ڕۆکێتەکانی ئێران….چیتر؟
عدنان کریم /
بۆمبارانکردنی چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە ئاڵۆزی و کێشە سیاسیەکانی ناوچەکەی هێندەی تر تووندکردۆتەوە.
گەرچی کۆماری ئیسلامئ ئێران بەفەرمی ڕایگەیاند کە ئەم پەلامارە بۆسەر ئیسرائیل، کە ناویلێنا ( بەڵێنی ڕاستگۆیی)، وەڵامێکە بە بۆردوومانکردنی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیسرائیلەوە، کە ئاکامەکەی، جگە لە وێرانکردنی باڵەخانەی باڵوێزی ئەو وڵاتە، بوو بەهۆی کوژرانی چەندین لێپرسراوی باڵای سەربازی و دیپلۆماتکاریان، بەڵام لەپشتی ئەم کردەی بۆمبارانەوە چەندین مەرامی تری ئێرانی خۆی مەڵاس داوە.
ئێران لە بواری پاڵپشتی لە حەماس و خەڵکی فەلەستین لەگەڵ چەندین کێشە و پرسیار ڕووبەڕووبوو. ئەوجگە لەوەی کە نەیتوانی لەبەرانبەر کوشتاری بێوێنەی ئیسرائیل لە خەڵکی فەلەستین وزەبرە کوشندەکانی سوپاکەی لە حەماس بەتایبەتی لەغەزە کاردانەوەیەکی سەربازیی ئەوتۆ لەخۆی نیشان بدات کە هاوکێشەی سەربازی لەو شەڕەدا بەقازانجی حەماس بگۆڕێت، بەپێچەوانەوە هێندەی تر کێشەکەی بە زیانی حەماس و فەلەستینیەکان ئاڵۆزترکرد. ئەوان پێش ٧ ی ئۆکتۆبەر و تەقینەوەی شەڕی غەزە پاکانەی سەرەکیان بۆ خۆتەیارکردنی سەربازی و کەڵەکەکردنی عەمبارە چەکسازیەکانیان بریتی بوو لە مەحفکردنەوەی ئیسرائیل. ئەو خۆنواندنەی ئێران و خۆهەڵکێشانی بەرانبەر ئیسرائیل و بوغراییەك کە نمایشی ئەکرد، بزووتنەوەی حەماس ومیلیشیا و هێزە پرۆ- ئێرانیەکانی تووشی خۆشباوەڕیەکی خەیاڵیی ئەوتۆکرد کە هەوای سەرکەوتن و پەلاماری ئیسرائیل دابووی لەکەلەیان. ئەو خۆشباوەڕیە لەسەر ئەو بناغە خەیاڵیە بنیاتنرابوو کە گوایە بوونی ئێرانێکی ڕادیکال و تا ددان پڕچەك، هاوکێشەی سەربازی و سیاسیی لەنێوان ئیسرائیل و دوژمنەکانیدا بەجۆرێکی چۆنایەتی و ستراتیجی گۆڕیوە و لە هەر پێکدادان و شەڕێکی ئایندەدا ئەتوانن لووتی ئیسرائیل بدەن لەبەرد و بیهێننەسەرچۆك.
ئەو حیساباتە ستراتیجیە وەهمی وهەڵەیە لەناو وێرانکاریەکانی غەزەدا نێژرا و تۆزی بەباداچوو.
بۆردوومانەکانی ئێران بۆ کڕینەوەی ئەو ئابڕووە ستراتیجیە لەدەسچووەی ناو ئەو لایەن و هێز و خەڵکانەدا بوو کە پەتی ئومێدیان بە ئیدیعا سیاسی و سەربازیەکانی ئێرانەوە بەستبوو.
لە سووریاش ئێران لەگەڵ هەمان کێشەدا دەرگیرە. لەوێش و دوای ١٣ ساڵ لە قەیرانێکی گەورەی سیاسی و سەربازی، ئێران تووشی هەمان شکست و ناکامی هاتووە. بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ پێگەی هێزەکانی سوپای پاسداران لەوێشدا زۆربەی ڕیسەکانی ستراتیجیی پاوانخوازیی ئێرانی کردەوە بە خۆری. ئێران، جگە لەوەی کە ئەیویست سووریا و داهاتووی دوای قەیرانی ئێستاکەی بکات بەسەکۆیەك بۆ پەیداکردنی جێپێیەك بۆ پەلهاویشتنی ئیقلیمی، لەهەوڵێکی هێستریکیشدا بوو کە ئەو وڵاتە بکات بە پردێك بۆ گەیاندنی چەك و پشتیوانیی سەربازی لە حیزبوڵڵای لوبنان وەکوو نزیکترین و دڵسۆزترین هێزی پرۆ- ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. جگە لەوەش بارگە خستی سەربازی و نفووزی سیاسی و ستراتیجیی ئێرانی لە سووریا، لەپاڵ هەوڵی هاوبەش لەگەڵ ڕووسیا بۆ هێشتنەوەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، پەیامێکیش بوو بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا کە ئەوان بنەوبارگایەکی تۆکمەیان لەپەنای چەند سەد کیلۆمەتریی ئیسرائیلدا خستووە و هاوکاتیش لەیەك ڕیزی سیاسی و سەربازیدان لەگەڵ ڕووسیای سەردەمی بۆتین لە هاوکێشە تازەکانی ناوچەکەدا.
نیزامی دەسەڵاتداری ئێران، بەدەر لە ڕواڵەتی هەڵوێستە دیماگۆجیەکانی بەرانبەر گەلی فەلەستین و بەکارهێنانی چەواشەکارانە لە حەماس، ئەم قەیرانە وەکوو فرسەتێك ئەبینێت بۆ بردنی بەشی خۆی لە کێکی دوای ئارامبوونەوەی کێشەکانی ئێستا کە سەرەتاکانی دەستی پێکردووە. شین و شەپۆڕی ڕشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆ تراجیدیی گەلی فەلەستین، کۆدێکی ئێرانی مەلاکانە بۆ کۆمەڵێك ئیمتیازات لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی قەیراناویدا. ناوچەکە ئاوسە بە دەیان نموودی قەیرانی وەکوو پێگەی دەسەڵات و نفووزی جیۆپۆلیتیك و سیاسی – سەربازی و وزە و ڕێڕەوە جوگرافی و ئاویەکان و پەیوەندیە دەوڵەتیەکان کە دوای نیشتنەوەی تەپوتۆزی شەڕی غەززە لە چاوەڕوانیی چارەسەردان.
عێراق و لوبنان و سووریا و یەمەن و فەلەستین چەند فایلی دانەخراو وشانۆیەکی ئەو هەوڵانەی ئێرانن.
ڕۆکێت و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لەگەڵ جیاوازیی کات و کێشەکاندا، لە ناوەڕۆکدا هاوچەشنی ڕۆکێت هاویشتنەکانی سەددام حسێنی ساڵی ١٩٩١ ن بۆسەر ئیسرائیل و هەردووکیان تراجیدیی خەڵکی فەلەستین و ناوچەکەیان کردووە بە بارمتە بۆ وەرگرتنی باج و ئیمتیازات.
نیگەرانیەکانی ئێران لەبەرانبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و بەتایبەتی سعوودیە و نیشاندانی بازووی سەربازی بۆ ترساندنی ئەو وڵاتانە لەو بوارانەدا، ئامانجێکی تری ئێرانە بۆ ترساندنی ئەوان لە زیادەڕۆیی لەو پەیوەندیانە.
جگە لە گشت ئەوانەش ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران بەم عەرزی عەزەڵاتە سەربازیەی چەندین پەیامی تر بە چوار دەوری خۆیدا پەخش ئەکات. بۆ تورکیا وتەماحەکانی لە عێراقدا، بۆ ڕووسیا ونمایشکردنی خۆی وەکوو هێزێکی گەورەی ناوچەکە و پەیامی ئامادەیی بۆ هاوپەیمانی لەبەرانبەر تەماحەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و بەئامانج گرتنی هەردوولا لە ناوچەکە، بۆ هێزە نەیارەکانی ئێران لە ناو عێراق و پێویستیی گوێڕایەڵی لە پلانەکانی خۆی لەناوخۆی ئەم وڵاتەدا و بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تا لەهەر وەرچەرخانێکدا زیاد لە کێشی خۆی پێهەڵنەبڕێت.
ئێران ئەیەوێ وەکوو زلهێزێکی ناوچەیی بەشی گەورەی پێبدرێت لە ئیمتیازات و پێگەی ناوچەیی و داننان بەڕۆڵیدا لەهەر گفتوگۆیەکی سەر مێزی دانیشتنی دیپلۆماتی لەگەڵ ئەمریکادا بەتایبەتی پێش هاتنەسەرکاری پێشبینیکراوی دۆناڵد ترامب لە کۆشکی سپیدا.
بەڵام پرسیاری جیددی ئەوەیە کە ئایا ئێران لەو هەموو چاوەڕوانی و تەماحانەیدا چەند واقیعیە و چەند لەسەدی ئەو خەونە ستراتیجیەی بەدی دێن؟
بەدناویی ڕژێمی ئێران لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و بێبڕوابوون بە بەڵێن وپەیمانەکانی و هەروەها ئاڵۆزی و گوماناویی تەماح و ستراتیجیەکانی، بەئاراستەی دژ بەو ئومێدانەی ئێران ئەوەستنەوە. جگە لەوەش ئاراستەکانی سیاسەتی ئێرانی و هەوڵی هەیمەنەی ئیقلیمیی ئەو وڵاتە، گومان و دوودڵیەکی زۆری لەناو ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان و خەڵکی ناوچەکەدا پەرەپێداوە. ڕژێمەکانی ناوچەکە بە بیانووی پاوانخوازی وسەرچڵیی ناوچەیی ئێران و هەڕەشە بۆسەر سەروەریی وڵاتەکان و پشتگیری لە گرووپە تووندڕەوەکان و میلیشیا یاخیەکان، خەڵکیان زیاتر و زیاتر لەژێر ڕکێفی خۆیاندا بەسیج کردووە و پەرەیان داوە بە عەقلی تەسکی مەزهەبی و تایفی. لەهەمووش گرنگتر ئەوەیە کە گەرمکردنی قەیرانی ناوچەکە لەلایەن ئێران و ئیسرائیلەوە، بووە بە ڕێگر و لەمپەرێکی گەورە بۆ هەوڵ و تێکۆشانی گەلانی ناوچەکە بۆ دۆزینەوە و گرتنەبەری ئاراستەی هەوڵ و تێکۆشانیان لە دژی ڕژێمە ستەمکارەکانی وڵاتەکانیان.
ئەم قەیرانە کە ئێران مووشەدەمەیەکی گەرمکردنیەتی بیانوویەکی داوەتە دەست ڕژێمە سەرکوتگەر و دژی خەڵکیەکانی ناوچەکە بۆ تووندکردنەوەی بەرنامەی سەرکوت و میلیتاریزم و ئاڵۆزکردنی ژیانی ئابووریی خەڵك. ئێرانی ئەمڕۆ لەچاوی زۆربەی خەڵکی ناوچەکەوە، بووە بە هۆکاری نائارامی و بشێوی و مەترسی بۆ پێکەوە ژیانی گەلان و ڕەوڕەوەی گەشەی ئابووری.
لەناو هەموانیشدا گەلی فەلەستین یەکەمین زیانمەندی ئەو هێرشە ڕۆکێتیانەی ئێرانن و هێندەی تر کێشە ڕەواکەیان تووشی ئاڵۆزی ئەکا و گرێکانی چاری ئەو مەسەلەیە تووندتر ئەکات. هەر لەچەند ڕۆژی ڕابووردوودا، پاش ئەوەی لە ئاستی ڕای گشتیی جیهانیدا، بەهۆی کوشتارە زۆرەکانی ئیسرائیلەوە، دەسەڵاتدارەتیی ئەو وڵاتە لەگۆشەیەکی تەسکدا گیری خواردبوو و سۆزی هەموو دونیا بەلای فەلەستینیەکاندا وەرچەرخابوو، پاش هێرشەکانی ئێران، ئەو هاوکێشەیە تەواو بە ئاراستەیەکی پێچەوانە وەرچەرخا و بەو جۆرە ئێران دیاریەکی بەنرخی پێشکەش ئیسرائیل کرد.
لەهەموو ئەوانەش گرنگتر بارودۆخی ناوخۆی وڵاتی ئێرانە. ڕژێمی مەلاکان بەم هێرشانە پەیەمێکی تریان دا بەگەلانی ئێران: ئێمە لەوە بەهێزترین کە بیر لە ڕووخاندنمان بکەنەوە!!
ڕژێمێك کە لاوازترین پایگای لەناو گەلانی وڵاتەکەیدا هەیە و دەرگیرە لەگەڵ زۆرترین ناڕەزایەتیی خەڵکیدا، وەکوو پیشەی هەمیشەیی، ئەم پرسەش ئەکات بە بیانوویەك بۆ سەرکوت و ئیعدام و کوشتار و پێشێلکردنی سەرەتایی ترین داخوازیەکانی ئەوان و میلیتاریزەکردنی کەشوهەوی گشتیی وڵات و لەپێشیانەوە شارەکانی کوردستانی ئێران.
نیسانی ٢٠٢٤