نوسینی عدنان کریم
کورتەیەك لە مێژووی تێکۆشانی رهبیة القصاب.
” بەبۆنەی ٨ ێ مارسەوە “
لەخەیاڵدانی زۆر کەسدا کە باسی مووسڵ ئەکرێت ٢ شت دێت بەبیریدا:
یەکەم: شارێك کە ناسرابوو بەیەکێك لەمەڵبەندەکانی بزووتنەوەی قەومیی عەرەبی و پایگای یەکەمی ئەفسەرانی پلەبەرزی دەزگای سەربازی ڕژیمی بەعسی ڕووخاوو
دووەمیش ئەو شوێنەی کە داعش ئیعلانی خەلافەتی ئیسلامیی تیا کرد و زۆرترین یادەوەریی تاڵی کوشت و کوشتاری ئەو ڕێکخراوە فاشیستیە لەویدا چڕبۆتەوە.
ئەوانە ڕاستین و جێی هاشاکردن نین بەلام ئەوە دیمەنێکی سەرابیە و بەشێکی زۆری ڕاستیەکانی مێژووی ئەو شارە ئەشارێتەوە.
دیوەکەی تری مێژووی مووسڵ بریتیە لەخەباتی ئازادیخوازی چ لەسەردەمی پاشایەتیی عێراق و چ لەقۆناغەکانی دواتر کە سەردەمی تەڕ و ووشك سووتاندنەکەی بەعس لە ١٩٦٣ وهاتنەوە سەردەسەڵاتی درێژماوەی دوای قۆناغی ١٩٦٨ دوو نموونەی ئەوەن .
ئەوەی کە کرۆکی ئەم کورتە باسەیە بەسەرهاتی کورتی تێکۆشانی ژنێکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازە کە تێکۆشەرێکی دێرینی ڕەعیلی یەکەمی ژنانی ئازادیخوازی عێراقە کە بریتیە لە خانمی تێکۆشەر رهبیة القصاب.
رهبیة کە ئێستا لە ووڵاتی سوید ژیان بەسەرئەبا خۆی لەخۆیدا ئاوێنەیەکی باڵانمای مێژووی هەم خوێناویو هەم سەراسەر پڕ لەسەروەری و تێکۆشانی سیاسیی ووڵاتێکە کە گشت قۆناغەکانی تەمەنی بە قەیران و ململانێی تووندوتیژ تێپەڕاندووە.
رهبیة کە کچی خێزانێکی هەژاری موسڵاوی ئەبێ زۆر بەگەنجی ئەکەوێتە ناو جەرگەی کێشە و ململانێ قوول و بەردەوامەکانی عێراقی سەروەختی پاشایەتیەوە. ئەو هەرزوو پەیوەست ئەبێ بەڕیزی حیزبی شیوعیی عیراقەوە کە سەنگەری بەرەنگاری و تێکۆشانی هەموو خەڵکی عیراقی سەردەمی پاشایەتی بوو. ئیتر لەو ڕۆژەوە ژیانی ئەم بەتەواوی ئاوێتە ئەبێ بە چارەنووسی ململانێیەکەوە کە دوو بەرە تیا وەستابوون: لەلایەک ڕژێمی پاشایەتیی عێراق کەوابەستەی تەواوی بەریتانیا بوو و لەولاشەوە بەرەی فراوانی توێژە بەرینەکەی خەڵکی عیراق کە شیوعیەکان هێزی سەرەکی و پاپۆڕەوانی ئەم بەرەیەیان بوون.
لەقۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی خوێندنەوە رهبیة بڕیاری خۆی ئەدا و ئەبێ بەچالاکوانێکی سیاسیی لەووچاننەهاتوو لەناو حیزبی شیوعیدا لە قۆناغێکدا کەهێشتا سوونەتەکانی خێڵ و داب و نەریت و خانەوادە کەمتر ئامادەیی ژنیان لە کایەی خۆپیشاندان و ڕاونانی پۆلیسی و زیندان و کۆبوونەوە لەناو مەحفەلی پیاواندا بۆ هەزم ئەکرا بەتایبەتی لە شوێنەوارێکی وەکوو مووسڵدا.
ئیتر بەهاری تەمەنی رهبیة بەبڕیاری ووشیارانەی خۆی بۆ ئەوە تەرخان ئەکرێت کە بەهاری گەل و وولاتەکەی پی بێنێتەدی ئەگینا ژیان و بەختەوەری تەنها خۆی بەهایەکی ئەوتۆی نیە. ئیتر ئەم ئەبێ بە چالاکوانێکی پێشەیی بواری خەباتی جەماوەری و کایەی خەباتی ژنانی ئەو سەردەمە و کادری کۆمەلەی ژنان ” رابطة المرأة ” و لەنێوان مووسڵ و بەغدا ئەبێ بەتەتەری ئەو بزووتنەوەیە.
بۆ رهبیة گرنگ نەبوو ئەم سەر بەکام نەتەوە و مەزهەب و ئاینە و ئەوی تر سەربەکامیانە بەڵکوو پێوەر لای ئەو ئەوەبوو لەکام سەنگەری سیاسیدا لەنگەر بگریت هەر بۆیە زوو توورەهاتی شۆفێنیەت و نەتەوەپەرستیی تووڕهەڵئەدات و ئازادایخوازی ئەکا بە ناونیشان و نازناوی خۆی.
بەگێڕانەوەی خۆی ” ماڵێکی گەورەی چەند ژووریمان هەبوو کە باوکم ، کە ئەویش یا موختەفی بوو یا لە زیندانی ئەوکاتدا ، بۆ ڕاییکردنی گوزەرانمان بەکرێ دابووی بەهەندێ ماڵە کورد و ئەوەش هۆیەك بوو بۆ نزیکبوونەوەم لەخەڵکی کورد ” .
لە شەڕی ١٩٥٩ ی مووسڵی نێوان شیوعیەکان و قومیەکاندا غنیة القصابی خوشکی کە تەمەنی ١٤ سالان بوو لەلایەن قومیەکانەوە ئەبێ بە قوربانی.
لەو قوتابخانەی ناوەندی ماوەستای زمانی عەرەبیان ( زکیة فخري ) مەزبەتەیەك کۆئەکاتەوە لە دژی شیوعیەکان بە بیانووی ووتارێکی ڕۆژنامەی ( اتحاد الشعب ) تا قوتابیەکانیش ئیمزای بکەن بەڵام رهبیة کە ئەزانێ ناوەڕۆکەکەی هەمووی بوختان و هەڵگێڕانەوەی ڕاستیی ڕووداوەکانەوە لەبەرژەوەندیی قومیەکاندا لەناو قوتابیەکان و بەردەمی ماموستای ناوبراودا تۆمەرەکە پارچەپارچەئەکا و بەدوای ئەوەدا لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتەی کۆدەتاچیەکانی ١٩٦٣ وە ئەبرێ بۆ زیندان و لەقوتابخانە فەسڵ ئەکرێت.
پاشان ژیانی ئیختیفا هەڵئەبژێرێت و لەبەغدا دەست بەچالاکی ئەکات و لەولاشەوە لەجاپخانەیەك کارێك ئەدۆزێتەوە و بەهاوکاریی کادری زیندەیادی قوربانیی دواتری دەستی بەعس ڕەشید حمید عارف شوێنی نیشتەجێبوون لەبەغداد پەیدائەکا.
رهبیة لەدوای ١٤ ی تەمووزی ١٩٥٨ لەگەڵ برایم مەخموریی هاوڕێی ژیانی هاوسەری پێکدێنێ . بەڵام برایم لە بزووتنەوە بەناوبانگەکەی ( حسن السریع ) کە لەتەمووزی ١٩٦٣ لە سەربازگەی ڕەشیدەوە لە دژی کۆدەتاچیەکانی ٨ ی شوباتی ١٩٦٣ هەڵیانگیرسان گیانی بەخت کرد و بەدەستی نازم گزار و عەمار عەلۆشی جەلادی بەعسیی بەناوبانگ گیانی لەدەستدا و لاشەکەیان بەلەتوپەتکراوی فڕێدایە ئاوی ڕووباری دیجلەوە. هەر بەدوای ئەوەدا جەلادەکان رهبیەش دەسگیر ئەکەن و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی دڕندانەی ئەکەنەوە کە لەئەنجامدا مناڵەکەی لەدەستئەدات و لە ( قصر النهایة ) تووند ئەکرێت لەگەڵ ٩٠ ژنی تری هاوبەندیدا. لەکاتی دادگاییدا رهبیة سەربەرزانە دێتەوەڵام و بەرگری لەخۆی وباوەڕ و ئامانجەکانی ئەکا و دواتر ٦ ساڵ زیندانی و ٢ ساڵ چاودێریی بەسەردائەبڕن.
ساڵی ١٩٦٧ ئازاد ئەکرێت و هەر زوو دەست ئەکاتەوە بەپەیوەندی و تێکۆشانی سیاسیی نهێنی سەرباری کۆستی لەدەستدانی برایمی هاوڕی وهاوسەر و کۆرپەکەی و لەکارگەیەکی کاغەز کارێك ئەدۆزێتەوە و لەپاڵ چالاکیە حیزبیەکانیدا ئەبێ بەیەکێك لەڕابەرانی ڕێکخراوی ( رابطة المرأة ) .
سەفەری تێکۆشانی دوورودرێژی ئەم ژنە نەسرەوت و تێکۆشەرە درێژە ئەکێشی و لەنێوان کۆچکردن و خوێندن لە شوورەوی جاران و وکاری سەندیکایی تا سەرلەنوێ و پاش بنبەستی بەرەی شیوعیەکان لەگەڵ بەعسدا دیسانەوە بەر شاڵاوی بەعس ئەکەوێ بەڵام سەرباری ناسراویی رهبیة لەلایەن دامودەزگاکانی سەرکوتی ڕژیمەوە بەوینەی پرۆمیسۆس ئەم کۆڵنادا و ئەکەوێتە هەوڵی پێکەوەگرێدانی ڕێکخراوە دابڕاو و هەڵوەشاوەکانی حیزبەکەی سەرباری ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی مناڵەکانی لەپاش هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕێیەکیدا کە ئەمیش بەدەردی برایمی هاوسەری پێشووی ئەچێ و لەلایەن فاشیستەکانی بەعسەوە ئەگیرێ و لەناوئەبرێت و ئەمیش بەناچاری بە ئیختیفا ئەگەڕێتەوە بۆ مووسڵ بۆ کەڵك وەرگرتن لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی لەم شارەدا گەرچی سیان لەبراکانی بەهۆی چالاکبوونیان لە حیزبی شیوعیدا دەرگیری هەمان چەرمەسەریەکانی ئەم بوون.
ئێستا رهبیة لە سوید ئەژی و گەرچی ڕاکەڕاکی ڕۆژگار و چەرمەسەریەکانی سەردەمی دیکتاتۆریەت و فاشیەتی بەعس ڕتووشێکی زۆریان لەسیما و یادەوەریەکانی رهبیەدا هەڵکەندووە بەڵام بڕوای بە یەکسانی و ئازادی و بەرابەریی ژن و پیاو وەکوو جاران و سەردەمی لاوێتیی ئەو پایەدار و زیندوو ماونەتەوە.
لە هەشتی مارسدا سڵاو لە رهبیة القصابی تێکۆشەری ماندوونەناس و خاراوی زیاتر لە نیوسەدە خەباتی بێوچان بۆ ئازادی و یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی !!!!
+ بۆ ناسینی زیاتر رهبیة القصاب ئەتوانن لە فەیسبووک بیدۆزنەوە
Rahbya Al-Qasab
بەشی زۆری ئەم بابەتە لە پۆستێکی هاوڕێم سروە ڕەشید وەرگیراوە کە بەزمانی عەرەبی ىڵاوی کردۆتەوە
Sirwa Rashid
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *