عدنان کریم
کاتێك شەڕی جیهانیی یەکەم لە ١٩١٨ کۆتایی هات یەکێك لە دۆڕاوە سەرەکیەکانی شەڕەکە ئیمپراتۆریی عوسمانی بوو. بەریتانیا، کە بەهێزترین لایەنی بەرەی هاوپەیمانان بوو لەپاڵ فەرەنسا و ڕووسیا، تەنانەت پێش ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی تورکیا لە ٥/١١/١٩١٤ لەشکری خۆی لەڕێگەی کەنداوی عەرەبیەوە ڕەوانەکرد بۆ گرتنی بەسرە.
پێش وەستانی شەڕی جیهانیی یەکەم لەشکری بەریتانیا، جگە لەناو شاری مووسڵ، کۆنترۆڵی زۆربەی خاکی عێراقی کردبوو و هێزەکانی تورکیای عوسمانی لێدەرکردبوو. کە ئاگربەستی مەدرۆس Mudros لە ٣٠/١٠/١٩١٨ ڕاگەیەنرا بەشی زۆری ویلایەتی موسڵ کەوتبووە ژێردەستی لەشکری بەریتانیا. لە ماددەی حەوتەمی پەیمانی ئاگربەستەکەدا هاتبوو کە: ( هێزەکانی هاوپەیمانان مافی داگ
(c) Newstead Abbey; Supplied by The Public Catalogue Foundation
یرکردنی هەر شوێنێکی ستراتیجیان هەیە کە ببێتە هۆکاری هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی خۆیان) بۆیە لەشکری بەریتانیا خێرا کەوتنە خۆیان و ڕۆژی دواتر شاری مووسڵیشیان داگیرکرد و خستیانە ژێر ڕکێفی خۆیان و پاشماوەی هێزەکانی تورکیایان دەرپەڕاند بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی خۆیان.
گەرچی بەپێی پەیماننامەی سایکس – پیکۆ، کە ساڵی ١٩١٦ بۆ دابەشکردنی ناوچەکە لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسادا ئیمزاکرابوو، ئەبوایە مووسڵ بکەوێتە ژێر ڕکێفی فەرەنسا بەڵام لوید جۆرجی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕێکەوتنێکی لەگەڵ جۆرج کلیمنسۆی سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا ئیمزاکردبوو کە فەرەنسا دەسبەردای مووسڵ ببێت لەبەرانبەر پێدانی دەسەڵاتی ئینتیداب بەوان لە سوریا.
بەڵام کێشەکە لەبەر زۆر هۆکار لێرەدا کۆتایی نەهات. لەلایەکەوە تورکیا پێداگریی لەسەر ئەوە ئەکرد کە بەریتانیا سەرپێچیی لە مەرجەکانی ئاگربەستی مەدرۆس کردووە کە شاری مووسڵی داگیرکردووە و لەولاشەوە بیانووی ئەوەی ئەهێنایەوە کە سنووری نێوان عێراق و تورکیا نەخشەی بۆ نەکێشراوە و هێشتا عێراق بەفەرمی بەشێکە لە خاکی عوسمانیەکان. شایانی وتنە کە گەرچی عوسمانیەکان لەدەسەڵاتدا نەمابوون بەڵام ئیمپراتۆریی عوسمانی هێشتا بەفەرمی هەڵنەوەشابۆوە و بەهەر مەبەستێك بێت دەسەڵاتدارانی تازەی تورکیا ڕۆژی ٣/٣/١٩٢٤ مەرسوومی هەڵوەشانەوەکەیان لە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی باڵای تورکیا ” پەرلەمان ” پەسەندکرد کرد و ڕایانگەیاند.
لەوماوەیەدا پرۆسەیەکی درێژی گفتوگۆ و دانوستانی دیبلۆماسی لەنێوان بەریتانیا و تورکیا دەستتیپێکرد. لە ڕاستیدا ئەو گفتوگۆیانە زۆر ئامانجی لەپشتەوە بوو. ڕاستەوخۆترین ئامانج بریتی بوو لە گرتنەبەری ڕێگە و پلانەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خیلافەت و ئیمپراتۆریی عوسمانی و دابەشکردنی میراتیی ئەو ئیمپراتۆریە فراوانە. بەڵام ئامانجی زۆر گەورەتر لە پشتی ئەو مەسەلەیەدا خۆی مەڵاسدابوو. بەریتانیا و فەرەنسا وەکوو دوو زلهێزی سەرەکیی ئەو سەردەمە و بەرەی سەرکەوتووی شەڕی یەکەمی جیهان، لە هەوڵێکی بێپەروادا بوون بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی بۆشایی سیاسی لە ناوچەکە و پێشگرتن بەتەماعی دەوڵەتانی تری ئەوروپی تر بۆ پەلکوتان بۆ ئەو ناوچانە و قاپاندنی بەشە کێکی خۆیان لەناوچەی ستراتیجی و خاك و بەروبووم و سامانی سروشتی و بازاڕی ساغکردنەوەی کەلوپەل و بەرهەمی وڵاتەکانیان. ڕووسیا و ئیتالیا و پورتوگال و هۆڵەندا هەندێك لەو وڵاتانە بوون کە دەمێك بوو وەکوو هێزی کۆلۆنیالیست زۆرێك لە خاك و وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقیایان داگیرکردبوو و خۆیان بۆ بەشە میراتیی ئەم ناوچەیەش ئامادەکردبوو.
بەدەر لەو ژینگە جیهانی و ناوچەی و جیۆپۆلیتیکیەی ئەم بابەتە، لێرەدا زیاتر فۆکۆس ئەکەمە سەر پرسی کورد لەو گفتوگۆیانە لە ڕێی چاوگێڕانێك بە کتێبی The Making of New Iraq ) :Henry Foster ( بەتایبەتی لە فەسڵی هەشتەمیدا بەناوی ( Great Britain Wins Mosul for Iraq P 142 چۆن بەریتانیای مەزن سەرکەوت لە لکاندنی موسڵ بە عێراقەوە ).
پرسی کورد
سەرەتا پێویستە ئەوە بهێنمەوە یاد کە زۆربەی خاکی کوردستانی عێراقی ئەو سەردەمە، بەپێی نەخشەی جیوگرافی- سیاسیی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لکێنرابوو بە ویلایەتی مووسڵەوە و بەوپێیە ئەم ویلایەتە، جگە ناو شاری مووسڵ و بادیەی ڕۆژئاوای تا سنووری سووریا، زۆرینەی دانیشتوانی کورد بوون.
لەو قۆناغەدا هێشتا پرسی کورد نەبووبوو بە مەسەلەیەکی سیاسیی ڕۆشن وبەرجەستە لە ئاستی خوارەوە و لەناو خەڵکدا جموجۆڵێکی سیاسیی ئەوتۆ لەئارادا نەبوو چی بۆ داواکردنی سەربەخۆیی دوای پاش پاشەکشەکردنی عوسمانیەکان لە ئەنجامی دۆڕاندنیان لەشەردا، و چی سەرهەڵدانی هێزی سیاسی و کەسایەتیی خاوەن ئەو پرسە. ئیلیتی ڕۆشنبیر و ساسیی کورد هیچ پلاتفۆرم و مانیفێست و بەرنامەیەکەی نووسراو، پەسەندکراوی کۆڕێکی سیاسی، میللی یا وەفد و نوێنەرایەتیەكی نەبوو کە بە دیفاکتۆ یا بەفەرمی بچێتە ناو ئەو شەڕە دیبلۆماسیە یا لە ناوەندەکانی بڕیاری جیهانی یا ناوخۆی عێراق پەیامی خۆی و گەلی کورد بگەیەنێت و شوێن پێی هەڵگرێت. هۆکارگەلێکی زۆر هەن بۆ تاوتویی ڕاستیەکان لەو ڕووەوە یا هێنانەوەی بیانووەکان بەڵام بێئەوەی لێرەدا بچمە ناو وردەکاریی ئەو بابەتە و بۆئەوەی فۆکۆسی باسەکە پەرت نەکەم، ئێستا خۆم ئەبوێرم لێیان. تەنها سەرنجێکی زۆر گشتیی پێویست بڵێم ئەوەیە کە ئەو واقیعیەتە ئاوێنەیەکە کە ئاستی بەرتەسکی بوون و ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕایەڵ و پۆی سیاسی و فەرهەنگیی کوردی ونزمی و تەنگەبەری ئەو کۆمەڵگایە لەو سەردەمەدا نیشان ئەدات کە هێشتا ئامرازەکان و هێزەکانی ژیانی مودرین تیایدا نەهاتوونەتە بەرهەم و هەر هێندە توانای دەرکەوتنیان هەبووە.
لێرەدا کە ئەڵێم ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هۆکارەکەی ئەوەیە کە، سەرباری ئاڵوگۆڕێکی زۆر لەناوخۆی تورکیا و تەسکبوونەوەی دەسەڵاتی ناوچەیی و جیهانیی نفوزیان، بەڵام تا ساڵی ١٩٢٤ هێشتا بە فەرمی نیزامی عوسمانی هەڵنەوەشاوەتەوە لە تورکیادا.
ساڵەهای درێژی دەسەڵات و ستەمی ئەو ئیمپراتۆریەش لە کوردستاندا، کاریگەریەکی زۆر خراپی بەجێهێشتبوو. ئەو سیستمە ئیداری و سیاسیەی سەپاندبوویان هیچ ئاسەوارێکی بۆ هاوبەشیی سیاسی کورد یا دەستەبژێرێکی هەرە بچووکی ئەوان نەهێشتبۆوە و زیاتر سیمای شەڕەنگێزی و داگیرکردن و میلتاریزمێکی سەدەکانی ناوەڕاست بەسەریدا زاڵ بوو. لەبچووکترین پۆستی ئیداری و سەربازی و سیاسیەوە تا لووتکەی هەرەمی سیستمەکە مۆرکێکی تووندڕەوی سەربازیی تۆخی ڕادیکالی تورکیی پێوەدیاربوو گەرچی بە سەرپۆشێکی ئیسلامی داپۆشرابوو. ئەو ئیماراتە کوردیانەی پێشووتریش، کە بۆ شەڕ لەگەڵك سەفەویەکان سوودیان لێوەرئەگرتن و جۆرێك سەربەخۆیی تەسکی لۆکاڵی و دەسەڵاتێکی ڕووکەشیان هەبوو، لەئارادا نەمابوون.
لەڕووی ئابووریشەوە، وبەتایبەتی لە قۆناغەکانی دوایی تەمەنیدا و بەتایبەتی تریش لە شەڕی جیهانیدا، کوردستانیش وەکوو زۆربەی ویلایەتەکانی تری عوسمانی لە عێراق و ناوچەکەدا، کەوتبوونە ژێر باری قورسی سیاسەتی ئابووریی ڕووتاندنەوە و تاڵان وبڕۆی تەڕ و وشکی داهات وباج و خەراج و بەروبووم بۆ خزمەتی ئەستانە. تەنانەت هیچ پرۆژە یا یەکەیەکی ژێرخانی ئابووریشیان لەپاش خۆیان بەجێنەهێشت جگە لە ئابووریەکی تێکڕووخاو و بەتاڵانبراو. ڕەشبگیر و ناردنی کوردەکان بۆشەڕی بەرەکانی ڕووسیا و قەفقاس و ئەرزەڕۆم ئەوەندی تر بووبوو بەسەربار بۆ وێرانکردنی ساختاری ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناوچە کوردیەکان.
ئەو بارودۆخە، تا ١٩١٨ و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سیاسی لە ناوچەکانی سلێمانیی سەردەمی شێخ مەحمووددا، نووزەی لە ژیانی سیاسی و فەرهەنگی و ئاگاهاتنەوە و خۆئامادەکردنی لەناو خەڵکدا بڕیبوو. بەتایبەتیش لەشەڕێکی گەورەی جیهانیدا کە بەرپابوو هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی و ڕۆشنبیری ئەوتۆ و بەهێز لەناو کوردی ئەو ناوچەیەدا سەری هەڵنەدا، لە کاتێکدا چی لەناو گەلانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئەرمەن لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا و چی لە ناوەندەکانی وڵاتانی عەرەبیدا زۆر زووتر، ،جموجۆڵی سیاسی و فەرهەنگی ببوو بە مایەی سەرهەڵدانی دەیان حیزب و کۆمەڵەی سیاسی و ڕۆشنبیری و بزووتنەوە و هێزی سیاسی بەئاراستەی سەربەخۆیی بۆ دابەشکردنی میراتی دەسەڵاتی ئەو ئیمپراتۆریەتە، ئەگەرچی ئەوانیش، وەکوو کورد، بەرزەبری کوشندە و وێرانکاری و ستەمی عوسمانیەکان کەوتبوون.
لێرەدا نابێ ڕۆڵی ئاین لەو سەروبەندەدا پشتگوێبخەین.
زۆرینەی کورد سوونە بوون و بگرە باوەڕداریی ئیسلامی و فەرهەنگی ئاینی لەناو کورددا بەهێزبوو. زۆرینەی کورد بە گشتی و تادوا قۆناغی ڕووخانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی بەمەرسوومێك لە ٣/٣/١٩٢٤ لەلایەن کەمالیەکانەوە کە لە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی باڵای تورکیا دەرچوو، ئەو دەسەڵاتەیان بە دوایین خەلیفەی ئیسلامی لەسەر ئەرز دائەنا. لەکاتێکدا کە هەست و سۆزی نێشتیمانی و بزووتنەوەی نەتەوەیی و چ جای سەربەخۆییخوازی لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوو لەناو کوردەکاندا. ئەو باوەڕە بە سیستمی خەلافەتی ئیسلامی ڕۆڵی زۆربوو لە بەستەڵەکی ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیری لەناویاندا. بێجگە لەوەش، دابەشبوونی کورد و بڵاوبوونەوەیان لە ناو چوار وڵاتدا و لەتبوونیان، یەکێتیی ساختاریی سیاسی و فەرهەنگیی ئەوانی پەرت و بلاوکردبوو و ئاراستەی گەشەکردن و جووڵەی کۆمەڵگای کوردیی لە هەر پارچەیەکدا خستبووە ژێر کاریگەریی گشتیی ئاڵوگۆڕ و پێشهاتەکانی ئەو چوار وڵاتەوە، ئەویش وەکوو لاوازترین بەش و پاشکۆیان.
ئەو بەستەڵەکە فەرهەنگی و سیاسیەی کوردستانی پێش ئەو قۆناغە گرنگەی سەروبەندی لەتوپەتکردنی ئیمپراتۆریی عوسمانی تا ساڵی ١٩١٨، بوو بەهۆکارێك کە کورد، بە پێچەوانەی عەرەب و ئەرمەن بۆ نموونە، هیچ نوێنەرایەتیەکیان نەبێت لە پرۆسەی گەورەی دانوستانەکانی هێز و دەولەتانی سەرکەوتووی شەڕەکەدا و بەریتانیا لە گفتوگۆکانیدا لەسەر مێزی مفاوەزات فایلی کورد بۆ مەرامی خۆی لە بەرانبەر تورکیادا بەکاربهێنێت. درەکەوتنی شەریف پاشا لە گفتوگۆکانی کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس نەهیچێکمان لەوبارەوە پێئەڵێ و نە داخوازی و ڕۆڵ و قورسایی و جۆری نوێنەرایەتیی ئەو و ناوەڕۆکی ئەو فایلەی کە لەوێ خستوویەتیە ڕوو، گەر کرابێتیش.
هێنری فۆستەر لە کتێبەکەیداIraq The Making of New ( دروستکردنی عێراق نوێ ) بەشێك لە چیرۆکی ئەو دانوستانانە ئەگێڕێتەوە.
دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، کەمالیستەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو پێگە لەدەستچووەی کە سەردەمی عوسمانیەکان بوویان، دەست ئەکەن بە هەوڵێکی دیبلۆماسیی بێئەندازە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. ئەوان بەوردی کەڵکیان وەرگرت لە هاوکێشەکانی دونیای دوای شەڕی جیهانیی یەکەم و بەتایبەتی لە دوو ڕووەوە ویستیان هەلی تازە بقۆزنەوە:
یەکەم: هاتنەسەرشانۆی یەکێتیی سۆڤیەت لەپەنای دەستیاندا وەکوو دەوڵەتێکی نەیار و ڕکابەر بە ڕۆژئاوا و بەتایبەتی هەڵوێستە سەرەتاکانی ئەو وڵاتە لەدژی میرات بەشکردنی دەسکەوتەکانی شەڕ لە نێوان بلۆکە ناکۆکەکانی وەکوو فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا. سۆڤیەتی ئەوکاتە جگە لەوەش، هەوڵی نزیکایەتی ئەدا لەگەڵ تورکیای بریندار و تەریککەوتوو بەدەست براوەکانی شەڕی جیهانیی یەکەمەوە بەتایبەتی بەریتانیا و فەرەنسا. هاوکاتیش سۆڤیەت وەکوو نیزامێکی تازەلەسەرکار، کە دوای ساڵانێك لە چاوەڕوانیی هەڵسانەوەی بزووتنەوە کۆمۆنیستیەکان لەئەوروپا تووشی بێئومێدی بوو، پێویستی بە دۆستایەتی هەبوو لەگەڵ تورکیا بۆ ئارامڕاگرتنی گەلانی موسەڵمانی کۆمارە سۆڤێتیەکان.
سۆڤیەت لەم قۆناغەدا گرەوێکی زۆری لەسەر بزووتنەوە نیشتیمانیەکانی وڵاتانی دواکەوتوو و خەباتی دژە کۆلۆنیالی ئەکرد و کۆنگرەی باکۆی گەلانی ڕۆژهەڵات، کە چەندین نوێنەری تورکیا تیا بەشداربوون، هەوڵێك بوو بەئاراستەی پیادەکردنی ئەو ستراتیجیە و کنەکردن بەرەو ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام لەژێر ناوی بەرگریکردن لە مافی گەلان و بنەبڕکردنی ئیستیعماردا.
دووەم: ئەمریکاش کە ڕۆژبەڕۆژ وەکوو هێزێکی تازە ئەهاتە سەر شانۆی سیاسەتی جیهانی، هێشتا پێی دانەبڕابوو لە جۆرێك مەیلی ئازادانەی پاشماوەی شۆڕشی ئەمریکای سەدەی پێشوو و هەڵوێستی نەیارانەی ئەگرتەبەر بەرانبەر وڵاتانی ئەوروپی و سیاسەتی کۆلۆنیالی و تاقیبی هیچ بەشێکی میراتی عوسمانیەکانیشی نەئەکرد. ئەمریکا سەرەتا ڕاشکاوانە خۆی دوورگرت لە شەڕی جیهانیی یەکەمیش گەرچی ساڵی ١٩١٧ پەیوەست بوو بە بەرەی هاوپەیمانانەوە.
بەوجۆرە کۆماری تورکیای کەمالیست لە پێگەیەکی گونجاوتر و بەهێزترەوە، لە چاو ساڵانی پێش ١٩٢٠، گەڕی دانوستانەکانی لەگەڵ فەرەنسا و بەتایبەتیش بەریتانیا دەستپێکردەوە.
هێنری فۆستەر لەو بەشە لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە ئەکات کە ( لەسەرەتای ١٤/١٢/ ١٩٢٢ تا کۆتایی ئەو مانگە هەریەك لە لۆرد کرۆزنی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و عیسمەت پاشای وەزیری دەرەوەی تورکیای کەمالیست گەڕێکی تر لە گفتوگۆ و نامە گۆڕینەوە سەبارەت بە مووسڵ دەستپێئەکەنەوە).
شایانی وتنە کە ئەم گفتوگۆیانە بەشێكن لە کۆبوونەوەکانی ڕێکەوتننامەی لۆزان پاش ئەوەی دیبلۆماسیی تورکی توانیی لە سایەی هاوکێشە تازەکانی ناوخۆی تورکیا و شانۆی نویی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان ڕێکەوتننامەی سیڤێر The Treaty of Sevres هەڵبوەشێنێتەوە و بەتایبەتی بەندە تایبەتەکانی سەبارەت بە پرسی کورد پووچەڵ بکاتەوە. بەلام هێشتا ڕێیەکی دوور مابوو بۆ ڕێکەوتن لەنێوان تورکیا و بەریتانیا.
فۆستەر ئەڵێ: ( لەکاتێکدا لۆرد کرۆزن ڕای وابوو کە پرسی مووسڵ بە پلەی سەرەکی یانی دیاریکردنی سنوور بەڵام عیسمەت پاشا پێداگر بوو لەسەر گفتوگۆ لەسەر سەرجەم ویلایەتی مووسڵ) ل ١٤٢ و دواتر. هینری فۆستەر لەز مانی عیسمەتەوە ڕوو بە کرۆزن، درێژەی پێئەدات و ئەڵێ: ( سەرپێچی لە ئاگربەستی مەدرۆسی ڕۆژی ٣٠/١٠/ ١٩١٨ کراوە و لەدانوستانەکاندا ڕێز لە بڕیارەکانی نەگیرا و ئەوەبوو لەشکری بەریتانیا چووە ناو سنووری موسڵەوە).
لێرەدا عیسمەت پاشا گەمەیەکی زیرەکانە ئەکات و پێشنیاری ڕێکخستنی ڕیفراندۆم ئەخاتە بەردەست کرۆزن بۆ ساغکردنەوەی چارەنووسی ویلایەتی مووسڵ بەگشتی و بەریتانیا لەبەردەم ئەو پێشنیارەدا تووشی ئیحراجبوون ئەبێ و سەرەنجام ڕەتیئەکاتەوە. بیانووی کرۆزن بەپێی کتێبەکەی هێنری فۆستەر ئەوەیە کە ( کوردەکان کە زۆرایەتین لەو ناوچەیە شارەزای سنووقی دەنگدان نین جگە لەو پروپاگەندە زۆرەی کە تورکەکان لەناو دانیشتوانی ناوچەکەدا لەبەرژەوەندیی خۆیان کردوویانە بۆیە ڕیفراندۆم بەهایەکی نابێت) تا لەکۆتاییدا ئەڵێ: ( کورد و عەرەبی ئەوێ، کە مەسەلەکە پەیوەندیی بەوانەوە هەیە، داوای ڕیفراندۆمیان نەکردووە ئیتر نازانم بۆ عیسمەت پاشا پێداگری لەسەر ئەو داوایە ئەکا بۆ ئەو دۆستە داماوانە… ئاخر ئەوان نازانن ئەوە مانای چیە).
لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە پێئەچێ تورکیا ڕادەیەکی باش لە دڵنیایی هەبێ کە خەڵکی ناوچەکە، کە زۆربەیان کوردن، لە ڕیفراندۆمدا دەنگ بە تورکیا ئەدەن و ئەوەش مایەی ڕاوەستان و لێوردبوونەوەی ورد و زۆرە. جگە لەوەش بابەتێکی تری سەرنجڕاکێش لەو گفتوگۆیانەدا ئەوەیە کە بەریتانیا، هەر لەوێدا، لە زمانی لۆرد کرۆزنی وەزیری دەرەوەیەوە زۆر پێداگری ئەکا لەسەر ( پابەندبوونیان بەرانبەر بەعەرەب کە لە چەندین بۆنەی جیادا بەڵێنیان پێداون کە کاتی سەرکەوتنی هاوپەیمانان جارێکی تر نەخرێنەوە ژێردەستی تورکەکان و بەریتانیا پابەندە بە پرەنسیپەکانی ئینتیداب کە لەژێر چاودێریی کۆمەلەی گەلاندا ڕایگەیاندووە و ئەوە مووسڵیش ئەگرێتەوە). کرۆزنی لێرەدا ئەو بەخشندەییە بەرانبەر بە کورد نیشان نادات.
لەو قسانەدا بەڕوونی دیارە کە بەریتانیا تا ئەوجێیە باسی کورد ئەکا کە بەشێك بن لە عێراقێك کە خۆیان پێیان ئەووت ( عێراقی عەرەبی ) تەنانەت بێئەوەی لەو عێراقە عەرەبیەشدا مافەکانی کورد باسێکیان لێوەکرابێت. لە کۆی باسەکانی ئەم کتێبە و بەتایبەتی باسی ئینتیدابی بەریتانی لە عێراق و ململانێ زۆرەکانی پەیوەست بە دامەزراندنی عێراقی ژێر ئینتیداب و سەربەخۆیی دواتر لە ١٩٣٢ و بوونی بە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان بە پاڵپشتیی بەریتانیا، تێرمی ( عێراقی عەرەبی ) لەلایەن بەریتانیەکانەوە بەکار ئەهێنرێت بەو مەرجەی دەسەڵاتدارانی عەرەبی شەریکی عێراق لەو پەۆسەیەدا کەمتر ئەو دەستەواژەیە بەکاردێنن.
لەبەرانبەر ئەو هەڵوێستانەی لۆرد کرۆزندا عیسمەت پاشا دێتە وەڵام و ئەڵێ: ( تورکیا ئاگاداری ئەوە نیە کە ئینتیداب ئەو مافانەی بە بەریتانیا دابێت و سەرباری ئەوەش ناکرێ هیچ بەهایەکی یاسایی بۆ ئەو پەیماننامانە بکرێت کە سەبارەت بە عێراق مۆرکراون چونکە ئەو وڵاتە تا ئێستاش لەڕووی یاساییەوە بەشێکە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی). عیسمەت پاشا خۆی لە سیمایەکی زۆر یاسادۆستدا نیشانئەدات و لە قیافەی دۆستی گەلاندا خۆی ئەنوێنێ و سەرەنجام ئەڵێ: ( ماددەی بیستودووەمی پەیماننامەی کۆمەڵەی گەلان leagues of Nations لێرەدا پێشێلکراوە چونکە ئەم ئینتیدابە سەپێنراوە بەسەر گەلاندا بێئەوەی ڕایان وەرگیرابێت).
هێنری فۆستەر پاشان ئەڵێ: ( عیسمەت پاشا وای هەست کرد کە باشترین بەڵگەهێنانەوە ئەوەیە کە بەنوێنەرایەتیی ویستی دانیشتوانی ناوچەکە قسەبکات. ئەو پێداگر بوو لەسەر ئەوەی کە باشترین ڕێگە هەر ڕیفراندۆمە وەکوو پرەنسیپێك چونکە باوەڕی وابوو کە دانیشتوانی ئەو ویلایەتە خوازیارن بەپەلە بگەڕێنەوە بۆ باوەشی تورکیا و ئەوان ئەزانن لەو حاڵەتەدا ئەبن بە هاووڵاتی لەدەوڵەتێکی سەربەخۆدا بەڵام وادیاربوو کە بەریتانیەکان بە ڕیفراندۆم ڕازی نەبوون چونکە ترسی دۆڕاندنیان هەبوو). فۆستەر لە دریژەی باسەکەیدا ئەڵێ: ( بەریتانیەکان لەو خاڵەدا هاوڕانەبوون لەگەڵ ئەو قسەیەی کە گوایە کوردەکان ئەیانەوێ پەیوەست بن بە تورکیاوە چونکە کوردەکان لەڕەگەزی تۆرانی نین وەکوو عیسمەت پاشا ئەیڵێت بەڵکوو ئەوان ڕەگەزیان جیایە و ئەوەش لای هەمووان ئاشکرایە. زمانی کوردەکان و نەریتیان جیاوازە لە هی تورکەکان. لۆرد کرۆزن خۆشی لەناو کوردەکاندا ژیاوە و ئەیووت: بەڵین ئەدەم کە لەهەر ڕۆژێکی هەفتەدا پێتان باشە بە جوانی جیایی نێوان کورد و تورکتان نیشان بدەم و مەگەر کوێربم لەیەکیان جیا نەکەمەوە).
لەوەڵامدا عیسمەت پاشا ئەڵێ: ( هەر کەس شارەزای ناوچەی ئەنادۆڵ بێت ئەزانێت کە کوردەکان جیاواز نین لە تورکەکان و ئەوان گەرچی بەدوو زمانی جیاواز ئەدوێن بەڵام لەڕووی ڕەگەز و ئاین و نەریتیانەوە یەکن. گەلی کورد ئامادەی هەموو قوربانیەکە بۆ ڕێگری لەو جیابوونەوەیە. کوردەکان و تورکەکان کۆڵنادەن و یەك چرکەش پشوونادەن لەخەباتیان بەوپەڕی توانایانەوە لەپێناوی زامنکردنی ئەوەی کە ویلایەتەکەیان وەکوو پارچەیەکی دانەبڕاو لە گەڵ تورکیادا بمێنێتەوە).
سەبارەت بە ڕێژەی دانیشتوانی ویلایەتی موسڵیش و دابەشبوونیان، ناکۆکی هەبوو لەنێوان ئامارەکانی هەردوولا وەکوو هێنری فۆستەر باسی ئەکا.
ئامارەکانی کرۆزن ئامارەکانی عیسمەت
تورک: ٦٦٠٠٠ تورك: ١٤٦٩٦٠
کورد: ٤٥٥٠٠٠ کورد: ٢٦٣٨٣٠
عەرەب: ١٨٦٠٠٠ عەرەب: ٤٣٢١٠
مەسیحی: ٦٢٠٠٠ مەسیحی: دیارنیە
یەزیدی: دیارنیە یەزیدی: ١٨٠٠٠
ناموسوڵمان: دیارنیە ناموسوڵمان: ٣١٠٠٠
جوو: ١٧٠٠٠ جوو: دیار نیە
کۆی گشتی: ٧٨٦٠٠٠ کۆی گشتی: ٥٠٣٠٠٠
هێنری فۆستەر سەبارەت بەو ئامارانە ئەڵێ: ( عیسمەت وتی ئەو ئامارانە پێش شەڕ ئامادەکراون ‘ بێئەوەی بڵێ لە چی ماوەیەکدا ‘ و هیچ پاساوێکیش نەبووە تا تەزویری تیا بکەین و بۆ سەربازگیری ئامادەکراون هەر بۆیە زۆر وردن. جگە لەو ژمارانەی ناوی بردن هێشتا ١٧٠٠٠٠ لە هۆزە عەرەبە بەدوەکان و کورد و تورکی تریش هەن بەڵام ڕێژەکەیانی باسنەکرد. جا گەر بەقسەی ئەوبێت کە وتی کورد و تورك یەك ڕەگەزیان هەیە بەوپێیە ئەوان پێکەوە چوار لەسەر پێنجی ویلایەتەکە پێکدێنن و عەرەب و ڕەگەزە ناموسوڵمانەکانیش لە پێنجدا یەك).
لۆرد کرۆزن ئاوا وەڵامی عیسمەتی دایەوە: ( بەریتانیەکان ٤ ساڵە لەوێن و ئامارەکانیان جێی باوەڕە و یەك تورکیش لە سلێمانی بوونی نیە لە کاتێکدا بەپێی ئامارەکەی عیسمەت گوایە ٣٢٩٦٠ کەسی دانیشتووی ئەو شارە توركن
. ئامار و ژمارەکانی عیسمەت خراپن چونکە بۆ مەبەستی سەربازگیری ئامادەکراون و بەوهۆیەوە هەزاران کەسی تیا نیە کە خۆیان دزیوەتەوە لەناونووسین بۆ دەربازبوون لە خزمەتی سەربازی).
هێنری فۆستەر پاشان درێژەی پێئەدا و ئەڵێ: ( ئامارەکانی کرۆزن ساڵی ١٩٢٠ زۆر بە وردی لەلایەن ئەفسەرە بەریتانیەکانەوە کۆکراونەتەوە و کە سەردانی کون وکەلەبەری ویلایەتەکەیان کردووە و تۆماری وردیان داڕشتوە لە هەر گەڕەك و شار و گوندێك. لەم ئامارەدا هاتووە دانیشتوانی شاری مووسل کە سەرژمێریان لە نێوان ٨٠٠٠٠ و ٩٠٠٠٠ کەس بووە ٥٠٠٠٠ تا ٦٠٠٠٠ کەسیان عەرەبن هەر بەو پێیەش ژمارەی تورك بە یەك لەسەر دوانزەی سەرجەم دانیشتوانی ویلایەتەکە خەمڵێنراوە. جگە لەوەش کرۆزن ئەوەشی وت کە ” تورك ” ی ویلایەتی مووسڵ لەتورکە عوسمانیەکان نین بەڵکوو ناویان ” تورکمان ” ە. ئەوان گەرچی بەتۆرانی ئەدوێن بەڵام زمانەکەیان لەچەشنی زمانی ئازەربایجانیە نەك زمانی ئەستەنبووڵ. ئاشکراشە کە ئەوانە لە مێژوویەکی کۆنەوە هاتوون بۆ عێراق و تەنانەت پێش ئەوەی ” عوسمان ” ئیمپراتۆریەتەکەی دابمەزرێنێت. پاشان کرۆزن هاتەوە سەر بابەتی جیاوازیی نێوان کورد و تورك و وتی: کوردەکان ئێرانین چونکە بەیەکێك لەزمانە ئێرانیەکان قسەئەکەن و ئەو لەو بڕوایەدایە کە ڕەچەڵەکیان ئەچێتەوە سەر میدیەکان کە لە ڕۆژگارێکدا لە فارسەکانەوە نزیك بوون. ئەوان زمانێکی هاوچەشنی فارسیان هەیە و لێکچوونیان لەگەڵ فارسدا زۆر زیاترە لەچاو لێکچوونیان لەگەڵ تورك و عەرەبدا).
هێنری فۆستەر لەدرێژەی ڕووماڵکردنی گفتوگۆ درێژخایەنەکانی کرۆزن – عیسمەتدا لە لاپەڕەی ١٤٤ کتێبەکەیدا شتێکی سەیر ئەگێڕیتەوە کە بایەخی ئەوەی هەیە وچانێکی لەسەر بکەین. کاتێك گفتۆگۆکانی هەردوولات ناگات بەدەریچەیەك هەردوولا هەوڵ ئەدەن داخوازیە دژبەیەکەکانیان بەشێوازی جیاواز بسەڵمێنن و بەرانبەرەکەیان چەك بکەن. ئەو ئەڵێ: ( لۆرد کرۆزن بیرۆکەی ” مافی داگیرکردن ” The Argument of Conquestی هێنایە ئاراوە و وتی ئێستا تورکیا لایەنی دۆڕاوی شەڕە وبەریتانیاش چوار ساڵە بەتەواوی دەستی گرتووە بەسەر عێراق و مووسڵدا. عیسمەت بەبەڵگەهێنانەوەیەکی لیبراڵی وەڵامی دایەوە و وتی: مافی داگیرکردنێك کە لەلایەن بەریتانیاوە وەکوو بیانوویەك ئەورووژێنرێ بۆ داگیرکردنی عێراق و مووسڵ لەم سەردەمەدا مۆرکێکی شەرعیی نیە. تورکەکان بەوپەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە، پێیانوایە کە ڕای گشتی لەهەموو وڵاتاندا لەدژی بیانوویەکی لەوجۆرە ئەوەستنەوە کە نامۆیە بە گیانی سەردەمی هاوچەرخ. ئەو پاشان پێداگریی لەسەر مافی چارەی خۆنووسین کرد و ڕایگەیاند کە پێداگری لەسەر مافی داگیرکردن کارێکی نایاساییە بەتایبەتی بۆ مووسڵ چونکە ئەم ویلایەتە دوای ڕێکەوتن لەسەر ئاگربەست داگیرکراوە و ئەوەش ناکۆکە لەگەڵ بڕیارەکانیدا).
سەیر و سەمەرەبوونی خۆنواندنی عیسمەتی نوێنەری تورکیا تەنها لەوەدا نیە کە بە ئەرگیۆمێنتی زۆر لیبرالەوە دێتەپای گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەری لیبراڵترین دەوڵەتی ئەو سەردەمەی دونیا و ئەوە بەهەرحاڵ، بەڵکوو ئەو باوەڕ بەخۆبوونە زۆرەیە کە پێداگری لەسەر ڕای گشتیی خەڵك لە ویلایەتی مووسڵ ئەکات ” کە زۆرینەی ڕەهای کوردن ” سەبارەت بە باسی مانەوە لە عێراق یا لکاندنی ( ویلایەتی مووسڵ = کوردستانی عێراق ) بە تورکیاوە. عیسمەت لێرە و لە کۆی پێداگریەکانی لە گفتوگۆکاندا، تێمی سەرەکیی قسەکانی بریتین لە: ڕیفراندۆم، ڕای گشتیی خەڵکی ناوچەکە و تەنانەت پێداگری لەسەر ڕێگەچارەی مافی چارەی خۆنووسین بۆ خەڵکی ناوچەکە بەو پێکهاتە نەتەوەییەوە کە خۆشی دانی پیادەنێت.
هێنری فۆستەر ئەم بەشەی کتێبەکەی ئاوا کۆتایی پێدێنێت: ( پێئەچێ کە زۆربەی دانیشتوانی مووسڵ لە ویلایەتەکەدا کورد بن گەرچی عەرەب زۆربەی بەرچاوی شاری مووسڵ پێکدێنن. کرۆزن نەچووە ژێرباری ئەو قسەیەی عیسمەت کە وتی: لەڕاستیدا عەرەبەکانی مووسڵ تورکن، و چونکە دەمێکە پەیوەندیان لەگەڵ کورد و عەرەب هەیە، هەردوو زمانی تورکی و عەرەبی شارەزان. ژمارەی ئەو تورکانەی کە عیسمەت باسی کرد دوو ئەوەندەی ئەو ژمارانە بوون کە کرۆزن خستیەڕوو لە کاتێکدا ژمارەی عەرەب بە پێی قسەکانی کرۆزن نزیکەی چوار هێندەی ئەو ژمارانە بوون کە عیسمەت باسی کرد).
ئەوپێداگریانەی عیسمەت ڕاستیەکی نیمچە ڕەهامان نیشان ئەدات کە کوردەکانی کوردستانی عێراق زۆرینەیان لەهەر ڕیفراندۆمێکدا، کە دیارە ئەبێ بەسەرپەرشتیی کۆمەڵەی گەلان بەڕێوەبچێت کە کەیسی داهاتووی عێراق و ناوچەکە لە عۆدەی ئەودایە، دەنگ بە لکاندنی وڵاتەکەی خۆیان بە تورکیاوە ئەدەن ئەگینا بۆ تورکیا ئەو قومارە گەورەیە ئەخاتە سەر مێزی گفتوگۆیەکی واچارەنووس ساز. جگە لەوەش دوو خاڵی تر لەمبارەوە بەڵگەن بۆ ئەو ئەگەرە:
یەکەم: خۆ هێشتا کورد بەدەستی دەوڵەتی هێشتا دانەمەزراوی عێراقەوە هیچ ئازار و ستەمێکی لێنەکراوە تەنانەت گەر ئەو عێراقە ئەو شوناسی ( عەرەبی ) یەشی پێوە بلکێنرێت کە بەریتانیەکان زۆرجار دووپاتی ئەکەنەوە. بەکورتی هیچ لۆجیکێك ناتوانی ئەوە بسەڵمێنێ کە کوردی عێراق بۆیە مەیلیان بۆ خۆگرێدانەوە بە تورکیاوە زیاترە چونکە لە عێراقدا باریان خراپتر ئەبێ و ئەوە هێشتا گریمانەیەکە کە هیچ سەرەداوێکی دەرنەکەوتووە و ناتوانرێ بۆ کێشەیەکی چارەنووسسازی وا پشتی پێببەسترێت.
دووەم: خۆ بارودۆخی کوردە براکانی ئەمان لە تورکیای عوسمانیدا پڕبووە لە چیرۆکی تراجیدی و کوشتار و ستەم و هاشاکردن لەهەموو و بگرە سادەترین مافیشیان و بۆ ئەوە وایلێنەکردن تا لانی کەم لەنێوان خراپێکی گریمانەیی لە چوارچێوەی عیراقی داهاتوودا لەبەرانبەر زۆر خراپی فیعلیی کەیسی کوردی تورکیادا، ئاراستە عێراقیەکە هەڵبژێرن.
گەر سادەترین بەڵگەش لەبەردەست بوایە بۆ ئەگەرێکی گریمانەیی تر سەبارەت بەوەی کە کوردی عێراق بۆیە ئەو بژاردەیەیان لاپەسەندترە چونکە لانی کەم دوو بەشی گەلی کورد لە وڵاتێکدا یەکئەگرنەوە و ئەوە بۆ داهاتووی هەوڵیان بۆ سەربەخۆیی باشترە ئەوە ئەمانتوانی وەکوو بژاردەیەك تەماشای بکەین. بەڵام هیچیەك لەبەڵگەنامەکانی مێژووی ئەم کەیسە وهەروەها لەخۆرادیتویی بەهێزی تورکیا لەوەی کە لەهەر ڕیفراندۆمێکدا لەو سەروبەندە ئەوان دەنگی کوردیان مسۆگەر کردووە، ئەم گریمانەیە زۆر بێهێز ئەکەن.
کەواتە تەنها گریمانەیەك کە هەموو ڕێگەکان ئەمانبەنەوە سەری یەك شتە:
کوردی عێراق بە چەند هۆکار لەژێر هەژموونی و کاریگەریی بە هێزی چەندین سەدە دەسەڵاتی عوسمانیی تورکدا بژاردەی خۆلکاندنەوەی ئارەزوومەندانە بە تورکیا، نەك بەزۆر لکاندنیان، لاپەسەندتر بووە:
١/ هۆکاری هاوبەشی لە ئاینی ئیسلام و مەزهەبی سوونە لەگەڵ تورکیا. زۆرینەی دانیشتوانی کوردستانی ئەوکات و شوێنە هێشتا لە خەوی قووڵی سەردەمی هەژموونیی خەلافەتی ئیسلامیی تورك وبەڕووکارە ئاینی و مەزهەبیەکەیدا بێدار نەبوونەتەوە. ڕەنگبێ کوردی عێراق لەو سەردەمەدا پێشیان وابێ عێراقی ژێر دەسەڵاتی ئینتیدابی بەریتانی ئەبێ بە پاشکۆی وڵاتێکی کریستیان ( واتە بەریتانیا ) و ئەوەش لە هۆشی سادەی ئەواندا ڕۆڵی بووبێت لەبواری ئەم فاکتەرە ئاینیەدا هەروەکچۆن توێژێك لە دیندارانی ئیسلامیی عەرەبی عێراق ئەو وەسوەسەیە خستبوونیە بەرەی لایەنگری خەلافەتی عوسمانی.
٢/ هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی و جیابوونی ئەسنیکیی ئەوان وەکوو گرووپێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هێشتا ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبووە لە بژاردەیەکی سیاسی و مێژوویی وا چارەنووسسازدا.
٣/ بیری سەربەخۆخوازی و پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسیی تایبەت بە خۆیان پاڵنەرێکی ( Drive ) سیاسی و فەرهەنگی نەبووە لەناویاندا بەتایبەتی لە قۆناغێکدا کە ڕووسیای سۆڤیەتی و ئەمریکای ویلسونی جاڕی سەربەخۆیی و مافی گەلانیان بەگوێی گەلانی دونیادا داوە و هەموو گەلانی ناوچەکەش سەرگەرمی خۆسازدان ولە ئامادەباشیدا بوون بۆ کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتانەی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی دوای شەڕی جیهانیی یەکەم هاتبوونە ئاراوە.
٤/ سیاسەت و تاکتیك و دیبلۆماسیەت و ساتوسەوا هێچ شوێنەوارێکیان لە فەرهەنگی بەکۆمەڵ و لەناو ئیلیتی کورددا نەبووە. تورکیا دۆڕاوی شەڕە و لەهاوکێشەکاندا لاواز و مایەپووچ هاتۆتەدەر. هێزی گەورەی جیهانیی سەرکەوتوو لە هاوکێشەکاندا هاتوونەتە پەنادەستی کورد و ناو خاك و کۆمەڵگاکەی و دەرگایان کراوەیە بۆ گفتوگۆ و خۆشحاڵن کە دڵی خەڵکی ناوچەکە ڕاگرن و نەچن بەلای تورکیادا. دەرفەت و دەروازەی زۆر لەبەردەستدایە و بژاردەی جیاواز لەئارادان. تاقیکردنەوەی گەلانی عەرەب و ئەرمەن و چالاکبوونەوەیان و پیداگریان بۆ مافەکانیان و سەپاندنی بەسەر تورکیا و بەریتانیا و فەرەنسا بە ڕوونی خۆی نمایش ئەکات.
٥/ هێشتا لە تورکیا نە نیزامێکی پلۆرالی سیاسی لەئارادایە ونە ئازادیی دیموکراتی و بەتایبەتیی هاوبەشیکردنی گەلانی غەیرە تورك دانی پیانراوە.
سەرباری گشت ئەو فاکتەرانە، کوردی عێراق لەو قۆناغە هەستیارە و لەبەرانبەر ئەو هەموو دەرفەتانەدا، تەنها لەپەنجەرەی تورکیاوە سەیری دونیای سەردەمی خۆی ئەکات و هیوای لەسەر ئەوە و ئامادەی خۆلکاندنە بەو بژاردەیەوە.
