ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی پەیامێک بڵاودەکاتەوە

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی پەیامێک بڵاودەکاتەوە

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایدەگەیەنێت، چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد ده‌سه‌ڵات ئاسانكاری بكات و بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی عێراق جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام “به‌رده‌وام قه‌یرانی نوێ دروست ده‌كات”، ده‌شڵێت، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ر دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ و پێداگیری له‌سه‌ر “هه‌ژماری من” بكات، ئه‌وا خۆپیشاندان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌.
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە بەیاننامەكەدا داوایان کردووە ڕاستەوخۆ لیستی مووچەخۆران بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی و ڕێگەبدەن بەزوویی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی ئەم سنورە دروستبکرێت و مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دا بکەن، جەختیشدەكاتەوە، دەستبەسراگرتن و بە بارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی کۆتایی پێ بێت و بەزووترین کات دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەست پێبکات.
بەپێچەوانەیشەوە خۆپیشاندانەکان لەبەردەم پەروەردەکان نامێنن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەهاوکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم شارو شارۆچکەکان خۆپیشاندانی بەرفراوان بەرەو ناوەندی بڕیاری دەسەڵاتی سنوری ئیدارەی سلێمانی و هەولێر دەستپێدەکەینەوە .
خۆپیشاندانی مامۆستایانی سلێمانی
دەقی پەیامەکەی ئەنجوومەنی مامۆستایانی نارازی:
بەناوی خوای گەورە
مامۆستایان، فەرمانبەران
سەرجەم چین و توێژەکان
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان
پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی لە بەرژەوەندی مووچەخوراوانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێمان ئەکرد دەسەڵات واز لە چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان بهێنێت و ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات، بەڵام بەداخەوە وەک دەبینین دەسەڵات سوورە لەسەر سزادان و برسیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران.
لە ئێستاشدا جارێکی تر، دەسەڵات بەپاساوی گاڵتەجاڕانەی دروستکردنی “هەژماری من” و نەناردنی لیستی ناوی هێزە سەربازییەکان، دەیەوێت خۆی لە پابەندیی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بدزێتەوە و بەردەوام قەیرانی نوێ بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن کە تەنها ئامانجیشیان پەردەپۆش کردنی دزی و گەندەڵیەکانیان و ستەمی بە بارمتە گرتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنیە .
ئەم خۆدزینەوە و پابەند نەبوونە تەنها لەسنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکدا نییە و دەسەڵاتدارانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش بەهەمان شێوەی دەسەڵاتدارانی سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک خەمساردانە مامەڵە دەکەن و باکیان به بێ مووچەیی خەڵک نییە و دەستیان کردووه بە کردنەوەی هەژماری من ی زۆرەملی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران.
بۆیه ڕایدەگەیەنین :
١ــ پێویستە یەکێتی و دەسەڵاتی سنووری زۆنی سەوز بۆئەوەی بیسەلمێنن ڕاستگۆن لەگەڵ ڕاگەیەنراوی خۆیان و خەڵکی ئەم سنورە و پابەندن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی، ئەوا کارەکانی هەژماری من لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیە ڕابگرن ، وە ڕاستەوخۆ لیستی مووچەخۆران بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی و ڕێگەبدەن بەزوویی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی ئەم سنورە دروستبکرێت و مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دا بکەن.
٢ــ پشتیوانی لەبایکۆتی خۆرسکانەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین هاوکات داواکاین مامۆستایان و فەرمانبەران بایکۆتی هەژماری من و فەرمانگە وخوێندنگەکانیان بکەن ، بەتایبەتی ئەو فەرمانگانەی داهات بۆ حکومەت کۆدەکەنەوە.
٣ــ دەستبەسراگرتن و بە بارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی کۆتایی پێ بێت و بەزووترین کات دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەست پێبکات.
٤ــ حیزب و هێزە ئۆپزیسۆنەکان و زانایانی ئاینی و ڕێکخراوەکان لەئاست سەختی دۆخەکەدا بن و هەڵویستی ڕوون و ڕاشکاوانەیان بەرامبەر بەبارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی و هەژماری من ی زۆرەملی ڕابگەیەنین .
لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنین چیتر خۆپیشاندانەکان لەبەردەم پەروەردەکان نامێنن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەهاوکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم شارو شارۆچکەکان خۆپیشاندانی بەرفراوان بەرەو ناوەندی بڕیاری دەسەڵاتی سنوری ئیدارەی سلێمانی و هەولێر دەستپێدەکەینەوە .
هاوکات داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکان ئەکەین، بە یەکدەنگیی لەگەڵمان بن تا گەیشتن بە ئامانجەکان و کۆتاییهێنان بە ستەمی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی
١٨ -٣ – ٢٠٢٤

zhyanewa
ADMINISTRATOR
PROFILE

پۆستە بازنییەکان

دوایین بابەتەکان

ئەدمینەکان

زۆرترین لێدوان

ڤیدیۆی تایبەت

Processing, please wait…