نەورۆز، سەرەتایەك بۆ ژیانەوە، وێستگەیەك بۆ بەرەنگاری

نەورۆز، سەرەتایەك بۆ ژیانەوە، وێستگەیەك بۆ بەرەنگاری

ئازاد عەلی /
نەورۆز وەك چۆن بەشێك لە گەڵانی رۆژهەڵاتی ناوڕاست هەریەكەیان بە جەژنی خۆیانی دەزانن، كوردیش وەك نەتەوەیەك بە جەژنی خۆی دەزانێت و لە وێستگەكانی ژیانیدا بە شێوازی جۆراوجۆر یادیكردۆتەوە. لە رووی مێژووییەوە بڕوانین دەبینین چەندین خوێندنەوە بۆ نەورۆز كراوە، ئەگەرچی ئەفسانەی كاوە زۆرترین رووبەری لەو مێژووەدا داگیركردووەو لە رووی دەستنیشانكردنی مێژووەكەشیەوە بەشێك پێیان وایە نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی ماد، بەڵام پەیدابوونی نەورۆز وەك جەژنێك تەنها لە بۆنە سیاسییەكاندا خوێندنەوەی بۆ نەكراوە، بەڵكو لە بواری سروشتی و ئابووریشەوە لەسەری نووسراوە و وتراوە. لەو رووەوە بەشێك پێیان وایە نەورۆز سەرەتای بەهارو ژیانەوەی سروشتە، بەشێكیش دەیگەڕێننەوە بۆ پاڵنەری ئابووری، رەگی ئەو مێژووە دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی شوانكارەیی و زاووزێی مەڕوماڵات.
ئەم بۆچوونانە هەركامەیان لە رووی مێژوویەوە راستبن، یادكردنەوەكانی نەورۆز لە رابردوودا (لانی كەم لە هەشتا ساڵێك لەمەوبەرەوە) ئەوەی سەلماندووە زۆرترین پانتایی یادكردنەوەكان وەك سیمبولی خەبات و بەرەنگاری دژ بە ستەم یادكراوەتەوە و میللەتی كورد وەك دەرفەتێك بەكاری هێناوە بۆ بەرەنگاری دژ بە ستەمی دەوڵەتانی داگیركەر، وە زۆرجار یادی نەورۆز كراوەتە مینبەرێك بۆ سەلماندنی بوون لەبەرانبەر نكۆڵی لێكردن.
نەورۆز لە هەریەك لەو بۆچوونانەی سەرەوە هەڵگری پەیامێك بووە، بۆیە لەمڕۆدا ئەگەر نەورۆز خاڵی بێت لە پەیام، ئەوە وەك جەژنێكی بێ رۆح و رۆژێكی ئاسایی تێپەڕدەبێ، جەژنی بێ رۆح واتە ئاوێتە نەبوو لەگەڵ ژیانی ئێستای خەڵك، لەو كاتەدا یادكردنەوەی وەها جەژنێك تەنها لەلایەن كەسانێكەوە دەبێ كە چاوەڕوانی ئەوان تەنها هاتنی جەژنەكەیەو خودی جەژنەكە بۆ ئەوان پیرۆزییە، لە كاتێكدا پێوەری پیرۆزی هەر جەژن و بۆنەیەك ئەو پەیامەیە كە هەڵیگرتووە. بۆیە نەورۆز وەك یادكردنەوەیەكی رووت، وەك بۆنەیەكی سەری ساڵ یان جەژنێك گرنگییەكی نیە و ناتوانێ لە دەروونی هیچ كەسێكدا جێبگرێ.
لەسەر ئەو بنەمایەی كە نەورۆز هەمیشە ئاوێتەی ژیانی سیاسی خەڵكی ئەم هەرێمەبووە و هەڵگری ماكی نوێبوونەوە بووە، بۆیە ئەشێت نەورۆز لە ئێستاشدا هەڵگری پەیامی نوێ بێت. ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستاندا ستەمی نەتەوایەتی پێشووی دەسەڵاتی بەعس نەماوە، بەڵام ستەمی دەسەڵاتی كوردی بەسەر خەڵكی ئەم هەرێمەوە هەناسەی لە ژیان بڕیوە، بۆیە نەورۆز لەم هەرێمەدا وەك سیمبولی بەرەنگاربوونەوە دژ بە ستەم رەوایەتی خۆی لە دەست نەداوە و ئەشێت هەڵگری پەیامی بەرەنگاری و ژیانەوە بێت لە پێناو گەڕاندنەوەی ئیرادە و شكۆ بۆ خەلکی کوردستان و مرۆڤەكانی ئەم هەرێمە، هاوكات وەستانەوەبێت بەرانبەر بە هەر هەوڵێك كە بۆ دروستكردنی پلەبەندی نەتەوەیی و گێڕانەوەی ستەمکاری پێشوو لە عێراقدا.

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…