ماڵپەڕی ژیانەوە /
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، وەک ئەنجوومەنێک بۆ رێکخستنی ناڕەزایەتیەکان مامۆستایانی کوردستان و بەدیهاتنی داخوازیەکانیان لەکۆتایی ٢٠١٥ دامەزراوە، کاری کردووە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و دابینکردنی مووچەی مامۆستایان، کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ساڵانێکی دورودرێژە بەپاساوی جیاواز ئەو مافەی لە مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردوستان، بێبەشکردووە.
لە ساڵی ٢٠١٦ وە چالاکییەکانی ئەم ئەنجوومەنە لەداوای نووسراو و گردبوونەوە و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەوە گۆڕدرا بۆ خۆپیشاندانی گەورە کە زۆربەی چین و توێژەکانی تریش تیایدا بەشداربوون.
بێگوومان ئەم جۆرە لە تێکۆشان و ڕێکخراوبوون، بە دوور لە دڵسۆزی و خۆبەخاوەنزانینی ئەندامەکانی، ئاراستەی جیاواز و دەست تێوەردانی تێدەکەوێ. دەسەڵاتیش بەهەموو شێوەیەک هەریەک بەپێی ئەجندای سیاسی خۆی لە هەوڵی دەستتێوەردان و ناوزڕاندنە تا ئاستی سەرکوت و زیندانیکردن.
لەم ساڵدا دەستەیەک بە جیاواز لە ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی درووست بوو بە ناوی (دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی) کە ڕێچکەیەکی تریان گرتەبەر و پێیان وایە کە دەبێ کێشەی مووچە لە حکومەتی ناوەندی عێراقەوە جێبەجێ بکرێت. هەر بۆیە چوونە بەغدا و پەیوەندیان بە وەزارەتەکان و هەندێ حیزبە عێراقیەکانەوە کرد بە مەبەستی فشارهێنان بۆ سەر حکومەتی هەرێم و بەتایبەتی پارتی، بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان.
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە ١٣ شار و شارۆچکەدا ئەجوومەنیان هەیە و پەیوەندی و هاوکاری ڕێکخراو دەیانبەستێت بەیەکەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکانیان.
بایکۆتی مامۆستایان لە لایەن ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازیەوە ڕادەگەیەنرێت و هەندێ جار لەناو دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیەوە هەندێ دەنگی دژ بە بایکۆت بەرزدەبێتەوە کە پێیان وایە قوتابیان و پڕۆسەی خوێندن زەرەرمەند دەبێت.
ئەوەی جێی سەرنجە لە خۆپیشاندانە گەورەکانی شارو شارۆچکەکاندا زۆرێک لە توێژە جیاوازەکان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی تیایدا بەشدارن، لە زۆربەی چالاکیەکانیشدا دەبنە قسەکەر و ڕێکخەر لەگەڵیاندا.
سەرەڕای بەردەوامی و خۆڕاگری مامۆستایان بەپێشەنگایەتی ئەنجوومەنەکە و بردنەسەری ئاستی خەبات بۆ داخوازی مووچە و دامەزراندنی وانەبێژان و بەرزکردنەوەی پلەکان و …تاد بەشەکانی تری فەرمانبەران و مووچەخۆران بەم ئاستە لە خەبات و تێکۆشان نەگەیشتوون و پێکەوە نەبوون بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورەتر بۆ خۆڕێکخستن و فشاردانانی زیاتر لەسەر دەسەڵاتدرانی هەرێم بەمەبەستی جێبەجێکردنی داخوازیەکان و رێکخستنی خۆپیشاندانی جەماوەری سەرتاسەری گشتگیرتر.
هەندێکجار فەرمانگەی جیاواز بەتەنیا گردبوونەتەوە لەبەردەم فەرمانگەکانیانادا بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان، مامۆستایانی زانکۆش تا ئێستا بەشداری ئەو هەوڵانە نەبوون، بێجگە لە گردبوونەوەی بەردەم زانکۆ، ئەویش لەلایەن بەشێکی زۆر کەمی مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆوە.
نوێترین تێکۆشان و دەستپێشکەری ئەنجومەنەکە رێکخستنی خۆپیشاندانی ٢٤ ی ئەم مانگە بوو، کە تیایدا مامۆستایان بەخۆپیشاندان بەرەو نزیک لە دەباشان بەڕێکەوتن و ڕوبەڕوی پەلاماری هێزە ئەمنیەکان بوونەوەو چەند چالاکوانێک ئازار دران و سوکایەتیان پێکرا، وە چەند بەشداربوویەکیش زیندانی کران و رووبەڕووی هەڕەشە و سوکاتیەیکردن بوونەوە.