ویلایەتی مووسڵ ئەخرێتەوە سەر عێراق
دوای بنبەستی گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و بەریتانیا سەبارەت بە چارەنووسی هەڵواسراوی ویلایەتی مووسڵ کۆمەڵەی گەلان Leagues of Nations ( عصبة الامم ) ڕاستەوخۆ کەیسەکە ئەگرێتە دەستی خۆی و کۆمیتەیەکی باڵا ڕەوانەی عێراق ئەکات تا لە نزیکەوە لێکۆڵینەوەی ورد لەو بارەوە بکەن و ڕاسپاردەکانیان بخەنە بەردەستی لیژنەی باڵای کۆمەڵە. تورکیا بەم بڕیارە ڕازیبوو و هەردوولا وادارکران کە لەپێشەوە پابەندبوونی خۆیان ڕابگەیەنن بە بڕیاری کۆتایی ئەو کۆمیتەیە.
کۆمیتەی ناوبراو ڕێکەوتی ١٦/ ١ / ١٩٢٥ گەیشتنە بەغدا. لەو ماوەیەدا سەرەتا لە بەغدا کەوتنە پرسورا لەگەڵ کەسانی دیار و خاوەن رای کۆمەڵگای بەغدادی. شایانی وتنە کە لەو کاتەدا دەوڵەت و حکوومەتی عێراقی ژێرسایەی ئینتیدابی بەریتانیا دامەزرابوو. ئەنجوومەنی دامەزراندنی عێراقی ( المجلس التأسیسي العراقي ) کە بۆ ئامادەکاریی دانانی دەستوور و هەڵبژاردن پێکهاتبوو، ڕایان گەیاند کە ئەوان دەنگنادەن بە پەیماننامەی هاوبەشی عیراق – بەریتانیا بەبێ بەڵیندانی لایەنی بەریتانی کە ئەبێ ویلایەتی مووسڵ بگەڕێتەوە سەر عێراق.
هێنری فۆستەر ئەڵێ: ( عێراقیەکان بە جاروجەنجاڵیەکی زۆرەوە پێشوازیان لە کۆمیتەی ناوبراوی کۆمەڵەی گەلان کرد). یەکێك لە هۆکارەکانی ئەم جاروجەنجاڵەش بابەتێکی سەرنجڕاکێش بوو کە پای کوردی تیا بوو. ئەو ئاوا ئەنووسێت: ( ئەوەی جاروجەنجاڵی عێراقیەکانی زیاتر ورووژاند دزەپێکردنی هەواڵێك بوو سەبارەت بەوەی کە دوان لەوانەی وەکوو ڕاوێژکار خراونەتە لیستەکەوە دوو کەسایەتیی ناسراو بەڵام زۆر بەدناو بوون. یەکێکیان هاوکار بووە بۆ پرۆژەیەك بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرکووك و هەولێر کە لەلایەن شێخ مەحموودەوە لە سلێمانیەوە نەخشەی بۆ کێشرابوو لەساڵی ١٩٢٣ دا. کەسی یەکەم پێش دەسگیرکردنی بۆ ئەنقەرە هەڵهات و کەسی دووەم کە زاوای شێخ مەحموود بوو و هەر لە ساڵی ١٩٢١ ەوە نامە و نامەکاریی هەبوو لەگەڵ ئەنقەرە و هەردووکیان دواتر لە ئەنقەرە کران بە نوێنەری ویلایەتی مووسڵ ) ل ١٥٧. پاشان ئەڵی: ( سێر پێرسی کۆکس کە نێردەی باڵای بەریتانی بوو قسەکانی ئەو دوانەی بەدرۆخستەوە کە لە کۆنگرەیەکدا لە ئەستەنبووڵ لە ساڵی ١٩٢٤ دا بەسترا). هەمان لاپەڕە. کەسی دووەمی ئەو دوانە نازم بەگی نەفتچیی کەسایەتیی تورکمان و سەرۆکی ماڵباتی نەفتچیی بەناوبانگی کەرکووك بوو.
ئەم قسانە ئەوە ئەسەڵمێنن کە تورکیا دوای شکستی هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی ڕیفراندۆم هەوڵیداوە لەڕیگەی شایەدحاڵەکان و دزەپێکردنی کەسانی لایەنگری خۆیان بۆ ناو لیژنە ڕاوێژکارەکانی کۆمیتەی نێردەی کۆمەڵەی گەلان ئاراستەی ڕای گشتی و شایەدحاڵ و دەنگی خەڵك چەواشە بکات. تێوەگلانی کورد و لە ئاستی کەسایەتیی وەکوو شێخ مەحموود و دەروبەریەوە دەرگا بۆ زۆر گریمانە و لاپەڕەی تاریك و تائێستا نەزانراوی مێژوویی ئەم مەسەلەیە ئەکات.
جگە لەوەش بەپێی گێڕانەوەکانی هێنری فۆستەر کە پشتی بە ڕاپۆرتی کۆمیتەی گەڕان بەدوای ڕاستیەکاندا بەستووە کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، پێئەچی خەڵکی ناوچەکە بە گشتی ترسێکی زۆریان بووبێت لەوەی قسەی دڵی خۆیان لای کۆمیتەی ناوبراو بکەن: ( سەرباری ئەوەی کۆمیتەکە دڵنیایی تەواوی ئەدا بە شاهیدەکان کە تەواوی زانیاریەکان بەنهێنی ئەپارێزرێت بەڵام هێشتاش ترس لە تۆڵەکردنەوە گەورە و بڵاو بوو). ل ١٥٩.
سەرەنجام کۆمیتەی ناوبراو مانگی تەمووزی ١٩٢٥ ڕاسپاردەکانی خۆی خستە بەردەست ئەنجوومەنی کۆمەڵەی گەلان و ئەمیش پاش مشتومڕی زۆر و ناردنی کەیسەکە بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتیی هەمیشەیی و پرسوڕا بە چەندین شارەزا و یاساناس و گفتوگۆی هەمەلایەنە ، سەرباری پێداگریی بەردەوامی تورکیا و ناڕەزایەتیەکانی، کۆمەڵەی گەلان بڕیاری کۆتایی خۆی دا سەبارەت بە لکاندنەوەی ویلایەتی مووسڵ بە عێراق و دروستکردنی لیژنەی تایبەتی بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان هەردوو وڵات و بەوجۆرە پەردەدادرایەوە بەسەر قۆناغێکی کۆنی مێژووی عێراق و مەسەلەی کورد و دەستپێکردنی قۆناغێکی تری تەواو جیاواز.
نیسانی ٢٠٢٤
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *