مەیلی ناسیۆنالیزمی کوردی و عەرەبی، لێکچوونەکان و جیاوازیەکان
شورش درويش /
لەسەردەمی دابەشکاریەکانی پەیماننامەی سایکس بیکۆدا ناسیۆنالیستەکانی کورد و تورک پێداگربوون لەسەر ئایدیای نەتەوەیی، هەر بۆیە ناسیۆنالیستە تورکەکان ( کە هەندێکیان کورد بوون بە ڕەگەز) هەوڵیاندا کە دەوڵەتی عوسمانی، یان ئەوەی لێی ماوەتەوە، بکەن بە قەوارەیەکی نەتەوەیی. زانای کۆمەڵناسی عێراقی فالح عبدالجبار دوو نەتەوەی کورد و عەرەب ئەچوێنی بە دۆخی ئیتالیەکان و ئەڵمانیەکان لەبەر ئەوەی ئەوان (بزووتنەوەیەکی خێڵگەران، بەو مانایەی کە ماویانە بگەنە درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی). ئەم لێکچوونە لە نێوان ئەم دوو ئیتنیکەدا جیاوازە لە نموونە تورکیەکە کە پشتی بە درووستکردنی دەوڵەتەوە گرتبوو ئەگەر نەتەوەییش نەبوایە.
لە ماوەی دوو دەیەدا، ناسیۆنالیزمی تورکی توانی سەربکەوێت لەوەدا کە تەنها بە هەندێ ئایدیای لێڵەوە نەمێنێتەوە، بە تایبەتی دەربڕینەکانی “ترکیا الفتاة”، وە گەیاندیان بە دەربڕینی وەک دەوڵەت – نەتەوە ئەمەش بەتایبەتی لەو کاتانەدا بوو کە تورکیا بە ژانەکانی جەنگی پان تورکیزمدا تێدەپەری کە ( تورکە لاوەکان) نوێنەرایەتیان دەکرد، ئەوان ئەوکاتە بانگەشەی کۆمەڵگا و یەکگرتووی تورکیان دەکرد یان سەربەخۆیی و هەموو ئەو لێکەوتە تووندانەی کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆمار ساڵی ١٩٢٣ هاتە پێشەوە. ئیتر نەتەوەی تورک دەسەڵاتی گرتە دەست و هەوڵی دەدا هەموو نەتەوە و ئیتنیەکانی تر قووت بدات، هەرچەندە لە شێوە ڕەگەزیەکەیدا سەرلێشێواویەکی پێوە دیار بوو لەبەر ئەوەی تورک بوون وەک بزووتنەوەیەکی بانگخواز (تبشیری) دەناسێنرا. کورد و عەرەب و شەرکەسی تەنها بە ڕاگەیاندنێک دەبوون بە تورک. ئەشبینین ئەم پارادۆکسە لە نووسینە سەرەتاییەکانی ناسیۆنالیستە عەرەبەکاندا ڕەنگی دابووەوە وەک پێشەنگی پەروەردەی عوسمانی ساطع الحصری، کە تورکەکان پێیانخۆش بوو بە مصطفی ساطع بەگ ناوی بێنن، ئەمەش پێش ئەوەی لە تۆرانیەکی تووندڕەوەوە بگۆڕێت بۆ نەتەوەپەرستێکی عروبی. حصری پێی وابوو کە هەر کەس لەسەرزەمینی عەرەبدا بژی و بە عەربی قسە بکات بێ یەک و دوو بە عەرەب هەژماردەکرێت، ئەمەش هەمان ئایدیای نەتەوەپەرستەکانی تورک بوو کە هەرکەس لە (سەرزەمینی تورک) بژی و بەتورکی قسە بکات تورکە، تەنانەت ئەوانەشی بە تورکی قسە ناکەن دەبێ بەزۆر بتوێنرێنەوە لەناو ئەو ناسنامە بانگخوازە بەوەی فێری زمانی تورکی بکرێن و زمانی دایکی خۆیان لێ قەدەغە بکرێت.
بە پێچەوانەی ئەمەوە، کورد گرنگی بەخۆی وەک نەتەوە نەدا. هەموو هەوڵەکانی مێژوو نووسین و باسی ئیماراتەکان و میدیا و دیوانە شیعریەکان و هەوڵەکانی بووژانەوەی کلتووری کوردی و خۆخەریککردن بە پێشخستنی زمانەوە، بەدەگمەنیش شتێک نادۆزینەوە کە پێی بوترێت باوک یان بناغەداڕێژەری بیری نەتەوەیی کورد، یان کتێبێک کە چوارچێوەی ئایدۆلۆژی بۆ شرۆڤەی چی بوونی ئەم نەتەوەیە و تووخمەکانی ڕوونکردبێتەوە. ئەمەش وایکردووە کە کورد تێگەیشنێکی سادەی لە سەر نەتەوەکەی خۆی هەبێ و پێویستی بە میدیۆمێکی ئایدۆلۆژی نەبێ بۆ بەرزکردنەوەی نەتەوەکەی تا ئاستێکی ناسنامەیی پیرۆز. پێدەچێت درووستنەکردنی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆ لە بیستەکاندا بووبێتە هۆی نەبوونی ئەو دەقە نەتەوەییانەی کە دەسەڵاتەکانی دوایی بەدەستەوەی بگرن و لەسەری بڕۆن.
ئەگەر کورد دەوڵەت یان بەشێک لە دەوڵەتی پێبدرایە، ئەگەری هەبوو نەتەوەییەکانی کورد هەوڵی تواندنەوەی پێکهاتە نەتەوەییەکانی تری لە ناو خۆیدا بدایە. بە دوور لەوەی ئەم ئەگەرە کە لە سیاقی سەرەتاکانی سەدەی بیستتدا باسدەکرێت و بە پێچەوانەوە کورد هەوڵی خۆگونجاندنیدا لەگەڵ ئایدیاکانی دەوڵەتی نیشتیمنانیدا، بەدیلی “نەتەوەی سەرەتایی” وەک چارەسەر خستەبەردەست، دانپێدانانی دەستوری و فرە کلتوری یان فدرالیەت و کۆنفدرالیەتی دیمویکراتی و حوکمی زاتی بوو بە خیتابی سیاسی، ئەمانەش بە پاراستنی دابەشکاریە زۆرەملێاکانی کۆلۆنیالیستیەکان، بەڵام بە مەرجی ئەوەی سیاسەتی هەژموونخوازی و نموونەی دەوڵەت-نەتەوە پووچەڵبکرێتەوە.
عەرەبەکانیش چوونە ناو سەردەمی دەوڵەت-نەتەوە وە بەڵام لە فەرەنسییەکان و ئینگلیزەکانەوە وڵاتێکی دابەشکراویان بە میرات بۆ مایەوە. هەرچەندە کورد بە پێچەوانەی عەرەبەوە نەبوون بە خاوەنی دەولتی خۆیان، بەڵام عەرەبەکان بەپێی دابەشکردنی کۆلۆنیالیستی لێکچوونێکیان لەگەڵ کورد بۆ درووست بوو لە حاڵی تۆبۆگرافی و دابەشکاری. جێی سەرنجە کە لایەنە جیاوازەکانی نەتەوەپەرستی عەرەبی، تەنانەت تووندڕەوترین شۆڤێنیان، نەگەیشتە ئاستی تورکەکان لە بابەتی تیۆری نەتەوەپەرستی و ڕەگەزی. نەتەوەپەرستە تورکەکان چوونە ئاستێکی ترسناک لەم بوارەدا و تیۆری بەناو زانستیان داتاشی، وەک پشکنینی کەلەسەری دانیشتوان و ئەو قسە پووچانەی مورفۆلۆژی بۆ دیاریکردنی سیمای تورکە ڕەسەنەکان کە کورد و عەرەب و ئەوانی تریشی دەگرتەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە بە بنەچە هەموو تورکن. تورکەکان بۆ پتەوکردنی ئەم بۆچوونانەیان پشتیان بەست بە هەندێ خۆفرۆش و درۆزنی ئەوروپی کە هەوڵیان دەدا تیۆری داتاشن لەسەر زمان و بنەچەی تورک و تایبەتمەندیەکانیان، ئەمەش بووە هۆی مەیلی بە ناو زانستی بوونی ئاست نزمی ئەوروپی کە لە دەسەڵاتی نازیزمی هیتلەر لە ئەڵمانیا ڕەنگی دایەوە.
ڕاستە کورد ڕووبەڕووی هەندێ بیروبۆچوونی پڕوپوچ لە هەندێ دەقە عەرەبیەکاندا بووەوە، وەک ئەوەی کە کورد بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ عەشیرەتی ڕەسەنی عەرەب، بەڵام ئەم بۆچونە بەناو ڕۆشنبیریانە نەبوونە هۆی درووست بوونی ئایدلۆژیەکی فەڕمی لەناو ڕژێمەکانی سوریا و عێراق. ئەم بۆچونانە چوونە خانەی خۆلادان لەوەی کە ئایدیایەکی تر هەبوو کە داننان بوو بەوەی کورد نەتەوەیەکی سەربەخۆیە و شانبەشانی نەتەوەی عەرەب دەژین لەو ناوچانەدا. بەپێی ئەم ڕاستیانەش گێرانەوەی فەڕمی تورکەکان ئەوەبوو کە کوردەکان بنەچەی ڕاستینی خۆیان بیرچۆتەوە، ئیتر کوردەکان (تورکی شاخ) ن، عەرەبیش هیچ نین بێجگە لە گەلێکی بیابان نشین و بەرەو خاکی تورکەکان کۆچیانکردووە، وە لەسەر ئاستی گێڕانەوەی میللی تورک بە عەرەب میللەتی خائین (الملة الخائنة) ناسێنران.
ئەستەم بوو دەقە نەتەوەییەکان لە تورکیا گۆڕانکاری تیا بکرێت، بەو مانایەی دەقەکان لە فۆبیای ڕەگەزی جیانەبووەوە، بەڵام فکری عروبی گۆڕانکاری تیا هاتە پێش، وەک عروبەی جمال عبدالناصر کە نەک تەنها هاوسۆز بەڵکو تا ئاستی پشتیوانی لەداخوازیەکانی کورد ڕۆییشت لە باشووری کوردوستان لە پەنجاکانی سەدەی ڕابوردو. هەروەها عروبەی ناصر گەڕانێکی ئەکتیڤ بوو بۆ تێپەڕاندنی سنووری میسر سەبارەت بە ڕوبەڕوبوونەوەی کۆلۆنیالیزم و پاشماوەکانی، وە بۆ پاراستنی ناوچەکانی باکوور کە سنووریان بە تورکیاوە بوو بە بیانووی پاراستنی ئەمنی قەومی عەرەبی، بەم پێیەش عروبەی ناصر سنووری خیطابی ڕەگەزی تێپەڕاند بۆ خیطابێکی کلتوری و سیاسی. هەرچەندە ناصر لەژێر کاریگەری کەسایەتی و نووسینەکانی ساطع الحصری دا بوو، بەڵام نەچووە ژێر باری ئەو بۆچونانەی کە دەیویست کورد لە ناو ناسنامەی عەرەبیدا بتوێنێتەوە، ئەمەش بەڕوونی لە دانپێدانانەکانی بەعسیەکانی سەرەتادا ڕەنگی دابووەوە کە دانیان بە مافەکانی کوردا دەنا لە عێراقدا، لەکاتێکدا لە دانووستانەکانی نێوان کورد و بەعسیەکاندا لە قاهیرە، بەعسیەکان هەمان بۆچوونەکانی ساطع حصریان دووبارە دەکردەوە، لەکۆتایشدا بەعسییەکان سیاسەتی (چارەسەری کۆتایی) یان جێبەجێکرد کە دەستیان کرد بە قڕکردنی بەکۆمەڵ و درووستکردنی نوێنەرایەتی کارتۆنی، هەم لە حەفتاکان و ساڵەکانی جەنگی کەنداوی دووەم.
نوخبەی کوردی ترسی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی نەبوو لە لایەن دەوڵەتە تازە دامەزراوەکانی عەرەبەوە، کۆمەڵەی (خۆیبوون) لە بەهاری ساڵی ١٩٢٧ دا لە بحمدون ی لوبنان کۆبوونەوەیک دەکات و لە یەکێک لە بڕیارەکانیدا هاتووە ( بنیاتنانی پەیوەندییەکی باش و هەمیشەیی لەگەڵ هەردوو حکومەتەکانی عێراق و سوریا لەسەر بنەمای ڕازی بوون بەو مافانەی بۆ کوردانی ئەو دوو ووڵاتە دیاریکراوە لە دەقەکانی ئینتیداب و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا، وە هیچ داخوازییەکی سیاسی ترمان نەبێت لەو دوو حکومەتە بێجگە لەوەی کە پێشتر باسکرا) لە بەرامبەریشدا عەرەب هەستیان بە خەتەری کورد نەدەکرد لەسەریان، لەبەرئەوەی سەرچاوەی خەتەر لە ئێران و تورکیاوە بوو. تورکیا و ئێرانیش بە پشتیوانی و پێشنیاری بەریتانیا لە ساڵی ١٩٣٧ دا توانیان عێراق ڕابکێشنە ناو هاوپەیمانی سەعد ئابادەوە، بەپێی بڕیارەکانی هاوپەیمانیەکەش گەمارۆی بزووتنەوە چەکدارییەکانی کوردیان لەو ووڵاتانەدا داو کۆمەڵە سیاسیەکانیان قەدەغەکرد، تورکیاش سەرکەوتوو نەبوو لە ڕاکێشانی سوریا بۆ ناو هاوپەیمانییەکە. ڕۆژنامەی (العمل القومی) سوری سەرکۆنەی سیاسەتەکانی هاوپەیمانی سعد ئابادی کرد کە دژی کوردن، ڕۆژنامەی ( الأخبار) ی سوریش هاتە پاڵ هاوپیشەکەی و کەوتە پیاهەڵدانی شۆڕشی دەرسیم و هەواڵەکانی بڵاودەکردەوە. بەڵام لایەنگری سورییەکان لە مافەکانی کورد لە باکوور لە ترسێکی عەرەبییەوە سەرچاوەی گرتبوو کە تورکیا پێداگری بکات لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە تایبەتانەی لەسەر لیوای ئەسکەندەرونە کرابوو، یان گۆڕانکاری لە سنوورەکانی باکوریدا بکرێت بە ڕێککەوتن لە گەڵ فەرەنسا. بەم پێیەش ئەتوانین بڵێین کە سەرچاوەی ، بەرژەوەندییەکانی عەرەبی – کوردی هاوڕایی بوو لە دژایەتی پاوانخاوازیەکانی تورکیا و مەرجی جۆرێک هاوپەیمانی بوو لە نێوان ئەو دوو نەتەوەیەدا، بەڵام لە کۆتاییدا هەوڵیان نەدا پەرەی پێبدەن و بەردەوام بن.
لەوانەیە شەستەکان ئەو ساڵانە بن کە سیاسەتی شۆڤێنی عەرەبی تێیدا پەرەی سەند، عروبەی پەڕگیر بە هاتنە سەرکاری بەعسییەکانی سوریا و عێراق گەشەی کرد. بەڵام ئەم شۆڤێنیزمە نەبوو بە هەوەسێکی ناو کۆمەڵگای عەرەبی، سەرەڕای پێداگرتنێکی بەهێزی ئایدلۆژی (حیزبی بەعس و میدیا و سوپا) و دامەزراوەکانی تری بەعسەوە کە هەوڵیان دەدا کورد وەک دوژمن بناسێنن (الخطر الکردی). بەڵام لە ساڵەکانی دوای ڕووخانی رژێمی صدام و گۆڕانی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانی ٢٠١١ ی سوریا بۆ جەنگێکی ناوخۆیی، عروبە وەک خیطابێکی فەڕمی گۆڕدرا بۆ خیطابێکی دینی و تائیفی. بەمەش کورد ئەو لایەنەی لەدەستدا کە لەگەڵی دەستوپەنجەی نەرم دەکرد، هەر بۆیەش زۆر سەختە بۆ کورد مامەڵە لەگەڵ لایەنە تائیفی و دینیە پەڕگیرەکاندا بکات. لۆژیک ئەوەیە کە کورد وەک نەتەوە مامەڵە لە گەڵ هاوشێوەکەی خۆی کە نەتەوەی عەرەبە بکات، دەشبینین کە لە سوریادا مەیلێکی فاشیانە سەری هەڵداوە کە دینی و نەتەوەپەرستی لە شێوەی تورکیا تێکەڵ کردووە، ئەمانیش کورد بە دوژمن لە قەڵەم دەدەن. ئەگەچی فاشیزمی تورکی لە چەند لایەن و حیزبی ڕۆشن و سیاسیدا خۆی دەنوێنێ، بەڵام لە سوریا فاشیزمێکی تێکەڵوپێکەڵ سەری هەڵداوە و ڕێکخراو نییە لە حیزبی ئایدلۆژیدا، ئەمانەش لە لایەن ئەو ئۆپۆزسیۆنانەوە بەڕێوە دەچن کە تورکیا سەرچاوەیانە، هەمیشەش خەریکی دوژمنایەتیەکی بێ هۆن لەگەڵ کورد و تورکیاش زیاتر ئاگری ئە دوژمنایەتیە خۆش دەکات و ڕێگرە لە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک.
لە سوریا هەندێ لایەنی نیشتیمانی سەریان هەڵداوە کە کاریگەریان کەمە، ئەمانیش دەڵێن کە کورد لە ناسنامەی نیشتیماندا بگونجێنین و پێیان وایە لە گۆڕانکاریەکانی داهاتووی سوریادا، باشترین چارەسەرە. بەڵام ئەم لایەنانە هەستیاری و ترسەکانی کورد لەبەرچاو ناگرێ، لەبەر ئەوەی ناکرێ تەنها مافی هاووڵاتی بوون ببێتە نەبینینی مافەفەکانی کورد وەک نەتەوە. هاووڵاتی بوون مانای نکوڵیکردن و سڕینەوەی مافە کلتووری و سیاسیەکان بێت و تەنها کورت بکرێتەوە بۆ مافە تاکە کەسییەکان. ئیتر لەم سەردەمەدا پرسی ناسنامەی نەتەوەیی قورسایی کردووە بەسەر ناسنامە لاوەکیەکانی کە تەنها بۆ مافی کلتووری و حوکمی زاتی هەوڵ دەدات. ئەبێ ئیتر بەس بێت کە لەگەڵ پرسی کوردا وەک هەندێک ناسنامەی لاوەکی مامەڵە بکرێت و ببەسترێنەوە بە ناسنامەیەکی سەرەکیەوە کە مەرکەزە. کورد لەسەر خاکی خۆی پێکهاتەیەکی سەرەکییە و مافەکانی ناسراون، ئەمەش لە هەست و ناخی هەموو کوردێکدا هەیە. دەربارەی ئەم باسە بندکت ئەندرسون لە کتێبەکەیدا ( الجماعات المتخیلة) دەڵێ، نەتەوە فەرعیەکان هەوڵ ئەدەن
( ئەم فەرعی بوونە لە ڕۆژێکی خۆشدا لە ڕیشە دەرهێنن). ئەمەش وەک واقیعێک لای ئەو بە ڕۆشنی دیارە کە، ئەوەی کە مژدەی دەدرێت کە سەردەمی نەتەوە بەسەرچووە، ڕاست نییە و لە هیچ ئاسۆیەکی دووردا بەدی ناکرێت، بەڵکو ئینتیما بە گەل ئەو بەها بەنرخەیە کە شەرعیەتی سەرتاپاگیری هەیە لە ژیانی مۆدێرنی سیاسیدا.
٢٨ شوباتی 2024
————————-
ئەم ووتارە بەزمانی عەرەبی لە ماڵپەری سەنتەری کوردی بۆ لێکۆڵینەوە بڵاوبۆتەوە و بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە.