ چەند ئامانجێکی دیاریکراو و وەک شەپۆلێکی گەرمی مەزن بەستەڵەکە سیاسیەکانیان تواندۆتەوە، بەها سیاسیەکانیان گۆڕیوە، ئەگەر نەیانتوانی بێت سیستم و دەسەڵات و دەوڵەتە ستەمکار و چەقبەستووەکان بگۆڕن توانیویانە بنکۆڵیان بکەن و دایڕزێنن. لە شەقامدا فریادرەسەکانی دوێنێ وەک جەللادی ئەمڕۆ لە خاچ دەدرێن و ئازادیخوازان پەیکەرەکانیان وەک بتەکانی دوێنێ دەشکێنن.
لە کوردستانیشدا لەلایەکەوە کاری سەرۆک و سەرکردە فریادڕەسەکان بووە بە بابەتی فڕوفیشاڵ و گاڵتەجاڕی و نوکتەبازی سیاسی و وەک سەمای مردووەکان چاولێدەکرێت، لەلایەکی ترەوە سیاسەتێکی نوێ و جیاواز بنچکی گرتووە و ژیاوەتەوە. خەڵکێکی زۆر بەپێی مانا و تێگەیشتنی خۆی سیاسەت دەکات، نەک وەک فریادرەس بەڵکو وەک مرۆڤێکی بەرپرس، وەک مرۆڤێکی گشتی و بەسوود بۆ بەشداری لە ژیانی گشتی و رێکخستن و چاکسازیکردنیدا. چین و توێژە جیاوازەکان بۆ رێکخستنەوەی ژیانی خۆیان دەنگهەڵدەبڕن و بڕیاردەدەن و چالاکانە ئەکتی سیاسی دەنوێنن. مامۆستایان دێنە مەیدان و وەک بکەرێکی سیاسی بڕیار و پێشنیاریان هەیە بۆ رێکخستنی ژیانی خۆیان و کایەیەکی سەرەکی ژیانی گشتی کە پەروەردە و فێربوونە.
ئەوەی دەگوزەرێت و ئەنجام دەدرێت کار و بەرهەمی بکەرێکی سیاسی نوێیە کە پێشتر وەک مرۆڤی سادە و خەڵکی عەوام و نەفام و ڕەشوڕووت دەناسێنران. لە سیاسەتە وردەکانەوە (مایکرۆ پۆلیتیک) هێواش هێواش هەڵدەکشێت بۆ سیاسەتە گەورەکان و کاریگەری دانان لەسەر بنەماکانی هەر پڕۆژەیەکی سیاسی و ستراتیژی بۆ گۆڕانکاری سیاسی.
لەم روانگەیەوە دەستە و لایەنە سیاسیەکان دەتوانن خۆیان رێکبخەنەوە بۆ پێشەنگایەتی نەک بۆ فریادڕەسی، خۆرێکخستنی سیاسی جیاواز لە کۆمەڵە و ناوەند و تۆڕ و لیژنە و یانە سیاسیەکان و …تاد دەتوانێت ببێت بە پاڵپشت و پشتیوانەیەکی بەهێز بۆ ژیانێکی سیاسی نوێی تەندروست و فراوانترین بەشداری سیاسی بۆ زۆرینەی ئینسانەکان فەراهەم بکات.
١٩ نیسانی ٢٠٢٤