وەستا جلال
ژن بونەوەرێکە بە درێژایی مێژوو دەوری تەنراوە بە کۆمەڵێک بیروباوەڕ و فەرهەنگی جیاوازەوە، ژن لەڕێگای فەلسەفە وئاین و سیاسەتەوە پارچە پارچە کراوە، فەیلەسوفانی وەکو)نیچە و شوپنهاوەر) پێیان وایە ژن بەهیچ شیوەیەک جێگای متمانە پێکردن نیە، بۆیە فەیلەسوفێکی گەورەی وەکو نیچە دەڵێت )کە بەدوای ژندا دەڕۆیت شەلاقت لەبیر نەچێت.(
پێغەمبەرانی هەرسێ ئاینی ئیبراهیمیش، ژن بەکەم ئەقڵ دەزانن، بۆیە هەموو دەسەڵاتێکی بڕیاردان دەدەن بە پیاو. داعش و ئاخوندەکان پێیان وایە بە دەرکەوتنی تەڵەمویەکی ژن خودا غەزەب لە ئومەت دەگرێت، یان پیاوانی ڕوحانی ئارەزووی سێکسیان هەڵدەستێت.
سیاسەتمەدارانی بۆرژوازی ژنان فڕێ دەدەنە ناو بازاری کارەوە، باڕو کڵاب و ڕێستۆرانتەکان بە لەشی ڕووتی ژنان دەڕازێنەوە، سیستەمی سەرمایەداری هەموو ئەو پارچە پارچە کردنەی ژنان لە سێ ناوەندی جیاواز لە خزمەت بەرهەمهێنان و سودی زیاتر بەکار دەهێنێت و لەو ڕێگایەوە درێژە بە ستەم و چەوسانەوەی ژنان دەدەن.
١-سوپا و پۆلیس هەمیشە هێزێکن بەدەست دەسەڵاتداران بۆ سەرکوتی خۆپیشاندان، شۆڕش،ناڕەزایەتی ژنان، لاوان، کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ ئازادی، بەرابەری، نەمانی ستەم و چەوساندنەوە.
تاکو ئێستا لە زۆرێک لە وڵاتاندا، بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی ، حکومەت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی خۆی بەهێز بکات، لە ڕێگای سوپا و پۆلیسەوە هێرش دەکاتە سەر مافەکانی ژنان ، هەر دەسەڵاتێکی سیاسی کە توانی پێشێلی مافەکانی ژنان بکات، بەئاسانی دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا داسەپێنێت. بۆیە هەوڵ دەدەن لەسەرەتاوە پێشێلی خواستەکانی ژنان بکەن.
٢- خێزان: کاتێک کە خاوەندارێتی تایبەت، دروستدەبێت لە خێزانەوە دەست پێ دەکات، سەروەتی خێزان دەبێتە موڵکی پیاو، منداڵ دەبێتە موڵکی ئەو، تەڵاق دەکەوێتە دەستی پیاو و دەتوانێت لە ژنێك زیاتری هەبێت، وە میرات زۆربەی بۆ پیاوە،…تاد، خێزان دەبێتە ناوەندێکی ئابوری دەسەڵاتخواز، ژن دەبێتە مرۆڤێکی پلەدوو.
٣-ئاین: لەگەڵ خۆی کۆمەڵێک فەرهەنگ و کلتوری تایبەت دروستدەکات، ئاین هێزی بەڕێوەبردنی دەسەڵات بە پیاو دەدات، لەبەرامبەر ئەوەشدا دەسەڵاتی بەڕیوەبردنی ژن کەمدەکاتەوە. ئاین لە خودا پەرستیەوە دەبێتە پەروەردەیەک و دەچێتە ناو ژیانی تایبەتی ژن و پیاوەوە، پەیوەندی جوتبوون، هاوسەرگیری، کاری ناو ماڵ، جۆری لەبەرکردنی جلوبەرگ تاکو قسەکردن و نانخواردن بۆ ژن دیاری دەکات، دەڵێن جوانی ژن لە بێدەنگیدایە، ژن نابێت دەخالەت لە کاروباری پیاودا بکات، ژن نابێت زۆر قسەبکات و دەبێت خەریکی کاروباری ناوماڵ بێت، ژن دەبێت بەگوێی پیاو بکات….تاد.
سەرەڕای بەردەوام بونی تێکۆشانی ژنان لە بەرامبەر زولم و ستەمی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، تاکو ئێستاکە ژنان بە شێوەی جۆراو جۆر، دەچەوسێنەوە، ستەمیان لێدەکرێت، توندوتیژی لە دژیان بەکاردەهێنن و لە کۆمەڵگەدا وەکو مرۆڤی پلە دوو هەڵسوکەوتیان لەگەڵدەکەن.
یەکسانی ژن و پیاو لە یاسادا هەنگاوێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی نابەرابەری ژن و پیاو، بەڵام جیاوازی ژن و پیاو تەنها بە بەرابەری یاسایی کۆتایی پێ نایەت، لەبەرئەوەی سیستەمی سەرمایەداری سروشتی مرۆڤی بە ژن و پیاوەوە گۆڕیوە و مرۆڤی کردوە بە کاڵا ، مرۆڤ بۆ ئەوەی کۆتایی بە ستەم، چەوساندنەوە و نابەرابەری بهێنێت و ببێتەوە بە مرۆڤ دەبێت سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *